۱/۲۲/۱۳۸۶

بیرەوەریەکی سەردەمی قوتابێتی‌م

راوەستاوان لە راستەوە: لەتیف شوکرە، سەعدوون باغەبان، تاهیر قاسمی
دانیشتوان: محەممەد مامەش، سمایل رەشیدی ...
ئەمڕۆژانە کە بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی لێدانی مامۆستایەک لە قوتابییەکی بلوچ هەڵڵای ناوەتەوە. گۆیا موعەللیمەکە لە سەر کار لابراوەو بەرپرسی مەدرەسەکە داوای لێبوردنی کردوە و سەرۆکی ئیدارەی ئامووزش و پەروەرشی شارەکە ئیستعفای داوە. بەو هەواڵە وەبیر لێدانی زۆر و زەبەندی دەورانی قوتابخانەی خۆم کەوتمەوە کە لە ناویاندا ئەو چیرۆکەتان بۆ دەگێڕمەوە:

پۆلی پێنجی سەرەتایی بووم. سەرجەم ٦ قوتابی بووین. وێڕای پۆلی یەکەم و سێهەم لە هۆدەیەکدا دەمانخوێند. ئەو ساڵەش دوو مامۆستامان هەبوو. یەکیان محەممەدی نادرئەحمەدی بوو کە دەرسی بە دوو پۆلی دووهەم و چوارەم دەگوت. خالیدیش کە قەت نەمانزانی شۆرەتی چییە، مامۆستای پۆلەکانی یەک و سێ و پێنج بوو. شێت و دەلوویەک لەو دەشتە. ئەمن ئەگەرچی لە هاوپۆلەکانم زیرەکتر بووم بەڵام کەم رۆژ هەبوو وێڕای ئەوانی دیکە لێدانێکمان لێ نەکەوێ. لێدانیش لەوپەڕی بێڕەحمی دا. دارێکی ئەستوور و دەستت راگرە. نە یەک و نە دوان و نە سیان..

پاییز و زستانێکی زۆر سەختمان لە ژێر لێدان و بێڕەحمیەکانی "خالید" دا تێپەڕ کرد. لێدان، ئەشکەنجە و سووکایەتی لەوپەڕی خۆیدا بوو. هەموومان وەزاڵە هاتبووین. مەدرەسەمان لێ ببوو بە زیندان. ئەگەرچی بۆخۆم زۆر جارم لێدان وێدەکەوت بەڵام زۆر جاریش دڵم بۆ ئەو منداڵانە دەسووتا کە بە بێ رەحمانەترین شێوە لێیان دەدرا و ئەشکەنجە دەکران. لە ژێر ئەو لێدان و ئەشکەنجەیەدا گەیشتینە بەهارێ. سەروبەندی نەورۆز و تەعتیلاتی نەورۆز و دیاری کردنی تەکلیف و مەشق بوو. پێش تەعتیلاتێ کە خالیدی موعەللیم بۆخۆی دەگەڕایەوە بۆ شار، تەکلیف و مەشقی بۆ داناین: کتێبی فارسی کە دوو لە سەر سێی خوێندرابوو، دوو جار بە خڕ و پتوونی بنووسینەوە. هەروەها کتێبێکی دیکەشی بۆ داناین کە جارێک بینووسینەوە بەڵام چونکە ئەو کاتیش بە تەما نەبووم بینووسمەوە، ئێستاش لە بیرم نییە کام کتێب بوو.


ئێوارەی نەورۆزێ مەدرەسە تەواو بوو. مامۆستاکان چوونەوە بۆ شار و ئێمەش لە نێوان خۆشیی تەعتیلاتی نەورۆز و تاڵیی نووسینەوەی ئەو هەموو مەشقە، بەرەوماڵ بووینەوە. لای خۆم حیسابم کرد کە ئەگەر هەموو ئەو ١٣ رۆژە نەچمە دەرێ و دانیشم مەشقان بنووسمەوە، هێشتا ئەو هەموو مەشقەم بۆ تەواو نابێ. لەولاوەش دەبوو خۆشیی تۆپێن و کەڵەمستێن و چوونە ناو مەزرا و دەشت و سەحرا لە خۆم حەرام بکەم. هەر زاتەنیش ئەوەندەی لە دەرس خوێندن ئازا بووم، لە نووسینەوەی مەشقاندا دەتگوت بێگارم پێ دەکەن. سەرەنجام لە گەڵ خۆم ساغ بوومەوە کە یەک پیتیش نەنووسمەوە. لە بەر خۆم دەمگوت دوو حەفتەی دیکە قەت تەواو نابێ و هەتا ئەو دەم خودا گەورەیە.


پێنج - شەش رۆژی سەرەتای تەعتیلاتم بە خۆشی و کەیف و نەهەنگ تێپەڕ کرد بەڵام هەتا بیرم لە نەنووسینەوەی مەشقەکان و لێدانی موعەلیمە شێتە دەکردەوە، بەندی دڵم دەپسا و ئەژنۆم شل دەبوو. هەموو جارێ لە دڵە خۆمدا دەمگوت باشە ئەگەر گوتی مەشقەکان دەربێنن، ئەمن چ بکەم؟ ئاخر لەو هەموو مەشقە دەبێ دوو لاپەڕە لە سەر مێزەکە دابنێم و بڵێم ئەوەندەم نووسیوتەوە. دواتریش قەناعەتم بە خۆم دێنا کە ئەگەر کەمێکیش بنووسمەوە مادام هەموویم بۆ نانووسرێتەوە، هیچ فەرق ناکا و چ لە وەزعەکە ناگۆڕێ. رۆژێکی بە دەم ئەم خەیاڵاتەوە گوتم با بچم پرسیارێک لە هاوکلاسیەکانم بکەم بزانم ئەرێ ئەوان چەندەیان نووسیوەتەوە؟ ئاخۆ هەر ئەمنم کە هیچ نانووسمەوە یان ئەوانیش وەک منن. وەک دەڵێن شینی گەڵ ئاواڵان جێژنە پیرۆزیەوەو لە راستیدا ئەمن بۆ شەریکە جورم دەگەڕام. یەک - یەک و دوو - دوو دۆزیمنەوە و پرسیارم لێ کردن. دیار بوو هەموان وەک من بڕیاریان دابوو نەنووسنەوە. بەڵام هیچمان چارەیەکمان بۆ لێدانەکە نەبوو. رۆژێک بە یەکەوە دانیشتین و تەکبیرمان لێ کرد کە ئاخۆ چ بکەین و چ نەکەین؟! نازانم کام لە هاوپۆلەکان پێشنیاری کرد با شکایەت لە معەللیمەکە بکەین. هەموومان ئەوەمان پێ باش بوو بەڵام هیچمان رێگای چۆن شکایەت کردنمان نەدۆزیەوە. نە ئێمە لە دێیەکی دوورە دەستەوە دەستمان بە جێگایەک ڕادەگەیشت و نە لەو تەعتیلاتی نەورۆزەش ئیدارەیەک هەبوو پەنای بۆ بەرین. لەو نێوەدا نازانم کامیان بوو پێشنیارێکی جێگای سەرنجتری دا. ئەو کات بەشی کوردیی رادیۆی تاران بەرنامەی ئێمەو گوێگرەکانی هەبوو کە رۆژانی جومعە بڵاو دەکرایەوەو پێم وایە بە لاسایی بەرنامەی "ئێمە و گوێگرەکان"ی رادیۆی دەنگی کوردستانی ئێران رێک خرابوو. خودا هەڵناگرێ ئەوەی تارانیش زۆر خۆماڵیانە پێشکەش دەکرا و لایەنگری زۆر بوو. گوتی با نامەیەک بۆ ئێمە و گوێگرەکانی تاران بنێرین و سکاڵا بکەین. پێشنیارەکە زۆر باش بوو بەڵام دوو کێشەی گەورەمان هەبوو. یەکەم هیچمان لە کوردی نووسیندا ئەوەندە شارەزا نەبووین تا نامەیەکی ئاوای پێ بنووسین و دووهەم کێ ئامادەیە بە ناوی خۆی ئەو گیانفیداییە بکا؟! کێشەی یەکەم لای ئەوانەی لە ئێمە باوخۆشتر بوون، ئاسان بوو. زۆربەیان کوردی نووسین و خوێندنەوەیان زۆر باش بوو. بەڵام هیچمان نەماندەوێرا بە ناوی خۆمان نامەکە بنووسین. راستیەکەی فکریشمان بۆ ناوی جەعلی و ناسناو و شتی وا نەدەچوو. محەممەد کە دیار بوو لە هەموومان زیاتر لە دەست کوتەک کاریی معەللیم وەزاڵە هاتبوو، گوتی دەچمە لای عەبەسووری پوورم و دەینووسم. ئیدی نازانم هەر مەبەستی ئەوە بوو بەوی دەنووسێ یان ناوەکەش هەر ناوی خۆی بێ. بە هەر حاڵ ئێمە کارەکەمان بەو سپارد. نامە نووسرا و رەوانە کرا. بەڵام یەکەم جومعە زۆر زوو هات و نامە نەخوێندرایەوە. سبەی شەممە بوو و مەدرەسە دەکرانەوە. هەموو دوعاکانمان بۆ مردن و نەهاتنەوەی معەللیم قەبوڵ نەبوون و ئێوارە ئاغا مدیر بە گیانی ناخێری گەیشتەوە. ترس و لەرزی لێدانی سبەی ئارام و قەراری لێ هەڵگرتبووین. هەموو دوعا و بەرنامەکانمان بە کردەوە نەزۆک ببوون. ئێوارە لە دەرکی مزگەوتێ سەعدوون هاتە پەنام و گوتی:

: دەڵێی چی ئەمشەو لێی دەین؟
- لە چی بدەین؟
: لە معەللیمەکە!
- جا چۆنی لێ بدەین؟
: دەچین بەرد کۆ دەکەینەوەو ئێوارە لە ماڵەنگۆڕا لێی دەدەین.

فکری چاک بوو. معەللیمەکان لە وەتاغێکی دوو نهۆمیی بە خشتی سووردا بوون. خۆشترین وەتاغی ئاوایی بوو کە کاک قاسمی کاک هاشم بە دڵ و بە داو بۆخۆی ساز کردبوو بەڵام دواتر باری کرد بۆ شار و بە بەتاڵی مابۆوە. وەتاغەکە پەنجەرەیەکی زۆر گەورەی تێگیرابوو کە رووبەڕووی ماڵی ئێمە بوو. تازە خەریک بوو تاریک دابێ کە زۆر بە دزی و پارتیزانانە کۆمەڵێکی زۆر خڕکە بەردمان لە حەسارێ کۆ کردەوە. شەو سەعدوون میوانم بوو. لە وەتاغێ دوو بە دوو جێگامان بۆ ڕاخرابوو. نیوەشەو کە خەڵک هەموو لە غوڕابەی خەوێدا بوون، بە دزی لە بن لێفان هاتینە دەر و بە ئەسپایی بەرەو شوێنی عەمەلیات وەدەر کەوتین. شەوەکە یەکجار تاریک بوو. بە زەحمەت بەردەکانمان دۆزیەوەو هەر بڵێی یەک و دوو بە ڕەگباری خڕکە بەردان شووشە و پەنجەرەمان هێنا خوارێ. قرم و هۆڕێکمان ساز کرد، نەبێتەوە. بە ئەسپایی و سەرمەست لەو "عەمەلیاتە سەرکەوتوویە" پاشەکشەمان کرد. سەعدوون بەو نیوەشەوە چۆوە ماڵە خۆیان.


سبەی هیچکام لە هاوکلاسیەکان نەیدەزانی ئەو "عەمەلیاتە قارەمانانەیە" کاری کێ بوو بەڵام هەموان خۆشحاڵ بوون. لە معەللیمەکان هێشتا کاک محەممەد نەگەڕابۆوە و خالید بە تەنێ بوو. دیار بوو یەکجار زۆر بەو هێرشەی شەوی رابردوو ترسا بوو. بەیانی کە هاتە سەر کلاس زۆر کز و شڵەژاو دیار بوو. چەند قوتابیەکی برد تا ماڵەکەی لە شووشەی شکاو بۆ پاک بکەنەوە. بەو جۆرەش هەتا نیوەڕۆ نەهاتەوە سەر کلاس. بەڵام نیوەڕۆ کە هاتەوە، هەر ئاوری لێ دەباری. یەکەم قسەشی ئەوە بوو: مەشقەکانتان دەربێنن.


هەموو دەفتەری مەشقەکانیان کردەوە. هەبوو چەند لاپەڕەیەکی نووسیبوو، هەبوو زیاتر و هەشبوو وەک من ئەلفی لە سەر بێ دانەنابوو.

محەممەد چەندان دەرسی نووسیبۆوە بەڵام کە لێی ورد بۆوە بە فێڵەکەی زانی. ئەوەی نیشانی دابوو هەر مەشقەکانی رابردوو بوو بەڵام خەتی خودکارەکەی بە لا زبری پاکوونەکە کڕاندبوو. تاوانەکەی دوو تاوان بوو. وەرە دەرێ!

حامید لەوی زیاتر نووسیبۆوە. دەگەیشتە جارێک نووسینەوەی کتێبی فارسی. هەموو بەغیلیمان پێ دەبرد بەڵام بۆ معەللیمەکەش جیی باوەڕ نەبوو. داوای لێ کرد مەشقی یەکێک لە دەرسەکان بخوێنتەوەو ئێمەش هەمان دەرس لە کتێبەکە بکەینەوە بزانین چۆنی نووسیوتەوە. نەخێر حامید هەر دوو خەتی نووسیبوو و دوانیشی تێپەڕاندبوو! ئەویش موجریم بوو. وەرە دەرێ!

بایز و سمایلیش هەر یەکەی چەند دەرسیان نووسیبۆوە. سەعدوون هەیبوو و نەیبوو تاقە لاپەڕەیەک بەو خەتە ناخۆش و شەقلی و پەقلیەی خۆی بوو. بەڵام ئەمن ئەوەندەشم پێ نەبوو! لە حاڵێکدا کە خودکارەکەی بە سەری پەنجەی گرتبوو تا مەشقەکانم خەت دا و ئەمنیش چم نەبوو نیشانی بدەم، گوتی: کوا مەشقەکانت؟

- نیمە، نەمنووسیوەتەوە!

: بۆ نەتنووسیوتەوە؟

- زۆر بوو، دەمزانی ناتوانم ئەو هەموو دەرسە بنووسمەوە

: بڕۆ شووڵکێکی تەڕم بۆ ببڕە. میتر و نیوێک درێژ بێ. قامکی دۆشاو مژە و ئەسپێ کوژەی بە یەکەوە قڵفە کرد، یانی ئەوەندە ئەستوور بێ، هیچ گرێی تێدا نەبێ.


ئەوەم زۆر پێ خۆش بوو. هیچ نەبێ ماوەیەکی دیکەش خۆم لە لێدان دەدزیەوە. چوومەوە ماڵێ چەقۆیەک بێنم، نەبوو. هەرچۆنی بوو دایکم کێردێکی بۆ پەیدا کردم. وەنێو باغی ئاوایی کەوتم. زۆر گەڕام و چەند جار دەوری ئەو باغەم سەنگ و سووژن دا، شووڵکێکم بەو مواسفاتەی ئەو دەست نەکەوت. چوومەوە ماڵێ. کێردەکەم داوە بە دایکم، بابۆڵەیەکم خوارد و بە ترس و لەرز چوومەوە مەدرەسە. وەختێکی زۆری بۆ کۆتایی ئەو رۆژەی مەدرەسە نەمابوو. کە وەژوور کەوتم، هەموان لە پاڵ تەختە رەشەکە ریز کرابوون. دارێکی پەیدا کردبوو و لێی دەدان. هەموان خەریک بوون هوویان لە دەستیان دەکرد تا ژانی لێدانەکە هێور بکەنەوە بەڵام هەستم کرد معەللیمەکە لە لێدان ماندوو بووە و خاو بۆتەوە.

: کوا شووڵک؟

- وەڵا شووڵکی وام دەست
نەکەوت!

: دەستت بگرەوە

دەستم راگرت دوو داری
چاکی لە دەستم دا.

هەموانی دەنگ دا بچن
دانیشن. ئەمنیش وێڕای ئەوانی دیکە چووم دانیشتم. پاش چەند خولەکیش: هەستن بڕۆنەوە. بەو جۆرە دوو حەفتەر ترس و لەرزم لە نەنووسینەوەی مەشقی مەدرەسە و لێدانی مامۆستا کۆتایی هات. بەڵام نامەی گۆرین بۆ بەرنامەی ئێمە و گوێگرەکانی رادیۆ تاران هەر وا لە ڕێدا بوو. هەینی هات و نیوەڕۆ بە تامەزرۆییەوە لە پەنا رادیۆ دانیشتم. نامەیەک و دوان خوێندرانەوەو نۆرە گەیشتە نامەی محەممەدی م... تێیدا زۆر بە تەسەلی باسی ئازار و ئەشکەنجەی معەللیمی مەدرەسەی پیروەلی باغی کرابوو. وێژەر داوای لە بەرپرسانی ئاموزش و پەروەرشی مەهاباد کرد بەدواداچوون بکەن و لێی بکۆڵنەوە. سەرەنجام دەنگمان بە جێگایەک گەیشتبوو و خۆشحاڵ بووین. سبەی هەموومان بە خۆشحاڵی و بە دڵنیاییەوە محەممەد بە ترس و لەرز، چووینەوە مەدرەسە. خالید لە هەمیشە تووڕە و تۆسنتر بوو. بەڵام دیار بوو ترسی لێ نیشتبوو. هیندەی لە بیرم بێ محەممەدی ئەزیەت دا و لێی دا. سمایل کە کوڕە پووری بوو لە سەری وەجواب هات. سەعدوون هەستا گوتی هەموومان نووسیومانەو ئێمەش پشتمان گرت. معەللیم هەستی کرد لەگەڵ کودەتا بەرەوروو بۆتەوە بەڵام هەڕەشەی لەو و لە هەموومان کرد کە نابێ پشتی ئەو نامەیە بگرین و.. دوو رۆژ دواتر مەعمور لە ئامووزش و پەروەرشی مەهابادەوە گەیشت. هێندێک شتی لە ئێمە پرسی و پاشان لە گەڵ خالید کۆ بۆوە. بە دوای ئەوەدا هەناسەیەکمان هاتەوە بەر.
ئەگەرچی لێدان کۆتایی نەهات بەڵام ئیدی وەک جاران نەبوو.

بابەتی نوێ:

حیزب وەک سەنتەر، ستراتژیی حیزب وەک سەنتێز

سەردەمی ئێستا، سەردەمی بەئاگاهاتنەوەی هەرچی زیاتری نەتەوە بندەستەکانە. سەردەمی ‏هەوڵدانی بە کۆمەڵی کۆمەڵگا ژێردەستەکان بۆ سڕینەوەی سێبەری دا...