۱۱/۰۶/۱۴۰۱

#ژن_ژیان_ئازادی؛ لە بەرنامە و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستاندا

 ئەم ساڵ لە کاتێکدا بەرەو یادی دووی ڕێبەندان، ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری


کوردستان دەچین کە ئەوە ماوەی پتر لە چوار مانگە شۆڕشێکی گشتگیر و جەماوەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەموو بەشەکانی ئێرانی تەنیوەتەوە. شۆڕشێک کە دژ بە کوژرانی کچێکی کورد لە لایەن چەک بەدەستانی ج. ئیسلامی هاتە ئاراوە. چەخماخەی شۆڕشەکە ئەو کاتە لێدرا کە بە هەزاران کەس لە تێکۆشەرانی کورد، لە کاتی ناشتنی تەرمی "ژینا"، لە گۆڕستانی ئایچیی سەقز ئامادە بوون و دژ بە دەسەڵاتی داگیرکەر و بە بەرگری لە ماف و ئازادییەکانی ژنی کورد و  شۆناسی نەتەوەیی کورد، دروشمیان دا. دوا جاریش هەر لەو کۆبوونەوە و لە دروشمەکانی ئەو خۆپێشاندانەوە، بانگی ژن – ژیان – ئازادی سەراسەری ئێران و جیهانی گرتەوە و بوو بە دروشمی سەرەکیی شۆڕشی ژینا.

دروشمەکە سەرەتا بە کرچی و لە شێوەی ژن – ژینا  و  ژن – ژینا – ئازادی‌دا گوترایەوە بەڵام لە ڕەوتی خۆپێشاندانەکەدا بیچمی گرت و بە شێوەی ژن - ژیان - ئازادی لە ناو جەماوەرەوە زایەڵەی دایەوە. ڕۆژی دواتر خوێندکارانی زانستگای تاران کە یەکەم شوێن بوو لە ئاستی سەراسەریی ئێراندا بانگی ناڕەزایەتییان بۆ خەڵکی کوردستان ئەستاندەوە، دروشمەکەیان بۆ سەر زمانی فارسی گۆڕی و وەک دروشمی سەرەکیی خۆپێشاندانەکەیان، گوتیانەوە. بەو جۆرە "ژن ژیان ئازادی" بوو بە دروشمی سەرەکیی ئەو سەرهەڵدانە ئازادیخواز و شوناسخوازانەیەی کە لە بوارەکانی سیاسی، فەرهەنگی، ئایدۆلۆژی، ئابووری، پێوەندییەکانی دەرەوە و هێنانە سەر هێڵی بیروڕای گشتیی جیهانی‌دا، تەنگی بە ج. ئیسلامی هەڵچنیوە.

 

لە باری واتاییەوە، دروشمی "ژن ژیان ئازادی" دەکرێ لێکدانەوەی جۆراوجۆری بۆ بکرێ؛

-       لە ڕوانینێکی سەرەتاییانەدا وا دەنوێنێ کە ژن وەک دایک سەرچاوەی ژیان و خوڵقانی مرۆڤە و لەو گۆشە نیگایەشەوە داکۆکی لە ئازادیی ژن دەکا.

-       هەر لە ڕاستای بە ژنانە دیتنی کۆی دروشمەکەدا دەکرێ وەک دروشمێکی یەکسانیخوازانە کە لە ڕاستای دابین کردنی ژیان و ئازادی بۆ ژندایە، سەیر بکرێ و هەر دوو چەمکی ژیان و ئازادی تێیدا تەنیا بۆ ژن بگەڕێندرێتەوە.

-        وێڕای ئەوانە دەکرێ سێ چەمکی ژن، ژیان و ئازادی لە دروشمەکەدا بە جیاواز لێک بدرێنەوە و دروشمەکە بە شێوەی گشتگیرتر هەڵبسەنگێندرێ. بەو واتایە سەرهەڵدانێک کە دژ بە کوشتنی ژن دەستی پێ کردووە، لە پێناو دابین کردنی مافی ژیان و ئازادی بۆ هەموو کۆمەڵگا تێدەکۆشێ و دژ بە دەسەڵاتێک دەوەستێتەوە کە ئازادیی لە مرۆڤەکان و لە سەرووی هەموان لە ژن داگیر کردووە و مرۆڤەکان بە سانایی دەکوژێ و ژینا ئاسا ژیانیان لێ دەستێنێ. دیارە چەمکی ژیان لێرەدا دەتوانێ ئاماژە بە مافی بژیو و گوزەرانیش بێ لەو وڵاتەدا کە دەسەڵاتی دیکتاتۆر خەڵکەکەی لە پێناو ئایدۆلۆژیا چەوتەکەیدا لە تەنگانە ناوە و بژیو و ژیانی لێ ئاستەم کردووە.

ئەم سێ لێکدانەوەیە پێ بە پێی بەرین بوونەوە و پەرە گرتنی خۆپێشاندانەکان، ڕەنگە لە بیر و هزری خۆپێشاندەران و چاوەدێرانیشدا جۆرێک ڕەوتی گەشە کردنی دروشمەکە پێشان بدا بەڵام لەم بابەتەدا زیاتر بە ئاراستەی خەباتی یەکسانیخوازیی ژن لە کۆمەڵگادا چاوی لێ دەکرێ. چونکە لە یەکەم کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیشدا کە دژ بە کوشتنی ژنێکی کورد هاتە ئاراوە، خوڵقان و وتنەوەی ئەو دروشمە زیاتر لە هەر هۆکارێک بۆ باوەڕی خەڵکەکە بە ماف و ئازادییەکانی ژن دەگەڕێتەوە. ئەم باوەڕەش سروشتی‌یە بە شەوێک لەدایک نەبووە و ڕەگی لە فەرهەنگی خەڵکەکە و لە دەیان ساڵ خەباتی بەردەوامی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئازادی و لەوانەش بۆ ئازادیی ژنی کورددایە.  

پێش ئەوەی خەباتی مۆدێڕنی ئازادیخوازانەی کورد دەست پێ بکا و خەبات بۆ یەکسانیی مافی ژن و پیاو لە کۆمەڵگادا ببێ بە یەکێک لە بنەما نەگۆڕەکانی ئەم خەباتە، ژنی کورد بە تایبەت لە دەڤەری سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا، لە هێندێک بواردا خاوەنی ماف و تا ڕادەیەک یەکسانی لەگەڵ پیاو لە کۆمەڵگای سەرەتایی کوردستاندا بوو. ئەم بۆچوونە هەم بە ورد بوونەوە لەو بەیت و چیرۆکە فۆلکلۆریانەدا دەردەکەوێ کە هەڵقوڵاوی باوەڕە لەمێژینەکانی کۆمەڵگان و هەمیش لەو داب و نەریتانەدا کە لە کۆمەڵگادا ڕەگیان داکوتاوە. بۆ وێنە لە زۆربەی نیزیک بە تەواوی بەیتە ئۆستوورەییەکاندا کە کۆنترین باوەڕەکانی کورد تێیایاندا ڕەنگی داوەتەوە، دوو قارەمانی سەرەکی هەیە کە کەسایەتیی یەک لەو دوو قارەمانە ژنە. ئەو یەکسانییە لە سەر ناوی بەیتەکانیشدا ڕەنگی داوەتەوە؛ وەک خەج و سیامەند، مەم و زین، شێخ فەرخ و خاتوون ئەستێ. تا ئاستێک کە لە بەیتی لاس و خەزاڵدا تای تەرازووی یەکسانییەکە بە لای قارەمانی ژندا قورسایی دەکا و دەسەڵاتە سەرەکییەکە لە ناو چیڕۆکەکەدا بە ژن دراوە. لە ناو داب و نەریتەکانی کۆمەڵگاشدا، بە سەرنجدان بەو ڕاستییە کە ژیانی کوردەواری لە سەرەتاوە پتر کۆچەری و گوندنشینی بوو، دەبینین ژنان بێ شەرم و ڕووگرتن و خۆ پەنادان، شان بە شانی پیاوان لە کار و بەرهەمهێناندا بەشدارن کە هەر ئەوە جۆرێک لە ماف و یەکسانی پێ دەبەخشین. ڕەنگە هەر ئەو هاوبەشییە لە بەرهەمهێناندا بوو کە لە کۆمەڵێک کایە و یاریدا کچ و کوڕ وێکڕا بەشدارن و بە گەورەیی لە گەڕی ڕەشبەڵەکیشدا شان بە شانی یەک هەڵدەپەڕن. تەنانەت ژن دەسەڵاتی ئەوەشی هەیە کە بۆخۆی هەڵبژێرێ کە لە دەستی کام پیاودا هەڵپەڕێ. ئەو کاتەش کە کچ و کوڕ بە هۆی دەستەنگی یان بەربەستە کۆمەڵایەتییەکان نەتوانن بە ئاسایی زەماوەند بکەن و ژیانی هاوبەش پێک بێنن، ئەوە هەڵگرتن و ڕەدوو کەوتن لە ڕوانگەی کۆمەڵگادا کردەوەیەکی هێندە قەباحەت نەبوو.  

بەڵام لەگەڵ پەرەگرتنی شارستانییەت و ژیانی شارنشینی، ئازادییەکان لە ژنان ئاستەنگ کرانەوە. نە شارەکان ئەوەندە پێشکەوتوو بوون تا پیشەسازییان تێدا بەهێز بێ و  کار بۆ ژن هەبێ و نە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری برەوی هەبوو تا بتوانن لە بەرهەمهێناندا بەشدار بێ. بۆیەش لە چەرخەی بەرهەمهێناندا نەما و ئەوەش بوو بە هۆ کە وەک کاڵا و کارکەر لە ماڵەوە سەیر بکرێ و بە کردەوە  بە بەشێک لە سامانی پیاو حیساب بکرێ. بەو جۆرە ژن ناچار کرا لە ناو ماڵ و لە "حەرەمی" پیاودا بمێنێتەوە و کە چوو بۆ دەرەوەش، بە پۆشینی پەچە و ڕووبەند، ئەو کۆت و بەندە بە دەوری خۆیدا بپارێزێ. لە وەها دۆخێکدا کە دۆخی دیلییە، خەبات بۆ ئازادی دەست پێ دەکا. لەو گۆشە ڕوانینەوە شیمانەی ئەوە سەر هەڵدەدا کە خەبات بۆ ئازادیی ژن و یەکسانیی کۆمەڵگا یەکەم جار لە شارە گەشەنەسەندووەکانەوە دەستی پێ کردووە.

شاری مەهاباد لە سەردەمی لەدایکبوونی کۆمەڵەی ژێکاف، حیزبی دێموکرات و دواتر کۆماری کوردستاندا شارێکی گەشەنەسەندوو بوو. ژنانی ئەو شارە و شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش نە ئازادییەکانی ژنانی لادێیان هەبوو، نە لە شارێکی پیشەسازیدا دەژیان کە بتوانن لە باری ئابوورییەوە سەربەخۆ بن و نە کۆمەڵگای پیاوسالار بەو ئاستە لە ڕووناکبیری گەیشتبوو کە دەرفەتیان پێ بدا کە وەبەر خوێندن بنێرێن و چاویان بکرێتەوە. لە وەها دۆخێکدا بزووتنەوەیەکی سیاسی و ئازادیخوازانە لەو هەرێمە هاتە ئاراوە کە ئەگەرچی تەواوی ڕێکخەرانی پیاو بوون بەڵام هەر لە سەرەتاوە خۆیان لە پرسی ژن و ئازادی بۆ ژن نەبوارد. بەڵام ئەو ئازادیخوازییە لە سەرەتاوە تا کۆتایی وەکیەک و بە پێی بەرنامەی ڕوون و ڕێک نەبوو بەڵکو لە مەودای تێکۆشانە سیاسییەکەدا گەشەی کرد و قووڵبوونەوەی بەرچاوی بە خۆیەوە دیت.

دامەزرانی کۆمەڵەی ژێکاف بە قۆناغی یەکەمی ئەو بزووتنەوە سیاسی و ئازادیخوازانەیە دێتە ئەژمار. لە ڕوانگەی کۆمەڵەدا نیشتمان ژنە کە وەک دایکێکی دیل سەیری دەکرێ و ئەندامی کۆمەڵە دەبێ هەوڵ بدا لەو دیلییە ڕزگاری بکا. ڕەنگە ئەو ڕوانینە لە "ناخوداگای" داهێنەرانی کۆمەڵەدا کە زۆربەیان لاوانی ڕووناکبیری شار بوون، لە هەمان دیاردەی دیلیی دایک یان ژن لە ژێر چارشێو یان چوارچێوەی ماڵ، کەوتبێتەوە. ئەم بیرە لە ناو کۆمەڵەدا زاڵ بوو. پێشاندانی ئەو ڕوانینە لە شانۆنامەی دایکی نیشتماندا یەک لە بەرچاوترین کارەکانی کۆمەڵە بوو. لەو شانۆنامەیەدا دایکی نیشتمان دیل بوو و لاوان دەبوو ڕزگاری بکەن. ئەو ڕوانینە لە هزر و بیری ئەندامانیدا ڕەنگی دەدایەوە. هەژار وەک یەک لە وەفادارترین ئەندامانی کۆمەڵە، لە شێعری هەژار و نیشتماندا دەڵێ:

 دوێشەو زۆر بە سۆز کاتی بەربەیان                    هاتە گویم ناڵە و زایەڵەی گریان

بە سەد مەرارەت لە بنیانم کرد                            دیتم وا دایکی نیشتمانی کوڕد

دەگری و دەناڵێ وەک هەوری بەهار                   ڕەشی پۆشیوە لە سەر تا بە خوار

 

گەڕانەوە بۆ ژیانی ساکاری لادێی و چوونەوە سەر داب و نەریتەکانی کوردەواری، ڕوانگەیەکی دیکەیە کە تێکۆشەرانی کۆمەڵە پێیان وایە لەو ڕێگایەوە ئازادی بۆ ژن دەگەڕێندرێتەوە. ئەوە بۆ وێنە لە بەشێک لە شێعرەکانی ئەو سەردەمەی هێمندا ڕەنگی داوەتەوە کە دەکرێ وەک ڕەنگدانەوەی بیری ژێکاف لە شێعرەکانی ئەو سەردەمی شاعیر لێی بڕوانین؛

کچە کوردێکی نەشمیل و لەباری          بەوەی نییە ماوەیەکە چوویە شاری

ئەگەر پێتخۆشە هەروا بتپەرستم         نەکەی لادەی لە دابی کوردەواری

یان؛

کیژی شێخ و کیژی حاجی و کیژی ئاغا ڕەنجەڕۆن        کیژی ئازادە ئەوی ژینی بەنووکی گاسنە

 

هەوڵدان بۆ ڕاکێشانی ژن بۆ ناو کۆڕی خەبات و شان بە شانی پیاو ڕوانگەیەکی ترە کە ڕووناکبیرانی کۆمەڵە وەک ڕێگای دەستەبەر کرنی ئازادی بۆ ژن دەستنیشانیان کردووە. بۆچوونێک کە دواتر و بە پەرە گرتنی خەباتی چەکداری لە حیزبەکانی کوردستاندا بەهێزتر بوو. هێمن لە "وتووێژی کچ و کوڕ"دا دەڵێ:

 بپسێنە لە پێ تۆ زنجیر و کۆت                       دێدە گیان بدە یاری برای خۆت

لە گوێن ژاندارک هەستە وەک مەردان             دوژمن وەدەر نێ لە خاکی کوردان

 

گەرچی هەمووی ئەو شێوە ڕوانین و ڕێگا پێشنیاریانە بۆ ڕزگاریی ژن تا کۆتایی تەمەنی کۆمار و دواتریش لە برەو نەکەوتن بەڵام بە دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان وەرچەرخانێکی بنەڕەتی بۆ چۆنییەتی چارەسەریی پرسی ژن هاتە ئاراوە و لە هەوڵی ئازاد کردنەوە بۆ تێکۆشان لە پێناو یەکسانیی مافی ژن و پیاو لە کۆمەڵگادا گۆڕدرا. حیزب لە مەرامنامەی خۆیدا کە چەند مانگ بەر لە دامەزرانی کۆماری کوردستان بڵاوی کردەوە، دەستەبەر کردنی ئەو مافەی وەک ئەرکی خۆی دیاری کرد و ڕایگەیاند؛ "لە هەموو بوارەکانی سیاسی، ئابووری و کاروباری کۆمەڵایەتیدا پێویستە ژن مافی یەکسانی هەبێ لەگەڵ پیاودا" (مەرامنامەی حیزبی دێموکراتی کوردستان - بەشی ٤ مادەی ٢١)

حیزب هەر لە ڕۆژی یەکەمی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستاندا هەوڵی دا بەو بڕیارەی خۆی وەفادار بێ. لە جێژنی دامەزرانی کۆماری کوردستاندا، ژنانیش بەشدار بوون. دوو ژن وتاریان خوێندەوە و بانگەوازیان لە ژنانی کورد کرد تا وەک پیاوەکان خۆیان پێبگەیەنن و هەوڵ بۆ سەرکەوتنی وڵات بدەن. گەرچی نە بەشدارییان و نە ڕادەی وتارخوێنە ژنەکان لە قەدەر نیوەکەی دیکەی کۆمەڵگا نەبوو بەڵام بۆ کۆمەڵگای سوننەتیی ئەو کاتی کوردستان، لە ناو نەریتی ڕاگیرانی ژن لە چوارچێوەی ماڵدا و ڕێژەی کەمی ژنانی خوێندەوار لەو کۆمەڵگایەدا، هەنگاوێکی گرینگ بوو. "خەدیجە مەجدی" یەک لە ئاخێوەرانی ئەو میتینگە بوو کە روو لە ژنان وتی؛ ئێستا خوشکانی بەڕێزم وەرن چاو لە پیاوەکان بکەین و دەستمان بخەینە ناو دەستی یەکترەوە. چونکە دەبینم کە دایکی نیشتمان چاوەڕوانە کچەکانیشی دەست بە تێکۆشان و خوێندن بکەن تا ئێمەش بگەینە ئاستی براکانمان. دنیا پێویستی بەوە هەیە کە کچان و کوڕان وەک خوشک و برا بۆ ئازادیی دایکی نیشتمان، دەست بدەنە دەستی یەکتر."

لە ژێر سێبەری باوەڕەی یەکسانیخوازانەی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا، کۆماری کوردستان لە سێ بواردا هەوڵی دا ئەو ئامانجە دەستەبەر بکا کە لە مەرامنامەکەیدا بەڵێنی دابوو:

یەکەم؛ دامەزراندنی ڕێکخراوی تایبەت بە ژنان

دووهەم؛ بەشداری پێکردنی ژنان لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا

سێهەم: خوێندەوار کردنی کچان تا ئاستی بە تۆبزی پێ خوێندنیان

 

ڕۆژی ١٥ی مارسی ١٩٤٦ کۆمار بە دامەزرانی "یەکێتی یایانی کوردستان" یان "حیزبی دێموکراتی ژنانی کوردستان" هەنگاوی بە کردەوەی خۆی لە بواری دەستەبەرکردنی ماف و هێنانی ژنان بۆ ناو کۆڕی خەبات هاویشت. مینا قازی خانمی یەکەم و هاوسەری پێشەوای کوردستان سەرۆکایەتیی ئەو ڕێکخراوەی بە ئەستۆ گرت. لە یەکەم هەوڵەکانی ئەو ڕێکخراوەش، داوای لە ژنانی کار لە دەستهاتوو کرد کە بۆ بوارەکانی ژمێریاری، سندووقداری، سکرتێر و خەزێنەداری داوای کار پێشکەش بکەن. ئەوەش وەک هەنگاوێک بۆ دۆزینەوەی هەلی کار بۆ خانمان لە ڕاستای سەربەخۆیی ئابووریی ئەواندا چاوی لێ دەکرێ. ئەمە هەروەها لە وتارێکی یای مینا قازیشدا ئاماژەی پێ کراوە کە دەڵێ "ئێمە نابێ هەر وا چاومان لە دەستی مێردەکانمان بێ تا پووڵ و جل و زێڕمان بدەنێ". ڕێکخراوەکە لە ڕاستای ڕوونکردنەوەی ژناندا  دەستی کرد بە ساز کردنی کۆبوونەوەی زانیاری بەخشین و وەڕێخستنی پۆلەکانی خوێندن بۆ ژنانی گەورەساڵ کە زۆربەیان ئەندامەکانی خۆی بوون.

 

هەنگاوی دیکەی کۆمار بۆ پێگەیاندنی ژنان، خوێندەوار کردنی کچان، شان بە شانی کوڕان بوو. لە ژمارەی یەکەمی ڕۆژنامەی کوردستاندا هاتووە: "لەسەر ئەمری پێشەوای موعەززەم و قەراری حیزبی دیموکراتی کوردستان، لەوەی بەولاوە پێویستە بۆ پەرەپێدان و ڕەواجی زمانی کوردی، خوێندن لە مەدرەسەکاندا بە کوردییە. لەو تاریخەوە تا ١٠ رۆژی دیکە هەر کەسێک کوڕ و کچی هەبێت کە عومری ئیقتیزای خوێندن بکا، دەبێ بنێرێتە مەدرەسە. ئەڵبەتە هەرکەس لەو ئەمرە ڕوو وەرگێڕێ بە توندترین موجازات تەنبێ دەکرێ".

بە پێی ئەو ئاگادارییە، کچان نەک هەر وەک کوڕان دەبەر خوێندن دەنرێن بەڵکو پێخوێندن بە تۆبزی‌یە و "هەر کەس لەو ئەمرە ڕوو وەرگێڕێ"، "بە توندترین" شێوە سزا دەدرێ.

ئەو بڕیارە تەنیا بۆ شاری مەهاباد نەبوو. هەوڵ درا هەموو ئەو شارانە بگرێتەوە کە لە ژێر دەسەڵاتی کۆماردا بوون. لە ژمارە ٢٤ی ڕۆژنامەی کوردستاندا ڕاپۆرتی کردنەوەی یەکەمین خوێندنگەی کچان لە شاری شنۆ هاتووە. حه‌سه‌ن کازمی‌ به‌رێوه‌به‌ری قوتابخانە‌کە ڕایگەیاندووە کە "پێویسته هه‌موو خه‌ڵکی شار سپاسی ڕێبه‌ری حیزبی دێموکرات بکه‌ن بۆئه‌م خزمه‌ته ‌گه‌وره‌یه‌و به‌خۆشی‌و مه‌یله‌وه کچه‌کانیان بنێرن بۆ ئه‌م خوێندنگه‌یە."

 

بێگومان ئەوانە هەموو ئەو خولیا و ئاواتە مرۆڤانە، نەتەوەیی و نیشتمانیانە نەبوون کە لە بەرنامەی حیزب و لە هزری ڕێبەرانیدا بوو. بۆ وێنە کاتێ ڕۆژنامەنووسێک لە پێشەوا دەپرسێ کە "فیرقەی دیموکراتی ئازه‌ربایجان مافی ده‌نگدانی له ‌هه‌ڵبژاردنه‌کاندا داوه به ‌ژنان، ئایا ئێوه‌ش ئه‌مکاره‌تان کردووه؟" پێشەوا ئەم هەنگاوە بە هەنگاوێکی ئەرێنی لە قەڵەم دەدا و مخابنی خۆی ناشارێتەوە کە ئەوان نەیانتوانیوە "ئەو سەرکەوتنە بە دەست بێنن".  بەڵام تەمەنی کۆمار لەوە زۆر کورتتر بوو کە بتوانێ قەرەبووی دەیان و سەدان ساڵ نەهامەتیی کورد و ژنی کورد بکاتەوە بەڵام بۆ هەر بوارێک توانی بناخەیەک بۆ دواڕۆژی کوردستان دابنێ کە دانانی بناخەی باوەڕ بە ژیان و ئازادی بۆ ژنی کورد یەک لە هەرە گرینگەکان بوو. ئەوەی کە سێ چارەگە سەدە دواتر بۆ داکۆکی لە گەڕاندنەوەی ماف بۆ ژن و دژ بە ئەستاندنی ئازادی و ژیان لە ژنێکی کورد لە چوارچێوەی دروشمی ژن – ژیان – ئازادی‌دا زایەڵەی دایەوە. باوەڕێک کە زۆر پێشتر لە بەرنامەی حیزبی دامەزرێنەری کۆماردا بە ڕوونی ڕاگەیەندرا، لە بەرنامە و کاری کۆماردا بە کردەوە کاری بۆ کرا، لە وتەی ڕێبەرانیدا و لە وتاری نووسەران و وتاردەرانیدا داکۆکی لێ کرا و لە شێعری شاعیرانیدا ڕەنگی دایەوە. باوەڕێک کە هێمن، شاعیری نەتەوەیی کۆمار لە "یادگاری شیرن"دا بە لێبڕاوی ڕایگەیاند:

با هەزار زێ و گادەر و لاوێنی ڕوونیشمان هەبێ

تاکوو "ژن" "ئازاد" نەبێ، سەرچاوەکەی "ژین" لیخنە

 

 

 

ژێدەر

چەند سەرنجێک لەسەر پێگەی ژن لە کۆماری کوردستان و هەڵوێستی سیاسەتمەداران - ئەحمەد ئەسکەندەری

ژن و ناسیونالیزم لە کۆمارە کوردیەکەی ١٩٤٦دا – شەهرزاد موجاب – وەرگێڕانی محەممەد حەمەساڵح تۆفیق

ئاڵەکۆک – هەژار

تاریک و ڕوون - هێمن


* لە ژمارە ٨٣٩ - ٣٠ی بەفرانباری ١٤٠١دا بڵاو کراوەتەوە


 

بابەتی نوێ:

حیزب وەک سەنتەر، ستراتژیی حیزب وەک سەنتێز

سەردەمی ئێستا، سەردەمی بەئاگاهاتنەوەی هەرچی زیاتری نەتەوە بندەستەکانە. سەردەمی ‏هەوڵدانی بە کۆمەڵی کۆمەڵگا ژێردەستەکان بۆ سڕینەوەی سێبەری دا...