لە بەیتی گیلگەمێشدا دوو کەسایەتی هەن کە بەپێی نێوەرۆکی چیڕۆکەکە، خەڵکی خۆجێیی نین و چیایین؛ خومبابا یان هومبابا و ئەنکیدۆ. ئەوان لە ڕاستیدا پاسەوانانی دارستانن و ناهێڵن پێی بێگانە لە دارستانی کونار (سەدر) بکەوێ. بێگانەش سۆمەرییەکانن کە لە باشووری زاگرۆس دەژین، چاوی تەماحیان لەو چیا و دارستانانە بڕیوە و خاوەن و خوڵقێنەری چیڕۆکەکەن. دیارە لە ڕوانگەی چیڕۆکەکە ئەو دوو کەسایەتییە سەرەڕای هەستی بەربەرەکانێ و ڕۆحی تەسلیم نەبوویان، دوو کەسایەتیی جیاوازن و دوو ڕێچکە و دوو چارەنووسی جیاوازیش دەگرنە بەر. هەرچی هومبابایە ئەوە لەسەر بەربەرەکانیی خۆی پێداگرە و سەرەنجام گیانی لەسەر دادەنێ بەڵام ئەنکیدۆ بە ژنێک هەڵدەفریوێ و سەرەنجام دەبێ بە جاشی گیلگەمێش و بەشداری لە کوشتنی هومبابادا دەکا.
ڕەنگە ئەم زاگرۆسی بوونە هۆکار بێ کە ناوی ئەو دوو کەسایەتییە دەتوانن ڕیشەیان لە زمانی کوردیدا هەبێ. سەبارەت بە ناوی خۆمبابا کە بە هومباباش تۆمار کراوە، لە موکریان بە کەسێک کە وەک ئەو، قەڵەو و کەتە بێ، دەڵێن هومبە. دیارە ئەگەر بمانهەوێ وشەکە تەتەڵە بکەین ئەوە دەبێ بە بابای هۆم یان خۆم کە دەکرێ مەبەست خودا یان خاوەنی خواردنەوەی هۆم بێ کە لە کۆندا خواردنەوەیەکی ئایینی بووە. هەرچی ئەنکیدۆشە، ئەوە لە عەگید بە واتای ئازا و پاڵەوان، نیزیکە.
| گیلگەمێش و ئەنکیدۆ خەریکن هومبابا دەکوژن |