۱۰/۲۲/۱۳۷۵

بە ڕەوەزەکانی وڵاتەوە

 

کۆترەکانی وشەی نالی

ئەگەر لەسەر گومبەزی مەمکی حەبیبە هەڵنەنیشتبان

دەبوایە خۆی باڵیان بکا و

بیانکاتە دیاری بۆ پاشا

 

خانی ئەگەر

باڵای زینی لە وشە دانەتاشیبا و

نەیبردبا بۆ ژوانی مەم

ڕۆحی وەبەر ژوان نەنابا

دەبوو شێعری بکا بە مەیتەری ئاغا

ئێستا منیش

ئەی وڵاتە شیرینەکەم!

ئەگەر شێعرم نەکەم بە ڕێژنە باران و

بەسەر کێڵگەی هەڵقرچاوتا نەیبارێنم

دەبێ مەتحی شەمشەمە کوێرەی پێ بکەم.

 

جیاوازیی تۆ لەوەدایە

حەبیبە مرد و بەتەنها

پەیکەری لە شێعری نالیدا مایەوە و

ڕۆحی لە خەیاڵی ئەودا

مەم ڕۆی و

زین ڕۆی و

شۆفاریش چوو

ئەوەی کە ما

عەشقی مەمە و

باڵای زینە و

ڕووخساری شوومی شۆفارە

بەڵام تۆ ئەی وڵاتە شیرینەکەم

شێعرم لە ئامێزی تۆدا ببێ و نەبێ

تۆ هەر هەی و هەر دەشمێنی

ئەوە تەنها شێعری منە

وەکوو گیا و گوڵ

بە ڕەوەزەکانی تۆوە ڕادەوەستێ

کۆیە- ١٠/١/١٣٧٥

بابەتی نوێ:

حیزب وەک سەنتەر، ستراتژیی حیزب وەک سەنتێز

سەردەمی ئێستا، سەردەمی بەئاگاهاتنەوەی هەرچی زیاتری نەتەوە بندەستەکانە. سەردەمی ‏هەوڵدانی بە کۆمەڵی کۆمەڵگا ژێردەستەکان بۆ سڕینەوەی سێبەری دا...