۷/۰۳/۱۳۹۶

قازانج و هەڕەشەی پەرەگرتنی ناسیونالیزمی تورک بۆ سەر کورد لە ئێران

پتر لە یەک دەیە لە مەوبەر، گۆڕینەوەی چەند نامە لە نێوان "عەلیرەزا نەزمی ئەفشار" کەسایەتیی تورکی خەڵکی نەغەدە و مستەفا هیجری سکرتێری ئەو کاتی حیزبی دێموکراتی یەکگرتوو، هەڵڵای نایەوە. لەو نامانەدا نەزمی ئەفشار لە وڵامی لێدوانێکی رامبود لوتفپووری بۆ رۆژنامەی کوردستان، داکۆکی لە تورک بوونی ئوستانی "ئازەربایجانی غەربی" کردبوو. وڵامەکەی مستەفا هیجری، لەدوودانی بۆچوونەکانی نەزمی ئەفشار بوو. ئەگەرچی هەڵڵاکە زیاتر هەڵقوڵاوی دۆخی دووبەرەکیی ناوخۆیی ئەو کاتی نێو حیزب و مۆرکی موزایەدەی کوردایەتی بە سەرەوە بوو، بەڵام راستیەکی حاشاهەڵنەگری تێدا بوو. ئەویش زێدەخوازیی تورکان لەو پارێزگایە و هەڕەشەکانی بۆ سەر کورد کە بە داخەوە بزووتنەوەی کورد تا ئەو کات و هەتا ئێستاش وەک دەرفەت یان مەترسی ئاوڕی لێ نەداوەتەوە و چارەیەکی یەکدەنگی بۆ چۆنیەتی تەعامول، نەدۆزیوەتەوە. تەنانەت ئەو جارانەش کە کوردەکان هەوڵ دەدەن بە رێگای هێمنانە مۆرکی کوردبوون بۆ ناوچەکانی خۆیان بگێڕنەوە، لە گەڵ دژکردەوەی توندی هێندێک حیزب و لایەنی کوردی بەرەوڕوو دەبنەوەو بە ئاشکرا هان دەدرێن کە دەبێ یاریەکە بە تورکان بدۆڕێنن

 

لە رۆژانی رابردوودا پێکهاتنی "فراکسیۆنی نوێنەرانی ناوچە تورک نشینەکان" لە مەجلیسی ئێران جارێکی دیکە بابەتی تورکایەتی و ناسیونالیزمی تورک لەو وڵاتەی بە رۆژەڤ کردەوە. فراکسیۆنێکی بەهێز کە ١٠٠ لە ٢٨٥ نوێنەری مەجلیسی تێدا ئەندامە. بەشێک لەو نوێنەرانەش، نوێنەرایەتیی شار و ناوچەگەلێک دەکەن کە زیاتر لە یەک نەتەوەیان تێدا دەژی و لە بەشێکیاندا تەنانەت تورک نەتەوەی سەرەکیی ئەو شار و ناوچانەش نییە.

 

ساڵانێکە ئێرانیەکان و ئێمەی کوردیش هەوڵ دەدەین بزووتنەوەی گشتگیری ناسیونالیستیی تورکانی ئێران نادیدە بگرین. بزووتنەوەیەک کە لە یاریگا وەرزشیەکانەوە تا پشت تریبوونی مەجلیس‌و، لە کەسایەتی و رێکخراوە بچووکەکانی تورک لە دەرەوەی وڵاتەوە تا فەرماندەکانی سپای پاسداران لە شار و ناوچە تورک نشینەکانی گرتوەتەوە. بزووتنەوەیەک کە لە سەر بنەمای سڕینەوەی ئەویدی، داگیرکردنی خاکی ئەویدی، دەستگرتن بە سەر مێژووی ئەویدی و بە گشتی خۆی لە نەمانی ئەوانی دیکەدا پێناسە دەکا

 

لە تایبەتمەندیەکانی ئەو بزووتنەوە ناسیونالیستیە ئەوەیە کە بە جێی بەرەنگار بوونەوە لە گەڵ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، هەوڵ دەدا لە ئیمکاناتی دەوڵەتی بۆ ئامانجەکانی خۆی کەڵک وەرگرێ. نە بەرەنگاری ئەو تورکانە دەبێتەوە کە دژی ئەو دەسەڵاتەن و نە لۆمەی ئەوانەش دەکا کە لەو دەسەڵاتە دان. یەک لە ئامانجە ستراتژیەکانی ئەو بزووتنەوەیە دەتوانێ ئەوە بێ  کە لە داهاتوودا بیهەوێ دەست بە سەر کۆی دەسەڵات لە تاراندا بگرێ. ئەگەرچی بزووتنەوەکە لە باری فەرهەنگی و سیاسیەوە رەنگە ئەو پۆتانسیەلەی نەبێ بەڵام بە پێی ئەو رێژە زۆرە دەنگدەرەی کە هەیەتی، دەتوانێ لە داهاتوودا بۆ ئەو مەبەستە هەنگاو باوێژێ و هەڕەشەیەکی جیدی بۆ سەر نەریتی دەسەڵاتی مێژوویی فارسەکان لە ئێران دا بێ. بەڵام ئەمە گریمانەی داهاتوویە و هەتا ئەو کات، ئەم بزووتنەوەیە بۆ ئێمەی کورد لە کورتخایەن و درێژخایەن‌دا دەتوانێ قازانج و زیانی هەبێ کە هەوڵ دەدەم لە خوارەوە ئاماژەیان پێ دەکەم

الف - قازانجەکان

١- لە کاتێکدا لە ئێران لانیکەم پێنج نەتەوەی بێ ماف هەیە، بزووتنەوەی مافخوازانەی کوردستان هەتا ئێستاش بزووتنەوەیەکی تاک و تەریک بووە. هیچکام لە نەتەوە بندەستەکان هیندەی کورد بۆ مافەکانی خۆیان نەهاتوونە مەیدان. پەرەگرتنی بزووتنەوەی نەتەوەیی لە ناو نەتەوە بندەستەکانی دیکەو لەوانە تورکەکان دەتوانێ گوشارێکی زیاتر بۆ ئاوڕدانەوە و داننان بە مافی سەرجەم نەتەوە بندەستەکان لەو وڵاتەی لێ بکەوێتەوە

٢- تورکەکان هەم بە هۆی زۆریی حەشیمەت و هەمیش بە هۆی بوونیان لە دەسەڵات و لە دام و دەزگا دەوڵەتیەکان خاوەنی هێز و پۆتانسیەلێکی زۆرن بۆ گوشار و چەسپاندنی مافی خۆیان و لە پەنا ئەوەشدا مافی سەرجەم نەتەوە بندەستەکان

ب- زیانەکان

٣- بەڵام لە پاڵ ئەوانەدا بزووتنەوەی تورکەکان بزووتنەوەیەکی توندئاژۆیەو هەتا ئیستا شوناس و بوونی خۆی لە نەمان و سڕینەوەی ئەویدیدا پێناسە دەکا و وەک بزووتنەوەیەکی شۆڤینی خۆی نواندوە

٤- تورکەکان بە درێژایی مێژوو باهۆی سەرکوتی دەسەڵاتی تاران دژ بە نەتەوەی کورد و خواستەکانی بوون. تەنانەت ناسیونالیزمی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەر لە سەرەتاوە دژ بە زەبروزەنگی تورکان لەو ناوچەیە شکڵی گرت نەک دژ بە دەسەڵاتی تاران. دوا جاریش شەڕی کورد لە گەڵ کۆماری ئیسلامی لە نەغەدە و لە شەڕی تورک لە گەڵ کوردەوە دەستی پێ کرد. ئەم لێکخشانە مێژووییە بە پەرەگرتنی بزووتنەوەیەکی وەها توندئاژۆ ئەگەری دووپات بوونەوەو قووڵ کردنەوەی ناکۆکی دژ بە کوردی لێ چاوەڕوان دەکرێ

٥- تورکەکان سنوورێکی دوور و درێژیان لە گەڵ کورد هەیە کە بەردەوام تەماحی ئەم بزووتنەوە ناسیونالیستیە لە سەر شار و ناوچەکانی کوردستان و بەرینکردنەوەی جوغرافیای خۆیەتی. ئەگەر سەیرێکی ئەو نەقشە جوگرافیایانە بکەین کە تورکەکان بۆ چوارچێوەی جوغرافیایی خۆیان بڵاوی دەکەنەوە، دەبینین دەرفەتی هەناسەکێشانێکیشیان بۆ کوردی رۆژهەڵات تێدا نەهێشتۆتەوە. هەر لەو راستایەدا ئەوان بە کەڵک وەرگرتن لە سامان، دەسەڵاتی ئیداری و زەبروزەنگ بەردەوام هەوڵی دەرپەڕاندنی کوردەکان و جێگیر کردنی تورکان لە جێگای ئەوان دەدەن

٦- ئەم بزووتنەوەیە هەتا ئێستا چەندان جار هەڵیکوتاوەتە سەر شوناس و هۆویەتی کورد و رەنگە لە داهاتوودا زیاتر پەرە بەم خسڵەتە هێرشبەرانەیەی خۆی بدا و ئەوە رووداوی ناخۆشتری بۆ کورد و تورک لێ بکەوێتەوە. کوردەکان لەو شار و ناوچانەی کە لە گەڵ تورکەکان دەژین، بەردەوام لە ژێر هەڕەشەی ئاسیمیلە و بە تورک کردن دان و دەرفەتی ئەوەیان پێ نادرێ کە وەک کورد خۆیان نیشان بدەن. رووداوی ساڵی رابردووی یاریگای شارەداریی ورمێ و بێڕێزی بە جلوبەرگی کوردی نمونەیەکی ئەو روانینە شۆڤێنیستیەیە کە بە سەر ئەو بزووتنەوەیەدا زاڵە.  

٧- بزووتنەوەی ناسیونالیستیی تورک دەستی لە کاسەی دەسەڵاتی تاران دایە. ئایینی هاوبەش ئەوان لە گەڵ فارسەکان وەک نەتەوەی باڵادەست لێک گرێ دەدا. بۆیەش ئەگەری رێککەوتنی دوو نەتەوەی فارس و تورک لە سەر بنەمای حەشیمەتی زۆر، دەسەڵاتی هاوبەش و ئایینی هاوبەش، دژ بە نەتەوەکانی دیکە بە تایبەت نەتەوەی کورد،  دوور لە زەین نییە

٨- هاوکات ئەم بزووتنەوەیە بە جۆرێک خۆی وەسڵی هێڵی پان تورکیسم دەکا کە نووکی هێرەمی ئەم پانتورکیسمە لە ئانکارایە. ئانکاراش کە دەمێک ساڵە لە سەر بنەمای سڕینەوەی شوناسی کورد شکڵی گرتوەو دامەزراوە.  

۶/۲۰/۱۳۹۶

تورکیا و پارتیەکی بەهێز بۆ کوردستانێکی بەهێز لە عێراقێکی یەکپارچە دا

هەمیشە پێم وا بووە کە سەربەخۆیی هەر پارچەیەکی کوردستان بە بێ پشتیوانی یان لانیکەم نەرمی نواندنی یەک لە وڵاتانی داگیرکەری کوردستان، چەتوونە. بە درێژایی خەباتی کورد لە هەر چوار وڵاتی ئێران، عێراق، تورکیە و سوریە، ئەو وڵاتانە سەرەڕای  ناکۆکی و تەنانەت دوژمنایەتی نێوانیان، ئەوەی بەردەوام لە سەری کۆک بوون، دژایەتی لە گەڵ پرسی کورد بووە. لە ژێر ئەم بۆچوونەدا، لەوەتا دەسەڵاتی باشووری کوردستان رایگەیاندوە کە ریفراندۆم دەکا و دەیهەوێ سەربەخۆ بێ، رۆڵی پشتی پەردەی تورکیا بۆم جێگای پرسیار بووە. ئاخر لە نێو وڵاتانی ناوچە دا، تورکیا زیاترین سات و سەودای لە گەڵ باشووری کوردستان هەیە و نیزیکترین دۆستی حیزبی دەسەڵاتدار لە باشوورە. کەواتە تورکیا سەرەڕای هێندێک هەڵوێست و قسەی بەرپرسانی، ناکرێ بە راستی دژی ریفراندۆم بێ. دژایەتی نەکردنیشی نە بۆ سەربەخۆیی و دامەزرانی دەوڵەتی کوردستان بەڵکو بە ئامانجی بە هێز کردنی پارتی بۆ درێژەدان بە بەڕێوەبەریی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانە. باشووری کوردستانێکی بەهێز بە رێبەریی پارتی باشتر دەتوانێ ململانێ و دژایەتی لە گەڵ پەکەکە بکا، لە بەغدا چاکتر یاری بکا و تورکیا هەروەها قازانجێکی زۆری ئابووری لە دۆخی ئێستای باشووری کوردستان دەکا. ساتوسەودای نێوان تورکیا و حکومەتی هەرێم لە دۆخی ئێستا دا بە لای تورکیا دا لاسەنگە. چونکە حکومەتی هەرێم بە دەسەڵاتدارەتیی پارتی، بە دوو هۆ ناچارە زیاترین باجی ئابووری بە تورکیا بدا:
١- لە نێو وڵاتانی ناوچە دا، تورکیە سەرەکیترین دۆستی پارتی‌یە
٢- لە کاتێک دا کە نێوانی پارتی لە گەڵ زۆربەی نیزیک بە تەواوی یاریکەرەکانی ناوچە لێڵە، بەندەرەکانی تورکیا بۆ نەوتی باشووری کوردستان رێگای نیزیکی ئاوی ئازاد و بازاری ئازادی رۆژئاوا و جیهانە.
تورکیا دەزانێ کە پارتی لە لایەن ئێران، عێراق، گۆڕان، پەکەکە، یەکێتی، حیزبە ئیسلامیەکانی باشوور و تەنانەت سوریاش لە ژێر گوشاری زۆر دایە. بەو پێیەش بەرژەوەندیەکانی تورکیا لە باشووری کوردستان و لە عێراقیش، لە مەترسی دان. ئەگەر هەر ئاوا بڕوا رەنگە پارتی بەرگە نەگرێ. لە ماوەی ساڵانی رابردووش دا پارتی لە ململانێ لە گەڵ لایەنەکانی دیکەی باشوور، بە پێی رادەی کورسیەکانی لە پارلمان، بەردەوام لە داکشان دا بووە. ئەمەش بۆ تورکیە جێی نیگەرانی‌یە. تورکیە پێویستی بە پارتیەکی بە هێزترە بەو چوار هۆکارەی خوارەوە:
١- بە هەر رادەیەک پارتی لاواز بێ، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ژێر گوشار یان رێبەریی گۆڕان، یەکێتی و لایەنە ئیسلامیەکانیش دا روو لە بەغدا و تاران دەکا.
٢- ئەگەر لایەنەکانی دیکە لە حکومەتی هەرێم دا دەسەڵاتیان زیاتر بێ مەترسیی پێداچوونەوەو تەنانەت هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنە سەربازی و ئابووریەکانی حکومەتی هەرێم لە گەڵ تورکیا دێتە ئاراوە.
٣- بە زیاتر بوونی دەسەڵاتی لایەنەکانی وەک گۆڕان و یەکێتی، پەکەکەش دەستی کراوەتر دەبێ بۆ هەڕەشە لە سەر بەرژەوەندیەکانی تورکیا لە باشوور و ئەوە کە باشوور بکا بە مەتەرێزی دژایەتیی لە گەڵ تورکیا.
٤- حکومەتی هەرێمی بە هێز (بە بەڕێوەبەریی پارتی) لە حاند بەغدا، لە باری سیاسیشەوە بۆ ئانکارا گرینگە. چونکە زۆرینەی شیعە و لە ئاکام دا دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری لە عێراق لە ژێر نفووزی ئێران دایە، عەرەبستان نفووزی بە سەر سوننەکانەوە هەیەو ئەوەی بۆ تورکیە وەک کارتی یاری لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق دا دەمێنێتەوە، هەرێمی کوردستانە. ئەم کارتەش تا بەهێزتر بێ، دۆخی یاریەکە بۆ تورکیا لەبارتر و خۆشتر دەکا.
بەڵام هەمووی ئەوانە تا کاتێک دەتوانن لە قازانجی تورکیا بن کە هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە عێراق بمێنێتەوە. سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان و جیابوونەوەی لە عێراق، بۆ تورکیە بە واتای سوتانی کارتی یاریەکەیە. بە واتایەکی دیکە تورکیا لە گەڵ ریفراندۆمێکە کە بتوانێ پێگەی پارتی لە هەرێمی کوردستان و پێگەی هەرێمی کوردستان لە ناو عێراق بە هێز بکا. هەر بۆیەشە کە دژایەتی توند سەبارەت بە پرسی ریفراندۆمی باشووری کوردستان، لە بەرپرسانی تورکیا نابینین و نابیسین. ئەگەر لەم بارەوە قسەیەکیش بکەن، زیاتر بۆ بێدەنگ کردنی ناسیونالیزمی توندئاژۆی تورکە. هاوکات رەزامەندیەکیش لە لایەن ئانکاراوە بۆ سەربەخۆیی باشووری کوردستان لە ئارا دا نییە. دەسەڵاتدارانی تورک دژایەتیی خۆیان لە حاند ریفراندۆم، بە داکۆکی لە یەکپارچەیی عێراق راگەیاندوە. لەوەش دا بە ئەگەری بەهێز، راست دەکا. چونکە لە هەمان کات دا کە ریفراندۆم دەتوانێ دەنگی هەولێر لە بەغدا دلێر بکا و کوردستانێکی بەهێز لە چوارچێوەی عێراق دا، قازانجی سیاسی و ئابووریی بۆ تورکیا هەیە، سەربەخۆیی باشووری کوردستان خەونی ئانکارا ئاڵۆز دەکا و هەموو حیساباتەکانی لێ تێک دەدا. بە جیابوونەوەی هەولێر لە بەغدا، تورکیە نەک هیچی زیاتر لە ئێستای دەست ناکەوێ بەڵکو دەوڵەتی کوردستان وەک دومەڵێک لە بن هەنگڵی قوت دەبێتەوە و هیچ روون نییە دوای سەربەخۆیی بتوانێ لە تەکیا تا هەتایە بە دۆستایەتی بمینێتەوە.
بەڵام سەرکەوتنی ریفراندۆم رێگا بۆ پارتی خۆش دەکا تا لە هەڵبژاردنی مانگی نۆڤامبریش دا زۆربەی کورسیەکانی پارلمانی هەرێمی کوردستان دەستەبەر بکا. چونکە ئەرکی جێبەجێ کردنی ئەنجامی ریفراندۆم دەکەوێتە سەر شانی ئەنجامدەرانی ریفراندۆمەکە. بەوەش رێگای بۆ خۆش دەبێ تا بەو جۆرەی مەبەستێتی ئاکامەکانی ریفراندۆم لە یارییە سیاسیەکانی داهاتوو دا بە کار بێنێ. ئەگەریش بەو ریفراندۆمە تەنیا بتوانێ ناوچە دابڕێندراوەکانی کەرکووک، خانەقین و شەنگال بخاتەوە سەر ئیدارەی هەرێمی کوردستان، دەسکەوتێکی گرینگی لە ریفراندۆم بۆ کورد دەستەبەر کردوە. دوای ریفراندۆم و هەڵبژاردنی مانگی نۆڤامبریش رەنگە دەستی بکرێتەوە تا بە گێڕانەوەی مووچە بۆ خەڵک، دەنگە ناڕازیەکان لە جێبەجێ نەکردنی ئاکامی ریفراندۆم کەم بکاتەوە. ئەوە سەرەڕای ئەوەیە کە تا ساڵانێکی زۆر دەتوانێ مانۆڕ لە سەر ئەنجامی ئەم ریفراندۆمە بدا تا بەرەبەرە بابەتەکە دەسوێ و مەوزوعی دیکە جێی دەگرنەوەو چیدی برەوی نامێنێ. وەک چۆن هیچکەس لە پەکەکەی نەپرسیەوە کە دروشمی باکوور، باشوور، رۆژهەڵات، یەک ئامانج و یەک وڵات، دوای ئەو هەموو قوربانیە چی بە سەر هات!

ڕەشبەڵەک

 بەڵەک بوو کێو و سەحرا، وەک دەڵەک خۆی دزیەوە زستان
زەیستان چون بەری خست ئیتیفاقەن هێزی پێی نابـــــــــێ  (حەریق)

بنەمای وشەی بەڵەک، "پەڵە"یە. پەڵەک لە سەر زاران بووە بە بەڵەک. پەڵە بە واتای قۆپەن، لەکە و رەنگێکی جیاواز لە ناو رەنگێکی دیکە دا. بەڵەک چووەتە ناو زمانی دەروجیرانەکانەوەو بووە بە ئەبڵەق. ئەبڵەق هەروەها لەو زمانانەوە گەڕاوەتەوە بۆ نێو زمانی کوردی‌و بە تایبەتیش رەنگێکی ئەسپە.
وشەی بەڵەک دەکرێ بە واتای بوونی دوو رەنگ بە تایبەت رەش و سپی، بە شێوەی پەڵەپەڵە، یەکسان و لە پاڵ یەکتر بێ یان بنەما سەرەکیەکە رەنگی سپی بێ و پەڵەی رەشی تێدا بێ بەو جۆرەی لە شێعری سەرەتا دا هەیە یان لە دەستەواژەی "چاو بەڵەک" دا دەبیندرێ. بەڵام لە رەشبەڵەک یان سووربەڵەک و... دا بنەمای رەنگەکە رەش یان سوورە کە رەنگی سپی تێدەکەوێ.
وشەی رەشبەڵەک بە تایبەتی بەو جۆرە هەڵپەڕکێ‌یە دەگوترێ کە کچانیش بە ناوی "دۆ" دەچن دە دەستی کوڕانەوەو لە دەستیان دا هەڵدەپەڕن. ئەم نەریتە زیاتر لە موکریان باوە. کەمیش وا هەیە کە رادەی هەردوو رەگەز لە گەڕی هەڵپەڕکێ دا بەرابەر بن و زۆربەی جاران کوڕەکان زیاترن. هەر بۆیەش بە رەشبەڵەک ناوی دێنن. بەو پێیە هەڵپەڕکێیەک ئەگەر کچی تێدا نەبێ و تەنیا پیاوان بن، رەشە. رەنگە جاری واش هەبێ کە کچان زیاترن یان تەنیا کچان لە دەستی یەکدا هەڵدەپەڕن بەڵام ئەمن ناوێکی تایبەتیم بۆ ئەوانە نەبیستوە.

تێکەڵکێشی دوو رەنگی رەش و سپی یا رەشبەڵەک یان بەڵەک لە ئایین و باوەڕی کۆنی کورد دا پیرۆز بووە. بەو واتایە کە دژەکان لە پەنا یەکتر دەحەجمین و ئەوەش نیشانەیەک بووە لە ئاشتی و ئارامی و بەیەکەوە ژیان. رەنگە بتوانین رەشبەڵەکیش هەر لەو پێناسەیەدا ببینین. واتە هەڵپەڕینی کوڕ و کچی بێگانە لە دەستی یەکتردا نیشانەی ئاشتی و ئارامییە. 
سازکردن و رازاندنەوەی رووکاری بینا گەورەکان بە دوو رەنگی رەش و سپی لە پاڵ یەکتر بە ناوی "بورجا بەلەک"، گرینگیی جامانە و رەنگەکەی، چنین و رازاندنەوەی جلوبەرگ، بەرماڵ و.. بە دوو رەنگی رەش و سپی، نمونەی رەنگدانەوەی ئەو باوەڕەن. هەموو ئەوانەش لەوەوە هاتوون کە باوەڕ بە دوانەی خێر(سپی) و شەڕ(رەش) لە لای کوردان و لە ئایینی کۆنی کوردان دا باو بووە. پێیان وا بووە هەردووی ئەوانە لە خواوە بۆ بەشەر ناردراون و مرۆڤ خۆی دەبێ چاک و خراپ هەڵبژێرێ. هەر ئەوەشە کە ئیستا ئێزدی و یارسانەکان باوەڕیان بە تف و لەعنەت کردنی سەرچاوەیەکی خراپە بە ناوی شەیتان نییە و لە سەر ئەوە بە شەیتان پەرەست و شتی وا ناوزەد دەکرێن.

کیژ و کوڕ بگرن لە دەوری گۆڕی هێمن 'رەشبەڵەک'
من کە شینگێڕی شـــــــــــەهیدانم لە کوێ شینم دەوێ 
هێمن



۶/۱۳/۱۳۹۶

خالید شازدە

ئەو کاتیش تەمەنی لە زۆربەی هاوسەنگەرانی زیاتر بوو. باڵتۆیەکی ئەمریکایی دە بەر و کەڵاشینکۆفێکی موزەللی لە شان دا بوو. قەڵافەتی بە خۆوە بوو و تفەنگەکەی وەک بەشێکی بچووک لە جەستەی وابوو. پێشمەرگەیەکی بە ئیخلاق و مرۆڤێکی خۆشەویست بوو. ناسناوەکەی هەمیشە بۆ من سەرنجراکێش بوو. خالید شازدە. باشە بۆ شازدە؟! بۆ پازدە و حەڤدە نا؟!
دوا جار ئێوارەی پاییزێکی درەنگ لە قەراخ پۆلە دارێک، دوور بە دوور دیتم. لە گەڵ دوو لە هاوسەنگەرانی تیمی تەشکیلاتی ناوچەی چۆمی مەجیدخان بوون. هێشتا خۆر نەپەڕیبوو کە وەدەرکەوتبوون و خەریک بوون دەڕۆیشتن. روویان لە رۆژئاوا بوو. دیار بوو وادەی مانەوەیان تەواو ببوو و دەبوو بڕۆنەوە بۆ 'ئەودیو'. ناوچەکە لە پێشمەرگە ئەستێندرابوو و بە سپای داگیرکەر تەنرابوو. هەر کوێ بەرز با، پایەگایەکی لە سەر دامەزرابوو. تەنانەت سەر ئەو تەپۆڵکەش کە بە سەر پۆلەداری حەشارگەی ئەوان دا دەیڕوانی، بە رۆژ تەئمینی رێگای لێ بوو.
خاوەن ژن و منداڵ بوو کە دەستی پێ کرد و وا دیار بوو تووشی هەڵەی لێکدانەوە ببوو. حیسابی درێژەکێشانی خەبات و دەربەدەری و نەداری و نەهامەتیەکانی دیکەی نەکردبوو. زۆری پێ نەچوو خەبەر بڵاو بۆوە کە خالید شازدە گەڕاوەتەوەو خۆی تەسلیم کردوە. گەڕانەوەی خەڵکی زۆر نیگەران کرد. ئەمن هەرچەند تازە لاوێک بووم و هەر دووراودوور دیتبووم بەڵام لە ناخی خۆم دا پێم حەیف و پێم ناخۆش بوو. ئەگەرچی حەیف و مخابنی من لە جێی خۆی دا بوو بەڵام دەرکەوت کە نیگەرانیی خەڵک لە خۆڕا بوو. هیچکات نەمبیست خیانەتی لە خانەخوێیەکی سەردەمی پێشمەرگایەتی کردبێ، کەسێکی بە گرتن دابێ یان قسەیەکی لە سەر بێ. گەڕایەوەو درەنگتر بیستم کە لە مەهاباد تاکسی دەگێڕێ. 
رەوانی شاد بێ
وێنەی ‏تاهیر قاسمی‏.

مێش، گامێش، خۆڵەمێش ..

 مێش  دەعبایەکی باڵداری بچووکە و لە هەموو پیسیەک دەنیشێ. وشەکە چ بە هۆی پاشگر و چ وەک پاشگر، لە کۆمەڵێک وشەی زمانی کوردی دا هەیە. هەموو ئەو وشانەش کە بە جۆرێک مێشیان تێدایە، لە رەنگ دا وەک یەک یان لێک نیزیکن. مێش جۆرێکی تایبەت لە رەنگی رەش یان رەنگی رەشی ئاماڵ بۆرە.
مش یان مێش لە مشکی و خۆڵەمێش دا هەیە کە هەر دوو وشە یەک واتایان هەیە. ئەویش ئەو خۆڵەیە کە دوای سووتان دەمێنێتەوە. مێشکی لە زمانی فارسیش دا هەر واتای رەشە. هەرچەند لەوێ رەشێکی قەترانییە و زیاتر تایبەت بە رۆژانی تازێ و تازیەبارییە. مشکی هەروەها پارچە و قوماشێکی رەنگ رەشە کە رەشتیشی پێ دەڵێن کە لە ناوچەکانی ناوەند و باشووری رۆژهەڵاتی کوردستان سەروێنی پیاوان و ژنانی کوردە.
 مش یان مێش دەگەڕێتەوە سەر وشەی "موس"ی سۆمەری بە هەمان واتای رەش. بە شێوەی سەربەخۆ یان بە هۆی پاشگرێک لە وشەکانی مێش، مشک، مشکی، مژ، ماش (دانەوێڵە) و رەنگە مێشک و مەشکە دا هەیە.
 وەک پاشگریش لە گامێش (گای رەنگ مێش)، خۆڵەمێش (خۆڵی رەنگ مێش)، گورگەمێش و کۆمەڵێک وشەی دیکەدا دەبیسترێ. هەرچی وشەی گورگە مێشە، ئەوە بریتیە لە سەگێکی دوو رەگە لە گورگ و سەگ. ئەم جۆرە سەگانە رەنگیان خۆڵەمێشییە کە رەنگە خدەی باوکە گورگەکەیان هەڵگرن و کاتێ شوان چاویان لێ خافڵ کا، پەلاماری مەڕەکان بدەن. هەر بەو هۆیەش وشەی گورگەمێش واتای سەگێکە کە رەنگە مەڕ و بەرخەکان بخوا.
مێش لە وشەی گامێش کە لە عەرەبی دا بووە بە جاموس، پێوەندی بە رەنگی گامێشەوە هەیە نەک مێ و نێریی ئەو جۆرە گایە. بەڵام چونکە زۆربەی ئەو گامێشانەی راگیراون، بە مەبەستی کەلک وەرگرتن لە شیرە چەورەکەیان،  مێ بوون، وشەی گامێش بۆ مێی ئەو گیاندارە بە کار هاتووە. هاوسەری گامێش، کەڵە. رەنگە فارسەکان بە تێگەیشتنی هەڵە لە واتای گامێش، وشەی "میش"ی بە مانای مەڕی هاوسەری بەرانیان لێ داڕشتبێ.
دەگوترێ وشەی "قامیش" وشەیەکی تورکییە بەڵام وەک ئەگەرێک بە دوور نییە بەشی دووهەمی وشەکە هەمان مێش بێ و ئەویش ئاماژە بەو گوڵە توکنە بێ کە قامیش لە وەرزی پاییزدا دەری دەکا. ئەگەر ئەوە دروست بێ، ئەوە بەشی یەکەمی وشەکە واتە "قا"، هەمان گیایە و لە سەر یەک قامیش واتای گیای رەنگ خۆڵەمێشی دەدا.

مێش رەنگە دەوری سەرەکی لە سازکردنی وشەی "مێشک"یش دا هەبێ. هەروەها لە وشەی مێشە بە واتای پۆلە داری چڕ و پڕ. بە گۆڕانی "م" بە "ب"،  وشەی مێشە کراوە بە "بێشە". فارس پێی دەڵێ "بیشە" و "بیشەزار". هەر ئەم گۆڕانە لە "رەش و بێش" دا هەیە و  بە گۆڕانی "م" بە "پ" لە رەشکە و پێشکەش دا بەر گوێ دەکەوێ. 

۶/۱۱/۱۳۹۶

بۆچوونێک لە سەر بنەچەی وشەی "مامۆستا"


مامۆستا بە کەسێک دەگوترێ کە لە خەڵکی ئاسایی زیاتر دەزانێ و لە بوارێک یان چەند بواری زانستی دا شارەزایە. پێشتر ئەم وشەیە بۆ مەلا و پیاوانی ئایینی بە کار دەهات. بەو پێیە کە ئەرکی فێرکردن، ئامۆژگاری و نەسیحەتی خەڵک بوو. دواتر وشەکە جێگای "معلم" و "مدیر"ی قوتابخانە و تەنانەت زانستگاشی گرتەوە. ئێستاش بۆ هەموو ئەوانەی سەرەوە(زانا، مەلا و معلم) بە کار دێ. یەکێک لەو رەخنانەش کە لە سەر بە کار هێنانی وشەکە هەیە، ئەوەیە کە مامۆستا تەنیا بۆ پیاوان بە کار دێ و ناکرێ بۆ ژنان و رەگەزی مێینەش بە کاری بێنین. بەڵام ئاخۆ وشەکە دە بنەڕەت دا بۆ پیاوان داڕێژراوە؟
زۆر کەس پێی وایە "مامۆستا" پێکهاتەی دوو وشەی "مام" و "وەستا"یە و زۆر کەس وای بە دروست دەزانێ کە وشەکە بە شێوەی "ماموەستا" بنووسرێ و بگوترێ. بەڵام وەک دەزانین مامۆستا و وەستا ئەگەرچی پلە و پایەی کۆمەڵایەتیان لە خەڵکی ئاسایی بەرزترە بەڵام دوو پیشەی جیاوازن. ئەرکی مامۆستا کار لە سەر گیاندارە بەڵام وەستا کار لە سەر بێ گیان دەکا. مامۆستا ئینسان یان گیانداری دیکە ڕادەهێنێ و فێر دەکا بەڵام ئەرکی وەستا بەستن و چاک کردن و چاک کردنەوەی کەرەسەیە. من پێم وایە ئەو دوانە ئەوەندەی لە باری پیشەییەوە کارەکەیان جیاوازە، لە باری بنەمای وشەکانیشەوە لە دوو بنەمای جیاوازەوە دروست بوون و پێوەندییان بە یەکەوە نییە. هەرچەند لە باری وشەسازییەوە هەردوویان بە هۆی پاشگری "ا" بوون بە بکەر. پێشم وایە بنەمای وشەی "وەستا"، لە کرداری "بەستن"ەوە چێ کراوە. ئەگەر ئەو وشەیە هەر ئێستا و لە سەر هەمان بنەما داڕێژرابا، دەبوو بە "بەستا". لە زمانی کوردی و زمانە دەستەخوشکەکانی دا گۆڕانی "و" بە "ب" زۆر بەرچاوە و پێچەوانەکەشی دەبیندرێ. وەک دەشزانین ئەرکی وەستا دروست کردن، بەستن و هەڵبەستنە. جا بەستن و هەڵبەستنی دەرگا و پەنجەرە بووبێ یان نیر و ئاموور یان هەڵبەستنی خۆگە و بەند. بەو پێیە استادی فارسی و أستاذ عەرەبی کە لە سەر بنەمای ئەو وشەیە ڕۆ نراون، لەو زمانانەدا جێگای شیاوی خۆیان وەرنەگرتووە.
بەشی یەکەمی وشەی مامۆستا، "مام"ە. مام دە زمانی کوردی دا بۆ دوو مەبەست بە کار دێ؛ مام بە مانای برای باوک، مام بۆ پیاوی پیر و بە تەمەن. ئەو وشەیە هەر وەها بە شێوەی "مامۆ"ش گۆ دەکرێ.
شێوەی کۆنتری وشەی "مام"، وێدەچێ "ئام" بووبێ و "مامۆ"ش "ئامۆ" بووە. ئەم وشەیەی دوایی لە وشەکانی "ئامۆژن" بە مانای هاوسەری برای باوک و "ئامۆزا" بە مانای کچ یان کوڕی بڕای باوک دا هەن و پارێزراون. هەروەها لە زمانی دەر و جیرانەکانیش دا دەبیندرێن. لە زمانی عەرەبی دا پێی دەڵێن "عم" کە وێدەچێ لە "ئام"ی شێوەی کۆنتری وشە کوردیەکە وەرگیرابێ. لە زمانی فارسی دا پێی دەڵێن "عمو" کە ئەوەش لە سەر بنەمای "ئامۆ" وەرگیراوە بەڵام شوێنی وشە بە عەرەبی کراوەکەی بە سەرەوەیە. شوێنی وشە کوردیەکە لە زمانی تورکی و لە وشەی "ئامجە"ش دا بە هەمان مانا بەدی دەکرێ.
بەڵام بۆچی پێمان وا بێ "عم"ی عەرەبی و "عمو"ی فارسی و "ئامجە"ی تورکی لە ئام و ئامۆی کوردی وەرگیراون و شتەکە پێچەوانە نییە؟
"ئام" لە زمانی کوردی، دە کۆمەڵێک وشەی دیکەش دا خۆی نیشان دەدا. "ئامباز" بە مانای لێک نیزیکبوونەوەی خێرا، ئامێز بە مانای باوەش، ئام بە مانای هاتن دە وشەی ئاموشۆ یان هاموشۆ دا و هەروەها "ئاما" بە مانای "هات" دە زاراوەی هەورامی دا، ئامێتن بە مانای تێکەڵاو کردن و لە ناو کۆمەڵێکی زۆر وشەی دیکەش. دە هەمووشیان دا ئاماژەیە بە لێک نیزیکبوون و وێک هاتن و وێک کەوتن. وەک دەشزانین ئەو نیزیکایەتیە دە نێوان مام و برازادا هەیە. شێوەیەکی دیکەی وشەکە لە ئامرازی "هەم"، "ئام"، "ئاو"، "هام" و "هاو" دا ماوەتەوە چ بە تەنیا و چ وەک پێشگر دە کۆمەڵێک کردار و وشەدا وەک هاودەنگ، ئاواڵ(هاواڵ، هەواڵ، هەڤاڵ)، ئامیار(هاوکار) و... رەنگە وشەی "ئاوا"ش بە مانای وێک هاتن و لێک نیزیکبوونەوە بۆ وێنە دە وشەی "ئاوایی" دا هەر لە بنەمای "ئام" وەرگیرابێ.
بەڵام شێوەی دیکەی وشەی مام و مامۆ، واتە ئام و ئامۆ زیاتر لە مەبەستەکە نیزیکمان دەکاتەوە. ئامۆ بە تایبەتی لە هەردوو وشەی "دەستەمۆ" و "نامۆ" دا پارێزراون و لە یەکەمیان دا مانای فێرکراو و لە دووهەمیان دا مانای فێر نەکراو دەدا. دەستەمۆ دەبێ کورتکراوەی "دەست ئامۆ" بووبێ و "ئامۆ"ش دەبێ بە مانای فێر کردن و فێر کران بووبێ. ئەگەر پێوەندیشی بدەینەوە بە "ئام"ی بنەمای وشەکە، ئەوە مانای لە خۆ نیزیک کردنەوە و پێچەوانەی تەرە کردن و دوور خستنەوەیە. بەو پێیەش ئەرکی ئامۆ و مامۆ فێرکردن و راگواستنی ئەزموون و ئامۆژگاریەکانی بووە بۆ وەچەی دوای خۆی تا لە باری ئەزموون و زاناییەوە لە خۆیان نیزیک بکاتەوە و بیانگەیەنێتە ئاستی خۆی. رەنگە هەر بەو هۆیەش بێ کە ئەو وشەیە بۆ پیاوانی پیر و بە تەمەن بە کار دێ وەک کەسانی خاوەن ئەزموون و زانست کە دەکرێ لێیان فێر بی و بە مامۆستایان بزانی. هەروەها لە زمانی کوردی دا وشەی "ئامک" هەیە کە جمکی "ئامۆ"یە و بە مانای پور، پلک و خوشکی باوکە. ئێستاش لە زاراوەی کرمانجیی باکوور دا "ۆ" لە کۆتایی وشەدا بۆ نێرینەیە و بە دوور نییە "ۆ"ی کۆتایی "ئامۆ" و "مامۆ" لە بنەڕەت دا ئەو دەورەی گێڕابێ.
"ئامۆ" دەکرێ بووبێ بە بنەمای کردارێک هەر بە واتای فێر کردن. لە زمانی کوردی دا وشەی "ئامۆژگار" و "ئامۆژگاری" لە سەر بنەمای "ئامۆ" داڕێژراون و هەمان واتایان هەیە. "گار" کە دە کۆمەڵێک وشەی دیکەش دا دەبیندرێ، وەک کردگار، رۆژگار و... پاشگرە و بنەمای وشەکە لێرەدا "ئامۆژ"ە. ئەو کردارانەش کە شێوەی ئێستا و داهاتوویان بە "ژ" تەواو دەبێ، لە بنەمای ئەو کردارانەن کە چاوگەکەیان بە "شتن" کۆتایی دێ. وەک؛
چاوگ – ڕابردوو - ئێستا
دارێشتن - داڕێشت - داڕێژ
ناشتن - ناشت - نێژ
کوشتن – کوشت - کوژ
بەو پێیەش دەبێ چاوگی کرداری ئامۆژ، ئاوا بووبێ؛
ئامۆشتن – ئامۆشت – ئامۆژ
بە جۆرێکی دیکەش دەکرێ ریشەی کرداری "ئامۆژ" ببینینەوە. وەک دەزانین هەردوو زمانی کوردی و فارسی یەک بنەچەیان هەیە. زۆر وشە و بنەمای زۆر کردار لە یەکێک لەو دوانەدا لە بیر چوونەوە یان کرداری دیکە جێی گرتوونەوە، بەڵام لەویدی دا پارێزراون. بەو پێیە لە زمانی فارسی دا بە دوای نیزیکترین وشە لە "ئامۆژ"ی کوردی دەگەڕێین و تووشی وشەی "آموز" دەبین کە هەم لە باری مانا و هەمیش لە باری وشە سازییەوە لە وشە کوردییەکە نیزیکە. "آموز" لە چاوگی کرداری "آموختن"ە؛ آموختن ، آموخت ، آموز. بەشێک لەو کردارانەش کە لە زمانی فارسی دا بە "ختن" تەواو دەبن، لە کوردی دا دەبن بە "شتن". وەک؛
فارسی کوردی
بیختن(بیز) - دابێشتن(دابێژ)
پختن (پز) - پێشتن (پێژ)
انداختن(انداز) - هاویشتن(هاوێژ)
ریختن (ریز) - رێشتن(رێژ)
بەو پێیەش؛
آموختن (آموز) - ئامۆشتن(ئامۆژ)
بە واتایەکی دیکە، "ئامۆ"ی بە مانای فێرکەر، راهێنەر و بارهێنەر، بە هۆی پاشگری "شتن" بووە بە کردار و لە گەڕانەوە دا وەک دەستە کردارەکانی دەستەخوشکی خۆی(...شتن)، شێوەی ئێستا و داهاتووی بووە بە "ئامۆژ".
کرداری "ئامۆشتن" بە داخەوە لە زمانی کوردی دا وشەیەکی لە بیر کراوە و کردارە تێکەڵاوەکانی "فێر کردن"، "بار هێنان" و "ڕاهێنان" جێگایان گرتۆتەوە. کاتێک لە سەر بنەمای لکاندنی پیتی "ا" بە کردار، لە کرداری "ئامۆشتن" بکەر چێ بکرێ، دەبێ بە "ئامۆشتا" (ئامۆشتن ، ئامۆشت ، ئامۆشتا). ئەو جۆرە بکەرە لە وشەی "بینا" و "زانا"ش دا دەبیندرێ بەڵام جیاوازیەکەیان ئەوەیە کە ئەو دوانەی دوایی لە سەر بنەمای شێوەی ئێستای کردارەکە (مضارع) چێ بوون لە حاڵێک دا "ئامۆشتا" و "وەستا"(وەستن[بەستن] ، وەست[بەست]، وەستا[بەستا]) لە سەر بنەمای ڕابردووی کردارەکانیان(ماضی) ڕۆ نراون و ئەوەش وێدەچێ شێوەی کۆنتری سازکردنی بکەر لە کردار بێ.
وەک پێشتر گوترا، "ئام" و "ئامۆ" شێوەی کۆنتری "مام" و مامۆ"ن. بەو پێیەش "ئامۆشتا" گۆڕانی بە سەر دا هاتووە و "ئا" بە "ما" گۆڕاوە. ئامۆشتا بووە بە "مامۆشتا". بە دوای ئەو گۆڕانەدا وشەکە لە سەر بنەمای خۆی لای داوە و هەر ئەو لادانەش بووە بە هۆی ئەوە کە بە نیزیکبوونەوە لە وشەی "وەستا" گۆڕانی بە سەر دا بێ. واتە گۆڕانی وشەکە بەو رێچکەیەدا بووە؛ ئامۆشتا – مامۆشتا – مامۆستا.
ئێستاش دەکرێ زمانی کوردی وێڕای پاراستنی مامۆستا، "ئامۆشتا"ش وەربگرێتەوە و لە جێی خۆی دا بە کاری بێنێ. وەکچۆن پێویستی بە زیندوو کردنەوەی کرداری "ئامۆشتن"یش هەیە.

بابەتی نوێ:

حیزب وەک سەنتەر، ستراتژیی حیزب وەک سەنتێز

سەردەمی ئێستا، سەردەمی بەئاگاهاتنەوەی هەرچی زیاتری نەتەوە بندەستەکانە. سەردەمی ‏هەوڵدانی بە کۆمەڵی کۆمەڵگا ژێردەستەکان بۆ سڕینەوەی سێبەری دا...