۳/۲۵/۱۴۰۱

چاوەزاری چاوەدێر

(خوێندنەوەیەکی میترایی بۆ چاوەزار)

ڕەند زارعی، تاهیر قاسمی


وشە و دەستەوشە باوەکان: چاوەزار، چاوەدێر، میترایی، ژنخودا، ژمارەی حەوت، بازنەیی، ڕەنگ، هێما، کولتوور.

بەرکوڵێک

چاوەزار یەکێکە لەو سێمبۆلانەی واتایەکی هاوبەشی بۆ زۆربەی خەڵکی دنیا هەیە. ئەم سێمبۆلە تاڕادەیەکی زۆر بۆ هەموو خەڵکی دنیا ناسراوە و لەخۆڕا نییە کە بە سێمبۆلێکی جیهانی ناوی دێ. لێکۆڵەران مێژووی دەرکەوتنی چاوەزار بۆ سەردەمی شارستانییەتی مێزۆپۆتامیا و بەتایبەتیی بۆ چاخی سۆمەرییەکان دەگەڕێننەوە (دووندێس ١٩٩٢)١.

چاوەزار لە دوو وشەی چاو و زار پێک هاتووە. واتای بەشی یەکەمی وشەکە، چاوە بەڕوواڵەت ڕوونە و شیکردنەوەی ناوێ، بەڵام قسە لەسەر بەشی دووهەمی وشەکە زۆرە. وشەی زار، بە واتاگەلی وەک نەزەر(دیتن) و زار(قسە، دەم و قسەڵۆک) لێک دەدرێتەوە. بەم پێیە واتای دەقاودەقی چاوەزار بریتییە لە چاوی زارێک یان چاوی دەمێک کە دیارە واتایەکی ئەوتۆ بە دەستەوە نادا جگە لەوەی ناوی دوو بەشی لەش (چاو و زار)ی تێدایە. لەگەڵ ئەوەدا ئەگەر لە باری کولتوورییەوە واتای چاوەزار بکۆڵین، دەزانین کە لە کوریدا و تەنانەت لە هەموو ئەو نەتەوانەی کە ئەم سێمبولەیان تێدا باوە، بە واتای پارێزراوبوون لە چاو و نەزەری پیس دێ.

 

هێماکان و شێوەکان

شێوە (خڕ و بازنەیی بوون): چاوەزار هەروەک  لە ناوەکەیەوە دیارە، لە شێوەی چاو دروست کراوە. واتە وەک چاوی هەموو بوونەوەرێکی تر لە شێوەدا خڕە و بەشەکانی تری ئەو ئەندامە شێوەیان بازنەییە.

ڕەنگەکان: سێ ڕەنگ لە وێنەکەدا دەبیندرێن. شین (بە شینی تۆخ و کاڵ)، سپی و ڕەش. هەرکام لەو ڕەنگانە هێمان بۆ خوایەک. بە واتایەکی تر، ڕەنگی شین بۆ خودای با، سپی بۆ میترای خودای عەداڵەت و ڕەش بۆ ئیندرای خودای شەڕ داندراوە.

ژمارەکان: وێنەی چاوەزار چوار بازنەی تێدایە، واتە لە چوار بازنە پێکهاتووە. ڕەنگی بازنەی هەرە گەورە شینە. پاشان سپی، دواتر شینێکی کاڵ و دواترینیش ڕەش. – لە حاڵێکدا چاوی مرۆڤ سێ بازنەیە: سپیێنە، گلێنە (شین، سەوز، ڕەش یان کاڵ) و ڕەشایی یان ڕەشکێنەی چاو.

شێوەکان: شێوەکانی چاوەزار نەگۆڕن و هەروەک ئاماژەی پێ درا، چوار بازنە و سێ ڕەنگی سەرەکین. شێوەی بازنەکان لە دەرەوە بۆ ژوورەوەن. واتە بەرینترین بازنە لە دیوی دەرەوە بۆ ژوورەوەیە. شێوەی بازنەکان بە جۆرێک دانراون کە شێوەی چاوێکی کراوە دەدەن. ئەگەر بەرینترین بازنە، واتە بازنە شینەکە لاببەین، هیچ لە واتا و وێنای وێنەکە ناگۆڕدرێ، واتە چاوەکە هەروەک خۆی دەمێنێ. بۆیەش بە ئەگەری زۆر ڕەنگی شین بۆ بنەچە یان خاوەندارێتی ئەو کەسە دەگەڕێتەوە کە خاوەنی چاوەکە بووە و تەنانەت ئەگەر ژمارەی بازنەکان یان تەنانەت ڕەنگەکانیش لە فۆڕمە دەستکاریکراوەکانی تردا کەم یان زیاد بکرێن هیچ لە واتای سەرەکی شێوەی سەرەکی چاوەزار ناگۆڕێن.

جێی خۆیەتی بۆ وەبیرهێنانەوەش بێ بڵێین کە بۆ هەڵێنجانی زانیاری زیاتر لەمەڕ ئەم چەشنە هێماگەلە نابێ هەر سەرنج بدرێتە ڕوواڵەت و دیوی دیاری هێماکان و، پێویستە سەرنج بدرێتە پێکهاتە و توخمەکانی دیکەی بابەتەکان کە وەک دیوی شاراوەی هێماکانن و جاری وایە پشکی گەورەیان لە دەرخستنی واتای ڕاستەقینەی بابەتەکاندا پێ دەبڕێ. هەر لەم پەیوەندییەدا بە پێویستی دەزانین کە لە سۆنگەی شیکردنەوەی هێما و شێوەکاندا سووکەئاوڕێک لە قەوارە، ڕەنگ و لایەنە واتایی و کولتوورییەکانی چاوەزار بدەینەوە.

 

کاکڵە

وەک سەرەتا پێویستە ئاوڕێک لە ناوی چاوەزار لە زمانەکانی دیکەشدا بدەینەوە تا لە درێژەی باسەکەماندا کاتێک شیکاری بۆ باری زمانەوانی و کولتووری باسەکە دەکەین، بەرچاوڕوونییەکمان لەسەر ناوی چاوەزار لە زمان و کولتوورەکانی دیکەش هەبێ، چاوەزار لە زمانەکانی دیکەدا بەمشێوەیە ناوی دێ: عیبری עַיִן הָרָע، یۆنانی  μάτι Mati، ئیتالی Malocchio  ئینگلیزی Evil eye، سویدی onda ögat، نۆڕوێژی Det onde øye، عەڕەبی عەینەلحەسوود (عین الحسود)، فارسی چەشمێ شوور (چشم شور) و هەتا دوایی٢. بۆ ئەوەی واتاکانی دیکەی ئەم وشەیە لێک بدەینەوە، لە درێژەی باسەکەدا وشەی زار باشتر لێک دەدەینەوە و دیوەکەی دیکەی وشەکەش دەدۆزین. ئەوەی کە زۆر جێی باسە ئەوەیە کە بە ئەگەری زۆر وشەی زار، دەکرێ چاوکانی وشەکانی زارا (سارا)، زاوەر، زۆرە یان زۆهرەش بێ. واتە ڕەنگە لە بنەڕەتدا وشەکە لە جیاتی چاوەزار، چاوی زارا، چاوی زاوەر، یاخود چاوی زۆهرە بووبێ.

وەرگێڕان و وەرگرتنی ناتەواوی سێمبولەکە کاریگەری هەبووە لەسەر تەنانەت لێکدانەوەکانیش، بۆ وێنە لە یەکێک لە لێکۆڵینەوەکان بە زمانی ئینگلیزیدا چاوەزار کە بە چاوی شەیتان ناسراوە، لێکۆڵەر وەها بە هەڵەدا چووە کە واتای وشەی چاوی eye لە وشەی عەینی عەڕەبیدا دەبینێتەوە و هۆکاری ئەوەی کە بۆچی لە بەشی دووهەمی ناوی چاوەزاردا لە زمانی ئینگلیزیدا ناوی شەیتان و لە زمانی عەڕەبیدا ناوی چاوچنۆک (حەسوود) هاتووە، بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە دەبێ بە هۆی گواستنەوە و گۆڕان لە کولتوورەکاندا ئەم واتا و ناوانە لەو سێمبۆلە نرابن (سپوونەر، ٢٠٠٤:٣١٣). ئەوە لە لێکۆڵینەوە لە پاشناوی زار (زارا\سارا یان زاوەر) زیاتر لەوە هەڵدەگرێ کە هەروا بە سانایی و بە ناوی گۆڕان لە کولتوورەکاندا لە کۆڵ خۆی بکەینەوە.

هەر لە باری زمانەوانییەوە پێویستە بگوترێ کە بەرامبەر چاوەزار لە زمانی کوردیدا وشەی چاوپیس هەیە. بە زمانێکی ساکارتر، لە زمانی کوردیدا چاوەزار بۆیە پێوە دەکرێ، چونکە چاوی پیس هەیە، کەچی بەپێی ناوی چاوەزار لە زمانەکانی دیکەدا جێی چاوەزار و چاوپیس گۆڕاوە و چاوەزار بە چاوی شەیتان یان چاوی نگریس یان چاوی پیس ناوی دێ. هەروەک باسکرا، لە کولتووری کوردەواریدا، بۆیە چاوەزار بە شتێک یان کەسێکەوە دەکرێ، تا لە نەفس و نەزەری پیس دوور بێ و بەڕوونی ناوەکەش دیارە، بەڵام ئەگەر بەپێی زمانەکانی تر واتاکان شی بکەیەوە، دەبێ بڵێی بە پێی ناوەکەی لە زمانەکانی تردا، ئەم چاوە کە چاوی شەیتان یان چاوێکی نگریس و نەفرەت لێکراوە بە شتێکەوە دەکرێ لە خراپە و شووم دوور و پارێزراو بێ. وەک بڵێی، شتێکی خراپ بۆ پاراستن لە خراپتر، یان چاوی شەیتان بۆ پاراستنی چاوی نگریس و خراپ و هەتا دوایی. ئەمە خۆی دەرخەری ئەوەیە کە ناوی چاوەزار و ناوەرۆکی کولتووری چاوەزار لەو کولتوورانەدا دژبەری یەکن و دەکرێ هۆکاری ئەوەش بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە لە ناو ئەو زمان و خەڵکانەدا چاوەزار تەنیا وەک سێمبولێک وەرگیراوە و واتا کولتووری و ئایینییەکەی بە قووڵی و ورد بۆ ئەو خەڵک و کولتوورە نەگوازراوەتەوە (دووندێس، ١٩٩٢)٣.

دژبەریەکبوون لە واتای بەکارهێنانی چاوەزار لە کولتوورەکانی تردا ئەو گومانە بەهێز دەکا کە بە ئەگەری زۆر ئەم سێمبولە هەڵگری ناو و واتایەکی دیکەی بووە. گریمانەیەک کە ئەم وتارەی لەسەر ڕاوەستاوە ئەوەیە کە دەکرێ ناوی چاوەزار لە بنەڕەت چاوی سارا، زارا، ، زاوەر یان چاوی زۆهرە بووبێ. ئاشکرایە ئەم سێ ناوە ناوی میترایین کە لە ئایینی میتراییدا بۆ ژنخودای پارێزەری ئاوەکانی سەر هەرد و ژێر هەرد دانراون. هەروا کە ئەرکی چاوەزاریش چاوەدێری‌یە کە دوو وشەی چاوەدێر و چاوەزاریش دەکرێ لە یەک بنەما بن. ژنخودا هاوکات خودای پاکی و جوانیشە. وەبیرهێنانەوەی ئەوە کە چاوەزاریش بۆ پاراستنە و بە شتی جوانەوە هەڵدەواسرێ تا بیپارێزێ، لێرەدا سەرنجڕاکێشە، چونکە یارمەتیمان دەدا تا گریمانەکەمان بەرینتر بکەینەوە و بڵێین، ڕەنگە ئەم چاوە لە ڕاستیدا چاوی خواوەند زاوەر-زارا بووە و مەبەست لەوە بووە کە چاوی ئەو خواوەندەت لەسەر بێ و چاودێریت بکا و پارێزراو بی. هەر بۆ پێداگری زیاتر دووپاتی دەکەینە کە وشەکانی چاوەدێر یان چاوەزار بە ئەگەری زۆر لە بنەڕەتدا هەر یەک وشە بووبن کە دواتر بۆ دوو واتای جیاواز و سەربەخۆ لە کوردیی ئێستادا کەڵکیان لێ وەردەگیردرێ. بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم گریمانەیە پێویستە وەبیر خۆمان بێنینەوە کە ئایینی میترایی ئایینێکی ئاڵۆز و پڕ لە ڕاز و ڕەمزە و گواستنەوەی باسێک یان سێمبولێک لەم ئایینەوە بۆ کولتوور یان زمانێکی تر، پێویستی بەوەیە کە ڕاز و کۆدەکانی ناو ئەو سێمبولە بکرێنەوە تا لە گواستنەوەی سێمبول یان بابەتەکەدا بەهەڵەدا نەچن و باسەکە سەرسەرەکی یان سەقەت نەگوازرێتەوە. نموونەی ئەم چەشنە گواستنەوە سەقەت و لاوازانە لە کولتوور و زمانی فارسیدا لە بابەتەکانی نەورۆز، کاوەی ئاسنگەر، چوارشەممە سووری و شەوی شەوچلە بە زەقی بەرچاو دەکەون.٤ هەروەک ئاماژەی پێکرا، وەرگرتنی وشە و هێمای چاوەزار بە ناتەواوی لە کولتوورەکانی دیکەشدا، هەر ئەم ئاڵۆزی و دژبەرییەکەی لێ کەوتۆتەوە. دیارە حاشا لەوە ناکرێ کە زۆر ئەستەمە بتوانین بیسەلمێنین کە ئەو گێڕانەوە و سێمبولە دێرینانە بە درووستی سەر بە چ شارستانییەت و کۆمەڵگایەک بوون، بەڵام ئەوەی دیار و ڕوونە مرۆڤەکانی ئەم سەردەمە بە هەر هۆ و بیانوویەک بێ، هەوڵی ئەوە دەدەن کە ئەو سێمبولانە بە ناوی کولتوور و نەتەوەی خۆیانەوە بکەن یاخوود لە ژێر چەترێکی بەرینی بۆ وێنە هیندوئەورووپی یان ئەفریقی و ئاسیایی و هتددا بیگونجێنن.٥

ئەگەر گریمانەی ئەوە بکەین کە چاوەزاریش هێمایەکی میتراییە، پێویستە لەبیرمان نەچێ کە ئەم سێمبولەش وەک گەلێک هێمای دیکەی میتراییسم هەڵگری ڕاز و واتای قووڵە و بۆ تێگەیشتن لە واتای قووڵی هێما و بابەتەکانی میتراییسم. هەر تەنیا ناو و باری زمانەوانی وشەکان بەس نین و جاری وایە پێویستە بۆ تێگەیشتنی وردتر لەم سێمبولانە سەرێک بە ئایینەکانی دوای ئەو ئایینەشدا بکەین. بۆ وێنە لە ئایینی زەردەشتدا چاکە و خراپە بەسەر لایەنی خواوەندی و شەیتانیدا دابەش بوون و هەموو ئایینە ئیبراهیمییەکانیش ئەم ڕێچکەیان گرتە بەر. هەتا ئێستاشی لەگەڵ بێ شەیتان بووەتە سێمبولی خراپە و خوا بووەتە سەرچاوەی چاکە. هەروەک دەرکەوتووە بەشێکی زۆر لە ئایینەکانی دوای میترایی، لەگەڵ ئەوەدا کە دژی ئەو ئایینە بوون، بەشێکی زۆر لە سێمبول و دابونەریتی ئەو ئایینەیان وەک خۆی هەڵگرتووە و بە بەشێکی سەرەکی لە ئایینەکەی خۆیانیان زانیوە. بۆ وێنە: غوسڵ، هێمای خاچ، هێمای مانگ، هێمای ڕۆژ و هەتا دوایی. کەچی لە بەرامبەر بەشێک لە دابونەریتەکانی میتراییشدا ڕاوەستاون و ئەوانەیان بە سێمبول یان هێمای شەیتانی زانیوە. دەکرێ چاوەزار کە لە هێندێک زماندا خۆشناو نییە و بە چاوی شەیتان، چاوی پیس، چاوی حەسوود و چاوچنۆک ناوی هاتووە، هەر بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە باوەڕی بنەڕەتی لەو دینانەدا ئەم چاوەی بە نگریس و شەیتانی وێنا کردووە، بەڵام باوەڕی کۆنی خەڵکی وایکردووە کە سەرەڕای ئەو ناوەنیتکانەش لە دابونەریت و کولتووریاندا بمێنێ و بپارێزرێ.

لە پەیوەندی لەگەڵ شیکردنەوەی ڕەنگەکاندا شوێنی ڕەنگەکان خۆی جێی لێ وردبوونەوە و شیکردنەوەن. چونکە ڕەنگی شینی تۆخ بۆ بنەچە یان بناخەی وێنەکە دانراوە کە هێمایە بۆ خوای با. واتە خوای با خاوەنی ئەم چاوەیە. ڕەنگی شینی کاڵ لە نێوان ڕەنگەکانی سپی و ڕەشدایە. وەک ئاڵقەی پەیوەندی نێوان ئەو دوو ڕەنگە کە وەک دوو ڕەنگی دژبەری یەکتری سەیریان دەکرێ. ڕەنگە زۆرکەس بپرسن جا بۆ ڕەنگی شینی ڕوون یان کاڵ؟ دەکرێ بە دوو تێبینی ڕەنگی شینی کاڵ داندرابێ، یەکەم ئەوە کە ڕەنگی شین چ کاڵ یان تۆخ هەر بە یەک ڕەنگ دانراوە و نەویستراوە ژمارەی ڕەنگەکان لە سێ تێپەڕێ. دووهەم کاڵبوونەوەی ڕەنگی شین لە نێوان دوو ڕەنگی سپی و ڕەشدا هێمایە بۆ کاڵبوونەوەی دەسەڵاتی ئەو ڕەنگە یان خاوەنی ئەو ڕەنگە. هەڵبەت نەک بە واتای لاوازبوون، بەڵکوو بە واتای بێلایەن بوون و دانانی سنوورێک بۆ ئەو دوو ڕەنگە کە هێمای دوو خوای جیاوازن. ڕەنگی شین کە هێمای خودای بایە، خۆی لە بنەڕەتدا ڕەنگی نێوان ڕەش و سپی. تا تۆختر بێ بەرەو لای رەش و تا کاڵتر بێ بەرەو لای سپی دەکشێ. لە باوەڕە میتراییەکەشدا خودای با، وەک سروشتی با خۆی، هەم شەماڵە و هەم زریان، هەم سروەیە و هەم ڕەشەبا، هەم  خێرە و هەم شەڕ، هەم لە گەڵ میترایە و هەم لە گەڵ ئیندرا. ئەوە بە پێچەوانەی خودای ئاو کە خودای خێرە، لە گەڵ میترایە و زۆر جاریش دژ بە ئیندرا.

 

هەر لە درێژەی باسی ڕەنگەکاندا، دەتوانین هەمان یەکانگیری و هێما لە شێوەی بازنەکانیشدا بدۆزینەوە. ئەگەر بەرینترین بازنە، واتە بازنە شینەکە لاببەین، هیچ لە واتا و وێنای وێنەکە ناگۆڕدرێ، واتە چاوەکە هەروەک خۆی دەمێنێ. بۆیەش بە ئەگەری زۆر ڕەنگی شین بۆ بنەچە یان خاوەندارێتی ئەو کەسە دەگەڕێتەوە کە خاوەنی چاوەکەیە. بەمپێیە ڕەنگی شین کە بۆ خوای با ڕاوەستاوە، واتە خوای با خاوەنی چاوەزارە. بۆچی؟ چونکە خوای با خوای خولقاندن و مردنیشە. خوای ژین و مەرگە. دەتوانێ هەم بخولقێنێ (خۆشی بنوێنێ) و هەم بمرێنێ (شین بگێڕێ). ئەم خوایە کە خاوەنی وەها هێزێکە دەتوانێ هەر بەو هێزە خولقێنەرانی خۆی بپارێزێ و بۆ پاراستنی هەر شتێک پێویستە چاوی لەسەریان بێ.

هەروەک ئاماژەی پێ کرا، بۆ پاراستنی خولقێنەرانی، خوای با پێویستی بەوەیە کە چاوی لەسەر خولقاوەکانی خۆی بێ تا پارێزراو بن. بەڵام لە چی پارێزراو بن؟ بێگومان هەمووان دەزانن لە نەفسی خراپ. نەفسی خراپ، واتە خوای شەڕ کە بە ڕەنگی ڕەش لە چاوەزاردا ڕۆڵێکی سەرەکی و تەوەری پێ دراوە. دەکرێ هۆکاری ئەوەش ئەوە بێ کە لە ئایینی میتراییسمدا خراپە و نەفسی خراپ هەیە، بەڵام لە سەرووی ئەو میترایە کە خودای عەداڵەتە و خراپ و خراپەکاران سزا دەدا. هەر بۆیەش خراپە ئەوەندە بە هێز نییە کە هەموو مرۆڤایەتی بەرەو هەڵدێر ببا. ئەگەرچی هەر ئەو بەشە کەمەش لە نەفسی خراپ ئەگەر دوای بکەوی گەشە دەکا و ڕۆح بەرەو خراپی دەبا و لە جەستەی خراپدا دەردەکەوێتەوە، پاشان بەشە ڕەشەکە کە بۆتە ڕەشێنەی چاوەکە لە چەقی چاوەکەدایە. دەکرێ ڕەشێنەی چاوەکە لەو شوێنەدا هێما بێ بۆ ئەوەی گرینگی خوای شەڕ لە بابەتی پاراستن و پارێزەربووندا.

 

هەروەک ئاماژەی پێ کرا، بوونی سێ ڕەنگ و نە زیاتر یان کەمتر لە ناو چاوەزاردا جێی سەرنجە. چوار بازنە و سێ ڕەنگ لەم هێمایە سەرجەم دەبنە حەوت. سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە ژمارەی کۆی بازنەکانی چاوی مرۆڤ و چاوەزاریش دەبنە حەوت. ئەوەش ژمارەی خوداکانی ئایینی میترایی‌یە. واتە سێ خوا لە ئاسمان و چوار لە زەوی. خودی ژمارەکەش هەڵگری ڕەمزێکە. ژمارەی چوار لە سێ زیاترە و هێمایە بۆ دەسەڵات و هێزی زیاتر لە ژمارەکەدا کە مەبەست لەوەیە چاوەزار بەهێزترە. هەروەها ژمارەی چوار دەکرێ هەڵگری ئەو پەیامە بێ کە چاو لەسەر زەوی هەیە و مەتریاڵە و شتێکە کە دەبێ لە زەویدا بپارێزرێ، نەک لە ئاسمان.

شێوەی بازنەیی یان خڕبوونی چاوەزاریش جێی سەرنجن، چونکە بازنەیی بوون هەم بە واتای لە دەور گەڕان بۆ پاراستن و هەم بە مانای تایبەتبوونیش دێ. واتە شتێک کە خڕە، تایبەت بە کەسێک یان واتایەکە. جگە لەوەش شێوەی چاوەزار لە بازنەیەکی گەورە و بەریندایە و بەرینایی بازنەکان دەکرێ واتای تایبەت بەخۆیان هەبێ. بۆ وێنە دەوریی خواردن کە خڕە، واتە ئەو خواردنەی لەسەر دەورییەکەیە تایبەتە بە کەسێک. کۆڕێک کە لە دەوری یەکتری کۆبوونەوە و کۆزیلکە بەستن، واتە ئەم کۆمەڵە کەسە سەرقاڵی بابەتێکی تایبەتن و هەتا دوایی. ئەم باسە لە بواری کۆمەڵایەتیدا گرینگی خۆی هەیە و لەخۆوە نییە کە بۆ وێنە کەسێکی وەک پیەرە بۆڕدیۆی کۆمەڵناس لە باسی سەرمایەی کولتووری و ئەنترۆپۆلجێکی وەک ماری دۆگلاس لە باسی مەترسی و شیکردنەوەی پەیوەندی و سنوورە سێمبۆلییەکانی کۆمەڵایەتیی و کولتوورییەکاندا سەرنجیان داوەتێ.

هەر لەمەڕ شێوەی بازنەیی و خڕبوونی چاوەزاردا، سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە لانیکەم سێ خوای: ڕۆژ، مانگ و ئەستێرەی ڕۆژین کە لە ئایینی میتراییدان و لە ئاسمانن، شێوەیان خڕ و بازنەییە. لە وێنە و شێوە کۆڵدراوەکانی بەردە کۆنەکانی سەردەمی میتراییدا شێوەی ئەم سێ خوایە تەواو خڕ و بازنەیی وێنا کراون. لەوەش سەرنجڕاکێشتر ئەوەیە کە کاتێک ژمارەی چوار بازنە و سێ خوای ئاسمان لێک گرێ دەدەین، دیسان دێینەوە سەر ژمارەی حەوت کە بۆ ژمارەی خوا و پلەکان لە ئایینی میتراییدا ڕاوەستاون. لەبیرمان نەچێ، چاو کە هێمایە بۆ ڕووناکی و هەرکام لەو بازنانە لە چاوێکدا بەشێکی سەربەخۆ لە چاو دەنوێنن، وەک گلێنە، سپیێنە و ڕەشێنە کارێکی هاوبەش دەکەن، کە ئەویش دیتنی ڕووناکییە یان ڕووناکی خستنە ناو چاوە. ئایا جێی پرسیار نییە چاو کە هێمایە بۆ دیتن و ڕووناکی و هەر سێ خواکانی ئاسمان هەر لە ڕێگای ڕووناکی و دیتنەوە هەست بە بوونیان کراوە؟ بە زمانێکی ساکار، ڕووناکی خاڵێکی هاوبەشی چاوەزار و خواکانی ئاسمانە!

 

کۆبەندی

سەرەڕای هاتن یان سەرهەڵدانی ئایینەکانی دوای میترایی لە کوردستان، باوەڕ بە سێمبول و پیرۆزییەکانی میتراییسم کەم و زۆر لە باوەڕی خەڵکی کورددا ماوەتەوە. بەشێک لەو باوەڕە ڕەگی لە زمانی کوردیدایە یان لە زمانەکەدا ڕەنگی داوەتەوە. مەگین ئەوە کە زمانەکە بە تەواوەتی لەناو بچێ، ئەگینا کانتێکستەکانی میترایی لە زمانی کوردیدا وەها قووڵ ڕەگیان داکوتاوە کە هەڵقەندنیان کارێکی نەلواوە. ئەم بابەتە بە زەقی لە چاوەزاردا، واتە هەم لە باری زمانەوانییەوە و هەم لە باری کولتوورییەوە دەردەکەوێ. چونکە سەرەڕای ئەوەی کە لە زمان و کولتوورەکانی تردا بە چاوی شەیتان (لەزمانی ئینگلیزیدا)، چاوی خراپ (زمانە سکاندیناویەکان)، چاوی نگریس، بە چاوی خراپ (چشم شور لە فارسی‌دا) و هەتا دوایی ناوی دەرکردووە، کەچی ناوێکی تری لە زمانی کوردیدا هەیە کە تەواو بەپێچەوانەی ئەو ناوانەیە و هەڵگری ئەو ئەرکەیە کە پێی سپێردراوە. لە باری کولتوورییشەوە ڕۆڵ و گرینگی خۆی لەدەست نەداوە و خەڵک بە منداڵی ساوا، بە سەردەرکی ماڵ و بە هەر شتێک کە لایان گرینگ و بەنرخ بووە هەڵواسیووە و هەڵیدەواسن.

لەم کورتە وتارەدا، هەوڵ درا بە یارمەتی دیسکۆرسی تایبەت بە ئایینی میترایی ئاوڕێک لە چاوەزار بدرێتەوە. لەم پێناوەدا ئاوڕێکی خێرا لە لایەنی زمانەوانی، کولتووری، ئایینی و شێوەیی چاوەزار درایەوە. دەتوانین لە کۆی گشتی باسەکەدا بڵێین بە ئەگەری زۆر چاوەزار هێمایەکی میتراییە کە ڕەگی لە زمان و کولتووری کوردیدا هەیە و بە هۆی تێپەڕینی کات و سەردەمە مێژووییەکان لە ناو و واتاکەی لە کولتوور و شوێنەکانی تر گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە.

چاوکانی:


١ Spooner, Brain, The Evil Eye in the Middle East, Witchcraft, Folklore And Mythology, in 6 Volumes, 2004 (1970), Routledge, New York,

٢ بڕوانە ماڵپەڕی: https://en.wikipedia.org/wiki/Evil_eye - (ز. ئینگلیزی) ڕێکەوتی دابەزانن ٣\١\٢٠٢٢.

٣ The Evil Eye, A Casebook, Edited by Alan Dundesدووندێس، ئالان، چاوی شەیتان، (١٩٨١) ١٩٩٢، لەندەن.

٤ بڕوانە ماڵپەڕی: https://agiri11.blogspot.com/search?q=کاوەی%20ئاسنگەر&fbclid=IwAR37OuoyPcpyDmiNWeGtk6_LXgxUXhQmzkpdpsTcGubzXI-67hb2lgiU4xE (ز. کوردی- کوردی ناوەند)، ڕێکەوتی دابەزاندن ١٧\١\٢٠٢٢.

٥   The Evil Eye: An interview with Alan Dundes, Nicholas Frobes -Cross And Alan Dundes, , https://www.cabinetmagazine.org/issues/5/frobescross.php   دابەزاندن ١٢\٠٦\٢٠٢٢

 

بابەتی نوێ:

دا - خودا

  لێکۆڵینەوە لە مێژووی کەوناری کوردستان و باوەڕ و ئایینی کۆنی کورد، بۆمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە ئەم گەلەش وەک  زۆرێک لە  گەلانی دیکە، لە کۆندا...