هیچکات دوانیوەڕۆی ئەو ڕۆژە پاییزییەم لەبیر ناچێ کە چەکی پێشمەرگایەتیی کردە شان و ڕێگای بەرەو سەرێی گرتە بەر. هەمووی سێ - چوار پێشمەرگە بوون و ئەویشیان ڕەگەڵ کەوت. فەرماندەکەیان عەلی باڵدار بوو. عەزیز هەر لە یەکەم هەنگاودا پێشمەرگەیەکی جوان و بە شان و شکۆ دەرکەوت. سەرەڕای داوای بنەماڵەکەی بەڵام ئەو هەر پێداگر بوو بڕوا. دوا جاریش قسەی خۆی بردە سەر و بەرەو چارەنووسێکی نادیار ڕەگەڵ کەوت. نازانم چەند ساڵی پێشمەرگایەتی کرد کە ڕۆژێک خەبەر بە دێدا گەڕا عەزیز گەڕاوەتەوە. خەڵک نیگەران بوون؛ نەکا بگیرێ، نەک خودای نەخواستە ببێ بە جاش و جاسووس و پیاوی دەوڵەت. من زۆر زوو ئەوم لە دەرکی حەوزێ دیتەوە. ئارامتر و مەندتر لە پێشوو بوو. خەم یان ترسێک بە نێوچاوانییەوە دیار بوو. دواتر زاندرا کە ترسەکەی لەوەیە نەکا ئاشکرا بێ. ئاخر ئەو خۆی تەسلیم نەکردبۆوە بەڵکو دوای ئەو ماوەیەی پێشمەرگایەتی، وەک ئەرکی خۆی بەجێ گەیاندبێ و شاباشی کوردایەتیی خۆی دابێ، بە بێدەنگ هاتەوە و شانی وەبەر کار و کاسبی دا. دوای هاتنەوەش هەروا جێی ڕێز و خۆشەویستی خەڵک بوو. زەماوەندی کرد و وەچەی خستەوە و دەیان ساڵ لەو کاتە تێپەڕی بەڵام هیچکەس دەنگی لێوە نەهات و عەزیزی لەو نەدا.
ئەو مرۆڤێکی لەسەرەخۆ، خەڵک خۆشەویست و بە خەمی خەڵکەوە بوو. هاوکات هەمیشە نموونەی مرۆڤێکی کوردپەروەر و پڕ لە ئیخلاقی پێشمەرگانە مایەوە. تا سەرەنجام لە کۆتا ڕۆژی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاویدا دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و ماڵاوایی یەکجاریی لە ئازیزانی کرد.
ڕۆحی شاد بێ