چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوە بۆ هەر حیزبێکی سیاسی دەرەنجامی شکست یان تێگەیشتن لە شکستی گەیشتن بە ئامانجەکانە لەڕێی ئەو شێواز و ستراتژیەی کە تا بەر لەو بڕیارە گرتبوویەبەر. پەکەکەش لە دوا کۆنگرەی خۆیدا بە کردەوە دانی بەو ڕاستییەدا داناوە، ئیتر بۆ دەبێ کەسانێ لە وشەی شکستی تێکۆشان بە ناوی پەکەکە و ئاشبەتاڵ لە خەباتە چەکدارییەکە بپرینگێنەوە؟ ئەگەر قەبووڵ نەکردنی ئەو ڕاستییە بۆ ئەوەیە کە خەبات لە شکڵ و شێوازی دیکەدا بەردەوام دەبێ، ئەوە هەر ئێستاش لە نێوخۆی تورکیا و ئەورووپاشدا لە ئارادایە و ئەوە هیچ لە واقعییەتی ئەو شکستە سیاسی و سەربازییە ناگۆڕێ.
بە پێچەوانەی زۆر لێکدانەوە، من ئەو بڕیارەی پەکەکە
بەدەر لە بانگەوازی ئۆجەلان و سەرەڕای ئەگەری بەهێزی فرتوفێڵی تورکان، بە دەرەنجامی
ڕووداوە سیاسی و سەربازییەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایی دەزانم و پێم وایە ئازایەتی و
تەنانەت فیداکاریشی تێدابوو، چونکە؛
١- ڕێژیمی تورکیا بەو نفووزەی لە دنیای دێموکراسیدا
هەیەتی، توانیبووی پەکەکە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بە دنیا بناسێنێ و لە سیاسەتی
جیهانیدا بیکا بە گولی دوور لە ئاوایی. بەوەش هەناسەی سیاسی لەو پارتە و لق و پۆپەکانی
بڕیوە و شێوازەکانی دیکەی خەباتی کوردی باکووریشی خستۆتە ئاستەنگەوە .
٢- دوای حەوتی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣، ئەو بەرەیەی کە پەکەکە
لە غیابی بەرەی دێموکراتیکدا، بە ئاشکرا و بە نهێنی، بە نزیک لە خۆی دەزانی (بەرەی
دژ بە ئیسرائیل)، بەرەو لاوازی و توانەوەی یەکجاری چووە.
٣- سێ لە پشتیوانانی ئاشکرا و نهێنیی پەکەکە لە
ناوچەکەدا واتە سووریای ئەسەد، ئێران و ئەرمەنستان یان لەناو چوون یان تووشی لاوازی
و داڕمانی یەکجار زۆر هاتوون.
٤- خەباتی چەکداریی پەکەکە لە شەری خەندەقەکانەوە
بەردەوام لە پاشەکشەدا بووە و زۆر زیانی کاریگەری بەر کەوتووە. جاران کە پەکەکە لە
نێو خاکی تورکیا یان لانیکەم لە چیاکانی باکووری کوردستاندا شەڕی دەکرد، ئێستا لەشکری
تورک شەڕەکەی بۆ قووڵایی باشووری کوردستان و بۆ سنووری نێوان عێراق و ئێران گواستۆتەوە.
٥- بەرەوپێش چوونی تکنیک و کەرەسەی شەڕ لە دەست
تورکیادا تەنگی بە هەر جووڵەیەکی ئاسایی پەکەکە هەڵچنیوە و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ناچار بە
پاشەکشەی زیاتری کردوە
٦- لەباری سیاسیشەوە، پەکەکە ستراتژییەکی ڕوونی
بۆ شەڕ لە دژی تورکیا لەدەستدا نەمابوو. لەلایەک داکشان و داشکانی خواستە نەتەوەییەکان
لە جیاکردنەوەی باکووری کوردستان و ویستی دامەزراندنی سەربەخۆیی چوارپارچەی
کوردستانەوە بەرەو کۆنفێدرالیسمی دێموکراتیک و شۆڕ بوونەوە بەرەو خۆسەری دێموکراتیک
و خۆبەڕێوەبەری و.. سەرەنجام دژایەتی لەگەڵ هەر قەوارەیەکی سیاسیی نەتەوەیی و ڕازیبوون
بە هێندێک دێموکراسیی زیاتر لە تورکیا، لەباری سیاسییەوە هیچی بە دەست پەکەکەوە نەهێشتووە
و لەلایەکی دیکە ئەردۆغان بە پەسەندکردن و دواتر کەلکاوەژۆ کردن لە یاسای دژە تیرۆر،
توانی ستراتژیی شەڕ بۆ دێموکراسی بە کردەوە شکست پێ بێنێ و خەباتی سیاسیی کوردی
باکوور و تەنانەت ئۆپۆزسیۆنە سەراسەریەکەشی پێ لاواز بکا.
٧- کوردی باکوور بە پێچەوانەی کوردی ڕۆژهەڵات، چ
لە نێوخۆی تورکیا و چ لە ئەورووپا و شوێنەکانی دیکەش ڕێگای زۆر و شێوازی جۆراوجۆری
بۆ خەبات هەیە و ناچار نییە هیندە پشت بەو خەباتە چەکدارییە پڕ تێچوو و کەم دەسکەوتە
ببەستێ.
لەگەڵ هەمووی ئەوانەدا پێم وایە ئەگەر پەکەکە
توانیبای و تورک بواری ئەوەی دابا کە شەڕ بە ئاگربەست و بە پاراستنی هێزە چەکدارەکەی
خۆی بگۆڕێ، دەیتوانی بە دەستی پڕ یان پڕترەوە لەسەر مێزی دانوستان دابنیشێ.
وەک قسەی کۆتایی، ئەزموون نیشانی داوە کە بە
ناهومێدبوونی خەڵک لە خەباتی چەکدارانە، گەلی ئازادیخواز و مافویست هەمیشە ڕێگای
گشتگیرتر، کەم تێچووتر و شێلگیرتری بۆ بەرەوپێش بردنی خەبات دۆزیوەتەوە و گەلی
کوردی باکووریش لەوە بەدەر نابێ.