هەمیشە پێم وا بووە کە سەربەخۆیی هەر پارچەیەکی کوردستان بە بێ پشتیوانی یان لانیکەم نەرمی نواندنی یەک لە وڵاتانی داگیرکەری کوردستان، چەتوونە. بە درێژایی خەباتی کورد لە هەر چوار وڵاتی ئێران، عێراق، تورکیە و سوریە، ئەو وڵاتانە سەرەڕای ناکۆکی و تەنانەت دوژمنایەتی نێوانیان، ئەوەی بەردەوام لە سەری کۆک بوون، دژایەتی لە گەڵ پرسی کورد بووە. لە ژێر ئەم بۆچوونەدا، لەوەتا دەسەڵاتی باشووری کوردستان رایگەیاندوە کە ریفراندۆم دەکا و دەیهەوێ سەربەخۆ بێ، رۆڵی پشتی پەردەی تورکیا بۆم جێگای پرسیار بووە. ئاخر لە نێو وڵاتانی ناوچە دا، تورکیا زیاترین سات و سەودای لە گەڵ باشووری کوردستان هەیە و نیزیکترین دۆستی حیزبی دەسەڵاتدار لە باشوورە. کەواتە تورکیا سەرەڕای هێندێک هەڵوێست و قسەی بەرپرسانی، ناکرێ بە راستی دژی ریفراندۆم بێ. دژایەتی نەکردنیشی نە بۆ سەربەخۆیی و دامەزرانی دەوڵەتی کوردستان بەڵکو بە ئامانجی بە هێز کردنی پارتی بۆ درێژەدان بە بەڕێوەبەریی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانە. باشووری کوردستانێکی بەهێز بە رێبەریی پارتی باشتر دەتوانێ ململانێ و دژایەتی لە گەڵ پەکەکە بکا، لە بەغدا چاکتر یاری بکا و تورکیا هەروەها قازانجێکی زۆری ئابووری لە دۆخی ئێستای باشووری کوردستان دەکا. ساتوسەودای نێوان تورکیا و حکومەتی هەرێم لە دۆخی ئێستا دا بە لای تورکیا دا لاسەنگە. چونکە حکومەتی هەرێم بە دەسەڵاتدارەتیی پارتی، بە دوو هۆ ناچارە زیاترین باجی ئابووری بە تورکیا بدا:
١- لە نێو وڵاتانی ناوچە دا، تورکیە سەرەکیترین دۆستی پارتییە
٢- لە کاتێک دا کە نێوانی پارتی لە گەڵ زۆربەی نیزیک بە تەواوی یاریکەرەکانی ناوچە لێڵە، بەندەرەکانی تورکیا بۆ نەوتی باشووری کوردستان رێگای نیزیکی ئاوی ئازاد و بازاری ئازادی رۆژئاوا و جیهانە.
تورکیا دەزانێ کە پارتی لە لایەن ئێران، عێراق، گۆڕان، پەکەکە، یەکێتی، حیزبە ئیسلامیەکانی باشوور و تەنانەت سوریاش لە ژێر گوشاری زۆر دایە. بەو پێیەش بەرژەوەندیەکانی تورکیا لە باشووری کوردستان و لە عێراقیش، لە مەترسی دان. ئەگەر هەر ئاوا بڕوا رەنگە پارتی بەرگە نەگرێ. لە ماوەی ساڵانی رابردووش دا پارتی لە ململانێ لە گەڵ لایەنەکانی دیکەی باشوور، بە پێی رادەی کورسیەکانی لە پارلمان، بەردەوام لە داکشان دا بووە. ئەمەش بۆ تورکیە جێی نیگەرانییە. تورکیە پێویستی بە پارتیەکی بە هێزترە بەو چوار هۆکارەی خوارەوە:
١- بە هەر رادەیەک پارتی لاواز بێ، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ژێر گوشار یان رێبەریی گۆڕان، یەکێتی و لایەنە ئیسلامیەکانیش دا روو لە بەغدا و تاران دەکا.
٢- ئەگەر لایەنەکانی دیکە لە حکومەتی هەرێم دا دەسەڵاتیان زیاتر بێ مەترسیی پێداچوونەوەو تەنانەت هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنە سەربازی و ئابووریەکانی حکومەتی هەرێم لە گەڵ تورکیا دێتە ئاراوە.
٣- بە زیاتر بوونی دەسەڵاتی لایەنەکانی وەک گۆڕان و یەکێتی، پەکەکەش دەستی کراوەتر دەبێ بۆ هەڕەشە لە سەر بەرژەوەندیەکانی تورکیا لە باشوور و ئەوە کە باشوور بکا بە مەتەرێزی دژایەتیی لە گەڵ تورکیا.
٤- حکومەتی هەرێمی بە هێز (بە بەڕێوەبەریی پارتی) لە حاند بەغدا، لە باری سیاسیشەوە بۆ ئانکارا گرینگە. چونکە زۆرینەی شیعە و لە ئاکام دا دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری لە عێراق لە ژێر نفووزی ئێران دایە، عەرەبستان نفووزی بە سەر سوننەکانەوە هەیەو ئەوەی بۆ تورکیە وەک کارتی یاری لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق دا دەمێنێتەوە، هەرێمی کوردستانە. ئەم کارتەش تا بەهێزتر بێ، دۆخی یاریەکە بۆ تورکیا لەبارتر و خۆشتر دەکا.
بەڵام هەمووی ئەوانە تا کاتێک دەتوانن لە قازانجی تورکیا بن کە هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە عێراق بمێنێتەوە. سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان و جیابوونەوەی لە عێراق، بۆ تورکیە بە واتای سوتانی کارتی یاریەکەیە. بە واتایەکی دیکە تورکیا لە گەڵ ریفراندۆمێکە کە بتوانێ پێگەی پارتی لە هەرێمی کوردستان و پێگەی هەرێمی کوردستان لە ناو عێراق بە هێز بکا. هەر بۆیەشە کە دژایەتی توند سەبارەت بە پرسی ریفراندۆمی باشووری کوردستان، لە بەرپرسانی تورکیا نابینین و نابیسین. ئەگەر لەم بارەوە قسەیەکیش بکەن، زیاتر بۆ بێدەنگ کردنی ناسیونالیزمی توندئاژۆی تورکە. هاوکات رەزامەندیەکیش لە لایەن ئانکاراوە بۆ سەربەخۆیی باشووری کوردستان لە ئارا دا نییە. دەسەڵاتدارانی تورک دژایەتیی خۆیان لە حاند ریفراندۆم، بە داکۆکی لە یەکپارچەیی عێراق راگەیاندوە. لەوەش دا بە ئەگەری بەهێز، راست دەکا. چونکە لە هەمان کات دا کە ریفراندۆم دەتوانێ دەنگی هەولێر لە بەغدا دلێر بکا و کوردستانێکی بەهێز لە چوارچێوەی عێراق دا، قازانجی سیاسی و ئابووریی بۆ تورکیا هەیە، سەربەخۆیی باشووری کوردستان خەونی ئانکارا ئاڵۆز دەکا و هەموو حیساباتەکانی لێ تێک دەدا. بە جیابوونەوەی هەولێر لە بەغدا، تورکیە نەک هیچی زیاتر لە ئێستای دەست ناکەوێ بەڵکو دەوڵەتی کوردستان وەک دومەڵێک لە بن هەنگڵی قوت دەبێتەوە و هیچ روون نییە دوای سەربەخۆیی بتوانێ لە تەکیا تا هەتایە بە دۆستایەتی بمینێتەوە.
بەڵام سەرکەوتنی ریفراندۆم رێگا بۆ پارتی خۆش دەکا تا لە هەڵبژاردنی مانگی نۆڤامبریش دا زۆربەی کورسیەکانی پارلمانی هەرێمی کوردستان دەستەبەر بکا. چونکە ئەرکی جێبەجێ کردنی ئەنجامی ریفراندۆم دەکەوێتە سەر شانی ئەنجامدەرانی ریفراندۆمەکە. بەوەش رێگای بۆ خۆش دەبێ تا بەو جۆرەی مەبەستێتی ئاکامەکانی ریفراندۆم لە یارییە سیاسیەکانی داهاتوو دا بە کار بێنێ. ئەگەریش بەو ریفراندۆمە تەنیا بتوانێ ناوچە دابڕێندراوەکانی کەرکووک، خانەقین و شەنگال بخاتەوە سەر ئیدارەی هەرێمی کوردستان، دەسکەوتێکی گرینگی لە ریفراندۆم بۆ کورد دەستەبەر کردوە. دوای ریفراندۆم و هەڵبژاردنی مانگی نۆڤامبریش رەنگە دەستی بکرێتەوە تا بە گێڕانەوەی مووچە بۆ خەڵک، دەنگە ناڕازیەکان لە جێبەجێ نەکردنی ئاکامی ریفراندۆم کەم بکاتەوە. ئەوە سەرەڕای ئەوەیە کە تا ساڵانێکی زۆر دەتوانێ مانۆڕ لە سەر ئەنجامی ئەم ریفراندۆمە بدا تا بەرەبەرە بابەتەکە دەسوێ و مەوزوعی دیکە جێی دەگرنەوەو چیدی برەوی نامێنێ. وەک چۆن هیچکەس لە پەکەکەی نەپرسیەوە کە دروشمی باکوور، باشوور، رۆژهەڵات، یەک ئامانج و یەک وڵات، دوای ئەو هەموو قوربانیە چی بە سەر هات!