۸/۰۳/۱۳۹۵

بێڵندانە یان بەڵێندانە

 یەک لەو جێژنە کۆن و لەمێژینانەی کورد کە لەم ساڵانەی دواییدا سەرلەنوێ برەوی سەندوەتەوە، جێژنی "بێڵندانە"یە. جێژنێک کە لە بەشە جۆراوجۆرەکانی کوردستاندا بە ناوی جیاوازی وەک جێژنی سەرە، سەدە، سەتەی مەڕی، بەهاری کوردی، بەهاری سەکران، کۆسە، تربێ  و سەرەنجام بێڵندانە بە نێوبانگە. لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئێران ، ئەفغانستان و ئاسیای ناوەڕاستیشدا ئەو جێژنە بە ناوی جۆراوجۆری وەک خێرپەچار، کوردە، جێژنی شوانان، هەلەهەلە، کوردعەلی کێو، چیللە قاشدی، بەهمەنجە و سەدەی سۆز یان سەدە سۆزی بەر گوێ دەکەوێ کە ئاسەواری کوردی‌بوون بەسەر بەشێک لەو ناوانەشەوە پارێزراوە.  لە ناوچەی هەورامان و لای پێڕەوانی ئایینی یارسان، جێژنی پیرشالیار لە نیزیکترین چوارشەممەی کۆتایی چلەی گەورەدا دەگیرێ کە گومان دەکرێ شێوەیەکی دیکەی هەمان جێژنی بێڵندانە بێ. لەنێو ئێزدییەکانیش‌دا ساڵانە جێژنێک بەناوی "بێلندێ" یان "بێلندە" دەگیرێ کە دەکەوێتە حەوتووی دووهەمی چلەی زستانەوە. بەو پێیەش کە لە دیوی گەرمێن تەنیا یەک چلەی چل ڕۆژە هەیە کە لە ٢٥ ڕۆژ دوای زستان دەست پێ دەکا و ٢٤ یان ٢٥ ڕۆژ بەر لە نەورۆز کۆتایی دێ، بێڵندێ مەودای زەمانیی زۆری لەگەڵ کۆتایی چلەی گەورە و جێژنی بێڵندانە لە دیوی کوێستان نییە. 
 جێژنی سەدە یان بێڵندانە دەکەوێتە کۆتایی چلەی گەورەوە. واتە دوای تێپەڕینی چل رۆژ لە زستان، لە ١٠ی ڕێبەندانی هەموو ساڵێکدا دەگیرێ. هەڵبەت بە پێی ناوچە جۆراوجۆرەکان و نەبوونی کاڵێنتێری و ڕۆژژمێرێکی یەکگرتوو، جێژنی بێڵندانە هەموو ساڵێ و لە هەموو ناوچەکان وێکڕا بەڕێوە ناچێ و لە چل تا چل و پێنج رۆژ زستان، جیاوازی تێدایە. جیاوازییەکەش لەنێوان جێژنی کۆتایی چلەی گەورە یان جێژنی دوولایی بوونی زستان لە چل و پێنجەمین ڕۆژی زستاندایە. 
بێڵندانە وەک دیکەی جێژن و بۆنە مێژووییەکانی کورد تۆزی فەرامۆشی لەسەر نیشتوە و بە دەگمەن ئاوڕی لێ دراوەتەوە. لەبەر ئەوەش هەتا ئێستا لێکۆڵەرانی کورد کەمتر خۆیان لە ناسین، ناساندن، چۆنیەتی و کەلتوری بەڕێوەچوونی، فەلسەفە و بنەمای جێژنەکە و ماکی وشەی بێڵندانە داوە. هەر ئەوەش هۆی ناڕێکی لە کات و چۆنییەتیی بەڕێوە چوونی بۆنەکەیە و ڕەنگە زۆر داب و نەریتی پێوەندیدار بەو جێژنەش لەبیر چووبنەوە. دەگوترێ بۆنەکە پێوەندی بە کەمبوونەوەی بارینی بەفرەوە هەیە و لەسەر ئەو بۆچوونە، وشەکەش لە سێ بەشی "بێڵ + ن + دانا" پێکهاتووە کە بەپێی بنزاراوەی مەنگوڕایەتی، بە واتای "بێڵمان دانا" یان "بێڵی بەفر ماڵینمان دانا"، شی کراوەتەوە(١) کە ئەوە لێکدانەوەی ڕواڵەتی وشەکەیە و زۆر جێی متمانە نییە.
سەبارەت بە چۆنییەتیی بەڕێوەچوونی جێژنی بێڵندانە، ئاورێکی گەورە لە گۆڕەپانی بەرینی ئاوایی‌دا دەکرێتەوە و کوڕ و کچ بەدەوری ئاگرەکەدا کۆ دەبنەوە و خۆشی دەگێڕن. ئاگرکردنەوە نەریتی هاوبەشی هەموو ئەو جێژنانەیە کە لەو سەروبەندەدا بەناوی جۆراوجۆر لە شوێنە جیاوازەکانی ئێران و کوردستان‌دا دەگیرێ. لە جێژنی بێڵندێ‌دا هەر ماڵێکی ئێزدی لەبەر دەرگای خۆی ئاور دەکاتەوە و منداڵان بەسەر ئاگرەکەدا بازبازوکێن دەکەن. یەک لە دابەکانی ئەو جێژنە پێشبینی کردنی بەروبوومی ساڵی داهاتوو بە هۆی ئەو ئاگرەوەیە. بەو جۆرە کە "دارێکیان لە نێوەڕاستی ئاورەکە دەچەقاند لایەکی گوڵەگەنمیان پێ هەڵدەواسی و لایەکەی دیش مازوو. ئەگە دارەکە بە لای گەنمەکەدا کەوتبا ئەوە دەیانکوت دەغڵ و دان زۆر دەبێ، ئەگەریش بە لای مازۆکەدا کەوتبا دەیانکوت ڕسق و ڕۆزی زۆر دەبێ."(٢) لە هێندێک ناوچەی دیکە بەجیی دوو، "چوار ئەستوندەکی گەورە بەرپا دەکەن، لەسەر هەر ئەستوندەکێک بەرهەم و بەرەچەیەک دادەنێن، هەر کاتێک ئەستوندەکی ناوەندیی ئاورەکە لەکاتی سووتان بەرەو لایەک چەماوەتەوە خەڵک لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئەو بەرەمە لە کشتوکاڵ خێری تێدا دەکەوێ و فراوان دەبێ."(٣) ئەم پێوەندییەی نێوان بێڵندانە و کشتوکاڵ لە ڕێوڕەسمی بەڕێوەچوونی جێژنی بێڵندێی ئێزدی‌دا زیاتر بەرچاوە و زۆربەی نەریتەکانی جێژنی بێڵندێ وەک کردنەوەی ئاگر لە پێشوازیی گادا کە بە "گورگەگا" ناسراوە یان هەڵاویشتنی میوە و مێوژ و خورما بەسەر لاوان و منداڵاندا، پتر پێوەندیی نێوان ئەو جێژنە بە ژیانی کشتوکاڵ و جوتیارییەوە پێشان دەدا. نەریتێکی دیکەی ئەو جێژنە لە نێو ئێزدییاندا سازکردنی جۆرێک کوللێرە بە مێوژ بەناوی خەولێر یان خەورایە کە لەشێوەی هەتاو ساز دەکرێ و میوانانی پێ بەڕێ دەکرێ.(٤) لە ئاستی ئێرانیش‌دا پێوەندیی جێژنی سەدە و ژیانی کشتوکاڵی دەبیندرێ. لە هەرێمی کرمان "جووتیارەکان خۆڵەمێشی ئاگری سەدە بەسەر زەوییەکانیاندا وەردەکەن و پێیان وایە خۆڵەمێشی سەدە خێر و بەرەکەت بە زەوییەکانیان دەدا."(٥)
ئەم نەریتی گڵ و خۆڵ بەسەر هەرددا وەرکردنە بە جیاوازییەوە لە بەیتی برایمۆکیشدا هاتوە بەڵام نە بۆ پیتاندنی زەوی بەڵکو بۆ ئەوەی بەهار زووتر لە وادەی خۆی بگاتێ و بە کاوی دڵی خۆی بگا:
میرحەج بە برایم دەڵێ: 
«ڕێی کوێستانێ بێتەوە، دەنێرم خاتوون پەریخان بێننە ئێرە، دەتانکەم بە بووک و زاوا».
کە برایم ئەو قسەی میری بیست تەواوە،
شەوێ هەتا ڕۆژ، سەوەتێکی پەیداکردبوو، گڵ و پەینی بۆ قەندیلی مامەکۆیییان کێشاوە.
ڕۆژێکی گوتی: «میر! بەقوربانت بم سەری کوێستانان ڕەشبەڵەک بوو بەفر لە هیچ کوێ نەماوە».
خانم پێکەنی، گوتی: «میر تەماشای برایمی کە، هێشتا نیوەی زستانێ نەبووە؛
شەوێ هەتا ڕۆژ ئەو فەقیرە گڵی بەکۆڵی کێشاوە.
ئەو زەحمەتەشی هەروەک خزمەتی تۆیە ئەگەر ئەتووی دە کووچە و کۆڵانان گێڕاوە
میر نابێ چ کاران بکەی، هەتا کاری برایمۆکی دەکەی تەواوە».(٦)
گومان دەکرێ نەریتی خۆڵەمێش وەرکردن بەسەر عەرز و لەڕاستیدا بەسەر بەفردا کردن لە جۆرێک باوەڕی هاندانی زەوی بۆ گەرم داهاتن و توانەوەی بەفر و ڕەشبوونەوەی زەوی کەوتبێتەوە.  
بەڵام سەرەڕای ئەو نموونانەی سەرەوە، کوردستان وڵاتێکی شاخاوی‌یە کە لە کۆنەوە ئاژەڵداری و بەتایبەت مەڕداری پیشەی سەرەکیتری دانیشتوانەکەی بووە. هەر بۆیەش ئەو جێژنە ناتوانێ بێ پێوەندی بەو بارەی ژیانی خەڵکەوە بووبێ. بەتایبەتی کە لەم سەردەمەشدا ڕێوڕەسمەکانی زیاتر لە ناوچە شاخاوییەکانەوە پارێزراو و زیندوو کرانەوە. 
 هەتا ئیستا دروستترین بۆچوون سەبارەت بە بنەمای جێژنە کەوناراکانی کورد لە لایەن مامۆستا هێمنەوە هاتووەتە ئاراوە. ئەو سەرجەم جێژنەکان هەر لە مێهرەگانەوە تا سێزدەبەدەر بە جێژنی ئاژەڵداران و بۆ هۆکاری ئابووری دەگەڕێنێتەوە. هۆکارە ئابوورییەکەش هەڵسووڕانی ژیانی دانیشتوانی ئەو هەرێمە لە سەر بەروبوومی گیاندارێک بە ناوی "مەڕ"ە. جێژنی مێهرەگان کە بە یەکەم بۆنەی ئەو ڕیزە جێژنانە هەژمار دەکرێ، جێژنی بەران تێبەردانە و بەسەرهاتەکە لەو سەعات و ڕۆژ و مانگەوە دەست پێ دەکا. لە سەرەتای پاییزدا کە وەرزی جووتبوونی مەڕ و بەرانە، هەتا ئەم دواییانەش لە کوردستان ئاسەواری جێژنی پێوە دیار بوو. هەر بنەماڵەیەک بەرانی خۆی بە رەنگێکی دیار و بە شێوازێکی تایبەت رەنگ دەکرد. هەروەها مەڕیش ڕەنگ دەکرا. وەک مامۆستا هێمن باس دەکا، خەڵات و مزگێنیش بە شوان دەدرا. رەنگە ئەمانە پاشماوەی تەنیا بەشێک لە رێوڕەسمەکانی ئەو جێژنە بووبن. پاشا و دەسەڵاتداران بە هەمان هۆکاری ئابووری، جێژنی مێهرەگانیان وەک جێژنێکی سەرانسەری پەژراند. هۆکارە ئابووریەکەش بۆ ئەوان ئەوە بووە کە مەڕ و مەڕداری سەرچاوەی گرینگ و سەرەکیی ئابووریی وڵاتەکەیان و لە ئاکامدا هۆی بەڕێچوون و بەڕێوەبردنی وڵات بوو. بێجگە لە ئەستاندنی سەرانە و مەڕانەی ساڵانە، شا لەو رۆژەدا بە سەردان و پێکهێنانی جێژن و گۆڤەندی گەورە، مەڕدارانی دڵخۆش دەکرد و مەڕدارانیش دیاری و دەستەکیان پێشکەش بە پاشا دەکرد. بە واتایەکی دیکە جێژنی مێهرەگان پێش ئەوەی لە ئێران و لەلای پاشا و بارەگای دەسەڵات ببێ بە جێژن، لای مەڕدارانی کورد کە سەرچاوەی گرینگ و ڕەنگە سەرەکیی داهاتی شا و وڵات بوون، جێژنی جووتبوونی مەڕ و بەرانەکانیان بوو. بە دوور نییە ناوی مێهرەگانیش هەر لە وشەی مەڕ کەوتبێتەوە. واتە جێژنی مێهرەگان لە بنەڕەتدا جێژنی "مەڕەکان" یان شتێکی نیزیک لەوە بێ.
 پەز و هاوشێوەکانی کۆنترین ناوە کە کە ئاخێوەرانی زمانەکانی هیندوئوروپایی لەسەر مەڕیان داناوە بەڵام لە زمانی کوردیدا وێڕای پەز، ناوەکانی مهـ ، مێ و مەڕ ناوی دیکە و باوتری ئەو گیاندارەن. ناوێک کە تایبەت بە زمانی کوردی و زاراوەکانی سەر بەو زمانەیە و لەنێو بنەماڵەی زمانە هیندوئورپاییەکاندا نییە. کوردان مەڕ بە گیانداری پێغەمبەر دەزانن. هاوکات بە گیاندارێکی وەفادار، میهرەبان و بە بەزەیی کە ئەمانە لە ئایینی میترادا لە تایبەتمەندییەکانی میترا خۆیشی بوون. گیاندارێک کە لە بەخشەندەییدا بێ هاوتایە و بە سەدان و هەزاران ساڵ ژیانی مرۆڤی دابین کردوە. هەر بۆیەش سەیر نییە ئەگەر کورد کە زیاترین بەرهەمی لە مەڕ وەرگرتوە، ئەو گواندارەی بە دیاریەک لەلایەن خودا و میترای پێغەمبەر زانیبێ. بەوەش وەک پەزی میترای پێغەمبەر ناوی مێهر، مهـ، مەهر و سەرەنجام مەڕی لێ ناوە. ئەو گیاندارە بەخشندەیە کە لە مێهرەگاندا بەرانی گرتوە، دوای سەد ڕۆژ، بێچووەکەی لە زگی دایکیدا گیانی وەبەر دێ و مەترسی بەرهاویشتنی نامێنێ. ئەو سەد ڕۆژە، ڕاست دەکەوێتە جێژنی سەدە یان بێڵندانەوە کە بە پێی بۆچوونی مامۆستا هێمن، ئەوە هەمان هۆ و بۆنەی ئەو جێژنەیە.
  بێجگە لە بۆچوونەکەی مامۆستا هێمن، چەندان ڕا و سەرنجی دیکەش سەبارەت بە بۆنەی سەدە یان بێڵندانە لە کۆنەوە هەتا ئێستا باس کراون. لەوانە ئەوەیە کە ئەو ڕۆژە پەنجا ڕۆژ و پەنجا شەوی لەگەڵ نەورۆز مەودا هەیە کە بە یەکەوە دەکەنە سەد کە لەو سەد ڕۆژ و شەوە وشەی سەدە و جێژنی سەدە ساز بووە. یان ئەوە کە ژمارەی کوڕانی کیومەرس بوون لەو ڕۆژەدا بوون بە سەد و بەو بۆنەوە جێژنی سەدەی بۆ گرتوون. هەروەها دەگوترێ کە فەرەیدوونی پیشدادی لەو ڕۆژەدا تووشی مارێک بووە و بەردێکی ڕێهاڵاندوە کە ئەگەرچی بەردە مارەکەی نەگرتوە بەڵام لە وێککەوتنی لەگەڵ بەردی دیکە، ئاورێکی گەورەی داگیرساندوە بەم جۆرە و لەو ڕۆژەدا ئاگر دۆزراوەتەوە. هەروەها وەک گوترا لەنێو خەڵکدا باوە و لێکۆڵینەوەیەکیش کە نەمر سەید عوبەیدیللا ئەییوبیان سەبارەت بەو جێژنە ئەنجامی داوە، وای لێک داوەتەوە کە وشەی بێڵندانە لە بنزاراوەی مەنگوڕی داکەوتوە و لە دوو وشەی "بێڵمان دانا" پێکهاتوە. واتە ئیدی بەفر نابارێ و پێویستیمان بە بێڵ و بەفرماڵین نییە یان بە رادەی پێشوو نابارێ. بەڵام هیچکام لەوانە ناتوانن بنەمایەکی ڕاستەقینەیان هەبێ. نە عەقڵ دەیبڕێ کە بەو چلەی زستان و بەفرە، لە وێککەوتنی دوو بەرد ئاگر هەڵگیرسابێ و دۆزرابێتەوە و نە خەڵک هیندە خۆشباوەڕ بوون کە پێیان وا بووبێ لەو وەختەی زستاندا بەفر تەواو بووە. چونکە بێڵندانە چ لە دوای چلەی گەورەدا بگیرێ و چ لە چل و پێنجەمین رۆژی زستاندا، هێشتا زستان ئەوەندەی بە بەرەوە دەمێنێ کە چاوەڕوان بکرێ بەفری قورس ببارێ. لە کاتێکدا تەنیا چلەی گەورە تێپەڕیوە و چلەی چکۆڵە و سەرما و کڕێوەی زمهەڕیش لەپێشدایە، ناکرێ پێشینیانی ئێمە هیندە بە زستان خۆشباوەڕ بووبن و وا بە پەلە ماڵاواییان لە بێڵ و وەروەرە کردبێ و بەو بۆنەوە جێژنیشیان گرتبێ. چونکە ئەو کاتەی زستان بۆ دانان و هەڵپەساردنی بێڵ هێشتا زۆر زوویە و ئاسایی‌یە ئەگەر لە ڕۆژی بێڵندانە یان ڕۆژانی دواتردا ئەژنۆیەکی دیکە بەفر ببارێ. سەرەڕای ئەوە، ئامرازی بەفرماڵین لە کوردستان زیاتر بە وەروەرەیە نەک بە بێڵ.

 بەپێی لێکدانەوەکەی مامۆستا هێمن، جێژنی بێڵندانە یا جێژنی سەدە یان سەتەی مەڕی، لە سەد رۆژەی بەران گرتن و ئاوس بوونی مەڕدا دەگیرێ؛ "مەڕ بە پێنج مانگ دەزێ پێشینیان دەڵێن بەرخ پاش سەد ڕۆژ ڕووحی وەبەر دێ و مەترسی بەر ئاویتن کەم دەبێتەوە. جێژنی سەدە کە ئێستاش لە زۆر شوێنی کوردستان دەیکەن و پێی دەڵێن «بێڵن دانا» پێوەندی دەگەڵ ئەم باسە هەیە. دوو مانگ پاییز و سێ مانگ زستان دەکاتە پێنج مانگ و لە شەوی ئەووەڵی بەهاردا زەوی مەڕ دێ و جێژنی هەرە گەورەی مەڕدارە."
 
 بەڵام جێژنی بێڵندانە لە کۆتایی چلەی گەورەدا، جگە لەو بۆنە ئابوورییە، واتای سرووشتیشی هەیە؛ چلەی گەورە یان چلە بەرین پوختەی زستان یان زستانێکی ‏کورتە کە ئەگەر تێپەڕ بێ، ئیدی  زستان زۆری بە بەرەوە نامێنێ و خەڵک لە خەمی سەرما و زستان دەخەلسێ. بەو واتایە بێڵندانە جێژنی کۆتایی چلەی گەورەشە. هەروەها دوای چلەی گەورە، یەکسەر چلەی بچووک دەست پێ دەکا کە وەک چۆن یەلدا جێژنی چلەی گەورەیە ئەوە بێڵندانەش دەتوانێ جێژنی چلەی بچووک بێ.
 
بێجگە لەو دوو واتا ئابووری و سرووشتییە، کۆتایی چلەی گەورە هەڵگری ئاماژەیەکی ئایینیشە کە ئەویش چل رۆژ دوای شەوی یەلدایە کە لەنێو کورداندا بە شەوچلە یان شەوزستان ناسراوە. دەگوترێ یەلدا وشەیەکی سریانیە بە واتای لە دایکبوون. لە باوەڕی پێڕەوانی ئایینی میترادا، ئەو شەوە، شەوی لەدایکبوونی میترایە کە دواتر وادەی لەدایکبوونی مەسیحی لەگەڵ ڕێک کرا. هاوتا لەگەڵ ئەم باوەڕە ئایینی‌یە، شەوی یەلدا درێژترین شەوی ساڵە کە لە دوای ئەو، شەوەکان کورت و ڕۆژەکان درێژ دەبنەوە و بەرەبەرە ڕووناکی بەسەر تاریکیدا سەر دەکەوێ. بەو پێیە یەلدا لەباوەڕی پێڕەوانی ئایینی میترادا بە شەوی لەدایکبوونی خۆریش ناسراوە کە هێمای میترایە. لەسەر یەک هەم تێپەڕینی چل ڕۆژ بەسەر زستان و کۆتایی چلەی گەورەدا و هەم چلەی لەدایکبوونی میترا یان خۆر، لە باوەڕ و فەرهەنگی کورددا بۆنەی گرینگ و مایەی شادی و دڵخۆشین.
 
ژمارەی ٤٠ لە فەرهەنگی کورد و هی دراوسێکانیشدا ژمارەیەکی گرینگ و پیرۆزە. چل سوارەی غەیبی، چل پلەی عومان، چلدانە گرتنەوە و چلبەردەی سەر چاکی، چلەی مەرگی ئازیزان، چل ڕۆژ چلەنشینیی سۆفی بۆ پاکبوونەوە لە گوناهان، کامڵبوونی مرۆڤ لە تەمەنی چل ساڵی‌دا، لەدایکبوونی مناڵ دوای ٤٠ حەفتە و لەوە گرینگتر تێپەڕینی چل ڕۆژ بەسەر لەدایکبوونی منداڵ و دایکدا مەترسیی مەرگ و نەخۆشیان لەسەر دەڕەوێنێ و هیوا بە ژیان و مانیان پتر دەبێ کە بەم بۆنەوە جێژنیان بۆ دەگیرێ. دابەشکردنی زستانیش بەسەر چلەی گەورە و دواتر چلەی بچووکدا هەر لە باوەڕ بەو چلە گرینگ و پیرۆزانەوە سەرچاوەی گرتوە.
 
لەکاتێکدا شەوی یەلدا شەوی لەدایکبوونی میترا و خۆر و رووناکییە، تێپەڕبوونی چل رۆژ بە سەر ئەو لەدایکبوونە پیرۆزەدا، دەبێ بە جێژن. لەگوێن ئەو جێژنەی کە دوای چلەچوون بۆ ساوای ئادەمیزاد و دایکی دەگیرێ. چلەی ئەم لەدایکبوونە ئایینی - ئۆستوورەیی‌یە لەگەڵ تێپەڕینی سەت رۆژ بەسەر گووران و وەگیان هاتنی بەرخ لەنێو سکی مەڕیشدا -بەو جۆرەی مامۆستا هێمن باسی کردوە - ڕێکە. ئالێرەدا پێڕەوانی میترا چەند جێژن دەکەن بە جێژنێ؛ هاوکات کە چل ڕۆژی ئاستەم لە زستانی سەخت و تووش ڕابردوە، لەلایەک چلەی لەدایکبوونی نەوزایەک بەناوی میترا و خۆرە و لەولاوەش سەد رۆژەی گوورانی ساوایەکی دیکەیە کە لە زگی مەڕدا گیانی وەبەر هاتووە. واتە چلەی لە دایکبوونی ساوایەک و سەدەی گیان گرتنی ساوایەکی دیکەیە. هەردوویان مەترسیی مردنیان لەسەر ڕەویوەتەوە. زەمان بەڵێنیی مان و ژیانی هەردوویانی داوە. لە تێکئاڵقانی ئەو دوو مزگێنی و بەڵێنیە کە موژدەی تێپەڕینی چل ڕۆژی سەختی زستانیشی لەگەڵدایە، ئەوان بەڵێن‌یان وەرگرتوە و جێژنی "بەڵێن دان"یان گرتوە. بە واتایەکی دیکە ئەوەی لە موکریان بە ناوی جێژنی بێڵندانە، بێڵندانا یان بێڵندان ناوی دەرکردوە، لە بنەڕەتدا جێژنی بەڵێندان، بەڵێندانێ و بەڵێندانەیە. دوو وشەی بەڵێندان و بێڵندان بە هۆی نیزیکیان لە یەکتر، تێپەڕینی زەمان بەسەر وشە و جێژنەکەدا، کاڵبوونەوەی باوەڕەکە و لەبیرچوونەوەی واتاکە، تووشی تێکەڵبوون و قڵپبوونەوە هاتووە. بەڵێن، گفت، سۆز، پەیمان، قەول و وەفاداری یەک لە بنەماکانی ئایینی میترایی‌یە و هەر لە بنەڕەتدا میترائیسم ئایینی پەیمان و بەڵێنی‌یە. کۆنترین بەڵگەی میترایی لە کوردستان دۆزراوەتەوە کە بۆ ٢٥٠٠ ساڵ بەر لە زایین دەگەڕێتەوە و تێیدا شای میتانی و هووری بەڵێنیان بە یەکتر داوە و سوێندیان بە میترا خواردوە. گرینگی پەیمان و بەڵێنیی میترایی لە وشەکانی مۆر و مارەیی کە هەردوو پێوەندییان بە ناوی میترا  و ئایینی میترایی‌یەوە هەیە، پارێزراوە. ئەم گرینگیی بەستن و مانەوە لەسەر وادە و بەڵێنی لە گۆرانی فۆلکلۆریش‌دا تا ئاستی نیوەی ئیمان ڕەنگی داوەتەوە؛
 
ئەمشەو شەوەکەی وادە و پەیمانە
قەرار و بڕیار نیوەی ئیمانە
یان
ئامان ئامانە یا پیر ئامانە
ئەمشەو شەوەکەی عەهد و پەیمانە
لە پەندی پێشینیان‌دا:
سوور نەبی لە سەر وەعدە و بەڵێنی
گەنجی دونیات بێ پووشێک ناهێنی
گرینگیی پەیمان و بەڵێنی لای کورد چووەتە ناو شێعری شاعیرانیشەوە و وەک خدەیەکی بەرزی کورد سەیری کراوە کە دەکرێ یەک لە ئاسەوارەکانی ئایینی میترایی لە لای کورد بێ؛
 
وەرە سوور بە لەسەر وادە و بەڵێنی
وەرە کورد بە و مەکە پەیمان شکێنی
یان
لەنێو کورددا نەبوو پەیمان شکاندن
لە کوێ فێر بووی گوڵم پەیمان شکێنی (هێمن)
 کاتێک خەڵک بۆ پیرۆزبایی ئەم جێژنە بە یەکتر دەڵێن "بێڵندانەت (بەڵێندانەت) دەبەر بێ "، نزای ئەوە دەکەن کە پەیمان و بەڵێنیی ئەم جێژنە بەرامبەرەکەشیان بگرێتەوە، بەڵێنیی خۆشی پێ بدرێ و بەو بەڵێنی و پەیمانەی لەو جێژنەدا پێی دەدرێ، شاد بێ:
 
بەڵێندانەت دەبەر بێ 
تۆزی شادیت لە سەر بێ
یان؛
شیر و کەرەت دەسەر بێ
"شیر و کەرە" بەرهەمی دوای زانی پەزە کە ئاماژەیە بە گوانکردنی مەڕ و گیان وەبەرهاتنی بەرخ لە زگی دایکیدا و مزگێنیی زان و پاشان شیردانی مەڕ لە سەرەتای نەورۆزدا.
 
نیزیکترین هاوتای وشەی بەڵێن بۆ جێژنی بەڵێندانە، لە "سەدە سۆزی" یان "سەدەی سۆز"دا پارێزراوە کە لە بەشێک لە ناوچەکانی ئێراندا بە کار دێ. "سۆز" یان "سوزی" بە رواڵەت واتای سووتان دەدا بەڵام بە گەڕانەوەیەک بۆ سەر واتای وشەکە لە زمانی کوردیدا، دەبینین سۆز هاوتای گفت، پەیمان، وادە و بەڵێنە.
 
ناوی بێڵندانە لە هەمبانە بۆرینەدا بەشێوەی "بێڵندان" تۆمار کراوە و بە هەڵە بە جێژنێکی خاچ پەرستان واتا کراوەتەوە. بێڵندانە بەشێوە "بێڵندانێ"ش دەگوترێ کە هەردوو پاشگری "ــە" و "ــێ" لە کۆتایی بێڵندان‌دا، پاشگری ناسێنەن.
 
ژێدەر: 
١- هەر سێ سەرچاوەۆ عوبەیدیللا ئەییوبیان لە بابەتی بەهاری کوردی و سەلاح پایانیانی لە فەرهەنگی زارەکیی موکریان و ئاکۆ جەلیلیان لە کوردیکادا بێڵندانەیان بە واتای دانانی بێڵ واتا کردۆتەوە. 
٢- سەلاح پایانیانی؛ فەرهەنگی زارەکیی موکریان، بەرگی ب. لاپەڕە ٥٣٠
٣- ئاکۆ جەلیلیان؛ کوردیکا، ب.٢، ل. ١٤٣٧
٤- لە یوتیوب
٥- محمود روح الامینی؛ آیین‌ها و جشن‌های کهن ایرانی 
٦- ئۆسکارمان - تۆحفەی موزەففەرییە - بەیتی برایمۆک
هێمن: بابەتی نەورۆز لە کتێبی هەواری خاڵی‌دا
عوبەیدیللا ئەییوبیان: بهار کردی، بێڵندانە

۷/۳۰/۱۳۹۵

کەمپەینی خویندن بە زمانی کوردی لە کەنارەکانی گۆلی ورمێوە تا سەراوی لیلوپەڕ

بەڵێ تۆ جوانی، نازداری، لەباری 
منیش پیرێکی زورهان و دزێوم
بەڵام شیرینترە لەو شەکرە لێوەت 
وشەی کوردی کە هەڵدەڕژێ لە لێوم 
 هێمن

 لەو رۆژانەدا کە کوڕان و کچانی مەریوان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە حاند دواکەوتویی و پشتگوێ خرانی ناوچەکەیان رژابوونە سەر شەقامەکان، لە کەنارەکانی زرێبار، مناڵان بە خوێندنەوەی شێعری کوردی، وتنی گورانیی کوردیو کایە لەگەڵ وشەی کوردی، کۆتایی ساڵی خوێندنی زمانی کوردییان بۆخۆیان جێژن دەگرت. رێورەسمەکانی کۆتایی خوێندن بە زمانی کوردی، ئەمساڵ بە تایبەت لە دوو شار و ناوچەی مەریوان و بانە جێگای سەرنج بوون. لەولاتر، مناڵانی لێوارەکانی گۆلی ورمێ، بە بۆنەی وەرگرتنی مۆڵەتی کردنەوەی کلاسی زمانی کوردی، شاد و شاگەشکە بوون. لە لایەکی دیکەش چالاکانی کورد لە شاری کرماشان کەمپەینێکیان بۆ گەڕاندنەوەی مافی خوێندن بە زمانی کوردی وەڕێخستووە.
 دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە درێژایی نیزیک بە چوار دەیەی تەمەنی، مناڵانی کوردستانی لە چاوەڕوانیی سەرەتاییترین مافی خۆیاندا هێشتۆتەوە. سەرەتاییترین مافێک کە دەکرا بە جێبەجێ کردنی بەندی ١٥ی یاسای بنەڕەتیی خۆی جێبەجێی بکا. لە راستیدا ئەوە تەنیا بەندێکی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی بوو کە لە سەرەتاوە بەر سەرنجی کوردەکان کەوت. بەندێک کە ئەگەرچی ناوەرۆکەکەی تەفسیر و لێکدانەوەی جۆراوجۆر هەڵدەگرێ و بە هیچ جۆر وڵامدەری خواستە نەتەوەییەکانی کورد لە ئێراندا نییە بەڵام جێبەجێ کرانی دەیتوانی هەنگاوێکی بەرەوپێش بۆ چارەسەری پرسی نەتەوەیی لە کوردستان بێ.
 کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدا دەسەڵاتی لە تاران بە دەستەوە گرت کە کوردستان بۆ دابین بوونی مافەکانی بە تەواوی لەسەر هەست و پێداگر بوو. کوردەکان ماوەیەکی زۆر لە پێناو مافەکانیاندا دژ بە دەسەڵاتی پاشایەتی جەنگابوون. هەر بۆیەش رێژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو نەیتوانی یاسایەک دابڕێژێ کە لەودا بە یەکجاری نەتەوە بندەستەکان بە نەدیتراو حیساب بکا. دەرەنجامی ئەوەش بەندی پازدەی یاسای بنەڕەتی بوو کە لەودا دانی بە بوونی زیاتر لە یەک نەتەوە لە ژێر ناوی قەوم و زیاتر لە یەک زمان، جگە لە زمانی فارسی نابوو. بەڵام ئەزموونی چوار دەیە دەسەڵاتداری و جێبەجێ نەکردنی ئەو بەندە، نیشانی دا کە زیاتر لە ژێر خۆڕاگری و پێداگریی نەتەوە بندەستەکان بەتایبەت نەتەوەی کورددا هاتە ئاراوە و هەڵقوڵاوی باوەڕی دامەزرێنەران و دەسەڵاتدارانی ئەو سیستمە نەبوو. رێژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو لە لایەک لەسەر کۆڵەکەی ئیدئۆلۆژیی مەزهەبی دامەزرا کە تێیدا نەتەوە و مافی نەتەوایەتیی لە ژێر ناوی ئۆممەت و ئایین سڕدراوەتەوە. لە لایەکی دیکەش دەستێکی بە پان ئێرانیزم و ناسیونالیزمی مێژوویی فارسەوە بەند بوو کە لەسەر بنەمای حاشا کردن لە بوونی نەتەوەکانی دیکە رۆنراوە. هەر بۆیەش ئەسڵی پازدە و مافی خوێندن بە زمانی دایکی هیچکات نەهاتە بواری جێبەجێ کردن و هەتا ئێستاش تەنیا لەسەر کاغەز ماوەتەوە. ئەوەش لە حاڵێک دایە کە بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی چالاکانی کورد بەردەوام هەوڵیان بۆ جێبەجێ کردنی ئەم بەندە داوە تا مناڵی کوردیش وەک دیکەی مناڵانی جیهان چیدی لەو مافە سەرەتاییە بێبەش نەبن. لە هەڵبژاردنەکاندا زۆر جار ئەم بەندە بووە بە ئامرازی تەبلیغات و بانگەشەی هەڵبژاردنی کاندیداکان. کەچی سەرەڕای بە پیرەوە چوونی چەندان جارەی کوردەکان و لەو رێگایەشەوە سەرخستنی ئەو کاندیدایانە، ئەو مافە سەرەتاییە هەروا بە پشگوێ خراوی ماوەتەوە. تەنیا قازانجی ئەو بەندە بۆ نەتەوە بندەستەکان لە قانوونی ئەساسیی کۆماری ئیسلامیدا ئەوەیە کە کوردەکان و دیکەی نەتەوەکان بۆخۆیان هەوڵ بۆ فێربوونی زمانی دایکیی خۆیان بدەن یا لانیکەم لەسەر ئەوە، مامۆستایان و شارەزایانی زمان بۆ فێرکردنی هاوزمانەکانیان کەمتر بکەونە ژێر گوشار و راوەدوونان.
کوردانی رۆژهەڵات هەر لەگەڵ رووخانی دەسەڵاتی پاشایەتی، هەوڵدان بۆ فێربوون و پەرەدان بە زمانی نەتەوەیی خۆیان بە ئاشکرا دەست پێ کردەوە. حیزبی دێموکراتی کوردستان لەگەڵ دەسپێکردنەوەی خەباتی ئاشکرای خۆی، هەوڵی دا لە شار و گوندەکانی کوردستان قوتابخانە بۆ مناڵانی کورد بکاتەوەو مامۆستایان بە زمانی کوردی وانە بە مناڵان بڵێنەوە. لەگەڵ هێرشی دەسەڵات بۆ سەر کوردستان و داگیرکردنی شار و ناوچەکانی کوردستان، وانە گوتنەوە بە زمانی فارسی لە جێی زمانی کوردی داندرایەوە. خوێندن بە زمانی کوردی یاساخ کرا و تەنانەت دواتر ئەو مامۆستایانەش لەو جۆرە وانە گوتنەوەیە مەنع کران کە دەرسەکانیان بە زمانی کوردی بۆ مناڵانی کورد شەرح دەکرد. بەڵام هەموو ئەو زەخت و گوشارانە نەیانتوانی هەوڵەکان بۆ فێربوونی زمانی دایکی لای تاکی کورد و مناڵی کورد بنەبڕ بکەن. خۆ فێر کردن و فێرکردنی بنەماڵەیی بە درێژایی ئەو ساڵانە لە لای تاک و بنەماڵەی کورد لە برەو نەکەوت. لە ساڵانی دواتردا چالاکان و دڵسۆزانی زمان و وشەی کوردی هەوڵەکانیان بۆ کردنەوەی کلاسی زمانی کوردی و فێرکردنی بە ئاشکرای هاونەتەوەییەکانیان چڕ کردەوە. ناوەندی فەرهەنگیی سۆما بۆ ئەو مەبەستە رەنگە یەکەم و گەورەترین پیکهاتە بوو کە بنکە و نوێنەرایەتیی لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کردەوە. سۆما و دەستەخوشکەکانی لە ماوەی چەند دەیەی رابردوودا توانیان هەزاران مناڵ و لاوی کورد فێری خوێندن و نووسین بە زمانی دایکیی خۆیان بکەن. هەر ئەمساڵ لە شاری بانە ناوەندی هاژە جێژنی فێربوونی زمانی کوردیی بۆ هەزار قوتابی گرت.
 بەڵام لەمپەری فێربوون و فێرکردنی زمانی دایکی لە رۆژهەڵاتی کوردستان تەنیا بێ ئیمکاناتی یان دەسەڵاتی دیکتاتۆر و داگیرکەر نییە. زۆر جار لەو شارانەش کە دیموگرافیی شارەکان دوو یا چەند نەتەوەیین، بە داخەوە جۆرێک لە شۆڤینیسم بە یارمەتیی دەسەڵات، هەوڵ دەدا رێگا لە کردنەوەی کلاسەکانی زمانی کوردی و خوێندن و فێربوونی مناڵانی کورد بە زمانی کوردی، بگرێ. شاری ورمێ یەک لەو شارانە بوو کە لە ساڵی ١٣٩٢ و بە داخرانی ئەنستیتۆی ئەحمەدی خانی لە لایەن ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی، تا چەند رۆژ لەوەپێش مۆڵەتی کردنەوەی کلاسەکانی خوێندن و فێربوونی زمانی کوردی تێدا زەوت کرابوو. بەڵام دوا جار چالاکانی کورد لەو شارە بە وەڕێخستنی کەمپەین و بە کۆکردنەوەی بیست هەزار ئیمزا، توانیان ئەو مافە بۆ مناڵانی کورد و بۆ حەشیمەتی هەراوی کورد لەو شارە بگەڕێننەوە. کەمپەینێک کە هەر ئێستا هاوشێوەکەی لە شاری کرماشان و لە لایەن چالاکانی ئەو شارە بۆ هەمان مەبەست وەڕێ خراوە و بە هەزاران واژۆ پشتیوانی کراوە.
لە ژماره‌ ٦٩٠ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌

۷/۲۷/۱۳۹۵

شاخەوانان دیدەبانانی وڵات

تاهیر قاسمی 


لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، وەرزشی شاخەوانی رەنگە زیاتر لە بوارەکانی دیکەی وەرزش، لە رۆژهەڵاتی کوردستان پەرەی گرتووە. گروپە شاخەوانیەکان لە زۆربەی شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان پێکهاتوون و بەردەوام چالاکن. نەک هەر شکڵیان گرتووە، بەڵکو بە سەر لوتکە هەر بەرزەکانی جیهاندا سەر کەوتوون، کۆمەڵێک سەرکەوتن و قارەمانەتیی گرینیگیان لە ئاستی ناوچەیی و نێونەتەوەییدا تۆمار کردووە و میداڵی شانازییان لە بەرۆکی خۆیان و نەتەوەکەیان داوە. بەڵام گرینگیی چالاکیە شاخەوانیەکان و پەرەگرتنی وەرزشی شاخەوانی لە کوردستان تەنیا لە سەرکەوتن بە سەر لوتکە بەرزەکان و وەرگرتنی میداڵی شانازیدا نەبووە.

 لەگەڵ هاتنی نەورۆز و ژیانەوەی سروشتی نیشتمان و رۆحی نەتەوەیی، ئەوە شاخەوانانن کە لە چیا و بەندەنەکان کۆ دەبنەوە و بە دەوری ئاگری نەورۆزدا، سەرچۆپی‌کێشی جێژنی نەتەوەیی نەورۆزن. رێورەسمی نەورۆزی و نەورۆزانەی شاخەوانان لە یەکەم رێورەسمەکانی نەورۆزین کە دوای نەورۆزی هەموو ساڵێک لە کوردکاناڵ بڵاو دەبنەوە. شاخەوانان لەسەر لوتکەی دەماوەند، هاواری کۆڵبەرانی کورد بەرز دەکەنەوە و دژ بە کوشتاری بێبەزەییانەی ئەو توێژە لە خەڵکی فەقیر و هەژاری کوردستان، ناڕەزایەتی دەردەبڕن. ئەوان کە یەک لە نیزیکترین یارانی سروشتن، سەر لە بەهاران، لە هەڵمەتی نەمام چاندندا پێشەنگن. هاوینان دژ بە سوتمانی دارستان و چڕ و لێڕەوارەکان، دەبن بە باهۆی ژینگەپارێزان و بە گژ ئاگر و سووتماندا دەچنەوە. لە بۆنە ماتەمینەکاندا رێگای دووری وەک نێوان بانە و هەڵەبجە دەبڕن تا پشکی خۆیان لە ماتەمینە نەتەوەییەکانیش هەڵگرتبێ. هەمدیسان ئەوە شاخەوانانن کە سەردانی خانووی پیران دەکەن و لە نیزیکەوە دایک و باوکە پیرەکان بەسەر دەکەنەوە، لە ژان و ئازارەکانیان دەپرسن، بە پێی توانا یارمەتیان دەدەن و دڵخۆشییان دەدەنەوە. دوا جاریش شاخەوانانی پیرانشار لە گوندی “کانی کلێ” دەبن بە کرێکار و فەعلە تا قوتابخانەیەک بۆ مناڵانی گوندێکی دیکەی کوردستان بنیات بنێن.

 “کانی کلێ” گوندێکی دوورەدەستی دە – پازدە ماڵییە کە لە ناوچەی مەنگوڕایەتیی پیرانشار هەڵکەوتووە. گوندێکی بچووک لە ناوچەیەکی شاخاوی و ئەستەمدا. دانیشتوانەکەی وێڕای ژیانی سەخت و ئاستەمی خۆیان، رەنگە زۆر جار گیانی لێقەوماوان، پێشمەرگە یا شاخەوانانیان لە برسێتی و سەرما و مەرگ رزگار کردبێ. رەنگە هەر لە چاکەی ئەو دەهاناوە هاتنەی گوندنشینان بێ کە شاخەوانان بە سازکردنی قوتابخانەیەک بۆ منداڵانی ئاوایی، گەرەکیان بێ وڵامێک بەو هەموو چاکەیەی دانیشتوانی ئەو گوندە بە ئەنوا و داڵدەدەرە بدەنەوە. بەڵام شاخەوانانی کوردستان بەدەر لەو جۆرە کارە خێرخوازیانەش، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا نیشانیان داوە کە لە زۆر بواردا بوون بە پێشەنگی کۆمەڵگا. کۆمەڵگاش بە چاوی رێزەوە سەیریان دەکا.

 لە ماوەی ئەم ساڵانەی رابردوودا رەنگە مەرگی هیچ کەسایەتیەک هیندەی مەرگی محەممەد ئەوراز لە نەغەدە و موقبیلی هونەرپەژوو لە بۆکان، خەڵکی کوردستانی ماتەمبار و رەشپۆش نەکردبێ. ئەوان تا مان قارەمانی نەتەوەیی نەتەوەکەی خۆیان بوون. کە مردیشن، وەک قارەمانی نەتەوەیی ماڵاواییان لێ کرا و ساڵانەش بە هەمان سفەت یادیان دەکرێتەوە و رێزیان لێ دەگیرێ. ئەوەش ئەگەر لە لایەک پێوەندی بە سەرکەوتن و قارەمانەتییەکانی ئەو شاخەوانە بە ناوبانگانەی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەیە، نیشانەی پەرەگرتنی ئەم وەرزشە لە ناو خەڵکی کوردستان و رێزی زۆری خەڵکی کوردستان بۆ شاخەوانانی خۆیەتی. هەمووی ئەوانەش دەرەنجامی هەڵسوکەوتی بەرزی شاخەوانان، خەباتی ئەوان دژ بە تەمبەڵی و ژیانی شارنشینی و هەوڵدانیان بۆ دوورکەوتنەوەی کۆمەڵگا لە ئافەت و مڵۆزمە کۆمەڵایەتیەکانە. بەڵام وێڕای ئەوانە چەند تایبەتمەندیی وەرزشی شاخەوانی و شاخەوانانی کوردستان هۆکار بوون بۆ ئەوەی ئەم وەرزشە لای خەڵکی کوردستان خۆشەویستتر و بە برەوتر بێ:

 – شاخەوانی وەک دەسپێک، وەرزشێکە کە پێویستی بە مەیدانی تایبەت و بە کەرەسە و تێچووی زۆر نییە. کات، هێندێک کەلوپەلی سەرەتایی و شاخ سێ پێویستیی سەرەکیی ئەم وەرزشەن. هەر ئەوەش وای کردوە کە ئەم یاریە بە تایبەت لەم چەند دەیەی دواییدا لە کوردستان پەرەگرتوو بێ.

 – شاخەوانی وەرزشێکی بە کۆمەڵە. پێکهاتن و سازبوونی گروپی شاخەوانیش زیاتر بە شێوەی خۆرسک و لە ناو کۆمەڵگادا پێک دێ نەک لە لایەن دەسەڵات و بە هەوڵی دام و دەزگا دەوڵەتیەکان.

 – لە دۆخی روو لە پڕش و بڵاویی ئەمڕۆی پێکهاتەیی و کاری هاوبەش لە کوردستاندا، شاخەوانی و گروپە شاخەوانیەکان نوێنگە و سەرمەشقی یەکگرتوویی، کاری بە کۆمەڵ و هاوکاری و پشتیوانیی تاکەکانی کۆمەڵگا لە یەکترە.

 – ئەندامانی گروپە شاخەوانیەکان لە توێژ یا چینێکی تایبەتیی کۆمەڵگا نین و لە راستیدا لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا دەتوانن خۆیانی تێدا ببیننەوەو لە دەوری یەک کۆ دەبنەوە. ئەوەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی جەغزی بیرکردنەوەی ئەوان هەرچی زیاتر بەرینتر بێتەوەو زیاتر ئاشنا بە ژیان و ئازاری چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا بن.

 – شاخەوانان بەردەوام ژیانی شار و شاخ دەبینن، لە گەڵیان دەژین و لە گەڵ ئازار و خەمەکانی هەردوو لا دەستەملانن. بەوەش زیاتر لە هەر توێژێکی دیکەی کۆمەڵگا هەست بە کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان دەکەن.

 – لە کوردستانێکدا کە دەزگا ئەمنیەتیەکانی رێژیمی داگیرکەر بەردەوام هەوڵ دەدەن لاوانی کورد تووشی مادەهۆشبەرەکان بکەن و لەو رێگایەشەوە کۆمەڵگای مافخوازی کوردستان قسر و ئەستێور بکەن، شاخەوانان بە وەرزش و هەڵبژاردنی وەرزش، بە گرتنەبەری چیاو کێوەکانی کوردستان و هەڵمژینی هەوای پاکی کوێستان، هاندەری دوور کەوتنەوەی لاوان و کۆمەڵگا لەو مادە ماڵوێرانکەرەن.

 – لە باری رەگەزیەوە، رەنگە شاخەوانانی کوردستان لە یەکەم گروپەکان بووبن کە هاوسەران یا خوشکانی خۆیان لە ناو خۆیاندا جێ کردەوە و بەوەش سنووربەندیی نێوان ژن و پیاویان لەو وەرزشەدا سڕیەوە. لە گروپە شاخەوانیەکانی کوردستاندا ژنانیش وێڕای پیاوان بەسەر چیا و لوتکەکاندا سەر دەکەون. لە ئەنجامی سڕینەوەی ئەو سنوورە رەگەزیە بوو کە ژنانی شاخەوانی کورد تا ئێستا توانیویانە چەندان سەرکەوتن و قارەمانەتیی گرینگ دەستەبەر بکەن. بەوەش شاخەوانان نیشانیاندا کە تەنانەت لەو وەرزشە سەخت و تاقەت پرووکێنەشدا، ژنان هیچیان لە پیاوان کەمتر نییە.

 – سەرەنجام شاخەوانان بە بڕینی لووتکە بەرزەکانی جیهان، وەک کورد و وەرزشکارێکی کورد، هەوڵیان داوەو هەوڵ دەدەن ناوی نەتەوەکەیان لە ئاستی نێونەتەوەییدا بە رادەی بەرزیی ئەو لوتکانە بەرز و سەربەرز رابگرن.

 هەموو ئەو تایبەتمەندیانەی سەرەوە، شاخەوانان و گروپە شاخەوانییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لەلای کۆمەڵگای کوردستان خۆشەویست و بەڕێز کردووە. مێژووی شاخەوانان لە کوردستان نیشانی داوە کە زۆربەی ئەوان لە مرۆڤە دڵسۆزو بێ ئازارەکانی ئەم نیشتمانەن. کردەوە و ئاکاری خراپ کەمتر دزە دەکاتە ناویان و دەتوانن سەرمەشقی کۆمەڵگایەکی پاک و هەڵسووڕ بن. شاخەوانان زیاتر لە هەر چین و توێژێکی کۆمەڵگا ئاگایان لە نیشتمانی خۆیانە و لە راستیدا  دیدەبانانی وڵاتن.

 لە کۆتاییدا وێڕای رێزگرتن لە کاری خێرخوازانەی شاخەوانانی پیرانشار بۆ سازکردنی قوتابخانەی گوندی کانی کلێ، بە دەرفەتی دەزانین رێز بگرین لە دوو هاوڕێی شەهیدمان کە لە گروپی شاخەوانانی مەهابادەوە دەستیان پێ کرد، لە ریزەکانی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا درێژەیان بە خەبات و تێکۆشان دا و سەرەنجام لە ریزەکانی ئەم حیزبەدا گیانی خۆیان بە نیشتمان و بە رزگاریی کوردستان بەخشی. شەهیدان؛ سەلاح رەزایی و باقی حاجی کەریمی. یادیان بەرز و رێبازی خەباتیان ئاوەدان.

-----------------------------------------

بۆ رۆژنامەی کوردستان ئۆرگانی حیزبی دێموکراتی کوردستان نووسراوە و بڵاو کراوەتەوە

۷/۲۴/۱۳۹۵

تاهیر قاسمی: پێویستە گڵکۆی هەر کام لە کەسایەتیەکانی مەزارگەی شاعیران خاوەن شوناسی تایبەتیی خۆیان بن


وتووێژ لە گەڵ ماڵپەڕی رۆژی کورد سەبارەت بە نۆژەنکردنەوەی گڵکۆی ئەدیبان لە مەهاباد و ناڕەزایەتیەکان لەم بارەوە

رۆژی کورد: بەرپرسانی حکومەتیی مهاباد بە فەرمانی ئیتلاعات و لەژێر ناوی چەند نووسەر و چالاکوانێکی کورد، گڵکۆی شاعیرانی کوردیان لە مهاباد شێواند، شیعرەکانیان سڕییەوە و ناوەکانیان بە زەقی بە فارسی نووسین و کوردییەکەیان والێکرد بە وردبینیش نابیندرێ، ئا لێرەدابوو چالاکانی فەرهەنگی و سیاسیی کورد لە ناوخۆ و لە تاراوگە، هەڵوێستی پێویستیان گرت و کەمپەینێکیان وەڕێخست و لە ڕێگای جیاوازەوە، دژایەتیی خۆیان ڕاگەیاند، تا ئێستاش ئەو کێشمەکێشمە لە نێوان تاریکی و ڕووناهی دا، بەردەوامە، بۆ تاووتوێ کردنی ئەو باسە وتووێژێکمان لەگەڵ تاهیر قاسمی، چالاکی سیاسی و ڕۆژنامەنووس، پێکهێناوە کە لێرەدا دەیخوێننەوە.

ڕۆژی کورد: ئێوە یەکێک لە بەڕێوەبەرانێ کەمپینێکن بە ناوی “نا بۆ تێکدانی مەزارگەی ناودارانی کورد” ئامانجتان لە ڕێکخستنی ئەو کەمپینە چیە؟    قاسمی: دوای ئەوەی دەرکەوت کە شێعر و دەقی سەر گڵکۆی ئەدیبان و  هونەرمەندانی بەرزی نەتەوەکەمان لە شاری مەهاباد لە ئەنجامی پڕۆژەی نوێژەنکردنەوەی ئەو مەزارگەیە نەماون و نامێنن، جۆرێک دڕدۆنگی و نیگەرانیی لای چالاکانی بوارە جۆراوجۆرەکان دروست بوو و ناڕەزایەتی لێکەوتەوە. نیگەرانی لەوە کە ئەمە پڕۆژەیەکی ئەمنیەتی بێ  و بەشێک لەو هەوڵانە بێ کە لەلایەک بە مەبەستی تواندنەوەی شوناسی کوردایەتی و داماڵینی شوناسی نەتەوەیی لەو جۆرە شوێنانەی کوردستان بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی لە ئارا دایەو لەلایەکی دیکەش درێژەی ئەو ڕەوتە بێ کە لە ئاستی سەرانسەریی ئێراندا دژ بە گڵکۆی کەسایەتیە گەورەکان، بەتایبەت لەو دواییانەدا ئەنجام دراوە و ئەنجام دەدرێ. کۆمەڵێک لە دۆستان وایان پێ باش بوو کە بە مەبەستی هاوبیری لەگەڵ یەکتر و چۆنیەتی هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی شوناسی گڵکۆکان و ڕێکخستنی دروستی ناڕەزایەتیەکان لە دەوری یەک کۆ ببنەوە. لوتفیان کرد منیشیان بانگ کرد و پەیوەست بەو کەمپەینە بووم. بەڵام با لێرە ئەوە بۆ خوێنەران ڕوون بکەمەوە کە ئەمن وتەبێژی کەمپەین نیم و قسەکانیشم بۆچوونی تاکە کەسیی خۆمن و هی کەمپەین یان لایەنی دیکە نین.
ڕۆژی کورد: باسی سیاسەتی تواندنەوەی نەتەوەی کوردتان کرد، بەوپێیە کە مەزارگەی شاعیران و ناودارانی کورد دەکەوێتە خانەی سامانی فەرهەنگی و نیشتمانیی کوردستان، مەبەستی کۆماری ئیسلامی لە هێرشکردن بۆ سەر ئەو ڕەهەندە فەرهەنگیە چیە؟
قاسمی: ئەمن زۆرم بەدواداچوونی پڕۆژەکە کرووە. سەرەتا منیش پێم وابوو پڕۆژەکە زیاتر لە خزمەت وێران کردن  دایە تا نوێ کردن و نوێژەن کردنەوە. بەڵام لە بەدواداچوونەکانم دا بۆم دەرکەوت کە ئەوەی کراوەو دەکرێ زیاتر هەوڵی کەسانێکە کە بەش بە حاڵی خۆم لە دڵسۆزیی ئەوان گومانم نییە. هەر ئەوان بوون کە بە درێژایی چەند دەیەی ڕابردوو ئەو مەزارگەیان بە هەموو شێعر و تێکستی سەر گڵکۆکان پاراستووە و پێی ڕاگەیشتوون و نەیانهێشتوە لە پەرەگرتنی گۆڕستانەکەدا ون بن. ڕەنگە زۆر جاریش لە سەر ئەوە پیاوخراپ بووبن. لەم بارەوە ئەوان شیاوی ڕێز و سپاسن. دوا جاریش کە بە هەوڵی ئەوان مۆڵەت و بودجەی دامەزراندنی بینایەکی هونەری لە سەر ئەو مەزارانە وەرگیراوەو دەست پێکراوە، دیسان جێگای دەستخۆشی و پێزانینە. بەڵام بێگومان پڕۆژەکە کرچی و پەلەپڕووزەی پێوە دیارە. زیاتر پڕۆژەیەکی هونەریە و کەمتر لایەنی فەرهەنگی و ڕۆحیی خەڵکەکەی لە بەرچاو بووە. ئەوە عەیب و نەقسی هەرە سەرەکیی کارەکەیە.
ڕۆژی کورد: کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێگەی کۆمەلێک چالاکی مەدەنی و فەرهەنگییەوە دەستی بۆ ئەو بابەتە ورووژێنەرە بردووە، ئێوە لە نووسین و ڕوانگەکانتاندا ڕەخنەتان بەرەو ڕووی ئەو کەس و لایەنانە ئاراستە کردووە. بە ڕوونی ڕەخنە و پێشنیارتان بۆ ئەو کەسانەی بەشداری ئەو وێرانکارییە فەرهەنگیەن چیە و لە هەمان کاتیشدا ڕاسپاردەتان بۆ دڵسۆزان و چالاکانی فەرهەنگی لە نێو خۆی خۆرهەڵاتی کوردستان باس بکەن؟
قاسمی: بەداخەوە بەڕێوەبەرانی ئەم پڕۆژەیە زۆر بە خشکەیی و بە بێدەنگی پڕۆژەکەیان دەست پێکرد و بەرەو  پێشیان برد. هیچ لێدوان و ڕوونکردنەوەیان بۆ خەڵک نەبوو. ئەوەش یەک لە هۆکاری نیگەرانی و دڕدۆنگیەکانی خەڵک و بۆ وێنە منیش بوو کە پێمان وابوو دەستێکی شاراوە لە پشت ئەو کارەیە. بەڵام دوای ئەوەی زیاتر بە دوای بابەتەکەدا چووم، بۆم ڕوون بۆوە کە ئەرخەیانیی من سەبارەت بە بوونی ئەو دەستە نادیارە، ناتوانێ سەداسەد ڕاست بێ. چونکە لە سەرەتاوە ئەوە دەسەڵات نەبوو کە ئەو کارەی بەو بەڕێزانە کرد. بە پێچەوانە ئەوە ئەوان بوون کە لەمێژ ساڵە هەوڵ دەدەن کارێکی شیاوی کەسایەتیە بەرزەکانمان بۆ ئەو مەزارگەیە بکەن. بەڵام وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێ کرد، کرچ و کاڵی بە کارەکەوە دیارە. من بەش بە حاڵی خۆم داوا لەو بەڕێزانە چ هەیئەتی ئومەنا و چ ئەندازیار و ئارشیتێکتی کارەکە دەکەم کە پێداچوونەوە بە پڕۆژەکە بە تایبەت بە شوناسی گڵکۆکان بکەن. چونکە ئەو کارە لە سەر ئەوان ماڵە و لە هەموو کەس زیاتر بەشیان بە چاکی یا خراپیی کارەکەوە هەیە و دەبێ. وا دروستە کە کارەکەیان بە دڵی زۆرینەی خەڵک بێ. هاوکات داوا لە چالاکانی فەرهەنگیی کوردستانیش بە گشتی دەکەم کە بە ڕۆحی هاوکاری و بە ڕەخنەی یارمەتیدەر، یارمەتیی بە ئەنجام گەیاندنی هەرچی باشتری ئەم پڕۆژەیە بدەن و لە بەشینەوەی تۆمەت و ناوزڕاندن لەو بەڕێزانە کە بە دڵنیاییەوە بەشێک لە دڵسۆزانی شارەکەمانن، خۆ ببوێرین.
ڕۆژی کورد: بە هۆی چالاکیی ئێوە هەتا ڕادەیەک بابەتی دەستێوەردانی گڵکۆی شاعیران، نووسەران، ئەدیبان و هونەرمەندانی کورد بووە بە بابەتێکی هەستیار، ئاشکرایە ئێوە ڕەخنەتان لە دەستێوەردانی بە مەبەست و سڕینەوەی فەرهەنگییە بەڵگە نەویستە گڵکۆی ناودارانی کورد پێوسیتی بە چاکسازی هەیە پێشنیارتان بۆ چاککردنەوە و ڕێکخستنەوی ئەو گڵکۆیانە چیە؟
قاسمی: کۆی سازەکە بابەتێکی پسپۆڕییە و بەڕاستی نە من و نە زۆربەی ناڕازیان شارەزای ئەم بوارە نین و  ڕەخنەشمان لەو بەشە نەبووە. ڕەخنە و سەرنج سەبارەت بەو بەشە کاری شارەزایانی بوارەکەیە و هەتا ئێستا چەند بابەتیش لەم بارەوە نووسراون. بەڵام وەک هاوڵاتیەک پێم وایە ئەمەی کە ئێستا لە سەر گڵکۆکان هەیە و بە پێی پلانەکە لەوەش زیاتر نابێ، خەڵک بە تایبەت ئەدیبان و ئۆگرانی بەرهەمەکانی ئەو کەسایەتیە بەرزانە ڕازی ناکا. ئەوە کە بەپێی فەلسەفەی کارەکە کێل و بەرد لە دیزاینەکەدا نییە، بە بڕوای من شتێکی جوانە بەڵام پێویستە هەر کام لە گڵکۆکان خاوەنی شوناس و ناسێنەی تایبەتیی خۆیان بن و تەنیا بە کۆکردنەوەی هەموان لە کەتیبەکەی پشت سەریاندا قەناعەت نەکەن. لە ناو ئەو گۆڕانەدا کەسایەتیی جیاواز بە بەرهەمی جیاواز نێژراون. وێڕای کەتیبەکە کە ڕەنگە کارێکی زۆر جوان بێ، پێویستە هەر کام لەو ئینسانە بەرزانە خاوەن لەوح و بەردەیادی تایبەتی و بە شوناسی تایبەتیی خۆیان بن. پێویستە ئەو بەردانەی ئێستای سەر گڵکۆکان لابەن و بە جێی ئەوە شتێک دابنێن کە دەرخەری شوناسی تایبەتیی هەر کامیان بێ و بینەر بتوانێ ڕاستەوخۆ و بە جیا لە باری ڕۆحیەوە پێوەندی لە گەڵ هزر و بەرهەمی ئەو ئازیزانە بگرێ. لە سەر ئەم بەرد یان لەوحەی سەر گڵکۆکە پێویستە ناسناوی ئەو کەسایەتیانە بە نووسینی کوردی دیار و بەرچاو بێ و ئەو دێڕە شێعرانەش لە سەر بەردەیادەکە بێ کە هەر کامیان کاتی خۆی ناراستەوخۆ بۆ ئەو مەبەستە نووسیویانە. ئەوە کە هێمن دەڵێ: کیژ و کوڕ بگرن لە دەوری گۆڕی هێمن ڕەشبەڵەک..” یان هەژار دەڵێ: “لە نێو ئەم گۆڕە هەژار نێژراوە..”.

۷/۱۹/۱۳۹۵

١٠ی ئۆکتۆبر، رۆژی جیهانیی بەرەنگاری سزای ئیعد

ساڵانە لە ئاستی جیهاندا هەزاران کەس بە هۆی سزای ئیعدام لە لایەن دەسەڵاتەکان و دەزگا دادوەریەکانیانەوە، بە تیرباران، سێدارە یان شێوازگەلی دیکە دەکوژرێن و گیانیان لێ دەستێندرێ. ئیعدام لە راستیدا کوشتنی یاسایی مرۆڤەکانە لە لایەن دەسەڵاتداران‌و توندترین سزای تاوانبارە لە یاسای ئەو وڵاتانەدا کە هێشتا بڕوایان بە چارەسەری کێشەکان لە رێگای کوشتنی مرۆڤەکان هەیە. ساڵی ٢٠٠٢، رێکخراوەکانی لێبوردنی نێودەوڵەتی و رێکخراوی هاوپێوەندیی جیهانی بۆ نەهێشتنی ئیعدام، بە ئامانجی چڕکردنەوەی هەولەکان بۆ نەهێشتنی ئیعدام لە سەرجەم وڵاتانی جیهان و یاساکانیاندا، رۆژی ١٠ی ئۆکتۆبریان وەک رۆژی بەرەنگاربوونەوە لە گەڵ سزای ئیعدام راگەیاند. مێژووی سەپاندن و جێبەجێ کردنی ئیعدام بە قەت مێژووی دەسەڵاتی دەوڵەتی و دەوڵەتداری، کۆنە و بۆ سەدان و هەزاران ساڵ لەوەپێش دەگەڕێتەوە. لە رابردوودا، زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی جیهان سزای ئیعدامیان تێدا بەڕێوە دەچوو. بەڵام لە گەڵ بەرەوپێشچوونی شارستانیەت، ئەم جۆرە سزایە رووی لە کزبوون کرد. جاڕنامەی گەردونیی مافی مرۆڤ کە لە لایەن زۆربەی وڵاتانی جیهانەوە واژۆ کراوە، لە دوو بەندی ٣ و ٥دا، ناتەبایی خۆی لە گەڵ ئیعدام دەربڕیوە. هەنووکە لە ئاستی جیهاندا رێژەی ئەو وڵاتانەی سزای ئیعدامیان لە یاسای سزادانی خۆیاندا سڕیوەتەوە، ٥٣ لە سەدی وڵاتانی جیهان پێک دێنن. ئەگەر ٢٦ لە سەدی ئەو وڵاتانەش بخەینە سەر ئەو رێژەیە کە هەرچەند سزای ئیعدام لە یاسایاندا هێشتا ماوە بەڵام بە کردەوە رایانگرتوەو بەڕێوەی نابەن و ٣ لە سەدی ئەو وڵاتانەش کە سزاکەیان تەنیا بۆ کاتی شەڕ هێشتۆتەوە، ئەوە رێژەیەکی زیاتر لە ٨٠ لەسەدیمان دەکەوێتە دەست کە بە کردەوە پشتیان لەو سزایە کردوە. بەڵام بەرامبەر بەو رێژە دڵخۆشکەرە کە لە سەر یەک نیزیک بە ١٦٠ وڵاتی جیهان لە خۆ دەگرێ، هێشتا ٣٦ وڵاتی جیهان هەروا ئیعدام بە رێگەچارەی نەهێشتنی تاوان دەزانن. لە نێو ئەو وڵاتانەشدا، ناوی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک هەمیشە لە نێو دیاردە دزێوەکاندا، دەدرەوشێتەوە. دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ئێران، بە درێژایی تەمەنی خۆی، بەردەوام لە سەر هێشتنەوەی خۆی لە پلەی دووهەمی ئیعدام لە ئاستی جیهاندا بە دوای دەوڵەتی چین، لە ململانێ دا بووە. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە بە وتەی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، بەشێکی زۆر لە ئیعدامەکان لە لایەن ئەم رێژیمەوە بە نهێنی ئەنجام دەدرێن. بەوەش ئامارێکی دروست و جێگای باوەڕ لەم بارەوە نییە. لە ئێراندا وێڕای سەپاندن و جێبەجێ کردنی ساڵانەی رێژەیەکی زۆر لە ئیعدام، بەڕێوەبردنی ئیعدام لە بەرچاوی خەڵک و لە شوێنە گشتی‌یەکان، شێوەیەکی قێزەونتری لە ئیعدام و لە کار و کردەوەکانی ئەم رێژیمە پێشانی جیهان داوە. شێوەیەک کە بە بڕوای کارناسانی مافی مرۆڤ هیچ پاساوێکی یاسایی هەڵناگرێ و تەنیا رێژەی خشونەت و زەبروزەنگ لە کۆمەڵگادا بەرز دەکاتەوە. ئیعدامی مێرمنداڵان و لاوانی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ، تایبەتمەندیەکی دیکەی ئیعدامەکان لە ئێرانە. تایبەتمەندیەک کە بەردەوام لە گەڵ ناڕەزایەتیی هەرچی زیاتر و بەرینتری چالاکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ئاستی ئێران و جیهان بەرەوڕوو بۆتەوە. هەروەها شێوەی بەڕێوەچوونی رەوتی دادگایی تۆمەتباران لە دادگاکانی کۆماری ئیسلامی خاڵێکی دیکەی جێگای ناڕەزایەتیی پارێزەرانی مافی مرۆڤە. ئیعدامی بەرینی قاچاخچیانی مادە هۆشبەرەکان یان ئەوانەی لە ژێر ئەم تۆمەتەدا بە سانایی ئیعدام دەکرێن، لە حاڵێکدا رێژیم بۆخۆی سەبارەت بە پەرەدان بەو مادە ماڵوێرانکەرە پرسیاری لە سەرە، بابەتێکی دیکەی جێگای ناڕەزایەتییە لە ئاستی جیهاندا. ١٠ی ئۆکتۆبری ئەمساڵ لە کاتێکدا تێپەڕ دەبێ کە هەرچەند رێژەی ئیعدامەکان لە ئێران بە رادەی ٣٨ لە سەد لەچاو ساڵی رابردوو کەم بۆتەوە بەڵام رادەی سەپاندنی ئەو حوکمە بە رێژەی ١٢ لە سەد، هەروا لە پەرەگرتن دا بوو. لە ١٠ی ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠١٥ تا ئۆکتۆبری ئەمساڵ، ٥٠٤ کەس لە ئێران ئیعدام کراون کە ٣٩ کەس لەوانە لە بەرچاوی بیروڕای گشتی و لە مەیدان و شوێنە گشتیەکان لە دار دراون. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە لە ئاستی ئێران و جیهاندا ناڕەزایەتیەکی بەرین لەم بارەوە بەرەوڕووی کۆماری ئیسلامی بۆتەوە. بەرامبەر بەوەش بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هەروا بەرگری لە سەپاندن و جێبەجێ کردنی سزای ئیعدام دەکەن. رێکخەران و بەڕێوەبەرانی بزووتنەوەی لێگام، بزووتنەوەیەک کە بە ئامانجی نەهێشتنی سزای ئیعدام لە ئێران هاتۆتە ئاراوە، بە توندی کەوتوونەتە بەر سەرکوتی هێزە ئەمنیەتی و سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران. چەند رۆژ بەر لە هاتنی ١٠ی ئۆکتۆبر، رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوە لە دژی سزای ئیعدام، نێرگس محەممەدی بە تاوانی رێکخستنی بزووتنەوەی لێگام دژ بە ئیعدام، لە لایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ١٦ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا.

۷/۱۱/۱۳۹۵

نیشتمانی بە مین چێندراو

تاهیر قاسمی
لە ماوەی رۆژانی رابردوودا، پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە درێژەی خەبات و تێکۆشان لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کەوتنە سەر مەیدانێکی بە مین چێندراو لە لایەن هێزەکانی داگیرکەری کوردستان و لە ئەنجام‌دا بە داخەوە دوو پێشمەرگەی قارەمانی کوردستان شەهید بوون.
 ئەگەرچی ئەو مینانەی بۆ پێشمەرگەکان داندرابوون، مینی ئاسایی نەبوون و لە راستی‌دا بۆمبێکی بەهێز بوو لە گوێن ئەو بۆمبانەی کە سپای رەشی داعش بەردەوام بە کاریان دێنێ بەڵام شەهیدان ئازاد ئاڵی و ئەمیر نستانی تاکە قوربانیانی تەقینەوەی مین لە ماوەی دوو حەوتووی رابردوو لە رۆژهەڵاتی کوردستان نەبوون. تازە زانیاری‌یەکان لە بابەت دەستپێکردنەوەی هەڵمەتێکی نۆی بۆ چاندنی مین لە ناوچەکانی پیرانشار و مەریوان لە لایەن سپای پاسداران، ئاشکرا ببوو کە بە داخەوە لە ناوچەی مەریوان سێ مێرمندال کەوتنە سەر مەیدانی مین. رۆژێک پێشتریش لە ناوچەی سەردەشت ٣ مناڵی دیکە کە خەریکی کایە و یاریی مناڵانەی خۆیان بوون، کەوتنە سەر مین و یەکیان گیانی لە دەست دا و دوو منالەکەی دیکەش بە توندی بریندار بوون.
بە پێی ئامارەکان ٦ میلیۆن هێكتار له‌ خاكی ئێران به‌ ٢٠٠ میلیۆن مین چێندراوه‌. بەوەش لە ئاستی نێونەتەوەیی‌دا وڵاتی ئێران پلەی دووهەمی لە زیاترین زەویی بە مین چێندراو هەیە. زۆربه‌ی نیزیک بە تەواوی ئەو مینانە و ئەو ناوچە مینرێژکراوانەش لە کوردستان و لە چوار پارێزگای‌ ئیلام، كرماشان، سنه‌ و ورمێ هەڵکەوتوون. مینە چێندراوەکان دوو بەشن؛ بەشێکیان پاشماوەی شەڕی ٨ ساڵەی نێوان عێراق و ئێرانن کە دوای کۆتایی شەڕیش کۆماری ئیسلامی هیچکات مەیلی بە لای هەڵگرتنەوەی ئەو مینانە و پاک کردنەوەی کوردستان لە مین نەبووە. نەک هەر نایهەوێ ئەو مینانە هەڵگرێتەوە و زەویە مینڕێژکراەکان پاک بکاتەوە تەنانەت هەر لەو کاتەوە کە کوردستانی داگیر کردووە، سیاسەتی چاندنی مین لە کوردستان پێڕەو دەکا. ئەوەش بەشی دووهەمی مینە چێندراوەکان لە کوردستان پێک دێنێ. سیاسەتی مینڕێژکردنی خاکی داگیرکراو لە لایەک خدەی هەر داگیرکەرێکە سەبارەت بە نیشتمانێک کە داگیری کردوە و لە لایەکی دیکەش چونکە لەو نیشتمانەدا نامۆیە و دژی خەڵکە و خەڵک دژیه‌ی، ناچارە پەرژینێک بە مین لە دەوری هێزە چەکدار و سەرکوتکەرەکانی خۆی چێ بکا.
ئامارەکان هەروەها دەڵێن له‌ ساڵی رابردوو‌دا ‌ ٣٦ كه‌س له‌ كوردستان بوونەتە قوربانیی ته‌قینه‌وه‌ی‌ مین کە ١٢٢ كه‌سیان بەو هۆیە گیانیان له‌ده‌ست داوه‌ و ٢٤ کەسیشیان بریندار و نقوستان بوون. منداڵان و مێرمنداڵان چ لە کاتی یاری و گەمەدا و چ ئەو کاتانەی کە بۆ لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵات لە کێو و چیاکانن، سەرەکیترین قوربانیانی تەقینەوەی مینن. کۆڵبەران و کاروانچیان، جووتیاران و مەڕداران و ئەو ژن و پیاوانەی بەهاران بە مەبەستی چنینەوەی گیای بەهاری روو لە چیاکان دەکەن، بەشێکی دیکە لە قوربانیانی نیشتمانی بە مین چێندراون. بەربڵاویی مەیدانی مین لە کوردستان تا ئاستێکە کە تەنانەت هێندیک جار هێزەکانی سپای داگیرکەر بۆخۆیشیان دەبن بە بەشێک لە قوربانیانی ئەو مینانەی کە هەر خۆیان دایانچاندوە.
 کەلک وەرگرتن لە مین بە تایبەت مینی دژە نەفەر لە ئاستی نێونەتەوەیی‌دا بابەتێکی جێگای باس و سەرنجە. خەسارەکانی ئەو جۆرە مینە بە درێژایی سەدەی رابردوو گیانی زۆر کەسی مەدەنی ئەستاند یا نقوستانی کردن. خەسارەکە بە رادەیەک بوو کە وڵاتانی جیهانی ناچار کرد بیر لە سنووردارکردنی بە کارهێنانی ئەو جۆرە مینە بکەنەوە. سەرەنجام ساڵی ١٩٩٧ لە شاری ئۆتاوای کانادا پەیمانی ئۆتاوا بۆ ئەو مەبەستە هاتە کایەوە. بە پێی ئەو پەیمانە وڵاتان عەمباری مینە دژەنەفەرەکانی خۆیان تونا دەکەن و لە سازکردن، کەلک وەرگرتن، کڕین و فرۆشتنیشی خۆ دەپارێزن. ئەگەرچی زۆربەی وڵاتانی جیهان ئەم پەیماننامەیان واژۆ کردووە لێ هێشتا ٣١ وڵات و لەوانە کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادە نەبووە مل بەو پەیمانە بدا. بەڵام بەرامبەر بەوە نیزیک بە تەواوی حیزبەکانی رۆژهەڵات پەیوەست بە بانگەوازی رێکخراوی ژێنێڤا کال بوون کە یەک لە ئامانجەکانی ئەو رێکخراوە بەکارنەبردنی مینی دژەنەفەر لە شەڕ دایە. ئەگەرچی ئەم پەیوەستبوونەوەی حیزبەکانی رۆژهەڵات بە بانگەوازی کۆتایی بە کاربردنی مینی دژەنەفەر گرینگ و لە جێگای خۆی دایە و ئەوان رۆڵێکی ئەوتۆیان لە مینڕێژکرانی ئەو پانتاییە بەرینەی نیشتمانی رۆژهەلات نییە بەلام واژۆکەیان هەتا ئێستا بەرهەم و دەرەنجامێکی ئەوتۆی لێ نەکەوتۆتەوە. رۆژانە مین لە کوردستان گیانی هاونیشتمانان دەستێنێ بەبێ ئەوەی رێکخراوی ژێنێڤاکال ئاگادار بێ، بە قەد ئەو هەموو قوربانی‌یە هەڵوێستی هەبێ و بیروڕای گشتی سەبارەت بەو تاوانە ئینسانی‌یە دژ بە مرۆڤی کورد، بە گژ کۆماری ئیسلامی‌دا بکرێ. حیزبەکانی رۆژهەڵات ئەگەرچی یەک لە دوای یەک پەیوەست بە بانگەوازی ژنێڤ بوون و ئەوە نیزیک بە چوار ساڵ بە سەر ئەو پەیوەستبوونەیان‌دا تێدەپەڕێ بەڵام بە داخەوە ئەو خاڵە هاوبەشە نەیتوانی ئەوان سەبارەت بەو بابەتە گرینگە کە رۆژانە گیانی کوردستانیان دەستێنێ، کۆک و هاوکار بکا. ئەگەر پەیوەستبوونی حیزبەکانی رۆژهەڵات بە رێکخراوی ژێنێڤاکال تەنیا بۆ مانۆڕێکی سیاسی یا بەستنی دەستی خۆیان لە بەکاربردنی مین بێ لە حاڵێک‌دا کە مینی دوژمن رۆژانە گیانی خەڵکی کوردستان دەستێنێ، ئەوە تەنیا بەردەکانیان بەستۆتەوە و سەگەکانیان بەرەڵا کردوە. بەڵام بوونی ئەوان لەو رێکخراوەدا هەروا بەستێنێکی گرینگ و دەست لێنەدراوە بۆ کاری هاوبەش و بۆ بەگژداچوونەوەی کۆماری ئیسلامی لە مینڕێژکردنی بەردەوامی کوردستان و بۆ رزگار کردنی نیشتمانێکی بە مین چێندراو.
لە ژماره‌ ٦٨٨٨ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌

بابەتی نوێ:

بۆچی دوا پێنج‌شەممەی ساڵ ڕۆژی سەردانی گڵکۆی ئازیزانە

  لەنێو کۆمەڵگەی کورد و ئێرانییەکانیشدا باوە کە بەتایبەت ئێوارەی ڕۆژانی پێنج‌شەممە سەردانی وێنەی کێلێک لە لوڕستان گڵکۆی مردووەکانیان دەکەن و...