۹/۲۴/۱۴۰۲

ساجی عەلی

لە کوردەواریدا ئەگەر کەسێ زۆر نەدار و دەستکورت بێ یان لەباری بژیو و ژیانی ڕۆژانەی بکەوێتە تەنگانەوە، دەڵێن؛ کەوتووەتە سەر ساجی عەلی.

ئەم دەستەواژەیە لە نەریتێکی ناوچەکانی خوارووی کوردستان، بە تایبەت لە نێو کوردانی ئیلام داکەتووە. لەوێ ساجی عەلی، ساج یان مەجوعمەیەکە کە خواردنی لەسەر دادەنێن و لە مانگی ڕەمەزاندا بۆ تازە مردووانی دەکەن بەخێر و بەسەر هەژاران و بەلەنگازاندا دابەشی دەکەن. بەپێی نەریت، خواردنی سەرەکیی سەر ساجی عەلی پڵاو و گۆشتی کەڵەشێرە و ناودەرکردنی بە ناوی عەلی، لەلایەک بۆ ئەو باوەڕە دەگەڕێتەوە کە عەلیی کوڕی ئەبوتالب کەسێکی خێرخواز بووە و خواردنی بەسەر فەقیراندا دابەش کردووە هەمیش بۆ برینداربوون و دواتر کوژرانی ئەو لەو مانگی ڕەمەزانەدا.
کەوتنە سەر ساجی عەلی بریتی لە گەیشتنە ئاستێک لە هەژارییە کە هەژار چیتر بژیوی خۆی و خاو و خێزانی بۆ دابین نابێ و چاوی لەو بەشە خۆراکەیە وا قەرارە لە ساجی عەلی بەشی بدرێ یان بە ساجی عەلی بۆی ڕەوانە بکرێ.

۹/۱۹/۱۴۰۲

لە داکۆتاوە بۆ کوردستان

 بیرەوەرییەکانی ئەندامێکی سپای ئاشتیی ئەمریکا لە مەهاباد (١)

رۆلاند ئێلیوت براون

تاهیر قاسمی کردوویە بە کوردی


کچێکی کورد خەریکە هێگلاند بە جلی کوردی دەڕاز‌ێنێتەوە
ساڵانێ بەر لەوەی ئێران، ئەمریکا بە "شەیتانی گەورە" ناو ببا، "جان ئێف. کێنێدی" سەرکۆماری ئەوکاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نیگەرانیی خۆی لەوە دەربڕیبوو کە لە دەرەوەی سنوورەکان، ئەو وڵاتە بە "ئەمریکییە ناشیرینەکە" ناوبانگی دەرکردووە. ئاماژەکەی کێنێدی ڕووی لەو دیپڵۆماتە ئەمریکاییانە بوو کە بە لەخۆباییبوون و خۆبەزلزانی و ناشارەزاییان لە فەرهەنگی وڵاتانی خانەخوێ، لە گەرمەی شەڕی سارددا، ڕوخساری ئەمریکایان خەوشدار دەکرد. 

 

کێنێدی لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا دژ بە "ڕیچارد نیکسۆن"، هەوڵی دا وەچەیەکی نوێ لە لاوانی ئەمریکایی بۆ خزمەت بە وڵاتەکەیان هان بدا. بەشێک لە پلانەکەی کێنێدی، دامەزراندنی "سپای ئاشتی" بوو؛ هێزێکی پێکهاتوو لە ژنان و پیاوانی "ژیر و بەرهەڤ" کە ئامادە بوون خۆیان بۆ پێشکەوتن و سەقامگیرکردنی ئاشتی لە وڵاتانی پەرەئەستێندا تەرخان بکەن.

 

بیرۆکەی سپای ئاشتی داهێنانی کێنێدی نەبوو؛ لە ساڵی ١٩٥٧، "هیوبێرت هامفێری"، سیناتۆری دێموکرات هێندێک هەوڵی دابوو تا ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ بکا بەڵام ئەوە کێنێدی بوو کە هەر لە مانگەکانی سەرەتای سەرۆک کۆماریی خۆیدا، ئەوەی وەک دامەزراوەیەکی هەمیشەیی لەنێو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا دامەزراند.   

 

جێژنی لەدایکبوونی شا لە مەهاباد
سپای ئاشتی کاری خۆی لە ساڵی ١٩٦٢دا دەست پێ کرد و کۆمەڵێک خوبەخشی بۆ ماوەی دوو ساڵ، بە مەبەستی کار و خوێندن بۆ وڵاتانی جۆراوجۆر بەڕێ کرد. زۆربەی ئەو خوازیارانە  تازە زانکۆیان تەواو کردبوو، زمانی وڵاتانی خانەخوێیان دەزانی و ئامانجیان ئەوە بوو لێکتێگەیشتنی فەرهەنگی لەنێوان ئەمریکا و وڵاتانی خانەخوێدا پەرە پێ بدەن و بە هاوکاریی شارەزایان و کارناسانی ناوچەیی، لە بوارەکانی خوێندن و بارهێنان، کشتوکاڵ، پیشەگەری و ڕەوتی گەشەپێداندا کار بکەن. خوازیارانی سپای ئاشتی بۆ ئەمریکای باشوور، ئاسیا، ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەناردران.

 

لە مەودای نێوان ساڵەکانی ١٩٦٢ تا ١٩٧٦، زیاتر لە هەزار و پێنسەت خۆبەخش لە ئێران خزمەتیان کرد. زۆربەی ئەوان لەگەڵ هاوکارانی ئێرانیی خۆیان دۆستایەتییان دامەزراند کە ئەو دۆستایەتیانە تا کۆتایی تەمەنیان بەردەوام مایەوە. ئەوان دوای ئەوەی گەڕانەوە بۆ ئەمریکا، ناسیارییەکی قووڵیان لەسەر فەرهەنگی ئێران هەبوو و دوای ئینقلابی ساڵی ١٩٧٩ کە پێوەندییەکانی نێوان دوو وڵات تێکچوو، ناسیاریی ئەوان لەسەر ئێران بە سەرچاوەیەکی دەگمەن و بە بایخ هەژمار دەکرا.

 

لە زنجیرە وتارێکدا، بیرەوەریی ئەو خۆبەخشانەی پێشووی سپای ئاشتی لەو ساڵانەی کە لە ئێران بوون، بە یەکەوە دەخوێنینەوە.(٢)

 

پێشاندانی شانۆ لە دەبیرستانی کچانە
ئاسۆی داهاتوو بۆ ئەو کچانەی کە لە ساڵەکانی دەیەی ١٩٦٠ لە "داکۆتای باشووری" لە ئەمریکا دەژیان، هێندە ڕوون نەبوو. "ماری ئێلین هێگلاند" دەڵێ: «‏ژنانی داکۆتا بەشێوەی سرووشتی یان دەبوو ببن بە پەرستار یان بە مامۆستای قوتابخانەی سەرەتایی. جاروباریش یاریدەدەری کۆمەڵایەتی.»‏ بەڵام لەو کاتەدا کە 
قۆناغی یەکەمی کۆمەڵناسی و دەروونناسی لە "ئاگوستانا کالێج" لە "سوفالز" دەخوێند، باوکی کە قەشەیەکی لۆتەری بوو، ڕێگایەکی دیکەی پێشانی ماری دا: «‏باوکم دەیگوت ئەگەر گەنج بوایەم، دەچوومە ناو سپای ئاشتیی کێنێدی‌یەوە.»‏

ماری بێ ئەوەی زانیارییەکی ئەوتۆی سەبارەت بە سپای ئاشتی و ئامانجەکانی هەبێ، داواکارییەکەی نارد.

  

لە هاوینی ساڵی ١٩٦٦، هێگلاند وێڕای کۆمەڵێک لە خۆبەخشان دەچێتە "ئۆستن"ی تێگزاس تا بۆ وتنەوەی وانەی ئینگلیزی لە ئێران، لە خولەکانی ڕاهێناندا بەشداری بکا. هەڵبژاردنی وڵاتی مەبەست، تەواو بە هەڵکەوت بوو. تەنیا دەیویست بینێرن. پێیان دەڵێ بۆ وڵاتێکی دوورم بنێرن.  

 


لە قۆناغی ڕاهێناندا، هێندێک بابەت سەبارەت بە پێوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئێران لە سەردەمی شەڕی سارددا فێر بوو و ڕوانگەی مامۆستایانی سپای ئاشتیی لەسەر "محەممەدڕەزا پەهلەوی"، یەکێک لە هاوپەیمانانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست زانی: «هێندێک لە مامۆستاکان دەیانگوت ئێران دەبێ دیکتاتۆرێکی هەبێ چونکە ئێرانییەکان نەخوێندەوارن و هێشتا بۆ دێموکراسی ئامادە نەبوون. پێموایە لەو کاتەدا زۆر بێ هەڵوێست بووم. تەنیا پێم وا بوو سپای ئاشتی دەتوانێ قازانجی بۆ ئێران هەبێ و پێوەندی و تێکەڵیی لە نێوان ئێرانی و ئەمریکاییەکاندا بێنێتە ئاراوە.»‏

 

بەڵام بەر لەوەی زانکۆی تێگزاس بەجێ بهێڵێ، لەگەڵ دەمێکی مەترسیداری مێژوو بەرەوڕوو دەبێ: یەکێک لە یەکەمین کوشتارە بەکۆمەڵەکان لە ئەمریکا.

هێگلاند لە کێوەکانی دەوروبەری مەهاباد
ڕۆژی یەکەمی مانگی ئووتی ساڵی ١٩٦٦، لەو کاتەدا کە هێگلاند و بەشێکی دیکە لە خۆبەخشانی بەشدار لە کۆرسەکانی زمانی فارسی، خەریک بوون پۆلەکانی خوێندنیان بەجێ دەهێشت، "چارلز ویتمەن"، تفەنگچیی پێشووی هێزی دەریایی ئەمریکا، لە تاوەری سەرەکیی زانستگاوە سەنگەری گرت و تەقەی لە خوێندکاران کرد؛ ١٤ کەسی کوشت و ٣٠ کەسیشی بریندار کرد؛ «یەکێک لە هاوپۆلەکانی ئێمە بەناوی "تۆم ئەشتۆن" کوژرا. دوو کەسی دیکەش بریندار بوون. لەبیرمە لەگەڵ چەند کەس لەپشت بینایەک دانیشتبووین و سەعاتێک چاوەڕوان بووین تا ڕاگەیەندرا کە دۆخەکە ئاسایی بۆتەوە و دەتوانین بێینە دەرێ.»‏

 

دوو کەس لە ئەندامانی دەستەی زمانی فارسی بریندار بوون. یەکێک لەوان بەرنامەی سەفەرەکەی بە یەکجاری هەڵوەشاندەوە. دووهەم کەس، "دەیڤید ماتسۆن" کە گوللە لە مەچەکی درابوو، ناچار بوو سەفەرەکەی دوا بخا. ئەو دواتر لە تاران لەگەڵ سپای ئاشتی کاری دەکرد و توانی لەوێش لەژێر چاوەدێریی پزیشکەکاندا بێ: «ئەو هاوینە ڕۆح و ڕەوانی ئێمەی بریندار کرد بەڵام ئەو ڕۆژانە زۆر گوێ بەو کەسانە نەدەدرا کە لە ڕووداوی ئاوادا دەروونیان بریندار دەبوو.»‏

 

شوێنێک لە دڵی کێوەکاندا

هێگلاند دوای ئەوەی هاتە ئێران، سپای ئاشتی پرسیاری لێ کرد کە پێیخۆشە لە کوێ خزمەت بکا: «گوتم من خووم بەو شوێنانە گرتووە کە چوار وەرزیان هەیە. ئەو جێیانەشم پێ خۆشە کە کێوپارەن.»‏

جەخت لەوەش دەکاتەوە کە نایهەوێ هیچ ژنە خۆبەخشێکی دیکەی لەگەڵدا بێ. نەیدەویست دیسان کاتەکانی خۆی لەگەڵ ئەمریکاییەکاندا تێپەڕ بکا.

 

لە ڕاستەوە خاتوو عیسمەت پەنجەوی دەناسرێتەوە و بەپێی
سەرچاوە سەرەکییەکە ئەوانە ژنانی بنەماڵەی خانەخوێن
سپای ئاشتی، هێگلاند بۆ مەهاباد دەنێرێ؛ لە دڵی کێوەکانی کوردستاندا کە مەودایەکی زۆری لەگەڵ سنووری عێراق نییە. بەڵام بە هیچ جۆر نەدەکرا هێگلاند بە تەنیا بۆ ئەو ناوچەیە بنێردرێ: «سپای ئاشتی ژنانی خۆبەخشی تەنیا لەگەڵ پیاوانی خۆبەخش بۆ ناوچەیەک دەنارد کە بە دیاریکراوی کردەیەکی سێکسیستی بوو! هەڵبەت دۆخەکە تا ڕادەیەک خراپ بوو، چونکە لەو ناوچانەی کە ئێمە کارمان تێدا دەکرد، هێندێک لە پیاوان پێیان وا بوو ژنەکان لە بنەڕەتدا بۆ خزمەتی سێکسی هاتوونەتە ئەوێ!»‏

 

لە مەهاباد، دوو خۆبەخشی پیاو لەلایەن سپای ئاشتییەوە هەبوون؛ یەکێکیان مامۆستای زمانی ئینگلیزی بوو و ئەویدیکەش پسپۆڕی کشتوکاڵ کە بە ماتۆڕسیکلێت سەردانی گوندەکانی دەوروبەری دەکرد و یارمەتیی پڕۆژەکانی کشتوکاڵیی دەدا.

 

هێگلاند کە لە قوتابخانەیەکی ئامادەیی (دەبیرستان) کچاندا دەرسی زمانی ئینگلیزی دەگوتەوە، بە کردەوە زۆربەی کاتەکانی خۆی لەگەڵ ژنانی کورددا تێپەڕ دەکرد: «زۆر بە گەرمی پێشوازییان لێ دەکردم. خەڵکێکی زۆر دڵنەرم و میوانگر بوون.»‏

 

هێگلاند لە ماڵی بنەماڵەیەکی کورددا دەژیا و لەگەڵ مامۆستایەکی جوولەکەی ئێرانیی خەڵکی تەورێز کە وانەی ئەدەبیاتی فارسی دەگوتەوە، سێ ژووریان لە ماڵەکە بەکرێ گرتبوو. ئەو دوو ژنە زیاتر هەر بە یەکەوە دەچوونە قوتابخانە و بە یەکیشەوە لە قوتابخانە دەگەڕانەوە.

 

هێگلاند تەنیا جارێک ناخۆشی لەگەڵ خەڵکی ئەوێی لەبیر ماوە: «جارێک خەریک بووم پیاسەم دەکرد کە پیاوێک لەگەڵ کوڕێک بە ماتۆڕسیکلێت بەلامدا هات و لە پشتەوە دەستی بە نێوڕانمدا هێنا. زۆر تووڕە و ناڕەحەت بووم. ئەوە کێشەیەک بوو کە ژنانی خۆبەخش جار و بار تووشی دەبوون. بەڵام بە گشتی هەستێکی ئاسوودەم هەبوو.»‏

 

هێگلاند لەکاتی وانەوتنەوەدا
هێگلاند وەک ژنێک کە لە مەهاباد دەژیا، ئەزموون و ئامۆژگاریگەلێکی دەست خست کە بۆ پیاوانی خۆبەخش بە ئاسانی دەستەبەر نەدەبوو: «ژنبوون ئەو دەرفەتەی بۆ من ڕەخساند کە بێ هیچ کێشەیەک لەنێو بنەماڵەکاندا بژیم. پیاوێکی مامۆستای زمانی ئینگلیزی تەنیا دەیتوانی لەگەڵ مامۆستایانی پیاو کەژەوانی بکا بەڵام ڕەنگبوو ڕێگای نێو بنەماڵەکانی پێ نەدەن.»‏

 

ئەو زۆر لەو شەوانەی زستانی وەبیر دێتەوە کە لەگەڵ ماڵی خانەخوێ و هاومزڵەکانی لەپەنا یەکتر، لە دەوری مەقەڵیی پۆلووی خەڵووز کۆ دەبوونەوە و کەشێکی دۆستانە لەنێوانیاندا دەهاتە ئاراوە.

 

ئەمریکا و شا لە ڕوانگەی کوردەکانەوە

ئەگەرچی هێگلاند کوردیی نەدەزانی و ناچار بوو پشت بەو فارسییە ببەستێ کە فێری ببوو، وانەگوتنەوە لە مەهاباد بۆ ئەو وەک تێپەڕکردنی دەورەیەکی چڕ و پڕی مێژووی کوردستان وا بوو؛ «هێندێک لە قوتابیان ڕۆڵی گرینگیان بۆ من هەبوو. یەکێک لەوان خزمی قازی محەممەد، سەرۆکی کۆماری کورد لە مەهاباد بوو.»‏ ئاماژەی بەوە دا کە سەرکردەیەکی سەربەخۆییخوازی ناوداری کورد بووە.

 

دوای شەڕی جیهانیی دووهەم، هێزە جیاییخوازەکان لە مەهاباد و ئازەربایجانی دراوسێ، بە پشتیوانیی یەکێتیی سۆڤییەت کە هەوڵی دەدا قانی نەوت لە حکوومەتی ناوەندی وەرگرێ، سەربەخۆییان ڕاگەیاند. هێزەکانی سۆڤییەت لە ساڵی ١٩٤٦ ئێرانیان بەجێ هێشت و دەسەڵاتی پەهلەوی دیسان کۆنترۆڵی ناوچەکەی بەدەستەوە گرتەوە و قازی محەممەد و سەرکردە جیاییخوازەکانی دیکەی بە تاوانی خیانەت بە وڵات ئیعدام کرد.

 

گەرچی ئەو بنەماڵەیەی کە هێگلاند میوانیان بوو، هیچکات پشتیوانی قازی محەممەد و کۆماری کورد لە مەهاباد نەبوون بەڵام ژیان لەنێو فەرهەنگی کورددا شوێنی قووڵی لەسەر ئەو دانا و دەرگای دیمەنێکی ناوازەی بۆ کردەوە: «سپای ئاشتی شتگەلێکی بێوێنەی فێری من کرد. ئۆگرییەکی تایبەتیم بە خەڵکی کورد پەیدا کرد و سەرنجم بۆ لای کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان کوردەکان و حکوومەت ڕاکێشرا؛ ئەو ناکۆکیانەی ئێستاش هەر درێژەیان هەیە.»‏

 

هێگلاند و قوتابییەکی
بە گوتەی هێگلاند، ڕاست بەر لەوەی کە لە ساڵی ١٩٦٨دا ئێران بەجێ بهێڵێ، ڕاپۆرتگەلێک بەرگوێ دەکەوتن کە مستەفا بارزانی، ڕێبەری کوردەکانی عێراق و "سی‌.ئای‌.ئەی" لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون کە نەهێڵن کوردەکانی ئێران لە سنوورەکانی کوردستانی عێراق ئاودیو بن: «‏بەشێک لە دژبەرانی کورد بۆ دەربازبوون لەدەست هێزەکانی ئێران، دەیانویست سنوور ببڕن بەڵام بەهۆی پێوەندیی زۆر نیزیکی نێوان ئێران و ئەمریکا، ئەو دەرفەتە بەوان نەدەدرا.‏»‏ هێگلاند وەبیری دێتەوە کە لە بەربەرەکانیی نێوان کوردەکان و هێزەکانی حکوومەتی ئێراندا، ژمارەیەک لە کوردەکان کوژارن. کوڕی قازی محەممەدیش لەو شەڕانەدا تێدا چوو.‏»‏ 


هێگلاند لەڕێی یەکێک لە قوتابییەکانییەوە لەگەڵ بنەماڵەی قازی محەممەد ئاشنا بوو: ‏«‏لەگەڵ قوتابییەکەم کە خزمی قازی محەممەد بوو، سەردانی ماڵی کچەکەیمان کرد؛ واتە ماڵی خوشکی ئەو پیاوەی کە کوژرابوو. ژنەکان لەپاڵ یەکتر دانیشتبوون و بە ئەسپایی فرمێسکیان دەڕشت. زۆر خەمهێنەر بوو.‏»‏(٣)

 

ئەو ئەندامەی سپای ئاشتی لە نێو شاریشدا تووشی دیمەنی ترسهێنەر دەبوو: «هەر لەو سەردەمانەدا، ڕۆژێک لە قوتابخانەوە دەچوومەوە بۆ ماڵێ، گوێم لێ بوو خەڵک بە یەکتریان دەگوت کە لە گۆڕەپانی سەرەکیی شار، لەسەر پردەکە، مەیتی کوردێک بەڕووتی دۆزراوەتەوە کە لەسەر سنوور کوژراوە. لەسەر مەیتەکە پلاکاردێک هەڵواسرابوو و ڕستەیەکی ئاوای لەسەر نووسرابوو؛ "ئەوەیە چارەنووسی دژبەرانی شا". من خۆم نەچووم بیبینم. ئەو ڕووداوە هەستی کوردەکانی زۆر بریندار کردبوو.»(٤)

 

میراتی سپای ئاشتی

قوتابیانی ماری لە شەقامێکی بە بەفر داپۆشراوی شاردا

کاتێک کە لە هاوینی ١٩٦٨دا گرێبەستی هێگلاند لەگەڵ سپای ئاشتی کۆتایی پێ هات، نەیدەویست ئێران بەجێ بهێڵێ. هەڵبەت دواجار وڵاتەکە و کوردەکانی بە خۆشەویستییەکەوە کە هیچکات لە دڵی دەرنەچوو، بەجێ هێشت: «هەموو هەوڵم ئەوە بوو کە بە باشترین شێوەی گونجاو وانەی زمانی ئینگلیزی بڵێمەوە. لەو سەردەمەدا، بیرم لەو قازانجانە نەدەکردەوە کە سپای ئاشتی بۆ ئێران و ئێرانییەکان هەیبوو بەڵام ئێستا کە بیر دەکەمەوە و دەبینم زۆرێک لەوانەی کە ئێرانیان بەجێ هێشتووە لەوانەیە پێویستییان بە هێندێک زمانی ئینگلیزی هەبووبێ، پێموایە کارەکەی من هەم بەقازانج و هەمیش ئەرێنی بووە.»‏

 

کار لەگەڵ سپای ئاشتی ڕێبازێکی نوێی لە ژیانی هێگلانددا کردەوە: ‏«‏بوو بە هۆی ئەوە کە بچم ئەنترۆپۆلۆژیای کەلتووری بخوێنم و لەسەر فەرهەنگی ئێران هەڵوەستە بکەم.» ‏دوای ئەوەی گەڕایەوە بۆ ئەمریکا، لە زانستگای نیویۆرک، بڕوانامەی ماستەر لە ئەنترۆپۆلۆژیای کۆمەڵایەتی و کولتووری بەدەست هێنا و دواتر دکتۆرای لە زانکۆی ویلایەتی نیویۆرک، لە بینگهامتۆن وەرگرت. ئەو ئێستا لە زانکۆی سانتا کلارا لە کالیفۆرنیا مامۆستای ئەنترۆپۆلۆژیایە.

 

بە وتەی هێگلاند، لە ساڵەکانی دەیەی ١٩٦٠ و ١٩٧٠، پێوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بە ئاستێکی زۆر بەرز گەیشتبوو: «‏هێشتا دەکرێ میراتی ئەو ساڵانە لە ئێرانی ئێستادا ببینین. لەو ساڵانەدا زۆر ئەمریکایی، چ لە چوارچێوەی سپای ئاشتی و چ بە شێوەگەلی دیکە، هاتنە ئێران و لەولاشەوە گەلێک خوێندکاری ئێرانی بە مەبەستی خوێندن، بۆ ئەمریکا چوون.‏»

بە وتەی هێگلاند، «ڕەنگە بەشێک لەو خوێندکارانە، قوتابیی مامۆستایانی سپای ئاشتی بووبن. ئاڵوگۆڕی فەرهەنگیی ئەو ساڵانە و پەرەگرتنی تێکنۆلۆژیی پێوەندییەکان لە ساڵانی دواتردا، بۆمان دەگێڕێتەوە کە بۆچی ئەو بەشە لەو کەمە ئەمریکاییانەی کە هێشتا سەردانی ئێران دەکەن، چاوەڕوانن لەگەڵ ئەندامانی کەلتوورێکی جیهانی بەرەوڕوو بن.»‏(٥)

 

***


پەڕاوێزەکان

١- ئەو بابەتەی سەرەوە لە نووسینی "ڕۆلاند ئێلیوت بڕاون" لە ماڵپەڕی "ئیران وایر"دا بە زمانی ئینگلیزی بڵاو کراوەتەوە کە "مازیار بەهاری" ڕۆژنامەنووسی ناسراوی ئێرانی - کانادایی بەڕێوەی دەبا. هەر لەوێ بابەتەکە بۆ سەر زمانی فارسیش وەرگێڕدراوە کە بەداخەوە وەرگێڕانێکی بێلایەنانە نییە. ئەم وەرگێڕانەی بەردەست پتر پشتی بە دەقە ئینگلیزییەکە بەستووە کە ئەوەی خوارەوە لینکەکەیەتی:

https://iranwire.com/en/features/64274

٢- ماڵپەڕەکە بێجگە لەم بابەتە، چەند بابەتی دیکەی هاوشێوەی هەر سەبارەت بە بیرەوەریی ئەندامانی "سپای ئاشتی" لە شوێنەکانی دیکەی ئێران، بڵاو کردۆتەوە کە چالاکییەکانیان پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە کوردستانەوە نەبووە و لەبەر ئەوەش گرینگییان بۆ خوێنەری کورد لەو ئاستەدا نییە. 

تەرمی شەهید سولەیمانی موعینی و
پلاکاردی "ئەوەیە نەتیجەی خیانەت"
٣- هاتن و مانەوەی ماری هێگلاند بۆ مەهاباد، هاوکات بووە لەگەڵ دەسپێکی بزووتنەوەی چەکداریی  ساڵەکانی ٤٦ – ٤٧ی هەتاوی (١٩٦٧ – ١٩٦٨ی زایینی) بە ڕێبەریی کۆمیتەی شۆڕشگێڕی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە بەشێکی بەرچاویان خەڵکی شاری مەهاباد و دەوروبەری بوون. لە نێوەرۆکی ئەو بیرەوەرییانەوە وا دەردەکەوێ کە دەنگدانەوەی ئەو خەباتە چەکدارییە، شەهیدبوونی پێشمەرگە و سەرکردەکانی و زاڵبوونی کەشی سەرهەڵدانەکە بەسەر شاری مەهاباددا، تا ڕادەیەک بە گوێی مارییش گەیشتووە و هەستی پێ کردووە بەڵام بە هەڵە یان بە ئانقەست وا تێگەیەندراوە کە یەکێک لە شەهیدەکان کوڕی پێشەوا قازی محەممەدە.  

٤- ئەو تەرمەی کە ماری ئاماژەی پێ دەکا، ڕەنگە تەرمی شەهید سولەیمانی موعینی بووبێ. تەرمی کاک سولەیمان دوای رادەستکردنەوەی لەلایەن کاربەدەستانی شۆڕش لە باشووری کوردستان بە حکوومەتی شا، بۆ چاوترسێنکردنی خەڵک، بە شەقامەکانی مەهاباددا گێڕدرا و  وەک لە وێنەکەدا دەبیندرێ، پلاکاردێکیش بە ڕستەیەکی نیزیک لەوەی ماری ئاماژەی پێ کردووە، بە دارەمەیتەکەیەوە هەڵواسرابوو.

٥- ماری ئێلین هێگلاند لەکاتی بڵاوبوونەوەی بیرەوەرییەکانیدا (٢٢ی دێسامبری ٢٠١٦) لە زانستگای سانتاکلارا پڕۆفیسۆری ئەنترۆپۆلۆژیا بووە. ئەو لە ساڵی ١٩٧٨ بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی مەیدانی گەڕایەوە ئێران و لە سەردەمی ئینقلابی ئیسلامیدا، تاکە لێکۆڵەری ئەمریکایی بوو کە توانی لێکۆڵینەوەی مەیدانیی خۆی درێژە بدا. ئەو نووسەری کتێبی "ڕۆژەکانی ئینقلاب: نائارامیی سیاسی لە گوندێکی ئێران"ە کە لە سەروبەندی ئینقلابی ٥٧ بە هەڵکەوت لە گوندێکی نیزیک شاری شیراز دەبێ و لە نیزیکەوە ئەو ئاڵوگۆڕانەی دیتووە و نووسیوەتەوە کە لەبەرەبەری ئینقلابدا بەسەر دانیشتوانی ئاسایی گوندەکەدا هاتووە.  

۸/۲۱/۱۴۰۲

میرات و میراتگرانی هونەرمەند

 شێعرێکی بەناوبانگی مامۆستای ئازیزم کاک عەلی ئیسماعیل زادە (ڕێبوار) سەبارەت بە ژیانی ناخۆش و بێبەشی هونەرمەندان هەیە کە سکاڵای خۆی لە پێنەزانی و نەدیتنی هونەرمەند لە کاتی ژیان و دژ بە شین و گریانی دوای مەرگ دەردەبڕێ. هەڵبەت مامۆستا تاکە شاعیر و هونەرمەند نییە کە بەم جۆرە قسەی دڵی هونەرمەندی نێو کۆمەڵگای نەتەوەیەکی داگیرکراو دەکا و تەنیا شێعری لەو جۆرەش نییە کە نووسراوە بەڵام وا دیارە زۆر باش توانیویەتی ئەو هەستەی خۆیان و شاعیران و هونەرمەندان بە گشتی دەربڕێ چونکە شێعرەکە ئاوازەی زۆری داوەتەوە و چەندان هونەرمەند و خۆشخوانی کورد لەوانە نەمر محەممەدی ماملێش بە گۆرانی گوتویانەتەوە:

کە مردم شین و گریانت بە من چی؟

لە سەر مەیتم لە خۆ دانت بە من چی؟

کە نەتهێشت بەی لە باغی سینە بڕنم

ڕنینی روومەتی جوانت بە من چی؟...

 دیارە هونەرمەند مافی خۆیەتی سکاڵا لە بێبەختیی خۆی بکا و ئەرکی دەسەڵات و لە نەبوونی دەسەڵاتێکی بەرپرسیاریشدا، ئەرکی کۆمەڵگایە خەمێک لە ژیانی کەسایەتییە دەستنەڕۆیشتووەکانی خۆی بخوا، بەڵام کە کەسایەتییەکی هونەری، سیاسی، ئەدەبی یان کۆمەڵایەتی کۆچی دوایی دەکا، لە کاتی ناشتنیدا ئەوەی زیاتر لەهەر شت سەرنجەکان ڕادەکێشێ، ئاپۆرا و ڕێژەی بەشداریی خەڵک لە ڕێوڕەسمەکەدایە. ئەگەر ڕێژەکە کەم بێ وەک ئەوەی لەم ساڵانەی دواییدا لەکاتی ناشتنی کەسایەتییە مەزنەکانی وەک شێرکۆ بێکەس و هێدی‌ لە باشووری کوردستان دیتمان، ئەوە بە ناسپاسیی خەڵک و پاسیڤبوونی کۆمەڵگا لێک دەدرێتەوە و ئەگەریش ئاپۆراکە زۆر بێ وەک ئەوەی بۆ کەسایەتییە بەرزەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێ، کەسانێک لە گوێن شێعرەکەی مامۆستا ڕێبوار، ئەو ڕۆژانە وەبیر دێننەوە کە کەسایەتییەکە نەخۆش بووە و سەردانی نەکراوە یان لە ژیانیدا کەسێکی هەژار بووە و ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە.

ڕەخنە لە کەمیی بەشداریی خەڵک لەجێی خۆیدایە بەڵام ڕەخنەی دووهەم هێنانە خواری ئاستی کەسایەتی بۆ کەسێکی ئاسایی و نەدیتنی بەرهەم و خزمەتەکانییەتی. چونکە کاتێک کۆمەڵانی خەڵک بە هەراوی لە ناشتن و بەڕێکردنی کەسایەتییەکیاندا بەشداری دەکەن، مەبەستیان ڕێز لە کەسێک نییە بەڵکو سپاس و پێزانینی خۆیان بۆ ئەو بەرهەم و میراتە نیشان دەدەن کە ئەو کەسایەتییە وەک میراتی نەتەوەیی بۆی بەجێ هێشتوون. لەڕاستیدا هەرچی ڕێژەی بەشداریی خەڵک لەو ڕێوڕەسمانەدا زیاتر بێ، زیاتر وەک نیشانەی ئاستی پێگەیشتویی نەتەوەیی ئەو کۆمەڵگایە لێک دەدرێتەوە.

مرۆڤەکان دارا بن یان هەژار، بندەست بن یان دەسەڵاتدار، ناحەز بن یان شیرین ڕوخسار، تەمەنی فیزیکییان لە ڕۆژی مردنیاندا کۆتایی دێ بەڵام ئەوانەی بۆ سەربەرزیی نیشتمان و بەرزکردنەوەی سامانی مرۆڤی و نەتەوەیی نەتەوەکەیان تێدەکۆشن و لە هونەر و توانایی خۆیان بە گەل و بە مرۆڤایەتی دەبەخشن، بە ڕادەی میراتەکەشیان لەلایەن گەلەوە نەمرییان پێ دەبەخشرێ. خدر ڕەش ئەحمەدی لەو هونەرمەندانە بوو کە شەقڵی خۆی بەسەر هونەری شانۆ و نواندن لە کوردستاندا بەجێ هێشت و وەک دیتمان دوای مەرگی، خەڵکیش پێزانینی خۆیان بە هونەرەکەی نیشان دا و نیشانیان دا ئەو لەو کەسایەتیانەیە کە لەنێو گەلەکەیدا تا هەتایە بە نەمری دەمێنێتەوە.

یادی بەرز و بەردەوام





۸/۱۱/۱۴۰۲

سەرسەوز و بۆرچین

سەرسەوز و بۆرچین نیشتن لە دەریا            هەر من مامەوە بە تاقی تەنیا

لە بیرم نییە لە کێ و لە کوێم خوێندەوە کە ئەو هۆنراوەیەی سەرەوەی بە بەیتێک لە شێعرێکی شێخ ئەحمەدی سریلاوا ناساندبوو. هەرچەند زیاتر وەک بەندی فۆلکلۆری دەچێ و زۆر جاریش گۆرانیبێژان لە گۆرانییەکانیاندا گوتویانەتەوە.

ئەم باڵندە جوانە کە چیاییەکەی سۆنە و ماڵییەکەی مراوی یان وەردەکیشی پێ دەڵێن، نێر و مێیەکەشی بە هۆی ڕەنگە جیاواز و تایبەتەکەیان بە ڕیز، بە سەرسەوز و بۆرچین ناسراون. چیاییەکە کۆچەرییە کە بەهاران دەگەرێتەوە و لە قەراغ گۆلاو و ڕووبار و زرێبار و زەریاکاندا هێلانە دەکا و جووچکان هەڵدێنێ. لە پاییزدا کە جووچکەکانی هەڵداوێرێ و بە پۆل بەرەو ناوچە گەرمترەکان کۆچ دەکەن.

هۆنراوەکە وەک فۆلکلۆر بە شێوازی دیکەش گوتراوە و هەمیش شاعیران بە هێندێک ئاڵوگۆڕەوە، لە شێعری خۆیاندا گونجاندوویانە، بۆ وێنە؛

فۆلکلۆر:

 سەرسەوز و بۆرچین نیشتن لە ئاوێ     سەرسەوزم دەگرت، بۆرچین بە داوێ 

وەلی دێوانە:

سەرسەوز و بۆرچین گۆڵاوان نەدیت        نازداران نە پای وەفراوان نەدیت

خانای قوبادی:

سەرسەوز و بۆرچین نە ڕووی گولاوان    دەنگ چەرخ باز مەنیشت جە کاوان

سەیدی:

رەند گوڵ جەمین نازداری باوان      سەرسەبز و بۆرچین سۆنەی سەر ئاوان 

فۆلکلۆر:

سەرسەوز و بۆرچین نیشتوون لە چۆمان       یارێکم گرتووە جیرانی خۆمان

فۆلکلۆر:

سەرسەوز و بۆرچین وان لەپای کاوان        بە جووت دەگەڕێن لەدەم شەتاوان


نێوەرۆکی هۆنراوەکە ڕەنگی جیاوازی ژنانە یان پیاوانەی بەسەرەوە نییە بەڵام وا دیارە ژنان بەشی خۆیان لێی جیا کردۆتەوە و ئەمڕۆ چاوم لە ڤیدیۆیەک کرد کە ژنێک لەبەر نانی ئەو بەندەی ئاوا لەگەڵ هەستی ژنانە ڕاهێنابوو و بە گۆرانی دەیگوت:

سەرسەوز و بۆرچین نیشتن لە دەریا          سەرسەوز ڕۆیی، بۆرچین بە تەنیا 




۸/۰۷/۱۴۰۲

شێرە و شێراو

 

شێرە، شێراو، یان شێرەی ئاوێ لوولەیەکە کە لەسەر لوولە یان دەفر و عەمباری ئاوێ قایم دەکرێ و بە هۆی پێچ یان برغوویەک گۆنگەی ئاوەکە دەبەسترێ یان دەکرێتەوە. لە باشوور ناوەکەیان ‏لە زمانی عەرەبی وەرگرتووە و بەلووعە یان حەنەفی پێ دەڵێن. لە باکووریش شموسلووخ یان ‏موسلوخ لە تورکی وەرگیراوە. لە ئێران فارسەکانیش "شیر" و "شیر آب"ی پێ دەڵێن و بەسەرهاتێکیان ‏بۆ ساز کردووە کە گۆیا بازرگانێک لە تاران یەکەم جار لە شێوەی سەری شێردا ئەوەی هاوردە کردووە ‏و بەو جۆرە ناوی "شیر آب"ی لەسەر داندراوە بەڵام ئەوە ڕاست نییە. وشە یان ناوی "شێرە" و ‏‏"شێرەی ئاو" لە ئۆستوورەی کۆنی کورد و ناوچەکە کە بە ئۆستوورەی ئاو بە ناوبانگە، وەرگیراوە. ‏ئۆستوورەکەش دەڵێ شێر بەری ئاوی لە ئاوەدانی گرتبوو و لاوێکی ئازا دەبوو بچێ بیکوژێ و ئاوەکە ئازاد بکا و بەم جۆرە خەڵکی شار لە تینوایەتی و قڕبوون ڕزگار بکا. لە بەیتی لاس و خەزاڵدا باوکی لاس ئەو کارە دەکا و بەوەش دەبێ بە پاڵەوانی گەلی خۆی. لاس لە سەر کەوڵی ئەو شێرە گوورا و بە پاڵەوانی لەدایک بوو. ئۆستوورەکە لەڕێی ئایینی میترایی‌یەوە پەلی بۆ ڕۆژئاواش هاویشت و لە شارەکاندا زۆر جار پەیکەری شێر بەرچاو دەکەوێ کە ئاو لە دەمیەوە قەڵبەزەی بەستووە و ئەوە ئاماژە بەو ئۆستوورەیەیە.




یەغدان

یەغدان یان یەخدان سندووقێکی بڕێک گەورەی لە دار و تەختەیە کە دوای هەڵبەستران، تەنەکەی گاڵوانیزەکراوی نەخشێندراو لەسەر دەدر‌ا. زۆر جار دیوی ژوورەوەشی ڕۆژنامە و کاغەزی لێدەدرا. لە هێندێک شوێن باوەڵیشی پێ دەگوترێ. یەغدان لە موکریان ئەو جلوبەرگە تازە و خاوێنانەی تێدا هەڵدەگیرا کە بۆ ڕۆژانی جێژن و شایی دەبەر دەکران. جاری وابوو بۆ بۆنخۆشی چەند ڕۆژێک شەمامەی تێدا دادەندرا یان پاییزان بەهێیەکیان تێداویشت. سندووقێکی هەر لەو گوێنە بەڵام بچووکتریش هەبوو کە پتر بۆ هەڵگرتنی کاغەز و ناسنامە و بەڵگە و شتی لەو بابەتە کەلکی لێ وەردەگیرا و ئەوە مجری"یان پێ دەگوت.

سەبارەت بە بنەمای وشەی یەغدان، ئەگەرچی یەغ لە زمانی تورکیدا واتای ڕۆن و چەورییە بەڵام یەغدان ناتوانێ وشەیەکی تورکی بێ. لانیکەم پاژی دووهەمی وشەکە کە لە پێکهێنانی زۆر وشەی وەک خوێدان، قەندان و..دا دەوری هەیە، پاشگری هەڵگرتن و پاراستنە و کوردییە. لە بواری بەکارهێنانیشدا یەغدان پێوەندیی بە ڕۆن و شتی لەو جۆرە نییە. هەروەها پێوەندی بە یەخ و سەهۆڵیشەوە نییە وەک هێندێک کەس پێیان وایە. یەغدان زیاتر جێگای هەڵگرتن و بە خاوێنی ڕاگرتنی جلوبەرگ و قوماشی خاوێن و تازەیە. بەو پێیە وشەکە دەبێ پێوەندی بە جلوبەرگ و پارچە و قوماش و پەڕۆ و شتی لەو بابەتە هەبێ. لەو پێوەندییەدا نیزیکترین وشە لە ناوەکە، ئاغەری یان ئاغارییە کە ئەویش بریتی لە کووتاڵ یان پارچەی لە هەوریشم یان لە خورییە و جلوبەرگی پیاوانە و ژنانەی لێ دەدروا. پێوشوێنی ئەم وشەیە لە پێکهاتەی یەغدان و لە پاژی یەکەمی وشەکەدا دەوری هەیە. ئاغاری لە پێکهێنانی وشەکەدا سواوە و بووە بە ئاغ و ئا لە سەرەتای وشەکەدا بووە بە یا یان یە. بەو پێیە ئاغاریدان بووە بە ئاغدان یان یەغدان و یەغدانیش ئەو سندووقەیە کە کووتاڵ و قوماشی بە نرخی لە پەشم و ئاوریشمی تێدا هەڵدەگیرێ. 






۷/۰۹/۱۴۰۲

پاییز

لێرە پاییز؛

وەک ئەو شەنگە ژنە دەچێ

بسکی بە مۆد هەڵدەپاچێ

چاوانی پڕ دەکا لە کل

تۆقی زێوین دەکاتە مل

جلی واڵا دەکاتە بەر

تاجی زێڕین دەخاتە سەر

زوڵفی بە مۆد دادەهێنێ

سەر بۆ تەمەن دانانوێنێ


لێرە پاییز؛

وەک ئەو شەنگە ژنە دەچێ

کە بە دوایین جبەی جوانی

بەگژ پیریی خۆیدا دەچێ




۷/۰۵/۱۴۰۲

چەمەریی شەهیدانی بۆکان

هونەر وێڕای ئەوە کە دەتوانێ پاژێکی گرینگی بەرگری و بەرخۆدان بێ، پشتیوان و هاندەرێکی بەهێزیشە بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەتەوەیەک یان چین و توێژێکی ناڕازیی کۆمەڵگا لە حاند زوڵم و زۆر و چەوسانەوەدا. هونەر و ئەدەبی بەرگری لە بەرامبەر هێرش و داگیرکاری، سەرکوت، دیکتاتۆری، پێشێلکرانی ماف یان زەوتکرانی ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا لە دایک دەبێ و خۆی نیشان دەدا. بەرخودانی بە بێ ئەدەب و هونەری بەرگری، بەرخودانێکی سست و بێدەنگە. هونەری بەرگری هاوکات کە قارەمانەتی و ئازایەتییەکان تۆمار دەکا و تاکەکانی کۆمەڵگا بۆ بەرگری و بەرخودان هان دەدا، کەوشەن و سنوورەکانی بەرخودانیش تا دوورەدەست دەبڕێ و بە گوێی خەڵکی دیکەی دەگەیەنێ. 

 بۆکان هاوکات کە بە شاری ئەدەب و هونەر ناسراوە، لەو شارانەی کوردستانە کە بە درێژایی سەد ساڵی ڕابردوو، هەمیشە وەک سەنگەرێکی کۆڵنەدان لە ڕیزی پێشەوەی بەرخودان و بەرەنگاریی خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورددا ڕاوەستاوە. لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا بە هەموو بەژنە بچووک و لاوازەکەی ئەو سەردەمی، شانبەشانی مەهاباد، کانگایەکی خەبات و تێکۆشانی کوردایەتی بوو. دوای هاتنە سەر کاری دەسەڵاتی خومەینی و فەرمانی هێرش بۆ سەر کوردستانیش، بۆکان سەرەڕای جوغرافیا نالەبارەکەی، درێژماوەترین بەرخودانی کرد و دوایین شاری کوردستان بوو کە داگیر کرایەوە. بە درێژایی چل ساڵی ڕابردووش، ئەو شارە بەردەوام گۆڕەپانی سەرهەڵدان و خۆپێشاندان بووە. لەوانە خۆپێشاندان و پاشان مانگرتنی چەند ڕۆژەی خەڵکی شار دژ بە کوژرانی چەند کەسی شارەکە بە دەستی جاشێک بە ناوی "سمایلی وەلیە ترک" لە ساڵی ١٣٧٠، خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی دژ بە کوژرانی "سومەییە فەیزوڵڵاپوور" لە ساڵی ١٣٩٨ و پێشەنگایەتی و بەشداریی هەراو لەو ناڕەزایەتییانەدا کە لە سەر بانگەوازی حیزبی دێموکرات وەک خۆی یان لەگەڵ لایەنەکانی تر بۆ مەحکوومکردنی جنایەتەکانی ڕێژیم بەرەو ڕووی خەڵکی کوردستان کراونەتەوە، تەنیا چەند نموونەی لەسەرپێبوونی بەردەوامی ئەم شارە خەباتکارەن. ئەو ڕۆحی خەبات و بەرخودانەش هەم شوێنی لە سەر هونەرمەندان و ئەدیبانی شار و دەڤەرەکە داناوە و هەمیش کەم و زۆر ئیلهامی لە هونەر و ئەدەبی بەرگری وەرگرتووە. تا ئاستێک کە لە خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردستاندا، بۆکان بە کانگایەکی دەوڵەمەندی هونەر و ئەدەبی بەرەنگاری و کوردایەتی هەژمار دەکرێ.

بە درێژایی شەش مانگ خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کوردستان و ئێران لە سەرهەڵدانی ژینادا، بۆکان بەردەوام لە سەر شەقام بوو. لاوانی ئەو شارە  ڕۆژ نەبوو بە شێوەی جۆراوجۆر نەفرەت و بێزاریی خۆیان بۆ دەسەڵات و سپای داگیرکەر دووپات نەکەنەوە و شەو نەبوو شەقامەکانی شار نەخەنە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیانەوە. تا ئاستێک کە چەند جار شارەکەیان لە پێڵاوی پیسی داگیرکەر و نۆکەرانی پاک کردەوە. بەڵام ئەو خەبات و بەرخودانە بێ تێچوو نەبوو و بۆکان لەو ماوەیەدا لە حاند شارەکانی دیکەی کوردستان و ئێران زیاترین قوربانی دا و زیاترین لاوانی خۆی پێشکەش بە ڕێبازی ڕزگاریی کوردستان و بەرابەری و یەکسانیی ئینسانەکان کرد. لەم نێوەشدا ڕۆحی بەخشەندەیی و ئاستی دلۆڤانیی ئەو دایک و باوکانەی کە ڕۆڵەکانیان گیانیان لە پێناو نیشتماندا بەخت دەکرد، بۆ جیهانیان جێی سەرنج و سەرسوڕمان بوو. ئەوانەی کە بە دەم خوێندنەوەی شێعر و گۆرانی و سروودەوە تەرمی پیرۆزی ڕۆڵەکانیان بەرەو ئارامگەی هەرمان و تاهەتایی بەڕێ دەکرد. بە سەر زاری زۆرێک لەوانیش سروود یان شینگێڕییەکی هاوبەش دەبیسترا:

وەتەن گیان و دڵی دایە
وەتەن دەینت لە ملمایە
سەری بێ نرخ و بێ مایە
لە پێناوی وەتەندایە

ئەمە سەربەند یان یەکێک لە سەربەندەکانی ئەو گۆرانی یان سروودەیە کە باوکانی شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە بۆکان، لە کاتی ناشتنی ڕۆڵەکانیاندا دەیانخوێند. وەک خوێندنەوەی ئەو وێرد و سروودە دەچوو کە ئیماندارێک لە کاتی پێشکەشکردنی قوربانیدا، لە پێش بارەگای خودای خۆیدا دەیخوێنێ. ئەو دایک و باوکانە لە ڕاستیدا بە دەم خوێندنەوەی ئەم سروودەوە، قوربانیی خۆیان پێشکەش بە بارەگای ئازادی و ڕزگاریی نیشتمانەکەیان دەکرد و بەم جۆرە شەهیدەکانیان بە کوردستان و هەرمان دەسپارد.

سروودەکە هەتا ئێستا بە تێکستی جۆراوجۆری پێکهاتوو لە شێعری چەندان شاعیری بەناوبانگی کوردستان گوتراوە و دەگوترێتەوە. شاعیرانێک کە زۆربەی شێعرەکانیان دەکەونە خانەی شێعری بەرگریی نیشتمانی و بەرەنگاریی نەتەوەییەوە. لەوانە چەند بەیت لە شێعری "ڕەوەز ورد ناکرێ"ی مامۆستا هێمن کە لە پاشەرۆکدا چاپ کراوە:

زەوی! ئێستاش لەڕووت هەڵدێ بدەی سووڕ؟
نەڕووخای ئاسمانی پیری پشت کووڕ؟
...کە سۆمایی لە چاو باوکان بڕاوە
بەرۆکی پیرە دایکان دادڕاوە
کە کوندی شووم لە گوندی کورد دەخوێنێ
کە گەنجی کورد دەگەوزێنێ دەخوێنێ
..بەناهەق خوێنی تێکۆشەر دەڕێژن
شەهیدی بێ سەر و بێ شوێن دەنێژن
بەڵام با تێ بگا ئەو دوژمنەی پەست
ڕەوەز ورد ناکرێ هەرگیز بەداردەست
دەبێ کوند هەر بەرەو وێرانە بفڕێ
هەڵۆ لەو کێوە سەربەرزانە نەبڕێ 

یان بەشێک لە شێعری "دەسڕێژی لاوان"ی هەمان شاعیر: 
بڕۆ ڕێوی بەسیەتی چاونەزێری
پەلامارێ مەبە بۆ لانی شێری
گوتویانە لە لانێ دەرپەڕی شێر
هەمووی دوژمن بەزێنە مێ و نێری

هەروەها چەند دووبەیتی لە شێعری شەریف حوسێن پەناهی، شاعیری بەرەنگاری کە لە دیوانی ملوانکەی شیندا چاپ کراوە:

شەوی تاریکە لێم شێواوە ڕێگا
بەیانی هات و زۆری ماوە ڕێگا
ژیانی من وەکو ئەو شەو وەهایە
بە هەر لادا دەچم بەسراوە ڕێگا

گەڵاڕێزان گوڵی باخانی دا با
بەهاری دیکە دێ ئەم داخە لابا
هەناسەی باخەوانی پیرە دەیگوت
هەزاران خۆزگە ژینی من وەها با

چلەی زستانی کوێستانە کچی کێو
دەپۆشێ بەژن و باڵاکەت بە چارشێو
دەزانم من چ سیحرێکە ئەگەر بێ و
لە درزی پەردەوە دەرخا بزەی لێو

ژیانی لاویی من وێنەی گوڵێ بوو
کە هاتە باغی ژین و هەڵوەری زوو
وەکوو لاولاوی ناکامی بەهاران
خەمێکی نایە داوێنی دڵ و، چوو

بێجگە لە باوک و دایکی شەهیدان و خەڵکانی تێکۆشەر و سەوداسەری ئازادی، چەندان هونەرمەند و گۆرانیبێژی ناوچەیی و ناسراو سروودەکەیان خوێندووە. سروودێک کە ئێستا ئیدی لای خەڵکی ناوچەکە و لە ئاستی کوردستاندا یەکجار ناسراو و خۆشەویستە. لە کاتی بەرەنگاربوونەوە یان لاواندنەوەی ئازیزانی شەهیدیاندا، سروودێکی سوکناییهێنەرە و ئەوەندە کەوتووەتە سەر زار و دووپات کراوەتەوە کە سنوورە ناوچەییەکانی بڕیوە. بەڵام ئاخۆ چ شتێک ئەم سروودەی تا ئەو ڕادەیە خۆشەویست و گشتگیر کردووە کە هیندە لەگەڵ پێشوازیی خەڵکی تێکۆشەر بەرەوڕوو بێ؟  

گۆرانیی وەتەن نە تاکە گۆرانی یان سروودە کە بۆ نیشتمان و وەتەن گوتراوە و نە ڕەنگە خۆشترینیشیان بێ. بەڵام دوو شت ئەو ئاواز و گۆرانییەی لە گۆرانی و سروودەکانی دیکە جیا کردۆتەوە و هەر ئەو دوانەش تایبەتمەندییەکی کەموێنەیان پێداوە. یەکەمیان لەباریی ئاوازی گۆرانییەکەیە کە بۆ شێعر و هۆنراوەی زۆرێک لە شاعیران لەبارە یان گۆرانیبێژان وەهایان خۆش کردووە و ئەوەندە بە شێعر و تێکستی جیاواز وتوویانەتەوە کە سترانبێژ بتوانێ لە گوتنەوەیدا هاوکات هەستی خەمی لەدەستدانی ئازیزان، ڕق و بێزاری لە دوژمن و داگیرکەر، لاواندنەوەی شەهیدان و خۆشەویستی بۆ خاک و وڵات و شەهید ئاوێتەی یەکتر بکا. بە واتایەکی دیکە هەوڵدان بۆ دەربڕینی هەمووی ئەوانە بە یەکەوە کە خواست و هەستی ناخی هەر تێکۆشەرێکی کوردە، وای کردووە کە سروودەکە بە شێعر و هۆنراوەی جیاواز و تێکەڵاو بگوترێ. بەڵام لەوە گرینگتر، خاڵی دووهەمە کە لە کەسایەتیی دانەری سروود یان گۆرانیەکەدا خۆی دەبینێتەوە و داکەوتنی لە زمان ئەوەوە گۆرانییەکەی لای خەڵک زیاتر واتادار کردووە.
ئەم سروودە وەک زۆر سروود و گۆرانیی شۆڕشگێرانەی دیکە لە ناوچەکە، لە دەنگی نەمر ئیسماعیل عەبباسی ناسراو بە سمایلاغای چەوگالی‌یەوە داکەوت و گشتگیر بوو. ئەو خۆی کەسایەتییەکی قسەخۆش، خۆشەویستی خەڵکی ناوچەکە، ئەدیب و شێعرناس، دەنگخۆش و ئاوازدانەرێکی شارەزا بوو. ئاواز و گۆرانیشی نەک بە ناوی هونەرمەند و گۆرانیبێژ یان بۆ بەزم و بۆنە بەڵکو بۆ دەربڕینی هەستی خۆی و جۆشدانی هەستی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری دەگوت. ئەو لە ڕاستیدا گۆرانیبێژی دڵی خۆی و گەلی خۆی بوو. دوای ئەوەی کە کوڕێکی بە ناوی قادر عەباسی لە ڕیزی پێشمەرگەکانی هێزی بەیانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا، لە شەڕێکدا لە ئاوایی شاریکەند شەهید بوو، دڵی ئەو وەک دڵی باوکی هەر شەهیدێک، یەکپارچە بوو بە سۆز و ئاگر. دوای ئەوە بوو کە سمایلاغا و گۆرانییە پڕ لە کوڵ و ماناکانی بوون بە سیمبۆل و سروودی هەموو ئەو باوک و دایکانەی کە ڕۆڵەکانیان لە پێناو ڕزگاریی نیشتماندا شەهید دەبێ. هەر باوکێک کە ڕۆڵەکەی شەهید بێ، خۆی لە ڕیزی ئەو کاروانە خەمبار بەڵام پڕ لە شانازییەدا دەبینێتەوە کە سمایلاغای چەوگالی چەمەرەخوێن و سروودبێژی بوو. لە کۆڕ و مەجلیسەکانیدا خەڵکانی نیشتمانپەروەر و وڵاتپارێز لە دەوری کۆ دەبوونەوە و هێز و ورەی نیشتمانپەروەری، نەتەوەپارێزی و پێشمەرگەخۆشەویستییان لە خۆی و لە ئاکاری بەرز و لە گۆرانییەکانی وەردەگرت. خۆ ئەگەر ئەوەشیان بۆ نەلوابا، گۆرانی و سروودەکانی کە لە کۆڕی ماڵاندا دەگوترا و تۆمار دەکرا، بە شریت و ڤیدیۆ دەستاودەست بڵاو دەبۆوە. ئەویش گۆرانییەکانی لە شێعری نەتەوەیی و نیشتمانیی شاعیرانی کورد هەڵدێنجا و پێشکەش بە ئۆگرانی ئەم خاک و نیشتمانەی دەکرد. هونەرمەندان و گۆرانیبێژانی ناوچەکە زۆر زوو ئەو گۆرانی و سروودە نیشتمانیانەیان لە دەمی ئەو دەقۆستەوە و دەیانگوتەوە. لەوانە گۆرانیی "خاسەکەو"، "کراسێکم بە بەژنی خەم بڕاوم"، "بۆ گەلم شەرتە فیداکاری هەتا مردن بکەم"، "گەڵاڕێزان" و گەلێک گۆرانیی دیکە. لە نێو ئەو گۆرانیانەشدا، گۆرانی یان سروودی "وەتەن" بوو بە سەرچڵی هەموو گۆرانییەکانی و لە زۆربەی کۆڕ و دانیشتنەکاندا داوای لێ دەکرا بیڵێتەوە. لەگەڵ ئەودا هونەرمەندان و دەنگخۆشانی دیکەش گۆرانییەکەیان هیندەی دیکە پەرە پێ دا و گەلێک جار بە بۆنە یان بێ بۆنە دەیانگوتەوە و دەیڵێنەوە. بەم جۆرە "وەتەن" بوو بە گۆرانیی خۆشەویست و شۆڕشگێڕانەی خەڵکی تێکۆشەری ناوچەکە و لە کوردستاندا دەنگی دایەوە. باوکانی شەهیدانی شۆڕشی ژیناش لە بۆکان ئەم ڕێچکەیەیان بەرنەدا و تەرمی ڕۆڵە شەهیدەکانیان بە دەم خوێندنەوەی ئەم سروودەوە دەناشت یان لە سێ ڕۆژانە و چلەیاندا بە هەمان سروود یادیان دەکردنەوە و خەمی باوکانە و شۆڕشگێڕانە و نیشتمانپەروەرانەی خۆیان بە گوتنەوەی ئەم سروودە لەگەڵ یەک ئاوێتە دەکرد. ئەوان لە ڕاستیدا بە خوێندنەوەی ئەم سروودە شەهیدەکەیان پێشکەش بە کوردستان دەکرد و شانازیی بوونیان بە ئەندامی ئەو کاروانە پڕ لە شانازییە ڕادەگەیاند کە سمایلاغای باوکی شەهید قادر عەباسی پێشەنگ و سروودخوێنی بوو.

نەمر سمایلاغای چەوگالی کە وەک گوترا هونەرمەندێکی دەستڕەنگین و بە سەلیقە بوو، وێڕای ئەوە کە تێکستی گۆرانییەکەی لە شێعری شۆڕشگێڕانەی شاعیرانی بە ناوبانگی کورد هەڵدەبژارد، بۆ لاواندنەوەی زیاتر، مەقامێکیشی لە شێعری شاعیرانی نەتەوەیی لەوانە قانع یان ئاسۆ نێوئاخنی گۆرانییەکە دەکرد:

ئەگەر مردم وەتەن لاوانی تۆ خۆش
ئەگەر زاڵم نەما، دەورانی تۆ خۆش
موخەیەر بم لە بەینی تۆ و بەھەشتا
لە جەننەت دوور ئەبم سەیرانی تۆ خۆش
ھەمـوو حـۆری موبارەک بێ بە زاھید
لە بۆ من ھەر کچ و غیلمانی تۆ خۆش
بە من چی سەیری باخ و قـەسری لوبنان
وەتەن سەحرا و کەژ و کێوانی تۆ خۆش
ئەگەر دنیا نەمــا یەکسـەر بـەجــارێ
وەتەن گەرمیان و ھەم کوێستانی تۆ خۆش
ئەگـەر نـەفـعی خسووسیت تیا نەمێنێ
موبارەک بێ وەتەن، دەورانی تۆ خۆش
ئـەگـەر خۆ قـانـعـیـش ئـەمـڕۆ نەمێنێ
وەتەن، ڕەببی وەتەن خاھانی تۆ خۆش

بەڵام وەک بڵێی هەموو ئەو شێعرە بەرزە نیشتمانی و نەتەوەییانە نەیانتوانیبێ کوڵی دڵ و ڕقی پیرۆزی ئەو ئینسانە نیشتمانپەروەرە دامرکێننەوە، بۆخۆیشی چەند سەربەندی شۆڕشگێڕانەی هۆندۆتەوە و ئاوێتەی گۆرانییەکەی کردووە کە هیندەی دیکە سروودەکەیان جوان و واتادار کردووە. لە ڕاستیدا وەک چۆن گۆرانییەکە بە شێعر و هۆنراوەی جیاواز دەگوترێ، سەربەندی هەر کام لە بەندەکانیشی سەرەڕای وێکچوونیان، جیاواز و تایبەتن:

وەتەن گیان و دڵی دایە
وەتەن دەینت لە ملمایە
سەری بێ نرخ و بێ مایە
لە پێناوی وەتەندایە

 
وەتەن دێوانەکەی خۆتم
وەتەن من خاکی بەرپێتم
ئەگەر بێتو قەبووڵم کەی
بە دڵ سەربازی سەر ڕێتم
جگەر سووتاوی لاوانی
بە بێ ماڵ و بە بێ جێتم
لە باغی عیشقی میللەتدا
فیداکاری نەکەم شێتم
 
وەتەن هۆی ژین و ژیوار
وەتەن ئامێز و دڵدار
وەتەن قەوم و کەس و کار
وەتەن بۆت دەمرم ئەمجار

بە کورتی "وەتەن" هەم چەمەرییە و هەم سروود، هەم شینە و هەم قین، هەم خۆشەویستییە و هەم ڕق. پڕە لە شین و خەم بۆ شەهیدان، دارماڵە لە ڕق و تووڕەیی لە داگیرکەر و لێوڕێژە لە سۆز و خۆشەویستی بۆ نیشتمان و ئاوێتەکردنی هەمووی ئەوانە لە کوڵی دڵی داخکراوی هونەرمەندێکەوەیە کە خۆی باوکی شەهیدێکی کوردستانە. سۆزێکی پاک و شۆڕشگێڕانە کە چۆڕاوەی هەستی کۆمەڵێک شاعیری نیشتمانپەروەری کوردە و لە دەنگی هونەرمەندێکی سەوداسەری ئازادییەوە لە دڵی نەتەوەیەکی مافخوراوی مافخواز نیشتووە. 

*لە کوردستانی ژمارە ٨٥٦، نیوەی دووهەمی ڕەزبەری ١٤٠٢دا چاپ کراوە

بابەتی نوێ:

حیزب وەک سەنتەر، ستراتژیی حیزب وەک سەنتێز

سەردەمی ئێستا، سەردەمی بەئاگاهاتنەوەی هەرچی زیاتری نەتەوە بندەستەکانە. سەردەمی ‏هەوڵدانی بە کۆمەڵی کۆمەڵگا ژێردەستەکان بۆ سڕینەوەی سێبەری دا...