لە موکریان بە سینی، خوانچە یان مەجۆعمەی چکۆڵە دەڵێن
کەشەف کە لە زۆربەی زاراوەکانی زمانی کوردیدا ناگوترێ و هاوچەشنێکیشی لەنێو
زمانە دەستەخوشکەکاندا نییە. ئەوەندە نەبێ کە لە دێهاتەکانی دەوروبەری ئەردەبێڵدا وشەکە هەیە و بۆ
هەمان مەبەست بەکار دێ. هەروەها لە زاراوەی کورمانجیی ژووروودا وشەی نیزیکی شکەڤ
یان ئشکەڤ işkev / şikev هەیە کە لە تەشتێکی گەورە بۆ شێلانی هەویرە و دوای نان کردنیش، دەوری
ناندێن یان تەبەک دەگێڕێ.
بۆ وێنە خاقانیی شێروانی دەڵێ؛
گر چون کشف کشم سر در استخوان سینه
سایه نیفتد از من بر چشم هیچ جانور
نیزیک لە کەشەفی بە واتای کیسەڵ لە زمانی کوردیدا وشەی
"کووشی" بە هەمان واتا هەیە کە لە هێندێک زاراوەی کورمانجیی ژووروودا باوە.
بەڵام ئاخۆ کیسەڵ چ پێوەندییەکی بە کەشەفی بە واتای
سینییەوە هەیە؟
وەک دەردەکەوێ، کەشەف تەنیا بەرامبەر بە سینی نییە بەڵکو لە واتایەکی بەرینتردا برێتی لە دەفر و ئامانی جۆراوجۆرە. جا هەر لە تەشت و تەبەکی گەورەی هەویر شێلان و نان تێدا هەڵگرتنەوە تا دەفری بچووکی نان تێدا خواردن.
دەزانین کە مرۆڤ پێش ئەوەی بتوانێ لە بەرد، دار یان گڵ بۆخۆی دەفر ساز بکا، لە شتە سرووشتییەکان بۆ ڕایی کردنی کاروباری خۆی کەلکی وەرگرتووە کە قاپێلکی کیسەڵ بەردەسترین دەفری سرووشت بووە تا بتوانێ خواردن و خواردنەوەی تێبکا و پێی بخوا یان بخواتەوە. ئاسەواری ئەمە لە بەیتی برایمۆکیشدا هاتووە ئەو کاتەی برایم لە قاپێلکە کیسەڵێکدا شیر لە شوانان بۆ میرحەجی ئاغای گولبووی خۆی وەردەگرێ. دواتریش مارەکە لە لە هەمان قاپێلکدا شیرەکە دێنێتەوە و میر بە خواردنەوەی شیفا وەردەگرێ. دیارە هەمان پێوەندی و خزمایەتی لە نێوان وشەی قاپی نان خواردن و قاپێلکی کیسەڵیشدا هەیە. هەروەها لەنێوان کاسە و کیسەڵدا کە دەکرێ یا بە الف (کیسەڵ = کاسەڵ) یان بە پێچەوانە (کاسە = کیسە) گۆڕانی بەسەردا هاتبێ.
کیسەڵی نێو ئاوێ پێی دەڵێن ڕەقە کە لە نێو ئاو و لە وشکانیشدا دەژی و گیا دەخوا. ئەم جۆرە دوای ئەوەی قەبارەی زۆر گەورە دەبێ، پێی دەڵێن سێڵە کە ناوەکەی بێ پێوەندی لەگەڵ سێڵی نان کردن نییە.