۷/۲۹/۱۳۷۵

کۆچ

 

پێم نەوتی؛ دەستت بخەرە ناو دەستم؟!

شەو تاریکە با هەڵنەبڕێی

تەوەللابوونت گرانە

زامی دووریت بێ دەرمانە.

 

نەموت تۆ لەگەڵیان مەڕۆ؟!

ئەوانە گشت هاوڕێی ڕۆژ و جەردەی شەون

هەڵاتووی دەستی ڕۆژگارن

بۆ تاریکی ڕێ دەکەون.

 

گوڵم ئێستاش درەنگ نییە

مەڕۆ و باڵات بە باڵای شوومی وان مەبڕە

نەکا ڕۆژێ بە قاچاخی دەتبینمەوە

شلکە نەمامی باڵاکەت

کەوتبێتە ژێر چارشێوی ڕەشی خاوەنماڵ

لە تیشکی چاوی سەرشێتم بێ بەریت کەن

دەستەونزا ڕابوەستم

تاکو چارشێو لەسەر باڵای تۆش ڕاماڵێ شنەی شەماڵ

 

مەڕۆ..مەڕۆ

دەستت بخەرە ناو دەستم

شەو تاریکە با هەڵنەبڕێی

تەوەللا بوونت گرانە

زامی دووریت بێ دەرمانە

لەگەڵ ئەوان

بۆ کوێ بچی و لەهەر کوێ بی

هەمان ڕەنگ و هەمان شکڵە

                      ئەم ئاسمانە

                                     فێرگەی حیزب ٢٩/٧/١٣٧٥

۳/۲۹/۱۳۷۵

بێزاری*

 

پەنجەرەکەم

 تەمی هەناسەی هەناومی لێ نیشتووە

سارد بۆتەوە و

بە سەر شووشە ناسکەکەیدا

وەک فرمێسکی سەر ڕوومەتی کیژۆڵەیەکی دڵ بە سۆ

هۆن هۆن دادەڕژێتە خوارێ

لە دەرەوە؛

زەوی بە تیشکی ساردی خۆر داپۆشراوە

من دەمێکە

چاوەڕوانی دابارینی تا ئەژنۆیان بەفر دەکەم

دە با چیتر کێڵگەکانمان بە وشکە سەرما سڕ نەبن 

                   ١٣٧٥

* دژ بە شەڕی ناوخۆ لە باشوور نووسراوە

هەوری نەزۆک *

 

لەمبەر ئەوبەری قەرەچووخ

دوو لەشکری ڕەشی هەور لە سان دران

شاخ پێکەنی

کانی مەستی بادەی باران

زەوی بە تەمای ساڵێکی پڕ فەڕ و هات

داوەتیان گرت

بەڵام هەورەکان نەزۆک بوون

لە مەمکی قوت و بەتاڵیان

تاکە دڵۆپێکیش نەهات

                 ١٣٧٥ کۆیە

* دژ بە شەڕی ناوخۆ نووسراوە

۱۲/۲۲/۱۳۷۴

زەردەزێڕینە

شلێرۆکە قژ کاڵی من

ئەی چاوشینی خنجیلانە

گەر هاتمەوە

بەرلەوەی کە ئامبازم بی

بەرلەوەی کە

باسکی ناسکی مناڵانەت

لە دەوری ئەژنۆم وەرێنی

خەندەی شیرینی مناڵیت

بە گوێچکەما بچرپێنی

پێم خۆشە مەینەت و ژانی ڕۆژانی دووریت بۆ باس کەم.

 

بەرلەوەی کە

بۆنی بسکی سەوزت بکەم

گوێ بۆ قسەی شیرینی مناڵیت شل کەم

بە بەژنی وردت هەڵبڵێم

لە دەریای فرمێسکی دووریی خۆم بۆت دەدوێم.

 

شلێرۆکی قژ زەردی من

ئەی ناسکتر لە شێعری زەردە زێڕینە

گەر هاتمەوە

پێش هەموو شت بیرم خەوە

بۆ یەکەم جار

باسی ئەمڕۆمت بۆ بکەم

کە شێعری زەردە زێڕینەم هاتە سەر زار

کۆیە – ٢٢/١٢/ ١٣٧٤

بابەتی نوێ:

حیزب وەک سەنتەر، ستراتژیی حیزب وەک سەنتێز

سەردەمی ئێستا، سەردەمی بەئاگاهاتنەوەی هەرچی زیاتری نەتەوە بندەستەکانە. سەردەمی ‏هەوڵدانی بە کۆمەڵی کۆمەڵگا ژێردەستەکان بۆ سڕینەوەی سێبەری دا...