۲/۰۱/۱۳۹۷

ئەوین و شەڕ


ناچار بووم تەقە لە سەربازەکە بکەم.. کە کەوتە سەر هەرد هەر هاواری ژنەکەی دەکرد؛ ماریا.. ماریا.. و لە پێش چاوی من مرد. ملوانکەیەکی لە ملدا بوو کە وێنەی زەماوەندی خۆی و کیژێکی منداڵکاری پێوە بوو. گومانم کرد ماریا بێ. رقم لە خۆم بۆوە. ئەمن هەوڵ دەدەم هەمیشە سیلە لە قاچی بەرامبەرەکەم بگرم. هەوڵ دەدەم نەیانکوژم. تەنیا بریندار بن بۆ ئەوەی وەدوامان نەکەون. ئەو جارەش هەر وام کرد. بەڵام کاتێ سیلەم لە قاچی گرتبوو، لە پڕ داهاتەوە و فیشەک بەر سینگی کەوت. ئێستا ماریا بچکۆڵەکەی دەبێ تا کەی چاوەڕوانی ئەو بێ؟! دەبێ چەند شاڵگەردن و کراسی گەرم بچنێ تا رۆژێک پیاوەکەی لە شەڕ بگەڕێتەوە؟ ماریا تەنانەت نازانێ کە پیاوەکەی لە ژێر باران و بۆ ئاخر جار هەر ناوی ئەوی لە سەر زار بوو. شەڕ دزێوترین بیرۆکەی مرۆڤە.. لە منداڵیەوە بیرم لەوە دەکردەوە؛ باشە بۆ مەگەر مرۆڤەکان ناچارن لە گەڵ یەک بەشەڕ بێن و ئێستا دەزانم بەڵێ! هێندێک جار ناچارن.. چونکە ئەوانەی بڕیاری شەڕ دەدەن لە ژێر باران نین. لە نێو قوڕ و چڵپاودا نین و بە یادی چاوانی سەوزی ماریا نامرن. ئەوان لە ماڵە گەرم و گوڕەکانیاندا دانیشتوون. سیگار دەکێشن و فەرمان دەدەن.. خۆزگە چەکەکەم روو بەو سەرۆکانە گرتبا کە لە ماڵە گەرمەکانیاندا دانیشتوون، مناڵەکانیان لە ناو ئەستێردا مەلە دەکەن و بۆخۆیان بە قەڵەمێکی گرانبایی، بڕیاری مەرگی هەزاران هاوسەری ماریاکان واژۆ دەکەن. تەنانەت ئاسانتر لە نووسینی سڵاوێک..

بابەتی نوێ:

سوججەی سوور

لە کوردستان جۆرێک ماری ڕەنگ سووری کاڵ یان ئاڵ هەیە کە ماری سجە، سوجە یان سوججەی سوور و هەروەها "شیلە" ماریشی پێ دەگوترێ. مارەکە بێ...