۶/۲۱/۱۴۰۰

ئامرازی پرسیاری "کوو"

کوو ئامرازێکی پرسیارە کە بە تایبەتی لە ناوچەی هەولێر لە بری چۆن و چلۆن دەگوترێ. ئەم وشەیە بە هۆی تایبەت بوونی بەو ناوچەیە و نامۆ بوونی لە ناوچەکانی دیکە زۆر جار دەکەوێتە بەر گاڵتە بەڵام لە راستیدا نەک جێی گاڵتە نییە، ئامرازی پرسیارێکی زۆر رەسەنیشە.  کاتێک ئەو ڕەسانەیەتییەی زیاتر دەردەکەوێ کە دەبینین کوو لە گەڵ کێ، کوێ و کەی یەک لە چوار ئامرازە سەرەکیەکەی پرسیارە و خوشک و براکانی لە زۆربەی زاراوەکانی زمانی کوردی و زمانەکانی دیکەی ناوچەکەدا هەیە:
کوو: چۆن، چۆنیەتی و حاڵەت
کێ: چ کەس
کوێ (کوێندەر، کێدەر، کوورە، کوا، کۆجا): جێگا و شوێن
کەی (کەنگێ): کات
کام (لە فارسیدا کۆدام): کێها، کامیان
لە زۆربەی زاراوەکانی دیکەی زمانی کوردیدا لە بری "کوو"، ئامرازی "چۆن" یان شێوەیەک لەو وشەیە بە کار دێ کە بە سەرنجدان بە نیزیکایەتیی دوو دەنگی ک و چ وێدەچێ لە کوو کەوتبێتەوە. بەو هۆیە کە  ئامرازەکانی دیکە لە "کوو" نیزیکترن تا لە "چۆن". 

خوێندنەوەی لۆگۆی کەنەکە

 ئەو لۆگۆیەی لە وێنەکەدا هەیە، لۆگۆی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان KNK یە کە بە رێکخراوێکی نیزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان PKK هەژمار دەکرێ. بە بێ ئەوەی مەبەستم بێ بەو لێکدانەوەیە لاگری یان دژایەتی ئەو کەس و رێکخراوەیە بکەم کە ئەو پەیکەرەی بە هێمای رێکخراوەکەیان هەڵبژاردووە. ئەو پەیکەرە، پەیکەرێکی میترایی‌یە. وەک دەشزانین لە میترائیسم دا کاروباری هەڵسووڕاندنی ئەم جیهانە لە لایەن حەوت خوداوە بەڕێوە دەچێ کە هەر کامیان چوارچێوەی کار و دەسەڵاتیان دیاری کراوە. هەروەها هەر کامیان لە سەر هەرد و لە ئاسمان خاوەن کۆمەڵێک ناو و هێمای جیاوازن و ئێمە بەو هێماو ناوانەدا دەیانناسینەوە. لەو لۆگۆیەدا حەوت هێما هەیە:

٧- خۆر کە لە سەرەوە لە سەر دەستی شێرەکان وەک گۆیەک خۆ دەنوێنێ  هێمای میترایە کە خودای عەداڵەتەو لە سەرەوە لە پلەی حەوتەمی ئایینەکەدا دادەنیشێ.
٦- نیشانەی مار یان هەژدیها لە سەر ملی شێرەکان وەک فلس و پوولەکە نەخشێندراوە و ئەوەش هێمای خودای شەڕ یان ئیندرایە کە لە پلەی شەشەمی ئایینەکەدایە.
٥- گا لە ناوەڕاست و خوارەوەی پەیکەرەکە، هێمای خودای مانگ یان واروونایە کە خودای ڕەوانی پاکە لە پلەی پێنجەم دا.
٤- شێر هێمای پلەی چوارەمی میترایی و نیشانەی خودای ئاگرە.
٣- ئەسپ لە سەر یاڵی شێرەکان هێمای خودای خاکە کە لە پلەی سێهەم دایە
٢- شاخ هێمای نێری‌یە کە بە سەر سەری شێرەکانەوەیەو گیانداری خۆشەویستی ئاناهیتای خودای ئاوە لە پلەی دووهەم دا 
١-باڵ نیشانەی خودای بایە کە پلەی یەکەمی ئایینەکەی هەیە.
کۆکردنەوەی هەموو هێماکان لە پەیکەرێکدا نیشانەی سەرەتای پەیدابوون و پەرەگرتنی بیری تەوحید و تەک خودایی‌یە. هەروەها دابەش بوونی لۆگۆکە بە دوو بەشی وەک یەک لە ڕاست و چەپ دا باوەڕێکی میترایی‌یە کە لە زۆر نیشانە و هێمای دیکەش دا دووپات بۆتەوە. لە باوەڕە میترایی‌یەکەدا زۆربەی بوونەوەری ئەم جیهانە لە دوو بەشی جەستە و ڕۆح پێکهاتووە. ئەم دوانە بە یەکەوە شتێک تەواو دەکەن و بوونی یەکیان بە بێ ئەویدی ناکامڵ و نەگەیشتووە.  

بابەتی نوێ:

حیزب وەک سەنتەر، ستراتژیی حیزب وەک سەنتێز

سەردەمی ئێستا، سەردەمی بەئاگاهاتنەوەی هەرچی زیاتری نەتەوە بندەستەکانە. سەردەمی ‏هەوڵدانی بە کۆمەڵی کۆمەڵگا ژێردەستەکان بۆ سڕینەوەی سێبەری دا...