۹/۳۰/۱۳۹۹

سەبارەت بە شەوی یەلدا

یەلدا، شەوی چلە، شەو زستان یا هەر ناوێکی دیکەی لە سەر بێ، لە بنەڕەتدا جێژن نەبووە. ناکرێ پێشینانی ئێمە یان نەتەوە دراوسێکانمان سەرەتای زەمەنێکی سەخت و ئاستەمیان کردبێ بە جێژن و بە بۆنەی هاتنی زستان و تاریکی و سەرما پیرۆزباییان لە یەکتر کردبێ. سروشتییە زستانی ئەوان - بە سەرنجدان بە گەرمبوونی زەوی - لە زستانی ئەم سەردەمەی ئێمە سەختتر، ساردتر و بەفرگرتر بووە و پێداویستی و خۆراکیشیان یەکجار کەمتر. بە پێچەوانەی بۆچوونی باو، ئەم شەو بۆ پێشینان کە کۆڵەکەیەکی ئەستووری ژیانیان لە سەر ئاژەڵداری راوەستابوو، شەوی نیگەرانی و دڵەڕاوکێ بووە. نیگەرانی لەوە کە ئاخۆ زستانیان چەندە سارد و بارستایی بەفریان چەندە قورس دەبێ و خەمی ئەوە کە ئاخۆ داخستە و ئازووخەیان بەشی ئەوەندە دەکا کە خۆیان، بنەماڵە و مەڕ و ماڵاتیان بگەیەنێتە بەهار یان لە نیوەی زستاندا قڕانیان تێدەکەوێ. خەڵک بۆ کەم کردنەوەی خەم و نیگەرانیەکانیان ئەو شەوە بێدار دەمانەوە و بۆ دڵخۆشی دانەوەی یەکتر و ڕەنگە نزا و پاڕانەوە، لە دەوری یەک کۆ دەبوونەوە. حیکایەتخوان و بەیتبێژان بە گێڕانەوەی چیرۆک و بەسەرهات گوێگریان سەرگەرم و هیوادار دەکرد کە زستانێکی کەمتر سارد و کورتماوەتر لە پێشدایە.
یەک لە باوەڕەکانی پێشینانی ئێمە سەبارەت بەو شەوە و هاتنی وەرزی سەخڵەت و سەرما ئەوە بوو کە خۆر وەک خودای عەداڵەت و بەرابەری لە جێبەجێ کردنی ئەرکی خۆی خافڵ دەبێ. بە هەر هۆکارێک دەسەڵات یان بەشێک لە دەسەڵاتەکەی ڕادەستی وەزیر و نیزیکێکی خۆی دەکا یان وەزیر بە فرت و فێڵ، بۆ ماوەیەک کە وەرزی زستانە، دەسەڵاتەکەی لێ دەستێنێ. بەم هۆیە تەرازووی دەسەڵات لە عەداڵەت دەکەوێ و بە لای زستان و سەرما و بێدەرەتانیدا لاسەنگ دەبێ. لانیکەم لە سێ بەیتدا ئەو باوەڕە ڕەنگی داوەتەوە:
- لە "مەم و زین‌"دا کە "بەکر" بەشێک لە دەسەڵاتی بەڕێوەبەری لە "میرزێندین" دەستێنێ
- لە "برایمۆک"دا کە "میران" گول دەبێ و لە دەسەڵات دەکەوێ
- لە "کاوەی ئاسنگەر"دا کە "زوحاک" لە سەر تەختی "جەمشید" دادەنیشێ
هەر سێیان ئاماژەن بەو بێ دەسەڵاتی و بێ حوکمیەی خۆر لە شەوی یەلدا و لە وەرزی زستاندا. کردنەوەی ئاگر لە ئێوارەی یەلدادا کە بە پێی گێڕانەوەی "ئەبورەیحانی بیروونی" سەردەمانێک باو بووە و دانانی میوە و خواردەمەنیی بە رەنگ سوور و قوربانی کردنی گای سوور لەو شەوەدا ئاماژەن بە غەیبەتی خۆر و قەرەبووکردنەوەی غەیبەتەکەی و ئەو باوەڕەی کە ئاماژەی پێ کرا.
لە ناو ئەدەبیاتی سەردەمدا رەنگە ئەم شێعرەی مامۆستا هێمن روونترین ڕوانگەی سەبارەت بە یەلدا دەخۆ گرتبێ:
موغی بێئاگری شەوی یەلدام
چاوەڕێی چارەنووسی ناپەیدام
هەمان هەست کە مەڕدارێک، جووتیارێک و هەر گەورەیەکی بنەماڵە لەو شەوەدا هەیانە و نازانن لەم شەوەڕا کە زستانی سارد و سەخڵەت دەست پێ دەکا، چ چارەنووسێکی نادیاریان لە پێشە.
بابەتی لە دایکبوونی میترا، عیسا و هەر پێغەمبەر و رزگاریدەرێکی ئایینی لە شەوی یەلدادا، لە راستیدا چاندنی تۆوی هیوا و هومێدە بۆ کورتخایەنیی زستان و هاتنی رزگاریدەر تا لەو زوڵم و سەرما و تاریکییە رزگاریان بکا بەڵام ئەو باوەڕە لە ئەدەبیاتی کوردیدا رەنگدانەوەی نەبووە یان لانیکەم من تووشی نەبووم.

بابەتی نوێ:

حیزب وەک سەنتەر، ستراتژیی حیزب وەک سەنتێز

سەردەمی ئێستا، سەردەمی بەئاگاهاتنەوەی هەرچی زیاتری نەتەوە بندەستەکانە. سەردەمی ‏هەوڵدانی بە کۆمەڵی کۆمەڵگا ژێردەستەکان بۆ سڕینەوەی سێبەری دا...