۵/۲۲/۱۳۸۹

کوردستانپۆست بەرپرسی ناوەرۆکی ئەم بابەتە نییە!


ماوەیەکە کوردستانپۆست هێرش و سوکایەتیەکی بەرینی بۆ سەر کوردەکانی رۆژهەڵات و بە تایبەت بۆ سەر سەکردەی کورد دوکتور عەبدوڕەحمان قاسملوو بە بیانووی لایەنگری لە خوالێخۆشبوو ئەحمەد تۆفیق دەست پێکردووە. ئەگەرچی لە سەر و ژێری زۆربەی ئەو بابەتانە ناوی کوردستانپۆست وەک خاوەنی قسە و نوسینەکان نەهاتووە، بەڵام مادام زۆربەی نیزیک بە تەواوی ئەو بابەتانە ناو و ئیمزای هیچ کەسێکی دیار و بۆ خوێنەر ناسراویان پێوە نیە، کوردستانپۆست بە خاوەنیان دەناسرێ. ئەگەرچی لە بنی هەموان نوسراوە کە "کوردستانپۆست بەرپرسی ناوەرکی ئەم بابەتە نیە"، بەڵام بە پێچەوانەی ڕێوشوێنی رۆژنامەگەری، بۆ ماوەی حەوتوویەک دەکرێ بە مانشێتی ماڵپەڕ!


دەڵێن مەلایەک لە گەڵ مەلاژن بە چۆڵگەیەک دا دەڕۆن و لەپڕ چەتەیان لێ پەیدا دەبن. چەتە دەیانهەوێ ئەوەی پێیانە لێیانی بستێنن بەڵام بە پێی رەواڵ مەلا هیچی وای پێ نابێ بە کەلکیان بێ. هەر بۆیە بۆ ئەوەی بە دەستی بەتاڵ نەگەڕێنەوە، دەڵێن تا مەلاژن دەورێک سەمامان بۆ نەکا، ئازادتان ناکەین. مەلاژن بە ناچاری و لە سەر چراسەوزی مەلا سەمایەکی زۆر جوانیان بۆ دەکا. کاتێک چەتەکان بە جێیان دێڵن، مەلاژن بۆ ئەوەی دڵی مەلای لێ پیس نەبێ دەڵێ مەجبوریان کردم دەنا من شتی وا نازانم. مەلا دەڵێ باشە مەجبوریان کردی و سەمات کرد قەیدی ناکا، بەڵام پێم ناڵێی بۆچی ئاوا بە ئیشتیا خۆت با دەدا؟ 

ئەوەی لەم بابەتەدا گەرەکمە لێی بدوێم، کۆمەڵێک بوختانی نوسراوەیەکە کە ناوی "پێشمەرگەیەکی بێ ناو" یان "سەرباز گمنام"ی لە ژێر دراوە و سەرەرای ڕمێنی زۆری ماڵپەڕەکە بۆ زۆری بابەت، ماوەی حەوتوویەک کرا بە مانشێتی کوردستانپۆست. بابەتەکە دواتر بە هۆکارێک کە بۆ من روون نیە و کوردستانپۆستیش هیچ رونکردنەوەیەکی لەم بارەوە بە خوێنەرانی نەدا، لە سەر ماڵپەڕەکە لابردرا. رەنگە بەڕێوەبەرانی بەڕێزی ماڵپەڕەکە بیانووی رێگەدان بە بیرورای ئازاد بۆ بڵاو کردنەوەی بێننەوە، بەڵام بڵێی بۆچی بابەتێکی پڕ لە سوکایەتیی کەسێکی بێ ناو بکرێ بە مانشێتی سایتێکی پڕ خوێنەر؟ ئەی باشە کە نوسیوتانە ئێوە بەرپرسی ناوەرۆکی ئەم بابەتە بێ نووسەرە نین، پێم ناڵێن کێ خاوەنی ئەو هەموو سوکایەتی و بێ ڕێزی و بوختانانەیە؟ 

ئەوانەی سەرەتەقەیەک لە کاری رۆژنامەگەری دا دەکەن، دەزانن کە بە پێی رەواڵ مانشێت هەمیشە هەڵگری هەواڵی رووداوێک یان وتەیەکی سەرنجراکێشی کەسێکی ناسراو و کەسایەتیەکە. کەچی لە کوردستانپۆست دا ئاسەوارێک لەم پرەنسیپانە بەرچاو ناکەون هیچ بابەتێکی گومانلێکراوی ناکەسێکیش قوت دەکرێتەوە. کە دەڵێم ناکەس، مەبەستم سوکایەتی نیە و مادام کەسێکی دیار لە پشت بابەتێکەوە نەبێ، ناکەس جێگای دەگرێتەوە. کە دەشڵێم کەسێکی گومانلێکراو، ئەوا لە کۆتایی ئەم نوسینەدا مەبەستەکەم روون دەکەمەوە. 

لە گەڵ پەرەگرتن و بڵاوبوونەوەی ئامرازەکانی راگەیاندن، سروشتیە کە زۆربەی کۆمەڵگا دەستی بە یەک یان چەند جۆر راگەیەنەر رادەگا و هەموو کەس و لایەنێک دەبێ خۆی بۆ رەخنە لێ گیران ئامادە بکا. بەوە دەمهەوێ بڵێم کە هەر تاکێکی کۆمەڵگا دەبێ ئەو مافەی هەبێ کە رەخنە بگرێ و تەنانەت لاریم نیە ئەگەر خەتە سورەکانیش بپەڕێنێ. بەڵام خۆ دەبێ ئەو نەختە مافەش بە رەخنە لێ گیراو بدەین کە بزانێ کێ رەخنەی لێ دەگرێ و دەبێ جوابی کێ بداتەوە! وێڕای ئەوانەش ئەو رەخنانە لە کەسێک گیراون کە مێژوو خوڵقێن بووە و بەشێکی بەرچاو لە مێژووی خەباتی کوردی رۆژهەڵات بە رێبەریی دوکتور عەبدوڕەحمان قاسملوو تۆمار کراوە. هەروەها ئێمە وەک ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێمان وایە کە قاسملوو لە بیر و رێبازی دا زیندووە. هەر بۆیەش دەبێ ئەو مافە بە هەموو کەس بدرێ کە رەخنە لەو رێبازە بگرێ. بەڵام نابێ لەبیرمان بچێ کە رەخنە و سوکایەتی هیچکات ئاوەڕۆیان لە گەڵ یەک تێکەڵ نابێتەوە. شتێک کە بەڕێوەبەرانی کوردستان پۆست ناویان ناوە رەخنە.

لەو قسانەی کە کوردستانپۆست پێیوایە "دێموکرات وەڵامی پێ نیە" ئەوەیە کە ئیدیعا دەکا ئەحمەد تۆفیق سەرۆکی شەرعی بووە و دوکتور قاسملو لە لایەن بەعسەوە بە سەر حیزبدا سەپێندراوە. بەڵگەشی بۆ ئەوە ئەوەیە کە ئەو کۆنگرەیەی ئەحمەد تۆفیق تێیدا بوو بە سکرتێر لە سونێ گیراوە و ئەوەش کە دوکتور قاسملووی بە سکرتێر دیاری کرد لە بەغدا بە بێ لەبەرچاو گرتنی هەلومەرج و بارودۆخی ئەو کاتی حیزبی دێموکرات!! پێشتریش ئاماژەی بەوە کردووە کە دوکتور قاسملو پیاوی ساواک بووە و بەڵگەشی بۆ ئەوە ئیدیعای ئەحمەد تۆفیق بۆ دەرکردنی دوکتور قاسملوو یان رەحمانی قاسملووی ئەو کات لە حیزب بووە.

جارێ با ئەو واقعیەتە مێژوییە بگێڕینەوە کە لە حیزبی دێموکراتی ژێر رێبەریی ئەحمەد تۆفیق دا، دوکتور قاسملوو ئەگەر یەکەم نارازیش بووبێ، دوا نارازی ناو حیزبەکە نەبوو. ئەوانەی تۆزێک شارەزای مێژووی حیزبی دێموکرات و ئاشنا بە فکری رێبەرانی ئەو حیزبە بن دەزانن کە دوکتور قاسملوو کەسێکی چەپ و پەروەردەی ناو حیزبی تودەی ئێرانی سەر بە ئۆردوگای سوسیالیزم بوو. بە پێچەوانەشەوە ئەحمەد تۆفیق کەسێکی راسترەو بوو، بە پێچەوانەی دوکتور قاسملوو کە پێیوابوو حیزب دەبێ خەباتی خۆی بە شێوەی سەربەخۆ و دژ بە رژیمی ئێرانی ئەو کات درێژە پێ بدا، ئەحمەد تۆفیق پێیوابوو کە دەبێ حیزبەکە ببێ بە لقی کوردستانی ئێرانی پارتی دێموکراتی ئەو کات و شەڕی حکومەتی بەغدا بکا. هەر وەک دیتیشمان لەو کۆنگرەیەدا ئەحمەد تۆفیق سەرکەوت و توانی رەحمانی قاسملوو لە حیزب دەربکا و بە کردەوە حیزبەکە بخاتە ژێر ئیختیاری پارتی دێموکراتی کوردستان بە رێبەریی خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی. رەحمانی قاسملوش چوو بۆ ئوروپا و دەستی بە دەرس خوێندن کرد. بەڵام بە رۆیشتنی ئەو کێشە و ناکۆکیەکانی نێوان ئەحمەد تۆفیق لە گەڵ رێبەرانی دیکەی حیزب کۆتایی پێ نەهات. سەرەتا کۆمیتەیەک ساز بوو بە ناوی کۆمیتەی ساخکەرەوەی حیزبی دێموکرات کە ئامانجیان خۆ رزگار کردن لە دەست دیکتاتۆریی ئەحمەد تۆفیق و رزگار کردنی حیزب لە پارتی دێموکرات بوو. ئەحمەد تۆفیق بڕیاری کوشتنی ئەوانی دەرکرد کە بەشێکیان وەک مامۆستا ئەبوبەکر فەلسەفی و کاک سەعید کاوە (کوێستانی) ئێستاش ماون و یەکەمیان لە فەنلاند و دووهەمیان لە سویدە و کوردستان پۆست دەتوانێ راستیەکانیان لە دەم ببیسێ. دواتر ئەم کێشەیە بە نێوبژیوانیی چەند ئەندامێکی دیکەی رێبەری کە نە لەگەڵ ئەحمەد تۆفیق بوون و نە لە گەڵ کۆمیتەی ساخکەرەوە، چارەسەر کرا. بەڵام لە ساڵی 1967 جارێکی دیکە ناکۆکیەکان لە سەر هەمان فکری ناو کۆنگرە کە لە سەرەوە ئیشارەم پێ کرد، تەقیەوە. کۆمەڵێک لە کادرە باڵاکانی حیزب لەوانە فایق موعینی، سمایلی شەریفزادە، مەلا ئاوارە و ... کۆمیتەی شۆرشگێڕی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان دامەزراند کە ئامانجیان رزگاربوون لە ژێر دەستهەڵاتی پارتی و وەرێخستنەوەی خەباتی چەکداری دژ بە حکومەتی حەمەرەزا شای پەهلەوی بوو. ئەوانە هاوکات لە باشووری کوردستانیش لە گەڵ هێرش و هەڕەشەی ئەحمەد تۆفیق بە پشتیوانیی پارتی دێموکرات بەرەوروو بوونەوە و بە داخەوە لەم نێوەدا چەند کەس لە رێبەرانیشیان وەک فایق موعینی ئیعدام یان تیرۆر کران. پێشتریش لە ١٩٦٥سەدیق ئەنجیری ئازەر تیرۆر کرابوو. هەروەها لە دەرەنجامی ئەو خەباتە خوێناویەی کە ماوەی ١٨ مانگ دژ بە دەسەڵاتی تاران وەڕێیان خست، بەشێکی زۆر لە رێبەران و تێکۆشەرانی ئەو بزوتنەوەیە شەهید بوون. 
من بەش بە حاڵی خۆم پێموایە کێشەی نێوان دوکتور قاسملوو و ئەحمەد تۆفیق وەک لە سەرەوە ئیشارەم پێ کرد، کێشەی فکری بوو. کێشەیەک کە بە نەمانی دوکتور قاسملوو لە ناو حیزبیشدا کۆتایی نەهات و دوا جار لە لایەن کۆمیتەی ساخکەرەوە و پاشان کۆمیتەی شۆرشگێڕی حیزب دژ بە ئەحمەد تۆفیق سەری هەڵدایەوە. هەربۆیەش لە سەر ئەو بڕوایە نیم کە هیچ لایەکیان جاش و جاسوسی دوژمنان بووبن و هەر کامیان لە فکری خۆیانەوە ئەو رێگایەیان بە رێگای سەرکەوتنی گەلەکەیان دەزانی کە خۆیان بڕوایان پێی هەبوو. بەڵام ئەوە حاشا هەڵنەگرە کە حکومەتی شای ئێران پشتیوانی بێ ئەملاو ئەولای شۆرشی ئەیلول بوو. لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە پێش کە ئەگەر قەرارە لایەنێک لەو دوو بۆچوونەی حیزب کاریان بۆ دەزگای جاسوسی ئێران کردبێ کە نەیان کردووە، ئاخۆ دەبێ گومانمان بۆ ئەو لایەنە بچێ کە خوازیاری بەرەنگاربوونەوە لە گەڵ ئەم رێژیمە بوون یان لایەنەکەی دیکە کە پێیوابوو حیزب دبێ ببێ بە بەشێک لە پارتی دۆستی دەسەڵاتی تاران؟
لە بابەت مەسەلەی گەڕانەوەی دوکتور قاسملوو بۆ نێو ریزەکانی حیزب، دوکتور قاسملوو کاتێک گەڕایەوە کە حیزبەکە بە کردەوە ببو بە دو بەش. ئەحمەد تۆفیق ئەو کاتە ئەگەرچی سەرکردایەتی بەشێکی دەکرد و سەرەرای تێپەڕبوونی 8 ساڵ بە سەر ئەو کۆنگرەیەی تێیدا ببو بە سکرتێر و سەرەڕای جیابوونەوە یان شەهید کرانی بەشی هەرە زۆری رێبەریی هەڵبژێردراوی کۆنگرە، ئامادە نەببو کۆنفرانس یان کۆنگرەیەکی دیکە بۆ یەکخستنەوەی حیزبەکەی بگرێتەوە. مەودای نێوان کۆنگرەی ٢ تا گیرانی ئەحمەد تۆفیق لە بەغدا نیزیک بە ١٠ ساڵ بوو. ئەی باشە کارنامەی تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی بە رێبەریی ئەحمەد تۆفیق لە ماوەی ئەم دە ساڵەدا چی بوو؟ جگە لە جیابوونەوە یەک لە دوای یەکەکان و فتوای کوشتنی رێبەرانی دیکەی حیزب لە لایەن ئەحمەد تۆفیقەوە، کوا کۆنگرە و کۆنفرانسەکانی حیزب؟ کوا تێکۆشانی سیاسی و خەباتی حیزب دژ بە حکومەتی ئێران؟
ئەحمەد تۆفیق لە لایەن پارتیەوە بە هۆکارێک کە بۆ من روون نیە، بۆ گوندێکی سنووری باکووری کوردستان دوور خرابۆوە و خانەنشین کرابوو و دواتریش لە بەغدا سەری دەرهێنا. با ئەوەشمان لە بیر نەچێ کە پارتی نە ئەو کات و نە دواتریش لە گەڵ دوکتور قاسملوو پێوەندیەکی خۆشیان نەبوو ئەگەر پێما نوا بێ لە بەر خاتری دوکتور قاسملوو، پارتی ئەحمەد تۆفیقی دوور خستەوە.
بەشەکەی دیکەی حیزبیش کە لە سایەی خەباتی ١٨ مانگەیان دژ بە دەسەڵاتی حەمەرەزا شا دەریایەک خوێنیان لێ رژا بوو، لە ساڵی ١٩٦٩ دا کۆنفرانسێکیان بۆ ساخکردنەوەی حیزب بەست. دوکتور قاسملوو دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر بەستنی ئەم کۆنفرانسە لە ١٩٧١ گەڕایەوە بۆ کوردستان. واتە کاتێک گەڕایەوە کە ئەندامانی دیکەی حیزب ماوەی پێنج ساڵ بوو کە بە کردەوە ئەحمەد تۆفیقیان وەلا نابوو. سەرەرای ئەوانەش سکرتێر لە لایەن ئەندامانەوە هەڵدەبژێردرێ و ئەوە ئەندامانی هەر حیزبێکن کە شەرعیەت بە کۆنگرە و بڕیار و هەڵبژاردنەکانی دەدەن. ئەگەر دوکتور قاسملوو سکرتێرێکی سەپێندراو بوو، بۆچی سەرەرای بونی زۆر دژبەر و نەیاری لە ناو حیزبەکەدا کە دواتر لە قۆناخی جیاواز و بە شێوەی جۆراوجۆر لێی جیا بوونەوە، تا ئیستا هیچ کەس ئامادە نەبووە باس لەمە بکا؟ لە کوێ بوون ئەو دەنگە نارازیانە؟ نووسەرەکەی کوردستانپۆست لە خۆڕا قسە بە دەمی ئەم و ئەوەوە هەڵدەبەستێ بە بێ ئەوەی بە پێویستی بزانێ ئاماژە بە یەک سەرچاوە و بەڵگەش بکا!! ئەوەش کە کۆنگرەی ٣ لە بەغدا گیراوە، ناکرێ حەتمەن پێوەندی بدەینەوە بە دەخاڵەتی بەعس و بە سکرتێر کردنی دوکتور قاسملوو لە لایەن بەعسەوە. خۆ شاراوە نیە کە دوکتور قاسملوو و حیزبی دێموکرات پێوەندیی هەمیشەییان لە گەڵ حیزبی بەعس خۆش بووە بەڵام مێژوو سەلماندویەتی کە ئەو پێوەندیانە پێوەندیەکی زۆر سالمی دیپلۆماتیک بوون و هیچکات لە رێگای خۆش خزمەتی بە بەعس لە سەر حیسابی کوردەکانی باشوور یان لایەنەکانی تر نەبووە. سەرەرای ئەوانەش دوکتور قاسملوو بۆ یەکەم جار و لە کۆنفرانسی ٣ی حیزبدا بە سکرتێری حیزب هەڵبژێردرا نەک لە کۆنگرەی ٣ کە لە بەغدا بەسترا. ئەوەش کە ئەحمەد تۆفیق لە لایەن بەعسەوە ئیعدام کراوە و نووسەر بە گێڕانەوەی هێندێک چیرۆکی خەیاڵی ئیدیعا دەکا بە فیتی دوکتور قاسملوو بووە، ئیدیعایەکی بێ بنەما و بێ بەڵگەیە و درۆ و دەلەسەکانی کە بە زمانی حەمەدەمینی سیراجی و ئەحمەد نستانی و کەریم حەداد و ئەم و ئەوی هەڵبەستووە، پشتیان بە هیچ دیکۆمینتێکەوە بەند نیە و قسەی مفتن. 

وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێ کرد، ئەحمەد تۆفیق چەند ساڵ پێشمەرگەکانی حیزبەکەی بۆ شەڕ لە گەڵ حکومەتی بەعس تەرخان کرد و دوایەش چوو لە بەغدا لێی دانیشت. باشە بۆ نابێ پێمان وابێ کە ئەوە جۆرێک تۆڵە کردنەوەی حکومەتی بەعس بوو و دەبێ حەتمەن هۆکارێکی خۆیی و بە قسەی فڵانی کوتی لە فیساریم بیستووە کە خاڵی فڵان کەس وای وتووە، بەڵگەی بۆ بدۆزینەوە؟ 

وه‌ڵام بە کۆمەڵێک درۆ و هەڵبەستراوەکان:
*کابرای بێناو دەڵێ: دوکتۆر عه‌بدوڕه‌حمان قاسملو: باوه‌ڕی به‌ کۆنگره‌ی یه‌ک و دوو نه‌بوو، پێشه‌وای به‌ خائین ده‌ناسی. (سه‌رچاوه‌: نهێنیه‌کانی حدک، ئیعترافی قاسملو لای ساواک 1964، تاران). کۆنگره‌ی یه‌ک و دووی نییه‌، له‌ ناکاو له‌ ناو جه‌رگه‌ی دوژمن دا له‌ به‌غدا، که‌ که‌س نه‌یده‌وێرا بڵێت کوردایه‌تی ده‌که‌م، ئه‌م کۆنگره‌ی سێی به‌ست!

باشە ئەگەر دوکتور قاسملو باوەڕی بە کۆنگرەی ١ و ٢ نەبوو بۆ کۆنگرەی ٣ی بەست و یەکسەر کۆنگرەی یەکەمی نەگرت؟ درۆیەکی دیکەی ئەو بە ناو نووسەرە ساڵی گرتنی کۆنگرەی سێهەمە کە دەڵێ لە ١٩٦٤ لە بەغدا لەو کاتەدا کە کەس نەیدەوێرا بڵێ کوردم، کۆنگرەی بەست، و بە ئانقەست ١٠ ساڵ کۆنگرەکە دوا دەخا. لە حاڵێکدا کۆنگرەی ٣ لە ساڵی ١٩٧٤ دوای بەیانی ١١ی ئازار، لە بەغدا بەسترا. وێڕای ئەوەش دوکتور قاسملوو لە کوێدا پێشەوای بە خائین ناسیوە؟ تەنیا رەخنەیەک کە دوکتور قاسملوو وەک خەسارناسیی بۆ کۆماری کوردستان لە کتێبی چل ساڵ خەبات دا کردویەتی، رەخنە لە خۆ تەسلیم کردنی پێشەوا بە ئەرتەشی ئێرانە و پێیوایە ئەگەر بارزانیەکان بە رێبەریی مەلا مستەفا بارزانی بەرەنگاریان نەکردبا، دەکرا بمانکوتبا کە کۆماری کوردستان ئاشبەتاڵی کرد، نەک شتێکی لەوە زیاتر. 

*دوکتۆر عه‌بدوڕه‌حمان قاسملو: چۆنیه‌تی هاتنه‌ سه‌ر کاری به‌ هه‌ڵبژارده‌ی سه‌ددام حوسێن بوو.) بە پێی کام بەڵگە؟!

*(ئه‌حمه‌د تۆفیق: به‌رامبه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌کانی تر، زۆربه‌ی خوارده‌مه‌نی پێشمه‌رگه‌کانی حدک له‌لایه‌ن ئازه‌ریه‌کانی نه‌غه‌ده‌ و خانێ ڕا ده‌هات. گه‌لی ئازه‌ری "حدک" یان به‌ پارتێکی خۆیان ده‌زانی و له‌ بواری زانیاری و ئابووری دا هاوکاریان ده‌کرد.) بە داخەوە نووسەر ئەوەندە ناشارەزای رۆژهەڵاتی کوردستانە کە نازانێ شاری خانێ یان پیرانشاری ئێستا ئەگەر بنەماڵەیەکی ئازەری لێ نیشتەجێ بێ، یان پاسدارە یان کاربەدەستی کۆماری ئیسلامی. جا چ بگات بە ٤٠ ساڵ لەوە پێش. وێڕای ئەوەش تورکەکانی قەرەپەپاغ شاری نەغەدە و زۆر ناوچەی دیکەیان بە پشتیوانی حکومەتی ناوەندیی ئێران لە کورد داگیر کردووە، بە پێی کام عەقڵ دێن یارمەتیی سەرکەوتنی شۆرشی کورد دەدەن؟! 

*(دوکتۆر عه‌بدوڕه‌حمان قاسملو: به‌ قۆنداغ وتێهه‌ڵدان گومرگی له‌ کاروانچیان و کۆڵکێشان ده‌ستاند. به‌م پارانه‌ توانی 5 ئاپارتومانی 10-12 ته‌به‌قه‌ له‌ پاریس بکڕێت و له‌سه‌ر ناوی ژنه‌که‌ی و کچه‌که‌ی تاپۆیان کات. له‌ مهاباد، ورمێ، پیرانشار،و بانه‌ چه‌ندین شوێن هه‌نه‌ که‌ ئێستاش که‌س ناتوانێت بیان کڕیت یان بیان فرۆشیت، چونکوو تاپۆکراوی سه‌ر ناوی دوکتور عه‌بدوڕه‌حمان قاسملون.) من خەڵکی مەهابادم و سەردانی شارەکانی دەوروبەریشیم کردووە و لێیان ژیاوم بەڵام هیچکات نەمبیستووە بڵێن فڵان مڵک یان فڵان خانو هی دوکتور قاسملویە یان هی دوکتور قاسملوو بووە. سەیر لەوە دایە کۆماری سێدارەی ئیسلامی لە ماوەی ئەم سی ساڵەدا کەمی دەست بە سەر مڵک و ماڵی هاوڵاتیان دا نەگرتووە، کەچی بە قسەی کاکی نوسەر تا ئێستا نەیتوانیوە ئەو مڵکە خەیاڵیانەی دوکتور قاسملو موسادرە بکا! ئەرێ ئەوەی کاکی نوسەر باسی دەکا دەوڵەتی دێموکراتی سوید و نۆروێژە یان کۆماری جەور و زوڵمی ئیسلامی ئێران؟!

* (پاش ئه‌نفال و کیمابارانی ئه‌ڵه‌بجه‌، قاسملو له‌ ته‌له‌فیزۆنی ئێڕاق قسه‌ی کرد و وتی که‌ هه‌ڵه‌بجه‌ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ کیماباران کراوه‌، خه‌ڵکی کوردستانی ئێڕاق خودموختاری خۆی هه‌یه‌ و ئازاده‌ که‌ به‌زمانی خۆی بخوێنێت، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ئه‌و ئازادیه‌مان له‌ ئێران دا هه‌با، چی دی مان نه‌ده‌ویست.) باشە بۆ جگە لە کاکی نوسەر هیچکەس ئەو وتوێژەی نەدیوە؟ تەنیا شتێک کە لە بابەت تاوانی هەڵەبجەوە لە لایەن دوکتور قاسملوو وەک بەڵگە ماوەتەوە ئەوە بوو کە وتی "ئەو کارە هەر کەس ئەنجامی دابێ تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیە و دەبێ مەحکووم بکرێ." 

نووسەری بابەت لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا چەندین شتی هەڵبەستراو و بێ بەڵگە بڵاو دەکاتەوە. وەک تەحویلدانەوەی ٥٥ کەس لە نیزیکانی ئەحمەد تۆفیق بە ئێران لە لایەن هاوڕێیانی دوکتور قاسملۆوە کەچی لە هێنانی ناوی یەک کەس لەو ٥٥ کەسە دۆش داماوە. بە رای من ئەو قسانە ئەوەندە بێ بەڵگەن کە شیاوی وڵام دانەوە نین. بەڵام ئەگەر سەرنجی درێژەی نوسینەکە بدەین، نووسەر لە چەند جێگادا هۆییەتی خۆی ئاشکرا کردووە و ئامانجی نوسینەکەی دەرخستووە:

*بە پێچەوانەی ئەو راستیەی کە هەموان لێی ئاگادارن، نووسەر تیرۆری دوکتور قاسملوو بۆ کاری ک. گ. ب. دەگەڕێنێتەوە. ک.گ.ب.یەک کە لە سەرە مەرگ دا بوو و چوار مانگ دوای تیرۆری دوکتور قاسملوو لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە، بە روخانی دیواری برلن کەوتە گیانەڵڵاوە. بەوەش دەیهەوێ پاکانە بۆ کۆماری ئیسلامی بکا لە ئەنجامدانی ئەو تیرۆرە ناجوامێرانەیە.

*حیکایەتێکی خەیاڵی لە بابەت دەستدرێژی بۆ سەر کوڕێک لە لایەن پێشمەرگەکانی هێزی قەندیل دەگێڕێتەوە. لە دواییشدا دەڵێ کە کوڕە بە نیوەگیانی دەدۆزرێتەوە و لە نەخۆشخانەی "ئیمام خومەینی" چارەسەر دەکرێ. سەیر کەن کە کابرای بێ ناو چ ناوێک بۆ شوێنی چارەسەری "تاوانە" خەیاڵیەکەی هەڵدەبژێرێ؟ با هەر لێرەوە ئەو راستیە بۆ کوردستان پۆست بگێڕمەوە کە بە پێچەوانەی "نەخۆشخانەی ئیمام خومەینی" ئەوەی تەجاوزی بە کوڕانی کورد دەکرد و فێری دەکردن و دواتر بۆ ناو ریزەکانی حیزبی دێموکراتی دەناردن، راست دەزگای ئیتلاعاتی "ئیمام خومەینی" بوو. ئامانجیشیان لەو کارە ئەوە بوو کە ئەوانە خۆیان لە فەرماندەکانی حیزب نیزیک بکەنەوە و توشی هەڵەیان بکەن. چونکە زۆر باش لەو بڕیارەی حیزب ئاگادار بوون کە وەها هەڵەیەک کەمترین سزاکەی دەرکردن لە ریزەکانی حیزب بوو. هەر لەم بارەوە نووسەرەکەی کوردستانپۆست کۆمەڵێک بوختان دەداتە پاڵ یەکێک لە کەسایەتیەکانی ناو حیزبی دێموکرات. کەسێک کە بە شاهیدی دۆست و دوژمن یەکێک لە پاکترین بەرپرسەکانی ئەم حیزبە بووە و بڕوا ناکەم لە ناو کۆماری ئیسلامیش دا کەسێک ئەو شەهامەتەی هەبێ بە ناوی ئاشکرای خۆی شاهیدی بۆ ئەم بوختانە بدا.

*لە کۆتایی ئەو نوسراوەیەدا "پێشمەرگەیەکی بێناو" دەبێ بە "سربازی گمنام" و بەم جۆرە هویەتی راستەقینەی خۆی ئاشکرا دەکا. بە داخەوە بەڕێوەبەرانی کوردستان پۆست نازانن کە "سربازی گمنام" لە ئێرانی خومەینی دا بەو تیرۆریستانە دەگوترێ کە بە فەرمانی ئیمامەکەیان دەست لە هیج تیرۆر و تاوانێک ناپارێزن. کارێک کە ئەم سەربازە گمنامەی ئێوە ئەمجار بە قەڵەم بۆیان ئەنجام دەدا و بە جێگای تیرۆری فیزیکی، تیرۆری کەسایەتیی رێبەرانی کوردیان بۆ دەکا. ئەگەرچی بە دەست و قەڵەمی را دیارە خەڵکی باشووری کوردستانە. مرۆڤ ئەو ساڵانەی وەبیر دێتەوە کە کەسانێک هەر لەم باشوورە بۆ فەردە ئاردێک پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات و لایەنەکانی دیکەی رۆژهەڵاتیان تیرۆر دەکرد.

بابەتی نوێ:

حیزب وەک سەنتەر، ستراتژیی حیزب وەک سەنتێز

سەردەمی ئێستا، سەردەمی بەئاگاهاتنەوەی هەرچی زیاتری نەتەوە بندەستەکانە. سەردەمی ‏هەوڵدانی بە کۆمەڵی کۆمەڵگا ژێردەستەکان بۆ سڕینەوەی سێبەری دا...