۷/۱۴/۱۴۰۱

مانگرتن ڕێگایەک بۆ شکاندنی شکۆی دیکتاتۆر

 لە ماوەی دوو هەفتەی سەرەتای ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکانی خەڵکی ئێراندا، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کورستان وێڕای پێشەنگایەتییان لە خۆپێشاندان و هاتنە سەر شەقام، دوو جاریش بە داخستنی دووکان و بازاڕەکان بەشداری ئەم ناڕەزایەتیانە بوون. جاری یەکەم لە سەر بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و حیزبەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە هەمبەر کوژرانی ناجوامێرانەی ژینا ئەمینی بە دەست جەللادانی گەشتی ئیرشادی کۆماری ئیسلامی بوو. ئەو مانگرتنە وێڕای نیشاندانی ئاستی تووڕەیی خەڵکی کوردستان لەو کردەوەیەی کۆماری ئیسلامی و هاودەنگییان لە گەڵ حیزبەکانی خۆیان، بوو بە هۆی ئەوە کە ناڕەزایەتییەکان لە سەقزی شاری ژیناوە بە هەموو کوردستان و لە کوردستانیشەوە بە پانتایی هەموو ئێران بڵاو بێتەوە. بە جۆرێک کە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان بە شێوەیەکی کەم وێنە هەموو جوغرافیای ئێرانی گرتەوە. قورسایی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بە ڕادەیەک بوو کە کۆماری ئیسلامی بۆ ڕزگار کردنی خۆی لە چنگ خەڵکی بە زاڵەهاتوو، پەنای بۆ هەموو فرت و فێڵێک برد. یەک لەوانەش هەڵخڕاندنی هەستی ئێرانییەکان بە "لە مەترسی کەوتنی سنوورەکان" و قاودانی مەترسیی دابەش کردنی خاکی ئێران لە لایەن حیزبەکانی کوردستانەوە بوو. بۆ ئەوەش دەستی بە تۆپباران، هاژەک باران و درۆن بارانی بنەماڵە ئاوارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بنکەی حیزبەکان لە باشووری کوردستان کرد. لەو هێرشە نامرۆڤانەیەدا بە داخەوە ژمارەیەکی زۆر لە پێشمەرگە و ئەندامانی بنەماڵەکان شەهید و بریندار بوون و زیانێکی زۆر بەر ماڵ و ژیانی ئاوارەییان کەوت. بە پێی بانگەوازی ناوەندی هاوکاری و حیزبەکانی دیکە، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕۆژی ٩ی ڕەزبەردا بۆ جارێکی دیکە دووکان و بازاڕیان داخستەوە و بێزاریی خۆیان لەو کردەوەیە و لە کۆی کۆماری ئیسلامی دووپات کردەوە. لە سەر بانگەوازی بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئەم جارە مانگرتن و داخستنی بازاڕ تا ڕادەیەک پەلی بۆ شارەکانی دیکەی ئێرانیش هاویشت. بەشێک لە دووکانداران و بازاڕیانی تاران، ئیسفەهان، ڕەشت و هێندێک شوێنی دیکەی ئێران دژ بە سەرکوتی خۆپێشاندانەکان و بۆ هاودەردی لە گەڵ خەڵکی کوردستان دووکان و بازاڕیان داخست. هاوکات سەرەتایەک لە مانگرتنی کرێکارانی کۆمپانیای نەوتی ئێرانیش هاتە ئاراوە. ئەوە وێڕای مانگرتنی مامۆستایانی قوتابخانەکان لە بەشێک لە شارەکانی کوردستان و لە پارێزگای فارس.

وەک چۆن کورد هەر لە سەرەتاوە پێشەنگی ئەم ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانانە بوو، هەردوو جاری ئەم مانگرتنانەش گوڕ و تینێکی نوێیان بۆ خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە ئاستی ئێران دایەوە و نیشانیان دا کە چۆن خەڵکی کوردستان لە باری خەبات و تێگەیشتنی سیاسییەوە چەند هەنگاوێک لە پێش خەڵکی ناوەند و بەشەکانی دیکەی ئێرانەوەن.

 ئەو تێگەیشتن و ئەزموونەی خەڵکی کوردستان لە خەباتی سیاسی و مانگرتن، بە شێوەی کۆنکرێت بۆ خەباتی گەلی کورد لەم دوو دەیەی دواییدا دەگەرێتەوە. ئەگەرچی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دوای تیرۆری دوکتور سادقی شەرەفکەندی هەوڵی دا لەو شێوازەی خەبات کەلک وەرگرێ بەڵام باری قورسی خەبات لە سەر خەڵکی کوردستان، سەرکوتی زۆری خەڵک لە لایەن کۆماری ئیسلامی، تاقی نەکرانەوەی ئەو شێوە خەباتە تا ئەو کات و مەترسیی خەڵک لە نەگەیشتنی هاواریان بە گوێی دنیا بەشێک لەو هۆکارانە بوون کە ئەو کات مانگرتن سەرکەوتوو نەبێ. بەڵام ساڵی ١٣٨٤ لە نێو ئەو سەرهەڵدانەدا کە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە کوژرانی شوانەی سەید قادر بە دەستی پاسدارانی کۆماری ئیسلامی هاتە ئاراوە، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە هەمبەر سیاسەتی تیرۆر و کوشتنی کۆماری ئیسلامی، لە ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕ، شازدەهەمین ساڵڕۆژی تیرۆری دوکتور قاسملووی مەزن دووکان و بازاڕەکانیان داخست. سەرەڕای گوشار و ئازاری کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بازاڕیان و دووکانداران، ئەم ڕەوتە تا چەند ساڵ دواتریش بەردەوام دووپات دەکرایەوە. بەڵام گوشاری زۆری کۆماری ئیسلامی لە لایەک و ناهومێدیی خەڵک بە هۆی لێکترازانی ڕیزەکانی حیزب، بەرەبەرە ئەو شێوە خەباتەی بەرەو کاڵبوونەوە برد. دوای ئیعدامی فەرزادی کەمانگەر و هاوڕێکانی لە ١٩ی بانەمەڕی ١٣٨٩ی هەتاوی، خەڵکی کوردستان جارێکی دیکە بێزاری و ناڕەزایەتیی خۆیان لە کۆماری ئیسلامی بە داخستنی دووکان و بازاڕەکان دووپات کردەوە. دوا جاریش هاژەکبارانی بنکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ کە بوو بە هۆی شەهید بوونی حەڤدە کەس لە ڕێبەران و تێکۆشەرانی حیزب و هاوکات سێ زیندانیی سیاسیش لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی لە دار دران، تووڕەیی زۆری خەڵکی کوردستانی لێ کەوتەوە. لە سەر بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و پشتیوانیی حیزبەکانی دەرەوەی ناوەند مانگرتنێکی سەراسەرییان بەڕێوە برد. مانگرتن لە کوردستان ئیدی بووە بە نەریت و بە شێوە خەباتێکی زۆر ئاشنا لە دەست خەڵکدا. هەر دوو مانگرتنی دوایی دەریانخست کە لە باشووریترین شارەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە تا باکووریترینیان، بەو شارانەشەوە کە لە نێوان کورد و نەتەوەکانی دیکەدا هاوبەشن، لە کاتە پێویستەکاندا بە پیر بانگەوازی حیزبی دێموکرات و حیزبەکانی دیکەوە دێن و خەڵک لەو ڕێگایەوە هاوپێوەندیی خۆیان لە گەڵ حیزبەکانی خۆیان و نەفرەتیان لە کۆماری  ئیسلامی و کردەوەکانی دەردەبڕن.

مانگرتن بە شێوەی داخستنی بازاڕ و نەچوونە سەر کار لە ئاستێکی لۆکاڵی و ناوچەییدا، شێوەیەک لە خەباتی مەدەنی و لە ڕاستیدا جۆرێک خەباتی پێچەوانەیە. بەو واتایە کە خەڵک کارێک ناکەن کە دەسەڵات حەزی لێیە و بەم جۆرە بێزاری و ناڕەزایەتیی خۆیان لە دەسەڵات و لە کردەوەکانی، بە گوێی کاربەدەستانی حکوومەت و لە ڕێی مێدیاکانەوە بە دنیا ڕادەگەیەنن. بەڵام مانگرتن لە ئاستێکی گشتگیرتردا دەسکەوتی زۆر زیاتری بە دوادا دێ.    

ئێرانییەکان ئەگەرچی ئەزموونی لاواز کردن و لە عەرز دانی دەسەڵاتی پاشایەتییان لە رێگای مانگرتن و داخستنی بازاڕ لە ساڵی پێش ئینقلابی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویدا هەیە بەڵام ئەو کاتیش بازاڕ تا ڕادەیەکی زۆر لە دەست ئەو ڕەوتانەدا بوو کە دواتر کۆماری ئیسلامییان پێک هێنا. لەو کاتەوە ڕێژیم بە درێژایی پتر لە چوار دەیە تەمەنیدا، تا ڕادەیەکی زۆر چەکی داخستنی بازاڕی لە دەست خەڵک دەرهێناوە. یەک لە دەسکەوتەکانی سەرهەڵدانی ژینا، دەرکەوتنی نیشانە سەرەتاییەکانی پەیوەست بوونی شارەکانی دیکەی ئێران بە خەباتی مانگرتنی خەڵکی کوردستانە. دوای دەسپێک و پەرە گرتنی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان، مانگرتنێکی گشتگیر و بەردەوام، قۆناغێکی گرینگ و چارەنووسسازە لە ڕەوتی ڕووخانی ڕێژیم. مانگرتنی سەراسەری ناڕەزایەتییەکان بە ناخی کۆمەڵگادا شۆڕ دەکاتەوە و گشتگیرتری دەکا و چین و توێژی زیاتری پێوە پەیوەست دەکا. هەروەها ڕێژیم لە باری ئابوورییەوە لاواز دەکا. بە تایبەتی ئەگەر مانگرتن بوارەکانی گواستنەوە و خزمەتگوزاریی وڵات بگرێتەوە دەتوانێ دەوڵەت بە یەکجاریی نوقوستان بکا لە کاری بخا. بەڵام لە حاڵەتی ئاساییشدا لاوازیی ئابووری دەبێتە هۆی بچووکتر بوونەوەی دەوڵەت تا ئاستێک کە بە زەحمەت بتوانێ مووچەی کارمەندەکانی بە تایبەت بەکرێگیراوان و هێزە سەرکوتکەرەکانی بدا. بەڵام بێ لەوە، مانگرتنی سەراسەری لە باری سیاسییەوە هەیمەنە و ئیقتداری دەسەڵات تێکدەشکێنێ. لەو قۆناغەدایە کە دانگەڕێز کردنی هێزە چەکدارەکان دەست پێ دەکا و ڕێژیم لە باری سەربازییەوە تووشی داڕمان دەبێ. داڕمانی سەربازی، ئیزۆلە بوونی دەسەڵاتی لێ دەکەوێتەوە و حکوومەت بچووک و بچووکتر دەکاتەوە. ئیدی خەڵکیش زیاتر ترسیان لە دەسەڵات دەشکێ و دوای ئەوە ڕاپەڕینێکی چەکداری و تەنانەت بە بەرد و تێڵاش دەتوانێ تەخت و بەختی جەماران و هەر حکوومەتێکی دیکتاتۆر بە یەکجاری تێکەوە پێچێ و ئەو پەڵە نەنگە لە داوێنی مرۆڤایەتی بشواتەوە.

قوتابیانی ئێران لە نێوان دوو سرووددا


لە دوا ساتەکانی کۆتایی سەدەی چواردە و چەند سەعات بەر لە نەورۆز و هاتنی ساڵی نوێی ١٤٠١ی هەتاوی، دەزگای پڕوپاگەندای کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستیان بە نیشاندان و بڵاو کردنەوەی سروودێکی سەرنجڕاکێش کرد؛ سەدان منداڵی قوتابخانە، کیژۆڵە بە چارشێو داپۆشراوەکان لە لایەک و کوڕیژگەکان لە لاکەی دیکە، لە حەوشەی مزگەوتێکی گەورە کۆ کرابوونەوە، پیاوێکی ڕیشدار لە نێوەڕاستیاندا گۆرانییەکی بۆ دەگوتن و ئەوانیش بۆیان دەستاندەوە؛ سەلام فەرماندە!

سڵاو فەرماندە لە ڕواڵەتدا بۆ ئیمامی زەمان نووسرابوو بەڵام لە نێوەرۆکدا پێداهەڵگوتن بە عەلی خامەنەیی‌ بوو؛ "سەید عەلی لە دایکبووانی دەیەی نەوەدی خۆی بانگ کردووە..". بەو هیوایە کە کۆماری ئیسلامی و ماڵی خامەنەیی بتوانن بەو سروودە منداڵانی ئێران زیاتر بە ئایدۆلۆژیای کۆماری ئیسلامی و بە پیرۆز کردنی "سەید عەلیی خامنەیی" ڕابێنن. دەزگای پڕوپاگەندای ڕێژیم وێڕای سەدان و هەزاران جار بڵاو کردنەوەی ئەم سروودە لە تلویزیۆن، ڕادیۆ، بڵیندگۆی قوتابخانەکان و شوێنە گشتییەکانی دیکە، پارێزگا بە پارێزگا و شار بە شار سروودەکەیان گێڕا و منداڵانیان بۆ گوتنەوەی ڕاهێنا. بە چەندان زمانی وەک ئینگلیزی، تورکی، عەرەبی و ئۆردو و.. تەرجەمەیان کردەوە و لە وڵاتانی دواکەوتوودا، منداڵانی هەژاریان بە کرێ گرت تا کۆڕی گوتنەوەی سروودەکەیان لێ ساز بکەن و وا بنوێنن کە گۆرانییەکەی "سەید عەلی" بە جیهانی بووە. تەنانەت نوسخەیەکی بە ڕواڵەت کوردیشیان لێ ساز کرد کە زیاتر وەک تێخزاندنی چەند وشەی کوردی لە تێکستە فارسیەکە دەچوو تا وەرگێڕانی دەقێک بۆ سەر زمانی کوردی. بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو تێچوویە، "سەلام فەرماندە" وەک سروودێکی حکوومەتی مایەوە و بە زەبری پیاوانی حکوومەت و تەماح و فریودان نەبێ نەگوترایەوە و بە شێوەی خۆڕسک هەرگیز بۆ ناو دڵی کۆمەڵگا و بۆ ناو پۆلی قوتابخانەکان شۆڕ نەبۆوە. سەلام فەرماندە لە ڕاستیدا گوڵێکی نایلۆنی بوو کە قوتابیان لە بەرۆکی خۆیان نەدا. بوو بە بابەتی گاڵتەجاڕی خەڵک و تەنانەت بەشێک لە کچان و کوڕانی بەرپرسانی ڕێژیمیش. بە سەدان نوکتە و تەنز و گاڵتەیان لە "سەلام فەرماندە" ساز کرد و لە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویان کردەوە.

                                         ***

بە دوای کوژرانی کچی کورد ژینا ئەمینی بە دەستی گەشتی ئیرشادی کۆماری ئیسلامی و لە گەڵ دەسپێکی ناڕەزایەتییەکان، ئێرانییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا، بە ئاوێتە کردنی ژان و ئازارەکانی خۆیان و کۆمەڵگاکەیان، هاودەردیی خۆیان دژ بەو جنایەتەی کۆماری ئیسلامی دەربڕی. ئەو دەرد و ئازارانەی کە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی پتر لە چل ساڵ تەمەنی نگریسیدا بە سەر کۆمەڵگا و بە سەر تاک بە تاکی خەڵکی ئەو وڵاتەیدا هێناوە. ئەو ئازارانە کە وێڕای هاشتاگی ژینا ئەمینی لە لایەن بەکارهێنەرانی تویتێر بڵاو دەکرانەوە، تا کاتی نووسینی ئەم بابەتە لە دووسەد میلیۆنی تێپەڕاندووە؛ یەکێ لە پێناو ئەو کاتانەی کە نەیتوانی بە ئازدی خۆشەویستەکەی ڕامووسێ و ئەویدی لە پێناو خوشکی و خۆشکەکانیدا کە لە ژێر چەپۆکی حیجابی زۆرەملێدا گەورە بوون، یەکێ بۆ گۆڕینی مێشکە ڕزیوەکان و ئەویدی بۆ ئەو باوکەی کە لە بێ دەرەتانیدا شەرمەزاری بنەماڵەکەی بوو و پشتی لە ژێر باری نەبوونیدا چەمایەوە، یەکێ لە تاسەی ژیانێکی ئاساییدا و ئەویدی بۆ ئەو منداڵە زبڵ پشکنەی کە نەیدەزانی واتای ئاوات و ئارەزوو چییە و...

لەم نێوەدا لاوێکی هونەرمەند بە ناوی شێروین حاجیپوور، لەو نەهامەتیانە و لەو تویتانەی هاوڵاتییەکانی کڕوکاشی کرد و تێکستی گۆرانییەکی لێ ساز کرد. گۆرانییەک کە بۆخۆی بە تەنیا تێکستی بۆ ڕێکخست، ئاوازی بۆ دانا و بە مۆسیقا و وێنەگرتنێکی سادە و سەرەتایی لە ژوورەکەی خۆیەوە بڵاوی کردەوە. بەڵام مادام دەربڕی ژان و ئازارەکانی خەڵکەکەی و لە ناخی کۆمەڵگاکەیەوە هەڵقوڵا، زۆر زوو لە دڵان نیشت و بوو بە گۆرانی و سروودی ئەو سەرهەڵدانە مەزنەی بە مەرگی ژینا دەستی پێ کردووە. کۆماری ئیسلامی کە بۆ پەرەدان بە سروودەکەی عەلی خامنەیی میلیۆنان دۆڵاری خەرج کرد و بە هیچ نەگەیی، لە سەر ئەم گۆرانییە هەڵیکوتایە سەر شێروینی هونەرمەند و دەسبەسەری کرد. بەڵام دەسبەسەر کردنی، هیندەی دیکە ئەو و گۆرانییەکەی لای خەڵک خۆشەویستتر کرد. گۆرانییەکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە میلۆنان جار لە لایەن خەڵکەوە بڵاو کرایەوە و هەر لە سەرەتاوە تا ئێستا بوو بە ئاشناترین و ناسراوترین سروودی ناو ئاکسیۆن و خۆپێشاندانەکانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات.

گۆرانییە ڕێپێنەدراوەکەی شێروین هەر زوو لە لای قوتابیان و لە قوتابخانەکانیش جێگایەکی بۆ "سەلام فەرماندە" نەهێشتەوە و بوو بە هۆکارێک تا قوتابیان تێکەڵ بە ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکان بن. لە مێژووی خەبات و سەرهەڵدانەکانی دژ بە کۆماری ئیسلامیشدا، ئەوە بۆ یەکەم جار بوو قوتابیانی قوتابخانەکان تێکەڵ بە ناڕەزایەتییەکان بن و لە خۆپێشاندانی دژە حکومەتیدا بەشدار بن یان بۆخۆیان خۆپێشاندان ڕێک بخەن. عەلی خامنەیی کە ئەو هەموو تێچوویەی لە سامانی خەڵکی ئێران بۆ سروودی "سەلام فەرماندە" دانا تا بیکا بە وێردی سەر زاری قوتابیان، بەرهەمێکی تەواو پێچەوانەی چنیەوە. نەک سەلام فەرماندەکەی بە هیچ دانەندرا بەڵکو وێنەکانی لە ناو کتێبە دەرسیەکانەوە دڕێندرا و فڕێ درا، وێنەی خۆی و خومەینی لە سەر تەختە ڕەشەی ناو پۆلەکانەوە لە لایەن قوتابیانەوە هێنرانە خوار و خرانە ژێر پێ و قوتابیان کە لەو ماوە کەمەدا تێکست و ئاوازی گۆرانییەکەی شێروین فێر ببوون، گەلێک ڤیدیۆی ئازایەتیی خۆیان و بێزارییان لە دەسەڵاتەکەی عەلی خامنەیی لە ڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە جیهاندا بڵاو کردەوە کە تێیدا گۆرانییەکەی "شێروین" دەڵێنەوە؛ 

بۆ..

بۆ هەڵپەڕین‌و سەمایەک لە کۆڵان

بۆ ترسانی ساتەوەختی ڕامووسان

بۆ خوشکم، بۆ خوشکت، بۆ خوشکەکانمان

بۆ مێشکی ڕزیو و پێویستیی گۆڕان

بۆ شەرمەزاری لە گیرفانی بەتاڵ

بۆ خەمی ژیانێکی ئاسایی‌و نۆرماڵ

بۆ مناڵی زبڵگەڕی بێ ئاوات

بۆ ئابووریی بە دەستەندەی وەک خێرات

بۆ هەوایەک پیس‌و پڕ لە تۆزو خۆڵ

بۆ شەقام و داری نەخۆشی هڵۆڵ

بۆ پڵینگ‌و ئەگەری تۆوبڕانی

بۆ سەگی بێ گوناهـ‌ و ڕێنەدانی

بۆ گریانی بەردەوام و هەموو کات

بۆ دیمەنی هەموو وەک یەک‌و دووپات

بۆ ڕوخسارێک کە دەتوانێ پێبکەنێ

بۆ قوتابی و داهاتوو کە بگەنێ

بۆ بەهەشتی بە ناچاری‌و بە تۆبزی

بۆ بژاردە کە لە زینداندا ڕزی

بۆ هەژاریی مناڵانی ئەفغانی

بۆ هەموویان.. کە بۆخۆت باش دەزانی

بۆ ئەو گشتە دروشمە پووچە بۆ هیچ

بۆ ماڵی داڕماو، هەم دیوار و میچ

بۆ ئازارمان، هەتا تاوێ بسرەوێ

بۆ خۆر، کە دوای شەوگاری تار دەرکەوێ

بۆ حەبی مێشک‌و ساتێک وەحەسانی

بۆ پیاو، بۆ نیشتمان، بۆ ئاوەدانی

بۆ کەنیشکێ دادی لە کوڕبووندا دی

بۆ هاواری ژن، ژیان، ئازادی

بۆ هاواری ژن

                 ژیان و

                        ئازادی



۶/۱۲/۱۴۰۱

ئەو ساڵانە

 هەر وەک بیرەوەری

کە ئینقلابی ئێران کرا، زۆر دەستە و گروپی سیاسی - چەکداری ساز بوون. زۆریان بە گوندەکانی کوردستاندا دەگەڕان و جەولەیان لێ دەدا. یەک لەو گروپانەی کە لە ساڵەکانی سەرەتای دەیەی شەست و پێش داگیرکرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، جار و بار ڕێیان دە گوندەکەی ئێمەش دەکەوت، گروپێکی ١٥ - ٢٠ کەسی بوون بە ناوی "چریکەکانی فیدایی - ئەرتەشی رەهایی بەخش". ناویان لە قەدەر ڕێژەیان نەبوو. ئەوەندە کەم بوون کە مرۆڤ نەیدەتوانی باوەڕ بکا ئەوان دەتوانن "ڕەهاییمان پێ ببەخشن"! بە ناویانەوە دیار بوو کە لقێک لەو چەندان لق و ڕێکخراوە زۆرە بوون کە لە "سازمان چریکهای فدایی خلق ایران" جیا ببوونەوە. 

پێکهاتەیەکی سەیریان هەبوو. کەمتر وا بوو دوانیان بە یەکەوە هاوزمان بن. زۆربەی ئەندامەکانی لە نەتەوە نافارسەکانی ئێران بوون. لە بیرمە یەکیان ناوی ناسر بوو. دەیکوت پێم دەڵێن هیوا. خۆش ئەوە بوو هیچیشیان ناوە ڕاستەقینەکەی نەبوون. دواتر کە وەک فەرماندەی گوردانی ٣١ی بۆکانی کۆمەڵە لە کاتی گرتنی پایەگایەک لە ناوچەی فەیزوڵڵابەگیی بۆکان گیانی بەخت کرد، زانیم کە ناوی مەنوچێهری قەلعە میاندواوی بوو. ئینسانێکی زۆر قسە خۆش، خاکی و خۆڕێکخەر بوو. وێدەچوو بەرپرسی دەستەکە بێ. هەرچەند ئەوە بە ئاکاریەوە دیار نەبوو. لە بیرمە جارێک کە بە میوانی وەبەر ماڵی ئێمە کەوتبوو، هەوڵم دا تفەنگەکەی لە شان بکەم. کەڵاشینکۆف بوو بەڵام زۆر قورس بوو. هەم لە ترسی ئەوە کە نەکا نەزانم و شتێک لە تفەنگەکەی بکەم و هەمیش لە بەر ئەوە کە هێزم پێی نەدەشکا، تفەنگەکەی لەگەڵ لە شان کردم، بەڵام هەتا دامنایەوە، دەستی هەر بە تفەنگەکەیەوە بوو. 


 بە گشتی مرۆڤی زۆر بێ ئازار و بە ئەدەب بوون. خەڵک ئەوەندەی لە دەستیان هاتبا ڕێزیان دەگرتن و وەک پێشمەرگەی کوردستان، خواردن و پێداویستییان بۆ دابین دەکردن. کە دەهاتنە ناو دێ، یەکڕاست ڕێگای مزگەوتیان دەگرتە بەر. هەتا کابان لە ماڵەوە نان و چێشتیان ساز دەکرد و یەک - یەک و دوو - دوو بە سەر ماڵاندا دابەش دەکران، پیاوەکان لە مزگەوت لە دەوریان کۆ دەبوونەوە و قسە و باس و جەفەنگیان دەکرد. هیندە هاتبوون لەگەڵ خەڵکەکە وەک ئاشنا و ڕۆشنایان لێ هاتبوو. ئێمەی منداڵە ورکە کەمتر وا هەبوو ڕێی نێو مزگەوتێمان بدەنێ. ئەگەر سەرما نەبا، ئەوە لە بەر هەیوانی مزگەوتەوە سەرمان بە شووشەی پەنجەرەکانەوە دادەگرت و هەستی فزوولی خۆمان دادەمرکاند. ئەگەریش زستان با، ئەوە خۆمان دەخزاندە ناو پێشخانەکە و لەوێوە جار و بار بە قسەیەک یان خەبەرێک لەگەڵ تینی هاڵاوی نێو مزگەوت ،خۆمان گەرم دەکردەوە. کەماڵ ناوێکیان لەگەڵ بوو لوڕ بوو. تفەنگێکی پێ بوو دەیانگوت بازووکەیە. لە شانی پێشمەرگەی دیکەدا نەمدیتبوو بۆیە سەرنجڕاکێش بوو. چەند فیشەکی ئەستووری بە قەدوە بوو. دەنگی زۆر خۆش بوو. زۆر جار لە مزگەوتێ گۆرانییان پێ دەگوت. من ئەو گۆرانیی "دایە دایە وەختێ جەنگە"م بۆ یەکەمجار لە دەنگی کەماڵ گوێ لێ بوو.  


ئاخر کەسی ئەو گروپەم کە بۆ دوایین جار دیتەوە مارتین ناوێک بوو. پیاوێکی گەڕاوە و لە هاوڕێکانی بڕێک بە تەمەنتر بوو. هەرمەنی بوو. کوردییشی باش دەزانی. نێوەڕۆیەکی هاوین لەبن دارە بییەکانی مەزراکەمان نانوچامان دەخوارد کە مارتین لە لای غەوساباتەوە پەیدا بوو. ناوچەکە داگیر کرابوو. پاسدار خەریکی خۆڵ هەڵدانەوە و پایەگا درووست کردن بوون. لە زۆر شوێن "تەئمینی جادە"یان دانابوو. بۆیە بە هاتنی مارتین هەموو واقمان وڕ ما! بەڵام ئەو خۆی تێک نەدا. لەگەڵمان دەستی بە خواردن کرد. ئێمە لێی بە گومان بووین کە ڕەنگە بچێ خۆی تەسلیم بکاتەوە. نازانم چاوی بە پرسیاری ئێمەی خوێندەوە یان چی، بە حاستەم دەمانچەی ژێر کراسەکەی نیشان داین و وای تێگەیاندین کە بە دوای تێکۆشانێکدا دەچێ. نانی خوارد، ماڵاوایی لێ کردین و بۆ تا هەتایە لە لامان ڕۆیشت.



۶/۱۰/۱۴۰۱

میوانداریی سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە لاهوور شێخ جەنگی


سەبارەت بەو نیگەرانیانەی کە لە یەکخستنەوەی ئۆرگانەکانی حیزبی دێموکرات لە لای هێندێک لە ئەندامانی حیزب هاتووەتە ئاراوە، ستاتووسێکم نووسی و لە گەڵیدا وێنەیەکی سکرتاریای حیزب لە کاتی میوانداری لە میوانەکانیشم دانا. وێنەکە لای بەشێک لە دۆستان پرسیاری هاتەوە سەر کە بەڵێنم بە هێندێک لە دۆستان دابوو بە تایبەتی هۆی هەڵبژاردنی ئەو وێنەیە بنووسم:

١- وێنەکە سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دوای یەکگرتنەوەیە کە لەوێ کەسە دووهەمەکانی دوو لایەنی پێش یەکگرتنەوە، بە یەکەوە بۆ یەکەمجار میوانداری لە میوانان دەکەن. وەک ئاماژەیەک بە یەکگرتوویی حیزب. لە ستاتووسەکەشدا باسی یەکگرتنەوە و بە یەک کردنەوەی دوو ئۆرگانەکان کراوە کە سکرتاریا یەک لەوانە. کەواتە وێنەکە بێ پێوەندی نییە.
٢- ئەوەی لە وێنەکەدا زیاتر سەرنجی دۆستانی ڕاکێشاوە، هەبوونی میوانێک بە ناوی لاهووری شێخ جەنگی‌یە. هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. ئەویش بەو هۆیە کە یەکێتی و پارتی لەم ساڵانەی دواییدا ڕەنگە تەنیا لە سەر دوو خاڵ زۆر کۆک بووبن کە یەکیان بە شەیتان کردنی ئەو پیاوە و ئەویدی پیرۆزبایی نەکردنی مەکتەبی سیاسییەکانی دوو لایەن لە یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.
٣- سەبارەت بە بڕیاردان لە سەر ئەو خیانەت و خراپەکاریانەی کە لە لایەن یەکێتی و پارتییەوە دەدرێنە پاڵ ئەو پیاوە، ئەرکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران نییە بڕیاری لە سەر بدا یان پاشکۆیەتیی قسەی ئەوان بکا. ئەوە یەکێتی و پارتین کە هەتا ئێستا دەبوو لە دادگا و مەحکەمەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا ئەو تۆمەتانە یەکلایی بکەنەوە. دەشزانین کە لاهوور ئێستا نە حیزبی هەیە و نە هیچ دەزگایەکی سەربازی و ئەمنی دەیپارێزێ. پرسیار ئەوەیە کە چۆنە هەردوو لایەنی پارتی و یەکێتی لە کردەوەدا گوێیان لەو هەموو خیانەتە گەورانە ئاخنیوە کە دەیدەنە پاڵ ئەو پیاوە و تەنیا لە قسەدا هێشتوویانەتەوە؟! یەکێتی کە دەڵێ لاهوور هەموو سەرکردایەتییەکەی دەرمانداو کردووە، خۆ قەت لاهووری لەوە بێ دەسەڵاتتر دەست ناکەوێ و لە ژێر حوکمی ئەو حیزبەشدا دەژی. ئەدی بۆ نایداتە دادگا؟ پارتی کە هەموو شکستی ریفراندۆمی بە سەر ئەو پیاوەدا هێناوە و بە خیانەتکاری لە قەڵەم دەدا، ئەگەر ڕاست دەکا بۆچی دادگایەکی گەورەی لە جۆری ئەوەی لە بەغدا بۆ سەددام ساز کرا، لە هەولێر بۆ لاهوور بەرپا ناکا تا ئێمەش سەیری بکەین و لە خۆڕا ئەشەدەمبیللا لێ نەدەین؟!
٤- پێوەندیدار بە پارتی و ریفراندۆم و سەرەنجام شکاندنی کاسەی شکستی ریفراندۆم لە سەری لاهووردا، من بەش بە حاڵی خۆم ئەو کاتیش و ئێستاش ریفراندۆمم زیاتر بە کایەیەکی حیزبی لە باشوور زانیوە. لە گەڵ ئەوەدا بە دڵ لە گەڵ هەر هەوڵێک بۆ سەربەخۆییم، بەڵام هیچکات ئاقڵم نەیبڕی کە ئەو کارە بۆ سەربەخۆیی بێ و سەربەخۆیی بەشێک لە کوردستانی لێ بکەوێتەوە. وەک چۆن قەتم باوەڕ بەو دروشمانەش نەکرد کە سەردەمانێک پەکەکە بۆ باشوور - باکوور - ڕۆژهەڵات هەڵیگرتبوو و وەک دەبینین ئێستا لە کوردایەتیش پەشیمانە و کردوویە بە برایەتیی گەلان.
لە ناو قەیران و گوشارەکانی ئەو کاتدا، ریفراندۆم کارتێک بوو کە پارتی دێموکراتی کوردستان ڕایکێشا تا هەم لایەنە بزێو و زماندرێژەکانی باشووری پێ دەمکوت بکا، هەم مەترسیی تێکچوونی باڵانسی هێز بە قازانجی یەکێتی ڕابماڵێ و هەمیش لە بەغدا وەک کارتی جیابوونەوە یاریی پێ بکا. دیارە لەوەدا من پارتی بە خەتاکار نازانم و وەک حیزب حەقی خۆیەتی سیاسەت بکا. بەڵام ئیدی ئێمەش ئەو حەقەمان هەیە کە نەهێڵین بەو فێڵە و بە بیانووی دۆستایەتی و کوردایەتی و ناسیۆنالیستی بمانکا بە پاشکۆی خۆی.
دوای ئەنجامی ریفراندۆم، پارتی دارێکی دا دەست یەکێتی کە هەمووی پیس بوو. وەک چاوەڕوان دەکرا، کەرکووک و ناوچە نەفتاوی و کێشە لەسەرەکان کەوتنە بەر هەڕەشەی حکومەتەکانی عێراق و ئێران و تورکیە و تەنانەت ئەمریکاش. لە حاڵێکدا پارتی ئاڵاهەڵگری ریفراندۆم بوو بەڵام ئەوەی کە دەبوو لەوێ شەڕ بکا، یەکێتی بوو. ئەگەر شەڕی کردبا، هێز و جوغرافیا و هاوکێشە سیاسییەکان لە زیانی بوون و شەڕەکەی خۆتڕێن بوو. شەڕیشی نەکردبا، ناوی خیانەتی لە سەر بوو. سەرباری هەمووی ئەوانەش لە بەردەم دوو دۆڕانی دیکەدا بوو؛ بە گیرانەوەی ئەو ناوچانە هەم سەرچاوە ئابووریەکانی لێ دەستێندرایەوە و هەمیش ئەو ناوچانەی کە بە کردەوە گەڕابوونەوە سەر هەرێمی کوردستان و خەریک بوو باڵانسی هێز لە کوردستان بە قازانجی یەکێتی و بە زیانی پارتی تێک بدەن، لە دەست دەدا. ئەوەندەش کڵۆڵی سیاسەت بوون کە دوا جار بە دەست و دندووک و پێ پێوە بوون و هەموو فێڵێکیان لێ کرا.
٥- ئەوە ڕاستە ئاراسی برای لاهوور لە نۆکەرایەتی بۆ کۆماری ئیسلامیدا ئاوی لە ئاوەڕۆ دەرکردووە بەڵام هەتا ئێستا نە بە قسە و نە بە ئاکار شتێکی ئەوتۆ لە بەر دەستدا نییە کە لاهوور لە سەرکردەکانی دیکەی یەکێتی زیاتر لە ئێران نیزیک بێ یان نیزیک بووبێ. تەنانەت نەفسی لابرانی لە هاوسەرۆکی و دەرکرانی لە یەکێتی ناتوانێ بێ پێخۆشبوون و ڕەزامەندیی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەنجام درابێ. ئێرانیش هیچکات بە ئاسانی دەسبەرداری مۆرەی خۆی نابێ.
٦- یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سەردەمی ڕێبەریی لاهووردا چ خەتا و خراپەکاریەکی زیاتر لە ئەوانی دیکەی بۆ حیزبی دێموکرات نەبووە. خۆ ئەگەر بێتە پای هەڵسەنگاندن و، تەحویل درانەوەی مستەفا سەلیمیشی لە سەر ساغ بکەینەوە، هێشتا خراپەی ڕێکخراوەی ژێردەستی لاهوور بە نیسبەت حیزبی دێموکرات و کوردی ڕۆژهەڵات بە قەد سەرە نینۆکێکی خراپەی یەکێتی و پارتیی ژێر ڕێبەریی مام جەلال و کاک مەسعوود نابێ.
٧- لاهوور بە حوکمی ئەوەی بۆ چەند ساڵان یەک لە دوو کەسی یەکەمی یەکێک لە حیزبە گەورەکانی کوردستان بوو، خاس یان خراو کەسایەتییەکی سیاسیی کوردە کە سەردانی حیزبی دێموکراتی کردووە و پیرۆزبایی ئەو سەرکەوتنەی لێ کردوون. ئەوە چاوەڕوانییەکی زۆر بێ جێییە کە پێمان وا بێ حیزبی دێموکرات دەبێ ببێ بە کاسەی گەرمتر لە ئاش و هەر چونکە یەکێتی و پارتی کێشە و شکستەکانی خۆیان بە سەر ئەو کابرایەدا هێناوە، ئەوە حیزبیش نابێ میوانداری لێ بکا کە بە ڕواڵەتیش بێ بۆ ئەمرێکی خێر سەردانی کردووە.
٨- حاشاهەڵنەگرە کە سەردانی لاهوور بۆ لای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران مەبەستی خۆی لە پشتە. لاهوور کە لە گەڵ ئێران و یەکێتی و پارتی لە دژایەتی دایە، ڕەنگە بیهەوێ بە وەزن و قورسایی حیزب مانۆڕێک لە بەرامبەر ئەو لایەنانەدا بدا و بە دوای ئیمتیاز وەرگرتن لە ئێران و لە یەکێتی بێ بەڵام هەمووی ئەوانە نیشانەی قورستر بوونی حیزب بە دوای یەکگرتنەوەیە.
٩- بەڵام مەبەستێکی گرینگم لە دانانی ئەو وێنەیە نیشاندانی سەربەخۆیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کار و بڕیارداندا بوو. شتێک کە پێش لە یەکگرتنەوە، خەڵکانێک پێیان وا بوو کەوتووەتە ژێر پرسیارەوە. لێرەدا دەبینین حیزب میوانداریی کەسایەتییەک دەکا کە پارتی و یەکێتی کردوویانە بە شەیتان بەڵام حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەمانکاتدا کە ڕێز لە دۆستایەتیی یەکێتی و پارتی و کەس و لایەنەکانی دیکەی دۆستی خۆی دەگرێ، میوانداریی ئەو میوانانەش دەکا کە ڕەنگە لایەنێک یان چەند لایەن خۆشیان نەوێ. بە واتایەکی دیکە حیزب بۆخۆی دۆستی خۆی هەڵدەبژێرێ و بۆخۆی بڕیار دەدا میوانداری لە کێ بکا یان نەکا.

واتای شەرزە لە دوو بەیتە شێعری نالی و هێمن‌دا

کاک جەلالی حەسەنزادە لە پەیامێکدا پرسیاری واتای وشەی شەرزەی لێ کردووم کە لەو دوو شێعرەی خوارەوەدا هاتووە:

ئەو پێیانەی "شەرزەی" کردووە کوتر و کوان

ماندوو نەبوو قەت لە هاتوچۆی جێژوان

                                     هێمن

ئەلا ئەی ئاسکی ناسک بە باسک

شکاندت گەردنی سەد شێری "شەرزە"

                                     نالی

دیارە کاک جەلالیش دەزانێ کە وشەی شەرزە لەو دوو شێعرەدا یەک واتا نادەن بۆیە هەردوو بەیتی بۆ نووسیوم.  
جاری وایە ڕستەیەک یان بەیتە شێعرێک وەها واتا بە وشەکانی خۆی دەدا کە پێت وایە مانای هەموویان دەزانی بەڵام ئەگەر واتای یەکیانت بە جیا لێ بپرسن، ڕەنگە دابمێنی. وشەی شەرزە لە شێعری یەکەمدا بۆ من ئاوایە. ئەو شێعرەم یەکەم جار لە نێوەڕاستەکانی دەیەی نەوەدی هەتاوی و بە گۆرانی لە دەنگی کاک محەممەدی ماملێ گوێ لێ بوو. نەمدەزانی شێعری مامۆستا هێمنە تا دواتر لە کتێبێکدا بە ناوی چەپکێک نێرگز -یان ناوێکی نیزیک لەوە-دا خوێندمەوە. کتێبەکە ئەو شێعرانەی مامۆستا هێمی تێدا کۆ کرابوونەوە کە لە دیوانەکانیدا نەبوون. جا یان بە هۆکارێک لە دیوانە شێعرەکانیدا چاپ نەکرابوون یان ئەو شێعرانە بوون کە مامۆستا لە ساڵەکانی کۆتایی تەمەنیدا هۆنیبوونیەوە.
وەک دەزانی من ئۆگریی زۆرم بە نالی هەیە و زۆرم دیوانەکەی هەڵگێڕ و وەرگێڕ کردووە. شێعرە کورتەکانی کە هەمیشە تام و چێژی تایبەتییان بۆم هەبووە و زۆربەشیانم لە بەرە. بە تایبەت ئەو شێعرەی کە وشەی شەرزەی تێدایە؛
سەراپای گوارە زەردی ترس و لەرزە
دەڵێی عاسی بووە لەو جێگە بەرزە

تا دەگاتە؛
ئەلا ئەی ئاسکی ناسک بە باسک
شکاندت گەردنی سەد شێری شەرزە
هەم لە بیرم بوو و هەمیش لە شێعرەکەدا بە ڕوونی دیارە کە شەرزە مادام پەسنی شێرە، دەبێ واتای بە هێز یان دڕی هەبێ کە بە تەنێش هەردوو واتای هەیە. هەروەها بە مانای تووڕە. بەڵام ئەو واتایە نابێ بۆ شەرزەی ناو شێعرەکەی مامۆستا هێمن درووست بێ. لێرەدا بە پێچەوانەی شێعرەکەی نالی، باسی بێ هێزی و لە کار کەوتنە. سەردانی ڤەژینلیکسم کرد کە بەشی زۆری فەرهەنگە کوردیەکانی دەخۆ گرتووە و بە دوای وشەکەدا گەڕام بەڵام سەیر بوو کە هیچکام لە فەرهەنگە کوردیەکان ئەو وشەیان تێدا نییە. چاوم لە هەنبانەبۆرینەش کرد کە لە بەر دەستدا بوو، بەڵام شەرزە و هیچ وشەیەکی لەوە نیزیکی تێدا نییە. هەر بۆیەش بە دوای لێکدانەوە و واتا کردنەوەی وشەکەدا ناچارین لە ڕووی هەڵکەوتی وشە لە شێعرەکەدا لێکی بدەینەوە:

ئەو پێیانەی شەرزەی کردووە کوتر و کوان
ماندوو نەبوو قەت لە هاتوچۆی جێژوان

وەک لە کۆی شێعرەکەدا دیارە، شاعیر سکاڵا لە دەست پیری و کەنەفتیی خۆی دەکا. پێیەکانی بە کوتر و کوان "شەرزە" بوون. وشەی کوتر لە کردارەکانی کوتان و کوتران داکەوتووە. بە مانای شتی کوتراو و هەلابوو. کوانیش بریتی لە دومەڵ و لوویە لە جەستەی مرۆڤدا. ئەم دومەڵ یان لوویە جاری وایە دەردەبێ، زار دەکاتەوە و کێم و هەوا دەردەکا. شوێنەکەی سەرەتا وەک برین و دوای ساڕێژ بوونەوەش هەم وەک شوێنی زام و هەمیش وەک گرێیەک کە جاری وایە شوێنەکەی قووڵ دەبێ، لە سەر جەستە دەمێنێتەوە. بەو پێیەش شەرزە بوونی پێ لە ئەنجامی کوان و کوتاندا هاوکات کە ئاماژە بە لە کار کەوتن یان ناکارا بوونە، دەبێ بە مانای بڕبڕبوون و تێکچوونی ڕواڵەتی پێست بێ. ئاخر پێیەک کە زۆر کوترا بێ و زۆر جار کوانی لێ هاتبێ، پڕ دەبێ لە ئاسەواری زام و، پێست بڕبڕی تێدەکەوێ.

زۆربەی فەرهەنگە فارسیەکانیش شەرزەیان هەر بە پەسنی شێر و بە واتای بە هێز و زۆر تووڕە هێناوە بەڵام فەرهەنگی دێهخودا وشەی "شەرز"یشی گرتووە کە جگە لەوە شێوەیەکی دیکەی وشەی شەرزەیە و ئەو واتایەشی بۆ هێناوە کە شەرزە هەیەتی، لە فەرهەنگەکانی "ناظم الاطبا" و "منتهی الارب"ی عەرەبیەوە بە "بڕین" و "بڕین و لەت کردن"یش واتای کردۆتەوە. ئەوەش لەو واتایەمان نیزیک دەکاتەوە کە لە شێعرەکەی مامۆستا هێمندا هەیە. بەو پێیە پێی شەرزە پێیەکە کە ئاسەواری بڕبڕ بوون و کوترانی بە سەرەوە ماوە. 

۶/۰۵/۱۴۰۱

پازار و سەحەری بەختی کورد


ماوەیەکی زۆر نەبوو لە ڕێی تۆڕی فەیسبووکەوە هەرەوەزی پێشکڕینی "گەنجی سەر بە مۆر"مان بەڕێوە بردبوو کە لە لایەن دوو دۆستی بەڕێزەوە (ئاسۆ خەبات و محەممەد ڕەشیدی) بابەتی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ کتێبێکی دیکە هاتە ئاراوە؛ خاتوونێک لە شاری سنە فەرهەنگی ڕەنگی کوردەواری نووسیوە کە دەیان هەزار وشە دە خۆ دەگرێ و لە نۆ یان دە بەرگدا ئامادەی چاپی کردووە". هەر زوو بە مێشکمدا هات کە پێویست دەکا هەرەوەزێک لە گوێن ئەوەی بۆ گەنجی سەر بە مۆرمان کرد، بۆ ئەم بەرهەمەش بکەین. بەڵام بە داخەوە گومان خرا سەر کارەکە و پێشوازیەکە وا نەبوو. لە گەڵ دۆستی بەڕێزم کاک شوانە ڕزگەیی کە بۆ کاری ئاوا هەمیشە تێدایە، بابەتەکەم باس کرد. وەک هەمیشە بە پێشوازی پشێنیارەکەمەوە هات و بڕیارمان دا هەر کاممان پشکی خۆمان بۆ پێش کڕینی کتێبەکە دانێین. کارەکەمان کرد بەڵام ماوەی زۆر هەر وا تێپەڕ دەبوو و خەبەرێک لە چاپی فەرهەنگەکە نەبوو. ڕاستیی کارەکە هەر جار نا جارێ لە سەر تۆڕی فەیسبووک لە لایەن بەڕێزانێکی خاوەن قەڵەم دەدرایە بەر گاڵتە و گەپ و "تۆفانی پێکەنین". لە بیرمە پۆستێکی بەو شێوەیە گاڵتە و پێکەنینی زۆری لە سەر کرا؛ باشە چۆن کورد حەفتا هەزار وشەی بۆ ڕەنگ هەیە؟! من هیچ قسەیەکم بۆ بەرگری لێ کردن پێ نەبوو و ناچار بووم بێدەنگ بم.
نایشارمەوە ئەو قسانە دڵی من و ڕەنگە زۆر کەسی دیکەشیان کرمێ دەکرد. چەند جار بە شەرمەوە پرسیاری چارەنووسی فەرهەنگەکەم لە دۆستانی بەڕێزم ئاسۆ خەبات و محەممەد ڕەشیدی دەکرد و وڵامی دڵخۆشکەرانەی ئەوانم بۆ کاک شوانەش دەناردەوە. ئەو پووڵەی کە بۆ پێشکڕینی کتێبەکەمان ناردبوو، زۆر نەبوو بەڵام هەم ئەوە کە لە ژیانمدا ڕقی زۆرم لە کەڵکاوەژۆ کردنی هەستی ئینسانەکان هەیە و هەمیش بە خۆمەوە، کەسێکی دیکەم بۆ یارمەتی ڕاکێشابوو، نیگەران بووم. دیارە ئەوانە تەنیا کەس نەبوون کە لۆمەی پشتیوانانیان دەکرد و گەڵتەیان بەو کارە گەورەیەی ئەو خاتوونە بەڕێزە دەکرد. یای شەهلا دەباغی کە پێشەکی بۆ فەرهەنگەکە نووسیوە دەڵێ؛ "...بیرم لە سێزدە ساڵ عەوداڵی و دێ بە دێ گەڕانی ژنێک لە زۆربەی ناوچەکانی نیشتمان کرد کە تاڵی ژاری ڕەنج و لاتاوی بە گیان کڕیوە، ئەویش لە پێناو ئەوینێک، ئەوینێکی گەورە بە ڕەنگ و وشە. ئەوین بە نیشتمانێکی ڕەنگاوڕەنگ."
تا سەرەنجام دوای نیزیک بە دە مانگ، کاک محەممەد ڕەشیدی لینکی چاپخانەی زانکۆی سەلاحەدینی بۆ ناردم و مزگێنیی لە ژێر چاپ هاتنە دەری فەرهەنگەکەی پێ دام.
پازار بەرهەمی سێزدە ساڵ گەڕان و چەرمەسەری، ماندووبوون و شەونخوونیی خاتوونێکی کوردە. خاتوو سەحەر مۆعێزی. ئەو لە پێناو بە ئەنجام گەیاندنی ئەو کارەیدا ئەوەندەی توانیویەتی گوند و شار و ناوچەکانی کوردستان گەڕاوە. هەر لە باشووریترین شوێنی کوردستانەوە تا باکوور. لە ڕۆژهەڵاتەوە تا ڕۆژئاوا. تەنانەت ڕێگای بۆ وەرگرتنی وشە لە کوردەکانی سوودان و قەوقازیش دۆزیوەتەوە. لەو گەڕان و هەڵوەدابوونەیدا بە دوای وشەی کوردی، بۆ ئەوەی وەک کچێکی کورد قسەی نەیەتەوە سەر، گوند و دایکیشی بە دوای خۆیدا پەلکێش کردووە. کەوتوونەتە بەر پەلاماری سەگان، لە بەفر و سەرمادا گیریان کردووە، تووشی نەخۆشی و بێهۆشی هاتوون و زۆر چەرمەسەریی دیکەیان دیتووە و چێشتووە. بەڵام ئەو لە پێناو وشە ڕەنگاڵەییەکانی زمانی کوردیدا لە هیچکام لەو تەنگ و چەڵەمانە نەپرینگاوەتەوە. تا سەرەنجام کارەکەی بە ئاکام گەیاند. بەرهەمێک کە بە بڕوای ئەوانەی دیتوویانە و پێیداچوونەتەوە، کارێکە کارستان. کە کارێکی ئاوا دەبینم، بە خۆم دەڵێم گەلێک و زمانەکەی کە لە هەموو لاوە کەوتووەتە ژێر هەرەشەی داگیرکەران مەگەر هەر بە فیداکاریی ڕۆڵەی ئاوای خۆی بپارێزرێ. تێکۆشانی کەسانی وەک سەحەر و پازارەکەی لە ڕاستیدا بەختی کورد و زمانی کوردین.
ئێستا کە پازار چاپ بووە، هیچ بۆم گرینگ نییە فەرهەنگەکەم بە دەست دەگا یان ناگا. ئەوەی بۆم گرینگە هەر بەو جۆرە چاپ بووە کە پێشتر ئەو خاتوونە گفتی دابوو. تا ئێستا چەندان نووسەر و خاوەن هزر ڕایان لە سەری نووسیوە و دەستخۆشییان پێ گوتووە. خاتوو شەهلا دەباغی پێشەکییەکی جوان و تەسەلی بۆ نووسیوە. بە ناوبانگترین زانکۆی کوردستان چاپی کردووە. ئەوانە هەموو ڕوونبوونەوەی سەداقەت و پاکیی ئەو خاتوونە بەڕێزەن لە کارەکەیدا. ئێستاش لەوە پەشیمانم کە بۆ هاوکاریی زیاترم نەکرد تا زووتر و کەم دەردیسەرتر ئەو گەنجینە بە نرخەی چاپ بکا.
یای سەحەری بەڕێز! پیرۆزباییت پێ دەڵێم

۶/۰۳/۱۴۰۱

ئەرکەکانی دوای یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات

⭐⭐⭐
یەکگرتنەوەمان پیرۆز کرد. هیوادارم ئەم حیزبە قەت جارێکی دیکە تووشی تەقینەوەی ناکۆکییە نێوخۆییەکان و لێکدابڕان نەبێتەوە. لەم هەلومەرجەدا هەموو لا پێویستە دەرس لە ئەزموونەکانی ڕابردوو وەرگرین و نەهێڵین جارێکی دیکە هەڵەکان دووپات ببنەوە.
⭐⭐⭐
ئێمەی ئەندامان دەبێ فێر بین ئەندامی حیزبی گەورە بین و خۆمان لە مەحفێل و ناوچە و شار و باڵباڵێندا نەدۆزینەوەو نەهێڵین ببین بە ئەندامی تاکێکی فەرماندە یان ڕێبەرێک. دەبێ ئەو ڕاستییە بزانین کە هیچ تاکێک شیاوی پەرەستن نییە. هەموو تاکێک بە پێی ئاستی بەرپرسایەتییەکەی بۆی هەیە تووشی هەڵە بێ و کەس لە هەڵە بێبەری نییە. بۆیەش نابێ هیچ تاکێکی بەرپرس ئەوەندە بەرز بکەینەوە کە دواڕۆژ نە بۆمان دابەزێندرێ و نە بۆخۆی بتوانێ دابەزێ.
⭐⭐⭐
ڕێبەران دەبێ عادەت بە ڕێبەریی کردنی حیزبی گەورە و کۆی حیزب و دەرەوەی حیزبیش بگرن و خۆیان و حیزبەکەیان لە ڕێبەریی کردنی دەستە و «مەحفێل» و ناوچە یان سەلیقەیەکی بەرتەسکدا بچووک و بچووکتر نەکەنەوە.
⭐⭐⭐
حیزبی دێموکرات هەڵگری هەر جۆرە سیاسەت و ستراتژییەک بێ و بووبێ، بۆ کوردایەتی و بۆ دەستەبەر کردنی مافەکانی نەتەوەی کورد و دامەزرانی کیانێکی کوردی بۆ کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دامەزراوە. بەو پێیەش نابێ لە ناو ئێرانی فیدراڵ یان دێموکراسیی ئێرانیدا خۆی لە بیر بچێتەوە. دەبێ کوردایەتی بە هەموو جومگەکانی بەڕێوەبەریی ئەو حیزبەوە دیار و بەرچاو بێ. لە باری فەرهەنگییەوە سەرچاوەی فێربوونی خەڵک بێ. پێویستە فەرهەنگی بە کوردی بەڕێوەبردن بە سەر حیزبدا زاڵ بێ و هەر لە بە کوردیی پاقژ قسە کردنی ڕێبەرانیەوە تا ناوی ئۆرگانەکانی، لە لابردنی ناوی بە کوردی نامۆی وەک "پذیرش" و "آموزش" و "تشکیلات" و "سیاسی - نظامی" و.. تا کەم کردنەوە و لابردنی دەستەواژەگەلی داگیرکراوانەی وەک "کوردستانی ئێران"، "کوردی ئێران" و وشەگەلی هاوشێوە لە ناو خۆیدا پێڕەو بکا.
⭐⭐⭐
لە کاتێکدا کە حیزب لە ناو خۆیدا پێویستە کوردایەتی بکا، ڕوو بە ئێرانییەکان دەبێ زمانی گەیاندنی ماف و خواستەکانی خۆی لێبڕاوانە و بە هەراوی، بە زمانی فارسی بگەیەنێ. بەربێژی سەرەکیی حیزب و تاکی حیزبی دەبێ نەتەوەی داگیرکەر و دەسەڵاتی داگیرکەری تاران بێ. ئەوەش بەوە جێبەجێ نابێ کە هەموو شتمان هەر بە زمانی خۆمان بێ. دەبێ کۆتایی بەو دیاردەیە بێنین کە بەردەوام گوێمان بۆ زایەڵەی دەنگی خۆمان شل بکەین. پێویستە بەستێنی خەبات بۆ ئەو گرینگە ئامادە و پەرە پێ بدرێ و بەر لە هەر شت مێدیای سەربەخۆی کوردتەوەری فارسیزمانی بۆ وەرێبخرێ. ئەزموونی تا ئێستا ئەوەمان پێ دەڵێ کە ئەزموونی مێدیای دووزمانە، ئەزموونێکی ناسەرکەوتوویە.
⭐⭐⭐
بە هێزیی هێزی پێشمەرگە و پاراستنی شکۆ و جێگە و پێگەکەی هاندەری هەموو بوارەکانی دیکەی خەباتە. ئەوپەڕی هەوڵ بدرێ کە پێشمەرگە لە شاخ دانەگەڕێ و لە ژیان لە ناو شار و لە پێدەشتەکانی باشووری کوردستاندا نەتوێتەوە. تەنانەت ئەگەر بە نرخی بە جێهێشتنی بنکەکانی دەشتی کۆیە بێ یان ناچار بن ئەو بنکانە بخەنە ژێر دەستی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە.
⭐⭐⭐
حیزبی دێموکرات خاوەنی هێزێکی زۆری ئینسانییە کە ئەو هێزە ئەگەر وەبەر کار نەنرێ، هەم پەڕەوازە و ناهومێد دەبێ و هەمیش حیزب تووشی قەتیسمان دەکا و دیاردەی نێگەتیڤ لە گەڵ خۆی دێنێ کە ئاشناترینیان باڵباڵێن و دەستە لێک ساز کردنە. بە سەرنجدان بە پەرەگرتنی ئامرازەکانی پێوەندی، دەیان بوار و بەستێنی جۆراوجۆر هەیە کە حیزبێکی نەتەوەیی خاوەن دەریایەکی ئاوای هێزی ئینسانی، بە کەمترین تێچوو دەتوانێ و دەبێ خەباتیان تێدا بکا. بۆ ئەوەش پێویستە ئەندامەکانی لە دەرەوە و ناوخۆ، بە جێی خولانەوەی بێ سوود لە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، بۆ خەبات لەو بوارانەدا ڕابهێنێ و بە سەر ئەو بەستێنانەدا دابەش و سازمانیان بدا تا هەر کەس بە پێی توانایی، شارەزایی، ئۆگری و پێویستی ئەرکدار بکرێ.
♀️♀️♀️
لە کاتێکدا بەشێک لە شرۆڤەکاران بە دووری نازانن شۆرشی داهاتوو لە ئێراندا لە سەر دەستی ژنان ئەنجام بدرێ، حیزب لە گەڵ ئەوەدا کە هەشتا ساڵ لەوە پێش یەکەم ڕێکخراوی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی دامەزراندووە، کەچی لە یەکسان کردنی ڕیزەکانیدا سەرکەوتنی بەرچاوی نەبووە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە ڕۆژانە کچانیش وەک کوڕان بە ڕیزەکانی حیزبەوە پەیوەست دەبن. بەڵام بەو هۆیە کە فەرهەنگی زاڵ بە سەر حیزبدا فەرهەنگی پیاوەتییە، ئەوان نەیانتوانیوە بمێننەوە و بە بارتەقای ڕێژەیان لە کۆمەڵگادا، لە حیزبەکەدا جێگا و نەخشیان نییە. پێویستە سیاسەت و ڕێکاری جیددی بگیرێتە بەر تا یەکسانیی نێوان ژن و پیاو بە هەیکەل و ستروکتوری هەموو حیزبەکەوە هەر لە ڕێبەری تا ئۆرگانەکانی خوارەوەی حیزب بە ڕوونی و بە ئاشکرایی دیار بێ. سیاسەتی یەکسان کردنی حیزب تا گەیشتن بە یەکسانیی ڕاستەقینە پێویستە لە ناو حیزب و لە بەڕێوەبەریی حیزبدا زۆر شێلگیرانە پێش بخرێ.
👥👥👥
عەداڵەت و بەرابەری نابێ بۆ دواڕۆژی سوسیالیزمی دێموکراتیک، لە حیزبدا پشتگوێ بخرێ. عەداڵەتی نێوخۆیی لە حیزبێکی سوسیالدێموکراتی شۆرشگێردا نیشاندانی نموونەیە بۆ چۆنیەتیی بەرێوەبەریی کۆمەڵگا لە دواڕۆژی گەیشتنی حیزب بە دەسەڵات و ئەو بەڵێنییە بە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە سبەی ئەزموونی حوکمرانیی باشوور لە ڕۆژهەڵات دووپات نابێتەوە. لەو چوارچێوەیەدا حیزب پێویستە زۆر بە جیدی بە گژ هەر جۆرە گەندەڵیی ناوخۆییدا بچێتەوە و نەهێڵێ جیاوازیی نێوان هەژار و دەوڵەمەند بە سیمای حیزبەکەوە و بە ڕۆحی ئەندامەکانیەوە دیار بێ یان ئاستی پێوەندیی نێوان بەرپرس و ئەندام یان بەرپرس و خەڵک بە سەر ناوەرۆکی ئاییننامە و پڕەنسیپەکانیدا زاڵ بێ.

۵/۲۹/۱۴۰۱

بە یادی پیری سەنگەری قزڵداغ

 ئەو ڤیدیۆیە ساڵی ٢٠١٥ لە بەرەبەری ساڵڕۆژی شەهیدبوونی هەباس چریک و هاوڕێیانیدا لە سەر تۆری فەیسبووک بڵاو کرایەوە و ئەمڕۆش کە ساڵڕۆژی شەهیدبوونی ئەو پۆلە شەهیدەیە، حەزم کرد جارێکی دیکە بڵاوی بکەمەوە؛


رۆژی ٢٠ی ٨ی ٢٠٢٢،  ٢٨ ساڵ بە سەر شەهیدبوونی تێکۆشەر و کادری بە وەجی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران - ڕێبەرایەتیی شۆڕشگێڕ، شەهید عەباس شەریفی ناسراو بە هەباس چریک و سێ هاوڕێی بە ناوەکانی خالید سنجاخی، سولەیمان سولەیمان پوور و جەماڵ پوور شەریفدا تێپەڕ دەبێ. ئەوان تیمی ڕێکخستنی ناوچەی محاڵی شاری مەهاباد بوون. لە درێژەی تێکۆشانی خۆیاندا، ئێوارەیەک ڕوویان لە گوندی بادام لە داوێنی قزڵداغ کرد کە بە داخەوە کەوتنە ناو بۆسەی دوژمنەوە و شەهید بوون. 


 ئێمە وەک هێزی پێشەوای لایەکەی دیکەی حیزبی دێموکرات، لە ناوچەی مەهاباد بووین کە هەواڵی شەهید بوونی ئەو پۆلە پێشمەرگەیەمان پێ گەیشت. بە بیستنی نەک خەمبار بووین، تاساین. ئەگەرچی هەتا ئەو دەم هێشتا لە دوو لایەنی لێکدابڕاوی ئەو سەردەمی حیزبدا خەباتمان دەکرد، بەڵام بە داخ بووین ئەو پۆلە پێشمەرگە قارەمانەمان لە دەست دا. ئاخر چاوەڕوانیمان دەکرد بە زوویی ببینەوە بە هاوسەنگەر و هومێدمان لە سەر تواناییەکانی یەکتر بۆ بە گژداچوونەوەی داگیرکەر هەڵچنیبوو. دەمێک بوو کاک عەبدوڵای شەریفی کە وەک بەرپرسی کۆمیتەی شارستانی مەهاباد لە کاتی بیستنی هەواڵەکەشدا لە گەڵمان بوو و مانگێک دواتر بە داخەوە ئەویشمان لە دەست دا، بە چڕی هەوڵی تواندنەوەی بەستەڵەکی نێوان ئەو دوو لایەنەی دەدا و ببوو بە پێشەنگی وەسەریەک خستنەوەی ریزەکانی حیزبەکەمان. 



ئەو ڤیدیۆیە شین و لاواندنەوەی شوانێکی ناوچەکەیە بۆ ئەو پۆلە شەهیدە. مرۆڤێکی وەفادار کە دوای تێپەڕبوونی ساڵانێکی زۆر بە سەر ئەو ڕووداوە دڵتەزێنەدا، خۆشەویستیی ئەوانی هەروا لە دڵدایە و بە سۆز و سادەییەوە بۆیان دەگری و بۆیان دەخوێنێ. لە ڤیدیۆکەدا چەند جار ناوی قزڵداغ دێنێ کە ئەو کێوە پێگەیەکی گرینگ بوو بۆ کادرەکانی ناوچە و تیمەکانی ڕێکخستن. زۆر جار هەباس چریک وەک پیری ناو سەنگەری قزڵداغ ناوی دەهات. کێوەکە لە ناوچەی محاڵی ئەختاچی مەهاباد هەڵکەوتووە. کەوتۆتە نێوان ئاواییەکانی بادام، بەردەرەشان، تەنگ باڵەکە، قوڵقوڵە، ئازاد و عەوڵاباد و بە سەر دەشتەکانی شامات، شاروێران، چۆمی مەجیدخان و ناوچەی محاڵدا دەڕوانێ. 

یادی شەهیدان هەباس چریک، خالید سنجاغی، سولەیمان سولەیمانپوور و جەماڵ پوور شەریف و هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان بەرز و بەڕێز بێ.

۵/۲۲/۱۴۰۱

چەند تێبینی‌م سەبارەت بە پێشەوای مەزن و بنەماڵەی بەڕێزی قازی



بەڕێزێک ئەو ئاگاداریەی خوارەوەی بڵاو کردۆتەوە:
(بۆ ئاگاداری ڕای گشتی و هەموو خزمان و دۆستان و نیزیکانی کۆچی تاقانەکەی پێشەوا جەنابی کوڕی ڕەش ئاغا، ئێمه وەکوو بنەماڵەی جەنابی سەعدولقوزات له ئێستاوە پشتیوانی خۆمان بۆ جێگرەوەی بەڕێزیان کاک کاوە قازی دەردەبڕین و حازرین بە هەموو شێوەیەک و هەموو جۆرێک پشتیوانی بەڕێزیان بین و کاک کاوە وەکوو جێگرەوە و جێ‌نشینی کۆچکردوو جەنابی کوڕی ڕەش ئاغا دەناسین و ئامادەیی خۆمان بۆ هەر چەشنە ئەوامیرێکی بەڕێزیان دەردەبڕین هیوادارم کاک کاوە بتوانن لەو ئەرکە پیرۆزه وەکوو هەمیشه سەربڵند و موەفەق بن،
بەسپاسەوە لە لایەن بنەماڵەی میرزا مەجید سەعدولقوزات)
مادام ئەو ڕاگەیاندنە ڕووی لە "ڕای گشتی‌"یە، بە پێویستم زانی ئەو تێبینی‌یانەی خوارەوە بە گوێی نووسەر یان نووسەرانی بگەیەنم:
یەکەم؛ سەردەمی عەشیرەگەری و کۆپی کردنی ئەو سیستمە گەندەڵەی لە باشوور حاکمە، بۆ ڕۆژهەڵات ئێکسپایەر بووە.
دووهەم: وەک میرات و باو، لە ناو بنەماڵەدا ئاسایی‌یە کوڕ جێگای باوک بگرێتەوە. بە تایبەت کە کاک عەلی خودا عافووی کا، نە پاشا بوو، نە سوڵتان بوو و نە ئاغا و فیئۆدال. مرۆڤێک بوو وەک هەموو مرۆڤی ئەم سەرزەمینە و باوکێکی ئاسایی بۆ مناڵەکانی خۆی. ئیدی ڕاگەیاندنی جێگرەوە بۆ بەرچاوی بیروڕای گشتی، بۆ چی و بۆ کام مەبەست و بۆ چ دەسەڵات و پۆست و پلە و پایەیەک؟
سێهەم؛ سەردەمی بەیعەت و بەیعەتکارییش بە سەر چووە. بە تایبەت ئەگەر بەیعەتخواز شێخ و پیری تەریقەت نەبێ و هیچ دەسەڵاتێکیشی نەبێ ئەوە هەر زۆرتر بێ جێ دەنوێنێ.
چوارەم؛ پێشەوای مەزن بە ئاکار و گوتاری خۆی نیشانی دا کە قەت لە گەڵ ئەو سیستمی سیلسیلایەتی و پاشایەتییە نییە. حەزی لە شایەتی با، سیستمی پاشایەتی دادەنا و خۆی دەکرد بە قازی محەممەد شا و کوڕی ڕەشیش بە وەلیعەهد! بەڵام ئەو ئەوەی نەکرد و سیستمی کۆماریی دانا. چونکە کۆماری کوردستانی نە بۆ خۆی یان بۆ بنەماڵەی قازی بەڵکو بۆ خەڵکی کوردستان دانا. لە سەردەمی کۆماری کوردستانیشدا هەمیشە خۆی لەوە پاراست کە بنەماڵەی قازی بکا بە کاربەدەستانی سەرەکیی کۆمار و خەڵکی دیکە پەڕاوێز بکا. لە کابینەکەیدا تەنیا شەهید حەمە حوسێن خانی سەیفی قازی لە بنەماڵەی قازی، وەزیر بوو. باقی وەزیرەکان و کاربەدەستانی پلە بەرزی دیکە لە خەڵکی دیکەی کوردستان بوون.
پێنجەم؛ بنەماڵەی قازی پڕە لە پیاو و ژنی زانا و ئازا. بۆخۆیان مێژوویەکن لە قارەمانەتی و زانایی. کتێبخانەیەکی گەورەن بۆ کورد. زۆریان لە کاک عەلی گەورەتر، زاناتر و تێکۆشەرتر بوون و هەن.
شەشەم: بنەماڵەی قازی بەشێکن لە خەڵکی تێکۆشەری کورد. نە زیاترن و نە کەمتر. گەورە و بچووکیی ئەوان و هەموو ئینسانەکان بە ئاستی کار لە دەست هاتوویی و تێکۆشانیانە. بۆیە هیچ پێویست ناکا بیانکەی بە عەشیرەت یان ئەو هەموو ئاغا ئاغایەیان لێ بار بکەی و لەو خەڵکەیان جیا بکەیتەوە.
حەوتەم: مرۆڤەکان ئەگەر کاریان لە دەست بێ، خۆ بە بنەماڵە و هۆز و عەشیرە یان ئەم کەس و ئەو کەسایەتییەوە هەڵناواسن.
هەشتەم: لە گەڵ ئەوەدا کە زۆرم لە سەر بنەماڵەی قازی خوێندۆتەوە و دوور و نیزیکیش بەشێکیان دەناسم، یەکەم جارە وشەی "سەعدولقوزات"م گوێ لێ دەبێ.
ڕێز و حورمەت

۴/۳۰/۱۴۰۱

محەممەدی مەولوودی کورد

تاهیر قاسمی

ماوەیەکە وەک جاران لە خوێندنەوەدا بە بڕشت نیم و کار و
گرفتی ڕۆژانەش ئەوەندە کاتت بە دەستەوە ناهێڵێ بەڵام "کوردبوون"ی کاپیتان حەمەدی مەولوودە چرچم یەکبین خوێندەوە. کەمتر وا هەبووە کتێبێک دوو جار بخوێنمەوە بەڵام "کوردبوون"م جارێکی دیکەش خوێندەوە. هەڵدەگرێ جاری دیکەش بیخوێنمەوە. ئەوەندەی کار لە سەر کردم کە ڕەنگە بۆ ماوەیەک نەتوانم بگەڕێمەوە سەر خوێندنەوە و نووسینی ئەو بابەتانەی لە بەر دەستم دان. جاری وایە کە هەستێک دامدەگرێ، تەنیا بە نووسین دەتوانم خۆمی لێ دەرباز بکەم. ئەم بابەتەش بۆیە دەنووسم تا تەمی کارەساتەکانی "کوردبوون" لە سەرم بڕەوێ و بتوانم بگەڕێمەوە سەر کارەکانی خۆم.

نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە تایبەت بۆ ناوچەی موکریان و شاری مەهاباد، سەردەمێکی پڕ لە ڕووداو و کارەسات بوو. ناوچەیەک کە ببوو بە گۆڕەپانێک بۆ ململانێی سیاسی و چەکداریی دەسەڵاتە ناوچەیی و جیهانی‌یەکان. بە تایبەت ململانێی نێوان دوو زلهێزی عوسمانی و ڕووس. ئیعدامی چەندان کەس لە ڕێبەرانی سیاسی و ئایینیی ناوچەکە بە دەست ترکانی عوسمانی، کوژرانی سەرکۆنسوولی ڕووس، کۆمەڵکوژ کردنی خەڵکی سابڵاغ لە لایەن سپای ڕووس، قاتی و قڕبوونی خەڵکی ناوچەکە لە برسان، سەرهەڵدانی نەخۆشیی گشتگیری تاعوون، شۆرشی سمکۆ و هاتنی بۆ ناو شاری مەهاباد، قەدەغە کردنی جلوبەرگی کوردی لە لایەن دەسەڵاتی ڕەزاشا، دامەزرانی کۆمەڵەی ژێکاف، دامەزرانی حیزبی دێموکرات، کۆماری کوردستان و سەرەنجام ڕووخانی کۆمار و ئاوارە بوونی تێکۆشەران لە ڕووداوە زۆر گرینگەکانی ئەو سەردەمەن. حەمەی مەلوودە چرچ پێ بە پێی ئەو ڕووداوانە خڕەکە بوو، گەورە بوو، بوو بە لاو، بوو بە پیاو و سەرەنجام وەکوو باهۆی چەک بە دەستی ژێکاف و دواتر وەک کاپیتان و فەرماندەیەکی هێزی پێشمەرگە لە حکومەتی کۆماری کوردستاندا تێکۆشا. ئەو لە کوردبووندا پێ بە پێی گەورە بوونی خۆی، لەو ڕووداو و پێشهاتانەشمان بۆ دەگێڕێتەوە. ئەگەرچی خوێنەری کورد پێشتریش لە زمان کەسانی دیکەوە کەم و زۆر لە گەڵ گێڕانەوەی ئەم ڕووداوانە ئاشنایە بەڵام ئەوەی کوردبوون لە زۆربەی گێڕانەوەکانی دیکە جیا دەکاتەوە، پێگەی کۆمەڵایەتیی جیاواز، ئازایەتی لە گێڕانەوەدا و ژیانی نووسەر لە گەڵ ڕووداوەکانە.

کاپیتان ئەوەندەی چەرمەسەری لە ژیاندا دیتووە و ئەوەندە لە ناو چەقی کارەسات و ڕووداوەکاندا ژیاوە، پێی حەیفە نەیانگێڕێتەوە، پێی حەیفە ئەوەی دیتوویەتی نەنووسرێتەوە و ئەوەی بە سەری هاتووە لە گەڵ خۆی بچنە ژێر گڵ. بۆخۆی خوێندەوار نییە. وەک دەڵێ کەچە سەوادێکی لە زینداندا پەیدا کردووە بەڵام تێیڕانابینێ دەرەقەتی نووسینەوەی ئەو هەموو کارەساتانە بێ. هەر دەست بە قەڵەمێکی دیتبێ، پرێسکەی دڵی خۆی بۆ کردۆتەوە تا بەڵکو ئەو دیکۆمێنتە مێژوویی‌یانەی کە ئەو لە سینگی خۆیدا هەڵیگرتوون، لە فەوتان ڕزگار بکا. بەربێژەکانی بە تەواوی هەست بەو گرینگییە ناکەن. یان لانیکەم کاپیتان پێی وا بووە ئەوان گرینگی بە داواکەی نادەن. ناچار بۆخۆی دەست دەداتە قەڵەم و بە کوێرەکوێر و دەستەکوتە دەیاننووسێتەوە. بەڵام وا دیارە ئەمجار دۆستان و ناسیاوانی، ئەو بە شایانی نووسینەوەی ئەو بیرەوەریانە نازانن. یان ڕەنگە پێیان وابووبێ شتێک دەنووسێتەوە کە "زیانی بۆ پەز هەبێ." چەند جار دەسنووسەکانیان لێ وەرگرتووە و لێیان دە قۆلە هاویشتووە. ئاخر جاریش ترساندوویانە و ناچاریان کردووە بیانسووتێنێ و بیانبەتڵێنێ. بە خۆشیەوە خۆشەویستیی کچانەی یای ڕووناک بۆ باوکی و بە پێچەوانە، دە فریای ئەو دەسنووسە خواروخێچ بەڵام پڕ بەهایانە کەوتووە. ئەوەی ماوەتەوە بە هەوڵ و پێداگریی ئەو تاقە یادگارەی غەریبایەتیی کاپیتان، لە سەر کڵی ئاگر گەڕاوەتەوە و لە سووتان و فەوتان ڕزگار کراوە. دوای ڕزگار کردنیان لە سووتان، بێ ئەوەی بزانێ چیان تێدا نووسراوە، بۆ ماوەی چەند دەیە لە سندووقە یادگاریەکەی باوکیدا وەک گلێنەی چاوەکانی دەیانپارێزێ. دوا جاریش کاک وریای ماملێ نەوەی کاپیتان، کە هەست بە بوونی ئەو دەسنووسانە دەکا، سۆراغیان دەگرێ، وەریاندەگرێ، کاریان لە سەر دەکا، ساغیان دەکاتەوە، بەڵگەمەندیان دەکا و لە توێی کتێبێکدا پەڕاوێز و پاشکۆی بۆ دەنووسێ، وتە و لێدوانی ئاگادارانی بۆ وەردەگرێ و ئەوانەی پێشتر لە بارەی کاپیتان نووسراون یەک بە یەک کۆیان دەکاتەوە و وەک گەنجینەیەک لە مێژووی زارەکیی کورد بە دەست خوێنەری تامەزرۆی دەگەیەنێ.

حەمەی مەولوودە چرچ سەر بە چینی هەرە هەژاری کۆمەڵگای ئەو سەردەمی کوردستانە. سەرەڕای هەژاری، گەورە بوون لە بن دەستی زڕدایکێکی هار و باوکێکی پێمل بە قسە و بڕیاری زڕدایک، ژیانی ئەویان هیندەی دیکە سەخت و ئاستەم کردووە. بەڵام حەمە لە کوردبووندا وێڕای گێڕانەوەی بەدبەختیەکانی ژیانی خۆی، لە ڕووداوەکانی دەوروبەری غافڵ نییە. سەرەڕای دەربڕینی ناخی خۆی، کۆمەڵگاکەیشیمان کەم و زۆر پێ دەناسێنێ. ئازایەتی، پاکی و ڕاستگۆیی لە گێڕانەوەدا وا دەکا کە ڕووداوەکانمان زۆر بە ڕوونی پێشان بدا و هۆ و ماکەی زۆر ڕووداو و کارەساتیشمان بۆ ڕوونتر بکاتەوە. بۆ وێنە کاتێ کۆمەڵکوژ کردنی خەڵکی سابڵاغ لە لایەن لەشکری ڕووسانمان بۆ دەگێڕێتەوە و تەنانەت دیمەنی پەڕاندنی سەر خەڵکەکەمان وەک فیلمێک پێشان دەدا، پێشتر بۆمانی ڕوون کردۆتەوە کە ئەو خەڵکە چۆن بە دین فریو درابوون و شێخ و مەلا و قازی و خەڵیفە چۆن دەستیان دە دەستی دەسەڵاتی تورک نابوو تا لەو خەڵکە هەژارە هێزی شەڕکەر بۆ سپای عوسمانی لە شەڕی جیهانیی یەکەمدا کۆ بکەنەوە:
"(لەشکری تورکان) ڕۆژی جومعان بۆ نوێژی جومعە بە مەشقی سەربازی دەهاتنە مزگەوتی سوور. عالەمی ئەو شارە وەک پەنجەی دەستان دەهاتن بۆ زیارەتی ئەو تورکانە. زۆر کەسی وا بوو زەیارەتی دەستگیر نەدەبوو بە هەناسەساردی دڕۆیشتەوە ماڵ وەک بڵێی دونیا کۆتایی پێهاتبێت."
یان؛
"(تورکەکان) لەشکرێکی زۆریان لە خەڵکی سابڵاغ کۆ کردەوە کە بەشی هەرە زۆریان خۆبەخش بوون. خۆشییان دە دڵیدا دەگەڕا کە دەچن بۆ خەزایە. پێیان وا بوو بێتوو بکوژرێن ئەوە شەهیدن و نەشکوژرێن، ئەوە بەشداری خەزایان کردووە و فەڕزی ئیسلامیان بە جێ گەیاندووە."

دامەزرانی کۆمەڵەی ژێکاف و دواتر کۆماری کوردستان، وێستگەیەکی زۆر گرینگ لە ناوەرۆکی کوردبوونە. لەو بەشەدا خوێنەر کێشە ناوخۆییەکانی، هەڵکرانی ئاڵای کوردستان و دامەزرانی کۆمار، کەسایەتیی پێشەوا قازی محەممەد و کاربەدەستانی دیکەی کۆمار دەخوێنێتەوە. لە هەڵوێست و هەڵسوکەوتی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی ئەو کاتی کۆمەڵگای کوردستان لە حاند کۆماری کوردستان و دەسەڵاتی ناوەندیی تاران حاڵی دەبێ. هەر لە ئەوانەوە کە ڕاستەوخۆ دژی کۆمار بوون و هێندێکیان بڕیاری کوشتنیان درابوو تا ئەوانەی لە سەرەوە لە گەڵ کۆمار و لە بنەوە لە گەڵ دەسەڵاتی ناوەند بوون و ئەوانەش کە دەست بە گۆچان لە گەڵ کۆمار دەڕۆیشتن و نەیاندەویست پردی دواڕۆژی خۆیان بڕووخێنن. خوێنەر ئەو زانیاریانە لە هزر و ڕوانینی کەسێکەوە وەردەگرێ کە بۆخۆی نە سەر بە چینی دەسەڵاتداری شێخ و ئاغا بوو، نە فەقێ و مەلای ناو حوجرە و مزگەوتان و نە لە خوێندەوارانی سەر بە چینی وردە بورژوای شار کە سەرجەم کورسیەکانی بەڕێوەبەریی کۆماریان پڕ کردبۆوە. ئەو پێشتر کرێکارێکی زەحمەتکێش و پاشان پێشمەرگە و فەرماندەیەکی نەخوێندەواری تا سەر ئێسقان کورد بوو. لەوانەی دواتر بە هەراوی تێکەڵ بە بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کوردستان بوون و لە پێناو سەرخستنی خەباتی نەتەوەکەیاندا، دەریایەک خوێنیان دا بێ ئەوەی چاوەڕوانی نان و ناوێک لە خەباتەکەیان بکەن. کاپیتان محەممەدی مەولوودی لەو کەسانە بوو کە بەو پەڕی سەداقەت و لە خۆبوردوییەوە لە خزمەت بە کۆماردا، دژ بە دوژمن "دواڕۆژ و مواڕۆژی تێدا نەهێشتەوە". لەوانەی کە تا ئێستا کەمتر خزمەتەکانیان دیتراوە و لە دواڕۆژی خەباتدا کەمتر خوێندراونەتەوە.

بەشێکی دیکەی گێڕانەوەکانی کاپیتان، بۆ سەردەمی ڕووخان و دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان و ئاوارە بوونی ئەو و تێکۆشەرانی دیکە دەگەڕێتەوە. ئەگەر لە ژان و ئازارەکانی هەڵاتن و ئاوارەیی بگەڕێین، فیداکاری و لەخۆبوردوویی خەڵکی باشووری کوردستان بۆ ڕزگار کردن و داڵدەدانی تێکۆشەرانی کۆماری کوردستان لە زمان نووسەرەوە مچوڕک بە لەشی خوێنەردا دێنێ و شانازیی کوردبوون بە خوێنەری کورد دەبەخشێ. تەنانەت شێخەکان کە پێشتر حەمە لە دیوی کوێستان بە دەستیانەوە دەیناڵاند، لە دیوی گەرمێن بۆی دەبن بە پشت و پەنا و ئامادەن لە سەر ئەو ململانێ لە گەڵ دەسەڵاتە داگیرکەرەکان بکەن و مریدان و نیزیکانی خۆیانی بۆ فیدا بکەن.

کوردبوون خاوەنی چەندان تایبەتمەندییە کە ئەگەر کاک وریا نێوەنێوە خەتە خوار و خێچەکەی کاپیتانی دانەنابا و بەردەوام وەبیری نەهێناباوە، خوێنەر هەستی نەدەکرد نووسینی کەسێکی کەم خوێندەوار و کەم ئەزموون لە نووسیندا دەخوێنێتەوە. کاپیتان لە گێڕانەوەدا خاوەن زمانێکی ڕەندانە و تایبەتە؛ "هەڵیهێنام و وەبەر ماچانی دام"، "لە پڵاو و گۆشتیان گرتم"، "هێلکەو ڕۆنم خوارد و چایەکیشم بەسەردا کرد"، "یەکترمان وەبەر ماچان دا"، "یەکترمان بە خۆوە گوشی"، "ملمان دەبەر ملی قسان نا"، "ئامبازم بوو و دەئامێزی گرتم". بە خوێندنەوەی کوردبوون گەلێک وشەی کەمتر لە بیر ماوی وەک زنج، قارەوانە، جامین، بادەوە، هۆمەن، گرژاڵ و... وەبیر هێنراونەتەوە و زیندوو کراونەوە. ناوی زۆر شوێنی وەک باغی حەسەنخان، مێشەی کوردان، باغی ساوا (پەڕاوێز)و.. کە لە گۆرانیاندا تۆمار کراون و لە یاداندا نەماون لە کوردبووندا تۆمار کراونەتەوە و وەبیر هێنراونەتەوە. تەنانەت لە گێڕانەوەشدا تووشی شێوازێکی شیرین و کەمتر دەکارهاتوو دەبین. زۆر جار زەمانی گێڕانەوەی ڕووداو دە ناو ڕووداودا بۆ زەمانی حاڵ دەگۆڕێ. ئەو شێوە گێڕانەوەیە ئەگەرچی لە زمان بە ساڵاچووانی ناوچەکەوە دەبیسترێ بەڵام لە نووسین‌دا کەمتر باو بووە؛ "... (زڕدایکم) وەسەر پلیکانان دەکەوێ و منیش بە دووی دا. بۆ چما هەر دوو مەنجەڵان لەو حەوایەی ڕا بە سەرمدا نادا! لەو سەرەی ڕا خوللۆر دەبمەوە خوارێ و دەمرم و گیانم دەبەردا نامێنێ.." سەرەتا کە دەستم بە خوێندنەوە کرد و تووشی ئەو حاڵەتە هاتم، هەستم بە قۆرتێک لە خوێندنەوەدا کرد. لە دڵی خۆمدا گلەییم لە بەڕێز وریا ماملێ کرد کە بۆچی ئەو شێوە گێڕانەوەیەی نەگۆڕیوە و نووسینەکەی ڕەوان نەکردووە بەڵام کە زیاتر دەنێوە چووم و لێی ڕاهاتم، هەستم کرد ئەو شێوەیە چێژێکی زۆر خۆش و تایبەتی بە گێڕانەوەکان داوە.

سەرجەم بەشەکانی کوردبوون و یەک بە یەکی بەسەرهات و ڕووداوەکان لە زمان کاپیتانەوە بۆ ئەوە دەبن هەڵوێستەیان لە سەر بکرێ و لە سەریان بنووسرێ. ژیانی کاپیتان پڕاوپڕە لە خەبات و ئازایەتی. ئەگەر لەوە زیاتر خوێندەوار با یان دەست بە قەڵەمێکی بە توانا و دڵسۆزی بە دەورەوە با، بەسەرهاتی حەمەدی مەولوودی ئێمە زۆر لە حەمەدۆکی یاشار کەماڵ ئەستووتر و سەرنجڕاکێشتر دەبوو. سەرەڕای فەوتانی بەشێکی گرینگ و بەرچاوی دەسنووسەکان، کتێبەکە پڕە لە گێڕانەوەی ڕووداوی سەرنجڕاکێش و زیاتریش تراژیک و خەمهێنەر. بەڵام تراژێدیترین بەشی کوردبوون ئەو بەیانییەیە کە دەسەڵاتی پاشایەتی لە تاران ڕووخاوە، کوردستان کەوتۆتەوە دەست هێزی پێشمەرگە، کاپیتان بلیتی فڕۆکەی بڕیوە، بۆینباخی بەستووە و لە خۆشی گەڕانەوەی بۆ کوردستان، لە چاوەڕوانیی هاتنی کچەکەیدا کە قەرارە بە دوایدا بێ و بیبا بۆ فڕۆکەخانە، لە سەر مۆبڵەکەی دڵی تۆقیوە. لەوێ، دوای خوێندنەوەی ئەو هەموو کارەسات و بەسەرهاتە لە پێناو کوردبووندا، خوێنەر بە لە دەستدانی یەک لە شەیداترینەکانی کوردستان دڵی توند دەبێ و داخ و مخابن بۆ گۆڕغەریب بوونی ئەو خەباتکارە لە هەناویدا پنگ دەخواتەوە. خەباتکارێکی دڵسۆز کە شایانی ئەوەیە لە گۆڕەپانێکی شارەکەیدا پەیکەری بۆ بڕازێندرێتەوە تا لە گوێن نووسراوی سەر کێلەکەی، ناوی "محەممەدی مەولوودی کورد" بۆ هەتاهەتایە لە یاد و هزری شارەکەی و وڵاتەکەیدا بمێنێتەوە.

بابەتی نوێ:

سوججەی سوور

لە کوردستان جۆرێک ماری ڕەنگ سووری کاڵ یان ئاڵ هەیە کە ماری سجە، سوجە یان سوججەی سوور و هەروەها "شیلە" ماریشی پێ دەگوترێ. مارەکە بێ...