نمایش پست‌ها برای عبارت جستجوی کاوەی ئاسنگەر براساس تاریخ. مرتب سازی براساس ارتباط نمایش تمام پست‌ها
نمایش پست‌ها برای عبارت جستجوی کاوەی ئاسنگەر براساس تاریخ. مرتب سازی براساس ارتباط نمایش تمام پست‌ها

۳/۲۵/۱۴۰۱

چاوەزاری چاوەدێر

(خوێندنەوەیەکی میترایی بۆ چاوەزار)

ڕەند زارعی، تاهیر قاسمی


وشە و دەستەوشە باوەکان: چاوەزار، چاوەدێر، میترایی، ژنخودا، ژمارەی حەوت، بازنەیی، ڕەنگ، هێما، کولتوور.

بەرکوڵێک

چاوەزار یەکێکە لەو سێمبۆلانەی واتایەکی هاوبەشی بۆ زۆربەی خەڵکی دنیا هەیە. ئەم سێمبۆلە تاڕادەیەکی زۆر بۆ هەموو خەڵکی دنیا ناسراوە و لەخۆڕا نییە کە بە سێمبۆلێکی جیهانی ناوی دێ. لێکۆڵەران مێژووی دەرکەوتنی چاوەزار بۆ سەردەمی شارستانییەتی مێزۆپۆتامیا و بەتایبەتیی بۆ چاخی سۆمەرییەکان دەگەڕێننەوە (دووندێس ١٩٩٢)١.

چاوەزار لە دوو وشەی چاو و زار پێک هاتووە. واتای بەشی یەکەمی وشەکە، چاوە بەڕوواڵەت ڕوونە و شیکردنەوەی ناوێ، بەڵام قسە لەسەر بەشی دووهەمی وشەکە زۆرە. وشەی زار، بە واتاگەلی وەک نەزەر(دیتن) و زار(قسە، دەم و قسەڵۆک) لێک دەدرێتەوە. بەم پێیە واتای دەقاودەقی چاوەزار بریتییە لە چاوی زارێک یان چاوی دەمێک کە دیارە واتایەکی ئەوتۆ بە دەستەوە نادا جگە لەوەی ناوی دوو بەشی لەش (چاو و زار)ی تێدایە. لەگەڵ ئەوەدا ئەگەر لە باری کولتوورییەوە واتای چاوەزار بکۆڵین، دەزانین کە لە کوریدا و تەنانەت لە هەموو ئەو نەتەوانەی کە ئەم سێمبولەیان تێدا باوە، بە واتای پارێزراوبوون لە چاو و نەزەری پیس دێ.

 

هێماکان و شێوەکان

شێوە (خڕ و بازنەیی بوون): چاوەزار هەروەک  لە ناوەکەیەوە دیارە، لە شێوەی چاو دروست کراوە. واتە وەک چاوی هەموو بوونەوەرێکی تر لە شێوەدا خڕە و بەشەکانی تری ئەو ئەندامە شێوەیان بازنەییە.

ڕەنگەکان: سێ ڕەنگ لە وێنەکەدا دەبیندرێن. شین (بە شینی تۆخ و کاڵ)، سپی و ڕەش. هەرکام لەو ڕەنگانە هێمان بۆ خوایەک. بە واتایەکی تر، ڕەنگی شین بۆ خودای با، سپی بۆ میترای خودای عەداڵەت و ڕەش بۆ ئیندرای خودای شەڕ داندراوە.

ژمارەکان: وێنەی چاوەزار چوار بازنەی تێدایە، واتە لە چوار بازنە پێکهاتووە. ڕەنگی بازنەی هەرە گەورە شینە. پاشان سپی، دواتر شینێکی کاڵ و دواترینیش ڕەش. – لە حاڵێکدا چاوی مرۆڤ سێ بازنەیە: سپیێنە، گلێنە (شین، سەوز، ڕەش یان کاڵ) و ڕەشایی یان ڕەشکێنەی چاو.

شێوەکان: شێوەکانی چاوەزار نەگۆڕن و هەروەک ئاماژەی پێ درا، چوار بازنە و سێ ڕەنگی سەرەکین. شێوەی بازنەکان لە دەرەوە بۆ ژوورەوەن. واتە بەرینترین بازنە لە دیوی دەرەوە بۆ ژوورەوەیە. شێوەی بازنەکان بە جۆرێک دانراون کە شێوەی چاوێکی کراوە دەدەن. ئەگەر بەرینترین بازنە، واتە بازنە شینەکە لاببەین، هیچ لە واتا و وێنای وێنەکە ناگۆڕدرێ، واتە چاوەکە هەروەک خۆی دەمێنێ. بۆیەش بە ئەگەری زۆر ڕەنگی شین بۆ بنەچە یان خاوەندارێتی ئەو کەسە دەگەڕێتەوە کە خاوەنی چاوەکە بووە و تەنانەت ئەگەر ژمارەی بازنەکان یان تەنانەت ڕەنگەکانیش لە فۆڕمە دەستکاریکراوەکانی تردا کەم یان زیاد بکرێن هیچ لە واتای سەرەکی شێوەی سەرەکی چاوەزار ناگۆڕێن.

جێی خۆیەتی بۆ وەبیرهێنانەوەش بێ بڵێین کە بۆ هەڵێنجانی زانیاری زیاتر لەمەڕ ئەم چەشنە هێماگەلە نابێ هەر سەرنج بدرێتە ڕوواڵەت و دیوی دیاری هێماکان و، پێویستە سەرنج بدرێتە پێکهاتە و توخمەکانی دیکەی بابەتەکان کە وەک دیوی شاراوەی هێماکانن و جاری وایە پشکی گەورەیان لە دەرخستنی واتای ڕاستەقینەی بابەتەکاندا پێ دەبڕێ. هەر لەم پەیوەندییەدا بە پێویستی دەزانین کە لە سۆنگەی شیکردنەوەی هێما و شێوەکاندا سووکەئاوڕێک لە قەوارە، ڕەنگ و لایەنە واتایی و کولتوورییەکانی چاوەزار بدەینەوە.

 

کاکڵە

وەک سەرەتا پێویستە ئاوڕێک لە ناوی چاوەزار لە زمانەکانی دیکەشدا بدەینەوە تا لە درێژەی باسەکەماندا کاتێک شیکاری بۆ باری زمانەوانی و کولتووری باسەکە دەکەین، بەرچاوڕوونییەکمان لەسەر ناوی چاوەزار لە زمان و کولتوورەکانی دیکەش هەبێ، چاوەزار لە زمانەکانی دیکەدا بەمشێوەیە ناوی دێ: عیبری עַיִן הָרָע، یۆنانی  μάτι Mati، ئیتالی Malocchio  ئینگلیزی Evil eye، سویدی onda ögat، نۆڕوێژی Det onde øye، عەڕەبی عەینەلحەسوود (عین الحسود)، فارسی چەشمێ شوور (چشم شور) و هەتا دوایی٢. بۆ ئەوەی واتاکانی دیکەی ئەم وشەیە لێک بدەینەوە، لە درێژەی باسەکەدا وشەی زار باشتر لێک دەدەینەوە و دیوەکەی دیکەی وشەکەش دەدۆزین. ئەوەی کە زۆر جێی باسە ئەوەیە کە بە ئەگەری زۆر وشەی زار، دەکرێ چاوکانی وشەکانی زارا (سارا)، زاوەر، زۆرە یان زۆهرەش بێ. واتە ڕەنگە لە بنەڕەتدا وشەکە لە جیاتی چاوەزار، چاوی زارا، چاوی زاوەر، یاخود چاوی زۆهرە بووبێ.

وەرگێڕان و وەرگرتنی ناتەواوی سێمبولەکە کاریگەری هەبووە لەسەر تەنانەت لێکدانەوەکانیش، بۆ وێنە لە یەکێک لە لێکۆڵینەوەکان بە زمانی ئینگلیزیدا چاوەزار کە بە چاوی شەیتان ناسراوە، لێکۆڵەر وەها بە هەڵەدا چووە کە واتای وشەی چاوی eye لە وشەی عەینی عەڕەبیدا دەبینێتەوە و هۆکاری ئەوەی کە بۆچی لە بەشی دووهەمی ناوی چاوەزاردا لە زمانی ئینگلیزیدا ناوی شەیتان و لە زمانی عەڕەبیدا ناوی چاوچنۆک (حەسوود) هاتووە، بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە دەبێ بە هۆی گواستنەوە و گۆڕان لە کولتوورەکاندا ئەم واتا و ناوانە لەو سێمبۆلە نرابن (سپوونەر، ٢٠٠٤:٣١٣). ئەوە لە لێکۆڵینەوە لە پاشناوی زار (زارا\سارا یان زاوەر) زیاتر لەوە هەڵدەگرێ کە هەروا بە سانایی و بە ناوی گۆڕان لە کولتوورەکاندا لە کۆڵ خۆی بکەینەوە.

هەر لە باری زمانەوانییەوە پێویستە بگوترێ کە بەرامبەر چاوەزار لە زمانی کوردیدا وشەی چاوپیس هەیە. بە زمانێکی ساکارتر، لە زمانی کوردیدا چاوەزار بۆیە پێوە دەکرێ، چونکە چاوی پیس هەیە، کەچی بەپێی ناوی چاوەزار لە زمانەکانی دیکەدا جێی چاوەزار و چاوپیس گۆڕاوە و چاوەزار بە چاوی شەیتان یان چاوی نگریس یان چاوی پیس ناوی دێ. هەروەک باسکرا، لە کولتووری کوردەواریدا، بۆیە چاوەزار بە شتێک یان کەسێکەوە دەکرێ، تا لە نەفس و نەزەری پیس دوور بێ و بەڕوونی ناوەکەش دیارە، بەڵام ئەگەر بەپێی زمانەکانی تر واتاکان شی بکەیەوە، دەبێ بڵێی بە پێی ناوەکەی لە زمانەکانی تردا، ئەم چاوە کە چاوی شەیتان یان چاوێکی نگریس و نەفرەت لێکراوە بە شتێکەوە دەکرێ لە خراپە و شووم دوور و پارێزراو بێ. وەک بڵێی، شتێکی خراپ بۆ پاراستن لە خراپتر، یان چاوی شەیتان بۆ پاراستنی چاوی نگریس و خراپ و هەتا دوایی. ئەمە خۆی دەرخەری ئەوەیە کە ناوی چاوەزار و ناوەرۆکی کولتووری چاوەزار لەو کولتوورانەدا دژبەری یەکن و دەکرێ هۆکاری ئەوەش بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە لە ناو ئەو زمان و خەڵکانەدا چاوەزار تەنیا وەک سێمبولێک وەرگیراوە و واتا کولتووری و ئایینییەکەی بە قووڵی و ورد بۆ ئەو خەڵک و کولتوورە نەگوازراوەتەوە (دووندێس، ١٩٩٢)٣.

دژبەریەکبوون لە واتای بەکارهێنانی چاوەزار لە کولتوورەکانی تردا ئەو گومانە بەهێز دەکا کە بە ئەگەری زۆر ئەم سێمبولە هەڵگری ناو و واتایەکی دیکەی بووە. گریمانەیەک کە ئەم وتارەی لەسەر ڕاوەستاوە ئەوەیە کە دەکرێ ناوی چاوەزار لە بنەڕەت چاوی سارا، زارا، ، زاوەر یان چاوی زۆهرە بووبێ. ئاشکرایە ئەم سێ ناوە ناوی میترایین کە لە ئایینی میتراییدا بۆ ژنخودای پارێزەری ئاوەکانی سەر هەرد و ژێر هەرد دانراون. هەروا کە ئەرکی چاوەزاریش چاوەدێری‌یە کە دوو وشەی چاوەدێر و چاوەزاریش دەکرێ لە یەک بنەما بن. ژنخودا هاوکات خودای پاکی و جوانیشە. وەبیرهێنانەوەی ئەوە کە چاوەزاریش بۆ پاراستنە و بە شتی جوانەوە هەڵدەواسرێ تا بیپارێزێ، لێرەدا سەرنجڕاکێشە، چونکە یارمەتیمان دەدا تا گریمانەکەمان بەرینتر بکەینەوە و بڵێین، ڕەنگە ئەم چاوە لە ڕاستیدا چاوی خواوەند زاوەر-زارا بووە و مەبەست لەوە بووە کە چاوی ئەو خواوەندەت لەسەر بێ و چاودێریت بکا و پارێزراو بی. هەر بۆ پێداگری زیاتر دووپاتی دەکەینە کە وشەکانی چاوەدێر یان چاوەزار بە ئەگەری زۆر لە بنەڕەتدا هەر یەک وشە بووبن کە دواتر بۆ دوو واتای جیاواز و سەربەخۆ لە کوردیی ئێستادا کەڵکیان لێ وەردەگیردرێ. بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم گریمانەیە پێویستە وەبیر خۆمان بێنینەوە کە ئایینی میترایی ئایینێکی ئاڵۆز و پڕ لە ڕاز و ڕەمزە و گواستنەوەی باسێک یان سێمبولێک لەم ئایینەوە بۆ کولتوور یان زمانێکی تر، پێویستی بەوەیە کە ڕاز و کۆدەکانی ناو ئەو سێمبولە بکرێنەوە تا لە گواستنەوەی سێمبول یان بابەتەکەدا بەهەڵەدا نەچن و باسەکە سەرسەرەکی یان سەقەت نەگوازرێتەوە. نموونەی ئەم چەشنە گواستنەوە سەقەت و لاوازانە لە کولتوور و زمانی فارسیدا لە بابەتەکانی نەورۆز، کاوەی ئاسنگەر، چوارشەممە سووری و شەوی شەوچلە بە زەقی بەرچاو دەکەون.٤ هەروەک ئاماژەی پێکرا، وەرگرتنی وشە و هێمای چاوەزار بە ناتەواوی لە کولتوورەکانی دیکەشدا، هەر ئەم ئاڵۆزی و دژبەرییەکەی لێ کەوتۆتەوە. دیارە حاشا لەوە ناکرێ کە زۆر ئەستەمە بتوانین بیسەلمێنین کە ئەو گێڕانەوە و سێمبولە دێرینانە بە درووستی سەر بە چ شارستانییەت و کۆمەڵگایەک بوون، بەڵام ئەوەی دیار و ڕوونە مرۆڤەکانی ئەم سەردەمە بە هەر هۆ و بیانوویەک بێ، هەوڵی ئەوە دەدەن کە ئەو سێمبولانە بە ناوی کولتوور و نەتەوەی خۆیانەوە بکەن یاخوود لە ژێر چەترێکی بەرینی بۆ وێنە هیندوئەورووپی یان ئەفریقی و ئاسیایی و هتددا بیگونجێنن.٥

ئەگەر گریمانەی ئەوە بکەین کە چاوەزاریش هێمایەکی میتراییە، پێویستە لەبیرمان نەچێ کە ئەم سێمبولەش وەک گەلێک هێمای دیکەی میتراییسم هەڵگری ڕاز و واتای قووڵە و بۆ تێگەیشتن لە واتای قووڵی هێما و بابەتەکانی میتراییسم. هەر تەنیا ناو و باری زمانەوانی وشەکان بەس نین و جاری وایە پێویستە بۆ تێگەیشتنی وردتر لەم سێمبولانە سەرێک بە ئایینەکانی دوای ئەو ئایینەشدا بکەین. بۆ وێنە لە ئایینی زەردەشتدا چاکە و خراپە بەسەر لایەنی خواوەندی و شەیتانیدا دابەش بوون و هەموو ئایینە ئیبراهیمییەکانیش ئەم ڕێچکەیان گرتە بەر. هەتا ئێستاشی لەگەڵ بێ شەیتان بووەتە سێمبولی خراپە و خوا بووەتە سەرچاوەی چاکە. هەروەک دەرکەوتووە بەشێکی زۆر لە ئایینەکانی دوای میترایی، لەگەڵ ئەوەدا کە دژی ئەو ئایینە بوون، بەشێکی زۆر لە سێمبول و دابونەریتی ئەو ئایینەیان وەک خۆی هەڵگرتووە و بە بەشێکی سەرەکی لە ئایینەکەی خۆیانیان زانیوە. بۆ وێنە: غوسڵ، هێمای خاچ، هێمای مانگ، هێمای ڕۆژ و هەتا دوایی. کەچی لە بەرامبەر بەشێک لە دابونەریتەکانی میتراییشدا ڕاوەستاون و ئەوانەیان بە سێمبول یان هێمای شەیتانی زانیوە. دەکرێ چاوەزار کە لە هێندێک زماندا خۆشناو نییە و بە چاوی شەیتان، چاوی پیس، چاوی حەسوود و چاوچنۆک ناوی هاتووە، هەر بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە باوەڕی بنەڕەتی لەو دینانەدا ئەم چاوەی بە نگریس و شەیتانی وێنا کردووە، بەڵام باوەڕی کۆنی خەڵکی وایکردووە کە سەرەڕای ئەو ناوەنیتکانەش لە دابونەریت و کولتووریاندا بمێنێ و بپارێزرێ.

لە پەیوەندی لەگەڵ شیکردنەوەی ڕەنگەکاندا شوێنی ڕەنگەکان خۆی جێی لێ وردبوونەوە و شیکردنەوەن. چونکە ڕەنگی شینی تۆخ بۆ بنەچە یان بناخەی وێنەکە دانراوە کە هێمایە بۆ خوای با. واتە خوای با خاوەنی ئەم چاوەیە. ڕەنگی شینی کاڵ لە نێوان ڕەنگەکانی سپی و ڕەشدایە. وەک ئاڵقەی پەیوەندی نێوان ئەو دوو ڕەنگە کە وەک دوو ڕەنگی دژبەری یەکتری سەیریان دەکرێ. ڕەنگە زۆرکەس بپرسن جا بۆ ڕەنگی شینی ڕوون یان کاڵ؟ دەکرێ بە دوو تێبینی ڕەنگی شینی کاڵ داندرابێ، یەکەم ئەوە کە ڕەنگی شین چ کاڵ یان تۆخ هەر بە یەک ڕەنگ دانراوە و نەویستراوە ژمارەی ڕەنگەکان لە سێ تێپەڕێ. دووهەم کاڵبوونەوەی ڕەنگی شین لە نێوان دوو ڕەنگی سپی و ڕەشدا هێمایە بۆ کاڵبوونەوەی دەسەڵاتی ئەو ڕەنگە یان خاوەنی ئەو ڕەنگە. هەڵبەت نەک بە واتای لاوازبوون، بەڵکوو بە واتای بێلایەن بوون و دانانی سنوورێک بۆ ئەو دوو ڕەنگە کە هێمای دوو خوای جیاوازن. ڕەنگی شین کە هێمای خودای بایە، خۆی لە بنەڕەتدا ڕەنگی نێوان ڕەش و سپی. تا تۆختر بێ بەرەو لای رەش و تا کاڵتر بێ بەرەو لای سپی دەکشێ. لە باوەڕە میتراییەکەشدا خودای با، وەک سروشتی با خۆی، هەم شەماڵە و هەم زریان، هەم سروەیە و هەم ڕەشەبا، هەم  خێرە و هەم شەڕ، هەم لە گەڵ میترایە و هەم لە گەڵ ئیندرا. ئەوە بە پێچەوانەی خودای ئاو کە خودای خێرە، لە گەڵ میترایە و زۆر جاریش دژ بە ئیندرا.

 

هەر لە درێژەی باسی ڕەنگەکاندا، دەتوانین هەمان یەکانگیری و هێما لە شێوەی بازنەکانیشدا بدۆزینەوە. ئەگەر بەرینترین بازنە، واتە بازنە شینەکە لاببەین، هیچ لە واتا و وێنای وێنەکە ناگۆڕدرێ، واتە چاوەکە هەروەک خۆی دەمێنێ. بۆیەش بە ئەگەری زۆر ڕەنگی شین بۆ بنەچە یان خاوەندارێتی ئەو کەسە دەگەڕێتەوە کە خاوەنی چاوەکەیە. بەمپێیە ڕەنگی شین کە بۆ خوای با ڕاوەستاوە، واتە خوای با خاوەنی چاوەزارە. بۆچی؟ چونکە خوای با خوای خولقاندن و مردنیشە. خوای ژین و مەرگە. دەتوانێ هەم بخولقێنێ (خۆشی بنوێنێ) و هەم بمرێنێ (شین بگێڕێ). ئەم خوایە کە خاوەنی وەها هێزێکە دەتوانێ هەر بەو هێزە خولقێنەرانی خۆی بپارێزێ و بۆ پاراستنی هەر شتێک پێویستە چاوی لەسەریان بێ.

هەروەک ئاماژەی پێ کرا، بۆ پاراستنی خولقێنەرانی، خوای با پێویستی بەوەیە کە چاوی لەسەر خولقاوەکانی خۆی بێ تا پارێزراو بن. بەڵام لە چی پارێزراو بن؟ بێگومان هەمووان دەزانن لە نەفسی خراپ. نەفسی خراپ، واتە خوای شەڕ کە بە ڕەنگی ڕەش لە چاوەزاردا ڕۆڵێکی سەرەکی و تەوەری پێ دراوە. دەکرێ هۆکاری ئەوەش ئەوە بێ کە لە ئایینی میتراییسمدا خراپە و نەفسی خراپ هەیە، بەڵام لە سەرووی ئەو میترایە کە خودای عەداڵەتە و خراپ و خراپەکاران سزا دەدا. هەر بۆیەش خراپە ئەوەندە بە هێز نییە کە هەموو مرۆڤایەتی بەرەو هەڵدێر ببا. ئەگەرچی هەر ئەو بەشە کەمەش لە نەفسی خراپ ئەگەر دوای بکەوی گەشە دەکا و ڕۆح بەرەو خراپی دەبا و لە جەستەی خراپدا دەردەکەوێتەوە، پاشان بەشە ڕەشەکە کە بۆتە ڕەشێنەی چاوەکە لە چەقی چاوەکەدایە. دەکرێ ڕەشێنەی چاوەکە لەو شوێنەدا هێما بێ بۆ ئەوەی گرینگی خوای شەڕ لە بابەتی پاراستن و پارێزەربووندا.

 

هەروەک ئاماژەی پێ کرا، بوونی سێ ڕەنگ و نە زیاتر یان کەمتر لە ناو چاوەزاردا جێی سەرنجە. چوار بازنە و سێ ڕەنگ لەم هێمایە سەرجەم دەبنە حەوت. سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە ژمارەی کۆی بازنەکانی چاوی مرۆڤ و چاوەزاریش دەبنە حەوت. ئەوەش ژمارەی خوداکانی ئایینی میترایی‌یە. واتە سێ خوا لە ئاسمان و چوار لە زەوی. خودی ژمارەکەش هەڵگری ڕەمزێکە. ژمارەی چوار لە سێ زیاترە و هێمایە بۆ دەسەڵات و هێزی زیاتر لە ژمارەکەدا کە مەبەست لەوەیە چاوەزار بەهێزترە. هەروەها ژمارەی چوار دەکرێ هەڵگری ئەو پەیامە بێ کە چاو لەسەر زەوی هەیە و مەتریاڵە و شتێکە کە دەبێ لە زەویدا بپارێزرێ، نەک لە ئاسمان.

شێوەی بازنەیی یان خڕبوونی چاوەزاریش جێی سەرنجن، چونکە بازنەیی بوون هەم بە واتای لە دەور گەڕان بۆ پاراستن و هەم بە مانای تایبەتبوونیش دێ. واتە شتێک کە خڕە، تایبەت بە کەسێک یان واتایەکە. جگە لەوەش شێوەی چاوەزار لە بازنەیەکی گەورە و بەریندایە و بەرینایی بازنەکان دەکرێ واتای تایبەت بەخۆیان هەبێ. بۆ وێنە دەوریی خواردن کە خڕە، واتە ئەو خواردنەی لەسەر دەورییەکەیە تایبەتە بە کەسێک. کۆڕێک کە لە دەوری یەکتری کۆبوونەوە و کۆزیلکە بەستن، واتە ئەم کۆمەڵە کەسە سەرقاڵی بابەتێکی تایبەتن و هەتا دوایی. ئەم باسە لە بواری کۆمەڵایەتیدا گرینگی خۆی هەیە و لەخۆوە نییە کە بۆ وێنە کەسێکی وەک پیەرە بۆڕدیۆی کۆمەڵناس لە باسی سەرمایەی کولتووری و ئەنترۆپۆلجێکی وەک ماری دۆگلاس لە باسی مەترسی و شیکردنەوەی پەیوەندی و سنوورە سێمبۆلییەکانی کۆمەڵایەتیی و کولتوورییەکاندا سەرنجیان داوەتێ.

هەر لەمەڕ شێوەی بازنەیی و خڕبوونی چاوەزاردا، سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە لانیکەم سێ خوای: ڕۆژ، مانگ و ئەستێرەی ڕۆژین کە لە ئایینی میتراییدان و لە ئاسمانن، شێوەیان خڕ و بازنەییە. لە وێنە و شێوە کۆڵدراوەکانی بەردە کۆنەکانی سەردەمی میتراییدا شێوەی ئەم سێ خوایە تەواو خڕ و بازنەیی وێنا کراون. لەوەش سەرنجڕاکێشتر ئەوەیە کە کاتێک ژمارەی چوار بازنە و سێ خوای ئاسمان لێک گرێ دەدەین، دیسان دێینەوە سەر ژمارەی حەوت کە بۆ ژمارەی خوا و پلەکان لە ئایینی میتراییدا ڕاوەستاون. لەبیرمان نەچێ، چاو کە هێمایە بۆ ڕووناکی و هەرکام لەو بازنانە لە چاوێکدا بەشێکی سەربەخۆ لە چاو دەنوێنن، وەک گلێنە، سپیێنە و ڕەشێنە کارێکی هاوبەش دەکەن، کە ئەویش دیتنی ڕووناکییە یان ڕووناکی خستنە ناو چاوە. ئایا جێی پرسیار نییە چاو کە هێمایە بۆ دیتن و ڕووناکی و هەر سێ خواکانی ئاسمان هەر لە ڕێگای ڕووناکی و دیتنەوە هەست بە بوونیان کراوە؟ بە زمانێکی ساکار، ڕووناکی خاڵێکی هاوبەشی چاوەزار و خواکانی ئاسمانە!

 

کۆبەندی

سەرەڕای هاتن یان سەرهەڵدانی ئایینەکانی دوای میترایی لە کوردستان، باوەڕ بە سێمبول و پیرۆزییەکانی میتراییسم کەم و زۆر لە باوەڕی خەڵکی کورددا ماوەتەوە. بەشێک لەو باوەڕە ڕەگی لە زمانی کوردیدایە یان لە زمانەکەدا ڕەنگی داوەتەوە. مەگین ئەوە کە زمانەکە بە تەواوەتی لەناو بچێ، ئەگینا کانتێکستەکانی میترایی لە زمانی کوردیدا وەها قووڵ ڕەگیان داکوتاوە کە هەڵقەندنیان کارێکی نەلواوە. ئەم بابەتە بە زەقی لە چاوەزاردا، واتە هەم لە باری زمانەوانییەوە و هەم لە باری کولتوورییەوە دەردەکەوێ. چونکە سەرەڕای ئەوەی کە لە زمان و کولتوورەکانی تردا بە چاوی شەیتان (لەزمانی ئینگلیزیدا)، چاوی خراپ (زمانە سکاندیناویەکان)، چاوی نگریس، بە چاوی خراپ (چشم شور لە فارسی‌دا) و هەتا دوایی ناوی دەرکردووە، کەچی ناوێکی تری لە زمانی کوردیدا هەیە کە تەواو بەپێچەوانەی ئەو ناوانەیە و هەڵگری ئەو ئەرکەیە کە پێی سپێردراوە. لە باری کولتوورییشەوە ڕۆڵ و گرینگی خۆی لەدەست نەداوە و خەڵک بە منداڵی ساوا، بە سەردەرکی ماڵ و بە هەر شتێک کە لایان گرینگ و بەنرخ بووە هەڵواسیووە و هەڵیدەواسن.

لەم کورتە وتارەدا، هەوڵ درا بە یارمەتی دیسکۆرسی تایبەت بە ئایینی میترایی ئاوڕێک لە چاوەزار بدرێتەوە. لەم پێناوەدا ئاوڕێکی خێرا لە لایەنی زمانەوانی، کولتووری، ئایینی و شێوەیی چاوەزار درایەوە. دەتوانین لە کۆی گشتی باسەکەدا بڵێین بە ئەگەری زۆر چاوەزار هێمایەکی میتراییە کە ڕەگی لە زمان و کولتووری کوردیدا هەیە و بە هۆی تێپەڕینی کات و سەردەمە مێژووییەکان لە ناو و واتاکەی لە کولتوور و شوێنەکانی تر گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە.

چاوکانی:


١ Spooner, Brain, The Evil Eye in the Middle East, Witchcraft, Folklore And Mythology, in 6 Volumes, 2004 (1970), Routledge, New York,

٢ بڕوانە ماڵپەڕی: https://en.wikipedia.org/wiki/Evil_eye - (ز. ئینگلیزی) ڕێکەوتی دابەزانن ٣\١\٢٠٢٢.

٣ The Evil Eye, A Casebook, Edited by Alan Dundesدووندێس، ئالان، چاوی شەیتان، (١٩٨١) ١٩٩٢، لەندەن.

٤ بڕوانە ماڵپەڕی: https://agiri11.blogspot.com/search?q=کاوەی%20ئاسنگەر&fbclid=IwAR37OuoyPcpyDmiNWeGtk6_LXgxUXhQmzkpdpsTcGubzXI-67hb2lgiU4xE (ز. کوردی- کوردی ناوەند)، ڕێکەوتی دابەزاندن ١٧\١\٢٠٢٢.

٥   The Evil Eye: An interview with Alan Dundes, Nicholas Frobes -Cross And Alan Dundes, , https://www.cabinetmagazine.org/issues/5/frobescross.php   دابەزاندن ١٢\٠٦\٢٠٢٢

 

۱۲/۲۴/۱۳۹۹

خوێندنەوەی میتراییانە بۆ ئۆستوورەی کاوەی ئاسنگەر

ئۆستوورەی ئایینی یارسان

تاهیر قاسمی

یەک لە بەناوبانگترین ئۆستوورەکانی گەلانی سەر چیاکانی زاگرۆس، چیرۆکی کاوەی ئاسنگەرە کە بە "کاوە و ئەژدەهاک" یا "کاوە و زەحاک"یش ناسراوە. سەرچاوەی هەرە باو و ناسراو بۆ ئەم ئۆستوورەیە، شانامەی فارسی‌یە. فیردەوسی دەگێڕیتەوە کە دوای ئەوەی جەمشیدشا ئەرکی دەسەڵاتدارەتیی خۆی بە باشی بەڕێوە نەبرد و زوڵم و زۆری دەست پێکرد، خەڵک لە دژی ڕاپەڕین و لە جێی ئەو شایەکی بێگانە بەناوی زەحاک حوکمی وڵاتی گرتە دەست. زەحاک پاشایەکی زۆر زاڵم بوو. تەنانەت باوکی خۆی دە چاڵاو هاویشت. شەیتان سەر شانەکانی ئەژدەهاک یا زەحاکی ڕامووسی و دوو مار لە جێ ماچەکانی روا. مارەکان تەنیا بە خواردنی مێشکی سەری لاوان دەحەجمین. پیاوانی شا رۆژانە دوو لاوی شارەکەیان دەستبەسەر دەکرد، سەریان دەبڕین و مێشکی ئەوانیان دەرخواردی ئەو دوو مارە دەدا. لەم نێوەدا دوو فریشتە بە ناوەکانی ئەرمایل و کەرمایل توانیان خۆ بخزێننە ناو کۆشکی میری و ببن بە چێشتلێنەری شا. ئەوان رۆژانە مێشکی سەری مەڕێکیان لەگەڵ مێشکی یەک لە دوو لاوەکە تێکەڵ دەکرد و دەرخواردی مارەکانیان دەدا. بەو جۆرە لە دوو لاو یەکیان رزگار دەبوو. بەرەبەرە نۆرە گەیشتە کوڕ یا دوایین کوڕی ئاسنگەری شار کە ناوی کاوە بوو. کاوە بۆ رزگاریی کوڕەکەی، رووی لە کۆشکی میری کرد و ناڕەزایەتیی دەربڕی. میر لە کوڕی کاوە خۆش بوو و ئازادی کرد. لە بەرامبەردا داوای لێ کرد گەواهی بۆ بدا و بۆی واژۆ بکا کە بەڕیوەبەرێکی دادگەرە و بەڕێوەبەرییەکی عادڵانەی هەیە. بەڵام کاوە نەک ئەوەی نەکرد، لۆمەی ئەوانەشی کرد کە ئەو تۆمارەیان بۆ شا ئیمزا کردووە. قەباڵەکەی لێ دڕاند، دەستی کوڕەکەی گرت و لە کۆشکی پاشا وەدەرکەوت. کە گەڕایەوە، بەرهەڵبێنەی ئاسنگەریەکەی کرد بە ئاڵا، کوتکی ئاسنگەریی لەسەر شان دانا و بۆ بەگژداچوونەوەی ئەو هەموو زوڵم و زۆرەی زەحاک، رووی لە کۆشکی میری کرد. خەڵکی ناڕازیش وەدوای کەوتن و بەو جۆرە شۆرشێکی بەرین دژ بە ئەژدەهاک ساز بوو. لەو لاوە فەرەیدوون ناوێک کە هەڵگری توخمی شایان بوو و باوکی بە دەست زەحاک کوژرابوو، دوور لە چاوی پیاوانی شا لەدایک ببوو. دایکی بۆ رزگارکردنی کوڕەکەی لە دەست پیاوانی زەحاک، لە ئەشکەوتێکدا لای پیاوچاکێک شاردبوویەوە. کاوە، فەرەیدوونی دۆزیەوە. فەرەیدوون بوو بە پێشەنگی شۆرشەکە، دەسەڵاتی زەحاکی رووخاند و بۆخۆی لە جێی دانیشت. زەحاکیش بردرا بۆ ئەشکەوتێک و لەوێ بەند کرا[١].  

چیرۆکەکە جگە لە شانامەی فیردەوسی، لە گرشاسبنامەی ئەسەدیی تووسیشدا بە ناوەرۆکێکی هاوشێوە هاتووە. سەرچاوەی هەردووشیان وێدەچێ "خوداینامە" بێ کە دەگوترێ گرینگترین کتێبی سەردەمی ساسانیەکانە و تێیدا بەسەرهاتی پاشایان ئاوێتەی چیرۆک و ئەفسانە کراوە و نووسراوەتەوە. چیرۆکەکە لای هێندێک لە توێژەران و خەڵکی ئاسایی وەک رووداوی راستەقین وەرگیراوە. نووسەران و توێژەران لێکۆڵینەوەی زۆریان سەبارەت بە بنەمای چیرۆکەکە و دەستنیشان کردنی شوێنی رووداوەکان و شوناسی راستەقینەی قارەمانانی چیرۆکەکە کردووە. لای خەڵکی ئاساییش، بۆ وێنە دانیشتوانی ناوچەی ئیسفەهان لە ناوەندی ئێران پێیان وایە شەڕی کاوە و زەحاک لە ناوچەی ئەوان رووی داوە. چەندان شوێنیش لە ناوچەکە بە ناوی قارەمانانی چیرۆکەوە کراوە. وەک مەشهەدکاوە کە پێیان وایە گڵکۆی کاوە لەوێیە یان فەرەیدوون‌شار کە پێیان وایە فەرەیدوون خەڵکی ئەو شارە بووە. تەنانەت ئیبنی خەلەکانی هەولێریش لە کتێبی "وفیات الاعیان و انباء ابناء الزمان.."دا بۆی لەدوو داون. لە زۆر ناوچەی دیکەش، گوند و شوێن بە ناوی کەسایەتیی سەرەکیی ئەم چیرۆکە یان کاوەناوی دیکەوە کراون. بۆ وێنە گوندی کاوەکالی سەر بە خوڕەماوا، گوندی مام کاوە (مام‌کاوێ) لە ناوچەی سەردەشت و گوندی شێرکاوە لە ناوچەی باڵەکایەتیی باشووری کوردستان. هەروەها لە دەڤەری هەشتەرۆی پارێزگای زەنجان، لە جیرانەتیی رۆژهەڵاتی کوردستان قەڵایەک بە ناوی قەڵای زەحاک ماوە. پاشماوەی قەڵایەکی دیکەش بە هەمان ناو لە نیزیک گوندی نەوێی سەر بە ناحیەی خورماڵی باشووری کوردستان، لە چیای سوورێنی سەر سنووری دەسکردی باشوور - رۆژهەڵاتی کوردستان هەیە و شاخێکیش بە ناوی "کوڕەی کاوە" لە پاڵ قەڵای زەحاک هەڵکەوتووە.


سەرباری ئەوانە وێکچوونی زۆر لە نێوان چیرۆکی کاوە و ئەو بەسەرهاتەدا هەیە کە هێرۆدۆت لە "مێژووی شەڕی پارسەکان"دا سەبارەت بە چۆنیەتیی رووخانی دەسەڵاتی ماد و هاتنە سەر کاری کورشی پارس گێڕاویەتەوە و مێژوونووسانی دواتری یونانی بۆیان لەدوو داوە[٢]. بە تایبەت وێکچوون لەنێوان ناوی زەحاک یا ئەژدەهاک لەگەڵ ناوی دوا پاتشای ماددا هەیە کە هێرۆدۆت بە ئاستیاگ ناوی هێناوە. کۆمەڵێک مۆتیڤ و نیشانەی دیکەش وا نیشان دەدەن کە ئەوەی هێرۆدۆت و نووسەرانی دواتری یونانی لەم بارەوە بیستوویانە و گێڕاویانەتەوە، هەر شتێکی وەک چیرۆک و ئەفسانەی کاوە و زەحاکە. ئەوە کە ئاخۆ هێرۆدۆت ئەفسانەی کاوە دەگێڕێتەوە یان چیرۆکی کۆرش هەمان ئەفسانەی کاوەیە، کۆمەڵێک ئاڵۆزی و نیگەرانیی سەبارت بە بنەمای ئەو چیرۆکە پێکهێناوە. بۆچوونی وەهاش هەیە کە چیرۆکەکە بۆ رووداوێکی کۆنتر دەگێڕێتەوە و دەیباتەوە سەر کوژرانی ئازای کوڕی ئێرانزووی ماننایی. هەڵبەت تەباکردنی رووداوەکانی چیرۆک و ئۆستوورەکان لەگەڵ شوێن یا شوێنگەلی راستەقین و دیاریکردنی ناوی قارەمانانی چیرۆک لەگەڵ کەسایەتییە خاس و خراوەکانی مێژوو یان خەڵکی خۆیی و بێگانە، کارێکە کە نەک هەر لە ئۆستوورەی کاوەی ئاسنگەر بەڵکو لەگەڵ زۆربەی ئۆستوورە و چیرۆکەکاندا دەکرێ. هۆکاریش ئەوەیە کە گوێگر نایهەوێ گوێ لە چیرۆکێک بگرێ کە پێی وابێ راست نییە. هەر بۆیە گێڕەرەوە زۆر جار بۆخۆی بە دەستنیشان کردنی شوێنێک بۆ رووداوەکانی چیرۆکەکە یان تەباکردنی ناوی قارەمانێکی ئەفسانەیی لەگەڵ کەسایەتیەکی راستەقینە، هەوڵ دەدا یارمەتی بە خەیاڵی بیسەر و برەو بە کارەکەی خۆی بدا. 
بەڵام ئەم بابەتە پێی وایە چیرۆکی کاوەی ئاسنگەر نەک هەر مێژوو نییە بەڵکو بە بەمێژووکردنی، غەدرێکی گەورە لەم ئۆستوورەیە، لە خاوەنانی و لە مێژووش کراوە. چیرۆکی کاوەی ئاسنگەر، ئۆستوورەی دانیشتوانی سەر چیاکانی زاگرۆسە و رەگی لە باوەڕ و ئایینی کۆنی ئەواندا هەیە[٣].


کوردی یا میدیبوونی چیرۆکی کاوە و زەحاک هۆکاری نیزیکایەتیی رواڵەتیی ناوی پاشای چیرۆکەکە لەگەڵ ناوی لانیکەم دوو رێبەری دەسەڵاتی میدیایە. دیاکۆ و بە تایبەت ئەشتویگۆ یا ئاستیاگ. ئەوەش وای کردوە کە بێگانان بە ئاسانی ناوەکان تێکەڵ بکەن و دوژمنانیش هەوڵ بدەن ئۆستوورەکە لە دژی ئەو گەل یا گەلانە پێچەوانە بکەنەوە. نیزیکایەتیەکە بە تایبەت بە هۆی وشە یا پاشگری "دەهیو" یا "دەهاک"ە کە بە مانای دەسەڵاتداری و بەڕێوەبەریی وڵاتە. پرۆفیسۆری کورد دوکتور جەماڵ رەشید سەبارەت بە رەگی ئەم وشەیە دەڵێ: "لە سەردەمی مادەکان دا وشەی دەهیو بە واتای وڵات هاتووە، لە بنەڕەت دا "دەیوکا، دەهیوکا، دەیوک، دەهیوک"ە واتای سەرۆک وڵات دەدا."[٤] ئەوەش هۆکاری ئاڵۆزیی ناوی ئەشتویگۆ لە گەڵ ئەژدەهاک، زەحاک و تەنانەت ئاستیاگە. 
دوا پادشای میدیا کە هێرۆدۆت بە ئاستیاگ ناوی هێناوە، بە "ئیختویگۆ" و "ئیشتویگۆ" یان "ئەختویگۆ" و "ئەشتویگۆ"ش ناوی هاتووە. بە ئەگەری زۆر ناوەکەی دەگەڕێتەوە سەر وشەی ئاشت و ئاشتی کە رەگی وشەکە بەو شێوەیە لانیکەم لە زمانی پەهلەویشدا تۆمار کراوە. بەو پێیەش ناوی ئاستیاگ، ئاشتیاگ یا ئیشتویگۆ لە ناوێکی تێکەڵاوی وەک "ئاشت دهاک" یا "ئاشتی دەهاکۆ" بە مانای سەرۆکی حکومەتی ئاشتی یا دەسەڵاتی دوور لە شەڕ چێ بووە. هۆکاری ناوەکەش بۆ دۆخی وڵاتی میدیا دوای پەیماننامەی کسوف و لە سەردەمی دەسەڵاتدارەتیی ئەودا دەگەڕێتەوە. هۆوەخشتەرە ی باوکی ئاستیاگ، دوای ئەوەی بە هاوکاریی نەبوپلسەر، پاشای بابل، کۆتایی بە سەدان ساڵ دەسەڵاتدارەتی و ملهوڕیی دەسەڵاتی ئاشوور هێنا و بە یەکەوە نەینەوایان داگیر کرد، بە مەبەستی بەرینکردنەوەی هەرێمی ژێر دەسەڵاتی میدیا، رووی لە باکووری رۆژئاوا کرد. لە سەر چۆمی خالس، لە نێوان سپای میدیا بە رێبەریی هۆوەخشتەرە و لەشکری لیدی بە سەرۆکایەتیی ئالیاتس، شەڕێکی قورس دەستی پێ کرد. شەڕ بۆ ماوەی شەش ساڵ درێژەی کێشا. هەرچەند سپای میدیا زۆر و بەهێزتر بوو بەڵام سوارەی لەشکری لیدی بە ئەزموون و بە توانا لە بەرامبەریدا راوەستان. ساڵی ٥٨٥ی بەر لە زایین، شەڕ کەوتە حەوتەمین ساڵەوە کە رۆژێک، خۆر رووی لە هەردوو لەشکر و هەردوو شا، تێکنا و خۆرگیران یا کسووف هاتە ئاراوە. دوو لایەن کە لانیکەم لە ئایینی یەکیاندا خۆر بەرزترین پلە بوو، ئەوەیان بە نیشانەی تووڕەیی خودا لەو شەڕ و پێکدادانە لێک دایەوە. ترس و نیگەرانی لەنێو سەربازانی دوو لایەندا پەرەی گرت و ریزەکانیان ئاڵۆز بوو. ناچار دەستیان لە شەڕ کێشایەوە و شەڕ راوەستا. سەرەنجام لەسەر دەستی بۆختوننەسر، پاشای بابل کە ئەو کات جێگای باوکی گرتبۆوە، پەیمانی ئاشتی لەنێوان وڵاتانی میدیا و لیدیا مۆر کرا کە لە مێژوودا بە پەیمانی کسوف یا خۆرگیران بە ناوبانگە. بە پێی پەیمانەکە رووباری خالس بە سنووری دوو وڵات دیاری کرا. بۆ قایمتر کردنی ئەو پەیمانە و دانانی بناخەی دۆستایەتی و خزمایەتی لە نێوان دوو وڵات، کچی پاشای لیدی لە ئاستیاگ، کوڕی پاشای میدیا مارە کرا. هەر لەو ساڵەدا هۆوەخشتەرە کۆچی دوایی کرد و ئەشتویگۆی تازەزاوا لەسەر تەختی پاشایەتی دانیشت.  هۆوەخشتەرەی باوک میراتێکی گرینگی لە دەسەڵاتداری بۆ کوڕەکەی بەجێ هێشت کە لە سەرووی هەموان پاتشای جەوان دوژمنێکی بەهێزی لە ناوچەکەدا نەمابوو؛ کۆتایی بە سەدان ساڵ تەمەنی دەسەڵاتی ئاشوور هات کە پێشتر تەنگی بە حکومەتەکانی ماننا و میدیا هەڵچنیبوو، لەگەڵ دەوڵەتی بابل لە دۆستایەتیەکی توندوتۆڵ و بێ گرێدا بوو و دوا کاریشی رێککەوتن و بەستنی پەیمانی ئاشتی لە گەڵ دەسەڵاتی لیدی بوو[٥]. بەوەش دەسەڵاتی میدیا لە کۆتایی تەمەنیدا دەسەڵاتێکی ئاشت و ئاشتیانە و دوور لە شەڕ بوو. لەبەر ئەوەش پادشا ناوی "ئاشتی دەهاک"، "ئاشتیاگ" و "ئاستیاگ" یا سەرۆکی وڵاتی ئاشتی لێ نرا.  لە راستیدا جیاوازی لەنێوان ناوی ئاشتیاگ و ئازیدەهاک جیاوازیی نێوان ئاشتی و ئازە کە یەکەمیان حکومەتی ئاشتیی دوور لە شەڕ و ئەویدی حکومەتی تاریک و زێدەخوازە. 

 

ئاماژەکەی هێرۆدۆت کۆنترین ئاماژە بە چیرۆکی کاوە و زەحاک نییە. لە ئاڤێستادا ناوی ئەژدەهاک بە شێوەی "ئاژی دەهاکە" یا "ئازی دەهاکە" هاتووە کە هەژدیهایەکی سێ سەری شەش چاوی سێ لمبۆزە و فەرەیدوون لەگەڵی بەشەڕ دێ[٦]. رەنگە لەویش کۆنتر، مۆتیڤی بەرەوڕووبوونەوەی پاڵەوانێک لە گەڵ هەژدیهایەکی سێ سەر لەسەر جامی بە ناوبانگی حەسەنلووی سندووسە کە هی سەردەمی دەسەڵاتی مانناییەکانە و مێژووی زیاتر لە سێ هەزار ساڵی بۆ خەمڵێندراوە.  لەو پاژەی جامەکەدا کەسێک لەنێو پەیکەرێکدا کە هەژدیهایەکی سێ سەرە، بە خۆی و بە سێ سەری هەژدیهاوە بەرەوڕووی هێرشی پاڵەوانێک بووەتەوە کە  بە گومانی زۆر هونەرمەند هەوڵی داوە دیمەنی شەڕی کاوە و ئەژدەهاک پێشان بدا[٧]. 

سەرەڕای هەبوونی ئۆستوورەی زەحاک لەسەر جامی سندووس و ناوبانگ و سەرنجی زۆر لەسەر ناوەرۆکی چیرۆکەکە، چیرۆکی کاوە لە ناو کورددا نەکراوە بە بەیت. یان بەیتەکەی لە ژێر هێژەمۆنیی شانامە و گرشاسبنامە و...دا لەبیر چووەتەوە. بەڵام لە هێندێک ناوچەدا تا نێوەڕاستەکانی سەدەی بیستەمیش، چیرۆکی بەر ئاگردان بوو [٨]. بۆ وێنە کورتەی چیرۆکەکە بە راوێژی "مام کەریمی حەمەخان" ئاوایە؛ 

"جەمشێرشا پاشا بوو. رۆژێ مرۆڤێکی دەریایی چوار چڵە گیای بۆ جەمشێرشا هێنا و پێی وت ئەمە بکە بە کەلانە و بیخۆ. مرۆڤەکە رۆی ون بوو و جەمشێرشا چڵە گیاکانی بە وەزیرەکەیدا بۆ نانەواکەی نارد تا بۆی بکا بە کەلانە. نانەوا کەلانەکەی لێ لەت بوو و ناچار بە دزی دەسکێک کەوەری لە جێی گیایەکە بۆ شا کرد بە کەلانە و بۆی نارد. لەو وەختەدا زەحاک کە دارکێشی مدبەقی جەمشێرشا بوو، گەیشتەوە. برسی بوو، لەتە کەلانەکە لەوێ فڕێ درابوو، هەڵیگرتەوە، خواردی. کە سەری هەڵبڕی، حەوت تەبەقەی ئاسمانی بە چاوی خۆی دیت. زانی شا دەمرێ و بۆخۆی لە جێی دادەنیشێ. جەمشێرشا مرد و زەحاک ژنی شای لە خۆی مارە کرد. شاژن کە لە جەمشێرگیا دووگیان ببوو، مناڵی بوو ناویان نا فەرەیدوون. زەحاک سەیری ئاسمانی کرد و وتی من بە دەست ئەو کوڕە دەمرم. مەلۆتکەی دا بە دەست وەزیرەکەی و گوتی بڕۆ سەری ببڕە. وەزیر مەلۆتکەی بردە قەراخ دەریا بەڵام زگی پێی سووتا و لەوێ بە جێی هێشت. گامێشێک لەوێ شیری دایە و بە خێوی کرد. شەیتان کە مامۆستای زەحاک بوو، رۆژێک هەردوو لا شانی زەحاکی ماچ کرد. مار لە جێ دەمی شەیتان پەیدا بوو. مارەکان دەمیان بە ملی زوحاکدا دێنا و ئازاریان دەدا. وەزیرێک پێی گوت ئەگەر مێشکی لاوانی بدەینێ تۆ ئازار نادا. ئاسنگەرێک لەو ناوە حەفتا و دوو کوڕی هەبوو. حەفتا کوڕی خورا و دوانی ماوە. نۆرەی ئەوانیش گەیشت. ئاسنگەر زۆر ناڕەحەت بوو، چوو لە مزگەوت نوێژی کرد و زۆر پاڕایەوە تا خەوی لێ کەوت. ئیمامی عەلی هات دە خەویەوە و خەبەری پێ دا کە بەیانی لە گەڵ خۆرهەڵات فەرەیدوون بە تەورێکەوە دێ و زەحاک دەکوژێ. بەیانی هەر کە خۆر ئەنگووت، فەرەیدوون بە سواری گامێشێک، تەورزینێک بە دەستەوە پەیدا بوو. هێرشی بۆ کۆشکی زەحاک برد و زنجیری کرد، بردی بۆ کێوی شەمێران و خستیە ناو تەلسمێکەوە. ئێستەش دووکەڵ لەو تەلسمە دێ:

زوحاک وە زنجیر هەزار ساڵەوە 

سیمرغ وە قووەی پەڕ و باڵەوە

نەیانکرد سەیران دنیای دوور مەنزڵ

ئەوانیش وە مەوتەمەرگ داغڵ بوون وە گڵ

کوا فریشتەکەی فەرەیدوونی فەڕ

حەفتاودوو کوڕی بابای ئاهەنەر.. "[٩]

هەروەها لە شانامەی کوردیشدا چیرۆکی زەحاک هاتووە کە تا رادەیەک جیاوازیی ناوەرۆکی لەگەڵ گێڕانەوەکەی شانامەدا هەیە[١٠]. بەشێک لە بەیتەکانی کاوەی ئاسنگەری شانامەی کوردی ئاوێتەی "مەقامی باباناووسی" کراون کە یەک لە مەقامە بەناوبانگەکانی ئایینی یارسانە:

دوانزە فەرزەنان کاوەی ئاسنگەر
 یەکی چەنەش مەن یانزەش بڕین سەر
   وەمەودای ئەلماس کردشان چاک چاک
   مغزش دەراورد پی ماران ضحاک
   کاوەی ئاهەنگەر زویخ و زام وەردەن 
   وەر داوان ویش وه ئاڵا کەردەن
   کووکە تەمیرە ئاما وە داوان
   وادەی خۆشییە کاوە گیان! کاوەی شیرەخان!
   دڵە وەهارەن، رووژێ نەورووزەن..
   رووژێ نەورووزەن.. دڵە وەهارەن..
   داوودم دییەن نە تووی بەرقێ یووز
   نە قۆرسێ بەتوون، نە شەوێ نەورووز
   زەمەو زەماوەن مەکیرو، کاوە گیان! جێ یەرکێ نوونە
   دەسێ بەرەو زەماوەن، کاوە گیان! عەز مەرە شوونە[١١]


 بە گشتی کورد خۆی لە ئۆستوورەی کاوەی ئاسنگەردا دیتووەتەوە و بە هی خۆی زانیوە. هەر لە کۆنەوە سەرکەوتنی کاوە بەسەر زوحاکدا وەک بۆنەی کۆتایی زستان و هاتنی جێژنی نەورۆز سەیری کراوە[١٢]. ئەم روانینە بە تایبەت لە سەدەی بیستەمدا، شان بە شانی سەرهەڵدانە یەک لە دوای یەکەکانی کورد زیاتر پەرەی گرت. خوێندەواران، هونەرمەندان و بە گشتی خەباتکارانی کورد هەوڵیان دا کاوە و شۆرشەکەی بکەن بە رەمزی شۆرش و سەرهەڵدان لە دژی دەسەڵاتی ئەژدەهاکی زەمان. بەو روانینەوە شۆرشی کاوە بوو بە ڕەمزی ڕاماڵینی زستانی زۆرداری و موژدەی هاتنی نەورۆزی ئازادی. شێرکۆ بێکەس شانۆنامەی بەناوبانگی "کاوەی ئاسنگەر"ی لەسەر بنەمای هەمان چیرۆک نووسی، پەیکەری کاوە لە شاری سلێمانی کرا بە رەمزی خەبات بۆ شاری هەڵمەت و قوربانی، سوارەی ئیلخانیزادە شانۆنامەی رادیۆیی "چەکوش وەشێنی رۆڵەکوژراو"[١٣]ی هەر لەسەر بنەمای ئەو چیرۆکە نووسی و هەژار بە شێعری نیوەدرێژی "کوتکی کاوە"[١٤] لەسەر رێچکەی فیردەوسی، زەحاکی بە رەمزی حوکمی عەرەب لە کوردستان شوبهاند کە بارزانی وەک کاوە خەریکە ئەم حوکمە زەحاکیە رادەماڵێ. بە گشتی ئیلهام لەو چیرۆکە رەنگدانەوەی زۆری لەسەر هونەر و ئەدەبی بەرگریی کورد لە سەدەی بیستەمدا بەجێ هێشت. بەڵام زۆربەی ئەوانە لەسەر بنەمای گێڕانەوەی چیرۆکەکە لە شانامەدا شانۆنامە و چیڕۆک و شێعرەکانی خۆیان داڕشتەوە. گێڕانەوەیەک کە وەک هەموو چیرۆکەکانی دیکەی شانامە، بۆ قازانجی پاشایان و لەپێناو پاراستن و پارێزگاری لە دەسەڵاتی ئەوان نووسراوە یان بۆیان گۆڕدراوە. هاوکات ناسیونالیزمی فارس یان پان-ئێرانیزم کە لانیکەم رابردووی خۆی لە چوارچێوەی دەسەڵاتی پاشاکانی ئێراندا پێناسە دەکا، چیرۆکە شانامەییەکەی کاوە و ئەژدەهاکی وەک بەڵگەی ڕەوایی دەسەڵاتدارەتیی خۆی و خراپیی ئەویدی، بەکار هێناوە. بە تایبەت ئەو بەشە لە چیرۆکەکەی بۆ گرینگترە کە بەپێی قسەی شانامە، کاوە، فەرەیدوونی هەڵگری توخمی پاشایەتیی دۆزیوەتەوە، کردوویە بە پێشەنگی شۆرشەکە و دواجاریش هەر ئەو تاج و تەختی باپیرانی لە شایەکی زاڵم و بێگانە ئەستاندۆتەوە و بۆخۆی لە سەری دانیشتووە. گەرچی لای کورد بەدەسەڵاتگەیشتنی فەرەیدوون هیچکات نرخ و بایخی لابردن و روخاندنی دەسەڵاتی زەحاکی نەبووە بەڵام کەڵکاوەژۆیی شانامە و دەسەڵاتی فارس لەم ئۆستوورەیە و تەباکرانی چیرۆکەکە لەگەڵ چیرۆکی رووخانی دەسەڵاتی میدیا، دەستیان بە دەستی یەک دا تا دواتر بەتایبەت لە سەرەتاکانی سەدەی بیست و یەکدا بەشێک لە رووناکبیرانی ناسیونالیستی کورد لە سەدەیەک پێداهەڵگوتن بە کاوە و دەستخۆشانەکردن لێی سەبارەت بە لابردنی دەسەڵاتی زەحاک، پەشیمان ببنەوە. تا ئاستێک کە کەسایەتیی کاوە لای هێندێک چالاکی سیاسیی کورد لە رابەرێکی شۆرشگێڕ و رەمزی خەباتەوە بۆ خائین و رەمزی خیانەت دابەزێندرا. 

بەڵام بە سەرنجدان بە نێوەرۆکی چیڕۆکەکە لە شانامەدا بۆمان دەردەکەوێ کە مۆتەکەی کوردی‌بوونی چیرۆکی کاوە تەنانەت یەخەی فیردەوسیشی بەرنەداوە. لە بەشێک لە گێڕانەوەکەی دا، دوو لە قارەمانانی چیرۆک بۆ دۆزینەوەی رێگاچارەیەک، دەخزێنە ناو کۆشکی میری و دەبن بە ئاشپەزی تایبەتیی شا. ئەوان هەموو رۆژێ مێشکی لاوێک لەگەڵ مێشکی مەڕێک تێکەڵ دەکەن و دەرخواردی مارەکانی دەدەن. بەو جۆرە هەر جارە لاوێک نەجات دەدەن. بە قسەی فیردەوسی ناوی ئەو دوو کەسە کەرمایلی پاک‌دین و ئەرمایلی پێشبین بوو. ڕۆڵی راستەقینە و هۆی بوونی ئەو دوانە لە چیرۆکەکە دواتر روون دەکرێتەوە بەڵام ئاوێتەکردنی کورد بەو بەشە لە چیرۆکەکە، لە جۆرێک باجدان بۆ بێدەنگکردنی کورد لە حاند شێواندنی ئۆستوورەکەی زیاتر نییە. لەم بارەوە لە شانامەدا هاتووە:

بە جای خورش زان سر بی بها                     خورش ساختند از پی اژدها
چو گرد آمدی مرد از ایشان دویست             بر آن سان کە نشناختندی کە کیست 
خورشگر بدیشان بزی چند و میش               سپردی و صحرا نهادند پیش
کنون کورد دارد  از آن تخمە نژاد                 کز آباد ناید بە دل برش یاد[١٥] و [١٦]

واتە: لە جێی مێشکی لاوەکان، بە مێشکی بێ نرخی ئەو مەڕانە خۆرشتیان بۆ هەژدیها ساز کرد، کاتێ ژمارەی پیاوە رزگارکراوەکان گەیشتە دووسەد کەس، بە جۆرێک کەس نەیانناسێ، چێشتلێنەرەکان چەند بزن و مەڕیان پێدان و ئەوانیش روویان لە دەشت و سەحرا کرد. ئێستا کورد هەڵگری تۆمی ئەو رەگەزەیە و لەو رەگەزە وەچە دەخاتەوە کە ئەگەر باپیرانتان لە بیر نایە باشترە وەبیرتان بێتەوە.

بەڵام هۆکاری ئەوە کە بۆچی ئەم چیرۆکە بە ئۆستوورەی دەستکاریکراوی کوردەکان و بە گشتی زاگرۆس‌نشینان دەزاندرێ، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە چیرۆکی کاوە و زەحاک هەڵگری توخمەکانی ئەو ئۆستوورە میتراییانەیە کە لەوەپێش باس کراون و لە ریزی ئەواندا پۆلێن دەکرێ. درێژەی هەمان ململانێی نێوان واروونا و ئیندرایە کە جارێ دەبن بە شێخمەند و شێخرەش، جاری دیکە بە مەم و بەکر و لێرەش بە فەرەیدوون و زەحاک. ئەژدەهاک هەمان هەژدیها، گیانداری ترسهێنەری ئیندرای خودای شەڕە. هەمان ئەو "مارە ڕەشە لغاوە سپیەیە" کە لە ململانێی شێخ مەند و شێخ ڕەشدا، دەبێ بە تەشکی شێخ ڕەشی خودای شەڕ. "دوازدە فەرزەندی کاوە" هەمان دوازدە منداڵەکەی مامەدیی باوکی شێخ فەرخن کە تەنیا شێخ فەرخی بۆ دەمێنێتەوە و رۆژی سەرکەوتنی کاوە هەمان رۆژی زەماوەندی پەریخان و برایمۆکە. جەمشێر یان جەمشیدشاش هەر ڕۆڵی میرزێندینی برای زینە کە جڵەوی کاروبارەکانی لەوێ بۆ بەکر و لێرەش بۆ زەحاک شل کردووە. حەوت خوداکانی میترایی چ راستەوخۆ وەک خۆیان یان بە نیشانە و هێمای تایبەتەوە لەو ئۆستوورەیەدا دەور و حزووریان هەیە. ئیلهام لە سرووشت، گەڕانی گەردوون و ئاڵوگۆڕی مانگ و وەرزەکان لەم ئۆستوورەیەدا بە روونی دیارە و هەموو ئەوانەش پێناسەکانی ئۆستوورەیەکی میترایین. 

لە بورجەکانی فەلەکدا، رەشەمە هی خودای با، بورجی گا یا مانگی گوڵان هی ڤاروونای خودای کشتوکاڵ، بورجی کۆ یا مانگی خەرمانان هی خوداژن ئاناهیتا و بورجی تەرازوو یا مانگی مێهر هی میترایە. ئەمانە خودای خێر و چاکەن و مانگە بە بەرەکەتەکانیان بەناو کراوە. بەڵام ئیندرا خودای شەڕە و بە هاتنی، یا کەم‌ئاوی و وشکەساڵی لەگەڵ خۆی دێنێ یان زستانی تووش و سەخڵەت. بۆیەش لە ساڵدا دوو جار دەسەڵات بە دەستەوە دەگرێ. جارێکیان چلەی گەورەی هاوین و بورجی قرژاڵە کە وەرزی گەرما و کەم ئاوییە و جاری دووهەمیش چلەی گەورەی زستان و بورجی کوور (جۆدەی/گدی) کە وەرزی تۆف و سەرمایە. واتە لە چیرۆکەکاندا هەرکات تووشی ئۆستوورەی ئیندرا بین، ئەوە یان پێوەندیی بە چلەی گەورەی هاوینەوە هەیە کە سەرەنجامەکەی جێژنی مێهرەگان و سپێرانی بە عەداڵەتی میترایە لە سەرەتای پاییز یان باسی چلەی گەورەی زستانە کە سەر لە نەورزۆ و بەهار دەردێنێ. فیردەوسیش لە شانامە و لە قالبی "چل ساڵدا" ئاماژە بە چلە دەکا:

     چو از روزگارش چهل سال ماند            نگر تا بسر برش یزدان چه راند
واتە؛ کاتێ کە چل ساڵ لە عومری زەحاک مابوو، چاو لێ بکە بزانە خودا چی بەسەر دێنێ. 

 لە فەرهەنگی کوردەواریدا ئۆستوورەی کاوە و زەحاک، باسی جەفای چلەی زستان و سەرەنجام هاتنی بەهار و نەورۆزە بەڵام لای فیردەوسی ئەمە ئۆستوورەی جێژنی مێهرەگانە. ئەم دوو روانینە جیاوازە نیشانەیەکی زەق و گرینگە لە شوناسی ئۆستوورە کوردیەکە و هەڵگەڕاندنەوەی لە گێڕانەوەی لە شانامە و هاوشێوەکانیدا. لە چیرۆکی شانامەدا هیچ باسێک لە نەورۆز و بەهار نییە و بە روونیش ئاماژە دەکا کە دوای لابردنی ئەژدەهاک، فەرەیدوون لە مانگی مێهر کە سەرەتای پاییزە، لەسەر تەختی پاشایەتی دادەنیشێ: 

    فریدون چو شد بر جهان کامگار             ندانست جز خویشتن شهریار

   به رســم کیان تاج و تخت مهـی             بیاراست با کاخ شاهنشهـــی

   به روز خجسته ســــــر مهرماه               به سر بر نهاد آن کیانی کلاه

   زمانه بی‌اندوه گشـــــت از بدی             گرفتند هر کس ره ایزدی

واتە؛ فەرەیدوون دوای ئەوەی لە کاروباری دنیا بۆوە و جگە لە خۆی کەسی بە پیاو نەزانی، وەک پادشایان تاج و تەختی ڕۆنا و کۆشکی پاشایەتیی رازاندەوە و لە رۆژی پیرۆزی سەرەتای مانگی مێهردا کڵاوی پاشایەتی لە سەر نا. زەمانە خۆش و بێخەم بوو و خەڵک رێی خوداپەرەستی‌یان گرتە بەر. 
جگە لە شانامەی فیردەوسی، لە "گرشاسب‌نامەی ئەسەدی"شدا کە چیرۆکی کاوە و ئەژدەهاک هاتووە، ئامانجی پاشایەتیی فەرەیدوون دیاری کراوە کە لە سەرەتای پاییز و مانگی مێهردا دەست پێدەکا:

    همان ســــــــال ضحاک را روزگار                  دژم گشت و شد سال عمرش هزار

    بیآمد فــــــــریدون به شاهنشهی                  وز آن مارفش کرد گیتی تهی

    سرش را به گزر کیی کوفت خـرد                    ببستش، به کوه دماوند برد

    چو در برج شاهین شد از خوشه مهر              نشست او به شاهی سر ماه مهر

    بر آرایش مهرگان جشن ساخت                      به شاهی سر از چرخ مه برافراخت[١٧]

واتە؛ هەر ئەو ساڵە کە رۆژگار زوحاکی دامرکاند و هەزار ساڵەی تەمەنی دوایی هات، فەرەیدوون بوو بە پاشا و دنیا لەو شای وەک مارە رزگار بوو. گورزێکی شاهانەی لە سەری دا و لە کێوی دەماوەند بەستیەوە. وەختایەک هێشووی خۆر کەوتە ناو بورجی شەهێنەوە، ئەو لە سەرەتای مانگی مێهردا لە سەر تەختی پاشایەتی ڕۆنیشت. بۆ رازاندنەوەی مێهرەگان جێژنی پێکهێنا و لە گەڕی مانگدا وەک شا دەرکەوت. 

لە سەردەمانی پاشایەتیدا ئەو گرینگایەتییەی کە بە جێژنی مێهرەگان یا میتراکانا یان میتراخانە لە سەرەتای پاییزدا دەدرا، بە نەورۆز نەدەدرا. نەورۆز و مێهرەگان هەردوو لەوەدا وەک یەکن کە شەو و رۆژیان بەرابەرە. هەروەها لەحاڵێکدا مێهرەگان سەرەتای پاییز و بەرەو زستانە، نەورۆز دوای زستانی سەخت و تووش، رووی لە بەهار و گەرمایە بەڵام کۆمەڵێک تایبەتمەندی، مێهرەگانیان کردبوو بە جێژنێکی گرینگتر لە نەورۆز. مێهر یان ڕەزبەر مانگی حەوتەمی ساڵ و مانگی میترا بەرزترین پلەی ئایینی میترایی‌یە کە لەگەڵ بورجی میزان یان تەرازوو ڕێکە. بورجێک کە بورجی میترای خودای عەداڵەتە. هەروەها مانگی پێکگەیشتنی بورجی کۆ و تەرازوو یان ژن-خودا ئاناهیتا بە میترایە کە یەک لە رووداوە سرووشتی‌یە پیرۆزەکانی ئایینی میترایی‌یە. خۆر دەکەوێتە بورجی تەرازۆوە کە تەرازوو هێمای عەداڵەتە و، بەرابەریی شەو و رۆژ لە مانگی ڕەزبەردا نیشانەی بەرابەریخوازی و دادگەریی میترایە. میتراکانا هەروەها جێژنی بەران‌تێبەردانە کە یەک لە گرینگترین جێژنەکانی مەڕداران و جووتیار – مەڕدارانە. کاتی گەیشتنی بەروبوومی جووتیاری و ئاژەڵداریشە؛ بەرخ گەورە و قەڵەو بووە، دانەوێڵە لە کا جودا کراوەتەوە و خەرمان سوور دەکرێ، رەزبەرە و وەرزی گەیشتنی ترێ‌یە، بێستان سوور بووە و وادەی گەیشتنی میوەهاتە. هەموو ئەوانە بەو واتایەن کە وەختی دانی زەکات و بەش بە سەید و شێخ، سەر چاکردنەوە بە مەلا و دانی ماڵیات و سەرانە بە دەسەڵاتە. شانامە و هاوشێوەکانیشی بۆ پڕکردنی خەزێنەی دەربار، جێژنی لادانی زەحاک و هاتنی فەرەیدوونیان لە نەورۆزەوە بۆ مێهرەگان گواستۆتەوە تا خەڵک بە گرینگیی زیاترەوە بڕواننە مێهرەگان و، شا و دەسەڵاتداران بتوانن لەو مانگەدا زیاتر و بە بەهانەی گرینگترەوە خەڵک بڕووتێننەوە. ئامانجە ئابووری و سیاسی‌یەکە ئەوەندە بۆ دەربار و نووسەرانی دەربار گرینگ بووە کە گوێیان بە میترایی‌بوونی ئەو ئۆستوورەیە و تەنانەت ناتەبایی جێژنی مێهرەگانی میترایی لەگەڵ دینی زەردەشتی کە دینی دەربار بووە، نەداوە و رووهەڵماڵاوانە چیرۆکەکەیان بۆ شێواندووە. چونکە بەرامبەر بەو هەموو بەرەکەتەی کاتی میتراکانا، نەورۆز تەنیا هێلکەی سوورکراوی لێ هەڵدەوەرێ کە ئەویش دیاری بۆ منداڵانە و گورچووی دەسەڵات تێر ناکا. لە راستیدا نەورۆز پێش ئەوەی رۆژی نوێ بێ، رۆژی نوێ و تازەکانە و زیاتر جێژنی منداڵان، مێرمنداڵان، تازەلاوان و لاوانە. وەکچۆن جێژنی نوێبوونەوەی ساڵ و بووژانەوەی سرووشتە و رزگارکردنی لاوان لە چنگ زەحاکیش هەڵگری هەمان ئاماژەیە.  

بەڵام وەک ئاماژەی پێ کرا، لەنێو کورد و لە ناخی مرۆڤی کورددا لابردنی زەحاک لەسەر تەختی پاشایەتی، نە جێژنی مێهرەگان کە بۆنەیەکی جێژنی نەورۆزە. مەبەست لە بۆنەیەک، ئەوەیە کە نەورۆز تەنیا نابەسترێتەوە بەم ئۆستوورەیەوە. بۆ وێنە لە ئۆستوورەی برایمۆکدا، رۆژی زەماوەندی زارای دایک و زاڤی باوک دەکەوێتە هەمان سەروبەندەوە. هەروا کە لە ئۆستوورەی شێخمەند و شێخڕەشدا، مێهرەگان رۆژی بەرقەراربوونی دادگەریی میترا بۆ سزادانی شێخ رەشی خودای شەڕە. بەڵام لە سەرووی ئۆستوورە و باوەڕە ئایینیەکان، نەورۆز کۆتایی زستانی سەخڵەت و سەرەتای وەرزی بووژانەوەی سرووشتە. داهاتنی بەهار و گەرما و رووناکی‌یە و رزگاربوونە لە دەست هەژاری، سەرما و تاریکیی زستان. یەک لە واتاکانی ناوی زەحاک یا ئەژدەهاکیش، هەمان تاریکی و دەسەڵاتی تاریکی‌یە.

وشەی ئەژدەهاک بە چەندان جۆری وەک ئەژدەهاک، ئاژیدەهاک، ئازیدەهاک، زەهاک، زوحاک، زەحاک و بیوراسبیش هاتووە. بیوراسب بە خاوەنی هەزار ئەسپ واتا کراوەتەوە. ئەگەر ماناکەی بە درووستی کرابێتەوە ئەوە ئەسپ نیشانەی خێوی خاکە و خێوی خاکیش خودای سەربازان و شەڕڤانانە. بەو پێیە بیوراسب بە خاوەنی هەزار سەرباز واتا دەکرێتەوە کە هەزار واتای بە ژمارە زۆرە و مەبەست لەو پەسنەش توانایی و هێزی سەربازیی زەحاکە.

 وشەی زەحاک شێوەی شێواو یا هەڵگەڕاوەی حەزیایە. حەزیا لەگەڵ پاشگری "ک" کە نیشانەی ناسێنەوەیە. حەزیا(ک) ناوێکی دیکەی هەژدیهایە:
    ئەوە سەدایەکم دەگەیشتێ، سەدایەکی لە من لەسەر بێ
   دەک رەبی بەدکارن هەر تەفرەقە بێت و دەربەدەر بێ
   کۆڵەکێ نێو ماڵی بە "حەزیاک"ی حەوت سەر بێ
   مانگایەکیان هەبێ، دۆنەدەر بێ
   بە حەوتانیان چاوێکیان بێ ئەویش بە قەد گۆچەرخەکی تەم لە سەر بێ[١٨] 

بەو پێیە زەحاک و حەز یا حەزیاک ناوی دیکەی هەژدیهان. ئەژدەهاک جگە لە مانا رواڵەتیەکەی کە بریتی لە مارە ئەفسانەییەکەیە، بە شێوەی ئازیدەهاک واتای دەسەڵاتی تاریک و دەسەڵاتی داپڵۆسێنەریشە[١٩]. لە سروودی خاتوو رەمزباردا هاتووە: 

   پەی دەروون شاد، پەی دەروون شاد

   شەمێ رۆشەنیش وست پەی دەروون شاد

   ئەو کۆی چل نوورش هەر کە کەرد ئیجاد

   چل مەشعەلش دا وە ئوسای ئیرشاد

   ئاز و تاریکی گوریزان چۆن باد [٢٠]

واتە؛ بۆ شاد کردنی ناخی ئێمە، شەم و چرای رووناکی خستە دەروونمانەوە، کاتێ ئەو کێوە چل نوورەی خوڵقاند (مەبەست چل تەنە)، چل مەشخەڵی رێنوێنی دایە دەست مامۆستای رێنوێن و، بەو هۆیە ئاز و تاریکی وەک با هەڵات.


ئاز ناوێکی دیکەی ئیندرای خودای شەڕ و خراپەیە. هەروەها بە مانای تەماحی زۆر، پاوانخوازی و زێدەویستیشە و لەگەڵ دەهاکی بە واتای دەسەڵات، بریتی لە حکومەت و دەسەڵاتی زێدەخوازە. دەسەڵاتێک کە غەیری خۆی، نابینێ و هەموو شتی بۆخۆی دەوێ. هەر لەو راستایەشدا ئاز بە مانای تاریکی یا هاوشانی تاریکی‌یە. تاریکەدەسەڵاتی زەحاک دوای نەمانی رووناکایی دەسەڵاتی جەمشیدشا یا جەمشێرشا لە چیرۆکەکەدا. 

واتای تاریکی لە ناوی زەحاکدا کاتێ زیاتر خۆ دەردەخا کە دەبینین یەک لە واتاکانی ناوی کاوە کاتی ڕەوینەوەی و روونبوونەوەی رەشایی و تاریکییە. شانامەی فیردەوسی هەوڵی داوە وا بگەیەنێ کە ناوی کاوە لە گا (گاو) وەرگیراوە. رەنگە رواڵەتی ناوەکە و بەرهەڵبێنەی ئاسنگەریەکەی کە دەکرێ لە چەرمی گا بێ، هۆکاری پەرەدان بەو روانینە بێ. لە بەرامبەر هەژدیهای گیانداری ئیندرای خودای شەڕدا، گا، گیانداری تایبەت بە ڤاروونا یا واروونایە. واروونا خودای چاکە و ڕەوانی پاکە کە لە چیرۆکەکەدا فەرەیدوونە. لە بەشێک لە سەرچاوە مێژویی‌یەکاندا ناوی واروونا یا ڤاروونا لەسەر شوێنی لەدایکبوونی فەرەیدوون داندراوە. ڤەندیداد شوێنی لە دایکبوونی فەرەیدوونی بە ڤارینا نووسیوە. لە ئاڤێستاشدا چەندان جار ناوی "وەرن" وەک زێدی فەرەیدوون هاتووە. لە رام‌یەشتی ئاڤێستادا فەرەیدوون لە "وەرن ئەندروا" ستایشی خودای بای کردووە و داوای لێ کردووە لە شەڕ دەگەڵ ئەژدەهاکدا یارمەتی بدا تا بتوانێ ژنەکانی بە ناوی شارنەواز و ئەرنەواز بستێنێتەوە کە ئەو دوو ژنە بۆ زاوزێ جوانترین لەش و لاریان هەیە و لە دنیادا بێ وێنەن."[٢١]  لە سەر هەرد گا هەڵگری رەوانی پاک یا واروونایە. هەروا کە لە ئاسمان ئەو ئەرکە لە ئەستۆی مانگە. لە ئاڤێستادا گەیشتن بە پلەی "گائوش رەوان" یا رەوانی گای سەرەتا، پلەی بەرزی سۆفیایەتی و رەوانپاکییە. لەم سۆنگەیەشدا گێڕانەوەکەی فیردەوسی، فەرەیدوون بە شیری مانگای "پڕمایە" بە خێو دەکا، گورزی سەرەگای بۆ ساز دەکا و بە گشتی رۆڵی گا یەکجار زۆر زەق کراوەتەوە کە هەمووی بۆ ناساندنی فەرەیدوون و پێوەندیی خودای ڤاروونا لەگەڵ گایە. 

هەر لە درێژەی بەرزکردنەوەی ڕۆڵی گادا، شانامە رۆڵی فەرەیدوونیشی یەکجار بەرچاو نیشان داوە و لە بەرامبەردا رۆڵی کاوەی تا ئاستێکی زۆر دابەزاندووە. کاوە لە شانامەدا زیاتر رۆڵی وەسیلە و چەخماخەی شۆرشی هەیە و فەرەیدوون کارە سەرەکیەکە ئەنجام دەدا. لە سەر بنەمای ئەو گێڕانەوەیەش، زۆربەی لێکۆڵەرانی شانامە تەنانەت ئەوانەش کە رەخنەیان لێ گرتووە، کاوەیان بە کەسێکی پلە نزم زانیوە[٢٢]. ئەوەش لەگەڵ کەسایەتیی کاوە و هاوشانەکانی لە ئۆستوورەکانی دیکەدا ناتەبایە هەیە. هەروەها ناتەباییەکی زۆری لەگەڵ روانگەی کورد بۆ ئەم ئۆستوورە یان چیرۆکە و تەنانەت ناوی چیڕۆکەکەش هەیە. لای کورد و نەتەوەکانی دیکەش کۆی چیرۆکەکە بە چیرۆکی "کاوەی ئاسنگەر" یان "کاوە و زەحاک" بە ناوبانگە کەمتر وا هەیە بە چیرۆکی فەرەیدوون و زەحاک ناو ببردرێ.

وێچووترین پێناسەی کاوە لای پێڕەوانی یارسانە. ئەوان کاوە بە تەنی داوو دەزانن. داوو یا داوود یەک لە یارانی سوڵتان ئیسحاق و تەنێک لە حەوتەنی سەردەمی سوڵتانە. بە ناوی پیرداوو یا داوو کەوسوار یەک لە گرینگترین کەسایەتییە ئایینییەکانی ئایینی یاری‌یە. بە چەرخەچی و هەڵسووڕێنەری کاروباری دنیا ناسراوە و دەلیلی گشت پێڕەوانی ئەهلی حەق یا یارسانە. داوو لەو ئایینەشدا دەسەڵاتی بەسەر بادا دەشکێ. با لە ئایینی میتراییشدا پلەی یەکەمە و خێوی با، رۆڵی باوکایەتی هەیە. وەک چۆن لەم چیرۆکەشدا، کاوە باوکە. لە نوسخەیەکی شانامەدا جارێک باوکی دوو کوڕ بە ناوەکانی قارون و قوبادە و لە نوسخەیەکی دیکەدا، باوکی هەژدە کوڕە: 
   مرا بود هژده پسر در جهان           از ایشان یکی مانده است این زمان
   ببخشای و بر من یکی درنگر             که سوزان شود هر زمانم جگر

واتە؛ من لە دنیادا هەژدە کوڕم هەبوو کە ئێستا تەنیا یەکیانم بۆ ماوەتەوە، ئەوم پێ بدەوە و لێی خۆش بە کە هەمیشە جگەرم بۆی دەسووتێ. 
هەژاری موکریانیش بە شوێن ئەو نوسخەیەی شانامەدا، لە شێعری "کوتکی کاوە"دا نووسیویەتی:
   مام کاوەی باوکی هەژدە کوڕ
   ئاسنگەری بە هێز و گوڕ
   حەڤدە کوڕیان سەر بڕیبوو
   گەڕ لەسەر دوامین کوڕی بوو

هەروەها لە گێڕانەوە کوردیەکەی چیرۆکەکەدا کە پێشتر هات، ژمارەی کوڕەکانی کاوە حەفتا و دوو کوڕە کە حەفتایان خوراون و دوانیان ماون. بەڵام ژمارەکانی دوو، هەژدە یان حەفتا و دوو مانا و ئاماژەیەکی ئەوتۆ بە دەستەوە نادەن. درووستترین ژمارە هەر ئەوەیە کە لە مەقامی باباناووسیدا هاتووە:
   دوانزە فەرزەنان کاوەی ئاسنگەر
   یەکی چەنەش مەن، یانزەش بڕین سەر
   وەمەودای ئەلماس کردشان چاک چاک
   مغزش دەراورد پەی ماران ضحاک 

واتە؛ لە دوازدە منداڵی کاوەی ئاسنگەر، یەکی بۆ مایەوە و یازدەیان بە تیغی ئەڵماس سەریان بڕدرا و مێشکیان بۆ مارەکانی زەحاک دەرهێندرا[٢٣]. 
ژمارەی دوازدە، ژمارەی مانگەکانی ساڵە کە یەک لە دوای یەک تێپەڕیون و مردوون. کاوە تەنیا یەکێکیانی بۆ ماوەتەوە کە بەپێی بۆچوونی کوردی و تەبا لەگەڵ ئۆستوورەکانی دیکەی کورد، فەرەیدوونە. فەرەیدوون، هەمان فەروەدین یان فەروەردین و فەڕ وە دین، یەکەم مانگی بەهارە. ئەو ناوانەش دەچنەوە سەر وەروونا، فەروونا یا ڤەروونا کە لە میترائیسمدا خودای مانگ، خودای کشتوکاڵ و خودای رەوانی پاکە و بەرهەمی هاوسەرینیی خودای با و خوداژنی ئاو و رۆڵەی ئەوانە. 

ناوی کاوە لای نووسەران و لێکۆڵەرانی فارس بە "گاودرەفش" بە واتای هەڵگری ئاڵای لە چەرمی گا، "گاوە"ی گرێدراو بە گا و، کاوی پێوەندیدار بە کەی کە پێشگری شایانی پێشدادی بوو، هاتووە. بەڵام زۆربە پێیان وایە ناوێکی تازەیە و کۆی چیرۆکەکە لە سەردەمانی دواتردا چێ کراوە[٢٣]. لێ لە زمانی کوردیدا بەپێی رۆڵی لە چیرۆکەدا، ناوی کاوە دەتوانێ هەڵگری کۆمەڵێک واتای دیکە بێ کە وەک مەتەڵێک، دۆزینەوەیان خوێنەر و بیسەر لە مەبەستی چیرۆکەکە نیزیکتر دەکەنەوە؛ 

- دەکرێ شێوەیەکی دیکەی وشەی کاوە، دەتوانێ کافا بێ بە مانای کاسەی سەر، جۆمجۆمە یا کەللە سەر[٢٤]، بە ئاماژە بە هەوڵ یا هێزی پاراستن و پێشگرتن لە دەرهێنانی مێشکی لاوان کە دەرخواردی ئەژدیها دەدرا و کاوە پێشی پێ گرت و کۆتایی پێ هێنا.

- کاو بە مانای ئەشکەوت و قەڵشتە بەرد کە مەبەست هێزی بەندکردنی ئەژدەهاک لە ناو ئەشکەوتەکە لە کۆتایی چیرۆکەکەیە[٢٤]. 

- کاوە هەروەها دەکرێ لە وشەی کەوڵ هەڵێنجرابێ بە ئاماژە بەو کەوڵە چەرمینەی کە دوا جار کردی بە ئاڵا و خەڵکی پێ وەدوای خۆی دا.

 کۆی ئەم واتایانە و زیاتریش دەکرێ لە مەبەستی هەڵبژاردنی ناوی کاوەدا دەوریان هەبێ. چونکە ئەمە تایبەتمەندیی زۆربەی ئۆستوورە کوردی - میترایی‌یەکانە کە ناوی هەڵبژێردراو بۆ قارەمانان بە تایبەت قارەمانی سەرەکیی چیرۆکەکان هەڵگری چەندان واتای پێوەندیدار بە ئەرکەکەیانە و وەک ڕاز و مەتەڵێک لە چیڕۆکەکاندا حەشار دراون. هەڵبژاردنی ناوی کاوە و تەنانەت زەحاک و فەرەیدوونیش لەوە بەدەر نییە چونکە ئەو دینە دینی بە ڕەمز و سەنتەیە و پاراستنی ڕاز و نهێنییەکان ئەرکێکی ئایینی بووە. هەر بۆیە وێچووتربوونی هیچکام لەو واتا و مەبەستانە بە مانای رەدکردنەوەی بێ ئەملاوئەولای ئەوانی دی نییە.

یەک لە مەبەستەکانی هەڵبژاردنی ناوی کاوە وەک قارەمانی سەرەکیی ئەم ئۆستوورەیە، وشەی کەوەیە. ئەمە دەکرێ سەرەکیترین مەبەست بێ. ناوی کاوە لە پەهلەویدا بە "کاوغ"[٢٥] تۆمار کراوە  و ئەویش هەمان رەنگی "کەوگ"ە کە رەنگی شینە و لە بەرامبەر رەنگی رەش و دەسەڵاتی تاریکیی زەحاکدا، ڕەنگی سەرەتای ڕەوینەوە و کاڵبوونەوەیە. رەنگی گومبەزی مەزارگەی داوو لە داڵەهوو شینی ئاسمانییە. رەنگێک کە پیرۆزایەتیەکەی لە میترائیسمەوە بۆ ئایینی ئیسلام و بۆ رەنگکردنی دیوار و گومبەزی مزگەوتەکانیش گواستراوەتەوە. نیزامیی گەنجەوی سەبارەت بە پیرۆزیی ئەو رەنگە لە حەوت پەیکەردا دەڵێ: 

         هر کە همرنگ آسمان گردد           آفتابش بە قرص خوان گردد[٢٦]
واتە هەرکەس هاوڕەنگی ئاسمان بێ، هەتاو بۆی دەبێ بە نانی سەر خوان. 

پیرۆزیی رەنگی شین، رەنگ و وشەی پیرۆزە و پیرۆزەیی داهێناوە کە خۆی جۆرێکی دیکە لە هەمان رەنگی ئاوی و ئاسمانییە. حاجی فیرووزی ئێرانیەکان ئاماژە بە هەمان کەسایەتیی خودای بایە و خۆ رەشکردنەکەی، ئاماژە بە مانگی رەشەمەیە. 

وشەی کەوە نەک هەر لە رەنگی گومبەزەکەی بەڵکو لە ناسناوی "داوو کەوسوار"یشدا هەیە. هەر بەو جۆرە کە یارسانیەکان ئەو بە تەنی داوو دەزانن. چونکە داوودیش خودای بایە. کەوسوار بە سواری ئەسپی کەوە 

یا ئەسپی شینکی واتا کراوەتەوە بەڵام گومان دەکرێ لە بنەڕەتدا "کەو سەر" بێ. بە واتای سەر یا مووی کەوگ. لە هەمان رەنگی گومبەزی سەر گڵکۆکەی. کەوەسێر رەنگی ئەو پەزەیە کە سەر و روخساری سپیی ئاماڵ شینە. کەوە بە گشتی رەنگی مووی سەری ماش و برینجی‌یە. ئاماژە بە پێگەیشتوویی فیکری و ئایینیی ئەو کەسەیە. کەوگ یا شین رەنگی بەربەیانیشە. هەروەها رەنگی ئەو گوڵەی کە لە کۆتایی زستان و سەرەتای بەهاردا لە ژێر بەفر سەردەردەکا. گوڵی ئاڵەکۆک کە ناوەکەشی لە گوڵی ڕەنگ کەوگ وەرگرتووە، لە کاتێکدا کە هێشتا بەفر نەچۆتەوە، ئەم سەر لەژێر خاک دەردێنێ. لە فەرهەنگی کورددا گوڵی ئاڵەکۆک نیشانەی کۆتایی زستانە و چیرۆکەکەی، چیرۆکی توانەوەی بەفر و کۆتایی وەرزی سەرمایە. ئەو گوڵە لە کۆتایی زستاندا هەمان دەوری هەیە کە رەنگی کەوگ لە بەرەبەیاندا هەیەتی. ئەم پەیامی کۆتایی زستان دێنێ و ئەو خەبەری رەوینی شەو. چیرۆکی ئاڵەکۆک لە هەمان تێم کەلکی وەرگرتووە کە ئۆستوورەی کاوە و زەحاکی لەسەر دارێژراوە. ئاڵەکۆک هەوڵ دەدا رۆڵی لێک گرێدانی دژبەرەکان بگێڕێ. لە لایەک موژدەی بەهار و کۆتایی زستانی پێیە و لە لایەکی دیکە شینی براگەورە و براچکۆڵە (چلەی گەورە و چلەی بچووک) دەکا و بەڵێن بە بەفر دەدا شووی پێ بکا. دوای ئاڵەکۆک، گوڵەگەزیزە سەر لە خاک دەردێنێ کە ئەویش رەنگی پەڕەی گوڵەکانی شینی ئاسمانی یا کەوگە.

رەنگی کەوگ، پیرۆزەیی یا شین و پێوەندیی ئەو رەنگە بە خودای بای چەرخێنەری دنیا، هۆکارێکی پەرەگرتنی دیاردەی خاڵکوتان لە نێو کوردانە. هەروەها دەلیلی پیرۆزیی خاڵ بە سەر جەستەی مرۆڤەوە کە رەنگدانەوەی زۆری لە فۆلکلۆر دا هەیە: 

   خاڵێک لە سەر لێویەتی، دەڵێی پیرۆزەی شینە
   
هەر کەس ئەو خاڵە ماچ کا، نیوەی تەحیات و دینە
هەروەها لای شاعیرانی کلاسیکیش ئەم خاڵی شینە رەنگدانەوەی هەبووە. نالی دەڵێ:
   
عاشقی سونعی حەقم، قوربانی ڕەنگی قودرەتم
   ‌
چاوی ماوی، خاڵی شین، کوڵمی سپی، زوڵفی سیا
 هۆکاری هەڵبژێرانی رەنگی ئابی و ئاسمانی یا کەوگ و پیرۆزەیی بۆ خودای با ئەوەیە کە ئەم خودایە لەگەڵ سەرجەم خوداکانی خێر و شەڕ لە پێوەندی و دۆستایەتی دایە. خودای با لە راستیدا کۆکەرەوەی دژەکانە. ئەمە لە خدە و تایبەتمەندیی خۆیشیدا هەیە. لە هەموو پەسنە چاک و خراپەکان پشکێکی پێ بڕاوە. بەدیهێنەر و خوڵقێنەرە کەچی خودای مەرگیشە، بەهار و باران هێنە کەچی پاشای پاییزی روو لە کۆتاییشە، شنە و شەماڵە و، رەشەبا و تۆفانیشە. هۆی هەڵبژاردنی رەنگی کەوگیش بۆ ئەو نالێکیانە دەگەڕێتەوە. رەنگی کەوە یا کەوگ، لە نێوان رەش و سپی یا لە نێوان تاریکی و رووناکیدا، رەنگی بوولێڵی بەرەبەیانە. ئەو کاتەی نە شەوە و نە رۆژ. نە رەنگی رەشی ئیندرایە و نە رەنگی سپیی میترا و نە سەوزی واروونا بەڵام لە هەموانیشی تێدایە. هەر ئەمەش نهێنیی بێدەنگیی کاوە لە حاند کوژرانی چەندان کوڕێتی تا ئەو کاتەی دەگاتە بینەقاقای و  لەسەر دوا کوڕی ناچار بە بەرپاکردنی شۆڕشێک دەبێ. کەچی دەبینین دوای دەستبەسەرکردنیش زەحاک ناکوژێ و بە ئەشکەوتی دەسپێرێ. کاوە، وەک ئەرکی خۆی کە هەڵسووڕێنەری کاروباری سەر هەردە، ناچار بوو زەحاک لابەرێ، چونکە زوڵم و ستەمەکەی لە رادە بەدەر بوو. بەڵام ئەگەر کوشتبای، لە پێناسە و ئەرکی خۆی کە ئاڵقەی پێوەندیی نێوان هەموو خوداکانی خێر و شەڕە، دەردەچوو. هەڵوێستی هاوشێوە و پابەندبوون بەو پێوەندییە دۆستانەیە، لەلایەن زەحاکیشەوە سەبارەت بە کاوە هەیە؛ لەسەر داوای کاوە، کوڕەکەی ئازاد دەکا و پێویستی بە شاهیدیی ئەو هەیە هەتا ئاستی دادگەری و عەداڵەتی لە بەڕێوەبردنی دەسەڵاتدا بۆ بسەلمێنێ کەچی کاوە نەک ئەوە ناکا، تەنانەت تۆمارەکەش دەدڕێنێ و پێی ڕێدەخا. بەو حاڵەش، زەحاک ئازاری نادا و بە ئازادی لە کۆشکی میری وەدەردەکەوێ:

     بر آن محضر اژدها ناگزیر                          گواهی نوشتند برنا و پیر

     هم آنگه یکایک ز درگاه شاه                     برآمد خروشیدن دادخواه

     ستم دیده را پیش او خواندند                    بر نامدارانش بنشاندند

     بدو گفت مهتر بروی دژم                          که بر گوی تا از که دیدی ستم

     خروشید و زد دست بر سر ز شاه               که شاها منم کاوهٔ دادخواه

     یکی بی‌زیان مرد آهنگرم                          ز شاه آتش آید همی بر سرم

     تو شاهی و گر اژدها پیکری                      بباید بدین داستان داوری

     که گر هفت کشور به شاهی تراست           چرا رنج و سختی همه بهر ماست

     سپهبد به گفتار او بنگرید                          شگفت آمدش کان سخن‌ها شنید

     بدو باز دادند فرزند او                               به خوبی بجستند پیوند او

     بفرمود پس کاوه را پادشاە                        که باشد بران محضر اندر گواە

     چو بر خواند کاوه همه محضرش                  سبک سوی پیران آن کشورش

     خروشید کای پای مردان دیو                      بریده دل از ترس گیهان خدیو

     همه سوی دوزخ نهادید روی                      سپر دید دلها به گفتار اوی

     نباشم بدین محضر اندر گوا                        نه هرگز براندیشم از پادشا

     خروشید و برجست لرزان ز جای                  بدرید و بسپرد محضر به پای

     گرانمایه فرزند او پیش اوی                         ز ایوان برون شد خروشان به کوی

بە کورتی واتە؛ پیر و جحێڵ ناچار بوون ئەو تۆمارەیان ئیمزا کرد کە لەو کاتە دا نەڕە و هاواری کەسێک گەیشتە گوێ. کابرایان هێنایە بەردەم شا و لێیان پرسی بۆ وا دەکەی، کێ زوڵمی لێ کردووی؟ بەسەر شادا گوڕاندی و گوتی من کاوەی دادخوازم، کابرایەکی ئاسنگەری بێ ئازارم، بەڵام لەدەست شا وەزاڵە هاتووم. تۆ شایەکی وەک هەژدیها بە هێز و ئازای و دەبی دادوەر بی، شای حەوت وڵاتانی بەڵام رەنج و زەحمەتت هەر بۆ ئێمەیە. فەرماندە (زەحاک) بە سەرنج و سەرسوڕمانەوە گوێی لە قسەکانی گرت، کوڕەکەیان رادەست کردەوە و پاشا داوای لێ کرد تۆمارەکەی بۆ ئیمزا بکا. کاوە هەموو نامەکەی خوێندەوە و بە تووڕەییەوە لۆمەی ئەو پیرانەی کرد کە تۆمارەکەیان ئیمزا کردبوو. وتی ئێوە بەو کارەتان، جێتان دۆزەخە و من هەرگیز شتی وا بۆ ئەم شایە ئیمزا ناکەم. هەستا تۆمارەکەی دڕاند و پێی رێخست. دەستی کوڕەکەی گرت و لە کۆشکی پاشا وەدەرکەوت.  

کاوە کە تەنی خودای بایە، خودای ڕاستی و ڕاستوێژییە و لەگەڵ درۆ ناتەبایە. هەر بۆیەش ئامادە نییە شاهیدیی بە درۆ بۆ زەحاک بدا. ئەو تایبەتمەندییەی لەو شێعرەی "سەرەنجام"دا بە ڕوونی ڕەنگی داوەتەوە: 

یاری چوارچێوەن، باوەڕیش وە جا

ڕاستی و پاکی، نیستی و ڕەدا [٢٧]

بە پێی پلەبەندییەکانی ئایینی میترایی، خودای با لە پلەی یەکەمدایە کە لە شێعرەکەدا ڕاستی وەبەر ئەو دەکەوێ، ژن-خودای ئاو لە پلەی دووهەمدا سەرچاوەی پاکی‌یە، خاک، هێمای خاکەڕایی و نیستییە و هاتنە ڕەدا و ڕازیکردنی گەل، ئەرکی خودای ئاگر وەک خودای فەرمانڕەوا و دەسەڵاتداران لە پلەی چوارەمدایە. 

 توانایی کاوە لە خوێندنەوەی تۆمارەکەی زەحاک، سەرەڕای ئەو هەوڵەی کە شانامە بۆ کەمکردنەوەی پلەی کۆمەڵایەتی و کەمڕەنگکردنەوەی رۆڵی ئەو لە لابردنی زەحاکدا داویەتی، ئاماژەیەکی دیکەیە بە خێوی با لە ئایینی میتراییدا کە هاوکات خودای خوێندەواران و مەلا و فەقێیانە. بەڵام لەوە گرینگتر، ئامانجی تۆمارەکە و گرینگیی گەواهیدانی کاوە لە سەر چۆنیەتی میرایەتیی زەحاکە. پاشا دەستی لە زوڵم و ستەم نەپاراستووە کەچی داوا دەکا ئۆباڵ بۆ عەداڵەت و دادگەریی حکومەتەکەی بکێشن. حاکمی حەوت دەوڵەتانە، کەچی لەسەر واژۆی پیاوماقووڵان پەکی کەوتووە، تۆماری عەداڵەت بە خەڵک پڕ دەکاتەوە و هیچ روون نییە ئەوەی بۆ کێ و بۆ کوێی دەوێ! لەوەش سەیرتر، مەزن و گەورەی شار ئیمزایان بۆ کردووە کەچی لەسەر ئیمزای ئاسنگەرێکی فەقیر پەکی کەوتووە! وڵامی ئەو پرسیارانە لە ناسینی کەسایەتیی راستەقینەی کاوە وەک خودای بادا خۆ دەنوێنێ و بە گەڕانەوە بۆ ئایینی یارسان و کەسایەتیی داوو کەوسوار، ئەم راستیەمان بۆ دەردەکەوێ.

ئەوەی زەحاک لە کاوەی دەوێ، شاهیدی و گەواهیدانە. گەواە، گەوا یا گەڤا شێوەکانی ئەو وشەیەن و جگە لەو واتایانەی کە پێشتر باس کران، ناوی کاوە لەم ئۆستوورەیەدا واتای گەواهیشی لێ بار کراوە. لە ئایینی یارساندا باوەڕی سەرسپاردن یەک لە بناخەکانی ئایینەکەیە. هەر باوەڕمەندێک سەر بە دەلیلێک دەسپێرێ. دەلیل، رێنوێن و سەرپەرەستی[٣١]  سەرسپاردەیە. وشەی دەلیل خۆی بە واتای شاهید و گەواهە. ئەوەش ئەرکی دەلیل زیاتر نیشان دەدا. لە باری ئایینی‌یەوە دەلیل دەبێ هەم رێنوێن بێ و هەمیش دواجار وڵامدەر. ئەگەر توانی سەرسپاردە بۆ رێگای درووست رێنوێنی بکا، ئەوە شاهیدیی بە حەقی بۆ دەدا بەڵام ئەگەر پێچەوانەکەی دەرچوو، ئەوە گەواهیی بە درۆ یەک لە گوناهە گەورەکانە. بەو پێناسەوە، داوو دەلیلی گشت پێڕەوانی ئایینی یارییە. هەمان ئەرک لە تەن و جەستەیەکی دیکەدا لەسەر شانی کاوەیە یان مەبەست لە کاوە، هەمان داوو کەوسوارە. ئەمەش نهێنیی داوای زەحاکی خودای شەڕ لە کاوەی خودای با و هۆی پێویستیی ئەو بە گەواهیدانی کاوەیە تا بۆی بسەلمێنێ کە میرێکی دادگەرە. بەڵام کاوە نەک شاهیدیی بە درۆ نادا، لۆمەی ئەوانەش دەکا کە گەواهیی بە درۆیان داوە و لە سزای ئاسمانی وشیاریان دەکاتەوە. تا ئاستێک کە بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکی ئایینی و ئیخلاقیی خۆی، تۆمارەکەش دەدڕێنێ. ئەمەش پەیامی ئیخلاقیی چیرۆکەکەیە و یەک لە مەبەستەکانی هەڵبژاردنی ناوی کاوە لە ئۆستوورەی کاوە و زەحاکدا، نەدانی شاهیدی و گەواهی بە درۆیە؛ کاوە = گەواه - گەوا – گاڤا.     
رەنگی کەوە یان گەواه تەنیا ئاڵقەی پێوەندیی نێوان کاوە و خێوی با لەگەڵ ئایینی میترایی نین. کاوە، ئاسنگەرە و لە پیشەی ئاسنگەریدا لانیکەم سێ لە ماکە (عۆنسۆر) سەرەکییەکانی خوڵقان بوونیان هەیە. دەماندن؛ با، تاواندن؛ ئاگر، ئاسن وەک کانزای خێوی خاک. هەر سێ لەو پیشەیەدا کۆبوونەتەوە. لەسەر یەک پیشەی ئاسنگەری بەرهەمی هاوکاریی لانیکەم سێ لە چوار ماکی سەرەکیی میترایی‌یە. بەڵام کاری سەرەکیی ئاسنگەر سازکردنی کەرەسە لە ئاسنە. ئەوەش ئاماژە بە خودای با و رۆڵی ئەو لە سازکردن، مراندن و سەرلەنوێ بەرهەم هێنانەوە و چۆنیەتیی بەرهەم هێنانەوەی مرۆڤە. بەو پێیە، بە پێچەوانەی هەوڵی فیردەوسی بۆ دابڕاندنی پلەی کۆمەڵایەتیی فەرەیدوون لە کاوە، کاوە یا داوو وەک خێوی با لە ئایینی میتراییدا، باوکە و فەرەیدوون کوڕی ئەوە. داوو هەمان کەسایەتییە کە لە ئایینە ئیبراهیمیەکاندا ناوی ئادەمە. وشەی داوو یا داوود دەچێتەوە سەر ئادا، ئاداد یا هاداد کە لە ئایینی خاڵەدیی تۆمارکراو لە سەر ناوی ئۆرارتۆییدا، خودای با و تۆفانە. هەمان وشە لە کوردیدا هەدای بە مانای ئۆقرەگرتن و ئارامبوونەوەیە بە ئاماژە بە هێزی وەستاندنی با و تۆفان کە لە عەرەبیدا حەدادی بە واتای ئاسنگەری لێ کەوتۆتەوە. 
بە سوانی ئە یا ئا لە سەرەتای وشە و گۆڕانی پیتی دالی کۆتایی بە "واو" کە لە زمانی کوردیدا گۆڕانێکی باوە، (ئا)داوو ماوەتەوە. پیتی و لە کۆتایی ئاداو دا بووە بە "م" و "ئادام" چێ بووە. ئادام لە سەر زاران خۆش کراوە و بووە بە ئادەم. هەروا کە ناوی "حەوا"ی هاوسەری ئادەمیش دەچێتەوە سەر وشەی ئاو، ئاڤ، ئاوە و ئاڤە. لە میترائیسمدا مرۆڤایەتی بەرهەمی ئاوێتەبوونی با و ئاو یا هاوسەرینیی خێوەکانی با و ئاوە. کۆمەڵێک وشە لە ئەنجامی ئەو باوەڕەدا چێ بوون. وەک ئاوایی کە حاسڵی ئاوێتەبوونی ئاو و بایە.  ئەوە کە لە ئایینی یارساندا داوو دەلیل و سەرپەرەستی هەموو ئۆمەتەکەیەتی، لەو بۆچوونەوە سەرچاوەی گرتووە هەرچەند مەبەست لە دەلیل، باوکی مەعنەوی و رۆحی‌یە. چونکە کاوە باوکی هەموانە و هەرچی کوژراو و مێشک خوراوە، رۆڵەی کاوە بوون. بە گشتی ئەو خزمایەتی و پێوەندییە خێزانی‌یەی کە لەنێوان کاراکتەرەکانی ئۆستوورە میتراییەکاندا هەیە لە چیرۆکی کاوە و زەحاکی شانامەدا لێکهەڵوەشاوە. ئەوەش دووهەمین گۆڕانی سیاسیی ناوەرۆکی چیرۆکەکەیە. هەرچەند ناکرێ شانامە بە سەرچاوەی ئەم گۆڕانە بزانین و گۆڕانەکە لە راستای ئایینی زەردەشتی و بە پێی خواستی دەربار و دەسەڵاتی شاکانە. 

لە ئایینی میترائیسمدا شا و دەسەڵاتداران پێڕەوی خودای ئاگرن. گەرچی خودایان جیاوازە بەڵام ئەوە بۆ ئەوان خۆش نەبووە کە لەگەڵ خەڵکی ئاسایی و ڕەشایی، دینی وەک یەکیان هەبێ. لەوەش گرینگتر، لە میترائیسمدا کەسێک دەتوانێ بە هێزی بازوو، بە هونەر یان بە ئیمان و باوەڕ پلەی کۆمەڵایەتی، ئایینی یان سیاسی خۆی بەرز بکاتەوە. بۆ وێنە کوڕە جووتیارێکیش دەتوانێ لە رێی پاراستنی دیندا پاڵەوانەتیی بنوێنێ و بگاتە ئاستێک کە دەستەکانی بە هەنگوین بشۆن و بچێتە ڕیزی پاڵەوانانی پێڕەوی خودای ئاگرەوە. ئەوە سەرەڕای ئۆستوورەی خوڵقانی میترایی کە هەموان بە کوڕی خوداکانی ئاو و با دەزانێ. بەڵام شا و دەسەڵات ئەو سەییال‌بوونەی چینەکانی خوارتریان بە هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر دەسەڵات و بەڕێوەبەرییەکەیان زانیوە. لەم پێناوەشدا دەستیان لە دینەکە وەردا. ئاورا مەزدا یان ئاوری پلە و پایەدەر لە پلەی چوارەمی میترایی‌یان بۆ سەرترین خودا هەڵکێشا. ئیندرا کە نیزیکترین خودا لە پلەی ئاگرە، کاریان پێی نەما و لە گوێن دینە ئیبراهیمی‌یەکان کردیان بە شەیتان و وەدەریان نا. لە دینە نوێیەکەدا کۆتاییان بە پێوەندیی خێزانی لە نێوان خوداکان و بەو پێیەش ئۆستوورەی خیلقەتی میترایی هێنا و باوەڕی مەشی و مەشیانە یان مرۆڤی خوڵقاوی دەستی ئاسمانیان برەو پێ دا. بەڵام بەو حاڵەش بە هۆی خۆشەویستی و نفووزی کۆمەڵێک لە خوداکانی میترایی بە تایبەت میترا و ئاناهیتا لەنێو خەڵکدا، نەیانتوانی بە یەکجاری پشتیان تێبکەن و ناچار بوون دواتر لە دینە تازەکەدا جێیان بۆ بکەنەوە. خودای با لەو خودایانەیە کە هەرچەند لە یەشتەکانی ئاڤێستادا لەپاڵ میترا ناوی هاتووە بەڵام بە گشتی گرینگی زۆری پێ نەدراوە.[٢٨] هۆکارە سەرەکیەکەش ئەوەیە کە ئەم خودایە لە میترائیسمدا لەلایەک هەڵسووڕێنەری جیهانە و بەوەش دەست لە کاروباری شا وەردەدا و لەلایەکی دیکەش بەردەوام لە تەنی کەسی ئاساییدا دەردەکەوێ کەچی باوکی واروونا و لەم چیرۆکەدا فەرەیدوونە کە شاکان خۆیان بە وەچەی ئەو دەزانن. ئەوە بۆ شا شکانی شکۆ بوو کە کوڕی کابرایەکی وەک کاوەی ئاسنگەر یان باڵووڵ یا مەلای مەزبوورە ببێ بە پاشا. شانامە دەیهەوێ بڵێ فەرەیدوون هەڵگری توخمی پاشایەتییە بۆیە کاری گەورەی لەدەست دێ و هەر لەبەر ئەوەش شیاوی لەسەرنانی تاج و دانیشتن لەسەر تەختی پاشایەتییە. تاج و تەختێک کە بە هیچ جۆر بۆ کوڕی کابرایەکی ئاسنگەری هەژار دەست نادا و هەر نابێ بیری لێ بکاتەوە. دەربار بەردەوام هەوڵی داوە جیاوازییە چینایەتیەکان پارێزراو بن و هەر چینەی لەقەدەر بەڕەی خۆی پێ رابکێشێ. دانیشتنی کوڕە هەژارێک لە سەر تەختی پاشایەتی، لە ئۆستوورە و چیرۆکیشدا بۆ پاشا بەزاندنی هێڵی سوورە. فیردەوسی لە درێژەی چیرۆکی کاوەدا بە ئاشکرا ئەو نیگەرانییەی دەربڕیوە و بە زمان فەرەیدوونەوە نووسیویەتی:
     سپاهی نباید که به پیشه‌ور                    به یک روی جویند هر دو هنر
     یکی کارورز و یکی گرزدار                     سزاوار هر کس پدیدست کار
     چو این کار آن جوید آن کار این              پرآشوب گردد سراسر زمین

واتە: ئەوەی لە سپادایە و ئەوەی پیشەکارە نابێ بۆ یەک ئامانج تێبکۆشن، یەکێ کار دەکا و ئەوی دی گورزی پێیە و هەر کارەی بۆ کەسێک ساز کراوە، ئەگەر یەکێ بە دوای وەرگرتنی کاری ئەویدیدا بێ دنیا پڕ دەبێ لە ئاژاوە. 

ئەم نیگەرانییەی شانامە رەگی لە باوەڕی پشت ئۆستوورەی کاوەی ئاسنگەردایە. لە باوەڕی ئایینی میتراییدا. ئایینێک کە لە ئاسمان باوەڕی بە فرەئیزەدی هەیە و لەسەر هەرد بە فرەشایی و بەڕێوەبەریی شاهانشاهی. بەڕێوەبەرییەک کە تێیدا دەسەڵات دابەش دەکرێ. بەرزترین پلەی ئایینی کە میترایە، تەنیا رۆڵی چاوەدێری هەیە و خۆ لە کاروباری سەر هەرد وەرنادا. تەرازووی هەڵسەنگاندنی ئاکاری ئیزەدەکانی بە دەستە بەڵام کاروبار و بەڕێوەبەری بە دەست ئیزەدەکانی خوارەوەیە و لە سەرووی هەمووشیان خودای با هەڵسووڕێنەری ئەم جیهانەیە. بە ئیلهام لەو باوەڕە، چینەکانی کۆمەڵگاش سەقامگیر نین. ئەگەرچی رێگایەکی سەخت و ئاستەم و بڕینی حەوت خان لە پێشە بەڵام دیسان ڕێگایە هەیە کە بە هەوڵ و کۆشش پلەی ئایینی یان کۆمەڵایەتیی خۆی بەرز بکاتەوە. لێ لە باوەڕی شانامەدا، لە ئاسمان هەموو شتێک بە دەست ئاهورامەزدایە و لەسەر هەرد بە دەست شا. لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئەو دوانە، هەرچی لە ئاسمان بکرێ، کار و کردەوەی ئەهریمەنە و هەرچی لەسەر هەرد بکرێ دەسکیسی بێگانە و عەرەب و توورانە. هەر بۆیەش بوونی باوەڕە میتراییەکە و بوونی ئۆستوورەیەکی وا کە ئاسنگەرێک شایەک لادەبا و کوڕی خۆی لەجێ دادەنێ، بۆ شا و بۆ دەربار دوو جار جێی نیگەرانییە. ئەوەش هۆکار بووە کە شانامە و شاکان بۆ ڕەواندنەوەی ئەو نیگەرانییە دەست لە چیرۆک و ئۆستوورەی بە ناوبانگی کاوەی ئاسنگەر وەردەن. مێژووش دەڵێ نیگەرانییەکەیان لەخۆڕا نەبووە. چونکە پێشتر، باوەڕە میتراییەکە بە کردەوە کێشەی گەورەی بۆ خوڵقاندوون. دوای مەرگی کەمبۆجیەی کوڕی کۆرش، رێبەرانی ئایینیی هەرێمی ماد دەسەڵاتی ناوچەکەی خۆیان بە دەستەوە گرتەوە، مڵک و ماڵە دەست بەسەرداگیراوەکانی خۆیان ئەستاندەوە، ئەو پەرەستگانەیان رووخاند کە دەسەڵات لەو ناوچەیە دایمەزراندبوون و ئەو کاربەدەستانەشیان وەدەرنان کە شا بۆی دانابوون. کەسی هەڵبژاردە و جێ متمانەی خۆیان لە جێ دانان و نەزمی دەرباریان لەسەر خۆیان هەڵوەشاندوە. داریوش زۆر بە زەحمەت توانی سەرهەڵدانەکە سەرکوت بکا و دەستنیشاندەکانی خۆی سەرلەنوێ دابنێتەوە. بەو سەرکەوتنە ئەوەندە دڵخۆش بوو کە لە بەردەنووسەکەی بێستووندا نووسێ:

"داریوش شا دەڵێ؛ ئەو شایەی کە ئێمە داماننا و ئەوان لایانبرد، لە جێی خۆی داماننایەوە. ئەمن ئەوم لە جێی خۆی دانایەوە. بەو جۆرەی پێشتر هەبوو، ئەمن وام کرد. ئەو پەرستگایانەی کە گیوماتی مەغ وێرانی کردبوو، نۆژەنم کردنەوە. ئەو لەوەڕگە و مێگەل و کۆیلە و ماڵانەی کە گیومات ئەستاندبووی، گەڕاندمنەوە. ئەمن خەڵکم لە جێی خۆیان سەقامگیر کرد، هەم پارس و هەم ماد و هەم وڵاتەکانی دیکە. ئەمن هەوڵم دا بنەماڵەکەمان لە جێی خۆیان سەقامگیر بکەم بەو جۆرەی کە پێشتر هەبوو و وام کرد کە بە خواستی ئەهوورا مەزدا گیوماتی مەغ نەتوانێ بنەماڵەکەمان داگیر بکا."[٢٩] 

بەم جۆرە دەبینین کە کێشەی نێوان وڵاتی میدیا و دەرباری پارس زیاتر لەوە کە شەڕی نێوان دەسەڵات و دەسەڵاتخواز بێ، کێشەی نێوان دوو ئایین، دوو دنیابینی و دوو سیستمی کۆمەڵایەتیی جیاوازە. ئایین و دنیابینیی زاڵ بەسەر دەرباردا رێگا بە دەسەڵاتدار دەدا کە هەموو هێز لەدەست خۆیدا کۆ بکاتەوە و شەڕی ئەویدی پێ بکا بەڵام لای بەرامبەرەکەی دەسەڵات دابەش دەکرێ و بەوەش هەم لاوازتر دەردەکەون و هەم ئاسانتر دزەیان دەنێودا دەکرێ.  

پێشتر ئاماژەی پێ کرا، لەم ئۆستوورەیەدا زەحاک یا ئەژدەهاک هەمان ئیندرای خودای شەڕ و خراپەیە. ئیندرا هەروەها خودای عەقڵ و فێڵە کە لە ئایینە ئیبراهیمی‌یەکاندا کرا بە شەیتان و لە دین دەرکرا. بابەتی خواردنی مێشکی لاوان ئاماژە بە ئەستاندنی عەقڵ و ئەستاندنی هێزی بیرکردنەوە لە خەڵکە. خەڵکێک کە بێ فکرانە تۆماری بۆ ئیمزا دەکەن و گەواهیی دادگەربوونی بۆ دەدەن. میترائیسم بە گشتی دژی سەربەردانەوە و لاگری عەقڵ و بیرکردنەوەیە. هەر ئەوەش هۆکاری ئەو هەموو رەمز و رازەیە کە لە ئۆستوورە و بابەتەکانی پێوەندیدار بەو ئایینەدا خزێندراون. وەک مەتەڵ بۆ ئەوەی گوێگر بیری لێ بکاتەوە و هەڵیبێنێ. ئەم بۆچوونە دواتر لە هۆکاری سەرپێچیی شەیتان لە فەرمانی خوا بۆ فریشتەکان سەبارەت بە سوژدە بردن بۆ ئادەمیشدا خۆی نواند:
ئیسلام کە لە وشەی تەسلیم بەو مانایە کە هەرچی خوا وتی دەبێ بیکەی، هاتووە، پێی وایە؛ شەیتان نافەرمانی کرد و خودا بە نەعلەتی کرد. عارفان کە هەموو شت بە خۆشەویستیی خوداوە گرێ دەدەن، دەڵێن شەیتان وتی تەنیا خودا شیاوی سوژدە بردنە، بەوەش خودا ئازیزتری کرد. بەڵام بۆچوونە میتراییەکە کە ئاسەواری لە ئێزدایەتیدا ماوە، دەڵێ؛ شەیتان عەقڵی دەکار کرد و وتی؛ ئەو لە خاکە و من لە ئاگر، ئاگر نابێ سوژدە بۆ خاک ببا. بەوەش بە سەرکەوتوویی لەو ئەزموونە هاتە دەر.  

بەڵام ئیندرا عەقڵی تەواو نییە. خەڵک دەبێ خۆیان بیر بکەنەوە و بە قسەی نەکەن. لەم ئۆستوورەیەشدا هێزێک و عەقڵێک هەیە کە تەسلیمی ئەژدەهاک نابێ و واژۆی بۆ ناکا. ئەویش خودای بایە کە خودای خوێندەوارانە و خودایەکی خاوەن عەقڵ و زانینە. قسە و ئاکارەکانی لە تەنی باڵووڵی دانا، هەیاسی خاس یا مەلای مەزبوورەدا بە روونی ئەو لایەنە دەردەخا. لە راستیدا ئەم شەڕە، شەڕی نێوان دوو خودایە کە هەردوویان خودای عەقڵن بەڵام یەکەمیان خودای عەقڵ بەلای فێڵ و لەنێوبردن دایە و دووهەمیان خودای عەقڵ بەلای نوێکردنەوە و پێشخستندا. بەو حاڵەش ئیندرا سەرەڕای ئەوە کە خودای شەڕە، نموونەی خواپەرەستی و خواخۆشەویستی‌یە. لە بەیتی شێخ مەندو شێخ ڕەشدا ئاشقە زیکرە و ناوی بەسەر رۆژی هەینیدا، کە رۆژی عیبادەت و خواپەرەستی‌یە، بەجێ ماوە. لە چیرۆکەکەشدا ناکوژرێ، دەسەڵاتی لێ دەستێندرێتەوە و بۆ ئەشکەوت دەگەڕێندرێتەوە. ئەشکەوت لە میترائیسمدا جێگای عیبادەت و پاڕانەوە لە خودایە. میتراش کە سەرەتا لە ئەشکەوتێکەوە دەرکەوت دوا جاریش هەر لە ئەشکەوتەوە گەڕایەوە بۆ ئاسمان. لەم ئۆستوورەیەشدا ئیندرا بۆ ئەشکەوت بردرا تا لە بەرامبەر میترا و خودادا وڵام بداتەوە و سزای خراپەکارییەکانی وەربگرێ.

بەڵام ئەژدەها تەنیا دوای کۆتایی دەسەڵاتەکەی و لە ناو ئەشکەوتدا سزا نادرێ. ئەو مارانەی کە پێش لە وادەی دەسەڵاتدارەتییەکەی لەسەر شانی رووابوون و ئازاریان دەدا، گەرچی لە چیرۆکەکەدا ترسهێنەرن و مێشکی لاوانیان دەرخوارد دەدرێ بەڵام تاوانبار نین. ئەوان لە راستیدا عەزاب و سزای ئاسمانین کە بەسەر زەحاکدا نازڵ بوون. مار لێرەدا زیاتر رۆڵی رزگاریدەری هەیە. هەروا کە لە ئۆستوورەی تۆفانی نووحیشدا هەمان رۆڵی هەبوو و کاتێ کەشتیەکەی نووح کون دەبێ، مار دە کونەکەدا چەمبەرە دەکا و کەشتیەکە لە نوقمبوون رزگار دەکا. لە ئۆستوورەی کاوەشدا ناردنیان یا رووانیان لە سەر شانی زەحاک، هەوڵێکە بۆ ئەوەی کۆتایی بە عەقڵیەتی زەحاکی بێنن. چونکە بەر لەو مارانەش، زەحاک حاکمێکی زاڵم بوو و تەنانەت باوکی خۆی کوشتبوو. دەرخوارددانی مێشکی لاوان بە مارەکان لەراستیدا پاتەکی زەحاکە لە بەرامبەر عەزابی مار و بۆ رزگارکردن و مانەوەی خۆی بە نرخی بە بڵاگێڕەوە کردنی لاوان. کاتێکیش مێشکی مەڕیان بۆ تێکەڵ بە مێشکی لاوێک دەکرێ و دەرخواردیان دەدرێ، چ ناڕەزایەتیان نییە بەڵام رەوتی شکان و داکشانی دەسەڵاتی زەحاک لەوێوە دەست پێ دەکا. چونکە لە بەرامبەر رزگاریی مێشکی لاوێک، لە هێزی عەقڵی زەحاک کەم دەبێتەوە. لە راستیدا رووانی مار لەسەر شانی زەحاک بەرهەمی زوڵم و زۆری ئەو لەسەر خەڵکە و هەڵگری پەیامی وریاکردنەوەی دەسەڵاتدار لە زوڵم و ستەمە. لە ئایینی یارساندا دەسەڵات و پلەی ئاگر وەک لە کەلامەکەی شێخ ئەمیردا هات، بە ناوی "رەدا" بۆ خزمەتی خەڵکە. لێ ترسهێنەریی مارەکان و دزەکردنی باوەڕی یەک خودایی بۆ ناو چیرۆکەکە هۆکار بووە تا دواتر مۆتیڤی رووانی مار لە جێ ماچی شەیتان پەیدا بێ و لەڕاستیدا ئەمە دواتر بە چیڕۆک و ئۆستوورەکەوە لکێندراوە. 

بە ئاڵاکردنی بەرهەڵبێنەی ئاسنگەری، ئاماژە بە پێستی گایە کە گا گیاندار و نوێنەی ڤەروونای خودای رۆح و رەوانی پاکە. فەرەیدوون نوێنەی ئەو رەوانە پاکەیە و دانیشتنی لەجێی زەحاک، دانیشتنی واروونا لەجێی ئیندرا، خێر لەجێی شەڕ و بەهار لەجێی زستانە. ڤەروونا هەروەها خودای کشتوکاڵە و گا نیشانەی هەرە ئاشکرای پیشەی کشتوکاڵی‌یە. بە کۆتایی زستان و هاتنی بەهار، گیا دەبووژێتەوە و سەرەتای وەرزی کشتوکاڵیش دەست پێ دەکا. پیشەی ئاسنگەری پێوەندیی چڕی لە گەڵ کشتوکاڵدا هەیە و لە سازکردنی گاسنی کێڵانەوە تا داسی دروونەوە، لە خزمەت کشتوکاڵدایە. سازکردنی داس لە شێوەی هیلالی مانگ، ئاماژە بە پێوەندیی نێوان ئاسنگەر لەگەڵ کشتوکاڵ و، کشتوکاڵ لەگەڵ مانگە کە مانگ نیشانەی سەرەکیی خودای کشتوکاڵە. 

فەرانەک دایکی فەرەیدوونە. ئەم ناوە رەنگە دەسکردی شانامە و هاوشێوەکانی بێ و لە ناوی فەرەیدوون وەرگیراوە. وەک لە مەم‌وزین یان شێخ مەندو شێخ ڕەش، گومان دەکرێ لەم چیرۆکەشدا هەر بە دایک ناوی هاتبێ. لە چیرۆکە راستەقینەکەدا فەرەیدوون کوڕی کاوەیە و فەرانەک هاوسەری کاوە. "دایک و باوک یازدە کوڕیان خورابوو، خودا کوڕێکی دیکەی پێدان و ناویان نا فەرەیدوون. دایک لە ترسی پیاوانی زەحاک، کوڕەکەی هەڵگرت و لە ئەشکەوتێکدا بە پیاوچاکێکی ئەسپارد کە ناوی ئابتین بوو. سەرەنجام پیاوانی شا پێیان زانی، ئابتینی پیریان کوشت و کوڕەکەیان برد تا مێشکی ئەویش دەرخواردی مارەکانی زەحاک بدەن. باوک کە ئەوەی زانی بە تووڕەییەوە چوو بۆ کۆشکی زەحاک و کوڕەکەی ئەستاندەوە و... باوک و کوڕ شۆڕشێکیان بەرپا کرد. سەرەنجام دەسەڵاتی زەحاک رووخا و فەرەیدوون لەسەر تەختی پاشایەتی دانیشت." بە پێچەوانەی پێوەندیی نێوان خێوی با لەگەڵ خودای شەڕ، پێوەندیی نێوان دایک وەک خێوی ئاو لە گەڵ ئیندرای خودای شەڕ بە گشتی دۆستانە نییە. لانیکەم لە دوو ئۆستوورەی "مەم و زین" و "شێخ مەند و شێخ رەش"دا دوا جار ئەوە دایکە کە تۆڵەی کوڕ لە خودای شەڕ دەستێنێتەوە. بێدەنگبوونی باوک لە حاند خورانی یازدە کوڕ و رزگارکردنی فەرەیدوون دوای خورانی ئەو یازدە کوڕە، بە پێی باوەڕی میترایی و بەیتەکانی دیکەش، دەبێ بە هەوڵ و پێداگریی دایک بێ.

ناوی باوکی زەحاک یا ئەژدەهاک لە شانامەدا بە مەرداس هاتووە. بەپێی قسەی شانامە، پیاوی چاک بووە. بەو پێیە دەکرێ مەرداس هەمان مەردئازا بێ بە مانای پیاوی ئازا کە چاکەی گەورەی لەدەست دێ. ئازا لە پاژی دووهەمدا هەروەها شێوەیەکی دیکەی وشەی ئاز یا ئازایە کە لە ئازیدەهاکیشدا هەیە. بەو مانایە دەکرێ واتای پیاوی تاریکی بێ وەک ئاماژە بە ژیان لە چاڵاو و بیردا کە شانامە دەڵێ؛ زەحاک باوکی خۆی دە چاڵاو هاویشت. 

جەمشید کە دەسەڵاتەکەی بە باشی بەڕێوە نەبرد و پاشایەتیی لێ ئەستێندرایەوە، بە درەوشاوە واتا کراوەتەوە. ناوەکە لە سەر بنەمای خورشید رۆنراوە و لە چیرۆکەکەشدا مەبەست هەمان خۆر یا هەتاوە. لە بنەڕەتیشدا کۆی ئۆستوورەکە لە سەر بنەمای چەرخی فەلەک و دایرەی بورجەکان ڕۆنراوە. فیردەوسی تاج لە سەرنانی جەمشید ئاوا باس دەکا:
     برآمد بر آن تخت فرخ پدر              بە رسم کیان بر سرش تاج زر
     کمر بست با فر شاهنشهی           جهان گشت سرتاسر او را رهی

واتە؛ باوک هاتە سەر ئەو تەختە مبارەکە و بە دابی ئاسمانیان تاجی زێڕینی لە سەر نا. پشتێندی فەڕ و هاتی شاهەنشایی بەست و دنیا هەموو بۆی هاتە رەدایە. هەتاو کە نمادی میترایە، لە شانامەش دا نمادی عەداڵەت و داوەرییە:
     زمانە برآسود از داوری                   بە فرمان او دیو و مرغ و پری
     جهان را فزودە بدو آبروی              فروزان شدە تخت شاهی بدوی

واتە؛ دنیا لە سایەی بەڕێوەبەریی ئەو دا حەسایەوە و دێو و باڵندە و پەری چوونە ژێر فەرمانی ئەو.  ئابڕوی بۆ دنیا زیاد کرد و تەختی پاشایەتی بە هۆی ئەو درەوشایەوە. 

خراپیی جەمشید لە کۆتایی دەسەڵاتەکەیدا، ئاماژە بە دۆخی خۆر لە بورجی کاووس (قەوس) لە مانگی ئازەرە کە بە واتایەک خۆر دەکەوێتە نزمترین ئاستەوە. ئەمە لە گەردوونناسیدا "حضیض" یا Perihelionی پێدەڵێن. هۆکارە گەردوونیەکەش ئەوەیە کە هێڵی گەڕانی گۆی زەوی بە دەوری هەتاودا تەواو خڕ نییە و هێلکەییە. بەو پێیە مەودای نێوان هەرد لە حاند خۆر سەقامگیر و بە یەک رادە نییە. لە شوێنێکدا هێڵی ئەم بازنە هێلکەییە لە خۆر نیزیکترە و لە شوێنێکیش دوورتر. نیزیکەکە شۆرشی زستانەی پێدەڵێن و دوورەکە شۆڕشی هاوینە. شۆرشی زستانە کەوتووەتە نێوەڕاست مانگی ئازەر یا سەرماوەزەوە. بەپێی وتەی ئەبوورەیحانی بێروونی، ئێرانیەکان لەو مانگەدا، جێژنی ئازەرەگانیان بەڕێوە دەبرد، ئاوری زۆریان دەکردەوە تا خۆر بە هێز بێ. ئەوان پێیان وا بوو خۆر دە قوڵکە کەوتووە و پێویستە بە هێزی ئاور رزگاری بکەن[٣٠]. بێ هێزیی جەمشید لە راستیدا هەمان کەم‌هێزیی میرزێندین لە چیرۆکی مەم و زینە. لە یەکەمیاندا زەحاک دەسەڵاتی لی دەستێنێ و لە دووهەمیاندا میر عەقڵی خۆی دەداتە دەست بەکری میرگەوەڕ. بەکر و زەحاک هەردوویان تەنی ئیندران کە ئەستێرەی رۆژێ نیشانەیەتی. ئیندرا حاکمی چلەی گەورەی زستانە و بەکر و زەحاکیش لەو دوو چیرۆکەدا هەمان رۆڵی ئەو دەگێڕن.  

فەرەیدوون کە خودای مانگە، لە ئۆستوورەی کورددا کوڕی خودای با و ژن-خودای ئاوە بەڵام لە شانامەدا کوڕی ئابتین و فەرانەکە. ئابتین هەمان بورجی دەلۆ یا ئاوڕێژە کە مانگی رێبەندان و بەهمەن یا دووهەم مانگی زستانە:
     فریدون که بودش پدر آبتین                     شده تنگ بر آبتین بر زمین
     گریزان و از خویشتن گشته سیر                 برآویخت ناگاه بر کام شیر

بێ رۆڵیی ئابتین نیشانەی ونبوونی ناوی ئەو بورجە لەژێر ناوی چلەیە کە چلەی گەورە هی ئیندرایە. کوژرانی ئابتین بە دەستی زەحاک ئاماژەیەکە بە زاڵبوونی چلە بەسەر بورجی دەلۆ و کۆتایی هاتنی بورجەکە سەرەڕای درێژەکێشانی چلە و زستان. 
لە دایکبوونی فەرەیدوون دەتوانێ ئاماژە بە جێژنی یەلدا یان سەدە بێ. لە گێڕانەوە کوردیەکەدا کە کوڕی جەمشێرشایە و دوای مەرگی ئەو لەدایک دەبێ، ئاماژە بە یەلدایە بەڵام لە گێڕانەوەکەی شانامەدا کە لە سەروبەندی کوژرانی باوکیدا لەدایک دەبێ یا کە باوکی دەکوژرێ ئەو تازە لەدایک بووە، ئاماژە بە جێژنی سەدە یا بێڵندانەیە کە دەکەوێتە دوای چلەی گەورە. هەڵبەت مەرج نییە حەتمەن باوەڕەکە وا بووبی کە خودای مانگ لەو رۆژەدا لەدایک بووە. چونکە میترائیسم باوەڕی بە تەناوتەنە (دۆنادوون) و فەرەیدوون کە تەنی هەڵگری ڤەروونا یا رەوانی پیرۆزە، لە هەر رۆژێکدا دەکرێ لەدایک بێتەوە. بەڵام بە ئانقەست رۆژێکی پیرۆز و رۆژی جێژنی بۆ دیاری کراوە:
     برآمد برین روزگار دراز                           کشید اژدهافش به تنگی فراز
     خجسته فریدون ز مادر بزاد                     جهان را یکی دیگر آمد نهاد
     ببالید برسان سرو سهی                       همی تافت زو فر شاهنشهی
     جهانجوی با فر جمشید بد                      به کردار تابنده خورشید بود

ئەرمایل و گەرمایل یا کەرمایل دوو لە قارەمانانی گێڕانەوەکەی شانامەن کە رۆڵی گرینگیان لە رزگارکردنی لاواندا هەیە. ئەوەش ئاماژە بە بورجی حووت یا دوماهی‌یە کە لە شێوەی دوو ماسیدا وێنا کراوە و دوایین بورجی ساڵ یا مانگی رەشەمەیە. هەر کام لە ئەرمایل و کەرمایل ئاماژە بە یەک لە دوو ماسییەکانی ئەو وێنەئەستێرەیەن. هەمان دوو ماسی کە لە بەیتی مەم و زیندا بە شێوەی دوو ماسیی نمادی مەم و زینی دوای مەرگن. رزگارکردنی لاوان بە دەست ئەرمایل و کەرمایل ئاماژە بەو بورجە و بە مانگی رەشەمەیە کە سەرمای زستان روو لە شکانە:  
     دو پاکیزه از گوهر پادشا                    دو مرد گرانمایه و پارسا
     یکی نام ارمایل پاکدین                      دگر نام گرمایل پیشبین

"کۆندرەو" ناوی وەزیری زەحاکە کە بەپێی قسەی شانامە، کارەکانی زەحاک بە باشی جێبەجێ ناکا. واتای ناوەکە یانی کەسێک کە خێرا نییە و بە سەبرایی دەڕوا یان لە کاردا ساوەساو دەکا. مەبەست چلەی بچووکە. لە دابەشکاریی ساڵدا هەردوو چلەی بچووکی هاوین و زستان هی خودای ئاگرن. بە هۆی ئەوە کە ئەم خودایە دواتر بوو بە خودای سەرەکیی زەردەشتی و دەرباری شاکانی ئێران، سەرەڕای ساردیی چلەی بچووکی زستان، وا دیارە شانامە هەوڵی داوە بە چاک نیشانی بدا. لە کاتێکدا فۆلکلۆری کورد دەڵێ؛ چلەی بچووک گوتویە ئەوەی لە سەرما و تۆف و بەند بە کاکم (ئیندرا یا چلەی گەورە) نەکرا ئەمن دەیکەم. کۆندرەو دوای سەرکەوتنی فەرەیدوون دەچێتە خزمەت دەرباری تازەوە: 
     چوکشور ز ضحاک بودی تهی                 یکی مایه ور بد بسان رهی
     که او داشتی گنج و تخت و سرای           شگفتی به دل سوزگی کدخدای
     ورا کندرو خواندندی بنام                      به کندی زدی پیش بیداد گام
     به کاخ اندر آمد دوان کند رو                 در ایوان یکی تاجور دید نو
     برو آفرین کرد کای شهریار                    همیشه بزی تا بود روزگار
     خجسته نشست تو با فرهی                   که هستی سزاوار شاهنشهی
     جهان هفت کشور ترا بنده باد               سرت برتر از ابر بارنده باد
     فریدونش فرمود تا رفت پیش                 بکرد آشکارا همه راز خویش
     بفرمود شاه دلاور بدوی                        که رو آلت تخت شاهی بجوی
     نبیذ آر و رامشگران را بخوان                  بپیمای جام و بیارای خوان

 خودای با هەڵسووڕینەری ئەم جیهانەیە. لاگری تازە کردنەوە و نوێبوونەوەیە. لاوان و تازە لاوان وەک بەهار و ساڵی نوێ لە سەرووی نوێبوونەوەکانن. کوژرانی لاوان لەلایەن پیاوانی زەحاک ئاماژەیەکە بۆ کۆنەپارێزی و بەرگری لە نوێبوونەوە. هەروەها بەڵگەیەکە بۆ درووستیی کاری خودای مەرگ سەبارەت بە رەوتی بەردەوامی مراندنی جەستەی کۆن و هێنانی وەچەی نوێ. هەمان مۆتیڤ لە بەیتی شێخ فەرخدا پیرە بارگینێکی بەڕەڵایە کە پەلاماری جوانوو ئەسپەکەی فەرخ دەدا و برینداری دەکا.  شۆرشەکەی کاوە بۆ رزگاریی لاوان و بۆ رزگاریی سروشتە کە لاوان و بە گشتی مرۆڤ بەشێکن لەو سرووشتە. شۆرش بۆ نوێکردنەوەی سرووشت و ژیان. هەروا کە خودای مەرگیشە و ئەو تەنانە دەمرێنێ کە کۆن دەبن و لە کەلک دەکەون. لە ئۆستوورەی کاوەدا ئەو تەنە لە کەلککەوتوویە زستانە و بەهار تەنی تازەیە. بەم جۆرە کاوە وەک خودای بای وادە، تاج و تەخت لە بەفر و سەهۆڵی زستانی زەحاک دەڕووخێنێ و سرووشت بۆ تاج و تەختی فەرەیدوون ئامادە دەکا. فەرەیدوون لە یەکەم رۆژی فەروەدیندا لە سەر تەختی دەسەڵات دادەنیشێ و دەست بە رازاندنەوەی سرووشت دەکا بۆ ئەو مەبەستەی کە باوکی ئاڵاکەی بۆ هەڵگرتبوو و بەڵێنی دابوو. بە مەبەستی گەیشتن بە بورجی گا و مانگی گوڵان کە هەرد وەک بەهەشت لێدەکا.

بە کورتی:
ئۆستوورەی کاوەی ئاسنگەر ئۆستوورەی دانیشتوانی سەر چیای زاگرۆسە کە ئاوێتەیەکە لە گەڕانی سروشت، گەردوون ناسی و ئایین کە پێوەندی بە هیچ رووداوێکی راستەقینەی مێژوویی‌یەوە نییە. 
نیزیکبوونی رواڵەتی ناوی قارەمانانی چیرۆک لەگەڵ پاشایانی میدیا بە هۆی هەڵقوڵانی ئۆستوورەکە لە ناخی کۆمەڵگای وڵاتی میدیا یا کوردستانی ئێستایە. تەنانەت ئەو گومانەش بە دوور نییە کە هێرۆدۆت بەشێک لە مێژووی پارسەکانی دوای بیستنی چیرۆکی کاوە و زەحاک نووسیبێ.
ئۆستوورەی کاوە و زەحاک بە هۆی ئەوە کە دەیتوانی هاندەرێکی باش بێ بۆ خەبات و ملبادان لە حاند دەسەڵات و هەڕەشە بێ لە سەر سیستمی پاشایەتی، شا، دەربار و دامودەزگاکەی هەوڵی گۆڕان، شێوان و تێکدانی داوە. تا ئاستێک کە لە نێوەرۆک و ناوەکانی ناو ئۆستوورەکە دژی نەتەوەکانی دیکە و نەتەوەی خاوەنی ئۆستوورەکەش کەلک وەرگیراوە. 
بە کورتی لە شانامەدا دوو دەستکاریی سەرەکی چیرۆکی کاوەی ئاسنگەر بەرچاوترە: 
یەکەم: گۆڕانکاری بە مەبەستی دابەشکردن و پاراستنی سیستمی چینایەتیی کۆمەڵگا کراوە. لەم پێناوەدا کارەکتەرەکانی چیرۆک لێک بێگانە کراون تا وا نیشان نەدرێ کە دوای لادانی شای زاڵم، کوڕی ئاسنگەرێکی هەژار لە سەر تەختی پاشایەتی دادەنیشێ. لەم پێناوەدا رۆڵی کاوە کەم کراوەتەوە و فەرەیدوون کە کوڕی ئەوە، توخمی پاشایەتی لێ بار کراوە، کراوە بە کوڕی شازادەیەکی کوژراو و رۆڵی سەرەکی پێدراوە. 

دووهەم: دەستکاری لە کاتی روودانی چیرۆکەکەدا کراوە کە ئەویش بۆ مەبەستی بەرژەوەندیی ئابووریی دەزگای بەڕێوەبەریی دەسەڵات بووە. بۆنەی چیرۆکەکە کە بە هەموو نیشانەکانیدا کۆتایی زستان و هاتنی نەورۆزە، بۆ جێژنی مێهرەگان و سەرەتای پاییز گۆڕدراوە. مێهرەگان کە کاتی هەڵگرتنی بەروبوومی جووتیاری و ئاژەڵدارییە، وادەی ئەستاندنی ماڵیات و زەکات لە خەڵکیشە و شا بەو بۆنەوە خەڵکی زیاتر رووتاندۆتەوە: 
   به روز خجسته ســر مهر ماه       به سر بر نهاد آن کیانی کلاه
(لە رۆژی پیرۆزی سەرەتای مانگی مێهردا کڵاوی پاشایەتی لە سەر نا)
پێڕەوانی ئایینی یارسان بە تایبەت و گەلانی سەر چیای زاگرۆس بە گشتی خاوەنانی راستەقینەی ئۆستوورەی کاوەی ئاسنگەرن. هەوڵدانی شۆڤینیزم بۆ کوتانی ئەوان بە هۆی ئۆستوورە خۆیان و لە رێی تێکدانی باوەڕە کەونارەکانی ئەوان، هەوڵێکی قێزەونی سەدان ساڵەیە. 
لە ئۆستوورەی میترایی کاوە و زەحاکدا، هەر حەوت پلە ئاسمانیەکە بەرچاون؛ کاوە تەنی خودای با، فەرانەک تەنی خوداژنی ئاو، ئاسن وەک هێمای خودای خاک و لاوان وەک هێزی ئەم خودایە، کوندرەو تەنی خودای ئاگر، فەرەیدوون تەنی واروونا و خودای مانگ، زەحاک تەنی ئیندرا و خودای ئەستێرەی رۆژێ و ئەشکەوت نمادی عەداڵەت و دادگەریی میترایە. 
هەروەها لە گەڕانی ساڵ و سووڕانی فەلەکیدا، جەمشیدشا خۆری دە نشێو (حضیض) کەوتووی کەمتینی کۆتایی مانگی سەرماوەز، زەحاک چلەی گەورە و پاشای زستان، کوندرەو چلەی بچووک و وەزیری زەحاک، ئابتین بورجی دەلۆ یا ئاوڕێژ کە دەکەوێتە مانگی رێبەندان، کەرمایل و ئەرمایل بورجی دووماهی کە دەکەوێتە مانگی رەشەممە، کاوە خودای بای وادە و فەرەیدوون بورجی کاوڕ و پاشای نەورۆزە. 

----

١- بڕوانە مجید سیف؛ داستانهایی از شاهنامە

٢- هێرۆدۆت – مێژووی شەڕی پارسەکان – وەرگێڕانی لە یونانییەوە: عەلی فەتحی – لاپەڕەی ١٠٧ تا ١٢٧

٣- بڕوانە: نەورۆز ئەفسانە نییە رووداوێکی مێژووییە – فازل ئوسولیان

٤- لێکۆڵینەوەیەکی زمانەوانی دەربارەی مێژووی کۆنی وڵاتی کوردەواری – د. جەماڵ رەشید (دەقی وتەکە لە بابەتی فازل ئوسولیان وەرگیراوە)

٥- دیاکۆنۆف – مێژووی ماد

٦- دانشنامە ایرانیکا سەبارەت بە وشەی AŽDAHĀ  

٧- خوێندنەوەی نەخش و نیگارەکانی سەر جامی حەسەنلوو - نووسەر

- هەرچەند بەرقەرار بوونی ئەو دۆخە مەندە بە قازانجی ئەشتویگۆ و دەسەڵاتدارەتیی میدیا نەشکایەوە و وێدەچێ هەر ئەوە هۆکاری رووخانی بووبێ.

٨ - گەرچی زۆر کەس ئەوە بە چیرۆکێکی کوردی نازانن بەڵام لە فەیسبووک پرسیارێکم لەو بارەوە وەڕێخست و ژمارەیەکی بەرچاو لە دۆستان ئەوەیان پشتراست کردەوە کە چیرۆکەکەیان لە باپیر و داپیرە نەخوێندەوارەکان بیستووە. بەو پێیەش ناکرێ پێمان وا بێ کورد ئەم چیرۆکەی تەنیا لە فیردەوسی و شانامە وەرگرتووە.

٩- كتێبی "هه‌ڵبژارده‌یه‌ك له چیرۆكی فۆلكلۆریی كوردی، نووسین و كۆكردنه‌وه‌ی: فاروق حه‌فید – زوحاک و کاوەی ئاسنگەر بە راوێژی مام کەریمی حەمەخان ل. ٢٨٠ تا ٢٨٥

١٠- بە داخەوە ئەو بەشەی شانامەی کوردیم بۆ ئەم لێکۆڵینەوەیە دەست نەکەوت و ئەوەی گوتراوە، تەنیا بیستراوە.

١١- بەیتەکان رەنگە هەمیشە ئاوا بە دوای یەکدا نەبن و من ئەوانەم لە دەنگی مەقامبێژانی یارسان وەک ئوستاد تاهیر یاروەیسی یان کاتارینا سۆدێرلوندی سویدی و.. نووسیوەتەوە و رێکم کردوون. شێعرەکە دەڵێ: دوازدە فەرزەندی کاوەی ئاسنگەر، یەکی بۆ مایەوە و یازدەیان سەر بڕدران. بە دەمی ئەڵماس لەت و پەت کران و مێشکیان بۆ مارەکانی زەحاک دەرهێندرا. کاوەی ئاسنگەر زوخاو و دەردی هەڵێنا و بەرهەڵبێنەکەی کرد بە ئاڵا. تەموور ئامادەیە و ئەوە لە سەر کۆشە و وەختی شادی و خۆشییە ئەی کاوەی خەڵکی شیرەخان. ئەی دڵ بەهارە و جێژنی نەورۆزە، داوودم دیت کە لە شەوی نەورۆز دا وەک بریسکەی پڵینگ  بەهێزە. کاتی شایی و زەماوەندە و تۆش دەستێک بەرەو ئەو زەماوەندە هەڵبڕە کە شوێنی حەزیا ئەوە لە ئەشکەوتە. 

١٢- بۆ وێنە بڕوانە کتێبی "هه‌ڵبژارده‌یه‌ك له چیرۆكی فۆلكلۆریی كوردی" و چیرۆکی نەورۆز بە راوێژی حاجی شێخ محەممەدی نۆدێ

١٣- بڕوانە "زەمزەمەی زوڵاڵ - سەرجەمی بەرهەمەکانی سوارە ئێلخانی زادە - کۆکردنەوە و ڕێکخستنی؛ عەبدولخالەق یەعقووبی

١٤- بڕوانە "بۆ کوردستان" - هەژار موکریانی

١٥- سەرجەم شێعرەکانی فیردەوسی لە "شاهنامە، چاپی ١٣٩٧ی کتابراە لە سەر بنەمای چاپی مۆسکۆ وەرگیراون

١٦- لە هێندێک نووسخەدا لە بری "یاد"، "داد" هاتووە کە بەم جۆرە مانای شێعرەکە جیاواز دەبێ.

١٧- اسدی طوسی؛ گرشاسب نامە - انتشارات دنیای کتاب - چاپ ١٤٠٠ شمسی

 ١٨ - شەو و نیوەشەو – راوێژی خدر قادری (خلە دەرزی)

١٩ - تاریکە دەسەڵات لە سەر زمانان خۆش کراوە و بووە بە تاریکەسەلات

٢٠-  نەورۆز ئەفسانە نییە رووداوێکی مێژووییە – فازل ئوسولیان

٢١ - ضحاک از اسطورە تا واقعیت – حمزە حسین زادە ل. ٤٤

٢٢- بۆ وێنە رادیکاڵترین رەخنە لە چیرۆکی کاوە و زەحاکی شانامە وتەکانی ئەحمەدی شاملوو بوو کە بەهاری ساڵی ١٣٦٩ی هەتاوی لە زانکۆی برێکلیی ئەمریکا پێشکەشی کرد و دواتر لە گۆڤاری "آدینە"ی ژمارە ٤٧ی هەمان ساڵ دا بڵاو کرایەوە. شاملوو بە هەڵە زەحاکی وەک کەسێکی بەرابەریخواز و کاوەی بە کەسێکی نەزان ناساندوە. بەڵام بەدەر لەو دوو هەڵە سەرەکیە، بە درووستی پەنجەی بۆ ئەوە راکێشاوە کە ئەم چیرۆکە یان لە لایەن دەسەڵاتەوە داڕێژراوە یان ئۆستوورەی خواست و ئارەزووەکانی خەڵکی رەشوڕووتی خستوەتە خزمەت خۆی و چینە دەسەڵاتدارەکەیەوە. 

٢٣ - لە بەر راوێژی مامۆستا تاهیر یاروەیسی نووسراوەتەوە و بە یارمەتیی دۆستی بەڕێزم مووسا باباخانی ساخ کراوەتەوە. وێدەچێ دەقی تێکستەکە یان بەشێکی لە شانامەی کوردی وەرگیرابێ بەڵام بە داخەوە ئەمن دەستم نەکەوت. (ئێستا کە بەم نووسراوەیەدا دەچمەوە بە داخەوە مووسا شەهید بووە. یادی هەمیشە بەرز و لە دڵماندا زیندووە)

٢٤- بڕوانە فرهنگ نام ها

٢٥ و ٢٦ - بڕوانە هەنبانە بۆرینە

٢٧ - چیرۆکی ئاڵەکۆک و بەفر بە دوو شێوە هەیە: 

١لف) پاشا فەرمانی دا هەموو جێیەک سپی کەن، گیا و شینکە لە هیچ کوێ نەمێنێ. پرسی ئەو ئاوە بۆ روونە؟ بە ئیزنی کێ زیندووە؟ بەفر گوتی؛ ئاو نییە، فرمێسکە. ماوەیەکە ئاڵەکۆک دەگری، ئەوە فرمێسکی گریانی ئەوە! بەفر ئاشقی ئاڵەکۆک بوو. گوتی مێردم پێ دەکەی؟ گوتی؛ براگەورەم لە سەفەرە! گوتی: رادەوەستم بێتەوە. گوتی: ئاخر براچکۆڵەشم لە سەفەرە! گوتی؛ رادەوەستم ئەویش بێتەوە. خەبەریان بە بەفر دا کە ئەوە ئاڵەکۆک لە کوێستان چاوەڕێتە. بەفر ئەگەر چوو بۆ لای ئاڵەکۆک، ئاڵەکۆک دەگریا. بەفر گوتی بۆ دەگری؟ گوتی شینی خوشک بۆ برایان حەڵاڵە. هەردوو برام مردوون و بە تەنێ ماوم بەڵام هەر لە سەر قەولی خۆمم، مێردت پێ دەکەم. بەفر بە دەنگێکی لەرزۆک گوتی:

ئاڵەکۆکە پرچنە

چۆڕچۆڕەم کەوتە بنە

   ب) بەفر ئاشقی ئاڵەکۆک بوو. گوتی مێردم پێ دەکەی؟ گوتی؛ براگەورەم لە سەفەرە! گوتی: رادەوەستم بێتەوە. گوتی: ئاخر براچکۆڵەشم لە سەفەرە! گوتی؛ رادەوەستم ئەویش بێتەوە. خەبەریان بە بەفر دا کە ئەوە ئاڵەکۆک لە کوێستان چاوەڕێتە. بەفر ئەگەر چوو بۆ لای ئاڵەکۆک، ئاڵەکۆک دەگریا. بەفر گوتی بۆ دەگری؟ گوتی شینی خوشک بۆ برایان حەڵاڵە. هەردوو برام مردوون و بە تەنێ ماوم بەڵام هەر لە سەر قەولی خۆمم، مێردت پێ دەکەم. بەفر بە دەنگێکی لەرزۆک گوتی:

   ئاڵەکۆکە پرچنە

 چۆڕچۆڕەم کەوتە بنە

چ بکەم لەو ماڵ و ژنە

٢٦- نظامی گنجوی - هفت پیکر - چاپ کتابراە ١٣٩٤

٢٧- دەفتەری سەرەنجام - کەلامی شێخ ئەمیر. زۆر جار بەیتی دووهەمی شێعرەکە بە شێوەی "پاکی و ڕاستی، نیستی و ڕەدا" نووسراوەتەوە کە هەڵەیە. 

٢٨- بڕوانە میترا لە ئاڤێستا و ڕیگ‌ڤێدادا - هاشتم ڕەزی - وەرگێڕانی تاهیر قاسمی

٢٩- فرمان‌های شاهنشاهان هخامنشی/تألیف:رلف نارمن شارپ/ناشر:موسسه فرهنگی و انتشاراتی پازینه

٢٩- دربارە کتیبە پادشاهی بیستون - رضا مرادی غیاث آبادی - ماڵپەڕی "پژوهشهای ایرانی"

٣٠- ابوریحان بیرونی - آثارالباقیە

٣١- وا دیارە "سەرپەرەست"یش هەر سەرسپەرد یا سەرسپەرتە.

٣٢- سەرنج بدە بابەتی "پەیوەندیی ئایینی میترا لەتەك ئیزەدی و یارسان و پیرشالیار" - دوکتور هێرش قادری


بابەتی نوێ:

سوججەی سوور

لە کوردستان جۆرێک ماری ڕەنگ سووری کاڵ یان ئاڵ هەیە کە ماری سجە، سوجە یان سوججەی سوور و هەروەها "شیلە" ماریشی پێ دەگوترێ. مارەکە بێ...