۷/۲۹/۱۳۷۵

کۆچ

 

پێم نەوتی؛ دەستت بخەرە ناو دەستم؟!

شەو تاریکە با هەڵنەبڕێی

تەوەللابوونت گرانە

زامی دووریت بێ دەرمانە.

 

نەموت تۆ لەگەڵیان مەڕۆ؟!

ئەوانە گشت هاوڕێی ڕۆژ و جەردەی شەون

هەڵاتووی دەستی ڕۆژگارن

بۆ تاریکی ڕێ دەکەون.

 

گوڵم ئێستاش درەنگ نییە

مەڕۆ و باڵات بە باڵای شوومی وان مەبڕە

نەکا ڕۆژێ بە قاچاخی دەتبینمەوە

شلکە نەمامی باڵاکەت

کەوتبێتە ژێر چارشێوی ڕەشی خاوەنماڵ

لە تیشکی چاوی سەرشێتم بێ بەریت کەن

دەستەونزا ڕابوەستم

تاکو چارشێو لەسەر باڵای تۆش ڕاماڵێ شنەی شەماڵ

 

مەڕۆ..مەڕۆ

دەستت بخەرە ناو دەستم

شەو تاریکە با هەڵنەبڕێی

تەوەللا بوونت گرانە

زامی دووریت بێ دەرمانە

لەگەڵ ئەوان

بۆ کوێ بچی و لەهەر کوێ بی

هەمان ڕەنگ و هەمان شکڵە

                      ئەم ئاسمانە

                                     فێرگەی حیزب ٢٩/٧/١٣٧٥

بابەتی نوێ:

ئاژەڵی هیبریدی لە زمانی کوردیدا

لە کوردستاندا چەند جۆر ئاژەڵ هەن کە کورد پێی وایە لەسەرەتاوە بە شێوەی سرووشتی نەبوون و دواتر لە ئەنجامی تێکەڵاوبوون و جووتبوونی دوو جۆر ئاژە...