۱/۰۲/۱۳۹۶

حەوت شین چۆن بوو بە هەفت سین؟

لە ناو ئێرانیەکان دا یەک لە نەریتەکانی جێژنی نەورۆز کە لە راستی دا بەرچاوترین نەریتە، راخستن و رازاندنەوەی سفرەی حەوسینە. دانانی حەوت خواردن کە بە پیتی "سین" دەست پێ دەکەن. ئەوانیش بریتین لە سرکە، سماق، سەمەنی، سنجوو، سێو و سیر کە ئەم شەش خواردنە لە گەڵ سکە و سەوزە دەبن بە هەشت سین. لە پاڵ ئەوانە دا چەند شەم، کتێب (قورئان یان دیوانی شاعیرێک)، ئاوێنە، نانێکی پان و قاپێک ئاو دادەندرێ و سفرەکە بە شیرنی، شووشەیەک ئاو کە ماسی سووری تێدایە، دەفرێک شیر و چەند هێلکەی رەنگ کراو دەڕازێندرێتەوە.
وەک سروشتی هەر نەتەوەیەکی بندەست، فەرهەنگی نەتەوەی باڵادەست شەقڵی بە سەر کەلتوری کوردەکانی رۆژهەڵاتیش دا بەجێهێشتووە و فەرهەنگی راخستن و رازاندنەوەی سفرەی حەوسین بە تایبەت لە شارەکانی کوردستانیش دا کەم و زۆر باوە. بەڵام ئاخۆ حەوسین چ پێوەندی بە کوردەوە هەیە؟
سەبارەت بە بنەما و مێژووی راخستنی سفرەی حەوسین لە ناو ئێرانیەکان دا باس و خواسی جۆراوجۆر هاتووەتە ئاراوە. ئەوەندەی دەگەڕێتەوە سەر ژمارەی ٧، ژمارەیەکی گرینگ و پیرۆز بووە لە ئایینە کەوناراکانی وەک میترایی و زەردەشتی دا. لە میترایی دا پلەکانی ئایینی ٧ پلەن کە حەوتەمینیان دوایین و گەورەترین پلە بووە. ئاسمان بە سەر حەوت تەبەقەدا دابەش کراوەو هەر کام لە حەوت هەسارەی ئاسمان نوێنگەی یەک لە پلەکانی ئایینی بووە. لە ئایینی زەردەشتیش دا، حەوت، ژمارەی حەوت ئەمشاسپەندی مەزنە کە دەکرێ ئەمانە یان یەک لەوان لە ژمارە ٧ی حەوسین دا رەنگی دابێتەوە. بەڵام لە سەر واتا و هۆی هەڵبژاردنی پیتی "سین" بۆچوونی جیاواز هەیە. کەسانێ پێیان وایە ئەمە هەمان "سینی"یە کە خواردنەکانی لە سەر دادەندرێ و سینیش هەمان دەفر و ئامانی چینی یان صینی‌یە کە لە وڵاتی چینەوە دەهات و دەفری بە نرخ و بەها بوو.
بۆچوونی دیکە دەڵێ وشەکە لە "هەفت صنف" کە "صنف" وشەیەکی عەرەبی‌یە بە مانای دانەوێڵە، کەوتووەتەوە و دواتر ئەم هەفت صنفە بووە بە هەفت صن و پاشان هفت سین.
بۆچوونێکیش پێی وایە لە بنەڕەت دا حەوت "شین" بووە کە بە شەراب ، شەکر، شیر و... دەڕازایەوە بەڵام چونکە دوای هاتنی ئیسلام شەراب حەرام کرا، حەوشین جێگای خۆی بۆ حەوسین بەجێهێشت.
کۆنترین بەڵگەیەک کە سەبارەت بە حەوسین هەیە، هی ئەبورەیحانی بیروونی‌یە. بیروونی لە کتێبی "آثار الباقیە"دا کە بە زمانی عەرەبی نووسیویەتی، دەڵێ؛ "دوای ئەوەی جەمشید بە سەر ئەهریمەن دا سەرکەوت کە رێگای خێر و بەرەکەت و بارانی شین بوونەوەی گیای گرتبوو، دیسان باران دایکردەوە، گیا شین بوونەوە، خەڵک گوتیان رۆژی نوێ (واتە رۆژێکی نوێ و چاخێکی تازە) هاتووە. بۆیەش هەر کەس قاپێک جۆی چاند و خەڵک لە رۆژی نەورۆز دا لە حەوت قاپ دا، حەوت جۆرە دانەوێڵەیان چاند و شین کرد."
رەنگە ئەبورەیحان خۆشی نەیزانیبێ کە ئەوەی ئەو باسی دەکا، "حەوت شین"ە کە تەنیا لە زمانی کوردی دا واتای هەیە. حەوت دانەوێڵەی شینبوو. لە زمانی کوردی دا یەک لە واتاکانی "شین بوون"، روانەوە، سەوز بوون و چەکەرە کردنی گژ و گیایە. حەوت شین ئەو حەوت قاپە بوون کە هەر یەکەی جۆرێک دانەوێڵەیان تێدا "شین" کرابۆوە. دانەوێڵەکان کە پێش نەورۆز چێندرابوون، لە نەورۆزدا شین بوون و ببوون بە شینکە و شیناوەرد.
ئەوانەی پێیان وایە حەوسین لە بنەڕەت دا حەوشین بووە دوو هۆی دیکە بۆ گۆڕانی شین بە سین دێننەوە کە بریتین لە حەرام بوونی شەراب و نیزیک بوونی شوێنی دەرکەوتنی دوو پیتی س و ش. بەڵام واتای "شین"ی "حەوشین" رەگی لە زمانی کوردی دا هەیە و لە زمانی فارسی دا بێ واتایە. فارس وشەی شینی بە هیچکام لە واتاکانی (رەنگی شین، گریان بۆ مردوو یا سەوز بوونی گژ و گیا) وەرنەگرتوە. لە بەرامبەر شین دا، "سەبز" بە کار دەبا کە وشەیەکی هاوبەشی کورد و فارسە. هەر بۆیەش بەو شین و شینکانەیان وتووە "سەبزە". جا چونکە سەبزە بە پیتی "سین" دەست پێ دەکا و شینیش لایان بێ واتا بووە، حەوت شین کراوە بە حەوت سەبزە و "هەفت سین" کە پێوەندیەکی واتایی بە وشە سەرەکیەکە و ماکەی نەریتەکەوە نییە.
بە پێچەوانەی زۆربەی نەریتەکانی جێژنە کەوناراکانی دانیشتوانی زنجیرە چیاکانی زاگرۆس کە دەگەڕێنەوە سەر ژیانی ئاژەڵداری بە تایبەت مەڕداری، حەوشین پێوەندی بە ژیانی جووتیاریەوە هەیە. شین بوونەوەی هەر حەوت دانەوێڵە مزگێنی‌یەکی خۆشی بۆ جووتیاری خاوەن مووچەو مەزرا پێ بووە. جووتیار ئەم شینبوونەی وەک بەرکوتێک لە خەرمانی پڕ بەرەکەتی ساڵ پەژراندوە و بە هومێدی زیاترەوە سەرەتای ساڵ و سەرەتای وەرزی کشت‌وکاڵی دەستپێکردوە. ئەو شینبوونەوانە رۆڵی تاقیکارییان هەبووە. بەو واتایە کە هەر کام لە دانەوێڵەکان زووتر، باشتر و جوانتر شین بووبێ، نیشانەی ئەوەیە کە ئەو ساڵە دەبێ زیاتر گرینگی بە چاندنی ئەو جۆرە دانەوێڵەیە بدرێ. لە بەرامبەریش دا ئەگەر یەک یان چەند لە دانەوێڵەکان خراپ شین بووبن یان کوێرەیان کردبێ، ئەوە ئەو ساڵە بەروبوومی ئەو جۆرە دانەوێڵەیە خراپ دەبێ و باشترە زۆر خۆی پێوە ماندوو نەکا. هەڵبەت جووتیارانی زاگرۆس هەتا ئێستاش، لە پەنا کاری کشتوکاڵ دا، بە راگرتنی چەند سەر مەڕ و بزن یان گا و گامێش، ئاژەڵداریشیان کردوە. لە بەر و بوومی ئەم ئاژەڵانەو لەو خواردنانەی کە لە دانەوێڵەکان وەک سەرەکیترین سەرچاوەی خۆراک و خواردەمەنی، سازیان کردوە، سفرەی حەوت شین‌یان رازاندووەتەوە. جا چ خواردنەکانی سەر ئەو سفرەیە بە پیتی "ش" دەستیان پێ کردبێ یان بە دەستئاوەڵایی، چییان بۆ ئامادە کرابێ لە سەر خوانی جێژن دایانناوە.
ئەو خواردنانەی کە لە سەر کەوڵی حەوسین دادەندرێن، ئەگەرچی رەنگە فەلسەفە و واتای تایبەتیان بۆ داتاشرابێ، بەڵام لە گەڵ خواردنی راستەقینەو خواردەمەنیەکانی سەر سفرەیەک لە رۆژی نەورۆزدا ناتەبان. بۆ وێنە لە رۆژی نەورۆزدا کە هێشتا بەفر بە تەواوی ناتوێتەوەو دارە سێوەکان تەنانەت گوڵیشیان نەکردوە، دانیشتوانی سەد ساڵ و دوو سەد ساڵ لەوە پێشی ئەو چیا و کوێستانانە سێویان لە کوێ بووە تا سفرەی حەوسینی پێ بڕازێننەوە؟! لە لایەکی دیکە بەشێک لە سینەکان وەک سرکە و سماق و سیر لە بنەڕەتدا بۆ تام دان بە خواردن کەلکیان هەیە و بە تەنێ پێخۆر نین. سفرەیەکیش کە خواردنەکانی سرکەو سنجوو و سەمەنی و سیر و سماق و سێو بێ، چ زگێکی پێ تێر نابێ. ئاقڵیش تێیناچێ کە کۆمەڵانی خەڵک کە نیزیک بە تەواویان نەخوێندەوار بوون، تەنیا بە هۆی بارە فەلسەفیەکە، سفرەی خۆیان بەو خواردنانە رازاندبێتەوە.
بەڵام لە بەرامبەردا کورد بۆ رازاندنەوەی سفرەیەک کە خواردنەکانی بە پیتی "ش" دەست پێ بکەن، دەستی زۆر ئاوەڵاتر بووە. بە سەردانی هەنبانە بۆرینە تووشی کۆمەڵێک چێشت و خواردن دەبین کە بە پیتی ش دەست پێ دەکەن و هەڵقوڵاوی کولێن و ئاشپەزخانەی کوردن. شیو یا شێو (چێشت)، شۆرباو، شلە، شلکێنە، شیر، شەلەمین (چێشتی ترخێنە)، شەهریە (هەرشتە، رشتەی ئاش)، شنگال (کەلانە) و شڤار (ساوار) بەشێک لەو خواردنانەن کە بە پیتی ش دەست پێ دەکەن و بۆ هەر کامیان دەکرێ فەلسەفە و واتای تایبەت بدۆزرێتەوە. بە سەرنجدان بە دەسپێکی زاوزێی مەڕ لە رۆژی نەورۆزدا، دەکرێ یەک لە خواردنە گرینگەکانی نەورۆزیش شیرێزنج یان فرۆ بووبێ کە لە ژەک وەک یەکەم شیری مەڕ ساز دەکرێ.
خۆ ئەگەر لە سفرەی حەوسینی ئێستاش ورد بینەوە، دەبینین ناوی زۆربەی کەلوپەلی سەر سفرەکە لە زمانی کوردی دا بە شین دەست پێ دەکەن. بۆ وێنە شەم (مۆم)، شینکە (سەوزە)، شایی (کۆنترین وردەپووڵ، سکە)، شاووت (سوورە ماسی) و شەکر و شیرینی. هەروەها لە سەر سفرەکە نانێکی پان و گەورە دادەندرێ و ئەمەش دەکرێ شاتە، شکەڤا یان شلکی بێ کە لە ناو کورد دا هەر کامیان جۆرێک نانی تەنکی پانن. بۆ مناڵانیش شاتەلی (نانە قەیسی) یان شڵانەکوت (وشکە قەیسی) رەنگە یەک لەدەستهاتووترین نەورۆزانە بێ کە بنەماڵەکان توانیویانە پێشکەش بە مناڵانی بکەن. دەستڕۆیشتوانیش دەیانتوانی بە شیرینی و شەکرۆک پێشوازی لە میوانە نەورۆزیەکانیان بکەن.
نەبوونی فەرهەنگی سەربەخۆ و تایبەت بۆ رازاندنەوەی سفرەی نەورۆزی، رەنگە کەمایەسیەک بێ کە لە ناو کورد دا هەیە. خاتوونی کورد وەک هەر ژنێک حەز دەکا هونەر و شارەزایی خۆی بۆ هەرچی جوانتر رازاندنەوەی سفرەیەکی نەورۆزی پێشان بدا. ئێمە ناکرێ جێژنی نەورۆز تەنیا لە هەڵکردنی ئاگر یان بەستنی جامانە و شتی ئاوا دا کورت بکەینەوە. فەرهەنگی سفرەداری و سفرە رازاندنەوە یارمەتی بە کۆبوونەوەی ئەندامانی بنەماڵە بە دەوری یەکتردا دەکا. هەر بۆیەش کورد دەبێ لەم بارەوە بە سەر کەلتور و فەرهەنگی خۆی دا بچێتەوە. رەگ و ماکەی راستەقینەی داب و نەریتەکانی خۆی بدۆزێتەوە. ماکەی رەسەنی ئەو نەریتانەی خۆی بدۆزێتەوەو راستیان بکاتەوە کە لێئ دزراوە و دەستکاری کراوە. ئەو داب و نەریتانەی بە هۆی نەبوونی دەسەڵاتی سیاسی و فەرهەنگی، بە دەستکاری کراوی جارێکی دیکە لە نەتەوەی باڵادەستی وەرگرتووەتەوە.

بابەتی نوێ:

حیزب وەک سەنتەر، ستراتژیی حیزب وەک سەنتێز

سەردەمی ئێستا، سەردەمی بەئاگاهاتنەوەی هەرچی زیاتری نەتەوە بندەستەکانە. سەردەمی ‏هەوڵدانی بە کۆمەڵی کۆمەڵگا ژێردەستەکان بۆ سڕینەوەی سێبەری دا...