جێهان و کێشوەر لە زمانی فارسیدا دوو وشەی زانستی جوگرافیان کە یەکەمیان بە شێوەی جەهان و جیهان لە زمانی کوردیشدا شانبەشانی وشەی دنیا یان دونیا هەیە بەڵام دووهەمیان کە بە واتای یەکەیەکی جوگرافیایی سەربەخۆی خاوەنی دەوڵەت و ئاڵا لەو جیهانە بەرینەدایە، کەمتر وا هەیە لە زمانی کوردیدا بەکار بێ. لە بری ئەوە پتر وشەی وڵات یان وەڵات بەکار دەبەین کە بە گومانی بەهێز لەگەڵ وێلایەتی عەرەبی هاوڕیشەیە.
وشەی کێشوەر لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمای کێش ڕۆ نراوە کە ئەویش ڕەگی کرداری کێشانە. دیارە کێشان بە تەنیا یان بە پێشگرەوە واتای جۆراوجۆری هەیە وەک هەڵسەنگاندن و بەراورد، ڕاکێشانی شتێک، ڕاگواستن، هەڵگرتنی وێنە و نووسینی نەخشە. بەو پێیە واتایەکی کێش ئەو هێڵ یان خەتەیە کە بەسەر پانتاییەکدا دەکێشرێ. هەر لەسەر ئەو بنەمایە کێشان یان کێشانەوە برێتی لەو هێڵانەیە کە لەسەر پانتاییەک وێنە یان پلانێک تۆمار دەکەن. هەر لەسەر ئەو بنەمایە خێشک بە واتای شتێکە کە بەسەر هەرددا دەکێشرێ و شوێن لە خۆی بەجێ دەهێڵێ. هەروەها کێشت لە کشتوکاڵدا برێتی لە زەوییەکە کە هێڵی کێڵانی بەسەردا کێشراوە و لەوەوە وشەگەلی کەشاو، کەشاوەرز و هتد چێ بووە.
جا هەر لە ڕاستای ئەو کێش و خەت کێشانەدا وشەی کێشوەر ساز بووە بە واتای زەوییەک کە خەتی پێدا کێشراوە. جا ئەو خەتە چ هێڵی کێشت و کێڵانی زەوییەکە بێ و چ بەو واتایە کە زەوییەکە بە هۆی چەند هێڵێکەوە سنووری دیاری کراوە و کەوشەنی بەدەورەدا کێشراوە. ئا لەوەوە وشەی کێشوەر دواتر بۆ مانای وڵات بەرین کراوەتەوە.
هەرچی وشەی جێهانە کە ئەوە شێوە درووستەکەیەتی، لە وشەی "جێهـ" کە لە کورمانجیی ژووروودا بە واتای جێگا و شوێنە لەگەڵ "ان" کە ئەویش هەر پاشگری شوێنە بە مەبەستی جەخت کردنەوە لەسەر دنیایەکی هیندە بەرین، چێ بووە.
جێهان هەروەها بە شێوەی کەیهانیش تۆمار کراوە کە گۆڕدراوی گێهان
و ئەویش شێوەی کۆنتری جێهانە.
گیتی ناوێکی دیکەی جێهان یان کەیهانە کە ئەویش لە گێ وەک شێوەی کۆنتری جێ یان جێهـ بە واتای شوێن و پاشگری "ایەتی" کە ئەویش وەک مەنگوڕایەتی، بەرانەتی، سوێسنایەتی و هتد. هێندێک جار دەوری پاشبەندی بۆ شوێن دەگێڕێ، چێ بووە. بەو پێیە گێتی کورتکراوەی جێیایەتی و گێیایەتییە.