لە ڕۆژێکدا کە هەموومان لەنێوان شادی و نیگەرانیدا چاوەڕوانی مەرگی یەکێک لە پیسترین دیکتاتۆرەکانی سەردەم و ڕووخانی یەکێک لە حکوومەتە داگیرکەرەکانی کوردستانین، هەواڵی کۆچی دوایی دوکتور ڕەفیق سابیر، شاعیر و مامۆستای مەزنی گەلەکەمان، هەوالێکی لەناکاو و خەمهێنەر بوو. دوای پەشێو و شێرکۆ، ڕەفیق سابیر سێهەم شاعیری شێعری نوێ بوو کە شێعرەکانیم وەبەر دڵ کەوت و ناسیم. سەرەتا دوو کۆمەڵە لە شیعرەکانیم لە توێی دوو کتێبێ تەسکدا بە ناوی «ڕێژنە» و «پشکۆکان دەگەشێنەوە» لە نێوەڕاستەکانی دەیەی هەشتای زایینیدا دەست کەوت. گەرچی ناوەرۆکی زۆربەی شێعرەکان سیاسی و ئەویش لە جۆرە کۆمۆنیستییەکەی بوو بەڵام سۆز و حەزێکی خەمینیان تێدا بوو و لەگەڵ ڕۆحی چەپاژۆیی ئەو سەردەمی منیش دەهاتەوە؛
پێ بزانی یان نەزانی
هاوڕێ «فەهد» هەموو شەوێ
سەر بە ماڵی برسی و هەژاراندا دەکا
لە سۆراغی گەورە و بچووکیان دەپرسێ
باسی کێشەی چینایەتی و
دادپەروەری و
کۆمۆنیزمیان بۆ دەکا
دوای کارەساتی شیمیابارانی هەڵەبجە، ئەو "لاوکی هەڵەبجە"ی نووسی و بڵاوی کردەوە کە دەنگدانەوەی زۆری هەبوو؛
به تهنیا جێم مههێڵن ئهم شهو زریان دهمچێنێ
تهم و مژ دامدهپۆشێ مانگه شهو دهمڕفێنێ
كێ دهیزانی مهلینه ئاوا دهتانتارێنن
باڵی ههزارتان دهبرن شارێكتان دهخنكێنن
كێ دهیزانی بههاریش شهخته و زریان دههێنێ
چاوی لێمان دادهخا چرووكان دهوهرێنێ
به تهنیا جێم مههێڵن ئهم شهو زریان دهمچێنێ
تهم و مژ دامدهپۆشێ مانگه شهو دهمڕفێنێ
كێ دهیزانی كه ئاوا تهناف ههڵخهن بۆ شارێ
دهستی شهقامیش ببرن كۆڵان بدهن له دارێ
…
شێعرێک کە لەلایەن هونەرمەندی بەتوانای کورد عەلی عابیدی کرا بە سروود و هەتا ئێستاش بەنێوبانگترین سروودی هەڵەبجە و ئەو تراژێدیایەی گەلەکەمانە.
«وەرزی سەهۆڵبەندان» دیوانێکی دیکەی شێعرەکانی ڕەفیق بوو کە لە دوورە وڵات و دوای پەڕەوازەبوون بۆ ئۆرووپا، لە کۆتایی دەیەی ٨٠ی زایینی بڵاو کرایەوە . من ئەوم بە شێوەی کاسێت و بە دەنگی شاعیر خۆی گوێ لێ گرت کە هەروا بەسۆز سەرنجڕاکێش بوو؛
بۆ کوێت بەرم سێوەخانێ؟
ئەم ڕۆژگارە
نە جێی فیرارانە
نە جێی ژن هەڵگرانە
نە جێی خۆشمێرانە.
سەرداری ڕۆحە شێتەکەم
بۆ کوێت بەرم؟
بۆ کوێت بەرم؟
ئەم کەڕنەڤاڵی مردنە؛
بۆ ئێمەیە
ئەم هەموو پەتە زبرانە؛
بۆ گەردنی سەدجار ڕووشاوی ئێمەیە
بۆ کوێت بەرم؟
بۆ کويت بەرم؟
ئەمە کوولەکەی ڕۆحەکەم بیشکێنە
ئەمە دڵە ناسۆڕەکەم …
….
بۆ کوێت بەرم سێوەخانێ؟
بەو شەوی با و بۆرانێ
ناگەمەوە کوردستانێ…
کۆڕەوەکەی ساڵی ٩١ هەوێنی شێعرێکی جوان و کاریگەری ڕەفیق بوو کە تێپەڕینی ساڵ و مانگ لە بیری نەبردوومەوە؛
..مەگری گیانە
کەی ئەمشەو کاتی گیاندانە
لەوەتەی هەین
لە جەنگێکەوە بۆ مەرگێ
لە مەرگێکەوە بۆ جەنگێ
ڕادەکەین و
هەر چوار وەرزمان تاوانە
تەنیا ئەمشەو خۆت ڕابگرە
بەرگەی برسێتی و ڕاونان و سەرما بگرە
سبەی هەتاوت بۆ دەکەم بە جۆلانە
سبەی دەگەین
لەو دیو ماڵی خاڵۆیانت ئاوەدانە
سبەی ژانە وردیلە و زراڤەکانت
لە گیابەند و نان و بەیان و شیر دەگرم
دەیانکەم بە ئاڵا و چرای ئەم جیهانە
خەرمانی ئەو شێعر و بەرهەمانەی کە ڕەفیق سابیر بۆی بەجێ هێشتووین، زۆر و دەوڵەمەندە. بە داخەوە لەو دۆخەدا دەرفەتی زیاترم بۆ ناساندن و بەسەرکردنەوەیان نییە. یەکێک لەوانە سەربوردەی درێژی ژیانێتی بە ناوی "لە ستایشی ژیاندا" کە بە شێوەی دەنگیش تۆمار کراوە. من ساڵی ڕابردوو لە ڕێگای کوردستاندا بەخت و وەختی ئەوەم هەبوو هەمووی گوێ لێ بگرم و چێژی لێ وەرگرم.
لێرەوە سڵاو بۆ ڕۆحی بەرزی شاعیری مەزنی گەلەکەمان دوکتور ڕەفیق سابیر دەنێرم و سەرساخی بۆ کۆمەڵگەی ئەدەب و شێعری کوردستان دەخوازم.