۱/۱۵/۱۳۹۷

نەتەوەیەکی دادخواز و رێبەرانی دادگەر


کە لاپەڕەکانی تەمەنی کەم بەڵام بە نرخ و بە بایخی کۆماری کوردستان هەڵدەدەینەوە، سەرەڕای هەوڵ و تێکۆشانی لاوانی دڵسۆز و رووناکبیر، مرۆڤ بە تەواوی هەست بەو راستییە دەکا کە ئەگەر پێشەوا قازی محەممەد تێکەڵ بەو بزووتنە سیاسییە نەبوایە و رێبەریی بزووتنەوەکەی بە دەستەوە نەگرتبا، ئاستەم بوو کۆماری کوردستان لە مێژوودا ئاوا تۆمار بکرێ و لە تاریکەسەلاتی مێژووی کورددا وەک گەوهەری شەوچرا، تاهەتایە بدرەوشێتەوە. پێشەوا پێش ئەوەش کە تەڤلی رێکخراوێکی سیاسی بێ، رێبەرێکی کۆمەڵایەتی - سیاسی و جێی متمانەی خەڵک بوو. ژێکافیەکان پێشوەخت مەزنی، خۆشەویستی، نەتەوەپەروەری و نیشتماندۆستیی ئەو پیاوەیان ناسیبوو. دەرکیان بەوە کردبوو کە لەو هەلومەرجەدا پێویستە جڵەوی خەباتەکە رادەستی ئەو رێبەرە نەتەوەییە بکرێ. بڕیاریان دا چۆنی بۆیان دەکرێ هەوڵ بدەن قازی بۆ ناو ریزەکانی رێکخراوەکەیان رابکێشن. 


ئەو قورسایی و متمانەیەی کە پێشەوا قازی محەممەد لە ناو خەڵکی کوردستاندا هەیبوو لە لایەک دەرەنجامی میراتێک بوو کە لە باپیرانیەوە بۆی مابۆوە و لە لایەکی دیکە بەرهەمی کەسایەتیی ئەو وەک خۆی و ئەو متمانە و خۆشەویسییە بوو کە لە پلەی دادوەری و دادئەستێنیی خەڵکەکەیدا، دەستەبەری کردبوو. بەڵام گەیشتنی قازی و دادوەرێک بە پلەی رێبەریی خەڵک، لە ناو ئەو خەڵکەدا کە قازییان بە پێشەوای خۆیان هەڵبژارد، ڕەگی لە فەرهەنگ و لە رابردووی زۆر کۆنی ناوچەکەدایە و میراتێک بوو کە لە قووڵایی مێژووڕا بە وەچەی ئەو سەردەم گەیشتبوو. 


لە ئۆستوورەی میترادا، کە میترائیسم بۆ سەردەمێکی درێژ ئایینی کۆنی دانیشتوانی بەشی هەرە زۆری کوردستان بوو، میترا دوای ئەوەی جیهانی رێکخست و ژیان لە سەر هەردی خوڵقاند، کاروباری بەڕێوەبردنی ئەم جیهانەی بە سەر چەند فریشتە یان مەلایکەتدا دابەش کرد و بۆخۆی وەک هێما و نموونەی بەرزی داد و عەداڵەت، سەرانسوێی کاروباری ئەوانی دەکرد. تا ئەوان عادڵانە بە سەر خەڵکدا حوکم بکەن. لە ئۆستوورەکانی کورددا ئەگەر مەلایکەت یا خێوێک پەردەی داد و عەداڵەت بدڕێ، ئەوە لە گەڵ سزای میترای خودای عەداڵەت بەرەوڕوو دەبێتەوە. روون نییە کە کۆمەڵی کوردەکان لە کەنگێوە ئەوەندەیان هەست بە زوڵم و زۆر کرد کە میترایان وەک خودای داد و عەداڵەت هەڵبژارد بەڵام هەڵبژاردن و خۆشەویستیی زۆری ئەو نیشانەی ستەمی زۆر لە سەر خەڵک و، پێویستی و ئۆگریی زۆری خەڵک بە دادگەر و دادئەستێنە. 

میترا کەسایەتییەکی ئاسمانی و خوڵقاوی زەینی دادخوازانەی مرۆڤی کورد بوو. بەڵام لە رەوتی مێژوو، بە کردەوە، لە سەر هەرد و لەو هەرێمە، تووشی هەڵبژاردنی یەکەم رێبەر بە هەمان پێوانەی دادگەر و دادئەستێن دەبین. ئەویش دیاکۆ، بناخەدانەری دەوڵەتی میدیایە. هێرۆدۆت لەو بارەوە دەگێڕێتەوە: "لە نێو میدییەکاندا مرۆڤێکی وشیار و زیرەک بە ناوی دیاکۆ، کوڕی فەرائورت هاتە مەیدان. ناوبراو ئەو کاتە قازی بوو.. دیاکۆ سەرەتا لە شارۆچکەکەی خۆی و دواتر لە سەرانسەری وڵاتدا بوو بە خاوەن ناو و ناوبانگ و رێز و حورمەت... تێکۆشانی ئەو راست لەو سەردەمەدا بوو کە لە وڵاتی میدیادا بێسەرەوبەرەیی حاکم بوو.. دیاکۆ دەیزانی کە ناهەقی، دوژمنی سەرەکیی حەق و راستییە.. میدییەکان کاتێک چاویان بە ئەخلاق و رەفتاری باشی ئەو کەوت، وەک قازیی خۆیان هەڵیانبژارد."  بە وتەی هێرۆدۆت، دیاکۆ لە پلەی دادوەریدا ئەوەندە عادڵانە بڕیاری دەدا کە وای لێ هات خەڵک لە سەرانسەری وڵاتەوە کێشە و ناکۆکییەکانی خۆیان بۆ لای ئەو دەبرد "چونکە دەیانزانی هەردوو لایەن دادگایی بەرهەق دەکرێن."  ئەم متمانە زۆرەی خەڵک سەرەنجام دیاکۆی بە پلەی هەرە بەرزی دەسەڵات گەیاند و لە لایەن گەورە و مەزنانی میدیاوە بە پاشای وڵات و بناخەدانەری پاشایانی ماد هەڵبژێردرا. 

مێژووی نەنووسراو یان سڕاوە زۆر شتی لێ ون کرووین بەڵام ئەم رۆحی دادگەری و داخوازییە، بێ ئەوەی ئاگای لە مێژوو هەبێ، لە هەناوی مرۆڤی کورددا، بەردەوام بووە. کەریم خانی زەند کە هیچی لە پاشایانی دیکە کەم نەبوو، بە قەولی مامۆستا هەژار  هەر چونکە کورد بوو، ئامادە نەبوو ناوی پاشا لە سەر خۆی دابنێ و خۆی وەک وەکیل الرعایا یان پارێزەری هەژاران دەناساند.

دادخوازیی نەتەوەیی و دادگەریی قازیەک، هەزاران ساڵ دوای هەڵبژێرانی دیاکۆی دادوەر بە یەکەم پاشای میدیا و سەدان ساڵ دوای خۆ ناساندن بە پارێزەری مافی هەژاران لە لایەن کەریمخانی زەند، لە نێوەڕاستەکانی سەدەی بیستەمدا جارێکی دیکە یەکیان گرتەوە. قازیی خۆشەویست و جێی متمانەی خەڵک، بوو بە پێشەوای حیزبی دێموکراتی کوردستان، حیزب کۆماری کوردستانی دامەزراند و پێشەوا لە ناو پێشوازیی گەرم و گوڕی خەڵکدا لە چوارچرای مەهاباد، بە یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان هەڵبژێردرا. بەڵام ئەوە تەنیا قەزاوەت و دادوەری نەبوو کە پێشەوا نەک هەر ئەو سەردەم بەڵکو هەتا ئێستاش لە زەینی مرۆڤی کورددا بە رێبەرێکی عادڵ و دادگەر ماوەتەوە. لە راستیدا پێوەندیی نێوان پێشەوا لە حاند دادگا بە سێ قۆناخ یان سێ بوار دابەش دەکرێ کە لە هەر سێیاندا کارنامەی سەربەرزانەی تۆمار کردوە:
یەکەم؛ پێشەوا وەک قازی و دادوەر کە توانایی و عەداڵەتگریی ئەو لە دادئەستێنی و یەکلایی کردنەوەی کێشەکاندا خۆشەویستی و متمانەی زۆری خەڵک بۆ ئەوی لێ کەوتەوە. هەمان خۆشەویستی و متمانە کە بە میترا هەبوو یان دیاکۆ لەو کارەدا و لەو بوارەدا بۆخۆی دەستەبەر کرد. هەر ئەوە کە تا ئێستاش نەبیستراوە تۆمەتبار یان حەقخوراوێک لە ئەنجامی دادگایی و دادوەریی قازی محەممەد دڵمەند و بە گلەیی بووبێ، گەورەترین نیشانەی دادگەری و توانایی ئەو مرۆڤە لە یەکلایی کردنەوە و چارەسەری کێشەکانی خەڵک بووە.
دووهەم؛ پێشەوا قازی محەممەد وەک سکاڵاکەر یان سکاڵا لێکراو. ئەویش لە کاتێکدا کە سەرۆک کۆماری کوردستان بوو. میرزا عەوڵای قازی دەگێڕێتەوە؛ "ئەو کات کە سەرۆک کۆمار بوو، ئەو هەمووە دەستی دەڕۆیی، باغێکی ترێی لە نیزیک باغی ساوا هەبوو کە باغەوانەکەی زوڵمی لێ دەکرد و کرێی نەدەدایە. پێشەوا لە دادگوستەریی کۆمار لە لای قازی کەریم شکایەتی لە کابرای باغەوان کرد کە باغەکەی لێ خواردوە و هیچی ناداتێ. کابراش دەیگوت خەرجم زۆر لێ کردوە و دەرینەهێناوەتەوە. لە ئاخریدا بە موساڵحە گوزەرا و کابرا شتێکی دا بە پێشەوا."  بە پێی گێڕانەوەی خاتوو رابیعە ناهید، باخەوان شکایەت لە پێشەوا دەکا و بەوە تۆمەتباری دەکا کە ویستوویەتی لێی بدا . وێدەچێ هەردوو گێڕانەوە راست بن. هەم پێشەوا شکایەتی لە کابرای باغەوان کردوە و هەم کابرای باغەوان بۆ دیفاع لە خۆی ئیدیعای کردوە کە پێشەوا خەریک بووە لێی بدا. هەردوو گێڕانەوە ئەوە دەردەخەن کە پێشەوا لە گەڵ باخەوانەکەی کێشەی هەبووە و کێشەکەیان بردوەتە بەردەم دادگا. ئەمەش نیشان دەدا کە لە سایەی دەسەڵاتی قازی محەممەد، سەرۆک کۆماری کوردستاندا، باخەوانێک - بە حەق یا ناحەق - دەخۆی ڕادیوە کە ئیجار بە سەرۆک کۆمار نەدا، سەرۆک بۆ ئەستاندنی مافی خۆی لە جیاتی بە کار هێنانی زۆر، پەنای بۆ دادگا و یاسا بردووە و لەوێش باخەوان توانیویەتی بەرگری لە خۆی بکا و تەنانەت تۆمەتی ئەوەش لە سەرکۆماری کوردستان بدا کە دەستی لێ هەڵێناوەتەوەو ویستوویەتی لێی بدا.
سێهەم؛ پێشەوا وەک تۆمەتباری سیاسی لە بەردەم بێدادگای دەسەڵاتی حەمەرەزاشادا. بێدادگایەک کە بە پێچەوانەی خواست و مەبەستی دەسەڵات، لە سای زانایی و ئازایی پێشەوای مەزندا، بوو بە شوێنی بەرگری لە مافە نەتەوەیی و مرۆییەکانی کورد و بە مەیدانی دادگایی کردنی دەسەڵاتی داگیرکەر. بە رادەیەک کە سەرەڕای دۆخی کپ و بێدەنگی سەردەم، هەواڵنێرانی سەر بە دەسەڵات نەیانتوانی ئەو راستییە بشارنەوە. سەروان كیومەرسی ساڵح کە وەک هەواڵنێری ئەرتەش شاهیدی رەوتی دادگا بوو، لە بابەت بەرگری و بەرەنگاربوونەوەی سەرۆک کۆماری کوردستان ئاوای نووسی‌: "من لە زۆربەی‌ دادگاكانی‌ مەیدانی ‌‌و سەربازی‌ وەك هەواڵنێر بەشداریم كردووە، بەڵام هەرگیز هیچ كەسێكم بە رادەی‌ قازی‌ محەمەد بە جەرگ‌و بوێر نەدیوە. ئەو لە كاتی‌ دادگایی‌كردندا نەیدەزانی‌ ترس چییە. زۆر بە بێباكی‌ قسەی‌ دەكرد ‌و وەڵامی‌ پرسیارەكانی‌ دەدایەوە." سەروان شەریفی یەکی دیکە لە ئامادەبوانی دادگا دانی پێدانا کە "لە راستیدا ئەوە پێشەوا بوو دادگای محاکەمە دەکرد". نەجەفقولیی‌ پەسیان  وتەكانی‌ پێشەوا لە دادگای لەو چەند رستەیەدا کورت کردەوە و نووسێ‌: لە كاتی‌ موحاكەمەدا قازی‌ محەمەد پەلاماری‌ دەبردە سەر سیاسەت‌و ئاكاری‌ دەوڵەتی‌ تاران‌و دەیگوت؛ "من لە قوژبنی‌ گرتووخانە دەنگی‌ خۆم بەرز دەكەمەوە لە دژی‌ دەوڵەتی‌ تاران‌و سەرۆكەكانی‌‌و دەڵێم تاوانبار ئێوەن نەك ئێمە. ئێوە وڵاتتان لێ‌ داگیر كردووین.."
پێشەوا کە پیاوی یاسا و دادگا بوو، تا دوا هەناسەکانی ژیان لە بەرگری مافە نەتەوەییەکانی نەکەوت. رەنگە گرینگترین پەیامی ئەو لە پای سێدارەوە بە گوێی نەتەوەکەی و دوژمنانی نەتەوەکەی گەیی کە وتی: "ئێوە قازی‌ محەمەدێك دەكوژن، بەڵام بزانن لە هەر تنوكە خوێنێكی‌ من قازی‌ محەمەدێك شین دەبێتەوە. داوا لە گەلی‌ كورد دەكەم خەباتی‌ خۆی‌ لەپێناو رزگاریی‌ كوردستاندا پەك نەخا، باوەڕ بە دەوڵەتی‌ خۆفرۆشی‌ تاران مەكەن. بژی‌ كورد‌و كوردستان"

——
ژێدەر:
١- میترائیسم لە سەر چیاکانی موکریان و لە فەرهەنگ و فۆلکلۆری ناوچەکەدا - لێکۆڵینەوەیەکی بڵاونەکراوەی نووسەرە 
٢- هێرۆدۆت؛ مێژووی شەڕی پارسەکان – عەلی فەتحی لە یونانیەوە کردوویە بە کوردی
٣- چێشتی مجێور - هەژار موکریانی
 ٤- وڵاتی من – بیرەوەریەکانی حاجی عەوڵای قازی
 ٥- وتووێژ لە گەڵ رابیعە ناهید – حەسەن قازی – ماڵپەڕی روانگە
 ٦- نجفقلی پسیان؛ از مهاباد خونین تا کرانەهای ارس
 ٧- شەریف فەلاح؛ ژیان و خەباتی پێشەوا قازی‌ محەمەد سەرۆك كۆماری كوردستان

ئەم بابەتە لە ژمارە ٧٢٣ی کوردستان، ئۆرگانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا بڵاو کراوەتەوە

بابەتی نوێ:

سوججەی سوور

لە کوردستان جۆرێک ماری ڕەنگ سووری کاڵ یان ئاڵ هەیە کە ماری سجە، سوجە یان سوججەی سوور و هەروەها "شیلە" ماریشی پێ دەگوترێ. مارەکە بێ...