۸/۰۳/۱۳۹۵

بێڵندانە یان بەڵێندانە


بێڵندان یان بەڵێندان؟
لەم ساڵانەی دواییدا بە تایبەت لاوان خەریکن جێژنە کۆنەکانی کورد زیندوو بکەنەوە. یەک لەو جێژنانە، جێژنی "بێڵندانە"یە. جێژنێک کە لە بەشە جۆراوجۆرەکانی کوردستان ناوی جیاوازی هەیە. بە تایبەت بە ناوەکانی جێژنی سەدە، سەتەی مەڕی، بەهاری کوردی، بەهاری سەکران، کۆسە و سەرەنجام بێڵندانە بە ناوبانگە. لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئێران ، ئەفغانستان و ئاسیای ناوەڕاست دا کە ئەو جێژنەیان هەیە بە ناوگەلی خێرپەچار، کوردە، جێژنی شوانان، هەلەهەلە، کوردعەلی کێو، چیللە قاشدی، بەهمەنجە،  و سەدەی سۆز یان سەدە سۆزی بەر گوێ دەکەوێ. هەروەها لە ناوچەی هەورامان و لای پێڕەوانی ئایینی یارسان جێژنی پیرشالیار لە نیزیکترین چوارشەممەی کۆتایی چلەی گەورە دەگیرێ.
بەڵام ئەو جێژنە وەک دیکەی جێژن و بۆنە مێژووییەکانی کورد تۆزی فەرامۆشی لە سەر نیشتوە. هەتا ئێستاش لێکۆڵەرانی کورد کەمتر خۆیان لە چۆنیەتی و کەلتوری بەڕێوەچوونی، فەلسەفە و بنەمای جێژنەکە و ماکی وشەی بێڵندانە داوە.
 جێژنی سەدە یان بێڵندانە دوای کۆتایی چلەی گەورە واتە تێپەڕینی چل رۆژ لە زستان دەگیرێ. هەڵبەت بە پێی ناوچە جۆراوجۆرەکان، جێژنەکە لە چل تا چل و پێنج رۆژ زستان، جیاوازی تێدایە.
 دەگوترێ جێژنی بێڵندانە پێوەندی بە کەمبوونەوەی بارینی بەفرەوە هەیە و وشەکەش لە سێ بەشی بێڵ + ن + دانا پێکهاتووە. بە واتای بێڵی بەفر ماڵینمان دانا. بەڵام ئەو جێژنە کە تایبەت بە ناوچە شاخاوی و بەفرگرەکانە، لە کاتێکدا دەگیرێ کە هێشتا چلەی چکۆڵە و بەفر و شەڕەبای شینی خاتوو زەمهەریر بۆ جووتەی برایان ماوە. دەڵێن چلەی بچووک دەڵێ ئەوەی بە کاکم نەکرا، ئەمن دەیکەم. بەو پێیەش ناکرێ جێژنەکە پێوەندی بە بەفر و کەم بوونەوەی بارینی بەفرەوە هەبێ و ئەگەر ئاواش بێ، ئەوە وشەکەش پێوەندی بە دانانی بێڵەوە نییە.
 هەتا ئیستا دروستترین بۆچوون سەبارەت بە جێژنە کەوناراکانی کورد لە لایەن مامۆستا هێمنەوە هاتووەتە ئاراوە. ئەو سەرجەم جێژنەکان هەر لە مێهرەگانەوە تا سێزدەبەدەر بە جێژنی ئابووری و هۆکاری ئابووری دەبەستێتەوە. هۆکارە ئابووریەکەش هەڵسووڕانی ژیانی دانیشتوانی ئەو هەرێمەیە لە سەر بەروبوومی گیاندارێک بە ناوی "مەڕ".
 لە راستیدا جێژنی مێهرەگان جێژنی بەران تێبەردانە. لە سەرەتای پاییزدا کە وەرزی جووتبوونی مەڕ و بەرانە، هەتا ئەم دواییانەش لە کوردستان ئاسەواری جێژنی پێوە دیار بوو. هەر بنەماڵەیەک بەرانی خۆی بە رەنگێکی تایبەت و بە شێوازێکی تایبەت رەنگ دەکرد. هەروەها مەڕیش ڕەنگ دەکرا. وەک مامۆستا هێمنیش باس دەکا، مزگێنیی بە شوان دەدرا. رەنگە ئەمانە تەنیا پاشماوە و بەشێک لە رێوڕەسمەکانی ئەو جێژنە بووبن. دواتر پاشا و دەسەڵات بە هەمان هۆکاری ئابووری جێژنەکەیان وەک جێژنێکی سەرانسەری وەرگرتووە. هۆکارە ئابووریەکەش بۆ ئەوان ئەوە بووە کە مەڕ و مەڕداری سەرچاوەیەکی گرینگ و رەنگە سەرەکیی ئابووریی وڵاتەکەی ئەوان بوو. شا لەو رۆژەدا دیاری و دەستەکی لە مەڕداران وەردەگرت و بەرامبەر بەوەش بە سەردان و پێکهێنانی جێژن و گۆڤەندی گەورە، دڵخۆشی دەکردن و خۆی لە گەڵ رێکخستن. بە واتایەکی دیکە جێژنی مێهرەگان پێش ئەوەی لە ئێران و لە لای پاشا و بارەگای دەسەڵات ببێ بە جێژن، لای خەڵکی کورد کە مەڕدار و سەرچاوەیەکی گرینگی داهاتی پاشا بوون، جێژن بوو. بە دوور نییە ناوەکەشی هەر لە وشەی مەڕ کەوتبێتەوە. واتە جێژنی مێهرەگان لە بنەڕەتدا جێژنی "مەڕەکان" بووبێ.
 پەز کۆنترین وشەیەکە کە ئاخێوەرانی زمانەکانی هیندوئوروپایی لە سەر مەڕیان داناوە. بەڵام لە زمانی کوردیدا وێڕای پەز، مهـ ، مێ و مەڕ ناوی دیکە و باوتری ئەو گیاندارەن. ناوێک کە تایبەتە بە زمانی کوردی و زاراوەکانی نیزیک لەو زمانە. لە زمانەکانی بنەماڵەی زمانە هیندوئورپاییەکاندا نییە.
 کوردان مەڕ بە گیانداری پێغەمبەر دەزانن. هاوکات بە گیاندارێکی وەفادار، میهرەبان و بە بەزەیی. گیاندارێک کە رەنگە لە بەخشەندەییدا بێ هاوتا بێ و بە سەدان و هەزاران ساڵ ژیانی مرۆڤی دابین کردوە. هەر بۆیەش سەیر نییە کورد کە زیاترین بەرهەمی لە مەڕ چنیوە، وەک دیاریەک لە خوا و میترای پێغەمبەری زانیبێ. بەوەش وەک پەزی میترای پێغەمبەر ناوی مێهر، مهـ، مەهر و سەرەنجام مەڕی لێ نابێ.
جێژنی بێڵندانە یا سەدە
 جێژنی بێڵندانە بە واتایەک کۆتایی چلەی گەورە و بە پێی وتەیەکی دیکە لە ناوەڕاستی زستان هەڵکەوتوە. واتە ٥ رۆژ دوای کۆتایی چلەی گەورە. بەڵام کاتە دروستەکەی دەبێ دوای کۆتایی چلەی گەورە بێ. واتە رێک لە گەڵ جێژنی سەدە. بەڵام ئاخۆ وشەی بێڵندانە واتای چیە؟
 لە ناو خەڵکدا وا باوە و لێکۆڵینەوەیەکیش کە نەمر سەید عوبەیدوللا ئەییوبیان سەبارەت بەو جێژنە ئەنجامی داوە هەر وای لێک داوەتەوە کە بێڵندانە وشەیەکە لە بنزاراوەی مەنگوڕی داکەوتووەو لە دوو وشەی "بێڵمان دانا" داکەوتوە. واتە ئیدی بەفر نابارێ و پێویستیمان بە بێڵ و بەفر ماڵین نییە یان بە رادەی پێشوو نابارێ. بەڵام ئەمن لە گەڵ ئەو واتایە ناکۆکم:
ئەو جێژنە چ لە دوای چلەی گەورە و چل رۆژەی زستان بگیرێ و چ لە چل و پێنجەمین رۆژی زستاندا، هێشتا زستان هیندەی بە بەرەوە ماوە کە بەفری قورس ببارێ و زۆر زوویە بۆ دانانی بێڵان. لە کاتێکدا هێشتا تەنیا چلەی گەورە تێپەڕیوە و چلەی چکۆڵە و سەرما و کڕێوەی زمهەڕ ماوە، ناکرێ پێشینیانی ئێمە وا بە پەلە ماڵاواییان لە بێڵان کردبێ و جێژنیشیان بۆ گرتبێ.
 جێژنی بێڵندانە یان جێژنی سەدە یان سەتەی مەڕی، لە سەد رۆژەی بەران گرتن و ئاوس بوونی مەڕدا دەگیرێ. یەک مانگ لە پاییز مەڕ دەبێ بەرانی گرتبێ. دوای دوو مانگ پاییز و مانگێک و دە رۆژ لە زستان کە چلەی گەورەی پێ دەڵێن، بەرخ لە زگی دایکی دا گووراوە و وەگیان هاتوە. مەڕ گوان دەکا و مەترسیی بەر هاویشتنی نامێنێ.
 بەڵام رۆژی جێژنی بێڵندانە جگە لەو بۆنە ئابووریە، واتایەکی ئایینیشی هەیە. ئەویش چل رۆژ دوای شەوی یەلدا.
 یەلدا درێژترین شەوی ساڵە. لەو شەوەدا خەڵک شەو تا بەیانی لە دەوری یەکتر دادەنیشن. بە گێڕانەوەی سەرگوریشتە، کایە و خواردنی "شەوچەرە" ئەم درێژترین شەوەی ساڵ تێپەڕ دەکەن.
 یەلدا وەک دەگوترێ وشەیەکی سریانیە بە واتای لە دایکبوون. جا چ شەوی لە دایکبوونی میترا یان شەوی لە دایکبوونی خۆر یا خوڵقانی زەوی.
لە ناو کورداندا بە "شەوی چلە" بە ناوبانگە. واتە شەوی سەرەتای دەستپێکردنی چلەی گەورە. بەڵام ناوێک کە بۆ ئەو شەوە لە ناو کورداندا بە وێچووتر دەزانم، پێم وایە وشەی "چەرە"یە کە لە شەوچەرەدا پارێزراوە.
 شەوچەرە بریتییە لە میوە و تۆو و سوێرکەیەی کە بۆ ئەو شەوە دادەندرێ و دەخورێ. تۆو گوڵەبەڕۆژە، تۆو کوولەکە، گوێز، بادام، مێوژ و کشمیش، ترێی مێلاق، شووتی لە تەرە دراو، هەنار، خورما و.. چەرە کە وەک ناوی کۆی ئەو شتانە ناوی دەرکردوە، لە بنەڕەتدا ناوی ئەو شەوە بووە. ئەویش لە بنەڕەتدا شەو چارەیە. شەوێک کە بە ناوی شەوی قەدر، شەوی دیاریکردنی تەقدیر و پێشهاتی یەکساڵی دادێ، وەک زۆرێک لە باوەڕەکانی ئایینی میترایی چووەتە ناو ئایینەکانی دواتر و لەمەیاندا بۆ ناو ئایینی ئیسلام. یەک لە رێوڕەسمەکانی شەوی یەلدا فاڵ گرتنەوەو تاقی کردنەوەی بەختە. ئێرانیەکان ئێستا ئەو کارە بە فاڵی حافز دەکەن. لە هەمەدان پیرێژنێک شێعر دەخوێنێتەوەو دانیشتوان بە ریز، هەر کەس خۆی و شانسی، شێعرێکی بەر دەکەوێ. لە کوردستان بە گوێزی پڕ و پووچ بەختی ساڵی دادێ تاقی دەکرێتەوە. دانانی هەنار و شووتی کە هەردوویان رەنگیان سوورە، ئەگەر لە لایەک نیشانەی سووریی هەتاوە، لە بەرامبەر بەختی ڕەشدا، نیشانەی بەختی سوور و خۆشبەختیشە.
بە پێی ئایینی میترایی، خۆر، رووناکی و میترا لە شەوی یەلدا دا لە دایک بووە. واتە لە هەناوی تاریکیدا رووناکی لە دایک بووە. لەم باوەڕەدا شەوی یەلدا شەوێکی چارەنووس سازە بۆ مرۆڤایەتی. هەر بەو پێیەش پێڕەوانی ئایینەکە پێیان وا بووە یان بە پێی راسپاردەی ئایینەکە لەو شەوەدا خێر و شەڕ دابەش دەبێ.
ژمارەی ٤٠ لە فەرهەنگی کوردی و هی دراوسێکانیشدا ژمارەیەکی گرینگە. چل سوارەی غەیبی، چل پلەی عومان، چلدانە و چلبەردە، مردوو دوای چل رۆژ چلەی بۆ دەگرن. سۆفی دوای چل رۆژ چلەنشینی لە گوناهان پاک دەبێتەوە. مرۆڤ لە تەمەنی چل ساڵیدا کامڵ دەبێ. ژن دوای ٤٠ حەفتە مناڵی دەبێ و لەوە گرینگتر مناڵ دوای تێپەڕینی چل رۆژ لە تەمەنی، لە خەم دەخەلەستێ و جێژنی بۆ دەگرن. دابەش کردنی زستانیش بە چلەی گەورە و دواتر چلەی بچووک هەر لەوەوە هاتوە.
کاتێک شەوی یەلدا شەوی لەدایکبوونی میترا و خۆر و رووناکی بێ، ئەوە دوای تێپەڕبوونی چل رۆژ بە سەر لەدایکبوونی، جێژنی بۆ دەگرن. جێژنێک بۆ تێپەڕینی چل رۆژ بە سەر ساوایەک دا کە مەترسی مەرگی لە سەر نامێنێ. هەڵبەت ئەم چل رۆژە دەکرێ چل رۆژەی ئەو نیەت و خواستانەش بێ کە لە شەوی یەلدا دا کران. چلەی ئەم لەدایکبوونە ئایینی - ئەفسانەییە، رێکە لە گەڵ تێپەڕینی سەت رۆژ بە سەر ئاوسبوونی مەڕ. ئالێرەدا پێڕەوانی میترا دوو جێژن دەکەن بە جێژنێ. لە لایەک چلەی لەدایکبوونی میترا و رووناکیە و و چل رۆژ بە سەر لەدایکبوونی ساوایەکدا تێدەپەڕێ و لەو لاوەش سەد رۆژەی گوورانی ساوایەکی دیکەیە کە لە زگی دایکی دا گیانی وەبەر هاتووە. یەکەمیان چلەی لە دایکبوونی ساوایەک و دووهەمیان سەدەی گیان گرتنی ساوایەکی دیکە. هەردوویان مەترسیی مردنیان لە سەر نەماوە یان کەم بۆتەوە. زەمان بەڵێنیی مان و ژیانی هەردوویانی داوە. لە تێکئاڵقانی ئەو دوو مزگێنی و بەڵێنیە، ئەوان جێژنی "بەڵێن دان" دەگرن. بە واتایەکی دیکە ئەوەی لە موکریان بە ناوی جێژنی بێڵندانە، بێڵندانا یان بێڵندان ناوی دەرکردوە، لە بنەڕەتدا جێژنی بەڵێندان یان بەڵێندانەیە. دوو وشەی بەڵێندان و بێڵندان بە هۆی نیزیکیان لە یەکتر و تێپەڕینی زەمان بە سەر وشەکە و جێژنەکەدا، تێکەڵ بوون. بەڵێن، گفت، سۆز، پەیمان و وەفاداری یەک لە بنەماکانی ئایینی میترایی‌یە و هەر لە بنەڕەتدا میترائیسم ئایینی پەیمان و بەڵێنی‌یە. کاتێکیش بۆ پیرۆزبایی ئەم جێژنە دەگوترێ: " بێڵندانەت (بەڵێندانەت) دە بەر بێ "، واتا پەیمان و بەڵێنیی ئەم جێژنە تۆ بگرێتەوە، بەڵێنی و پەیمان بەشی تۆش بێ:
بەڵێندانەت دەبەر بێ
تۆزی شادیت لە سەر بێ
نیزیکترین هاوتای وشەی بەڵێن بۆ جێژنەکە،"سەدە سۆزی" یان "سەدەی سۆز"ە کە لە بەشێک لە ناوچەکانی ئێراندا بە کار دێ. "سوزی" بە رواڵەت واتای سووتان دەدا بەڵام بە گەڕانەوەیەک بۆ سەر واتای سۆز لە زمانی کوردی دا، دەبینین سۆز هاوتای گفت، پەیمان، وادە و بەڵێنە.

ژێدەر:
بهار کردی، بێڵندانە - عوبەیدیللا ئەییوبیان 
http://en.calameo.com/read/0011170696c0fe403d358

بابەتی نوێ:

حیزب وەک سەنتەر، ستراتژیی حیزب وەک سەنتێز

سەردەمی ئێستا، سەردەمی بەئاگاهاتنەوەی هەرچی زیاتری نەتەوە بندەستەکانە. سەردەمی ‏هەوڵدانی بە کۆمەڵی کۆمەڵگا ژێردەستەکان بۆ سڕینەوەی سێبەری دا...