۱/۳۱/۱۳۹۶

شەڕی نێوان مرۆڤ و کەڵ

(خوێندنەوەیەکی دیکە بۆ بەیتەکانی سەیدەوان و خەج و سیامەند)
بەیت لە ئەدەبیاتی کوردیدا دەکرێ بە شێوەی جیاواز و بۆ مەبەستی جیاواز مامەڵەی لەگەڵ بکرێ. وەک دەقێکی ئەدەبی، وەک هەوایەکی کۆن یان وەک خوڵقاوێکی مێژوو. بەم روانگەیەی دوایی دەکرێ کەلک لە بارە مێژووییەکەشی وەرگیرێ بەڵام بەیت بە تەنیا مێژوو نییە. تەنانەت ئەو بەیتانەش کە مێژوویان روون و دیارە. هۆکارەکەش ئەگەر لە لایەک بۆ نەخوێندەواریی بەیتبێژ و ئامانجی لە دانانی بەیتەکە کە تۆمارکردنی مێژوو نەبووە، لە لایەکی دیکە بە دەگمەن بەیتێک وەک خۆی سینگ بە سینگ گواستراوەتەوەو بە دەست ئێمە گەیشتوە. بەیتەکان نەک هەر لە بواری زمان و وشە بەڵکو لە ناوەرۆک و تەنانەت ئەو مەبەست و ئامانجەش کە بەیتەکەی بۆ گوتراوە، زۆر جار گۆڕانیان بە سەردا هاتوە. گۆڕانی ئایین، کەلتور، سڕانەوە یان کاڵبوونەوەی ئەو نرخ و بەهایانەی کە لە سەردەمی خۆی دا بەیتەکەیان بۆ داڕێژراوە، بەشێک لە هۆکارەکانی گۆڕانی ناوەرۆکی بەیتەکانن. هەر بۆیەش ئێمە زۆر جار بۆ لێکدانەوەی هۆکاری خوڵقانی بەیتێک، تووشی ئاڵۆزی و دەستەوەستانی دەبین. سەیدەوان و خەج و سیامەند دوو بەیتی لەمێژینەن کە ئەگەرچی توانیان لە گەرداوی گۆڕانی ئایین و کەلتور بە درێژایی مێژووی خوڵقانیان دەرباز بن، بەڵام ئەو باوەڕ و بەهایەی کە بەیتەکانی لە سەر داڕێژراوە، نەک هەر بۆ وەچەی ئەم سەردەمە بەڵکو سەدان ساڵە کە ئیدی نرخ و بەهای کۆمەڵگای کوردستان نییە.

 سەبارەت بە هەردوو بەیت و هەر دوو چیرۆک، هەتا ئێستا زۆر نووسراوە و زۆر گوتراوە بەڵام رەنگە هێشتا گرێ و گۆڵی وەهایان تێدا مابێ کە لێمان بخوازێ زیاتریان قسە لێ بکەین و بیانکەینەوە. بۆ وێنە ئەمن هەتا ئێستا زۆر جار بیرم لە وڵامی ئەو پرسیارە کردوەتەوە کە ئاخۆ تاوانی عەبدولعەزیزە کۆرەی داسنی چی بوو کە ئاوا کەوتە بەر غەزەبی خودا و یەک بە یەک جگەر گۆشەکانی لێ ئەستاند؟ نەک هەر لێی ئەستاند تەنانەت وای کرد کە سەیدەوان و بە وتەیەک سەیدەوان و مەلکەوان بە دەستی خۆی بکووژێ. بەیتبێژ بە ئێمە دەڵێ کە عەبدولعەزیز تووشی غەڕڕەیی هاتبوو و لەخۆی بایی ببوو. دەڵێ دەیویست لە رۆژێکدا سێ بووک بۆ سێ کوڕان بێنێ و خوا ئەوەی پێ خۆش نەبوو. بەڵام ئەمن نەمتوانی باوەڕ بکەم کە ئەو کارەی عەبدولعەزیز گوناه یان گوناهێکی هیندە گەورە بێ تا خوا ئاوا سزای بداو جەرگی خۆی بە دەستی خۆی پێ داخ بکا. ئەو عەزابە تەنانەت بۆ ئەو تێکستەی بەیتەکەش هەر عەزابێکی گەورە و لە ئینساف بەدەرە کە دەڵێ دوای ئەوەی نێچیرەوان پەردوگیر دەبێ و دەمرێ، عەبدولعەزیز شایی بە شین ناگۆڕێتەوەو بووک لە کوڕی نێونجی مارە دەکا.

هەمان سزای قورس و بە رواڵەت بێ هۆ لە بەیتی خەج و سیامەندیشدا دەبینین. سیامەند بە هەر کام لە دوو هۆی ئێرەییبردن بە کەڵی بچووک یان بۆ دابینکردنی خواردن، راوی کەڵەکێوی دەکا. بە تیر دەیئەنگێوێ بەڵام ناتوانێ سەری ببڕێ و بە لینگەفرتە یان بە شاخی کەڵەکێوی لە سەر چیای سیپانەوە فڕێ دەدرێ. ئەم سزایەش هێشتا  بەس نییە. لە کەوتنە خوارەوەدا دەکەوێتە سەر پەلی تیژ و، دارەبەن و لەشی بە برینان کونکون دەکا. بە جۆرێک کە "کۆترە باریکە دەتوانێ لەنێو برینی هەرە بچووکی لەشیدا هێلانە بکا". بیسەر دیسان پرسیار لە خۆی دەکا کە ئاخۆ تاوانی سیامەند چی بوو کە بەیبتبێژ ئاوا سزای دەکا؟ ئاخۆ ئەم سزا قورسە بارتەقای کام گەورە تاوان و گوناهی ئەوە؟

ئەم بابەتە بە دوای وڵامی ئەو پرسیارانەدا دەگەڕێ.

سەیدەوان و خەج و سیامەند ئەگەرچی لە ناوەرۆک، شێوەی داڕشتن و زۆر لایەنی دیکەش جیاوازن، بەڵام سزای قورسی قارەمانانی بەیت، تاکە خاڵی هاوبەشیان نییە. بوونی کۆمەڵێک خاڵی هاوبەش لە نێوانیان دا وای کرد کە لەم بابەتەدا بە یەکەوە کۆیان بکەمەوە. لە راستی دا ئەم هاوبەشیە بۆچوونەکانی منیان پتەو کرد و هانیان دام کە ئەم بابەتە بنووسم:

- هەردوو بەیت، رووداوی تراژدین.

- هەردوو بە هاوسەرگیری یان بە مەیلی پێک گەیشتنی کچ و کوڕ دەست پێ دەکەن.
- لە هەردوویان دا خەون و گوێ نەدان بە خەون، هۆکاری کۆست و کارەساتن.
- هەردوو تراژدی بەرهەمی راون
- قارەمانانی هەردوو بەیت دەیانهەوێ ڕاوی نێریێ کێوی بکەن و سەرکەوتوو نابن.
- لە هەردوو رووداو دا، دوای سەرنەکەوتنی ڕاو، ڕاوی نێریێ کێوی سەرکۆنە کراوە.


بەو پێیە دەبینین کە تاوانی هاوبەشی قارەمانانی هەر دوو بەیتی سەیدەوان و خەج و سیامەند، ڕاوی نێری یا کەڵە کێویە. هەڵبەت نێری و کەڵەکێوی هەر یەکن. یەک لە واتاکانی کەڵ، نێریێ کێوییە. "کەڵ" وەک "کوور"، ناوی دیکەی نێریێ کێویە. ناوێک کە هەتا ئێستاش بۆ وێنە لە ناوچەی کرماشان بۆ ئەو گیاندارە بە کار دێ. بەڵام بەشی زۆری بەیتبێژان لە گواستنەوەو گوتنەوەی بەیتی خەج و سیامەند دا تووشی هەڵە هاتوون و کەڵی نێری بزنە کێوییان لە گەڵ کەڵی جووتێ لێ تێکچووە.  تەنانەت "شیراز"ی نووسەری ئەرمەنیش کە بەیتەکەی لە کوردان فڕاندوە، تووشی هەمان هەڵە بووە. ئەم هەڵەو لێ تێکچوونەش بۆ ئەو چەند هۆیەی خوارەوە دەگەڕێتەوە:

١- لە بنەڕەتی بەیتەکەدا لە جیاتی نێریێ کێوی، کەڵ یان کەڵەکێوی هاتوە کە دواتر لە زمان و ئاخاوتنی رۆژانەدا وشەی کەڵ زیاتر بۆ نێرینەی گامێش بە کار هاتووەو جێی بە واتای نێری لێژ کردوە.

٢- بەیتبێژ ململانێی سیامەند لە گەڵ نێریێ کێوی و هەڵدێرانی بە شەقۆن یان لینگە فرتەی نێری بە کەم و  بە لاوازیی قارەمانی بەیتەکە زانیوە. لە حاڵێک دا شوێنی رووداوەکە شاخ و ڕەوەزە، بەیتبێژ سەرنجی بەوە نەداوە کە کەڵ و گامێش ناوچەی گەرم و کەناری رووبار و زۆنگاوەکان بۆ ژیان هەڵدەبژێرێ نەک سەر دوندی چیای سەخت و هەڵەمووتی سیپان.

٣- رۆڵی نێریێ کێوی و خراپیی ڕاو و کوشتنی، لە باوەڕ و دینی خەڵک دا و بەو پێیەش لە بەیتەکەدا کاڵ بووەتەوە و گرینگی نەماوە. لە دینی ئیسلام دا نێری و بزنەکێوی لە ریزی گیاندارانی حەڵاڵ گۆشت دایەو دوای هاتنی ئیسلام بۆ کوردستان ڕاوی نێری و بزنە کێوی حەرامەتی بە سەرەوە نەماوە. بەو جۆرە راوی کەل و بزن لە تابۆوە بۆ توانایی راوکەر گۆڕدراوە.

 لە راستی دا هەر دوو بەیت دژ بە راوی نێری و بزنە کێوی خوڵقاون لە حاڵێک دا بە درێژایی چەند سەدەی دوایی، ئەو سزا قورسە ئاسمانیانەی ناو هەر دوو بەیت لە سەر کوشتنی نێریێ کێوی، بۆ گوێگر و تەنانەت بەیتبێژ خۆیشی، بێ واتا و رەنگە گاڵتەئامێز بووبێ. هەر بۆیەش بەیتبێژ هەوڵی داوە هۆکاری سزاکان بۆ غەڕڕەیی و لە خۆ بایی بوونی قارەمانانی بەیت بگەڕێنێتەوە. قورسایی باری تراژدیی مەرگی قارەمانانیش، وای کردوە کە ئامانجی سەرەکیی بەیتەکان کە سەرکۆنەکردنی راو و کوشتنی نێریێ کێوییە، لە بەیتەکان دا کاڵ بێتەوە. بەیتبێژی دواتری بەیتی خەج و سیامەند، کەڵی نێری گامێشی لە زۆنگاوەکانی مێزۆپۆتامیاوە تا سەر دوندی چیای سەختی سیپان هەڵکێشاوە و لە جێگای کەڵی بە واتای نێری داناوە بێ ئەوەی گوێگر هەست بەو گۆڕانەو خەتای ئەو گۆڕینە بکا. تا ئاستێک کە هێندێک بەیتبێژ بە تەواوی ناوەرۆکی بابەتەکەیان پێچەوانە کردوەتەوە. بۆ وێنە لە خەج و سیامەند بە راوێژی مام ئەحمەدی لوتفی دا خەج، سیامەند لە هێزی کەڵ دەترسێنێ و هانی دەدا کە لە جێی کەڵ، بچێ ڕاوی نێریێ کێوی بکا؛

کوڕە نەچیە سەر رێگای کەڵە کێویی چقری یاغی بوو، بۆ کەس نایەتە بن بەند و داوە
پێم وا نییە تیر بیبڕێ ئەو ماڵە ساحەب بە قوڕێ گیراوە
شێتە، دێوانەیە، وەحشیە، جانەوەرێکە دایمە لە شاخ و کێو ماوە
نەتبیستووە کەڵی یاغیی کێوی، بێتە سەر رێگای سەت سوار
هەموو دەبنەوە پەرێشان و دەیکەنەوە بڵاوە
بۆچی نە بە کەس گیراوە نە بە کەس کوژراوە
کوڕە دەستی منت داوێن بێ، بچۆ ڕاوی نێرییە کێویان
بە دەمیان هەڵدەپسێنن وەنەوشەو
بە ئەستۆیان هەڵدەبڕنەوە گیابەند و خاوە

بەڵام سەرەڕای ئەو شێوانەی رۆڵی نێریێ کێوی لە بەیتەکەدا، باری پیرۆزیی ئەو ئاژەڵە و تەنانەت پێوەندیی نێوان ئەو و ئاو کە رەگی لە ئایین و باوەڕی کۆمەڵگای سەردەمی خوڵقانی بەیتەکە دایە، هەروا خۆی نیشان دەداتەوە؛

مبارەکن ئەوانە
زەمانی ئەسحابان، ئەوان لەوانە چوونەتە ڕاوە
ئێوارەو سبحەینان دێنەوە سەر گۆم و گۆمیلکەی دە بەفراوە

 ئەوە تەنیا مام ئەحمەد نییە کە ناوەرۆکی بەیتەکەی لێ شێواوە. لە راوێژی حەمەدی ئاغای دا کە رادیۆی کوردیی تاران کردویەتی بە بنەمای چیرۆکی شەو، نەهیێ لە ڕاوی کەڵە کێوی کراوە بەڵام ئەم نەهی لێکردنە پێچەوانە بووەو لە پیرۆزبوونەوە بۆ شووم و بەدفەری هەڵگەڕاوەتەوەو لە زمان خەجەوە دەڵێ؛

چەندم پێ گوتی ئامۆزا راوی کەڵەکێویان پەسەند نییە
هەر لە قەدیمەوە پێشینیان بە نەحس و بەدفەڕیان زانیوە

سەرەڕای ئەو شێوان و بەراوەژوبوونە، لە نیزیک بە تەواوی راوێژەکان دا، خەج ڕازی بەو ڕاو و شکارە نییەو هەوڵ دەدا سیامەند پاشگەز بکاتەوە. لە راوێژی عەلی کەردار دا، خەج بە سیامەند دەڵێ؛

ئەوە بە تۆم دەگوت سیامەند تفەنگی خۆت ماوێ
ئەمن گۆشت نێچیری کەڵەکێویم لە تۆ ناوێ
ئەتۆ بە قسەی منت نەدەکرد، تفەنگی خۆت داویشت و لە کەڵەکێویت دەدا
لە کەلەکەی چەپەی خوێن بە جۆش هەڵداوێ

 

 لە راوێژی حەسەن سیساوەیی دا کە بە پێچەوانەی راوێژەکانی موکریان، نێری جێگای کەڵ دەگرێتەوە، بەیتبێژ وەک شین بۆ خەج و سیامەندان، شینی نێریێ کێویش دەکا و دەڵێ:

نێری ماروێران دە شاخێ عاسێ لە بەر برینۆکی خۆ هەر دەنارێنی
نێری بە زمانۆکی خۆ خوێنی لە دامەنی خۆ لێسیتەوە
نێری چەن دژوارە! چەن هەژارە! چەن بریندارە! چەن غەریبە! چەن مەلوولە!


  بەڵام ئەگەر لە خەج و سیامەند دا باری خۆشەویستی و دڵداری و لاواندنەوەی گراوی بۆ کوڕە حەیران، باڵی بە سەر مەبەستی سەرەکیی بەیتەکەدا کێشاوە، لە بەیتی سەیدەوان دا ڕاوی نێریێ کێوی، ئەو کۆستەی ڕاوی نێری بە سەر قارەمانی بەیتەکەی دا دێنێ و دوا جار پەژیوانی لە ڕاوی نێری بە ڕوونی و بەردەوام لە پەیامی بەیتەکەدا بەر گوێ دەکەوێ. سەرنجراکێشە کە ناوی لانیکەم دوو لە سێ کوڕەکەی عەبدولعەزیزی داسنی پێوەندیان بە ڕاو و شکارەوە هەیە و واتای راوکەریان هەیە. وا دیارە باوک کوڕانی خۆی بۆ ڕاو و شکار ئامادە کردوە بەڵام دوا جار هەرسێکیان بە شێوەیەکی تراژیک دەمرن یان بە هەڵە، بە دەستی خۆی دەیانکوژێ. لە راستی دا راوکەران ڕاو دەکرێن. باوک نەک هەر جوقەواری کوڕە راوکەرەکانی دەبڕێ بەڵکو بۆخۆیشی تۆبە لە راو دەکا. ئەمە بە جۆرێک قۆناخی گواستنەوەی ژیانی مرۆڤ لە راوچییەتیەوە بەرەو ئاژەڵداری و دواتر جووتیاری و وەرزێری دەگەیەنێ. بەڵام بەیتی سەیدەوان پێش ئەوەی پێوەندی بە نەهی لە ڕاو و شکار بە گشتی هەبێ، دژ بە ڕاوی نێریێ کێوی داڕێژراوەو هەوڵ دراوە بە پێی باوەڕ و ئایینی باو، گوێگر لە ڕاوی ئەو ئاژەڵە بترسێنێ و بتارێنێ. لە راوێژی سەیدەوانی حەمەدی ئاغای دا کە ئەمن بە وێچووترین تێکستی ئەو بەیتەی دەزانم، عەبدولعەزیز شەوی پێش کارەساتەکە، خەونێکی ناخۆش دەبینێ و ئاوا خەونەکەی دەگێڕێتەوە:

ئەمن ئەوشۆم خەونێک دیوەو لە من وایە ئاخری بەهارێیە
دەگەڕام لە تیلەگی دە کوێستانان
قەت وەگیرم نەدەکەوت قولێک گیا بەشی باقەبێنێ (ڕاوێژی حەمەدی ئاغای)

ئەم خەونە راستەوخۆ پێوەندیی نێوان بەیتەکە و مەترسیی وشکەساڵیمان پێشان دەدا. هەروەها پێوەندیی نێوان نێریێ کێوی و تەڕەساڵی کە کوشتنەکەی دەرەنجامی پێچەوانەی لێ دەکەوێتەوە. ئەمەش رەگی لە باوەڕی کۆن و لەمێژینەی دانیشتوانی سەر زنجیرە کێوەکانی زاگرۆس دایە کە دواتر زیاتری هەڵوەستە لە سەر دەکەم.

 عەبدولعەزیز بەو خەونە وشیار دەکرێتەوە، بەڵام بە پێچەوانەی ئەو هەڵێنجانە لە بەیتەکە کە پێی وایە لە شایی گرتن و بووک گواستنەوە و بایی بوون نەهی کراوە، لە ڕاوی نێریێ کێوی و پێوەندیی نێوان کوشتنی ئەو ئاژەڵە و داهاتنی وشکەساڵی وشیار کراوەتەوە. ڕاوێک کە دەبێ گۆشتی میوانەکانی سێ داوەتی پێ دابین بکا. عەبدولعەزیز گوێ بەو خەونە نادا و شایی بۆ کوڕان ساز دەکا. بە ڕواڵەت تاوانی ئەم گوێ بە خەون نەدانە بە مەرگی کوڕی نێونجی دەداتەوە و بە رەوایەتێک نێچیرەوان پەردوگیر دەبێ و دەمرێ. وێچووترین تێکست لەم بارەوە ئەوەیە کە دەڵێ عەبدولعەزیز لە حاڵێک دا کە بەرەو ڕاوی کێوییان وەڕێکەوتبوو، هەواڵی مەرگی نێچیرەوانی پێ دەدرێ؛

ئەمن وەگەر دەستم دەداوە تفەنگێ
رووم دەکردەوە چیایێ مەغڵووبێ داسنیان
زەینێکە خۆم دەداوە بازی دە کێویان
بانگیان دەکردم دەیانگوت عەبدولعەزیز وەرە بگەڕێوە
کوڕی نێونجیت پەردوگیر بوو لە باڵ بووکێ نەهاتە دەرێ (ڕاوێژی حەمەدی ئاغای)

دەستی ئاسمانی، نێچیرەوان لە عەبدولعەزیز دەستێنێ تا لە ڕاوی نێریێ کێوی بیپرینگێنێتەوەو بیگەڕێنێتەوە  بەڵام ئەو تەسلیم نابێ. کۆست و خەمی مەرگی نێچیرەوان وەسەر خۆی ناهێنێ و داوا دەکا شایی و هەڵپەڕکێ بەردەوام بێ. بۆخۆیشی بەرەو چیا و ڕاوی نێریێ کێوی درێژە بە رێگای خۆی دەدا. لە یەکەم هەوڵی دا بۆ کوشتنی نێریێ کێوی، هەمان دەست کە نێچیرەوانی لێ ئەستاندبوو، بە هەڵەی دا دەبا. عەبدولعەزیز کاکۆڵی مەلکەوانی لە گەڵ ردێنی نێری لێ تێکدەچێ. تەقە لە نێچیر دەکا بەڵام ئەم نێچیرە، کوڕە بچووکەکەی خۆیەتی. کوڕ دەپێکرێ و بە دەستی باوک دەکوژرێ. بەو حاڵە دیسان تەسلیم نابێ و واز لە ڕاو ناهێنێ. جارێکی دیکەش تووشی هەمان هەڵەی ماڵوێرانکەر دەبێ. جارێکی دیکەش لە بری نێریێ کێوییەکی دیکە، کوڕێکی دیکەی خۆی دەکوژێ. بەم جۆرە سەیدەوانیش دەکوژرێ و باوک هەر سێ کوڕی خۆی لە پێناو ڕاو و شکاری نێریێ کێوی دا لە دەست دەدا بی ئەوەی بتوانێ نێچیرێک بپێکێ.

ئەگەر لە خەج و سیامەند دا نێری بۆخۆی بەرگری لە خۆی دەکا و تەنیا دارەبەن لە ئەستاندنەوەی تۆڵەی دا یارمەتیدەرێتی، لە سەیدەوان دا دەستێکی غەیبی و پارێزەرێکی ئاسمانی کەڵەکێوی دەپارێزێ. دەستێک کە بەردەوام هەوڵ دەدا قارەمانی بەیت لە ڕاوی نێری دوور بخاتەوە. جار لە دوای جاریش نرخی ئەم وریا کردنەوانە بۆ عەبدولعەزیز قورستر دەبن. بەڵام عەبدولعەزیز پێڕەوی ئایینی بەیتبێژ و گوێگرانی نییە کە ڕاو و کوشتنی نێریێ کێوی تێیدا حەرام و گوناهە. گوێ بەو وریا کردنەوانە نادا. دەستە غەیبیەکە سزای قورستری دەدا و پێی نیشان دەدا کە کوشتنی نێریێ کێوی بۆ ئەو، هیندەی کوشتنی کوڕ بە دەستی باوک، بە ژانە. دەستێکی ئەوەندە بە هێز کە هەر دەڵێی هەموو جارێ نێری لە بەر سێرە و تیری عەبدولعەزیزی راوکەر هەڵدەگرێ و یەک لە کوڕانی خۆی لە جێ دادەنێ. سەرەنجام عەبدولعەزیز لەم ململانێیەدا بە تەواوی دەدۆڕێ و دەشکێ. ئەگەرچی ئیدی هیچی نەماوە لە دەستی بدا، بەڵام پەشیمانە و تۆبە دەکا. نەک هەر تۆبە لە ڕاوی نێریێ کێوی، لە هەموو راوێک، بە تایبەت لە ڕاوی بە تفەنگێ؛

شەرت بێ لە پاش سەیدەوان و نێچیرەوان و وەلکەوانان
نێری لەسەر سەری ئاناهیتا
لە خۆم حەرام کەمەوە راوی دە تفەنگێ
دەگەڵ ئی نێریێ بەلەبۆزە (ڕاوێژی حەمەدی ئاغای)

یان:

شەرت بێ رۆڵە سەیدەوان لە پاش ئێوە
دە لاقم نەکەم چەکمان
دە شانم نەکەم تفەنگی سێ تیر و
تازە ناچمەوە ڕاوی ئەوان کێویانە (ڕاوێژی عەلی کەردار)

یان؛

شەرت بێ ئەمن لە پاش کاکە سەیدەوانی
لە خۆم نابەستم تفەنگی شەش خان و
روو ناکەمەوە چیایێ مەغڵوبی داسنیان
ناکەمەوە ڕاوی نێرێ بەلەکوورە (راوێژی حەمەی بەیتان)

 باوەڕ و ئایینی بەیتبێژ و گەورەیی و بە دەسەڵاتیی خوای نێریێ کێوی لەو ململانێیەدا سەر دەکەوێ و عەبدولعەزیز هۆزی داسنیان بە جێ دێڵێ کە ڕاوی نێریێ کێوی تێیدا رێگە پێدراوە؛

شەرت بێ لە پاش سەیدەوان و نێچیرەوان و وەلکەوانان
چیدیکە دەگەڵ قەومی داسنیان دانەنیشم و
دەگەڵیان نەکەم جێژنە پیرۆزە (راوێژی حەمەدی ئاغای)


 

کەڵەکێویی پیرۆز

 کوردستان وڵاتێکی شاخاویە. بزنە کێویش وەک ناوی خۆی بە خۆوەیەتی، لە گەڵ ئەم شاخ و هەڵەمووت و بەندەنانە تەبا و گونجاوە. دەڵێن هەر جێیەک باران لێی بدا، ئەوە ئەویش دەتوانێ پێیدا هەڵگەڕێ و پێیدا بڕوا. لە مەودایەکی بەرینتردا لە بەحری رەشەوە هەتا کەنداوی فارس کە بە زنجیرە کێوەکانی زاگرۆس لێک گرێ دەدرێن، مەوتەنی ئەو ئاژەڵە کێویە بووە. ئەگەرچی ڕادەی ئەم ئاژەڵە بە هۆکاری جۆراوجۆری وەک ڕاو، بەرتەسک بوونەوەی شوێنی ژیان و ئاڵۆزی و شەڕ لە کوردستان یەکجار لە کەمێی داوە بەڵام هێشتا لە هێندێک ناوچەی وەک بارزان لە باشووری کوردستان، کرماشان و بێستوون لە رۆژهەڵات و ناوچە شاخاوییەکانی باکووری کوردستان، رازێنەرەوەی سروشتی کوردستانە.  بوونی ئەم ئاژەڵە لە کێو و چیاکان و لە پاڵ دانیشتوانی ئەم هەرێمە، هەر لە بە تۆتم بوونی لە کۆمەڵگا سەرەتاییەکانەوە تا چوونە ناو ئایین و پیرۆز کردنی لە ناو ئایین دا، شوێنی لە سەر مرۆڤەکان و پێوەندیی نێوان مرۆڤ و کەڵەکێوی داناوە. تا ئاستێک کە تەنانەت بۆچوونێک پێی وایە ناوی کورد لە وشەی "کوور"ی بە واتای نێری داکەوتوەو ئەوەش دەگەڕێتەوە سەر هەڵبژاردنی تۆتم و نیشانەی کوور یان نێری لە لایەن کۆمەڵگای سەرەتایی دانیشتوانی ئەو هەرێمەوە. (کوردۆخ = کوور/داخ؟)

لە ناو ئەو دەفر و ئامانانەی کە لە بنکە و تەپۆڵکە مێژووییەکانی ئێران دا دۆزراونەتەوە یان ئەو نەخشانەی لە سەر بەرد و خشت و دیوارە مێژووییەکان کێشراون یا
نەخشی نێری لە سەر بەڕە
هەڵکەندراون، رەنگە وێنەی هیچ گیانلەبەرێک بە رادەی وێنەی بزن و نێری کێوی بەرچاو و زۆر نەبێ. وێنە و نەخشی بزن بە تایبەت نێریێ کێوی چ بە شێوەی ئاسایی و چ لە جۆری ئەفسانەیی بە وێخستنی پەڕ و باڵ و.. بەرچاو دەکەوێ. لە سەر دیوار و کەلوپەلە دۆزراوەکانی سێ بنکەی مێژوویی موکریان واتە حەسەنلوی نەغەدە، ئیزیرتوی بۆکان و زێویەی سەقز کە رەنگە ئاخێزگەی دوو بەیتی بەر ئەم باسە بێ، نەخش و نیگاری نێری زۆر دیار و بەرچاوە. بە تایبەت لە بنکەی مێژوویی ئیزیرتوی نیزیک بۆکان دا نێری زەقترین ئاجوری رەنگیی قەڵایچی‌یە و شاخەکانیشی بە سەر زۆربەی شکڵ و شێوەکان دا کێشراوەتەوە. هەمان نەخش کە هونەرمەندانی بۆکانی لە ناوەندی شارەکەدا تابڵۆیەکی جوانیان لێ نەخشاندوەو بەرەبەرە خەریکە دەبێ بە نیشانەی ناسراو بۆ ئەو شارە رازاوەیە.

 وێنەی بزن یان نێریێ کێوی هەروەها لە سەر فەڕش و بە تایبەت بەڕەی کوردیش دا دەبیندرێ و بەرچاوە. ئەمانەش پیرۆزایەتیی ئەو ئاژەڵە لە ناو باوەڕی کۆمەڵگای کەونارای کوردستانمان بۆ دەسەلمێنن. پیرۆزایەتیەک کە هەتا ئێستاش ئاسەواری لە هێندێک ناوچەی کوردستان دا هەر ماوە. بۆ وێنە لە ناوچەی بارزان ڕاوی بزن و کەڵە کێوی قەدەغەیە یان ئەندامانی هۆزی باونە لە دۆڵی رۆستی ناوچەی باڵەکایەتی پێیان وایە بە خواردنی گۆشتی ئەو ئاژەڵە نەخۆش دەبن و گۆشتەکەی ناخۆن.

زیاتر لە سەدا نەوەدی بەردە هەڵکەندراوەکانی ناو چیاکانی زاگرۆس هەر لە کۆساڵانی مەریوانەوە تا بلوچستان بە وێنەی بزن و بە تایبەت نێریێ کێوی رازاونەتەوە. پڕانیی ئەو هەڵکەندراوانەش لە نیزیک کانی و سەرچاوەکانی ئاو هەڵکەوتوون. ئەوەش پێوەندیی نێوان ئەو ئاژەڵە لە گەڵ ئاو و بەو هۆیەوەش لە گەڵ ئاناهیتا، خواژنی ئاو و پاراوکردن لە ئایینی کۆنی دانیشتوانی هەرێمی زاگرۆس، نیشان دەدا. خواژنێک کە ئێرانیەکان بە پێڕەوی لە ئیشتار، خواژنی بابل بۆخۆیان هەڵبژارد.

ئاناهیتا ژن-خودای ئاو و ئەوین و بەرهێنانە. لە سەر هەرد نوێنگەی خواستی ئاو، زاوزێ و بەرەکەتە. لە دابەشکاریی هەسارەکان دا، هەسارەی "زۆهرە" هی ئاناهیتایە. نێری یان کەڵەکێوی ئاژەڵی تایبەتیی ئەو ژن-خودایەیە. لە خۆشەویستیی زۆری ئەویشە کە ڕاوی کەڵەکێوی تا ئەو ڕادەیە سەرکۆنە کراوە. بەو پێیەش لە پشت هەر دوو شاکاری خەج و سیامەند و بە تایبەت سەیدەواندا بۆچوونێکی ئایینی خۆی مەڵاس داوە. بەڵام ئەو ئایینە نا کە بەیتبێژی موسوڵمان بە تایبەت لە سەیدەواندا گەرەکیەتی بە بیسەر و بەردەنگی خۆی بڵێ. باسی ئایینێکە کە تێیدا کەڵەکێوی گیاندارێکی پیرۆزە. ئاژەڵێک کە هی خواژنی ئاوە. تێری و بە کەیفیی ئەو ئاژەڵە لە سەر هەرد، نیشانەی رەزایەتی ژن-خودا ئاناهیتایە کە هێزی بەرگرتن و بەرهێنان بە زەوی و بە گیاندارانی دیکە دەبەخشێ. سروشتییە لە روانگەی پێڕەوانی ئەم باوەڕە، کوشتنی ئەم ئاژەڵە، شووم و بەد فەڕە. دەتوانێ تووڕەیی ژن-خودا و مەترسیی وشکەساڵی لی بکەوێتەوە. بە مەبەستی پارێزگاری لەو ئاژەڵە و لە غەزەبی وشکەساڵی و بۆ  پرینگاندنەوەی خەڵک  لە ئازاردان، راوکردن و کوشتنی نێریێ کێوی، دوو شاکاری ئەدەبی - هونەری خوڵقاون. دوو شاکاری ئەوەندە بەهێز کە گەرد و بادی مێژووی نەتەوەیەکی نەخوێندەواریش نەیتوانی بە بای فەرامۆشییان بسپێرێ.

 کەواتە مێژووی خوڵقان و داکەوتنی هەردوو بەیتی سەیدەوان و خەج و سیامەند بۆ ئەو سەردەمە دەگەڕێنەوە کە هێشتا کۆمەڵگای کوردستان دینی ئیسلامی وەرنەگرتووە، نێریێ کێوی هەر وا ئاژەڵی خواژن هانایە و کوشتن و راوکردنی، بێ بارانی، وشکەساڵی و قاتی و قڕان بە سەر خەڵک دا دێنێ.

 

ژێدەر:

- بەیتی خەج و سیامەند بە راوێژی بەیتبێژان؛ عەلی کەردار، حەمەدی ئاغای، حەسەن سیساوەیی

- سێ بەیتی فۆلکلۆریک - کۆکردنەوەی قادری فەتتاحی قازی

- بەیتی سەیدەوان بە ڕاوێژی بەیتبێژان حەمەدی ئاغای، حەمەی بەیتان، عەلی کەردار

- توتم و تابو - زیگمۆند فرۆید

- چه‌واشه‌‌بوونی به‌یتی خەج و سیامەند - عەلی ئیسماعیل زادە، گۆڤاری مەهاباد ژمارە ١٤١

- بەردە نووسراوەکانی ئێران - محمد ناصری فرد (فارسی)

- مانگە کوردییەکان باشتر بناسین - هیوا ئەحمەدی

- بەڕە، پارێزەری نەخشی بزنە کێوی - عفت السادات افضل طوسی (فارسی)

۱/۲۴/۱۳۹۶

چوار نوسخە لە بەیتی سەیدەوان

سەیدەوان ( بە ڕاوێژی حەمەی بەیتان)

ئەوە بەهارەو...
چ بەهارێکە لە من بە غلوورە
خۆ من دەچوومەوە سەر قەبری کاکە سەیدەوانی
لە من شین دەبوو شەشپەڕ و شللێرو گەزیزە و نەورۆزەو
سەد ماشەڵڵا دەڵێی گوڵێکی دە سوورە
شەرت بێ ئەمن لە پاش کاکە سەیدەوانی
لە خۆم نابەستم تفەنگی شەش خان و
روو ناکەمەوە چیایێ مەغڵوبی داسنیان
ناکەمەوە ڕاوی نێرێ بەلەکوورە

بەهارێک لە من دادێ عەزیزەکەی لە دنیایەم بەهارە
فەسڵێکە گیا دەگرێتەوە ژەنگێ
خۆ من دەچوومەوە سەر قەبری کاکە سەیدەوانی
لە بابی خۆی زیز بووەو
هەر ناکاتەوە دەنگێ
خۆ من لە پاش سەیدەوانی
لە خۆم حەرام دەکەم ڕاوی دە کێویان‌و
جودا لە ڕاوی دە تفەنگێ

بەهارێک لە من دادێ‌و چ بەهارێکە لە من بە بەفر و بە بارانە
خۆ من دەچوومەوە سەر قەبری کاکە سەیدەوانی
لە من شین دەبوو شەشپەڕ و شللێرەو گەزیز و نەورۆزە
 هەرامەتی دانە بە دانە
شەرت بێ ئەمن لە پاش کاکە سەیدەوانی
لە خۆم نابەستم تفەنگی شەش خان‌و
روو ناکەمەوە چیاێێ مەغڵووبی داسنیان
ناکەمەوە ڕاوی بەرانە کێویانە

بەهارێک لە من دادێ عەزیزەکەی لە دنیایەم بەهارە
چ بەهارێکە لە من بە ئاڵۆزە
خۆ من دەچوومەوە سەر قەبری کاکە سەیدەوانی
لە من شین دەبوونەوە شەشپەڕ و شللێرە و گەزیزە و
هەرامەتی گوڵە نەورۆزە
شەرت بێ من لە پاش کاکە سەیدەوانی
لە خۆم نابەستم تفەنگی شەش خان‌و
روو ناکەمەوە چیاێێ مەغڵوبی داسنیان
ناکەمەوە ڕاوی نێرێ بەلەبۆزە

بەهارێک لە من دادێ عەزیزەکەی لە دنیایەم
فەسڵێکە دەوڵەمەندان دەچوونەوە کوێستانێ
خۆ من لە بۆت ئەوە هەڵدەڵێم بە دەزگیرانی مەلکەوانی
سەری هەڵنایەو هەرامەتی لەبەر شەدە لێدانێ

بەهارێک لە من دادێ عەزیزەکەی لە دنیایەم بەهارە
چ بەهارێکە لە من شین دەنوێنی
یاڕەبی خودایە ئەوە نە بکەی، نە بسەبرێنی
کەسانێک نەبوو بڵێ عەبدولعەزیزی داسنی
دەستی تفەنگێت ورد بێ
چاوی دە جاسووسێت کوێر بێ
کوانی سوتنێت لە ئانیشکێ بێ
قامکی پەلاپیتکێت بشکێنی
ئەوە کاکۆڵی کاکە سەیدەوانین
دە سیپەیدا با ڕایدەژێنی

مەلکەوانم مرد دەنگم نەکرد
نێۆچیرەوانم مرد دەنگم نەکرد
سەیدەوانم بە دەستی خۆم کوشت
ماڵە خۆم وێران کرد
مەلکەوانم ڕۆ
نەوچیرەوانم ڕۆ
گەورەی هەزار و پێنسەت ماڵ داسنی
 سەیدەوانە ڕۆ
تا ئەوێ ڕۆژێ خوداوەندی میری مەزن دەگرێ دیوانێ
مەگین بڵێم سەیدەوانە ڕۆ

بەهارێک لە من دادێ عەزیزەکەی لە دنیایەم بەهارە
 چ بەهارێکە لە من چەندە دوورە
کێ دیویەتی لە دەورەتی دە زەمانان
لەسەر سێ کوڕان ڕا بووک بچتەوە ماڵی دە بابان
هەرامەتی هەر بە ڕووی دە سوورە

بەهارێک لە من دادێ عەزیزەکەی لە دنیایەم بەهارەو
چ بەهارێکە لە من چەندە گرانە
عەبدولعەزیزی داسنی ئەوە بانگ دەکاتە دەزگیرانی مەلکەوانی
ڕۆڵە وەرە مەرەخەستێ لە مامی خۆت بخوازەو
روو بکەوە ماڵی دە بابانە
دەزگیرانی مەلکەوانی ئەوە بانگ دەکا مامە
هەڵکێشە خەنجەرێکە دەبانە
بیست و چوار جارانی بگێڕەوە دە جەرگ و دڵانە
ئەمن لە سەر مەلکەوان و نێچیرەوان و سەیدەوانی ڕا
بە چ چاووروێکی بکەمەوە ماڵی دە بابانە

بەهار چیاێێ مەغڵوبی داسنیان
لە من بە لێژە، لە من بە تاتە، هەرامەتی هەر لە من بە بەرزە
خۆ من دەچوومەوە سەر جەنازەی سەیدەوانی
هەر دە خوێنی خۆی دەگەوزا
--------------------------


سەیدەوان بە ڕاوێژی عەلی کەردار


ئەوە بەهارە چ بەهارێکی لە من بە نیێنی
رەبی خودایە ئەتۆ هەوری رەحمەتێ بێنی
لە لای قوبلەی مبارەک
لە داوێنی فەڕەنگی‌یان
لە سەر تاج و هۆبەکەی بابی کاک سەیدەوانی هەڵبڕژێنی
ئەورۆکانە ئەمن زەینی خۆم دەداوە گراوی کاک سەیدەوانی
تۆق و تەلەسم و کرمەکان لە لاجانگێ با رایدەژێنی
یەک لە نەکاو دەیگوت عەبدولعەزیز نێچیرەوانت مردۆ
دەمکوت توخوداکەی کەس دەنگێ نەکا
با دەستی دیلانێ بەر نەبێ
نەوەک دڵی کیژ و کوڕی داسنیان
لە بابی سەیدەوانی بێشێنی

ئەوە بەهارە.. رۆڵە سەیدەوان بەهارە
چ بەهارێکی لە من بە دزی
ڕەبی خودایە ئەوە تو هەوری رەحمەتی بێنی
لە لای قوبلەی موبارەک
لە داوێنی فەڕەنگیان
لە سەر قەبری نێوچیرەوانم هەڵبڕێژی
ئەمن زەینێ خۆ دەکردە سەر قەبری کوڕانم
لێی دەرسکا هەڵاڵە و بەیبوونە لە گەڵ گوڵی دە نێرگزی
تو خودا خزمینە کێ دیویەتی لە دەورەتی زەمانەی دا
باب بە دەستی خۆی کوڕی خۆی بکوژی

ئەوە بەهارە رۆڵە سەیدەوان بابم بەهارە
چ بەهارێکی لە من لە نەکاوێ
ئەمن زەینی خۆم دەداوە ماڵ و مەڕەکەی بابی کاک سەیدەوانی
هەڵیدەداوە لە تیلەگی دە کوێستانێ
بەرامبەر و پێشانم دەبۆ گۆمە دەڵاوێ
ئەمن زەینی خۆم دەداوە نێری بەرانەکەی کاک سەیدەوانم
هەڵدەپسێنێ سەری هەڵاڵە و بەیبوونە و گیاخاوێ
بۆ کەس نەبوو بڵێ رەبی عەبدولعەزیز
چاوی جاسوسیت کوێر بێ
قامکی  پەلاپیتکەت بشکێ
ئەوە سەیدەوانە و تفەنگی خۆت ماوێ

ئەوە بەهارە سەیدەوان بابم بەهارە
چ بەهارێکی لە من شین دەنوێنی
رەبی خودایە ئەتۆ هەوری رەحمەتێ بێنی
لە لای قوبلەی مبارەک
لە داوێنی فەرەنگی‌یان
لە سەر چادر و چیغەکەی بابی کاک سەویدەوانیم هەڵبڕژێنی
یارەبی خودایە ئەتۆ هەڵکەیە بای رەحمەتی
لە غەمی عەبدولعەزیزی دەی
 لە بەحری خوێی تێپەڕێنی
توخودا خزمینە کێ دیویەتی لە دەورەتی دە زەمانەی دا
باب بە دەستی خۆی کوڕی خۆی بکوژێ و دە خوێنێی بگەوزێنی

ئەوە بەهارە رۆڵە سەیدەوان بابم بەهارە
چ بەهارێکی لە من لە شەڕە
یارەبی خودایە ئەتۆ چڵکە هەورێکی بێنی
لە لای قوبلەی مبارەک
لە داوێنی فەڕەنگی‌یان
ببارێنی بارانی رەحمەتێ
قەبری کوڕانم بۆ بکەیەوە تەڕە
ئەمن زەینێ خۆم دەداوە سەر قەبری کوڕانم
لێی دەڕسکا هەڵاڵە و بەیبوون و سوێسن و شللێر و شەشپەڕە
ئەمن دەستم دەدا تفەنگێ خۆم
رووم دەکردەوە چیاێی مەغڵوبێ داسنیان
بۆ بوکنیان بێنمەوە گۆشت بەران و گۆشت مەڕە
بە داوێنی بەردان دا دەڕۆیمە خوارێ
دەمڕوانیە تاقەی سیپانی وێرانبوو
خۆ من نەمدەزانی کاکۆڵی کاکە سەیدەوانیە
لە گەڵ گوڵی کوێستانان
پرشێکە بای شەماڵ لێی دەدا
 بە یەکیان دەداتەوە گەڕە
ئەمن تفەنگی خۆم داویشتە سەر بەردی
جاسوسم لێ دەگرت
تەقەم لە تفەنگێ دەهات
تەمی لە سەر نەدەڕەوی
لەوێ سەیدەوانم وەسەر یەک دەگەڕا
ئەلحان ئەگەر بڵێم توخودا خزمینە
دەستی یەک بەردەن و ئەمن دیلانێ ناکەم
پێم دەڵێن عەبدولعەزیز خەرفاوە، شێت بووە و پیرێکی ئاخر شەڕە

ئەوە بەهارە رۆڵە بەهارە
چ بەهارێکی لە من بە غللورە
ئەورۆکە ئەمن زەینی خۆم دەداوە سەر قەبری سەیدەوانم
لێی دەرسکا هەڵاڵە و بەیبوون و سوێسن و گوڵە زەمبوورە
شەرت بێ رۆڵە بە شەرتی خودای
لە پاش ئێوە دە لاقم ناکەم چەکمان و
دە شانم ناکەم تفەنگێ سێ تیر و
تازە ناچمەوە ڕاوی نێرێ بەلەکوورە
توخوداکەی خزمینە
کێ دیویەتی لە دەورەتی  زەمانێ دا
لە سەر سێ کوڕان ڕا بووک بچنەوە ماڵی بابیان
بە جلی دە سوورە

ئەوە بەهارە رۆڵە سەیدەوان بەهارە
چ بەهارێکی لە من هاڵۆزە
ئەورۆکە ئەمن زەینێ خۆم دەداوە سەر قەبری کاک سەیدەوانی
لێی دەڕسکان هەڵاڵە و بەیبوون و سوێسنە و گوڵە نەورۆزە
شەرت بێ رۆڵە بە شەرتی خودای
لە پاش ئێوە دە لاقم ناکەم چەکمان و
دە شانم ناکەم تفەنگێ سێ تیر و
تازە ناچمەوە ڕاوی نێرێ بەلەبۆزە

ئەوە بەهارە
 چ بەهارێکی لە من سەر بە زستانە
ئەمن زەینێ خۆم دەکردەوە سەر قەبری کاک سەیدەوانی
لێی دەرسکاوە هەڵاڵە و بەیبوون و سوێسن و گوڵی دانە بە دانە
شەرت بێ رۆڵە سەیدەوان لە پاش ئێوە
دە لاقم نەکەم چەکمان
دە شانم نەکەم تفەنگی سێ تیر و
تازە ناچمەوە ڕاوی ئەوان کێویانە
وەی ڕۆڵە هەر لەو زەمانی تا ئەو زەمانی
هەر لە دەوری شای تا نەوشیرەوانی
توخودا گەلی دە دۆستان
گەلی دە خزمان
وەرن سێ داوەتان بگێڕن
یەکیان ئی مەلکەوانی
دومیان ئی نێچیرەوان سێهەم ئی سەیدەوانی
کێ دیویەتی لە دەورەتی زەمانان دا
لە سەر سێ کوڕان ڕا بووک بچتەوە ماڵە بابانی

مەلکەوانم مرد دەنگم نەکرد
نێچیرەوانم مرد هەر شوکری خودام کرد
بە خودای سەیدەوان خۆڵی گەرمێن و کوێستانێت وەسەری عەبدولعەزیزی کرد
وەی ڕۆ
هەتا ئەو رۆژەی خودا لە من دەکاتەوە دیوانێ
وەسەری عەبدولعەزیزی دەکردەوە خۆڵی کۆکۆیە
بە خودای نازانم نە دەردی پیری گەیوەتە عەبدولعەزیزی
نە لە بەر ئەنگۆیە..
-----------------------------

سەیدەوان بە ڕاوێژی حەمەدی ئاغای

ئەوڕۆکە سەرم دێشێ..
 دڵی عەبدولعەزیزە کۆرەی داسنی دەکا بێنە بێنێ
بەڵان ئەمن ئەوشۆم خەونێک دیوەو لە من وایە ئاخری بەهارێیە
دەگەڕام لە تیلەگی دە کوێستانان
قەت وەگیرم نەدەکەوت قولێک گیا بەشی باقەبێنێ
توخوڵاکەی ئەو کەسانەی ئەگەر خوداشوناسن
وەرن تەعبیری ئەو خەونەم بۆ لێدەنەوە
دەترسم خوداوەندی میری مەزن پادشاێێ کەرەمێ
ئەگەر موسیبەتێکی گەورەم بە سەر بێنێ
ئەمن دەمگوت مەسڵەحەت وایە ئەگەر باب بە رۆژێکی
سێ بووکان لە بۆ کوڕانی بێنێ
نەمزانی تەقدیری خودای تەگبیری عەبدی بەتاڵ دەکات و
هێللانەی لە عەبدولعەزیزی ماڵوێران دەشێوێنێ

رۆڵە دەبەر قافڵەو بازرگانو مرم
ئەگەر بەڕێی دەکەن بۆ وڵاتی گەرمێنێ
ئەوە پارچەو ئەتڵەس و کیمخوای
لە بۆ جلی دەزگیرانی خۆی بێنێ
چ بکەم کەس دەربەند نییە ئەگەر داخوڵا
مەڕو ماڵ‌و مێگەل‌و چادرو چیغی عەبدولعەزیزە کۆرەی داسنی
لە کوێستانان بە بێ ساحەبی دەمێنێ

ئەمن وەگەر دەستم دەداوە تفەنگێ
رووم دەکردەوە چیایێ مەغڵووبێ داسنیان
زەینێکە خۆم دەداوە بازی دە کێویان
بانگیان دەکردم دەیانگوت عەبدولعەزیز وەرە بگەڕێوە
کوڕی نێونجیت پەردوگیر بوو لە باڵ بووکێ نەهاتە دەرێ
دەمگوت توخوڵاکەی خزمینە دەنگێ مەکەن
دەستی داوەتێ بەر مەدەن
دڵی کیژ و کوڕانم لێ دەمێنێ

ئەورۆکە بەهارێکم گەیوەتێ رۆڵە چ بەهارە
سەرم دێشی، دڵی عەبدلعەزیزی داسنی
چەندی لە ئێش و ژانە، چەندی لە غروورە
ئەمن زەینم دەداوە تیلەگی دە کوێستانێ
سوور دەبوون سوورەگوڵ و هەڵاڵ و بەیبوون
دەپشکووتن شەشپەڕ و شللێرە
ئەگەر دەستم دەداوە تفەنگێ
رووم دەکردە چیاێێ مەغڵووبێ داسنیان
زەینێکە خۆم دەدا بازی دە کێویان
لفکەی سەیدەوانی لە پلەی بەردی با رایدەژێنێ
لە من وایە ڕدێنێ نێرێ بەلەکوورە
وەی چاوی جاسووسێت کوێر بێ
دەستی چەخماخێت شکێ
تەقە لە تفەنگێ دەهات و
سەیدەوان دە خوێنێ دا دەبۆوە سوورە

ئەورۆ بەهارێکم گەیوەتێ رۆڵە چ بەهارە
 سەرم دێشێ دڵی عەبدولعەزیزە کۆرەی داسنی
چەندی لە ئێشەو چەندی لە ژانە، ئەی خودا چەندی لە من دە هاڵۆزە
ئەمن زەینی خۆم دەداوە تیلەگی دە کوێستانان
سوور دەبوون سوورەگوڵ و هەڵاڵ و بەیبوون
دەپشکووتن گوڵە نەورۆزە
ئەگەر دەستم دەداوە تفەنگێ و
رووم دەکردە چیاێێ مەغڵووبێ داسنیان
 زەینێکە خۆم دەدا بازی دە کێویان
کاکۆڵی وەلکەوانی لە پلەی بەردی با رایدەژێنێ
لە من وایە ردێنی نێرێ بەلەبۆزە
وەی چاوی جاسووسێت کوێر بێ
دەستی چەخماخێت شکێ عەبدولعەزیز!
تەقە لە تفەنگێ دەهات و
کوڕ لەوێ دە خوێنێ دا دەگەوزا

ئەستێرێک هەڵدێ بەری بەیانی
وەی سەڵا لە عەبدولعەزیزە کۆرەکەی بابی سەیدەوانی
ئاوی کوێستانان دێنە خوار رۆڵە
 بە توندی هەر بە تیژی
هەڵدەڕژێنە بن سوورە گوڵی لە سەر بە گژنیژی
توخوڵاکەی خزمینە وەرن رەجمم کەن
کێ دیویە لە دەورەتی دە زەمانان
لە سەر سێ کوڕان ڕا
بووک بچنەوە ماڵی دە باوان
بە تارای سوور و هەر بە کیژی

ئەی رۆڵە رۆ لە سەر ڕۆیە
ئەمن لە دەروونم دێتە دەرێ بڵێسەو بۆسۆیە
نازانم نە بەدبەختێ منە.. سەیدەوان! نە نەدامەتێ تۆیە

شەرت بێ لە پاش سەیدەوان و نێچیرەوان و وەلکەوانان
لە خۆم حەرام کەمەوە راوی دە تفەنگێ
دەگەڵ ئی نێریێ دە بەلەبۆزە
چیدیکە دەگەڵ قەومی داسنیان دانەنیشم و
دەگەڵیان نەکەم جێژنە پیرۆزە
----------------------------------------

سەیدەوان (بە دەنگی شۆڕش مەحموودی)

بەهارە، بەهارە، ئەزیزەکەی لە دنیایەم سەیدەوان
ئەوە بەهارێکە لە شەڕە
ئەوە هەورێکی رەشی دەهێناوە لە قیبلەی مبارەک
لە سەر قەبری پیر خدری
لە مەغڵوبی دە داسنیان
دە ڕەبی خودایە هەڵکەی لە رووی رەحمەتێ
بارانی پەڵەی هەڵڕێژی
قەبری سەیدەوانیم لە بۆ بکەیەوە تەڕە

ئەوە من دەچوومەوە سەر قەبری سەیدەوانی
چەندیم دەدیت سوێسن و هەڵاڵ و بەیبوون و شەشپەڕە
خۆ من دەستم دەداوە شینکێ چەخماخ خوار
ڕووم دەکردەوە چیاێی مەغڵوبی داسنیان
ئەگەر لە بۆ شایی سەیدەوانی بێنم
گۆشتی شەک و بەران و مەڕە
دە ڕەبی خودایە چاوی جاسوسێم کوێر بێ
قامکی پەلەپیتکەم شکێ
وە من تەقەم دەهاتەوە لە تفەنگی
بە خوای کزەم دەهاتەوە لە هەناوە
ئەمن لە زەینێ خۆم دەدایە
وەمدەزانی نێرێ کێویە و
نەمدەزانی ئەوە کاکۆڵی کاکە سەیدەوانم
بە پشوێ بای دە شەماڵی
دەگەڵ گوڵی سوێسن و هەڵاڵێ دەگەڕاو
ئەوە کاکە سەیدەوانمە دەگەوزێوە دە گۆمیلکە گۆمیلکەی دە خوێناوە

بەهارە.. بەهارە  بەهارە عەزیزەکەی لە دنیایەم سەیدەوان
ئەوە بەهارێکە سەر دە هەوەڵێ
وەمن شەرت بێ ڕۆڵە بۆت دەفرۆشم پێنسەت مەڕی لە بەر بەرانی
بە عامی بۆت دەکەمەوە بە پوڵ و پارە
بۆت دەگەڕێمەوە شاران
حەکیمان دەگەڵ ئەوان لوقمانە
حەک سەڵا لە چاوی بابت
برینت بە کەس ناکرێتەوە دەرمانە

دە وەرن برادەرینە
گەلی دە خزمان و گەلی دە داسنیان و ئەهلی دە ژەنگارێ
دارە مەیتێکم بۆ ساز بکەن
مەیتی کاکە سەیدەوانم لە چیاێی رەنگین دەگەڵ بێننەوە خوارێ
تو خوا قەبری ئەویشم بۆ هەڵکەنن لە کن مەلکەوان و نوچیرەوانی
ئەویشم بۆ بدەنەوە لە قەتارێ

دە وەرە برادەرینە
ئەوە شایێ عەبدولعەزیزی
لە سەر سێ کوڕان ‌ڕا وەشین دەگەڕا

بەهارە..کوڕم بەهارە بەهارە
 عەزیزەکەی دە دنیایەم سەیدەوان ئەوە بەهارێکە لە من دژەدژێ
وە من شەرت بێ ڕۆڵە
لە پاش ئێوە
دەشانم نەکەم تفەنگی دە سێ تیر و
نەچمەوە ڕاوی نێری دە بەلەبووزە
دە ڕەبی خودایە
چاوی جاسوسێم کوێر بێ
قامکی پەلەپیتکەم شکێ
ئەوە بە سێ شەشی دە بەهاری
کاکۆڵی کاکە سەیدەوانم با دەیشەکێنی و
ئەوە لە عەبدولعەزیزە کۆرەکەی وایە
ئەوە ڕدێنی نێری دە بەلەکوورە

دە وەرە برادەرینە
گەلی دە خزمان و گەلی دە ماجەران و گەلی دە پیر و پێشینیان
کێ دیویەتی هەر لە دەورەتی دە زەمانان هەتا دەورەتی ئاخر زەمانێ
باب بە دەستی خۆی کوڕی خۆی بکوژێ

بەهارە.. بەهارە بەهارە، عەزیزەکەی لە دنیایەم سەیدەوان
ئەوە بەهارێکە لە من سەر بە زستانە
ئەوە عەبدولعەزیزی داسنی بانگ دەکاتە دەزگیرانی سەیدەوانی
دەڵێ رۆڵە وەرە مەرەخەستێ لە مامی خۆت بخوازە و روو بکەوە ماڵی دە بابانە
ئەوە دەزگیرانی سەیدەوانی بانگ دەکا
دەڵێ بابە هەڵکێشە خەنجەرێکی دەبان
بیست و چوار جارانی بگێڕەوە دە جەرگ و دڵانە
ئەمن لە پاش مەلکەوان و نێچیرەوان و سەیدەوانی ڕا
بە چ چاو و دڵێکی ڕوو بکەمەوە ماڵی دە بابان

دە وەرە برادەرینە
گەلی دە دۆستان و گەلی دە خزمان و گەلی دە ماجەران و گەلی دە پیر و پێشینیان
کێ دیویەتی هەر لە دەورەتی دە زەمانان هەتا دەوری ئاخری دە زەمانی
لە سەر سێ کوڕان ڕا بووک بچێتەوە ماڵی دە بابان هەر بە جلی دە سوورە

مەلکەوانم مرد دەنگم نەکرد
نێچیرەوانم مرد دەنگم نەکرد
کاکە سەیدەوانم مرد
خۆڵی دە گەرمێن و کوێستانانم هەر وە سەری عەبدولعەزیزی داسنی کەن
--------------------------------------------------

بابەتی نوێ:

حیزب وەک سەنتەر، ستراتژیی حیزب وەک سەنتێز

سەردەمی ئێستا، سەردەمی بەئاگاهاتنەوەی هەرچی زیاتری نەتەوە بندەستەکانە. سەردەمی ‏هەوڵدانی بە کۆمەڵی کۆمەڵگا ژێردەستەکان بۆ سڕینەوەی سێبەری دا...