۱/۲۰/۱۳۹۷

خوێندنەوەی نەخش و نیگارەکانی سەر جامی حەسەنلوو



 تاهیر قاسمی

حەسەنلوو ناوی گوندێکە کە لە ناوچەی سندووسی سەر بە شاری نەغەدە، لە داوێنی گۆلی ورمێ هەڵکەوتووە. دانیشتوانی گوندەکە سەر بە دوو نەتەوەی کورد و تورکی قەرەپەپاغن. گوندەکە بە هۆی دۆزرانەوەی کۆمەڵێک شوێن و شوێنەواری مێژوویی، ناوبانگی جیهانی پەیدا کردووە. ناوەکەشی لەو قەڵا مێژویی‌یە وەرگرتووە کە لە پاڵ گوندەکەدا هەڵکەوتووە. زۆربەی ئەو قەڵا و شوێنانەی ناوی "حەسەن"یان تێدایە، وەک حەسەناوای سنە بە سەرنجدان بە ناوی سنە، لە بنەڕەتدا ناوەکەیان دەچێتەوە سەر سئن، سەئن، سەن یا سان کە ناوی سیمرغ، باڵندە ئەفسانەییەکە و باڵندەی تایبەتیی خودای بای میترایی‌یە. خودای با خودایەکی پارێزەرە. لە بەر ئەوەش ناوی خۆی بە سەر زۆر قەڵا و شوێنی ئاستەمدا بە جێ هێشتووە. ناوی سندووس لە گوێن ساینقەڵا یان شاهیندژ، قوڵەسەن، هەرسین، سەنەندژ، سەحنە، قەڵاتی سنان، قەڵاتاسیان و.. لە "سئن دژ" بە واتای قەڵای سئن یا قەڵای سیمرغ وەرگیراوە. ناوی حەسەنلووش لە هەمان ناوی سندووس وەرگیراوە کە دوای ئەوەی تورکان دەسەڵاتی ناوچەکەیان بە دەستەوە گرت، وەک ناوی زۆر شوێنی دیکە کە واتاکەیان بۆ ڕوون نەبووە، وشەی سەئن یان سەن بە حەسەن تێگەیشتوون و کردوویانە بە حەسەنلوو کە هەمان حەسەناوایە.  

لەپاڵ گوندی حەسەنلوودا تەپۆڵکێکی مێژوویی هەیە کە سەردەمانێک ناوەندێکی گرینگی ماناییەکان بووە. تەپۆڵکەکە لە نێوەڕاستەکانی سەدەی بیستەم کنە و پشکنینی بۆ کرا و چەندان چینی نیشتەجێبوونی لێ توێ کرا. ئاسەواری سەیر و سەمەرەی وەک ئێسکەپەیکەری دوو کەس لە ناو قەبرێکدا کە دەڵێی یەکتر ماچ دەکەن  و بە ناوی "ئەویندارانی حەسەنلوو" ناوبانگی جیهانیی وەرگرتووە، هۆدەیەک کە ژمارەیەکی زۆر ئێسکەپەیکەری کچانی تازە پێگەیشتووی تێدا بوو، ژمارەیەکی زۆر کەلوپەلی بە نرخی مێژوویی لە گڵ و ئاسن و بڕۆنز تا زێڕی لێ دۆزراوەتەوە. گرینگترین و بە نرخترینی ئەو کەلوپەلانەش هەر ئەو دەفر یان جامە زێڕینەیە کە بە "جامی حەسەنلوو" ناسراوە. دەفرەکە لە کاتی کۆڵین و پشکنینی تەپۆڵکی حەسەنلوو، لە لایەن کەونارناسی ئەمریکایی رابێرت دایسۆن لە ساڵی ١٩٥٨ دۆزرایەوە. کەوتبووە ژێڕ پەیکەری ئەو پیاوەی کە لە کاتی گواستنەوەیدا بە دەمەوە بە سەریدا کەوتبوو. بەو هۆیەش بڕێک پان بۆتەوە و تا ئەم ساڵانەی دواییش هەر بە قووپاوی لە مۆزەخانەی ورمێ هەڵگیرابوو. جامەکە کێشی ٩٥٠ گەڕەم، بەرزایی ٢١ سانتیمەتر و پانایی ٢٥ سانتیمەترە کە مێژووی ١٢٠٠ ساڵ بەر لە زایینی بۆ خەمڵێندراوە. بەو پێیەش زیاتر لە ٣٥٠٠ ساڵ پێشینەی هەیە. لە کێش و قەبارە و جنسی ئەم جامە گرینگتر، کۆمەڵێک وێنەی سەر دەفرەکەن کە تا ئێستا لێکۆڵەران ئەگەرچی خوێندنەوەی جۆراوجۆریان بۆ کردوە بەڵام نە بۆخۆیان لە خوێندنەوەکانیان دڵنیان و نە بە یەک خوێندنەوەی وەک یەک و ستاندارد گەیشتوون. بەو پێیەش دەکرێ بڵێین نەخش و نیگاری سەر ئەم جامە تا ئێستا بە نەخوێندراوەیی ماوەتەوە.

لە سەرەوەی جامەکە سێ عارەبە سوار کە دوانیان عارەبەکەیان بە چارەوایەکی وەک ئێستر یا کەر رادەکێشرێ و کەسی پێشەوە عارەبەکەی لە گایەک بەستووە، سێ کەس کە بە پێشوازی ئەو سێ سوارەوە هاتوون و کەسی یەکەمیان پیاڵەیەک ئاو یا شەرابی هێناوە و دوانەکەی دیکە هەر کامیان مەڕ یان بەرانێکیان پێیە، لە خوار ئەوان باڵندەیەکی وەک هەڵۆ یا سیسارک بە ئاسمانەوە ژنێکی لە کۆڵ ناوە، ژنێک کە هەوساری شێرێک بە دەستێکی و چرا یا قەندیلەیەک بە دەستەکەی دیکەیەوە، سێ خەنجەر، پیاوێکی ریشن کە جامێک ئاو یا شەرابی لە نیزیک تەختێکی بەتاڵ راگرتووە، پیاوێک کە شتێکی وەک دەسکێش یا کوتە ئاسنی بە دەستەوە و بەرەو گیاندارێک بە  هەیکەلی ماسی یا مار کە سێ سەری وەک سەگ و گورگ بەڵام وەک مار دروێشەداری هەیە و مرۆڤێک تا سینگ لەو پەیکەرە دایە و بەرەوڕووی کابرای هێرشبەر بووەتەوە، لە خوارتر دوو پیاو مرۆڤێکی وەک دێویان دەستبەسەر کردووە، ژنێک منداڵێک رادەستی پیاوێک دەکا کە لە سەر تەختێک دانیشتووە و شتێکی بچووکی وەک چەکوچ یا تەشوێی پێیە، شێرێک کە وەرکەوتووە، ژنێک کە لە سەر پشتی بەرانێک راوەستاوە و جەستەی خۆی وەدەرخستووە و پیاوێکی کەماندار کە وێدەچێ پارێزەر یا پاسەوانی ئەو ژنە بێ، راوەستاوە. لە بن جامەکە چوارچێوەیەکی خانەخانە و شەترەنجی‌یە کە لە سەر هەر کام لە گۆشەکانی ئەو چوارچێوەیە، بەرانێک خەریکە بەرەو لای راست دەبزوێ.


ئەم دەفرە، جامێکی میترایی‌یە کە بە پێی باوەڕی کۆنی خەڵکی ناوچەکە نەخشێندراوە. هەر لە سەر بنەمای میترائیسمیشدا دەخوێندرێتەوە؛ ئەو سێ سوارەی لە سەرەوەی وێنەی جامەکەن، میترا، ئیندرا و واروونان. لە ئایینەکەدا ئەوان خودایانی ئاسمانین. سوارەکان لە چەپەوە بەرەو راست دەڕۆن.

 لە پێشەوەی ئەم سێ سوارە، میترا دەبیندرێ کە گای پیرۆزی دە عارەبە کردوە. وەستاکار بە وردی کاری لەسەر کردووە و پتری نەخشاندووە تا ئاستی پیرۆزی و گرینگیی گاکە پێشانی بینەر بدا. کاوێژی گا لەگەڵ نمەی باران وەک خێرو بەرەکەت دەڕژێتە سەر هەرد و زەوی بە پیت و پاراو دەکا. ئەوە هەمان مۆتیڤی قوربانیکردنی گا لە لایەن میترایە کە لە میترائیسمی ڕۆژئاواییدا دیارترین ناسێنەی میترایە بەڵام لێرە گا ناکوژرێتەوە. لیکاوی گاکە هەڵگری ئاماژەی خێر و بەرەکەتی گای پیرۆزە. ئەو پیت و بەرەکەتەی کە لە میترائیسمدا لە خوێنی ڕژاوی گای قوربانیکراو بڵاو دەبێتەوە. هەمان گایە کە میترا بەر لە گەڕانەوەی بۆ ئاسمان، قوربانیی کرد و رووەک و ئاژەڵی لێ خوڵقاند و بە خوێنەکەی شەرابی هۆمی گرتەوە. میترا بەرزترین خودا و خودای داد و عەداڵەتە. لە بەیتی شێخ‌مەند‌و شێخ‌ڕەشدا خۆرە و سزای شێخ‌رەش دەدا و دەیسووتێنێ، لە کاوەی ئاسنگەردا ئەشکەوت نمادی ئەوە کە پەرستگاکانی میترایی لە ئەشکەوتاندا ساز دەکران و دەکرێ هەڵگری ئاماژەی جێی لێپرسینەوە و سزدانی زەحاک بێ. لە مەم‌وزیندا میرزێندینە و لە ریزە کێوەکانی میترادا میرقازە و فەقرەقا پەرستگەی ئەو بووە.

سواری نێوەڕاست ئیندرایە. بە نیشانەی خۆری سەر سەریڕا دەناسرێتەوە. خودای ئەستێرەی رۆژێ یا خۆرپەیک کە خودای شەڕە و پارێزەری ئایینی میترایە. لە ئایینەکەدا دوای میترا لە پلەی شەشەمدایە و لە وێنەکەشدا ئەو جێگە و پێگەیەی پارێزراوە. لە شێخ‌مەندو شێخ‌ڕەشدا، شێخ ڕەش، لە مەم‌و زیندا بەکرە شۆفار، لە کاوە و زەحاکدا زەحاک، لە لاس‌و خەزاڵدا مامەرەشی سەرتەریدە، لە شێخ‌فەرخ و خاتوون ئەستی‌دا وسووئاغا تەنی ئەون و لە سەر چیاکانی میترا، ئیندرقاش کە ناوەکەشی هەر لەو وەرگیراوە، جێگا و پەرستگای ئەوە.

دواسواری ئەو بڕە سوارە، بە هیلالی سەر سەریڕا دەناسرێتەوە کە خودای مانگە. خودای مانگ یا واروونا، خودای رەوانی پاک و خێوی کشتوکاڵە. لە شێخ‌مەندو شێخ‌ڕەشدا، شێخ‌مەند، لە برایمۆکدا میرشێخ، لە کاوەو زەحاکدا فەرەیدوون، لە مەم‌وزیندا مەم و لە چیاکانی میترادا شاروێران بە تایبەت گوندی لەجێ جێگا و پەرستگای ئەو بوو.

لە ڕاستەوە سێ کەس بەپیر سێ سوارەکەوە هاتوون. ئەوان بە جلوبەرگیانەوە دیارە کە سێ پێشەوای ئایینین و هەرکامیان لەسەر هەرد نوێنەرایەتیی یەک لەو سێ پلە ئاسمانییەی ئایینی میترایی‌ دەکەن. ئەوان دیاری یان قوربانییان بە پێشوازی خوداکان هێناوە و هەر کام دیاریی خۆی بۆ خودای خۆی پێیە. کەسی پێشەوە جامێکی لە بەردەم گای عەڕابەکەی میترا ڕاگرتووە و بەو پێیە دیاریی خۆی پێشکەش بە میترای گاسوار دەکا. سەر و قژی ئەم پیاوە لەگەڵ هەموو پیاوەکانی سەر جامەکە کە ژمارەیان چواردە کەسە، جیاوازە. ئەوەش نیشانەی جیاوازی و بەرزی و گرینگیی پێگە ئایینییەکەیەتی کە پلەی پیرە و لە سەر هەرد جێنشینی میترایە. جامەکەی دەستی ڕەنگە هەمان جامی زێڕینی بەر باس بێ کە ئەو وێنەنانەی لەسەر کێشراوەتەوە و ئەوەی تێشیدایە هەمان گیراوەیە کە بە هۆم ناسراوە و لە ئاڤێستادا بە خواردنەوەی زەئۆثرە یان زەڤر ناوی براوە. زەڤر ئەو خواردنەوە پیرۆزەیە کە لە بۆنەکاندا پێشکەش بە خوداکان دەکرێ. لە بەندی ٥٤ - ٥٦ی میترایەشتدا ڕوو بە میترا هاتووە: بەو پێداهەڵگوتنەی کە ناوی تۆی تێدا دێنن، بەو دوعایەی کە بە بۆنەی پێشکەشکردنی زەڤر، بە ناوی پیاوی دینپاک بە تۆدا هەڵدەڵێن، بەو نوێژەی کە ناوی تۆی تێدا دێ، بەو دوعایەی بە بۆنەی پێشکەشکردنی زەڤر، من بە تۆدا هەڵدەڵێم ئەی میترای توانا... و فریونەدراو [١].   هەروەها لە بەندی شازدەی هەمان یەشتدا میترا "سەرکەوتن بەوانە دەبەخشێ کە چاکەکارن و ئاگایان لە ڕێوشوێنەکانی بەخشینی زەڤر/زەئۆثرە هەیە". [٢] میترا بۆخۆی بەر لەوە کە بەرەو ئاسمان بگەڕێتەوە، بە تێکەڵکردنی خوێنی گای قوربانی لەگەڵ گیای هۆم ئەم شەرابەی گرتەوە و لە کۆڕی یارانی لە ئەشکەوتەکەدا خواردیانەوە. 

بە پێی ریز، پێشوازی دووهەم یا نێوەڕاست ئاژەڵێکی وەک قوربانی بۆ خودای دووهەم یا نێوەڕاست هێناوە کە ئیندرایە. بەو پێیە پیاوە ئایینییەکە لە سەر هەرد نوێنەرایەتیی میترا دەکا کە لە ڕۆژئاوا ناوی هێلیدرۆمۆس و لە کۆمەڵگای کوردستاندا بە گومانی زۆر شێخەکان ئەو ڕۆڵەیان هەبووە. نێر و مێیەتیی قوربانییەکە ڕوون نییە و بەو پێوانەیە دیارییەکەی مەڕێکی ئاسایییە. 

کەسی سێهەم قوربانیی بۆ خودای سێهەم هێناوە کە ڤاروونایە و بەوەش ئەو لەنێو کۆمەڵگادا نوێنەرایەتیی ئەو پلەیەی ئایینی میترایی دەکا. لە میترائیسمی ڕۆژئاواییدا ناوی پێرسێس یان پرسە بووە و هێندێک ئاماژە نیشان دەدەن کە لە کۆمەڵگای کوردستاندا سەیدەکان لەو پلەیە نیزیکتر بوون.  قوربانی بۆ ڤاروونا لەقەدەر هی ئیندرا، گەورەتر و قەڵەوترە و دیارییش کراوە کە ئەوەیان بەرانە. ئەمە پێوەندیی ڤاروونا و بەران نیشان دەدا کە لە باوەڕی خەڵکی ناوچەکەدا بەران یان بەختە، گیانداری تایبەتیی ڤاروونایە. ڤاروونا کە خودای مانگە، خودای زیاتر خۆشەویست و زیاتر جێگای رێزی خەڵکی دەڤەرەکە بووە.  

لە کۆتایی داچۆڕانی بەرەکەتی گای میترادا کە شێوەی بارانی بە خۆوە گرتووە، هەیکەلی گیاندارە سەیروسەمەرەکە هەڵکەوتووە. گیاندارێک کە سەر و دەست و سینگی مرۆڤە و لە جەستەیەکی زەبەلاحدا دەرکەوتووە کە پێستی لەشی بە پووڵەکەی مار یان ماسی لەشی داپۆشراوە. لەگەڵ سەری مرۆڤەکە، سێ سەری وەک سەگ و گورگ یا ماری دروێشەدار لە هەمان جەستە هاتوونەدەر و وێڕای سەر و دەستی مرۆڤەکە، بەرەوڕووی پاڵەوانێکی هێرشبەر بوونەتەوە. ئەمە هەمان زەحاک یان ئەژدەهاکە. هەژدیها گیانداری تایبەتیی ئیندرایە کە نمادی بورجی قرژاڵ و چلەی گەورەی هاوین و هەروەها چلەی گەورەی زستانیشە. لە وێنەی سەر جامەکە، بەو پێیە کە بەری بارینی باران و بڵاوبوونەوەی زیاتری بەرەکەتی گای میترای گرتوە، ئاماژە بە چلەی گەورەی هاوین دەکا. ئەم مۆتیڤە ئۆستوورەی زەحاک و کاوەی ئاسنگەرە. ئەو پیاوەی بەرەوڕووی ئەژدەهاک بووەتەوە، کاوەیە و ئەوەی بە دەستەکانیەوەیەتی، دەربڕی پیشەی ئاسنگەرییەکەیەتی. تەنانەت ئەوەش کە ڕوون نییە شەڕی لەگەڵ دەکا یان دیاری پێ دەدا، هەڵگری پێوەندیی پتر ئاشتیانەی نێوان کاوە وەک خودای با و ئەژدەهاک وەک خودای شەڕە.  

لە خوار هەژدیها، شێرێک وەرکەوتووە کە ئاماژە بە بورجی شێر یا چلەی بچووکە وەکچۆن هەژدیها بۆخۆی هێمای چلەی گەورەیە. شێر گیانداری تایبەتیی خودای ئاگرە کە بەردەوام نیزیک و هاوکاری ئیندرایە و نمادی چلە بچووکەکانی هاوین و زستانە. لە بەیتی شێخ‌مەندو شێخ‌ڕەشدا شێخ ئادی، برا چکۆڵەی شێخ رەشە. لە کاوەی ئاسنگەردا دەبێ بە کوندرەو کە وەزیری زەحاکە. لە بەیتی شێخ فەرخدا شێخەڵ، رەقیبی فەرخە. لە لاس و خەزاڵدا، لاس خۆیەتی. لە برایمۆکدا کوڕی میرعەزەمە و لە مەم‌و زین‌دا ئەو ئاورەیە کە دە ماڵە قەرەتاژدین بەر دەبێ. لە ئاسمان بە هەسارەی مۆشتەری یا هۆرمز دەناسرێ و لە ریزە کێوەکانی میرقازدا، زەرگەتەن و شێربەگ بە ناوی ئەوەوەن. 

لەلای  راستی مۆتیڤی چلەی بچووک یا شێر، ژنێک لەسەر بەرانێک یان دوو بەران وەستاوە و پاڵەوانێکی کەماندار بە شکۆیەکی زۆرەوە پاسەوانی لێ دەکا. ئەم مۆتیڤەش هەر پێوەندی بە چلەی بچووکی هاوینەوە هەیە کە لە خوارتر باسی دەکرێ.

لەلای چەپ و لە ریزی خوارەوەی سێ خودا ئاسمانیەکە، باڵندەیەک ژنێکی لە سەر پشتی خۆی هەڵگرتوە. ئەم باڵندەیە سەئن یا سیمرغ، باڵندەی زاڤ یا تیری خودای بایە. ژنەکەش، زارا یا ئاناهیتای خودای ئاو و هاوسەری خودای بایە. گومان دەکرێ بۆ نیشاندانی هاوسەرێتیی ئەو دوو خودایە و بۆ ئەوەی هاوکات پاکیزەیی زارا نیشان بدرێ، زاڤ بە نمادەکەیەوە کە باڵندەیە، نیشان دراوە. خودای با لە شێخ‌فەرخدا، فەرخ، لە کاوە و زەحاکدا، کاوە، لە خەج‌وسیامەنددا، سیامەند، لە لاس‌وخەزاڵدا مەلا نەبی و مەلا داوود،  لە شێخ‌مەند و شێخ‌ڕەشدا ، شێخ جافری باوکی مەند، لە برایمۆکدا  برایمی مەلازێندین، لە مەم‌وزیندا برایم پاشای باوکی مەم و لە ئاسمان هەسارەی تیر نیشانێتی. لە ریزە کێوەکانی
میترادا، جێگای ئەو لە تەرەغەیە. زارا یا ئاناهیتاش کە دایک و خودای ئاوە لە شێخ‌مەند و شێخ‌ڕەش و لە مەم و زین‌دا دایکە. لە برایمۆکدا پەریخانە. لە کاوە و زەحاکدا فەرانەکە. لە خەج و سیامەنددا خەجە. لە لاس و خەزاڵدا خانزادە. لە شێخ فەرخدا، ئەستی‌یە و لە ئاسمان هەسارەی ناهید یا زۆهرەیە. لە سەر زنجیرە چیاکاندا کۆشکی زارا لە پاڵ تەرەغە جێگای ئەوە. لە نێو بەیت و ئۆستوورەکانی کورددا ئەم بەشەی وێنەی سەر جامەکە دەتوانێ مۆتیڤی بەیتی شێخ فەرخ و خاتوون ئەستی بێ. ئەمە بە نالێکیی نێوان دوو ئاشق، پێوەندیی نێوان شێخ فەرخ وەک خودای با لەگەڵ باڵندە و دەوری باڵندە لە بەیتەکەدا تا واتای ناوی فەرخ، دەردەکەوێ. 

وێنەی ئیندرا لەسەر ئاجۆرێکی قەڵایچی
لەلای راستی باڵندە و ژن، شێرێکە کە نمادی خێوی ئاگر لە پلەی چوارەمی میترایی‌یە. نیشانەی خاچ لەسەر کەفەڵی شێرەکە، داغ و نیشانەی تایبەتیی ئەو پلەیەیە. ژن یا مرۆڤێک کە رەگەزی بە تەواوی روون نییە، سواری شێرەکە بووە. ئەمە دەتوانێ خوێندنەوەیەکی دیکە لە ئیندرا بێ. پاشماوەی ئەو دەورانە کە میترا و دوو خودا هاوڕێکەی لە ئاسمان ژن بوون یان لانیکەم یەکیان ژن بوو. هەروەها هەڵگری پێوەندیی نێوان ئیندرا و خودای ئاگرە کە هەردوویان لە ئاگرن و لە زۆربەی بەیت و 

ئۆستوورە میترایی‌یەکاندا پێوەندیی نێوان ئەو دوانە پێوەندییەکی چڕ و پڕە. ئیندرا لە وێنەکاندا بە گشتی چرایەک و قامچیەکی بە دەستەوە کە لەسەر جامەکەش ئەوە نیشان دراوە. لە وێنەی سەر ئاجۆرەکانی قەڵایچیی بۆکانیشدا ئیندرا بە هەمان قامچی و مەشخەڵەوە، نەخشێندراوە.

ئەو پیاوەی پیاڵەکەی لە بەرامبەر چوارپایە بەتاڵەکەدا راگرتووە، خودای خاکە. خودای خاک لە پلەی سێهەمی میتراییدایە و خودای سەربازان و شەڕڤانانە. سێ خەنجەری بەردەم ئەو پیاوە ئایینییە هەڵگری ئەو ئاماژەیە و ئاماژە بەو ژمارە و پلەیەیە. رووی بەرەو خواری خەنجەرەکان هەڵگری هەمان ئاماژەی خاک و خاکیبوونی ئەم پلەیەیە. لە ئۆستوورەکاندا زیاتر بە ئەسپ وەک گیانداری تایبەت بەو پلەیە یا ئاسن وەک کانزای تایبەت دەوری هەیە و دەناسرێتەوە. لە ئاسمان هەسارەی مارس یان مێریخ هی ئەوە و لە ریزە چیاکانی میترادا، مەرغەوڵە.

 کورسیی بەتاڵ و پیاڵە کە رەنگە هەڵگری شەرابی هۆم و بە گومانی زیاتر هەنگوین بێ، خەڵاتی ئەو پاڵەوانەیە کە شەڕی هەژدیها دەکا. پاڵەوان دوای سەرکەوتنی، دەستەکانی بە هەنگوین دەشۆن، لە سەر ئەو کورسی یا مێزە کە مێزی فەرمانڕەواییە دادەنیشێ و حوکمڕانی دەکا و بەم جۆرە دەچێتە پلەی چوارەمی میترایی کە خێوی ئاگرە. ئاگر خودای دەسەڵاتداران، فەرماندە و پاڵەوانانە. شێر کە گیانداری تایبەت بە پلەی ئاگرە و لە پشتەوە بەرەو ئەو پەردەیەی جامەکە دێ، هەڵگری ئەو ئاماژەیەشە.


دوو پیاو کە لە خوارەوە دێوێکیان دەستبەسەر کردوە، بە جلوبەرگیاندا دەردەکەوێ کە 
پیاوی ئایینین. کراسی پیاوە ئایینیەکان درێژە و تا گوێزینگیانی داپۆشیوە بە پێچەوانەی پاڵەوانەکان کە داوێنێکی گوڵینگداریان دەبەر دایە. دێو، رەنگە ئاڵ و شەوەی زەیستانبەر بێ کە پیاوە ئایینیەکان ناهێڵن زەفەر بە ژنە زەیستانەکە بەرێ. ژنی زەیستان یا دایک منداڵەکەی رادەستی پیاوێک دەکا. ئەو پیاوەش بە گومانی زۆر پیاوێکی ئایینی و سەر بە مەرەگەی میترایی‌یە. تەشوێ یا چەکوچەکەی دەستی وەبیرهێنەرەوەی ئەو باوەڕەی خەڵکی ناوچەکەیە کە پێیان وایە دەرزی یان هەر شتێکی لە ئاسن دەتوانێ مەلۆتکە لە بەڵای ئاڵ و شەوە بپارێزێ. هەروەها ئاماژە بە راهێنان و ئامادەکردنی منداڵان و تازەلاوان بۆ خزمەتی دین و دنیایە. منداڵەکە بۆ شەڕی ئەو شێرە پەروەردە و ئامادە دەکرێ کە لە پشت پیاوی ئایینی وەرکەوتووە و وەک نمادی بورجی ئەسەد یا چلەی بچووکی هاوین بەشی خۆی بەری ئاو و بارانی گرتووە. دوای هەژدیها کە لە چلەی گەورە و بورجی قرژاڵ دا نمادی وشکەساڵی‌یە، شێر وەک نمادی بورجی ئەسەد یا چلەی بچووک، زیاتر و توندتر بەری ئاو و بەرەکەت لە ئاوەدانی دەگرێ. لە بەیتی لاس و خەزاڵدا باوکی لاس ئەو شێرە دەکوژێ و بەم جۆرە ئاوەدانی لە تینوایەتی و قڕبوون ڕزگار دەکا و بەوەش دەبێ بە پاڵەوانی گەلی خۆی.


لە دوای شێر، کچ یان ژنێکە کە لە سەر پشتی دوو بەران راوەستاوە. جلی بەری واڵا کردووە و لەش و لاری خۆی بە تەواوی دەرخستووە. پاڵەوانێک وەک پاسەوان بە تیروکەوانەوە لە پەنای ڕاوەستاوە. ئەو ژنە گەلاوێژ، خودای سێکس و جووتبوون و کەڵ هاویشتنە. خۆڕووتکردنەوە و نیشاندانی لەش، لەشێکی رێک، بەرانێک یا دوان کە ئەویان لە سەر پشت داناوە یان ئەو لە سەر پشتیان راوەستاوە، حیکایەتی ئەنگوتنی ئەستێرەی گەلاوێژ و درەوشانەوەی جوانییەکەی و هاندەریی ئەستێرە و ئۆستوورەی گەلاوێژ بۆ جووتبوون و کەڵهاویشتنە کە ناوەکەشی هەر لە "کەڵ هاوێژ" وەرگرتووە. تەنانەت هەڵکەوتنی لە پەنا دڵۆپەکانی ئاو هەڵگری ئاماژە بە ژیانەوە و زۆربوونی ئاو دوای هەڵاتن و ئەنگوتنی ئەستێرەی گەلاوێژە. بەران هێمای سێکس و بەرخستنەوەیە. نیشاندانی دوو بەران، ئاماژە بە شەڕ و ململانێی نێوان نێرەکان لە دوای ئەنگوتنی گەلاوێژ، بۆ جووتبوون لەگەڵ مێیە. ئەو شێرە کە لە لای چەپی ئەو دوانە وەرکەوتووە، ئاماژە بە چلەی بچووکی هاوینە کە گەلاوێژی تێدا هەڵدێ.  گەلاوێژ، لە ئۆستوورەی لاس و خەزاڵدا، خەزاڵە شۆڕی مەلانەبییانە و پاڵەوانێک کە وەک پاسەوان لە پەنای راوەستاوە، لاسە شۆڕی باڵەکییانە. لاس تەنی پلەی چوارەمی میترایی واتە شێرە کە خودای پاڵەوانانە. تەنانەت تیر و کەوانەکەی بیرخەرەوەی ئەو تیرەیە کە سێڵی مەفرەقی دە لباد وەرپێچراوی پێ کون دەکرد. جۆری ڕاگرتنی تیروکەوانەکەی دەربڕی دەسەڵات و پاڵەوانەتییەکەیەتی. لە سەر یەک ئەم بەشەی جامەکە مۆتیڤی بەیتی لاس و خەزاڵە


لە ژێر دەفرەکە چوارگۆشەیەکی شەترەنجی کێشراوەتەوە. لە هەر لایەکی ئەو چوارگۆشەیە بەرانێک بەرەو راست هەنگاو دەنێ. ژمارەی چوار ئاماژە بە چوار وەرزی ساڵە و بەران، ئاماژە بە بورجی بەران و مانگی فەروەدین، یەکەم مانگی بەهارە کە مانگی خێر و بەرەکەتە. بەروان هەروەها ئاژەڵی پیرۆز و تایبەتیی ڤاروونای خودای ڕەوانی پاک و خودای کشتوکاڵە. هەنگاویان بەرەو ڕاست، گەڕان بەرەو ژیانە. هەروەک لە هەڵپەڕین و چەمەریدا گەڕان بەرەو چەپ ئاماژە بە مەرگە. ئەو قوربانیانەش کە لەسەر
جامەکە بە پێشوازی خودایانەوە هێندراون، بە پێچەوانەی ڕەوتی هاتنی خوداکان، لە راستەوە بەرەو چەپ دەبرێن. خانە شەترەنجیەکان لە پەنا یەکتر، هەمان ئاماژەیە کە لە بورجی بەڵەک یا لە رەنگی جامانەدا هەیە. نیشانەی لە پەنا یەک حەوانەوەی دژەکان و ئارام گرتنی خودای شەڕ (رەش) لە پەنا خودای خێر (سپی)ە. ئەمە دەتوانێ شوێنەواری ئایینی زەروانی و باوەڕی هاوماک بوون و جمکایەتیی دوو ماکی خێر و شەڕ بێ کە کەم و زۆر شوێنی لە سەر میترائیسمیش داناوە. لە میترائیسمدا ڕەنگی سپی هی میترایە و ڕەنگی ڕەش هی ئیندرا.
----------------
١ و ٢: آیین مهر، هاشم رضی بەرگی یەکەم
* ئەم بابەتە، دوا بابەتی لێکۆڵینەوەیەکی درێژە لە ژێر ناوی "میترائیسم لە سەر چیاکانی موکریان و لە فەرهەنگ و فۆلکلۆری ناوچەکەدا" کە هێشتا بڵاو نەکراوەتەوە

کرێکار و کارناسان لە کاتی کنە و پشکنینی حەسەنلوودا
ئەویندارانی حەسەنلوو
ریچارد دایسۆن دوای دۆزینەوەی جامەکە
قەڵای حەسەنلوو یان سندووس



بابەتی نوێ:

حیزب وەک سەنتەر، ستراتژیی حیزب وەک سەنتێز

سەردەمی ئێستا، سەردەمی بەئاگاهاتنەوەی هەرچی زیاتری نەتەوە بندەستەکانە. سەردەمی ‏هەوڵدانی بە کۆمەڵی کۆمەڵگا ژێردەستەکان بۆ سڕینەوەی سێبەری دا...