۱/۳۱/۱۳۷۶

گۆرانیی نوێ

 

گرینگ نییە کەوا ئەمڕۆ

لەچاوی پڕ تاسەم ونی

گرینگ نییە کەوا ئەمڕۆ

من چیاییم

تۆش نیشتەجێی شاری وەک بەحری بێ بنی

ئەمێستاش یادەکانی تۆ

تاکە هاودەمی شەوانی تەنیاییمن

ئەمێستاش نامەکانی تۆ

نێوئاخنی کەشکۆڵەکەی چیاییمن

ئێستاش ئازادیی تۆ و وڵات

خولیای سەری سەواییمن

 

گرینگ نییە

ئەوانە هیچیان گرینگ نین

ئەوێستاش تۆم

وەکوو باخ و بەهار و بەیان خۆش دەوێ

ئێستاش خەیاڵی تۆم نەبێ

خەو لە چاوانم ناکەوێ

 

لە چی تۆراوی گیانەکەم

خۆ من ئێستاش هەر ئامادەم

ڕێی مەدرەسەت بگرمەوە

لە نێو بەفر و سەهۆڵبەندانی شارەکەت

لە نیونیگای ژێر مەقنەوە

باوەشێک گوڵ بچنمەوە

وەکوو دیاری بۆ دەفتەری تاسەباری شێعرەکانمی بەرمەوە.

 

تووڕە مەبە

دەمێکە پەنجەرەکەم

چاوەڕێی تیشکی هەتاوە

وەرەوە و بەم نیوەشەوە

بە پێخەفی بسکی سەوزت دامپۆشەوە

سا وەرەوە و

لە بەر تینی ئاگردانی شێعرەکانم

زستان لەبیر بەرینەوە

کە هاتییەوە

بە ودمی هەناسەی ئەوین

گۆرانی نوێ بۆ ژینی نوێ دەچڕینەوە..

کۆیە بەهاری ١٣٧٦

۱۲/۲۹/۱۳۷۵

پەشیمانم..

 

پەشیمانم

لە عەشقی تۆ پەشیمانم

لەو فرمێسکانەی بۆ تۆم ڕشت

دەمەوێ کە دڵۆپ.. دڵۆپ..

بیانڕێژمەوە نێو چاوانم

 

پەشیمانم لە بینینت

            لە ناسینت

            لە ئەوینت

لە ناوت

        لە ناوەرۆکت

لەو وشانەی کە ڕۆژگارێک دەتهاویشتە سەر زمانم

پەشیمانم..

چلۆن بیڵێم تا تێبگەیت و تێنەگەی

ئەوینی تۆ کاسەی شەراب و ژەهر بوو کە من چێشتم

لە مابەینی مەستی و مەرگا پەشیمانم

ئەوینی من

-   فەرهادئاسا -

کوتکی بە بێستوون دادەدا

سەحرای بە مەجنوون تەی دەکرد

بۆ نەمانی مۆتەکەی شەو

درەنگ زانیم

بوومە گاڵتەجاڕی دەستی

شیرینی چاومەستی چاوبەست

حاشا لە تۆش و تف لە ئەو

لە پەیمانم

          پەشیمانم...

                    کۆیە - ڕەشەممەی ١٣٧٥

۱۰/۲۲/۱۳۷۵

بە ڕەوەزەکانی وڵاتەوە

 

کۆترەکانی وشەی نالی

ئەگەر لەسەر گومبەزی مەمکی حەبیبە هەڵنەنیشتبان

دەبوایە خۆی باڵیان بکا و

بیانکاتە دیاری بۆ پاشا

 

خانی ئەگەر

باڵای زینی لە وشە دانەتاشیبا و

نەیبردبا بۆ ژوانی مەم

ڕۆحی وەبەر ژوان نەنابا

دەبوو شێعری بکا بە مەیتەری ئاغا

ئێستا منیش

ئەی وڵاتە شیرینەکەم!

ئەگەر شێعرم نەکەم بە ڕێژنە باران و

بەسەر کێڵگەی هەڵقرچاوتا نەیبارێنم

دەبێ مەتحی شەمشەمە کوێرەی پێ بکەم.

 

جیاوازیی تۆ لەوەدایە

حەبیبە مرد و بەتەنها

پەیکەری لە شێعری نالیدا مایەوە و

ڕۆحی لە خەیاڵی ئەودا

مەم ڕۆی و

زین ڕۆی و

شۆفاریش چوو

ئەوەی کە ما

عەشقی مەمە و

باڵای زینە و

ڕووخساری شوومی شۆفارە

بەڵام تۆ ئەی وڵاتە شیرینەکەم

شێعرم لە ئامێزی تۆدا ببێ و نەبێ

تۆ هەر هەی و هەر دەشمێنی

ئەوە تەنها شێعری منە

وەکوو گیا و گوڵ

بە ڕەوەزەکانی تۆوە ڕادەوەستێ

کۆیە- ١٠/١/١٣٧٥

بابەتی نوێ:

حیزب وەک سەنتەر، ستراتژیی حیزب وەک سەنتێز

سەردەمی ئێستا، سەردەمی بەئاگاهاتنەوەی هەرچی زیاتری نەتەوە بندەستەکانە. سەردەمی ‏هەوڵدانی بە کۆمەڵی کۆمەڵگا ژێردەستەکان بۆ سڕینەوەی سێبەری دا...