۶/۱۵/۱۴۰۵

مێرکۆریی ئاسمانێکی پڕ ئەستێرە

تاهیر قاسمی

ئەستێرە هەموو مەحوە لەنێو نووری قەمەردا ‏
یا شەمسی جەماڵت شەوی گێڕاوە بە فەردا
«نالی»
لە بەرەبەری ٢٥ی گەلاوێژی ئەمساڵدا، وێنەیەکی نۆستالۆژیکی سەر بەرگی کتێبێک و دێڕە شێعرێکی ئاشنای سەر بەرگی کتێبەکە لە ‏فەیسبووک، سەرنجی ڕاکێشام؛ "ئەستێرە یەک یەک ڕاخوشین"! نووسەری کتێب هاوڕێی لەمێژینەی حیزبایەتیم دوکتور قادر وریا بوو و ‏هەر خۆیشی مزگێنیی بڵاوبوونەوەی کتێبەکەی لە لاپەڕەی فەیسبووکی خۆیدا دانابوو. بۆ ناساندنی کتێبەکەش ڕوونی کردبۆوە کە تێیدا ‏یادی ئەو لاوانە کراوەتەوە کە "لە ڕووی بەهرە و توانایی و کاریگەرییان لەسەر کەسانی دەوروبەر و، بایەخدان بە لایەنی ڕۆشنبیریی ‏خەبات و تێکۆشانی پێشمەرگانە، مرۆڤێکی تایبەت بوون. تایبەت بوون چونکە شانبەشانی جێبەجێکردنی ئەرکی پێشمەرگانەیان، بە ‏فێربوون و فێرکردن، بە پەرەپێدانی وەرزش و هەڵپەڕکێ، بە گرنگیدان بە ڕۆژنامەنووسی، خۆشنووسی، نووسین و شێعر، بە بایەخدان بە ‏موسیقا، سروود، گۆرانی، نیگارکێشی، شانۆ، فیلم و وێنەگری و...هتد، لەگەڵ ستەم و تاریکی لەشەڕدا بوون و تیشکی هیوا و تریفەی ‏جوانییان بڵاو دەکردەوە. ئەستێرە بوون بەڵام بە داخەوە زوو ڕاخوشین."‏
‏ تامەزرۆی دەستخستن و خوێندنەوەی کتێبەکە بووم و بیرم لەوە دەکردەوە کە بە چ ڕێگایەکدا بەدەستی بێنم تا وا ڕاستا خۆی لوتفی ‏فەرموو و پێوەندیی پێوە گرتم بۆ ئەوەی سێ نووسخە لە کتێبەکە بۆ من و دوو دۆستی دیکەمان ڕەوانە بکا. پاش هەوڵ و تەقەللای زۆری ‏هاوڕێمان کاک ئەسعەد خزری و چەند ڕۆژ چاوەڕوانی، سەرەنجام هەفتەی ڕابردوو بە خۆشییەوە کتێبەکەم بە دەست گەیشت. نێوەرۆکی ‏کتێبەکە وەک پێشتر ئاماژەی پێ کرا، یادکردنەوە و ناساندنی بەشێک لەو لاوە تێکۆشەرانەی نێو حیزبە کە ئەگەر بە دەستێک چەکی خەبات ‏و بەربەرەکانی دژ بە داگیرکەری کوردستانیان هەڵگرتبوو، هەوڵیان دەدا بە تێکۆشانی ئەدەبی یان لە بواری هونەری و ڕۆشنبیریشدا ‏خزمەت بە بەرەوپێش بردنی ئامانجەکانی نەتەوەکەیان بکەن. ئەو لاوانەی کە چاوەڕوانی داهاتوویەکی زۆر پڕ بەرهەمتریان لێ دەکرا بەڵام ‏بەداخەوە زۆر زوو تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی ڕێگای ئازادیی گەل و ڕزگاریی نیشتمانەکەیان بوون و بەجێیان هێشتین. ‏
من شانازیی ئەوەم هەبووە کە بەشێکی بەرچاو لەو تێکۆشەرانە بە چاو ببینم. هێندێکیانم بە ڕێبواری بینیبوون بەڵام بەختی ئەوەشم ‏هەبووە کە بەشێکیان لە نیزیکترەوە بناسم، لەگەڵیان دابنیشم و لە ئەزموون و بەرهەمیان بەهرەمەند بم. تێشیاندایە کە لە خەبات و ‏تێکۆشاندا مامۆستا و ڕێنوێنم بوون. چەندێکیان هاوڕێی نیزیکم بوون. شاهیدی تێکۆشان و سەرەنجام شەهید بوونیان بووم و لە ‏خەمیاندا ملوانکەی فرمێسک و وشەم هۆندووەتەوە. یەک لە تایبەتمەندییەکانی کتێبی "ئەستێر یەک یەک ڕاخوشین"یش ئەوەیە کە تەنیا ‏یادی شەهیدەکانی نەکردوەتەوە و ئەو بابەت و بەرهەمانەشی لە خۆیدا گونجاندوە کە لە شینی ئەو شەهیدانەدا نووسراون. شانازیم بە ‏خۆم کرد کە لەو کتێبە بە نرخەدا شینی دوو لەو ئەستێرانەم چاپ کراون و هەر ئەوەش هۆکار بووە تا نووسەر وەک پێزانین، یەکەی ‏نووسخەیەک لە کتێبەکە بۆ من و هاوڕێیان کاک لوقمان زەهرایی و کاک دڵشاد هەورامی لە فینلاند بنێرێ. ‏
من ناوی کاک قادر وریام ئەو کاتە بیست کە بنکەکانمان بۆ دەشتی کۆیە ڕاگوێزرابوون. لەوێ، بە پێچەوانەی بناری قەندیل، ئۆرگانەکان لێک ‏نیزیکتر بوون و خەڵکەکە پتر ئاگایان لە یەکتر دەبوو. کاک قادر دوای مامۆستا عەبدوڵا حەسەن‌زادە، دیارترین کەسایەتیی ئەدەبیی نێو ‏حیزب بوو. دیارە مامۆستا بە هۆی کاروباری سیاسی، جیاوازیی تەمەن و مولاحزاتی تەشکیلاتی، کەمتر دەبیندرا و کاک قادر تێکەڵاوتر و لە ‏بەدەنەی حیزب نیزیکتر بوو. ئەو ساڵانە ژمارەیەکی زیاتر لە لاوانی ئۆگری ئەدەب ڕوویان لەنێو حیزب کردبوو. ئەوان پتر گۆشکراوی ‏قوتابخانەکانی شۆڕش لە هەلومەرجی ئازادی ساڵانی سەرەتای ئینقلاب و پەروەردەی فەزای نیوە ئازادی ئەدەبیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ‏سۆنگەی دەرچوونی گۆڤاری سروەدا بوون. حیزبیش بە پێشەنگایەتیی کەسانی وەک کاک قادر وریا لەو هەلومەرجەدا ئاڵوگۆڕی لە ‏سیاسەتی ڕاگەیاندنی خۆیدا پێکهێنابوو و پتر گرینگیی بە بواری فەرهەنگ و ئەدەب لەنێو حیزبدا دەدا. لە زۆربەی ئۆرگانەکاندا ڕۆژنامەی ‏دیواری دایر کرابوو، دوای گەڕانەوەی پێشمەرگە لە ناوچە، زۆر جار کۆڕ و کۆبوونەوەی ئەدەبی ڕێکدەخرا، بەرنامەی کۆلکە زێڕینە تایبەت بە ئەدەب و هونەر حەفتانە لە ‏ڕادیۆی دەنگی کوردستانی ئێرانەوە بڵاو دەکرایەوە و ڕۆژنامەی کوردستانیش پاشکۆیەکی تایبەتیی بۆ ‏ئەدەب و هونەر دەردەکرد. لاوانی قەڵەمبەدەست لە وەرزی حەسانەوەدا بە شێوەی ڕاستەوخۆ یان لەلاوە بۆ میدیاکانی حیزبیان دەنووسی ‏یانژی هەر کام لەبەرە خۆیەوە، خەریکی نووسین و کاری ئەدەبیی خۆی دەبوو. بۆ وێنە لەبیرمە ژمارەیەکی بەرچاو لە پێشمەرگە قەڵەم ‏بەدەستەکانی هێزی پێشەوا دەستیان بە وەرگێڕانی بەرهەمی جۆراوجۆر کردبوو. بیستمەوە کە کاک قادر بە تەنزەوە ناوی دارالترجمەی ‏لەسەر مەڵبەندەکەمان دانابوو. لاوانی ئەدەبدۆست و خاوەن بەهرەی نێو حیزب حیسابی تایبەتییان لەسەر توانایی ئەدەبی، شارەزایی لە ‏نووسین و ڕێنوێنییە ئەدەبییەکانی مامۆستا وریا دەکرد. ئەویش بەپێی توانا و دەسەڵاتی خۆی ئاگای لێیان بوو. لەبیرمە جارێک بە ‏هاوڕێیەکمدا شێعرێکی درێژترم بۆ نارد کە بەو جۆرەی خوارەوە دەستی پێ دەکرد: ‏
لەو کاتەوە ‏
مێژوو دانی بە بوونی خۆیدا هێناوە
‏ منیش هەبووم
بەڵام چنگی تیژی زاڵم
تینتینۆکەمی ڕێک دەکوشی
لەو کاتەوە منیش ڕاپەڕینم ناسی..‏
مێژووم پڕ لە بەرخوەدانە
وەکوو باڵای پیری مێژوو
بڕواننە؛ ‏
دەوڵەتی ماد و دیاکۆ
جەوهەری شیری دەستی خان
بڕنووی درێژی شانی سمکۆ
قەڵەمی تیژی بەدرخان
دەیسەلمێنن؛
لەوەتەی کە مێژوو هەیە منیش هەبووم
بەڵام لە دووی ڕێبەندانی بیست‌وچواردا لەدایک بووم..‏

لاو بووم و شەرمم لە خۆ دەرخستن و شێعر بڵاوکردنەوە دەکرد. بۆیە ناوی خۆمم لەژێر شێعرەکەدا نەنووسی و تەنیا پیتێکم دانا. داوام لە ‏هاوڕێکەم کرد کە شێعرەکەی نیشان بدا و سەرنجی بزانێ بەڵام ناوم نەدرکێنێ. دواتر هاوڕێکەم بۆی گێڕامەوە کە کاک قادر هەر کە چاوی ‏بە شێعرەکەدا خشاند، خێرا گوتی ئەوە هی فڵان کەسە! بە لامەوە جێی سەرنج بوو کە لە حاڵێکدا پێوەندییەکی ئەوتۆی ئەدەبیمان لە ‏نێواندا نەبوو و لەنێو حیزبدا قەت حەزم نەدەکرد بە ناوی خۆم شێعر بڵاو بکەمەوە و وەک شاعیر بناسرێم کەچی ئەو نەک هەر زانیبووی ‏شێعر دەنووسم بەڵکو شێعریشمی ناسیبۆوە! بەوەڕا هەستم کرد کە ئەو زۆر لەوە زیاتر کە من بیرم لێ دەکردەوە، ئاگای لە ئۆگرانی ئەدەب ‏و قەڵەم بەدەستانی نێو حیزبە.‏
دەڵێن لە میتۆلۆژیی گەلانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەسارەی مێرکۆری یان عەتارۆد بە مامۆستای فەلەک ناسراوە. یەک لە گرینگییەکانی ‏کتێبی "ئەستێرە یەک یەک ڕاخوشین"یش ئەوەیە کە بە قەڵەمی دوکتور قادر وریا نووسراوە. ئاخر ئەو وەک چۆن بە درووستی ئەو ‏تێکۆشەرە شەهیدانەی بە ئەستێرە و ئەستێرەی ڕاخوشیوی ئاسمانی هونەر و ئەدەبی نێو حیزب شوبهاندووە، بۆخۆی ‏مێرکۆری ئەو ئاسمانە پڕ ئەستێرەیە بوو. کتێبی "ئەستێرە یەک یەک ڕاخوشین" لە ڕاستیدا وەفاداریی مامۆستا بۆ ئەو قوتابیانەیە کە بە ‏قەولی نووسەر "پێش پشکووتن، هەڵوەرین" و ئەوانەش کە مان بەڵام وەک دەڵێن؛ ‏
‏«بۆ تۆ چوونە ژوانی مەرگ ئەی وڵات ‏
مەرگ بۆخۆی پەیمانشکێن بوو، نەهات‎*‎‏»‏
لێرەوە سڵاو دەنێرم بۆ ڕەوانی پاکی هەموو شەهیدانی کوردستان و ئەو پێشمەرگە ئەدیب و هونەرمەند و ڕۆشنبیرە شەهیدانەی کە لەو ‏کتێبەدا یادیان کراوەتەوە و سەبارەت بە پاراستن و دواتر ڕێکخستن و بڵاوکردنەوەی بەشێک لە بەرهەمی ئەو شەهیدانە، دەستخۆشی بە ‏مامۆستا وریا دەڵێم و سپاسی دەکەم. ‏
‎*‎‏ بەیتێک شێعری شاعیر هێمن نادرە کە تێکستی گۆرانیی "من کوڕی ڕۆژهەڵاتم"ی بەهجەت یەحیایە



بابەتی نوێ:

ئاژەڵی هیبریدی لە زمانی کوردیدا

لە کوردستاندا چەند جۆر ئاژەڵ هەن کە کورد پێی وایە لەسەرەتاوە بە شێوەی سرووشتی نەبوون و دواتر لە ئەنجامی تێکەڵاوبوون و جووتبوونی دوو جۆر ئاژە...