۱/۳۱/۱۴۰۱

وەفایەک بۆ هونەرمەند قادری سەیاحی

 کۆتاییەکانی بەهاری ساڵی ۱۹۹۸، ئێمە چەند ڕەفیق بووین کە لە شاری هەولێر بە پەناخوازی لە خانوویەکدا دەژیاین. پێشنیوەڕۆ بوو کە لە دەرگای ماڵەکەمانیان دا. کاتێ دەرگام کردەوە پیاوێکی پرچنی سمێڵ گەورە لەگەڵ کوڕێکی گەنج کە دەفەیەکی بە شانیدا دابوو، لە پشت دەرگا ڕاوەستابوون. بە دوای پێوشوێنی کەسێکدا هاتبوون کە بەر لە ئێمە لەو ماڵە یان لە جیرانەتیی ئەو ماڵەدا ژیابوو. میواندارییەکی فەقیرانەمان کردن. زانیمان کە پیاوە پرچنەکە هونەرمەند قادری سەیاحی‌یە.

من پێشتریش ناوی قادری سەیاحیم بیستبوو و لەگەڵ بەشێک لە کارەکانی ئاشنا بووم. گۆرانییەکانی ئەوکات و ئێستاش بە ژمارە کەم، بەڵام هەرمانن. ئەو وێنانەم دیبوون کە لە پشت یەکێک لە ژمارەکانی گۆواری سروە و لە ڕاپۆرتێکی گۆوارەکەدا لەگەڵ کۆڕی موسیقای سروە وەک ڕێبەری کۆڕەکە کلارینێتەکەی بە دەستەوە بوو. چەندان جار سەیری فیلمی «عروس حلبچە» (بووکی هەڵەبجە)م کردبوو و چێژم لە مۆسیقا و گۆرانیە کوردیەکانی ئەو فیلمە وەرگرتبوو کە کاری کاک قادر سەیاحییە. تەنانەت ئەوەشم دەزانی کە لە خوڵقاندنی مەقامی "تۆ دەریامی" لە شێعری کاک سوارە و بە دەنگی هونەرمەند عەزیزی شاڕوخ-دا دەستی هەبووە. بەڵام دیتن و دیدار لەگەڵ ئەو هونەرمەندە تام و چێژێکی دیکەی هەبوو. پیاوێکی قسەخۆش کە لە قسە کردندا بن-لەهجەیەکی زمانی فارسی هەبوو. دیار بوو کەمتر لە کوردستان و زیاتر لە شارەکانی ئێران ژیاوە. گەرچی زۆربەی کارەکانی کوردین. لەوێ بۆی درکاندین کە لە باشوور کارەکانی بە ناوی "سەعیدی قەندی" ناسراوە. تەنانەت بەسەرهاتی چۆنیەتیی خوڵقانی ئەو ناوەشی بۆ باس کردین کە بە داخەوە لە بیرم نەماوە. بەردەوام بەسەرهاتی هاتنی خۆیانی بۆ دەگێڕاینەوە کە بۆ ئەوەی پێشیان پێ نەگرن، بە شەو هاتوون و بۆ ئەوەی پرسیاری لێ نەکەن خۆی دە خەو کردووە، بەڵام لەسەر سنوور هەر ڕایانگرتوون و پاسدارەکە چرای دە چاوی گرتووە و پێی گوتووە «کوجا میری؟!» دیاربوو ئەوەی زۆر لە دڵ گران هاتبوو کە بەردەوام دەیگوتەوە؛ کوجا میری؟!! بە دوای وێژەر کاک محەممەدی کەریمیدا دەگەڕا کە ئەوکات لە مێدیاکانی پارتیدا دەوری هەبوو. کۆنە ڕەفیق بوون. پێی دەگوت مچول! ئێوارەی هەر ئەو ڕۆژە ماڵاوایی لە ئێمە کرد و یەک - دوو شەو دواتر ئێمە بە دیار بەرنامەیەکی راستەوخۆ لە کوردستان تیڤیدا کاک قادری سەیاحیمان دیتەوە. بەڵام وەک دەڵێن میوان حەزی لە چارەی میوان نایە؛ ڕۆژ یان ڕۆژانی دواتر بیستمانەوە کە بە داخەوە کاک محەممەد لای پارتی بۆی تێچاندوون و کاک قادر و هاوڕێکەی زۆر زوو بە دڵئێشاوی گەڕاونەتەوە.

ڕەوانی هونەرمەند قادری سەیاحی شاد بێ و بنەماڵەی سەیاحی و بنەماڵەی گەورەی هونەری کوردی ساغ و سەرکەوتوو بن.

--------------------------------

ئەوەی خوارەوە یادێکە لە هونەرمەند قادر سەیاحی کە لە سەر داوای بەڕێوەبەریی "کوردستان" ئۆرگانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات بۆ ئەو ڕۆژنامەیە نووسراوە و لە ستوونی بەر لە ماڵاوایی دا بڵاو کراوەتەوە

وەفایەک بۆ وەفادارێ

کاری ئامادەکردنی بابەتەکانی ئەم ژمارەیەی کوردستان گەیشتبووە کۆتایی کە خەبەر گەیشت بە داخەوە شەوی ٢٨ی خاکەلێوە هونەرمەندی بواری موزیک‌و گۆرانی کاک قادر سەیاحی لە تەمەنی ٧٩ ساڵی‌دا لە شاری خۆی کۆچی دوایی کردووە. کاک قادر لەو هونەرمەندانە بوو کە ئەگەرچی ڕادەی گۆرانییەکانیان زۆر لە ژمارەی پەنجەکانی دەست زیاتر نین بەڵام هەرمانن‌. بەشی هەرە زۆری گۆرانییەکانیشی ئەو کاسێتە بوو کە ساڵی ١٣٥۱ لە رادیۆ مەهاباد بە هاوکاریی ئۆرکێسترای موزیکی ئەو ڕادیۆیە تۆماری کرد. ئەو گۆرانیانەش کە بە گۆرانی هەڕەتی لاوەتیی هونەرمەند دێنە ئەژمار، بەرهەمی کوڵ و کۆی دەروون‌و ئاگری ئەوین بە کیژێکی کورد بوو. ئەوینێک کە بە ئاکام نەگەیشت‌. ئەو گۆرانیانە بەرهەمی ئەو ئەوینە ناکامەو گۆرانیی دڵی هونەرمەندن و وەک دەڵێن ئەوەی لە دڵەوە بێ لە دڵیش دەنیشێ.

دوای ئەوە قۆناغی دووهەم لە ژیانی هونەریی هونەرمەند دەست پێ دەکا. قۆناغێک کە لەودا ئۆگرانی دەنگی ئەو هونەرمەندە بەردەوام گۆرانی لێ نابیسن‌. لەوە بە دوا ئەو زیاتر وەک ژەنیاری کلارنێت، وەک ئاوازدانەر یان دابەشکاری موزیک لە گەڵ هونەرمەندانی دیکەدا جێ پەنجەی دیارە. لەوانە هاوکاری لە گەڵ کاک عەزیزی شاروخ بۆ وێنە لە خوڵقاندنی مەقامی "تۆ دەریامی" یان دابەشکاریی موسیقای بەشێکی بەرچاو لە گۆرانیەکانی شەهید جەماڵی مفتی کە کاری نەمر قادری سەیاحین. هەر لەو قۆناغەدا بە بەشداری لە بۆنەو کۆبوونەوە سیاسی‌و حیزبیەکانی دوای شۆرشی ٥٧ و ئەو دۆخە ئازادیەی کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاتە ئاراوە،‌ هونەرەکەی بۆ خزمەت بە ئازادی‌و ڕزگاریی نەتەوەکەی بە کار دەهێنا. کاک سەعیدی بەگزادە کە ئەو سەردەم یەک لە کادرەکانی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی مەهاباد بوو، بۆی گێڕامەوە کە؛ پاش ئینشعابی کۆنگرەی چوار، ئێمە هەولمان دا زیاتر بە کاری هونەری خەلک لە دەوری لاوان‌و حیزب کۆبکەینەوە. کاک قادر خۆی‌و دەنگی‌و کلارنێتەکەی هەمیشە دەگەلمان بوو. لە شاری مەهاباد، بۆکان، دێهاتەکانی مەنگورایەتی چ کاری هونەریمان بووبێ (شانۆ) چ سوخەنرانی، کاک قادر لە بەرنامەکاندا دەگەڵمان بەشدار بوو."

کاک قادر سەیاحی کە دوای ئینقلابی ١٣٥٧ پێوەندی بە حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە گرت‌و وەک پێشمەرگە لە ریزەکانی حیزبی دێموکرات‌دا خەباتی دەکرد، ساڵی ١٣٥٩ بە هۆی ئاستەمتر بوونی خەبات‌و پێشمەرگایەتی گەڕایەوە مەهاباد. ئەوەش ئەو سەردەمە بوو کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئەوپەڕی توانای خۆی بۆ ترساندنی خەڵکی کوردستان‌و سەرکوتی خەباتەکەی تەرخان کرد. لەم قۆناغەدا تا ساڵی ١٣٦٦ جموجۆڵێکی هونەریی زۆر لە هونەرمەند قادر سەیاحی نابیندرێ. بەڵام لەو ساڵەدا کارەساتی شیمیابارانی هەڵەبجە هەم لە بەر قورسیی کارەساتەکە و قووڵی ئەو برینە لە جەستەی خەڵکی کوردداو هەمیش دوژمنایەتیی دوو داگیرکەری ئێران‌و عێراق لە گەڵ یەکتر، تا ڕادەیەک بواری بۆ هونەرمەندانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش خوڵقاند تا هونەرەکەیان بکەن بە زمانی هاواری نەتەوە زۆر لێکراوەکەیان. قۆناغی سێهەمی تێکۆشانی هونەریی نەمر قادری سەیاحی لەو سەردەمەدا هاتە ئاراوە. ئەو جار ئەو وەک مامۆستایەکی موزیکی کوردی گەڕایەوە ناو گۆڕەپانی هونەر. وەک ئەندامی کارای کۆڕی موسیقای سروە، بە گوتنی گۆرانی و ژەنینی ئامێری کلارنێت لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌و ئێران کۆنسێرتی بۆ لە قاودانی کارەساتی هەڵەبجە‌و کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ لێقەوماوانی ئەو شارە شیمیایی لێدراوە بەڕێوە برد. هەر لە گەڵ ئۆرکێسترای سروە کاری ئاواز دانان و دابەشکردنی موسیقای بۆ گۆرانیی کۆمەڵێک لە گۆرانیبێژانی لاوتر لەوانە عەلی زەندی و ئەحمەد لاوە کرد. ترۆپکی تێکۆشانی هونەریی هونەرمەند قادری سەیاحی لەو قۆناغەدا خوێندنی گۆرانی‌و ساز کردنی بەشێک لە موزیکی فیلمی بووکی هەڵەبجە بوو.

ساڵی ١٣٧٨ بە کەلک وەرگرتن لەو دۆخە ئازادەی لە باشووری کوردستان هاتە ئاراوە، هونەرمەند قادر سەیاحی سەردانی شاری هەولێری کردو لە بەرنامەی راستەوخۆی تلویزیۆنی‌دا بەشداری کردو گۆرانی گوت. هەر لەو دەرفەتەش‌دا جارێکی دیکە لە گەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان و هاوڕێیانی سەردەمی پێشمەرگایەتی دیداری نوێ کردەوە و وەفاداریی خۆی بۆ حیزبەکەی دووپات کردەوە. کاک مستەفا مەولوودی کە لەو دیدارەدا بەشدار بوو، گێرایەوە کە لەو دانیشتنەدا "باسی پێشمەرگایەتیی خۆی، حیزبایەتی و ئۆگریی زۆری خۆی بە حیزبی دێموکرات‌و بە تێکۆشانی حیزبی دەربڕی‌و سۆزو خۆشەویستیی زۆری بۆ حیزبی دێموکرات دووپات کردەوە."

تەرمی پیرۆزی نەمر قادری سیاحی لە ناو ئاپۆرای ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان‌و هونەردۆستانی کورد، لە گردی شاعیرانی شاری مەهاباد تەسلیم بە خاکی پیرۆزی کوردستان کراو ئۆگرانی بە گوتنەوەی گۆرانیی "هەر ئەمنم ئەو کەسەی ژینی بۆ تۆ ماوە" وەفاو خۆشەویستییان بۆ ئەو هونەرمەندە نەمرە دووپات کردەوە.

بابەتی نوێ:

حیزب وەک سەنتەر، ستراتژیی حیزب وەک سەنتێز

سەردەمی ئێستا، سەردەمی بەئاگاهاتنەوەی هەرچی زیاتری نەتەوە بندەستەکانە. سەردەمی ‏هەوڵدانی بە کۆمەڵی کۆمەڵگا ژێردەستەکان بۆ سڕینەوەی سێبەری دا...