
بەڵام بەشێک لەو ئاژەڵانە ئەگەر بەرهەمی ئەو جۆرە تێکەڵاوییانەش بن، بۆخۆیان زاوزێ دەکەن و وەک ئاژەڵی سەربەخۆ و بێ گەڕانەوە بۆ دایک و باوکە سەرەتاکەیان هەن. لێ ناوێک کە بۆیان هەڵبژێردراوە، هەروا بەرهەمی ئەو جۆرە ڕوانینەیە. وەک مارماسی کە ماسییەکی وەک مار درێژە یان گەوەزن کە لە دوو وشەی گا و بزن پێکهاتووە. هەروەها مەرەز کە جۆرێک بزنە و ناوەکەی تێکەڵاوی دوو وشەی مەڕ و بزە. ئەوەش بە هۆی موو یان خورییەکەیەتی کە پتر وەک خوریی مەڕ دەچێ تا مووی بزن. بەژنیشی لە بزن وردترە و سرووشتی بڕێک هێورترە. تێکەڵاویی مەرەز و بزنی ئاسایی دەبێ بە سێرە.
لە ڕیزی ئەم ئاژەڵە هیبریدییانەدا جۆرێک سەگیش هەیە کە بەرهەمی جووتبوونی دێڵەگورگ و گۆڵەسەگە و بە سەگگورگ دەناسرێ. ئەگەر دایک سەگ بێ و باب گورگ، بە گورگەمێش ناو دەبرێ کە سرووشتی گورگانەی خۆی زیاتر دەپارێزێ. هەروەها تووتکی بەرهەمی جووتبوونی دێڵەسەگ و گۆڵەتاژی "وەرەق"ی پێ دەگوترێ و ئەگەر گۆڵەسەگ و دێڵەتاژی بە یەکەوە جووت بن، ئەوە بێچووەکەیان دەبێ بە قەمچ.
هەروەها جۆرێک ڕەشەوڵاخیش هەیە کە بەرهەمی جووتبوونی گا و گامێشە بەڵام بەداخەوە من ناوەکەیم لەبیر نەماوە. ئەم جۆرە زۆر بە گەرما هەستیارە و زوو گەرماژۆ دەبێ.