۷/۱۲/۱۴۰۵

لە فەوزی‌یەوە بۆ فەوزی

کۆماری کوردستان خۆی بەرهەم و چۆڕاوەی کۆمەڵێک هەوڵ و تێکۆشانی دەیان ساڵەی دەیان و سەدان تێکۆشەری کورد بوو کە سەرەنجام لە دووی ڕێبەندانی ١٣٢٤ی هەتاوی (١٩٤٥)دا لەدایک بوو. دوو لەو تێکۆشەر و مامۆستایانەی کە بۆ وەدیهاتنی ئەو خەونە سەدان ساڵەیەی کورد ڕۆڵی گرینگ و کارایان گێڕا بەڵام هەتا ئێستا کەمتر باس کراون، مەلا ئەحمەدی فەوزی، شێخ ئەحمەدی سریلاوان. ئەم بابەتە بەدواداچوونێکی نە زۆر چڕ و مەیدانییە بۆ ناسین و ناساندنی ئەو دوو تێکۆشەرەی کورد کە بەردەوام ئاماژە بە ڕۆڵ و کاریگەریی ئەوان بەر لە پێکهاتنی ژێکاف و کۆماری کوردستان کراوە؛

مامۆستا هێمن لە پێشەکی بۆ پێکەنینی گەدای مامۆستا حەسەن قزڵجی‌دا دەنووسێ: "لەو سەردەمە تاریک و تنووک و ئەنگوست لە چاوەدا (سەردەمی ڕەزا شا - نووسەر) لە مەڵبەندی موکریان بۆ بەربەرەکانی دەگەڵ سیاسەتی تواندنەوەی کورد، کۆمەڵێکی نهێنی لە زانایان و ڕووناکبیران و گەورەپیاوانی کورد بە ڕابەریی مامۆستا مەلا ئەحمەدی فەوزی، سەیفی قازی، پێشەوای نەمر، قازیی بۆکان شێخ ئەحمەدی سریلاوا و گەلێکی تر لە ڕووناکبیری ئەو سەردەمە پێک هاتبوو کە ئامانجی ئەساسی و هەرە گەورەیان پاراستن و پەرەپێدان و بووژاندنەوەی زمان و ئەدەبی کوردی بوو. کتێب و ڕۆژنامەی کوردییان کە لە عێراق بڵاو دەبوونەوە بە زەحمەت پەیدا دەکرد و بە ئیحتیاتەوە بەسەر لاوانی بڕوا پێکراودا بڵاو دەکردەوە تا فێری کوردی خوێندنەوە بن.

کەریمی حیسامیش لە پێشەکیی کتێبی "کاروانێک لە شەهیدانی کوردستانی ئێران"دا ئاماژەی بە ڕۆڵی مامۆستایانەی ئەو دوو تێکۆشەرە بەر لە دامەزرانی ژێکاف کردوە و دەڵێ: "لە ساڵەکانی ١٩٣٠ - ٣٧دا کۆمەڵێکی زۆر پچووکی سیاسیی کورد دامەزرابوو کە لەگەڵ ڕاپەڕینی ئارارات و خۆیبوون پێوەندی هەبوو وە لەگەڵ کوردستانی عێراقیش جارو[بار] پێوەندی ڕادەگرت. ئەوانەی لە بەڕێوەبەریی ئەم کۆمەڵە پچووکەدا ناسرابن، بریتی بوون لە قازی محەممەدی شەهید، شێخ ئەحمەدی سریلاوا، قازی کاکە حەمەی بۆکان (محەممەد سادقی قزڵجی) وە مەلا ئەحمەدی فەوزی. پێویستە دەوری مەلا ئەحمەدی فەوزی وەبەرچاو بگیرێ کە لە ڕووناکبیرەکانی سەردەمی شەڕی هەوەڵی جیهانی بوو. لە سلێمانی‌یەوە هاتبووە موکریان و لە وریا کردنەوەی هەستی نەتەوایەتی و دامەزرانی ئەو کۆمەڵە سیاسییە پچووکەدا  نەخشێکی باڵای هەبوو."

لەم نێوەدا مامۆستا هێمن ڕۆڵ و کاریگەریی فەوزی لەسەر تێکۆشەرانی دواتر بە زیاتر دەزانێ و بۆ وێنە لە پێشەکیی "پێکەنینی گەدا"دا دەڵێ:  ئەوان بەتایبەتی مامۆستا فەوزی دەستەیەک لاوی ڕووناکبیریان پێ گەیاندن کە لە دواڕۆژدا شاعیر و نووسەری زۆر خزمەتکار و بەناوبانگیان لێ هەڵکەوت. یەکێک لە دەسپەروەردەکانی و هاوبیرەکانی ئەوان کاک حەسەنی قزڵجیی خۆمانە. کە هەر لەو دەمیڕا فێری کوردی خوێندنەوە ببوو.

هێمن پێی وایە فەوزی لە هەموو کەس زیاتر کاریگەریی لەسەر ئەودا داناوە و لە پێشەکیی تاریک و ڕووندا بە درێژی باسی ئەو ڕۆڵ و کاریگەرییەی کردوە؛

"[..]خەریک بووم شتێک بە شتێک بکەم کە بابم تێگەیشت ئەو ماوە عومرەم بە زایە چووە و لە خانەقا نەمخوێندووە، ڕای گوێزتم بۆ کولیجە. ئەویش مڵکی خاڵم بوو و مامۆستا فەوزی لەوێ مەلایەتی دەکرد.
دەبێ بڵێم من دەسکردی فەوزیم. ئەو ھەڵی وەشاندمەوە و تێکی ھەڵشێلام و سەرلەنوێ دروستی کردمەوە. ئەو دەرکی زانین و فێربوونی بۆ کردمەوە. ئەو ڕێگای ژیانی پێ نیشان دام. بێگومان ئەگەر نەچووبامە خزمەت فەوزی و لەکن ئەو مامۆستایەم نەخوێندبا ڕێبازی ژیانم ئەو ڕێبازە نەدەبوو کە گرتم و پێیدا ڕۆیشتم و ئێستاش بەرم نەداوە.
ئەو تێی گەیاندم من ڕۆڵەی کوردم و کوردیش نەتەوەیەکی بێ بەش و چارەڕەش و زۆرلێکراوە و دەبێ ڕۆڵەکانی لەپێناوی ڕزگارکردنیدا فیداکاری بکەن و لەخۆبوردوویی نیشان بدەن. ئەو فێری کردم زەوقی ئەدەبیم چۆن تیف تیفە بدەم و مشتوماڵی بکەم. ئەو فێری کردم چۆن بنووسم و چۆن شێعر بڵێم. ئەو فێری کردم وڵاتەکەم خۆش بوێ و پێی ھەڵبڵێم. ئەو حاڵی کردم کوردی زمانێکی ڕەوان و بەربڵاو و دەوڵەمەندە و دەکرێ ئەدەبێکی گەورە و دنیا پەسندی ھەبێ.
ئەو حاجی قادری کۆیی، نالی، کوردی، سالیم، مەولەوی، حەریق، مەحوی، ئەدەب و، وەفایی پێ ناساندم و شێعرەکانی ئەوانی بۆ شی کردمەوە. ئەو فێری ڕۆژنامەخوێندنەوە و ڕۆمان خوێندنەوەی کردم. ئەو دیوانی شاعیرە شۆڕشگێڕەکانی فارسی بۆ پەیداکردم و ھانی دام بیانخوێنمەوە و شتیان لێ فێربم. بەڵام سوێندی دام قەت بە فارسی شێعر نەڵێم و ھەتا بۆم دەکرێ بە کوردی بنووسم.
ساڵ و نیوێک لە خزمەت ئەو خوێندم. بەیانان لەگەڵ گزینگ دەکەوت، دەچوومە ماڵی مامۆستا و زۆر ڕۆژی وا ھەبوو، تا بانگی نیوەڕۆی دەدا و مامۆستا ھەڵدەستا بۆ نوێژ دەرسم دەخوێند و ھیچمان ماندوو نەدەبووین. کەم وابوو لەسەر کتێب دەرسم پێ بڵێ، دوڕوگەوھەری نایابی لە دەریای قووڵ و بێ بنی زانستی خۆی دەردێنان و لە کۆشی منی ھەژاری چاو لەدەستی دەکردن. بەڕاستی مامۆستا و شاگرد نەبووین پیر و مورید بووین. من تا ڕادەی پەرستن ئەوم خۆش دەویست و ئەویش منی بە کوڕی خۆی دەزانی. ئەگەر ڕۆژێک نەمدیبا ئارەزووم دەکرد. جومعە و سێشەممۆمان نەبوو. ئەو لە پێگەیاندنمدا بە پەلە بوو، منیش تامی تێگەیشتنم کردبوو و قەت لە خوێندن و خوێندنەوە و گوێ ڕاگرتن لە مامۆستا وەڕەز نەدەبووم.
پاش نیوەڕۆیانیش لەباتی مامۆستا دەرسم بە کچ و کوڕە گچکەکانی خاڵم دەگوت، ئەویش دوو قازانجی ھەبوو. ھەم زانیاری خۆم بەرەو ژوور دەچوو و ھەم زەحمەتی مامۆستام کەم دەکردەوە.
فەوزی بە بڕوای من یەکێکە لە گەورەپیاوانی مێژووی کوردستان، کە داخەکەم شوێنەوارەکانی فەوتان و خۆشی لەبیر چۆتەوە. ئەو لاوە کوردانەی لە سەردەمی پاتشایەتی ڕەزاخانی پەھلەویدا کە بە تەقلیدی ئاتاتورک خەریک بوو گەلی کورد لە کوردستانی ئێراندا بتوێنێتەوە و یەکێک لەو سێ کوچکە ئاورە بوو کە پەیمانی سەعدئابادی پێک ھێنابوو، ئازایانە کوردایەتیان دەکرد، یا ڕاستەوخۆ شاگردی فەوزی بوون یا شاگردی شاگردەکانی ئەو. بەتایبەتی پێشەوا قازی موحەمەدی شەھید شانازی بەوەوە دەکرد کە شاگردی فەوزی بووە.
مەلا ئەحمەدی فەوزی یا مەلای سولێمانی کێ بوو؟ چکارە بوو؟ بۆ پەڕیوەی مەڵبەندی ئێمە ببوو؟ نازانم. من ئەودەمی ئەوەندەم مەبەست نەبوو ئەوانە بزانم. لە ڕووشم ھەڵنەدەھات لێی بپرسم، بۆ خۆشی ھیچ باسی خۆی بۆ نەکردووم. ئەوەندە دەزانم دەیانگوت خەڵکی شاری سولێمانییە و لە کوردستانی عێراقەوە لەگەڵ شێخەلیسلامی گەورەدا کە لە پێش بابمدا شێخەلیسلامی موکریان بووە و ھەر لە بنەماڵەی مەلا جامی بووە، ھاتۆتە موکریان. پاش مردنی شێخەلیسلام ژنەکەی ئەوی مارە کردبۆوە و کچێکی لێ ھەبوو کە بە جوانەمەرگی مرد. ژنێکی دیکەشی ھێنا و کچێکی تریشی لەوی بوو. وا بزانم ماوە و مێردی کردووە. بۆ خۆی لە ساڵی ١٣٢٢ (١٩٤٣) دا لە گوندی حاجی کەند مرد و لە خانەقای شێخی بورھان نێژراوە. کتێب و نووسینەکانی وەگیر زاواکەی کەوتن کە ھیوادارم نەفەوتابن. وەک بیستوومە پاش مردنی ١٤٠ تمەن دراو و دوو ماینی میرات لێ بەجێ ماوە.
فەوزی زانایەکی گەورە، ئەدیبێکی کەم وێنە، کوردێکی پاک و بێ باک بوو. بەڵام شاعیرێکی باش نەبوو. بیرێکی تیژ و وردی ھەبوو، ئەمما تەبعەکەی ئەوەندە ڕەوان نەبوو بتوانێ بیخاتە ناو چوارچێوەی شێعری عەرووزییەوە. ئەو دەمیش شێعری سپی نەببووە باو. جاروبار شێعری خۆی بۆ دەخوێندمەوە. بەڵام ھیچ بەدڵم نەبوون. جارێکی قەسیدەیەکی درێژی فارسی بۆ خوێندمەوە و نەشیگوت پێت چۆن بوو؟ گوتم باش نەبوو. وا دیار بوو خۆشی زۆری خۆش نەدەویست پێکەنی و گوتی: ھی خۆمە. بەڵام بۆ کەس وەک تۆ بیر و بڕوای خۆی دەرنابڕێ و بۆ ھەرکەسم خوێندۆتەوە گوتوویانە زۆر باشە؟ گوتم قوربان لەسایەی تۆوە من وام لێ ھاتووە شێعری باش و خراپ لێک بکەمەوە. ئەوجار قاقا پێکەنی و گوتی دیارە نەک ھەر باش نین، بەڵکە خراپیشن و کاغەزەکەی ورد ورد کرد.
درۆ نەبێ لە خۆیم نەبیستووە، بەڵام بیستوومە زۆر دۆستی عاریف سایب بووە. ئەوەشم بیستووە چەند جار مەحموود جەودەت ھاتۆتە موکریان و لە ماڵی ئەودا خۆی شاردۆتەوە و لەگەڵ خەڵک تەماسی سیاسی گرتووە، تەنانەت بیستوومە کۆمەڵەی ژینەوەشیان دروست کردووە. بەڵام ھەر گوتەیە و زۆر جێگای متمانە نییە. مامۆستا غەزەلێکی حافزی تەخمیس کردبوو کە لەناو شێعرەکانیدا پەسندم کردبوو. ئەوەش بەندێک لەو تەخمیسەیە کە بە بڕوای من وەستایانەیە.
گهی شوی ز امیران پادشه محسوب
گهی وزیر و بدرگاه پادشه محبوب
گهی شوی بسر دار ناگهان مصلوب
به چشم عقل دراین رهگذار پرآشوب
جهان و کار جهان بی ثبات و بی محل است

(هێمن لە لاپەڕە ٢٧ی پێشەکیی تاریک و ڕوون‌)


هێمن لە "ئەزموونی شاعیریم"دا جارێکی دیکە ئاماژەی بەو شوێندانەری و کاریگەرییەی فەوزی لەسەر خۆی کردۆتەوە. لە زۆر جێگایانیش شانازیی بە خۆی کردوە کە قوتابی فەوزی بووە:  لەبیرمە شەوێکی لە دیوەخانی میرزا ڕەحمەتی شافیعی، ڕەحمەتی خوای لێ بێ، کۆمەڵێک گەورە پیاو و شێعرناس کە ئەوی لەبیرم مابێ یەکیان مامۆستای مەزن تورجانیزادە بوو، تاریفی ئەو شێعرەیان دەکرد. کە مەلا مارف بۆ شافیعی ناردبوو. من بە ئەدەب لەسەر چۆک دانیشتبووم و متەقم نەدەکرد تا گەیشتنە ئەم شێعرە:
 

جائیزەی شێعرم لە تۆ ناوێ مەگەر بارێ ڕەژی

تا سەر و ڕووی دوژمن و بەدخواهی تۆی پێ ڕەش بکەم

ئەو دەم وەدەنگ هاتم و گوتم ئەم شێعرە مانایەکی دیکەشی لە بندا هەیە ئەویش ئەوەیە کە میرزا ڕەحمەت ئەوەندەی دوژمن و بەدخواهـ هەیە کە بارێک رەژیان دەوێ تا مەلا مارف ڕوویان پێ ڕەش بکا. مامۆستا تورجانیزادە تاوێک مات بوو و گوتی: «ئافەریم ڕۆڵە تۆ کێی؟» خۆم پێ ناساند گوتی: «لەکن کێت خوێندووە؟» گوتم: «لەخزمەت مامۆستا فەوزی» گوتی: «ئەوە بۆیە شتی وا دەزانی». (هێمن - چەند نوکتەیەک لەبارەی مێژووی ئەدەبی کوردی - کتێبی هەواری خاڵی)

هێمن هەروەها پێشەوا قازی محەممەدیش بە قوتابیی فەوزی دەزانێ و دەڵێ: پێشەوا قازی موحەمەدی شەھید شانازی بەوەوە دەکرد کە شاگردی فەوزی بووە.

ئەو هەروەها هەژاریش بە قوتابییەکی ناڕاستەوخۆی فەوزی دەناسێنێ و لەم بارەوە دەڵێ: بە مێرمنداڵی لە خانەقای شێخی بورهانی خوێندووە کە دەتگوت کەشتیی نوحە و هەموو توخم و تۆوێکی لێ کۆ ببۆوە. هەر شێوە و زاراوەیەکت بویستایە دەبەر دەستدا بوو... لە پەرێز و خێرۆکی پیران و زانایانی وەک: سەید ڕەشید و سەیفی قازی و شێخ محەممەد و مامۆستای فەوزی دەسکەنەی کردووە و گوڵی هەڵگرتوونەوە...(هێمن - وتەیەک لە پێشەکیی شەرەفنامەدا - کتێبی هەواری خاڵی)

هەژار بۆخۆشی لە پەسنی فەوزیدا دەنووسێ: زۆر عالم، زۆر کورد، شاعیر، ئیتر وەک ئاردی بەهار بۆ هەموو شت دەبوو. نسحەت و ڕێ شاندانی ئەو، بیری کوردایەتی خستە مێشکی زۆر لە لاوانی ئاشنای. دنەدانی ئەو هێمنی کردە شاعیر. پاش مەرگی بابم زۆری پێ ناخۆش بوو کە ناچارم دەست لە خوێندن بەردەم، دەیگوت زۆر حەیفە تۆ نەخوێنی.. (چێشتی مجێور. ل. 35)

بێجگە لە هێمن و هەژار، کەسێکی تر کە لە نیزیکەوە فەوزی دیتوە و شاهیدی بۆ تێکۆشانی سیاسیی فەوزی لە موکریان داوە، مەلا عەبدوڕەحمانی لاهیجانی‌یە. مامۆستا کە یەک لە تێکۆشەرانی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو، لەم بارەوە دەگێڕێتەوە؛ "...رۆژێ فەقێیەک له مەهابادەوە هاته لام و وتی هاتووم به دواتدا که بێی بۆ مەهاباد بۆ لای بەڕێز مەلا حەسەنی قزڵجی و مەلا محەمەدی تـورجانی زادە. پێم خۆش بـوو و پێکەوە چووین... داوایان لێکردم که گەشتێک بکەم بۆ کوردستانی عێراق بۆ لای سەید حوسێنی حوزنی له شاری رەواندز... سەرەتـای هاوینی ساڵی ١٩٣٢ لەگەڵ سێ فەقێی تـر چووینه کوردستانی عێراق... خۆمان به سەید حوسێن ناساند و رەمزی دڵنیاییمان پێ وت... رۆژانی هەینی لای ئەو وانەی سیاسی و نەتەوەخوازیی کوردیمان بۆ ماوەی ٦ مانگ خوێند و دواتر گەڕاینەوە ئێران و وانه و راسپاردەکانی ئەومان به قزڵجی و تــورجانی زادە و مەلا ئەحمەدی فەوزی گەیاند (وتووێژ لەگەڵ مامۆستا عبدالرحمن لاهیجانی، قەڵایەک لە ورە، دنیایەک لە ئیمان (بە بۆنەی کۆچی دوایی مەلا عەبدولڕەحمان لاهیجانی) بڵاوکراوەی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، چاپی یەکەم، خاکەلێوەی ١٣٨٢ی هەتاوی، ل. ٣٨.)

لە هەمان ڕاستادا، شەریف فەللاح لە بابەتی "گوتارە ڕۆشنبیرییەکان لە کوردستانی ئێران" نووسیویەتی: "له‌ نێوان ساڵه‌كانی‌ ١٣٠٩ تا ١٣١٦ی‌ زاینیی‌ گرووپێكی‌ بچووك له‌ مامۆستایانی‌ ئایینی‌ كورد له‌ موكریان چالاك بوون كه‌ له‌گه‌ڵ شۆڕشی‌ "ئارارات"‌و رێكخراوی‌" خۆیبوون"دا پێوه‌ندیان هه‌بوو‌و جارجار له‌گه‌ڵ كوردستانی‌ عێراقیش پێوه‌ندییان ده‌گرت. ئه‌ندامانی‌ چالاكی‌ ئه‌و گرووپه‌ بریتی‌ بوون له‌ : قازی‌ موحه‌ممه‌د، شێخ ئه‌حمه‌د سریلاوا، قازی‌ كاك موحه‌ممه‌د بۆكانی‌، مه‌لا موحه‌ممه‌د سادق قزڵجی‌‌و مه‌لا ئه‌حمه‌د فه‌وزی‌ بوون، كه‌سایه‌تی‌ هه‌ڵكه‌وته‌‌و به‌رچاوی‌ ئه‌م گرووپه‌ "مه‌لا ئه‌حمه‌د فه‌وزی‌" بوو كه‌ له‌ رێگای‌ سلێمانییه‌وه‌ هاتبووه‌ مه‌هاباد‌و له‌وێ‌ قوتابخانه‌یه‌كی‌ وانه‌ وتنه‌وه‌ی‌ پێكهێنا. مه‌لا ئه‌حمه‌د فه‌وزی‌، جیا له‌ وانه‌ ئایینی‌‌و مه‌زهه‌بیه‌كان، له‌ چوارچێوه‌ی‌ وانه‌كانی‌ خۆیدا وانه‌ی‌ كوردایه‌تی‌‌و نه‌ته‌وه‌خوازی‌ به‌ قوتابیه‌كانی‌ وتۆته‌وه‌.

بێجگە لەوانە، مەلا مارفی کۆکەیی شاعیریش جارێک لە شێعرێکدا کە مێژووی ١٣١٩ی بە ژێرەوەیە، ناوی فەوزیی وەک مامۆستای "سەید حەسەنی ئاجیکەند"، هێناوە:

نازانم ئەم قسوورە لە «ئاغایی فەوزی»یە      تەعلیمی تۆی نەکردووە جوز ڕەسمی لا و لەم

بەڵام ئەوە کە مەلا ئەحمەدی فەوزی یا مەلای سولێمانی کێ بوو؟ چکارە بوو؟ بۆ پەڕیوەی مەڵبەندی موکریان ببوو؟ دیوانی شێعرەکانی کوا و بەرهەمەکانی چیان بەسەرهات؟ ڕیزە پرسیارێکن کە سەرەڕای ئەو بابەت و بیرهێنانەوانەی سەرەوە، هەتا ئێستاش وڵامی ڕوونیان نییە.

مامۆستا هەژار هەر لە چێشتی مجێوردا و لە باسی فەوزیدا دەنووسێ؛ "مەلایەکی خەڵکی عەبابەیلی شارەزوور بوو. شێخ مەحموود لە پاش کوژرانی عیرفان ئەفەندی ویستبووی فەوزی کە شاگردی عیرفان بووە بکاتە ڕاوێژکەری. فەوزی لە ترسان پەڕەوازەی وڵاتان بووە. ماوەیەک لەناو کەڵهوڕ بۆتە مەلادێ. هاتبووە موکریان و لە گوندی ئاجیکەند دەژیا. (چێشتی مجێور ل. ٣٥)

   مامۆستا عەلائەددین سەججادیش لە مێژووی ئەدەبی کوردیدا بە کورتی فەوزیی ئاوا ناساندوە؛ «مەلا ئەحمەدی حاجی عەلی هەڵەبجەیی»، ناوی شیعری «فەوزی» بووە و لە سابڵاخ دانیشتووە، لە دەوروبەری ١٩٢٣دا مردووە. (عەلائەدین سەجادی - مێژووی ئەدەبی کوردی، باخی شاعیران)

گومان دەکرێ سەرچاوەکەی مامۆستا سەججادی هەر گێڕانەوەکەی مامۆستا هێمن بێ بەڵام ساڵی مردنەکەی لەنێوان ١٣٢٣ی هەتاوی و ١٩٢٣ی زایینی‌دا لێ تێکەڵ بووە. لە ڕاستیدا هەرچی دوای ئەوە نووسراوە، هەر لەسەر بنەمای ئەو زانیاری و گێرانەوانەن کە مامۆستایان هێمن و هەژار سەبارەت بە فەوزی نووسیویانە و تۆماریان کردوە. تەنیا لەم دواییانەدا لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونێکی مەیدانی لەلایەن نووسەر "کەماڵ عەبدوڵڵاهی" کراوە کە لە ژمارەکانی ٧٣، ٧٤ و ٧٥ی گۆڤاری مەهاباددا بڵاو کراوەتەوە. عەبدوڵاهی لە بەشەکانی سەرەتای نووسینەکەیدا ئەو گێڕانەوە و بابەتانەی نووسیوەتەوە کە پێشتر سەبارەت بە فەوزی نووسراون و پاشان بە ناوچەکەدا گەڕاوە و پرسیاری لە بەتەمەنەکانی ناوچە کردوە. سەرەنجام کچەکەی فەوزیشی دۆزیوەتەوە و سەبارەت بە ژیان و بەسەرهات و بەرهەمەکانی باوکی پرسیاری لێ کردوە. وەک دەردەکەوێ کچەکەی فەوزیش زۆر لەگەڵ باوکیدا نەژیاوە و بە منداڵی کە دایک و باوکی لێک جیابوونەتەوە، ئەو هەر لەلای دایکی بووە. کچەکەی زۆر گێڕانەوەشی لەم و لەو بە تایبەت ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە مامۆستا هێمن بیستووە و بۆ نووسەری گێڕاوەتەوە.

چاوەڕوانییەکان سەبارەت بە ڕوونبوونەوەی کەسایەتی و چارەنووسی فەوزی بەردەوام بوو تا سەرەنجام لە ساڵی ٢٠١٩دا دیوانی فەوزی لە باشووری کوردستان و شاری سلێمانی چاپ و بڵاو کرایەوە. گومان دەکرا ئەوە کۆتایی بە چاوەڕوانییەکان بێنێ بەڵام وا دەرنەچوو. دیوانی فەوزی نەک هیچی سەبارەت بە فەوزی، ئەو مامۆستا نیشتمانپەرەوەرەی کە گەلێک تێکۆشەری لە موکریان پەروەردە کرد، ڕوون نەکردەوە بەڵکو گڵۆڵەی زانیارییەکانی هیندەی دیکە ئاڵۆزتر کرد. چونکە ئەوە دیوانی "شێخ" ئەحمەدی فەوزی بوو نەک "مەلا" ئەحمەدی فەوزی!. ئەگەرچی پێشتر بەدوور نەبوو کە ژمارەی ئەو شاعیرانەی ناسناوی فەوزی‌یان هەڵگرتوە لە یەک و ڕەنگە لە دوان و سیانیش زیاتر بن بەڵام  تا ئەو کات کەس پێی وا نەبوو دوو کەسایەتی و دوو شاعیر بە ناوی ئەحمەد و بە ناسناوی فەوزی لە مێژووی نە زۆر دووری شێعر و سیاسەتی کورددا هەبووبن. تەنانەت ساخکەرەوەی دیوانەکەی شێخ ئەحمەدی فەوزیش تەنیا لە ڕووی گێڕانەوەی مامۆستا هێمن و بەدواداچوونەکەی کەماڵ عەبدوڵڵاهی لە گۆڤاری مەهاباددا زانیویەتی کە بێجگە لە شاعیران شێخ عومەری فەوزی، مەلا عەبدولعەزیزی فەوزی و سەعید فەوزی، کەسایەتی و شاعیرێکی دیکەش بە ناسناوی فەوزی و ڕاست بە ناوی ئەحمەد کە بە هەڵکەوت ئەویش هەر خەڵکی سلێمانی بووە، لە سەردەمی شێخ ئەحمەدی فەوزی‌دا لە موکریان ژیاوە. کاک سدێق ساڵح لە درێژەی ئەو ئاماژەیە بە فەوزیی چوارەم یان پێنجەم‌دا، پێی وایە ئەو فەوزییە "[..] ئەگەرچی بە ئەسڵ خەڵکی سلێمانی بووە، بەڵام ئەحمەد فەوزی‌یەکی دیکەیە".

بەپێی ژیننامەکەی شێخ ئەحمەدی فەوزی، ناوبراو لە ١٨٩٠ لە سلێمانی لەدایک بووە و لە ١٩٥٥ لە هەمان شار کۆچی دوایی کردووە. شێخ ئەحمەدیش وەک مەلا ئەحمەد کە بە وتەی مامۆستا هێمن لەگەڵ عاریف سایب و مەحموود جەودەت لە ڕێبەرانی شۆڕشەکەی شێخ مەحموودی نەمر، لە پێوەندیدا بووە، ئەویش ڕاستەوخۆ لە شۆڕشەکەی شێخ مەحموودی حەفیددا بەشدار بووە و چەند شێعریشی لە پەسنی شێخ و شۆڕشەکەیدا نووسیوە. ئەمەی خوارەوە کە بە بۆنەی گەڕانەوەی شێخ مەحموود لە زیندان نووسیویەتی، یەک لە بە سۆزترین شێعرەکانییەتی؛

شوکور لیللا موژدە بێ وا نووری ئیمان ھاتەوە             ئەرشەدی ئەولادی حەیدەر شێری یەزدان ھاتەوە
ھەروەکو یۆسف لە زیندانی ئەسارەت ھاتەوە            شاھی میسرە سەد شوکر وا ڕوو بە کەنعان ھاتەوە
سەف بە سەف زومرەی مەلایک دێن بە ئستیقبالەوە   بانگ ئەکەن وا مەزھەری ئیلتافی ڕەحمان ھاتەوە
عەرزی تەبریکات ئەکەن جن و مەلایک یەکبەیەک      زەمزەمەی خەیرولقدوومە شاھی دەوران ھاتەوە
شەمشەمە کوێرە لە داخا خۆی لە قوڕ نێ حەقیەتی     شەو نەما زوڵمەت بەسەرچوو مەھی ڕەخشان ھاتەوە
خاتەمی حوکمی لە دەس حیلەی شەیاتین دەرنەھات   تا جەنابی ناسەفی موڵکی سلێمانی ھاتەوە
جامی مەی سابێنە گەردوش ساقیا تووبی خودا            موددەتێکە دڵ حەزینم جانی جانان ھاتەوە
موتریبی خۆشلەھجە کوا دەنگی ڕەباب‌و عوود‌و نەی   وەختی وەسڵە قاتیلی عومری ڕەقیبان ھاتەوە
جەژنی کوردستانە قوربان مەوقیعی قوربانییە             چۆن بە قوربانی نەبم وا فەخری کوردان ھاتەوە
ئیددیعایی قەومییەت ئەمڕۆ ڕەوایە (فەوزی)!             ڕافیعی ئەعلام و ئیستیقلالی کوردان ھاتەوە

(مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی پێنجەم، مارف خەزنەدار، لاپەڕە ٤٠ تا ٤٢، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر:٢٠٠٥)

سەرەرای ئەوە کە شێخ ئەحمەدیش وەک مەلا ئەحمەد کە بە قەولی هێمن، شاعیری چاک نەبووە، شێعری بەناوبانگی وەک ئەوەی خوارەوەی هەیە کە لەلایەن هونەرمەند کەریم کابانەوە ئاوازی بۆ داندراوە و لەلایەن هونەرمەند قادر کابانەوە بە گۆرانی وتراوە:

دڵێ گیرۆدەی زوڵف و خاڵ نەبێ                         شەیدای عیشوەیی چاوی کاڵ نەبێ
ئاواتەخوازی لێوی ئاڵ نەبێ                                لە بۆتەی عەشقا ، زیوی قاڵ نەبێ
ئەو دڵە ــ یا خوا ــ بەر خەنجەر درێ                   وەک کوتەی قەصاب ، لەت و پەت کرێ...

 وەک  بە نێوەرۆکی شێعرەکانییەوە دیارە، شێخ ئەحمەدی فەوزی لە سیاسەت و کوردایەتیدا قاڵ بووە؛
دەوری مەجنوون تێپەڕی، ئێستا منم شێتی وڵات          بۆ نموونە هەر زەمانێ، عاشقێ ڕسوا ئەکا

وێڕای ئەوانە شێعری سەر گۆڕەکەی گرەوی لە هەموو شێعرێکی نەتەوەیی بردۆتەوە؛

کوردم، بە کوردی بووم، بە کوردی ئەژیم و مردنی من          بە کوردییە، بۆ کوردییە ئایین و دینی من
تەڵقینەکەم بە کوردی لە سەر قەبرەکەم بخوێنە مەلا!          تا نەشڵەژێ، بپرسێ مەلائیک لە ژینی من

شێخ ئەحمەد لە شێعرەکانی‌دا زۆر جار وەک مامۆستا و ڕێنوێن و ڕێنیشاندەر بۆ گەلەکەی دەرکەوتوە:

ڕۆژی کورد، لەم ڕۆژەدا خزمینە چۆن، کەی وا ئەبێ       هەر کەسێ بۆخۆی نەژی دواڕۆژی هەر ئاوا ئەبێ
گوێ لە تەوسی نیشتمان بگرن بەبێ پەروا ئەڵێ            دوودڵی بێ مایەیە وەک تیغی بێ مەودا ئەبێ
یەکێتی ئاتۆمە بۆ گەل، تێگەیین وەستایەتی                 قونبولەی زەڕڕی وەهایە، پێگەیین ئاوا ئەبێ       

 هاوکات ئاگای لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش بووە و بە سەرکەوتنیان دڵخۆش و بە شکانیان خەمبار بووە. لە شێعرێکدا بەبۆنەی مەرگی مستەفا کەماڵ ئاتاتورک ئاوا موژدەی خۆشیی خۆی لە "کوردێکی شیمال" وەردەگرێ:

کوردێکی شیمال، لەش بە خوێنەوە            ڕوو بە پێکەنین، دەم بە جوێنەوە
بانگی کرد: کوردان، شین بوو بە شایی        مژدە بێت لێتان باوکی تورک ڕۆیی

وێڕای ئەوانە، وێدەچێ شێخ ئەحمەد ئاگای لە جموجۆڵە ئەدەبییەکانی سەردەمی دامەزرانی ژێکافیش بووبێ و لانیکەم بە شێعرێک بەشداریی تێدا کردوە یان مووشێعرێنی لەگەڵ شاعیرانی ئەو سەردەمی ژێکافدا کردوە. شێعری "ئەمن دەیڵێم و بێباکم" شێعرێکی بەنێوبانگی ئەو سەردەمی مامۆستا هێمنە کە تا ئێستا دەزانین لانیکەم دوو شاعیری دیکەش شێعریان بە هەمان ناوەرۆک و فۆرم نووسیوە. ناوەرۆکی ئەو شێعرانە ڕەخنەگرانە و ڕوویان لە چینی ئاغاوەتە کە ڕەنگدانەوەی هەلومەرجی سەردەم و پەرەگرتنی بیری چەپ لە کوردستانە. یەکێک لەو شێعرانە بە سەروای "دەڵێم بیڵێم و ناوێرم" لەلایەن مەمەند ئاغای قایمقام بە ناسناوی شێعریی "فانی" نووسراوە کە لە ڕێی "ئەندامێکی ژێکافەوە" بە دەست بەڕێوەبەرانی گۆڤاری نیشتمان گەیشتووە و لە لاپەڕە ١٨ی ژمارە ٣ و ٤ی گۆڤاری نیشتمان تایبەت بە مانگەکانی سەرماوەز و ڕێبەندانی ساڵی ١٣٢٢دا چاپ و بڵاو کراوەتەوە. لە ژمارەی دواتردا (ژمارە ٥ تایبەت بە ڕێبەندانی ١٣٢٢) هێمن لەسەر هەمان کێش و هەمان ڕوانگەی ڕەخنەگرانە، بە سەروای "ئەمن دەیڵێم و بێ باکم" بۆی لەدوو داوە. مەلا ئەمجەدی عوسمانیش کە بە ناسناوی شێعریی "کاک" یەک لە ئەندامانی کۆمەڵەی ژێکاف بوو، لەسەر هەمان کێش و ناوەرۆک، بە سەروای "بەقاو دەیڵێم و ناترسم" مووشێعرێنەکەی لەدوو داوە بەڵام ئەگەر لەو سەردەمیش‌دا چاپ کرابێ، بەر دەست نەبووە و لەم ساڵانەی دواییدا بڵاو بۆوە. لە ڕاستای ئەو سێ شێعرەدا. لە دیوانەکەی فەوزی‌شدا شێعرێک بە سەروای "دەڵێ بیڵێم و ناوێرێ" هەیە کە وا دیارە لەژێر کاریگەریی ئەو شێوە شێعرە باوەی سەردەمی ژێکاف بە تایبەت لەژێر کاریگەریی شێعرەکەی فانی‌دا نووسرابێ؛

 ئەڵێ بیڵێم و ناوێرم

برا ئیشێ لەبەرمایە، ئەڵێ بیڵێم و ناوێرم                            هەوای بەرزی لە سەرمایە، ئەڵێ بیڵێم و ناوێرم
هیوایی نیشتیمان بەرز بوونەوەی کورد، تێگەیینی عام          شتێکی وا لە دڵمایە، ئەڵێ بیڵێم و ناوێرم
ئەرێ تێگەیوەکان بۆچی لە دنیا ئێمە بێ‌بەش بین               هەموو کەس وا لە خۆشیایە، ئەڵێ بیڵێم و ناوێرم
ئەوی تێ‌گەیوە، پێ‌گەیوە، ئەوی داماوە، داماوە                   خەریکی گێژی خولیایە، ئەڵێ بیڵێم و ناوێرم
درۆی بێگانە بۆ تۆ چی؟ چرا بۆ ماڵی خۆت هەڵکە               وتەی شایی لە ناوایە، ئەڵێ بیڵێم و ناوێرم
خەیاڵی پووچی نازێتی، بەچی دێ، کەلکی چی ئەگرێ؟         چیای کوردان لە ڕێدایە، ئەڵێ بیڵێم و ناوێرم
وەرە بنواڕە کانیی ناو چیا، زیو و زەڕە گشتی                       ئیتر هەر نەوتە، پۆڵایە، ئەڵێ بیڵێم و ناوێرم
دەسی سوێندخوارەکان بگری، ئەبێتە سەربڵند کوردە*           وتەی ڕاستت ئەوێ، وایە، ئەڵێ بیڵێم و ناوێرم
یەکێتی چاکە بۆ هەمووان، برا پشتی برا بگرێ                     قەدەر ئیتر لەلای خوایە، ئەڵێ بیڵێم و ناوێرم
وەرە فەوزی لەمەولا با هەموو ڕوو کەینەوە مەولا (ئەولا؟)    کە ئیشمان هەر بە مەولایە، ئەڵێ بیڵێم و ناوێرم

(دیوانی فەوزی ل. ٣٢ و ٣٣)

بێجگە لە فۆرمی شێعرەکە کە وەک گوترا لە درێژەی شێعرە هاوشێوەکانی فانی و هێمن و کاک‌دا هەژمار دەکرێ، دەستەواژەی "سوێندخۆرەکان" لە بەیتی هەشتەم‌دا دەتوانێ ئاماژە بە ژێکاف و ئەندامانی ژێکاف بێ کە بۆ وەفاداری و پاراستنی پڕەنسیپەکانی ژێکاف سوێند دەدران. فەوزی پشتیوانی لەوان دەکا و بانگ لە کوردان دەکا کە ئەگەر دەستی ئەوان بگرن، کورد بە سەرفرازی دەگا.

شێخ ئەحمەدی فەوزی هەروەها لەگوێن مەلا ئەحمەدی فەوزی، فارسی زان بووە و شێعری بە فارسیش نووسیوە هەرچەند ڕادەی شێعرە فارسییەکانی لە ئاست کوردییەکانیدا نین. 

ڕوون نییە کە ئاخۆ شێخ ئەحمەدی فەوزی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی دیتووە یان دووراودوور ئاگای لێیان بووە بەڵام بەپێی هەموو گێڕانەوەکان سەبارەت بە مەلا ئەحمەدی فەوزی، هەر لەو سەردەمەوە کە هەژار لە خانەقا چاوی پێی کەوتووە و هێمن لە کولیجە قوتابی بووە تا ئەوەی کە عەبدوڕەحمان لاهیجانی ڕاپۆرتی سەفەرە سیاسییەکەی پێ داوەتەوە، دەرخەری ئەوەن کە مەلا ئەحمەدی فەوزی لە دەیەی سی زایینی‌دا بەتایبەت لە نیوەی یەکەمی ئەو دەیەدا لە موکریان مامۆستا و هەڵسووڕ بووە. لە دیوانەکەی شێخ ئەحمەدی فەوزی‌دا ئەو ساڵانە، ساڵانی تەقریبەن لە شێعر بەتاڵن. لەسەرەتای دەیەی سی‌دا شاعیر لەدەست سەربازگیریی میجەرسۆن ناڕازی بووە و بە شێعرێک سکاڵای دەربڕیوە:

مەقسەدی قازی لە تەحلیفا وەها بوو سەر کەوێ            موعجیزەی قورئانە تا کافر بە جارێ دەرکەوێ
خاچی هێنا نایە سەر حوکمی خوا بۆ ئەتکی دین             بەڵکو بەر لوتف و ویقایەی حەزرەتی میجەر کەوێ

بەپێی کوردیپێدیای عەرەبی، شێخ ئەحمەدی فەوزی لە ١٩٨٢ لە شاری سلێمانی لەدایک بووە، پاڵپشتی شۆڕشەکەی شێخ مەحموودی کردووە، بەو هۆیە لەلایەن ئینگلیزەوە دەستبەسەر کراوە، لە ١٩٢٨ لە بەڕێوەبەرایەتیی دارایی سلێمانی بە فەرمانبەر دامەزراوە. سەفەری دەڤەری مەهابادی کردووە. لە ١٩٥٥ خانەنشین بووە و لە  ٩ی شوباتی ١٩٥٨ کۆچی دوایی کردووە. 

هەموو ئەوانە ئەم پرسیارە دەخوڵقێنن کە ئاخۆ بڵێی شێخ ئەحمەدی فەوزی هەمان مەلا ئەحمەدی فەوزی و مەلا ئەحمەدی موکریان هەمان شێخ ئەحمەدی سلێمانی نەبێ؟ وڵامی ئەو پرسیارە کاتێک زیاتر دەمانخاتە گێژاوەکەوە کە دەبینین لەسەر یەک؛ 

- ئەگەر مەلا ئەحمەد لە ١٩٤٣ و شێخ ئەحمەدیش دوازدە ساڵ دواتر، لە ١٩٥٥دا کۆچی دوایی کردبێ و هەردوویان لەدایکبووی شاری سلێمانی و گەورەبووی ئەو شارە بووبن، جوگرافیای ژیان و مەودای تەمەنیان ئەوەندە لێک دوور نەبووە کە ئاگایان لە یەکتر نەبووبێ. هەر بۆیە جێی پرسیارە کە هەردوو ئەحمەد یەک ناسناوی شێعرییان بۆ خۆیان هەڵبژاردبێ.

- شێخ ئەحمەدی فەوزی کە بە پێی ژیاننامەکەی لە ١٨٩٠ لەدایک بووە، لەسەردەمی قوتابییەتیی هێمن‌دا دەبێ (سەرەتای دەیەی ٣٠ی زایینی) لە چلەکانی تەمەنی خۆیدا بووبێ و ئەوەش تەمەنێکی گونجاوە بۆ پێگەیشتوویی و مامۆستایەتیی مرۆڤێک.

- لە مەودای نێوان ساڵەکانی ١٩٣٠ - ١٩٣٦ جموجۆڵێکی ئەوتۆ لە ژیاننامەی فەوزیدا دیار نییە و ئەوەش دەتوانێ ئەو ساڵانە بێ کە پەڕیوەی موکریان بووە.

- بەپێی ژیاننامەکەی و نێوەرۆکی شێعرەکانیشی، فەوزی یەک لە تێکۆشەرانی شۆڕشەکەی شێخ مەحموود بووە. بەو پێیەش ئەگەری پێوەندی و دیدار و داڵدەدانی تێکۆشەرانی دیکەی ئەو شۆڕشە وەک جەمیل سائیب و مەحموود جەودەت لەو سەردەمەدا کە لە موکریان گیرسابۆوە، ڕێ تێچوویە.

- بەپێی نێوەرۆکی شێعرەکانی، شێخ ئەحمەدی فەوزی‌ش لەگوێن ئەو ناساندنەی کە هێمن و هەژار بۆ مەلا ئەحمەدی فەوزییان کردووە، مرۆڤێکی سیاسی، کوردپەروەر و لاگری فێربوونی عیلم و زانست بووە و لە خەمی ئازادیی نیشتماندا تێکۆشاوە.

- شێخ ئەحمەدیش شاعیری چاک نییە هەر بەو جۆرەی هێمن شێعرەکانی مەلا ئەحمەدی هەڵسەنگاندووە

- شێخ ئەحمەدیش لەگوێن مەلا ئەحمەد فارسیزان بووە و شێعری فارسیشی نووسیوە.

بەڵام گومان لەسەر یەک کەسایەتی بوونی شێخ ئەحمەد و مەلا ئەحمەدی فەوزی ئەو کاتە کاڵ دەبێتەوە و دەڕەوێتەوە کە دەزانین هێمن سەرەڕای ئەوەی لە دیوی باشوور تووشی نازەنینی کچی فەوزی دەبێ و دوو جار شین بۆ شەهیدکرانی شێخ شەهابی شێخ ساڵحی برازا و زاوای شێخ ئەحمەدی فەوزی دەگێڕێ بەڵام باسێک لە پێوەندیی ئەوان لەگەڵ فەوزیدا ناکا. ئایا هێمن نەیزانی کە نازەنین کچی فەوزی و شێخ شەهاب زاوای ئەوە یان نا دەیزانی کە فەوزیی باوکی نازەنین لەگەڵ فەوزیی پیر و مامۆستای کوردایەتیی ئەو جیاوازە؟

ژێدەر: 

- هێمن؛ لە کوێوە بۆ کوێ - پێشەکیی تاریک و ڕوون

- هێمن؛ پاشەرۆک - ئەزموونی شاعیریم

- هەژار؛ چێشتی مجێور

- ئەنوەر سوڵتانی؛ کورتە مێژووی بۆکان

- گۆڤاری مەهاباد؛ ژمارەکانی ٧٣، ٧٤ و ٧٥

- دیوانی شێخ ئەحمەدی فەوزی

- دیوانی مەلا مارفی کۆکەیی

- مێژووی ئەدەبی کوردی، بەرگی پێنجەم، مارف خەزنەدار، لاپەڕە ٤٠ تا ٤٢، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، ھەولێر:٢٠٠٥

- کەریم حیسامی: کاروانێک لە شەهیدانی کوردستانی ئێران

- (وتووێژ لەگەڵ مامۆستا عبدالرحمن لاهیجانی، قەڵایەک لە ورە، دنیایەک لە ئیمان (بە بۆنەی کۆچی دوایی مەلا عەبدولڕەحمان لاهیجانی) بڵاوکراوەی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، چاپی یەکەم، خاکەلێوەی ١٣٨٢ی هەتاوی، ل. ٣٨.)

- عەلائەدین سەجادی - مێژووی ئەدەبی کوردی، باخی شاعیران

- وتووێژێکی تلویزیۆنی مەلا محەممەدی شەڵماشی سەبارەت بە شێعری عیشق و ئازادیی هێمن

بابەتی نوێ:

ئاژەڵی هیبریدی لە زمانی کوردیدا

لە کوردستاندا چەند جۆر ئاژەڵ هەن کە کورد پێی وایە لەسەرەتاوە بە شێوەی سرووشتی نەبوون و دواتر لە ئەنجامی تێکەڵاوبوون و جووتبوونی دوو جۆر ئاژە...