۶/۱۶/۱۴۰۴

مانگ گیران

 ئەمشەو حاڵەتی مانگ گیران هاتە ئاراوە و سەرنجی دنیای بۆ لای ڕاکێشرا. 

دیاردەی مانگ گیران ڕووداوێکی گەردوونییە و هی کاتێکە کە گۆی زەوی بکەوێتە نێوان خۆر و مانگەوە. لەو کاتەدا سێبەری زەوی دەکەوێتە سەر مانگ و ناهێڵێ تیشکی خۆر لێی بدا.بەم جۆرە مانگ یان پشکێکی مانگ بە تاری دەردەکەوێ.

 زانینی ئەو هۆکارە شتێکی زۆر کۆن نییە و خەڵکانی کەونار وەک هەر دیاردەیەکی سرووشتیی تر، پێیان وا بووە هۆکاری ئایینی و خودایی لە پشت ڕووداوەکەوەیە و ئاماژەیەکە بە تووڕەیی و ڕقی خوداکان لەگەڵ یەکتر و لە دژی خەڵک.

 مانگ گیران لە نێو نەتەوە و فەرهەنگە جیاوازەکاندا، هەر لە دێرزەمانەوە و زۆر زیاتر لە ئێستا جێی سەرنج، مایەی سەرسووڕمان و هۆی نیگەرانی بووە. لە کوردەواریدا حاڵەتەکە  کە بە دەستەواژەگەلی گیرانی مانگ، مانگ گیران، مانگیران، ماگیران، ماگیرسە یان مانگ گێریای ناوی دەبرێ، بە دوو جۆر پێناسە کراوە کە هەر کامیان هەڵگری هێما و ئاماژەیەکی جێی نیگەرانی بووە؛

- ئەگەر مانگ بە سووری بگیرێ واتە دەوروبەری سوور هەڵگەڕابێ، ئەوە "مانگ گیرانی خوێنی"ی پێ دەگوترێ و بە نیشانەی هاتنەئارای شەڕ و کوشتار لێک دراوەتەوە.

- ئەگەریش مانگ بە ڕەشی بگیرێ، واتە ئاسمان و دەوروبەرەکەی ڕەش بێ، ئەوە نیشانەی هاتنی قاتی و قڕان و گرانی بووە.

کاتێک مانگ دەگیرا، پێشینان باوەڕیان وا بوو کە نەهەنگ، جنۆکە یان دێو مانگی قووت داوە. بۆیەش ئیمانداران بۆ بەردانی مانگ نوێژیان دەکرد، دەروێشان زیکریان دەکرد و دەفیان بۆ دەکوتا و خەڵکی ئاساییش لە تەنەکەیان دەدا و بە سازکردنی تەق و تۆق و هەرا و هوریا حەوڵیان دەدا داگیرکەر ڕاو بنێن و مانگ ڕزگار بکەن. 

هەمووی ئەو باوەڕانە لەوەوە هاتوە کە لە باوەڕی ئەواندا مانگ خودای خێر و ڕەوانی پاک بوو کە لە لایەن هێزی شەڕ و خراپەوە داگیر کراوە. لەبەر ئەوەش گیرانەکەی، هۆی نیگەرانی بووە و بە نیشانەی سەرهەڵدانی شەڕ، هاتنەئارای کوشتار و خوێنڕشتن یان قاتی و قڕی لێکدراوەتەوە. هیچ ڕێگایەکیشیان غەیری پاڕانەوە و هەراوهوریا بۆ کۆتایی بەو نیگەرانییەیان لەدەست نەهاتوە.   




۶/۱۱/۱۴۰۴

عەزیز سەلیم؛ ئازەربایجانییەک کە بوو بە کورد

تازە هاتبووم بۆ فینلاند کە لەگەڵ ناوی عەزیز سەلیم ئاشنا بووم. جاری یەکەم گەنجێکی وێنەکێشی کورد ‏کە لەگەڵمان لەوشارە بوو باسی توانایی و خاوەن شێوازیی کەسێک بە ناوی عەزیز سەلیمی بۆ کردم و ‏ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو ڕابردوویەکی ناڕوون و کەسایەتییەکی ئاڵۆزی هەیە. دەیگوت؛ ئەو لە بنەڕەتدا ‏خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە بەڵام خۆی وەک خەڵکی باشوور ناساندوە و نکۆڵی لەوە دەکا کە کوردی ‏ڕۆژهەڵات بێ. هەر لەو سەروبەندەدا بوو کە دۆستی بەڕێزم جەبار عارف کە وەک وەرگێڕ لە ‏هێلسینکی‌یەوە هاتبوو بۆ باکووری فینلاند، باسی عەزیز سەلیم و بەسەرهاتی پڕ لە چەرمەسەریی ئەوی ‏وەک ئەشکەنجەدراوێک لە زیندانەکانی ڕێژیمی عێراقدا کرد. ئەوەشی گوت کە دەردەدڵەکانی عەزیز ‏سەلیم بۆ ناوەندی ئەشکەنجەدراون لە ڕۆژنامەی "هێلسینگین سانۆمات"دا بڵاو بوونەتەوە‎. ‎

‎ئەو دوو بیرەوەرییەم ئەم شەوانە دوای ئەوە وەبیر هاتەوە کە لە یەکێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چاوم ‏بە ناو و تابڵۆیەکی عەزیز سەلیم کەوت. ستاتووس نووس ئاماژەی بە گەورەیی و بەتوانایی ئەو ‏هونەرمەندە "کوردەی باشووری کوردستان" دابوو. من ئەو پرسیارەم هەر لە مێشکدا بوو کە ئاخۆ عەزیز ‏سەلیم کوردی باشوور بوو یان ڕۆژهەڵات؟

بە دوای وڵامی ئەو پرسیارە بە لاپەڕەکانی ئینترنێتدا گەڕام و ئاکامی سەرنجڕاکێشم دەست کەوت؛ عەزیز ‏سەلیم نەک کوردی باشوور نەبوو، تەنانەت هەر کورد نەبوو بەڵام سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە ئەو کابرایە ‏ئەوەندە لە کوردایەتیدا قاڵ ببوو کە وێناچێ بیرەوەرییەکی زۆری لەو سەردەمەدا لە مێشکی خۆیدا ‏هەڵگرتبێ کە هێشتا نەببوو بە کورد‎. ‎

لە کوردیپێدیادا هاتوە: عەزیز سەلیم کوڕی سەلیم بەگی کەلارە، لە گوندی مێرزی لەنێوان پشدەر و بنگرد ‏لەساڵی ١٩١٧ (لە جێگایەکی تر ١٩١٥) لەدایک بووە، لە تەمەنی شەش ساڵییەوە لە کەلار بەخەڵووز ‏لەسەر دیواری ماڵ و مزگەوتەکاندا وێنەی کێشاوە، باوکی مامۆستا عەلی فاتح ئەلکازمیی بۆ گرتوە تا فێری ‏وێنەکێشانی بکات. یەکەم پێشانگای تایبەتیی خۆی لە ساڵی ١٩٣٢ لە گۆڕستانی شێخ جەعفەر لە سلێمانی ‏کردۆتەوە کە ١٢ تابلۆی لەخۆ گرتوە بەقەد کێلەکانەوە هەڵسپاردبوو، خەڵک تابلۆکانیان دڕاندبوو خۆشیان ‏بەرد باران کردبوو مەلاکانیش وتبویان "ئەمە شەیتانە و پەیدا بووە".. ساڵی ١٩٤٩ گەشتی وڵاتانی ‏دەستپێکرد و وڵاتانی (فەرەنسا، ئیتاڵیا، بەریتانیا، فنلەندە، نەمسا، بەلجیکا، یوگسلافیا، مەجەڕ....هتد) ‏گەڕاوە و پیشانگەی تیایداندا کردووەتەوە و، زمانەکانی (کوردی، عەرەبی، فارسی، تورکی، ئینگلیزی، ‏ڕووسی، ئەڵمانی) زانیووە.، هەروەها خاوەنی چوار دیوانە هەڵبەستی چاپکراوە. خاوەنی ٤٣  پیشانگەی ‏تایبەتیی و کۆی تابلۆکانی ٦٥٠٠ تابلۆیە.، لە ڕێکەوتی ٢٠٠٣.٠١.٥ لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کردوە‎.

‎هەر لە گەڕان بە دوای ناوی عەزیز سەلیم‌ و ئەمجار لە بڵاوکراوەکانی فینلانددا، تووشی ئەو ڕاپۆرتەی ڕۆژنامەی هێلسینگین ‏سانۆماتی فینلاندیش بووم کە کاتی خۆی جەبار عارف بۆی باس کردم. ڕاپۆرتەکە باسی ژیانی ڕابردووی ئەو هونەرمەندە لە زمان خۆیەوە دەکا لەو کاتەدا کە سەردانی ‏پزیشکی دەروونناسیی بەشی ئەشکەنجەدراوانی کردوە و خەم و ئازارەکانی خۆی بۆ باس کردوە. ‏ڕۆژنامەنووسی فینلاندی "ئاری لاهدێنمەکی" وتەکانی عەزیز سەلیمی لە زمان وەرگێڕ جەبار عارف نووسیوەتەوە و ئەوەی خوارەوە دەقی وەرگێڕدراوی ڕاپۆرتەکەیە:  ‎

ئەو پیاوەی ڕزگار کرا

ئاری لاهدێنمەکی ٢٣ی ٦ی ٢٠٠٠

ئەحمەد عەزیز سەلیم، تەمەن ٨٤ ساڵ، هەفتەی جارێک لە شاری "تامپێرێ"وە دێ بۆ هێلسینکی تا چاوی بەو ژنە بکەوێ کە گیانی ئەوی ڕزگار کردوە. سەلیم وێنەکێشە. پیاوێکی بەڕێزی کورتە باڵا کە ڕیشێکی ماشوبرینجیی هێشتوەتەوە. لە ناوەندی یارمەتیدانی ئەشکەنجەدراون لەسەر کورسییەک دادەنیشێ و باسی ژیانی خۆی دەکا.

چیڕۆکی خەمهێنەری سەلیم بۆ ساڵی ١٩٣٤ واتە شەست ساڵ بەر لە ناسینی پزیشکی دەروونناس یانا فۆهێر دەگەڕێتەوە. سەلیم پیاوێکی کوردی عێراقییە کە باوکی لە خەباتێکی سەربەخۆییخوازانەی بەنێوبانگدا لە ساڵی ١٩٣٦ لە دار درا. دەسەڵات هاوکات چوار برای سەلیمیشی ئیعدام کرد. سەلیم کە پزیشکیی خوێندبوو، لە ترسی گیانی خۆی تەڤلی خەباتی چەکداری و شۆڕشگێڕانەی کوردەکان بوو.  ئەو پەنای بۆ کوێستانەکان برد و دەزگیرانەکەشی بە دوایدا چوو. سەلیم بە بیری دێتەوە کە؛ "ئەو لەبەر من ڕووی لە چیا کرد". (لە کاتی ئەو قسانەدا) هێشتا نیشانەیەک لە خەم و تاڵی بە ڕوخساریەوە دیار نییە.

لە ماوەی جەنگی دووهەمی جیهانیدا لە ساڵی ١٩٤٠، خۆشەویستەکەی سەلیم بۆ گەیاندنی نامەیەک ڕەوانەی شار کرا و ئیتر لەو سەفەرە نەگەڕایەوە. سەلیم لە ساڵی ١٩٤٦ لە ئەنجامی بۆردومانێکدا بە برینداری دەستبەسەر کرا. لاقی ڕاستی بە توندی بریندار ببوو و بۆ نەخۆشخانە گواسترایەوە.

"لە زیندانیان کردم و بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە لەسەر چالاکییەکانم دژ بە دەوڵەتی عێراق بە شارەکاندا گێڕایانم." سەلیم لە دادگادا پارێزەری نەبوو و حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپا. بەڵام ئەو شانسی باشی هەبوو. هاوڕێکانی بەرتیلیان بە چاوەدێرانی زیندا دا و سەرەنجام سەلیم دوای ساڵ و نیوێک مانەوە لە زیندان‌، ڕای کرد.

ئەو لە ساڵی ١٩٦٧دا جارێکی دیکەش دەستبەسەر کرا. ئەو جار ئەشکەنجە و ئازاری سیستماتیک دەستی پێکرد. لاقی سەلیم کە لە بۆردومانەکەدا بریندار ببوو، دیسان شکا. ناچاریان کرد لەسەر دوو ئاسنی تیژ، لە حاڵێکدا کە دەست و پێیان بەستبوو، ڕاکشێ. پاشان جەللادەکان بە دار کەوتنە گیانی. هێشتا پشتی ساڕێژ نەبووەتەوە. 

سەلیمیان بە پەنجە گەورەکەی پێی، بە میچی ژوورەکەوە هەڵواسیبوو و تایەی سەیارەیەکیشیان پێوە بەستبوو. تا ماوەیەکی زۆر زگی کاری نەدەکرد و نەیدەتوانی دانیشێ.

سەلیم ئێستا بە هێمنی لەو جنایەتانە دەدوێ بەڵام وەرگێڕی بە ئەزموون جەبار عارف لەسەر ئەو کورسییەکەی خۆی، خۆی گرمۆڵە دەکا.

بنی پێیەکانی سەلیم ئێستاش دەسووتێنەوە چونکە لە زینداندا ناچار کراوە بەسەر وردە شیشەدا بڕوا و دەرزی دە نێو نینۆکی پێی ڕاکراوە. 

سەلیم دەڵێ دەمزانی چ بەڵایەکم بەسەر دێنن. باسی ئەشکەنجەدانەکەی بە گوێی شۆڕشگێڕان گەیشتبوو.  کاتێک بیر لەوە دەکاتەوە کە ئەشکەنجەدەرانی چ جۆرە مرۆڤێک بوو، کورسییەکەی دەلەرزێتەوە.

"ئەوان وەک فاشیستەکان بوون. خەڵک لای ئەوان هیچ نرخێکی نەبوو." فرمێسک لە چاوەکانی سەلیمدا قەتیس دەمێنێ و ئەو کردەوانە دەگێڕێتەوە کە کەسێکی بیانی ناتوانێ لێی تێبگا. دەسرەیەک لە گیرفانی دەردێنێ و کەمێک بێدەنگ دەبێ بەڵام زۆر زوو و بە هێمنی دەست پێدەکاتەوە.

دادگا سەلیمی بە مەرجی هاوکاری لەگەڵ دەسەڵاتی عێراق، ئازاد کرد. "کاتێک لە زیندان ئازاد بووم، ڕاستەوخۆ گەڕامەوە لای گەلی خۆم." سەلیم لە ساڵی ١٩٧٩دا تیرۆر کرا. لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا بۆخۆی بە توندی بریندار بوو بەڵام هاوژینەکەی گیانی لەدەست دا. دژبەرەکانی سەلیم دەستیان هەڵنەگرت؛ ساڵی ١٩٨٦ جارێکی دیکە هەوڵیان دا تیرۆری بکەن. سەلیم ئەگەرچی ئەمجار بۆخۆی بە سڵامەتی دەرچوو بەڵام کوڕە شەش ساڵانەکەی کوژرا. پێنج منداڵی دیکە ڕزگار بوون.  

سەلیم لە مانگی مارسی ١٩٩٥دا گەیشتە فینلاند. لە بنەڕەتدا بۆ پێشانگایەکی هونەری لە سوید بانگهێشت کرابوو بەڵام بە هۆی تێکچوونی فڕۆکەکە، بە هەڵکەوت لە فینلاند مایەوە.

سەلیم ئێستا مافی نیشتەجێبوونی هەیە و لەگەڵ بنەماڵەکەی لە فینلاند دەژین. چارەسەرکردنی سەلیم لە ناوەندی بەهێزکردنەوەی کەسانی ئەشکەنجەدراو هەر لە ڕۆژانی سەرەتای هاتنی بۆ فینلاند دەستی پێ کرد. وەک سەلیم خۆی دەڵێ، ئەو کات پەرجۆیەک هاتە ئاراوە. یانا فۆهێر بیری دێتەوە کە سەلیم ساڵانێک لەوەپێس بە دەزگیران بوو.

ناوی "دوکتور یانا" بەردەوام لە نێو قسەکانی سەلیمدا بە زمانی کوردی بەر گوێ دەکەوێ. سەلیم کاتێ سپاسی پزیشکەکەی دەکا، لە دەربڕینی وشەی ڕێز و پێزانین پارێز ناکا؛

"ئەو کچە بە ڕاستی پاک و مرۆڤدۆستە. ئەو منی هان دا کە دیسان دەست بە وێنەکێشی بکەمەوە و بنووسم و مێژووی کوردستان بخوێنمەوە." ماوەیەکی زۆری پێ چوو تا بڕیاری یەکگرتنەوەی سەرلەنوێی بنەماڵەی سەلیم درا و مۆڵەتی مانەوەی پێدرا. ئەو لە باری دەروونییەوە سەردەمێکی سەختی تێپەڕ کرد.

سەلیم دەڵێ: ئەگەر دوکتور یانا نەبوایە، سێ جار دەستی بۆ خۆکوژی دەبرد. ئەو گیانی منی ڕزگار کرد.

عەزیز سەلیم لە چەند وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامە و بڵاوکراوە کوردییەکانیشدا بەسەرهاتی خۆی بەو شێوەیەی سەرەوە و هێندێک جاریش بڕێک بە جیاواز باس کردوە وا دیارە کوردیپێدیا و ماڵپەڕ و شوێنەکانی تریش ژیننامەکەیان هەر لە زمان خۆیەوە نووسیوە بەڵام ئەو تێکۆشەرانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە نیزیکەوە دیتوویانە و کاریان لەگەڵ کردوە، بە جۆرێکی جیاواز باس لە ڕەچەڵەک و بەسەرهاتەکەی دەکەن. ‏بەپێی گێڕانەوەیەکی مەلا ڕەسووڵی پێشنماز، عەزیز سەلیم لە بنەڕەتدا تورکێکی ئازەربایجانی ئێران و بە ‏گومان خەڵکی تەورێز بوو. ناوی "عەزیز سەلیم" زۆر دواتر و دوای ئەوەی پەڕەوازەی باشووری کوردستان ‏بۆی، داندرا بەڵام هەتا ئێستا هیچ کەسیش ناو و ناسناوە ڕاستەقینەکەی ئەوی نەدرکاندوە. دەگوترێ ‏ئەفسەری فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان بووە، لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا دۆستایەتیی لەگەڵ ‏هێندێک لە چالاکانی کۆمار بەستووە و دوای ڕووخانی حکومەتی میللیی ئازەربایجان، پەنای بۆ کوردستان ‏هێناوە. لە کاری وێنەگری و وێنەکێشیدا زۆر شارەزا بووە و ساڵی ١٩٥٤ دووکانێکی وێنەگریی بە ناوی ‏سەهەند لە شاری نەغەدە داناوە. سەهەند ناوی کوێستانێکی بەرزی نیزیک تەورێزە و گومان دەکرێ ئەوە ‏ناوی خۆیشی بووبێ یان وەک ناسناو بۆخۆی هەڵبژاردبێ. دواتر دەیگوێزێتەوە بۆ مەهاباد و لەوێ خۆی ‏بە ناوی "بەحرولعلوم" دەناسێنێ. لەوێ ئاشنایی لەگەڵ جەلیل گادانی و فایق موعینی‌ و تێکۆشەرانی ‏دیکەی حیزبی دێموکراتی کوردستان‌دا پەیدا دەکا. لە سەرەتاکانی دەیەی شەستی زایینی پەڕیوەی ‏باشووری کوردستان دەبێ و ساڵی ١٩٦٣ ماوەیەک لە گەڵاڵە و زینوێ شێخی لای ئەندامانی حیزبی ‏دێموکراتی کوردستان دەگیرسێتەوە.  لەوێ سەرەتا خۆی وەک مام ڕەحیم دەناسێنێ. چونکە شارەزای ‏دەرزی لێدان و برین پێچان بوو، داوا لە فایق موعینی دەکا هێندێک کەرەسەی سەرەتایی پزیشکی بۆ ‏پەیدا بکا و ئەمجار خۆی وەک دوکتور ڕەحیم دەناسێنێ و خزمەت بە خەڵک دەکا. دواتر لەسەر ڕێنوێنیی ‏مەلا ڕەسووڵ پێشنماز لە شاری قەڵادزێ دەگیرسێتەوە و لەلای "زاهیری ڕەسام" کە زۆر هاوکاری ‏کوردەکانی ڕۆژهەڵات بوو، وەک شاگرد عەکاس دادەمەزرێ. هە ئەوانیش کار ئاسانی بۆ دەکەن و بە ناوی ‏عەزیز سەلیم، لەدایکبووی گوندی هەڵشوێی نیزیک سنوور، تەسکەرەی بۆ دەردێنن. ئیتر تا کۆتایی تەمەن ‏بەو ناو و ناسناوەوە دەگیرسێتەوە. دوای بەیانی یازدەی ئازار و لە سەردەمی حوکمی زاتیی کوردەکانی ‏باشووردا، عەزیز سەلیم لە شاری شەقڵاو دەگیرسێتەوە. لەوێ دووکانێکی وێنەگری دەکاتەوە، ژن دێنێتەوە ‏و مناڵیش دەخاتەوە. ئیتر ئەو ماوەیە هەر لە شارەکانی شەقڵاوە و هەولێر بە کاری وێنەگری و ‏وێنەکێشییەوە خەریک دەبێ و لەو ڕێگایەوە خۆی دەژێنێ تا دەیەی نەوەتی هەتاوی کە سەر لە سوید ‏دەردێنێ. ساڵی ١٩٩٤ دێتە فینلاند و داوای مۆڵەتی مانەوە دەکا. دوای ساڵی ٢٠٠٠ تووشی نەخۆشیی ‏شێرپەنجە دەبێ و دەچێتەوە بۆ کوردستان. سەرەنجام ساڵی ٢٠٠٣ لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد. ‏مەلا ڕەسووڵی پێشنماز وێڕای ئاماژە بە توانایی و دەستڕەنگیی ئەو لە هونەری وێنەگری و وێنەکێشیدا، ‏دەڵێ؛ "عەزیز سەلیم زیاتر لە نیو سەدە هەر دەخۆپەنادان و کوێرەوەری و دەربەدەریدا بوو بەڵام سەری ‏بۆ هیچ دەستەڵاتدار و داگیرکەرێک شۆڕ نەکرد. چەند ساڵێکیش لەگەڵ ئێمە لەو چیاو چۆڵ و کەژانە ‏پێشمەرگە بوو چی لەتوانایدا هەبا بەجێی دەگەیاند‎."

کاک حەسەنی ڕەستگاریش لە بەرگی دووهەمی کتێبی "بڕگەیەک لە ژیان و خەباتم"دا باسی بڕگەیەک لە ژیانی و تێکۆشانی عەزیز سەلیم لە قۆناغی دوای ئینقلابی ساڵی ١٩٧٨ی ئێراندا کردوە و وەک چالاکێکی ئازەربایجانی کە لەپاڵ حیزبی دێموکراتدا هەوڵی ڕێکخستنی بزووتنەوە و شۆڕش لە ئازەربایجانی داوە، نووسیویەتی؛ 

لەپاڵ کۆمیتەی شارسانی نەغەدەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران‌دا "دەستەیەکی دیکەی لێ بوو بە ناوی فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان بە سەرپەرەستیی عەبدولڕەحیمی بەحرەلعلووم چەند کەسێکی ئازەری لە خۆی کۆ کردبۆوە و دەفتەری سیاسی ناردبوونی بۆ کۆمیتەی شارستانی نەغەدە. [..] بەحرەلعلووم ماوەیەکی زۆر لە کوردستانی عێراق لەگەڵ پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات بوو و، کاری دەرمانی دەکرد بە ناوی دوکتور ڕەحیم. بەدوای بەیانی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ دووکانی عەکاسی و نەققاشی دانا و ماوەیەک لە شاری شەقڵاوە گیرسایەوە. ژنی هێنا خۆی دەیگوت خەڵکی تەورێزە. ماوەیەک بە ناوی ڕەسام عەزیز سەلیم ناوی دەرکرد کە گۆیا خەڵکی گوندێکی قەڵادزێیە. ماوەیەک لە دەرەوەی کوردستان ژیا وا بزانم لە سوئێد بوو. نەخۆش کەوت پارتی خۆیان لێ کردە خاوەن و هێنایانەوە بۆ هەولێر و زۆریان یارمەتی دا لە نەخۆشخانە خەواندیان بەڵام چارەی نەخۆشیەکەی نەکرا. لە هەولێر فەوتی کرد و لە ڕێوڕەسمێکدا بەخاک سپێردرا. بەحرەلعلووم نەقاشێکی زۆر دەست‌ڕەنگین بوو. وێنەگر بوو لەکاری دەرمانی سەری دەردەچوو. ڕۆژێک لە گوندی کێلێ برووسکەیەکی بۆ هێنام بینێرم بۆ دەفتەری سیاسی لە ڕادیۆ دەنگی کوردستان بڵاوی کەنەوە. منیش وەرمگرت خوێندمەوە نووسرابوو: "لە فەرماندەی ئەرتەشی سوورەوە بۆ هەموو یەکە و دەستەکانی ئەرتەشی سوور لە شاری تەورێز. پێویستە هەموو لە حاڵی ئامادەباشی دابن هەتا فەرمانی هێرشتان پێ دەگات". منیش برووسکەکەم دا بە عوسمانی کوڕی مەلا محەممەدی عوسمانی گوتم: بەڕێی کە بۆ دەفتەری سیاسی، ئەنیا ئەوەندەم لە ژێرەوەی نووسی: تکایە بڵاوی مەکەنەوە، ئەو برادەرە خەونی دیوە بۆتە فەرماندەی ئەرتەشئ سوور." باش بوو بڵاو نەکرایەوە. تابڵۆیەکی زۆر جوانی خۆی دابوومێ بە داخەوە لە بارەباردا لێیان ون کردم، ڕەوانی شاد بێ. ئەوەندی لە توانای دابوو خزمەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان و ئازادیی کوردستانی کرد. 

کاک حەسەن ڕەستگار لە لاپەڕە ٣٧٢ی کتێبەکەیدا جارێکی دیکە بە کورتی ئاوڕی لە عەزیز سەلیم و حیزبەکەی داوەتەوە و نووسیویەتی:  "فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان تەفرەقەیان تێ کەوت و لێک بڵاو بوون و دوکتور ڕەحیم بەحرەلعلووم ڕۆیشت بۆ لای کۆمیتە شارستانی بۆکان".

وەک هەموو ئەوانەی لە نیزیکەوە ناسیویانە و باسیان کردوە، عەزیز سەلیم سەرەڕای ڕابردووی ژیانی ئاڵۆزی پڕ لە خەبات و نەهامەتی، وێنەکێشێکی بەنێوبانگی دنیای هونەر بوو. بەشی زۆری تابڵۆکانیشی باسی ژیان و نەهامەتیەکانی مرۆڤی کورد و لە سرووشتی کوردستان و ژیانی کورد وەرگیراون کە هەر ئێستا بە نرخی زۆر لە بازاڕی هونەردا دەفرۆشرێن.

چەند نموونە لە تابڵۆکانی:


لە سەرەوەی نووسراوە:

عەیبە بۆ تۆ مەی ئەخۆی بێ فەڕ ئەبی سەرخۆش ئەبی             بێ فەرمان ناتوان هیچ و پووچ و بۆش ئەبی

ئاگری سووری جەهەننەم زۆر گەشە ئاگات نییە                    زۆر حەرامە سەرخۆشی ڕۆژی قیامەت تووش ئەبی

 لە خوارەوەشی ئەو شێعرە نووسراوە:

خوێنی تاکی ڕەز ئەخۆم سەرخۆش ئەبم شێخ و مەلا                بەس تەنانەت مەی ئەخۆم پڕجۆش ئەبم شێخ و مەلا

تۆش ئەخۆی خوێنی گەل و خوێنی کەسان سەرخۆش ئەبی         زۆر گرنگە مەی نەخۆم، وەک تۆش نەبم شێخ و مەلا

ئەمەیان وەرگێڕاوێکی خراپی ئەو شێعرەی خەیامە:

* ای صاحب فتوا، ز تو پرکارتریم          با این‌همه مستی، از تو هشیارتریم

تو خونِ کسان خوری و ما خونِ رَزان     انصاف بده، کدام خون‌خوارتریم؟

هەژار ئەم شێعرەی ئاوا وەرگێڕاوە: 

ئەی تەکیەنشین شێخی بە سۆرە و تۆرە!                 پێت وا نەبێ هەر مەستییە، کارم زۆرە
من خوێنی ترێ دەمژم و تۆ خوێنی هەژار                جوابم دەرەوە کێیە پتر خوێنخۆرە؟!

لە ژێرەوەی نووسراوە: 
خەم و ڕەنج و هەژاری پاڵەوانە           گرنگە هەرسێ یەکڕا قارەمانە
بە داخەوە بەیتی دووهەمی لە وێنەکەدا نەهاتووە بەڵام تابڵۆ و شێعرەکە بە ڕوونی دیارە دەیهەوێ چ بە 
خوێنەر بڵێ: لە پشتەوە سێ پیاو یەکیان بە نیشانەی خەم و ئەویدی ڕەنج و دوایین کەسیشیان بە جلوبەرگی
هەژارانە نوێنەرایەتیی سێ چەمکی خەم و ڕەنج و هەژاری دەکەن. لە خوارەوەش پیاوێک کە ڕەنگە وێنەکێش
خۆی بێ، هەر سێیانی لە کۆڵ ناوە..
 


شێوەی هێمنانەی ژیانی مناڵی کورد




عەزیز سەلیم لە بیرەوەرییەکانی غەنی بلووریاندا


بابەتی نوێ:

ئاژەڵی هیبریدی لە زمانی کوردیدا

لە کوردستاندا چەند جۆر ئاژەڵ هەن کە کورد پێی وایە لەسەرەتاوە بە شێوەی سرووشتی نەبوون و دواتر لە ئەنجامی تێکەڵاوبوون و جووتبوونی دوو جۆر ئاژە...