جێژنی سەدە یان بێڵندانە دوای کۆتایی چلەی گەورە واتە تێپەڕینی چل رۆژ لە زستان دەگیرێ. هەڵبەت بە پێی ناوچە جۆراوجۆرەکان، جێژنەکە لە چل تا چل و پێنج رۆژ زستان، جیاوازی تێدایە.
دەگوترێ جێژنی بێڵندانە پێوەندی بە کەمبوونەوەی بارینی بەفرەوە هەیە و وشەکەش لە سێ بەشی بێڵ + ن + دانا پێکهاتووە. بە واتای بێڵی بەفر ماڵینمان دانا. بەڵام ئەو جێژنە کە تایبەت بە ناوچە شاخاوی و بەفرگرەکانە، لە کاتێکدا دەگیرێ کە هێشتا چلەی چکۆڵە و بەفر و شەڕەبای شینی خاتوو زەمهەریر بۆ جووتەی برایان ماوە. دەڵێن چلەی بچووک دەڵێ ئەوەی بە کاکم نەکرا، ئەمن دەیکەم. بەو پێیەش ناکرێ جێژنەکە پێوەندی بە بەفر و کەم بوونەوەی بارینی بەفرەوە هەبێ و ئەگەر ئاواش بێ، ئەوە وشەکەش پێوەندی بە دانانی بێڵەوە نییە.
هەتا ئیستا دروستترین بۆچوون سەبارەت بە جێژنە کەوناراکانی کورد لە لایەن مامۆستا هێمنەوە هاتووەتە ئاراوە. ئەو سەرجەم جێژنەکان هەر لە مێهرەگانەوە تا سێزدەبەدەر بە جێژنی ئابووری و هۆکاری ئابووری دەبەستێتەوە. هۆکارە ئابووریەکەش هەڵسووڕانی ژیانی دانیشتوانی ئەو هەرێمەیە لە سەر بەروبوومی گیاندارێک بە ناوی "مەڕ".
لە راستیدا جێژنی مێهرەگان جێژنی بەران تێبەردانە. لە سەرەتای پاییزدا کە وەرزی جووتبوونی مەڕ و بەرانە، هەتا ئەم دواییانەش لە کوردستان ئاسەواری جێژنی پێوە دیار بوو. هەر بنەماڵەیەک بەرانی خۆی بە رەنگێکی تایبەت و بە شێوازێکی تایبەت رەنگ دەکرد. هەروەها مەڕیش ڕەنگ دەکرا. وەک مامۆستا هێمنیش باس دەکا، مزگێنیی بە شوان دەدرا. رەنگە ئەمانە تەنیا پاشماوە و بەشێک لە رێوڕەسمەکانی ئەو جێژنە بووبن. دواتر پاشا و دەسەڵات بە هەمان هۆکاری ئابووری جێژنەکەیان وەک جێژنێکی سەرانسەری وەرگرتووە. هۆکارە ئابووریەکەش بۆ ئەوان ئەوە بووە کە مەڕ و مەڕداری سەرچاوەیەکی گرینگ و رەنگە سەرەکیی ئابووریی وڵاتەکەی ئەوان بوو. شا لەو رۆژەدا دیاری و دەستەکی لە مەڕداران وەردەگرت و بەرامبەر بەوەش بە سەردان و پێکهێنانی جێژن و گۆڤەندی گەورە، دڵخۆشی دەکردن و خۆی لە گەڵ رێکخستن. بە واتایەکی دیکە جێژنی مێهرەگان پێش ئەوەی لە ئێران و لە لای پاشا و بارەگای دەسەڵات ببێ بە جێژن، لای خەڵکی کورد کە مەڕدار و سەرچاوەیەکی گرینگی داهاتی پاشا بوون، جێژن بوو. بە دوور نییە ناوەکەشی هەر لە وشەی مەڕ کەوتبێتەوە. واتە جێژنی مێهرەگان لە بنەڕەتدا جێژنی "مەڕەکان" بووبێ.
پەز کۆنترین وشەیەکە کە ئاخێوەرانی زمانەکانی هیندوئوروپایی لە سەر مەڕیان داناوە. بەڵام لە زمانی کوردیدا وێڕای پەز، مهـ ، مێ و مەڕ ناوی دیکە و باوتری ئەو گیاندارەن. ناوێک کە تایبەتە بە زمانی کوردی و زاراوەکانی نیزیک لەو زمانە. لە زمانەکانی بنەماڵەی زمانە هیندوئورپاییەکاندا نییە.
کوردان مەڕ بە گیانداری پێغەمبەر دەزانن. هاوکات بە گیاندارێکی وەفادار، میهرەبان و بە بەزەیی. گیاندارێک کە رەنگە لە بەخشەندەییدا بێ هاوتا بێ و بە سەدان و هەزاران ساڵ ژیانی مرۆڤی دابین کردوە. هەر بۆیەش سەیر نییە کورد کە زیاترین بەرهەمی لە مەڕ چنیوە، وەک دیاریەک لە خوا و میترای پێغەمبەری زانیبێ. بەوەش وەک پەزی میترای پێغەمبەر ناوی مێهر، مهـ، مەهر و سەرەنجام مەڕی لێ نابێ.
جێژنی بێڵندانە بە واتایەک کۆتایی چلەی گەورە و بە پێی وتەیەکی دیکە لە ناوەڕاستی زستان هەڵکەوتوە. واتە ٥ رۆژ دوای کۆتایی چلەی گەورە. بەڵام کاتە دروستەکەی دەبێ دوای کۆتایی چلەی گەورە بێ. واتە رێک لە گەڵ جێژنی سەدە. بەڵام ئاخۆ وشەی بێڵندانە واتای چیە؟
لە ناو خەڵکدا وا باوە و لێکۆڵینەوەیەکیش کە نەمر سەید عوبەیدوللا ئەییوبیان سەبارەت بەو جێژنە ئەنجامی داوە هەر وای لێک داوەتەوە کە بێڵندانە وشەیەکە لە بنزاراوەی مەنگوڕی داکەوتووەو لە دوو وشەی "بێڵمان دانا" داکەوتوە. واتە ئیدی بەفر نابارێ و پێویستیمان بە بێڵ و بەفر ماڵین نییە یان بە رادەی پێشوو نابارێ. بەڵام ئەمن لە گەڵ ئەو واتایە ناکۆکم:
ئەو جێژنە چ لە دوای چلەی گەورە و چل رۆژەی زستان بگیرێ و چ لە چل و پێنجەمین رۆژی زستاندا، هێشتا زستان هیندەی بە بەرەوە ماوە کە بەفری قورس ببارێ و زۆر زوویە بۆ دانانی بێڵان. لە کاتێکدا هێشتا تەنیا چلەی گەورە تێپەڕیوە و چلەی چکۆڵە و سەرما و کڕێوەی زمهەڕ ماوە، ناکرێ پێشینیانی ئێمە وا بە پەلە ماڵاواییان لە بێڵان کردبێ و جێژنیشیان بۆ گرتبێ.
جێژنی بێڵندانە یان جێژنی سەدە یان سەتەی مەڕی، لە سەد رۆژەی بەران گرتن و ئاوس بوونی مەڕدا دەگیرێ. یەک مانگ لە پاییز مەڕ دەبێ بەرانی گرتبێ. دوای دوو مانگ پاییز و مانگێک و دە رۆژ لە زستان کە چلەی گەورەی پێ دەڵێن، بەرخ لە زگی دایکی دا گووراوە و وەگیان هاتوە. مەڕ گوان دەکا و مەترسیی بەر هاویشتنی نامێنێ.
بەڵام رۆژی جێژنی بێڵندانە جگە لەو بۆنە ئابووریە، واتایەکی ئایینیشی هەیە. ئەویش چل رۆژ دوای شەوی یەلدا.
یەلدا درێژترین شەوی ساڵە. لەو شەوەدا خەڵک شەو تا بەیانی لە دەوری یەکتر دادەنیشن. بە گێڕانەوەی سەرگوریشتە، کایە و خواردنی "شەوچەرە" ئەم درێژترین شەوەی ساڵ تێپەڕ دەکەن.
یەلدا وەک دەگوترێ وشەیەکی سریانیە بە واتای لە دایکبوون. جا چ شەوی لە دایکبوونی میترا یان شەوی لە دایکبوونی خۆر یا خوڵقانی زەوی.
لە ناو کورداندا بە "شەوی چلە" بە ناوبانگە. واتە شەوی سەرەتای دەستپێکردنی چلەی گەورە. بەڵام ناوێک کە بۆ ئەو شەوە لە ناو کورداندا بە وێچووتر دەزانم، پێم وایە وشەی "چەرە"یە کە لە شەوچەرەدا پارێزراوە.
شەوچەرە بریتییە لە میوە و تۆو و سوێرکەیەی کە بۆ ئەو شەوە دادەندرێ و دەخورێ. تۆو گوڵەبەڕۆژە، تۆو کوولەکە، گوێز، بادام، مێوژ و کشمیش، ترێی مێلاق، شووتی لە تەرە دراو، هەنار، خورما و.. چەرە کە وەک ناوی کۆی ئەو شتانە ناوی دەرکردوە، لە بنەڕەتدا ناوی ئەو شەوە بووە. ئەویش لە بنەڕەتدا شەو چارەیە. شەوێک کە بە ناوی شەوی قەدر، شەوی دیاریکردنی تەقدیر و پێشهاتی یەکساڵی دادێ، وەک زۆرێک لە باوەڕەکانی ئایینی میترایی چووەتە ناو ئایینەکانی دواتر و لەمەیاندا بۆ ناو ئایینی ئیسلام. یەک لە رێوڕەسمەکانی شەوی یەلدا فاڵ گرتنەوەو تاقی کردنەوەی بەختە. ئێرانیەکان ئێستا ئەو کارە بە فاڵی حافز دەکەن. لە هەمەدان پیرێژنێک شێعر دەخوێنێتەوەو دانیشتوان بە ریز، هەر کەس خۆی و شانسی، شێعرێکی بەر دەکەوێ. لە کوردستان بە گوێزی پڕ و پووچ بەختی ساڵی دادێ تاقی دەکرێتەوە. دانانی هەنار و شووتی کە هەردوویان رەنگیان سوورە، ئەگەر لە لایەک نیشانەی سووریی هەتاوە، لە بەرامبەر بەختی ڕەشدا، نیشانەی بەختی سوور و خۆشبەختیشە.