لە زۆربەی وڵاتانی
ئۆرووپایی ساڵانە جێژنێک بە ناوی هاڵۆویین بەڕێوە دەچێ کە کەوتووەتە کۆتایی مانگی
ئۆکتۆبر و سەرەتای مانگی دێسامبرەوە. هاڵۆوین بە تایبەت بە جێژنی وڵاتانی ئەنگلۆساکسۆن
دەناسرێ بەڵام لە وڵاتانی سکاندیناویشدا بە گەرم و گوڕی بەڕێوە دەچێ و پەلی بۆ ئەمریکاش
هاویشتووە. لە فینلاند مێژووی جێژنەکە کورتترە و بۆ ساڵی ١٩٥٠ دەگەڕێتەوە کە بۆ یەکەمجار
لەلایەن هاوسەرانی کەمئەندامانی شەڕەوە بەڕێوە چوو. بەڵام فینلاندییەکان بۆخۆشیان جێژنێکی
کۆنیان بە ناوی "کێکری" هەر لەو سەروبەندەی ساڵدا هەبوو کە وەک جێژنی
"سامهاین"ی "سێلتی"، جێژنی هەڵگرتنی خەرمان و بەروبوومە. لەو شەوەدا جیرانەکان لە دەوری
یەک کۆ دەبوونەوە، گۆشتیان دەبرژاند، مەیان دەنۆشی و حەسحەسی شەویان دادەنا. بەو
هۆیە جێژنی هاڵۆوین لە فینلاند ئاسانتر وەرگیرا، خێراتر پەرەی سەند و وەک جێژنێکی
نەتەوەیی وڵاتەکە جێی گرت.
وشەی هاڵۆویین
کورتکراوەی دەستەواژەی All Hallows' Eve بە واتای
"شەوی سەرجەم پیرۆزەکان"ە. جێژنەکە لەسەر بنەمای باوەڕ بە زیندووبوونەوەی
ڕۆح و گەڕانەوەی ڕۆحی کۆچکردووان بنیات نراوە و سەرچاوەکەی بۆ جێژنی کۆنی سێلتەکان
بە ناوی "سامهاین" دەگەڕێننەوە کە کەوتبووە سەرەتای وەرزی زستانەوە. ئەوان پێیان
وابوو لەو ڕۆژە یان لەو شەوەدا ڕۆحی مردووەکان دەبزوێن و وەجووڵە دەکەون. بەپێی بیروباوەڕی
سێلتیکەکان، سنوورەکانی نێوان ئەم جیهانە و جیهانی بانسروشتەکان لەگەڵ وشکبوونەوە
و مردنی سروشتدا نامێنێ و ڕۆحەکان دەتوانن مرۆڤەکان بۆ ژیانی دوای مردن پەلکێش
بکەن. هەر بۆیە لە کاتی ئاهەنگەکەدا ئاگر لە دەوروبەری ماڵان دەکرایەوە تا لە هێرشی
ڕۆحەکان بپارێزرێن.
نیشانەی هەرە
دیاری جێژنی هاڵۆوین لە کۆنەوە تا ئێستا کوولەکە و فانۆسە. بە تایبەت داگیرسانی
مۆم یان فانۆس لەنێو کوولەکەیەکدا کە بە شێوەی دەمامکی مرۆڤ دەرهێنراوە.
جێژنی هاڵۆویین بەر لە پێوەندییەکەی بە ڕۆح و گەڕانەوەی ڕەوانی مردووەکان، جێژنی سرووشت و وەرزی هەڵگرتنی خەرمان و کۆتایی کشتوکاڵە. کوولەکە دوایین بەروبوویە کە دوای بێستان ڕنین، لێ دەکرێتەوە. توێکڵی ئەستوورە و بۆ ماوەیەکی زیاتر خۆ ڕادەگرێ و بۆ زستان هەڵدەگیرێ. لە زمانی کوردیدا بە ناوەکانی کوولەکە، کویلەکە، تدوو (هەورامی)، کوندر، کدو، کودی، کندوو، کندوور، کولند و کولندەر و.. هیتر ناوی دێ و هەر بە ناوی "کوولەکە" لە ڕیزی ئەو وشانەدایە کە لە زمانی میتانییەوە بۆمان ماوەتەوە. لە فەرهەنگی کوردەواریشدا بۆ زۆر کار بەکار دێ. لەوانە؛
- بەر لە هەر
شت، کوولەکە خواردەمەنییە کە خۆی دوو جۆرە. جۆرێکی وەک تەڕە بە شلکی و بە سوورکراوەیی دەخورێ کە ئەوەیان مەبەستی ئەم
بابەتە نییە. بەڵام جۆرە پاییزێکەی کە ئەمیش توخمی جۆراوجۆری وەک شەققەباغی و سەراوی
و...ی هەیە، زۆر گەورە دەبێ و بە چەندان جۆری وەک پیشاندن، کوڵاندن، سوورکردنەوە،
مرەبا و شێوازی دیکە دەخورێ. هەروەها دوای پاک کردن، قاش دەکرێ و وشک دەکرێتەوە
و بۆ خواردنی زستان هەڵدەگیرێ کە پێی دەڵێن بەلەچەک. لە فۆلکلۆری کوردیدا شێعرێکیش هەیە کە ئاماژە
بە گرینگیی خواردنی کوولەکە دەکا:
چوومە ماڵی
جوولەکە قوڵتەقوڵتی کوولەکە
چوومە ماڵی هەرمەنی قوڵتەقوڵتی سەمەنی
چوومە ماڵی
موسوڵمان دەنگی یاسین و قورعان
واتە کاتێک لە ماڵی موسوڵمان دەنگی یاسین و قورعان هات، ئەوە کەسیان لێ مردووە و خواردنیان
چەورە.
هەروەها دەنک یان
تۆوی کوولەکە دوای وشک کرانەوە و سوێر کردن وەک سوێرکە و بۆ ترووکاندن هەڵدەگیرێ و
بە تایبەت لە وەرزی زستاندا دەخورێ.
لەنێو جۆرەکانی
کوولەکەدا بەتایبەت کوولەکە سەراوی یان کوولەکەی دەروێش کە زارک و ملی تەنگترە، دوای وشککردنەوە، نێوەکەی
دەکۆڵن و بۆ زۆر کاری دیکە کەلکی لێ وەرگیراوە، لەوانە؛
- دانەوێڵەی تێدا
هەڵدەگیرا
- سواڵکەر و دەروێش
توێشووی ڕێگایان تێدا هەڵدەگرت
- سیغارکێش
تووتنی تێدەکرد
- لە شەڕدا بۆ
هەڵگرتنی گوللە و باڕووت بەکار دەهات و شەڕوان یان ڕاوکەر وەک خەشاب و مەخزەن بە کەمەرەوە
هەڵیاندەواسی
- پاڵە و سەپان
ڕۆنی چەورکردنی داس و هەسانیان تێدا هەڵدەگرت
- دەکرا بە ڕکە
و قەفەسی باڵندە
- کوولەکە سەراوی
وەک بە ناوەکەیەوە دیارە، بۆ ئەوانەی مەلە نازانن، مەلەی پێ دەکەن
- وەک لێوان و
دۆلکە بۆ ئاو و دۆ کەلکی لێ وەردەگیرا
- کوولەکە هەروەها
بۆ گرتنەوەی پشک و قورعەش بەکار دەهات. بۆ وێنە بۆ هەڵبژاردنی کەسێک بۆ بەرپرسایەتی
یان ئەنجامدانی کارێک، ناوی ئامادەبووانیان لەسەر وردە کاغەزان دەنووسی و کاغەزەکانیان دەخستە
ناو کوولەکەکەوە. یەکەمجار ناوی هەر کەس دەرهاتبا، ئەو هەڵدەبژێردرا. هەر لەوەوە کاتێک دەگوترێ
فڵان کەس ناوی لە کوولەکەی تەڕدا نییە، واتە باسی ئەو بە هیچ شێوەیەک لەئارادا نییە.
مەبەست لە کوولەکەی تەڕ، کوولەکەیەکە کە هێشتا بە بڕکەوەیە و لێ نەکراوەتەوە، وشک
نەکراوە و نەبووە بە کەرەسە. یان مەبەست لە کوولەکە بۆرانییە کە هەر لە بنەڕەتدا بۆ کاری ئاوا نابێ. دیارە وشەی قورعەش هەر لە قرع یان قرعةی عەرەبی بە مانای کوولەکە کەوتۆتەوە.
پێوەندیدار بە
پێوەندیی نێوان کوولەکە و ڕۆح، لە ئەفسانە
کوردییەکاندا هاتووە کە جادووگەران دەتوانن ڕۆحی مرۆڤ لەنێو کوولەکەدا هەڵگرن. جادووگەران هەروەها وایان لە باوەڕداران گەیاندووە کە دەتوانن ڕۆحی چاک یان خراپ لە کوولەکەدا هەڵگرن. بۆیەش پێیان وا بوو هەتا ئەو کوولەکەیە نەشکێ، ڕۆحەکە لەبەین ناچێ. بۆیەش ئەگەر
کەسێک شتێکی زۆر خۆش بوێت و بیپارێزێت، دەڵێن؛ دەڵێی کوولەکەی ڕۆحێتی یان وەک
کوولەکەی ڕۆحی خۆی خۆشی دەوێ و دەیپارێزێ.
ئەگەرچی وەک لەسەرەوە
باس کرا، جێژنی هاڵۆوین بە جێژنێکی ڕۆژئاوایی و زیاتر بۆ کەلتوور و باوەڕی دانیشتوانی
باکووری ئۆرووپا بەتایبەت وڵاتانی ئەنگلۆساکسۆن دەناسرێ بەڵام ڕەگی باوەڕی پشت ئەو
جێژنە واتە گەڕانەوەی ڕۆحی مردووان بۆ نێو زیندووان بابەتێکی گرینگی ئاڤێستایە.
فرەوەشییەکان لە ئاڤێستادا ڕۆحی باپیرانن کە دەگەڕێنەوە و گرینگیی زۆریان هەیە. یەشتی سێزدەی
ئاڤێستا بە ناوی ئەوانەوە کراوە. فرەوەشییەکان برێتی لە ڕەوانی پاک و بەهێزی پێشینان
و باپیرانە. سرووشتییە کە ئەوان یار و یاریدەدەری میتران. میترا خودای بەهێز و
ئافرێنەر، پێویستی بە یارمەتیی ئەوانە تا ئاگایان لەو ئاو و گیا و ئاژەڵانە بێ کە
دەیانخوڵقێنێ. لە مەیدانی شەڕدا بە فریای پێڕەوان و باوەڕمەندانەوە دەچن. وەچە و
بنەچەی خۆیان دەپارێزن. زەوی و ئاسمان و گەردوون
لە جێگە و پێگەی خۆیاندا ڕادەگرن. لە خستنەوەی وەچە و زاوزێدا یار و یارمەتیدەریان
دەبن و... . یەشتی سێزدە یەک لە جوانترین، خۆشڕاوێژترین، بەرین و بەرزترین یەشتەکانە
و قۆشەنی کارای ئەم فرەوەشیانە پێبەندی میترا و لە ڕکێفی ئەودان. (میترا لە ئاڤێستا و ڕیگڤێدادا
ل. ١٩)
فرەوەشییەکان
بە دەوری خوداکانەوەن یان وەک میترا و ئەهۆرامەزدا
هاوکار و بەردەستی ئەوانن. لە یەشتی سێزدەشدا فرەوەشییەکانی ئەشە، بە دەوری ئەهۆرامەزداوەن
و ئەهۆرامەزدا دەڵێ: لە فەڕ و شکۆ و هێزی ئەوانە کە من ئاگاداری لەم سروشتە خوڵقاوە
دەکەم و بە یارمەتیی ئەوانەوە من ئەو تواناییەم دەستەبەر کرد. (هەمان سەرچاوە)
سەرانسەری یەشتی درێژی فرەوەشییەکان کە ١٥٨ بەندە، پڕە لەم جۆرە یارمەتییانەی ڕەوانی
باب و کالان. ئەوان لە شەڕدا، لەپاڵ پیاوانی پاک و ئەو سپایەی باوەڕدارانەدان کە ڕێزیان
دەگرن. لە شەڕدا بەدژی دوژمن، لە پێشەوەی لەشکری پێڕەوانیاندا هێرش دەبەن و لەناویان
دەبەن. لەبەر شکۆ و فەڕی ئەوانە کە هەموو ڕەوتەکانی چاکە و ڕاستی لەگەڕدان. لە گەورەترین
جێژنی ئاریاییەکاندا کە لە سەرەتای بەهاردا دەست پێ دەکا، لە جێژنی فەروەردەگاندا،
دێنە سەر هەرد و لە لایەن پێڕەوان و وەچەکانیانەوە بە شێوەیەکی شیاو ڕێزیان لێ دەگیرێ
و میواندارییان لێ دەکرێ. (هەمان سەرچاوە
ل. ٢١) لە بەرامبەریشدا "کەسێ کە لەکاتی مەترسیدا تووشی چەتە بێ یان لە شەڕدا
بڕستی نەمێنێ و پێویستیی بە یارمەتی هەبێ، ئەگەر داوای یارمەتی لە فرەوەشییەکان
بکا، ئەوە بە فریای دەگەن (بەندی ٢٠). ئەوان یارمەتیی یارمەتیخوازان دەدەن، خواستی چاولەدەستان
بەجێ دێنن و دەردەداران چاک دەکەنەوە. (بەندی ٢٤) (هەمان سەرچاوە ل.٢٢)
وەک لەسەرەوە
گوترا، هاڵۆوین ئاماژە بە گەڕانەوەی ڕۆحی مردووەکانە و نیشانەی سەرەکیی جێژنەکەش
کوولەکەیە. پێوەندیی نێوان کوولەکە و ڕۆحیش لەنێو فەرهەنگی لەمێژینەی کورددا باوەڕێکی
جێکەوتوویە. لە چیرۆک و ئەفسانەکاندا "ڕۆحی دێو لەنێو کوولەکەیەک یان لەنێو
شووشەیەکدایە کە تەنیا بە دیتنەوەی ئەو کوولەکەیە و بە شکاندنی، پاڵەوان دەتوانێ
بەسەریدا زاڵ بێ. دێو هەتا بڵێی نەزان و سادەیە. تا ئاستێک کە جاری وایە یارمەتیی
پاڵەوان دەدا. دەڵێن ڕەگێکی موسوڵمانەتیی تێدایە. لە بیرمان نەچێ لە زۆربەی حەکایەتەکاندا،
ئەو ساتەی کە دێو لە خەوی چل شەو و چل ڕۆژەیدایە، پاڵەوان کوولەکەی ڕۆحی دەبینێتەوە
و دەیکوژێ" (قاسم تاباک - تایبەتمەندیی ئەفسانە کوردییەکان)
نموونەیەکی ئەو
باوەڕەی سەرەوە لە چیڕۆکی «پووشین و پامێڕ»دا دەبینین: "...هەموویان لە نزیک
قاپیی ئەشکەوتەکە یەکیان گرتەوە. دێوە دەستی درێژ کرد بۆ پووشین و پامێڕ لە پشت سەریەوە.
پووشین بانگی کرد: پامێڕ خەمی منت نەبێ بەڵکوو خۆت بگەیەنیتە ئەو قەفەزە کە لە ناوەوەی
ئەشکەوتەکەدایە. پامێڕ خۆی کرد بە ئەشکەوتەکەدا، قەفەزەکەی بەرچاو کەوت، هەر دەستی
پێ گەیشت، دێوەکە لەم لاوە سارد بووەوە و هێزی تیا نەما و کەوت!. پووشین نەوی لە
شاخی و ئەیویست ڕایکێشێ بۆلای پامێڕ بەڵام لەبەر گرانی بۆی کێش نائەکرا. پامێڕ کە
دەستی گەیشت بە قەفەزەکە تەماشای کرد ئەمە شتێکی تێدایە لە وێنەی پیرێژنێکی زۆر پەڕپووت
و بە جادوو و ئەفسوون دێوەکەی ڕاگرتووە!. دەستی نایە سەر دەمی و خنکاندی، کە ئەم
خنکا دێوەکەش لەوێ تۆپی!. تومەز ئەمە کوولەکەی ڕۆحی ئەم دێوە بووە!. ئینجا پەتی کەوانەکەی
خستە لاقی و ڕایکێشا و لەگەڵ پووشیندا هاتنەوە بۆ لای پادشا و ئەهلی شار چوونە پێشوازییانەوە
و هێنایاننەوە، حەو شەو و حەو ڕۆژ شایی و ئاهەنگ بوو، پادشا پووشینی لە باوکی سەند
و بە ڕا و تەکبیری هەموو لایان لە پامێڕیان مارە کرد و بە خۆشی ڕایان بوارد». (مێژووی ئەدەبی کوردی - عەلائەددین سەجادی)
باوەڕی کوولەکە
و ڕۆح لە چیرۆکی "کوولەکە"شدا خۆی نیشان دەدا، ئەو کاتەی دایک و باوک بەجێی
مناڵ، تەنیا کوولەکەیەکیان دەبێ: "..کابرایەکی گاوان بوو، لە دەرەوەی شار لە
ئەشکەوتێکدا دەژیا. وا هات ژنەکەی ئاوس بوو پاش نۆ مانگ و نۆ ڕۆژ و نۆ سەعات و نۆ
دەقیقە خودا لەباتی زارۆکێکی ژیوەڵە و خرپنە کوولەکەیەکی دانێ، ئەوانیش کوولەکەیان
لە کەلێنە بەردێک ڕۆکرد و لێی گەڕان. ڕۆژێ گاوان ماندوو و مردوو لە بەندەنێ هاتەوە
و لەتەنیشت ژنەکەی ڕۆنیشت لەپڕ کوولەکە وەزمان هات و گوتی: «باوکە!» گاوان تێکڕا
بوو و ترسا و گوتی: «خودایە ئەوە چییە؟» کوولەکە گوتی: بۆ هەترەشت چوو؟ سبەینێ بچۆ کچی ئەمیرم بۆ بخوازە. کچی ئەمیر
زۆر جوان و لەبار بوو. بەناوبانگ بوو..." (هێمن - پاشەرۆک - چیڕۆکی کوولەکە)
باوەڕی پێوەندیی نێوان کوولەکە و ڕۆح لە شێعری شاعیرانیشدا ڕەنگدانەوەی زۆری هەبووە. زیوەر لە شێعرێک بۆ مناڵادا دەڵێ:
ئەی تۆپەکە فووتبۆڵەکە من دێم لە دەستم ڕا مەکە
تۆ تۆپی یاریکردنی وەک کوولەکەی ڕۆحی منی
وەختێ کە چوویتە ئاسمان بانگ کە لەگەڵ من یەک زبان
خۆش بێ وەتەن، خۆش بێ وەتەن بەرز بێ وەتەن بە عیلم و فەن
سوارە شێعری درێژی خەوەبەردینەی بە هێنانی کوولەکەی ڕۆح تەواو کردووە: لە هەر شوێنێ ڕاماوە، داماوە، کاری تەواوە
ئەزانێ ئەبێ هەر بژی و باژوێ تا بژێ و تا بمێنێ
نەسرەوتنە کوولەکەی ڕۆحی ئاوا
شێرکۆ بێکەسیش
لە شێعرەکانیدا چەند جار ئەم باوەڕەی دووپات کردۆتەوە:
زەمانێکە من
ناو کوولەکەی ڕۆحی خۆم جێهێشتووە.
ئاخر بۆیە بۆنی
خۆشی پەلکی قسە و
بلازیزی ڕازەکانتان
لە من نایە. ( شێرکۆ بێکەس - بۆننامە)
یان
ئەوەندەی
کوردستان تەنیام و ئەوەندەی شاخ و داخ
ماندووم و ئەوەندەی
دووکەڵی جگەرەم پەرتم و
ئەوەندەی دواچۆڕی
ڕووباری ئەم شیعرە لێڵم و
ڕۆحیشم کوولەکەی
تەمێکە و خەریکە تەق ئەکات. (شێرکۆ بێکەس 'خاچ و مار و ڕۆژژمێری شاعیرێک)
بە گشتی لەباوەڕی
کۆن و نوێی کورددا ڕۆح لەنێو کوولەکەیەکدا هەڵگیراوە کە ئەگەر بە هەر هۆیەک لەوێدا نەمێنێ، ئەوە هۆی
مەرگی جەستە و سەرگەردانیی خۆیەتی. باوەڕێک کە لە کوولەکەی هاڵۆویینیشدا ڕەنگی داوەتەوە.