۷/۰۵/۱۴۰۲

چەمەریی شەهیدانی بۆکان

هونەر وێڕای ئەوە کە دەتوانێ پاژێکی گرینگی بەرگری و بەرخۆدان بێ، پشتیوان و هاندەرێکی بەهێزیشە بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەتەوەیەک یان چین و توێژێکی ناڕازیی کۆمەڵگا لە حاند زوڵم و زۆر و چەوسانەوەدا. هونەر و ئەدەبی بەرگری لە بەرامبەر هێرش و داگیرکاری، سەرکوت، دیکتاتۆری، پێشێلکرانی ماف یان زەوتکرانی ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا لە دایک دەبێ و خۆی نیشان دەدا. بەرخودانی بە بێ ئەدەب و هونەری بەرگری، بەرخودانێکی سست و بێدەنگە. هونەری بەرگری هاوکات کە قارەمانەتی و ئازایەتییەکان تۆمار دەکا و تاکەکانی کۆمەڵگا بۆ بەرگری و بەرخودان هان دەدا، کەوشەن و سنوورەکانی بەرخودانیش تا دوورەدەست دەبڕێ و بە گوێی خەڵکی دیکەی دەگەیەنێ. 

 بۆکان هاوکات کە بە شاری ئەدەب و هونەر ناسراوە، لەو شارانەی کوردستانە کە بە درێژایی سەد ساڵی ڕابردوو، هەمیشە وەک سەنگەرێکی کۆڵنەدان لە ڕیزی پێشەوەی بەرخودان و بەرەنگاریی خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورددا ڕاوەستاوە. لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا بە هەموو بەژنە بچووک و لاوازەکەی ئەو سەردەمی، شانبەشانی مەهاباد، کانگایەکی خەبات و تێکۆشانی کوردایەتی بوو. دوای هاتنە سەر کاری دەسەڵاتی خومەینی و فەرمانی هێرش بۆ سەر کوردستانیش، بۆکان سەرەڕای جوغرافیا نالەبارەکەی، درێژماوەترین بەرخودانی کرد و دوایین شاری کوردستان بوو کە داگیر کرایەوە. بە درێژایی چل ساڵی ڕابردووش، ئەو شارە بەردەوام گۆڕەپانی سەرهەڵدان و خۆپێشاندان بووە. لەوانە خۆپێشاندان و پاشان مانگرتنی چەند ڕۆژەی خەڵکی شار دژ بە کوژرانی چەند کەسی شارەکە بە دەستی جاشێک بە ناوی "سمایلی وەلیە ترک" لە ساڵی ١٣٧٠، خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی دژ بە کوژرانی "سومەییە فەیزوڵڵاپوور" لە ساڵی ١٣٩٨ و پێشەنگایەتی و بەشداریی هەراو لەو ناڕەزایەتییانەدا کە لە سەر بانگەوازی حیزبی دێموکرات وەک خۆی یان لەگەڵ لایەنەکانی تر بۆ مەحکوومکردنی جنایەتەکانی ڕێژیم بەرەو ڕووی خەڵکی کوردستان کراونەتەوە، تەنیا چەند نموونەی لەسەرپێبوونی بەردەوامی ئەم شارە خەباتکارەن. ئەو ڕۆحی خەبات و بەرخودانەش هەم شوێنی لە سەر هونەرمەندان و ئەدیبانی شار و دەڤەرەکە داناوە و هەمیش کەم و زۆر ئیلهامی لە هونەر و ئەدەبی بەرگری وەرگرتووە. تا ئاستێک کە لە خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردستاندا، بۆکان بە کانگایەکی دەوڵەمەندی هونەر و ئەدەبی بەرەنگاری و کوردایەتی هەژمار دەکرێ.

بە درێژایی شەش مانگ خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کوردستان و ئێران لە سەرهەڵدانی ژینادا، بۆکان بەردەوام لە سەر شەقام بوو. لاوانی ئەو شارە  ڕۆژ نەبوو بە شێوەی جۆراوجۆر نەفرەت و بێزاریی خۆیان بۆ دەسەڵات و سپای داگیرکەر دووپات نەکەنەوە و شەو نەبوو شەقامەکانی شار نەخەنە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیانەوە. تا ئاستێک کە چەند جار شارەکەیان لە پێڵاوی پیسی داگیرکەر و نۆکەرانی پاک کردەوە. بەڵام ئەو خەبات و بەرخودانە بێ تێچوو نەبوو و بۆکان لەو ماوەیەدا لە حاند شارەکانی دیکەی کوردستان و ئێران زیاترین قوربانی دا و زیاترین لاوانی خۆی پێشکەش بە ڕێبازی ڕزگاریی کوردستان و بەرابەری و یەکسانیی ئینسانەکان کرد. لەم نێوەشدا ڕۆحی بەخشەندەیی و ئاستی دلۆڤانیی ئەو دایک و باوکانەی کە ڕۆڵەکانیان گیانیان لە پێناو نیشتماندا بەخت دەکرد، بۆ جیهانیان جێی سەرنج و سەرسوڕمان بوو. ئەوانەی کە بە دەم خوێندنەوەی شێعر و گۆرانی و سروودەوە تەرمی پیرۆزی ڕۆڵەکانیان بەرەو ئارامگەی هەرمان و تاهەتایی بەڕێ دەکرد. بە سەر زاری زۆرێک لەوانیش سروود یان شینگێڕییەکی هاوبەش دەبیسترا:

وەتەن گیان و دڵی دایە
وەتەن دەینت لە ملمایە
سەری بێ نرخ و بێ مایە
لە پێناوی وەتەندایە

ئەمە سەربەند یان یەکێک لە سەربەندەکانی ئەو گۆرانی یان سروودەیە کە باوکانی شەهیدانی شۆڕشی ژینا لە بۆکان، لە کاتی ناشتنی ڕۆڵەکانیاندا دەیانخوێند. وەک خوێندنەوەی ئەو وێرد و سروودە دەچوو کە ئیماندارێک لە کاتی پێشکەشکردنی قوربانیدا، لە پێش بارەگای خودای خۆیدا دەیخوێنێ. ئەو دایک و باوکانە لە ڕاستیدا بە دەم خوێندنەوەی ئەم سروودەوە، قوربانیی خۆیان پێشکەش بە بارەگای ئازادی و ڕزگاریی نیشتمانەکەیان دەکرد و بەم جۆرە شەهیدەکانیان بە کوردستان و هەرمان دەسپارد.

سروودەکە هەتا ئێستا بە تێکستی جۆراوجۆری پێکهاتوو لە شێعری چەندان شاعیری بەناوبانگی کوردستان گوتراوە و دەگوترێتەوە. شاعیرانێک کە زۆربەی شێعرەکانیان دەکەونە خانەی شێعری بەرگریی نیشتمانی و بەرەنگاریی نەتەوەییەوە. لەوانە چەند بەیت لە شێعری "ڕەوەز ورد ناکرێ"ی مامۆستا هێمن کە لە پاشەرۆکدا چاپ کراوە:

زەوی! ئێستاش لەڕووت هەڵدێ بدەی سووڕ؟
نەڕووخای ئاسمانی پیری پشت کووڕ؟
...کە سۆمایی لە چاو باوکان بڕاوە
بەرۆکی پیرە دایکان دادڕاوە
کە کوندی شووم لە گوندی کورد دەخوێنێ
کە گەنجی کورد دەگەوزێنێ دەخوێنێ
..بەناهەق خوێنی تێکۆشەر دەڕێژن
شەهیدی بێ سەر و بێ شوێن دەنێژن
بەڵام با تێ بگا ئەو دوژمنەی پەست
ڕەوەز ورد ناکرێ هەرگیز بەداردەست
دەبێ کوند هەر بەرەو وێرانە بفڕێ
هەڵۆ لەو کێوە سەربەرزانە نەبڕێ 

یان بەشێک لە شێعری "دەسڕێژی لاوان"ی هەمان شاعیر: 
بڕۆ ڕێوی بەسیەتی چاونەزێری
پەلامارێ مەبە بۆ لانی شێری
گوتویانە لە لانێ دەرپەڕی شێر
هەمووی دوژمن بەزێنە مێ و نێری

هەروەها چەند دووبەیتی لە شێعری شەریف حوسێن پەناهی، شاعیری بەرەنگاری کە لە دیوانی ملوانکەی شیندا چاپ کراوە:

شەوی تاریکە لێم شێواوە ڕێگا
بەیانی هات و زۆری ماوە ڕێگا
ژیانی من وەکو ئەو شەو وەهایە
بە هەر لادا دەچم بەسراوە ڕێگا

گەڵاڕێزان گوڵی باخانی دا با
بەهاری دیکە دێ ئەم داخە لابا
هەناسەی باخەوانی پیرە دەیگوت
هەزاران خۆزگە ژینی من وەها با

چلەی زستانی کوێستانە کچی کێو
دەپۆشێ بەژن و باڵاکەت بە چارشێو
دەزانم من چ سیحرێکە ئەگەر بێ و
لە درزی پەردەوە دەرخا بزەی لێو

ژیانی لاویی من وێنەی گوڵێ بوو
کە هاتە باغی ژین و هەڵوەری زوو
وەکوو لاولاوی ناکامی بەهاران
خەمێکی نایە داوێنی دڵ و، چوو

بێجگە لە باوک و دایکی شەهیدان و خەڵکانی تێکۆشەر و سەوداسەری ئازادی، چەندان هونەرمەند و گۆرانیبێژی ناوچەیی و ناسراو سروودەکەیان خوێندووە. سروودێک کە ئێستا ئیدی لای خەڵکی ناوچەکە و لە ئاستی کوردستاندا یەکجار ناسراو و خۆشەویستە. لە کاتی بەرەنگاربوونەوە یان لاواندنەوەی ئازیزانی شەهیدیاندا، سروودێکی سوکناییهێنەرە و ئەوەندە کەوتووەتە سەر زار و دووپات کراوەتەوە کە سنوورە ناوچەییەکانی بڕیوە. بەڵام ئاخۆ چ شتێک ئەم سروودەی تا ئەو ڕادەیە خۆشەویست و گشتگیر کردووە کە هیندە لەگەڵ پێشوازیی خەڵکی تێکۆشەر بەرەوڕوو بێ؟  

گۆرانیی وەتەن نە تاکە گۆرانی یان سروودە کە بۆ نیشتمان و وەتەن گوتراوە و نە ڕەنگە خۆشترینیشیان بێ. بەڵام دوو شت ئەو ئاواز و گۆرانییەی لە گۆرانی و سروودەکانی دیکە جیا کردۆتەوە و هەر ئەو دوانەش تایبەتمەندییەکی کەموێنەیان پێداوە. یەکەمیان لەباریی ئاوازی گۆرانییەکەیە کە بۆ شێعر و هۆنراوەی زۆرێک لە شاعیران لەبارە یان گۆرانیبێژان وەهایان خۆش کردووە و ئەوەندە بە شێعر و تێکستی جیاواز وتوویانەتەوە کە سترانبێژ بتوانێ لە گوتنەوەیدا هاوکات هەستی خەمی لەدەستدانی ئازیزان، ڕق و بێزاری لە دوژمن و داگیرکەر، لاواندنەوەی شەهیدان و خۆشەویستی بۆ خاک و وڵات و شەهید ئاوێتەی یەکتر بکا. بە واتایەکی دیکە هەوڵدان بۆ دەربڕینی هەمووی ئەوانە بە یەکەوە کە خواست و هەستی ناخی هەر تێکۆشەرێکی کوردە، وای کردووە کە سروودەکە بە شێعر و هۆنراوەی جیاواز و تێکەڵاو بگوترێ. بەڵام لەوە گرینگتر، خاڵی دووهەمە کە لە کەسایەتیی دانەری سروود یان گۆرانیەکەدا خۆی دەبینێتەوە و داکەوتنی لە زمان ئەوەوە گۆرانییەکەی لای خەڵک زیاتر واتادار کردووە.
ئەم سروودە وەک زۆر سروود و گۆرانیی شۆڕشگێرانەی دیکە لە ناوچەکە، لە دەنگی نەمر ئیسماعیل عەبباسی ناسراو بە سمایلاغای چەوگالی‌یەوە داکەوت و گشتگیر بوو. ئەو خۆی کەسایەتییەکی قسەخۆش، خۆشەویستی خەڵکی ناوچەکە، ئەدیب و شێعرناس، دەنگخۆش و ئاوازدانەرێکی شارەزا بوو. ئاواز و گۆرانیشی نەک بە ناوی هونەرمەند و گۆرانیبێژ یان بۆ بەزم و بۆنە بەڵکو بۆ دەربڕینی هەستی خۆی و جۆشدانی هەستی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری دەگوت. ئەو لە ڕاستیدا گۆرانیبێژی دڵی خۆی و گەلی خۆی بوو. دوای ئەوەی کە کوڕێکی بە ناوی قادر عەباسی لە ڕیزی پێشمەرگەکانی هێزی بەیانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا، لە شەڕێکدا لە ئاوایی شاریکەند شەهید بوو، دڵی ئەو وەک دڵی باوکی هەر شەهیدێک، یەکپارچە بوو بە سۆز و ئاگر. دوای ئەوە بوو کە سمایلاغا و گۆرانییە پڕ لە کوڵ و ماناکانی بوون بە سیمبۆل و سروودی هەموو ئەو باوک و دایکانەی کە ڕۆڵەکانیان لە پێناو ڕزگاریی نیشتماندا شەهید دەبێ. هەر باوکێک کە ڕۆڵەکەی شەهید بێ، خۆی لە ڕیزی ئەو کاروانە خەمبار بەڵام پڕ لە شانازییەدا دەبینێتەوە کە سمایلاغای چەوگالی چەمەرەخوێن و سروودبێژی بوو. لە کۆڕ و مەجلیسەکانیدا خەڵکانی نیشتمانپەروەر و وڵاتپارێز لە دەوری کۆ دەبوونەوە و هێز و ورەی نیشتمانپەروەری، نەتەوەپارێزی و پێشمەرگەخۆشەویستییان لە خۆی و لە ئاکاری بەرز و لە گۆرانییەکانی وەردەگرت. خۆ ئەگەر ئەوەشیان بۆ نەلوابا، گۆرانی و سروودەکانی کە لە کۆڕی ماڵاندا دەگوترا و تۆمار دەکرا، بە شریت و ڤیدیۆ دەستاودەست بڵاو دەبۆوە. ئەویش گۆرانییەکانی لە شێعری نەتەوەیی و نیشتمانیی شاعیرانی کورد هەڵدێنجا و پێشکەش بە ئۆگرانی ئەم خاک و نیشتمانەی دەکرد. هونەرمەندان و گۆرانیبێژانی ناوچەکە زۆر زوو ئەو گۆرانی و سروودە نیشتمانیانەیان لە دەمی ئەو دەقۆستەوە و دەیانگوتەوە. لەوانە گۆرانیی "خاسەکەو"، "کراسێکم بە بەژنی خەم بڕاوم"، "بۆ گەلم شەرتە فیداکاری هەتا مردن بکەم"، "گەڵاڕێزان" و گەلێک گۆرانیی دیکە. لە نێو ئەو گۆرانیانەشدا، گۆرانی یان سروودی "وەتەن" بوو بە سەرچڵی هەموو گۆرانییەکانی و لە زۆربەی کۆڕ و دانیشتنەکاندا داوای لێ دەکرا بیڵێتەوە. لەگەڵ ئەودا هونەرمەندان و دەنگخۆشانی دیکەش گۆرانییەکەیان هیندەی دیکە پەرە پێ دا و گەلێک جار بە بۆنە یان بێ بۆنە دەیانگوتەوە و دەیڵێنەوە. بەم جۆرە "وەتەن" بوو بە گۆرانیی خۆشەویست و شۆڕشگێڕانەی خەڵکی تێکۆشەری ناوچەکە و لە کوردستاندا دەنگی دایەوە. باوکانی شەهیدانی شۆڕشی ژیناش لە بۆکان ئەم ڕێچکەیەیان بەرنەدا و تەرمی ڕۆڵە شەهیدەکانیان بە دەم خوێندنەوەی ئەم سروودەوە دەناشت یان لە سێ ڕۆژانە و چلەیاندا بە هەمان سروود یادیان دەکردنەوە و خەمی باوکانە و شۆڕشگێڕانە و نیشتمانپەروەرانەی خۆیان بە گوتنەوەی ئەم سروودە لەگەڵ یەک ئاوێتە دەکرد. ئەوان لە ڕاستیدا بە خوێندنەوەی ئەم سروودە شەهیدەکەیان پێشکەش بە کوردستان دەکرد و شانازیی بوونیان بە ئەندامی ئەو کاروانە پڕ لە شانازییە ڕادەگەیاند کە سمایلاغای باوکی شەهید قادر عەباسی پێشەنگ و سروودخوێنی بوو.

نەمر سمایلاغای چەوگالی کە وەک گوترا هونەرمەندێکی دەستڕەنگین و بە سەلیقە بوو، وێڕای ئەوە کە تێکستی گۆرانییەکەی لە شێعری شۆڕشگێڕانەی شاعیرانی بە ناوبانگی کورد هەڵدەبژارد، بۆ لاواندنەوەی زیاتر، مەقامێکیشی لە شێعری شاعیرانی نەتەوەیی لەوانە قانع یان ئاسۆ نێوئاخنی گۆرانییەکە دەکرد:

ئەگەر مردم وەتەن لاوانی تۆ خۆش
ئەگەر زاڵم نەما، دەورانی تۆ خۆش
موخەیەر بم لە بەینی تۆ و بەھەشتا
لە جەننەت دوور ئەبم سەیرانی تۆ خۆش
ھەمـوو حـۆری موبارەک بێ بە زاھید
لە بۆ من ھەر کچ و غیلمانی تۆ خۆش
بە من چی سەیری باخ و قـەسری لوبنان
وەتەن سەحرا و کەژ و کێوانی تۆ خۆش
ئەگەر دنیا نەمــا یەکسـەر بـەجــارێ
وەتەن گەرمیان و ھەم کوێستانی تۆ خۆش
ئەگـەر نـەفـعی خسووسیت تیا نەمێنێ
موبارەک بێ وەتەن، دەورانی تۆ خۆش
ئـەگـەر خۆ قـانـعـیـش ئـەمـڕۆ نەمێنێ
وەتەن، ڕەببی وەتەن خاھانی تۆ خۆش

بەڵام وەک بڵێی هەموو ئەو شێعرە بەرزە نیشتمانی و نەتەوەییانە نەیانتوانیبێ کوڵی دڵ و ڕقی پیرۆزی ئەو ئینسانە نیشتمانپەروەرە دامرکێننەوە، بۆخۆیشی چەند سەربەندی شۆڕشگێڕانەی هۆندۆتەوە و ئاوێتەی گۆرانییەکەی کردووە کە هیندەی دیکە سروودەکەیان جوان و واتادار کردووە. لە ڕاستیدا وەک چۆن گۆرانییەکە بە شێعر و هۆنراوەی جیاواز دەگوترێ، سەربەندی هەر کام لە بەندەکانیشی سەرەڕای وێکچوونیان، جیاواز و تایبەتن:

وەتەن گیان و دڵی دایە
وەتەن دەینت لە ملمایە
سەری بێ نرخ و بێ مایە
لە پێناوی وەتەندایە

 
وەتەن دێوانەکەی خۆتم
وەتەن من خاکی بەرپێتم
ئەگەر بێتو قەبووڵم کەی
بە دڵ سەربازی سەر ڕێتم
جگەر سووتاوی لاوانی
بە بێ ماڵ و بە بێ جێتم
لە باغی عیشقی میللەتدا
فیداکاری نەکەم شێتم
 
وەتەن هۆی ژین و ژیوار
وەتەن ئامێز و دڵدار
وەتەن قەوم و کەس و کار
وەتەن بۆت دەمرم ئەمجار

بە کورتی "وەتەن" هەم چەمەرییە و هەم سروود، هەم شینە و هەم قین، هەم خۆشەویستییە و هەم ڕق. پڕە لە شین و خەم بۆ شەهیدان، دارماڵە لە ڕق و تووڕەیی لە داگیرکەر و لێوڕێژە لە سۆز و خۆشەویستی بۆ نیشتمان و ئاوێتەکردنی هەمووی ئەوانە لە کوڵی دڵی داخکراوی هونەرمەندێکەوەیە کە خۆی باوکی شەهیدێکی کوردستانە. سۆزێکی پاک و شۆڕشگێڕانە کە چۆڕاوەی هەستی کۆمەڵێک شاعیری نیشتمانپەروەری کوردە و لە دەنگی هونەرمەندێکی سەوداسەری ئازادییەوە لە دڵی نەتەوەیەکی مافخوراوی مافخواز نیشتووە. 

*لە کوردستانی ژمارە ٨٥٦، نیوەی دووهەمی ڕەزبەری ١٤٠٢دا چاپ کراوە

۷/۰۲/۱۴۰۲

ئیجباریی سەربازی و ڕەنگدانەوەی لە ئەدەبی فۆلکلۆریی کورددا

ئاگری بە جلی سەربازییەوە
نیزیک بە ساڵ و نیوێک لەوەپێش ڕووسیا هێرشێکی بەرینی بۆ سەر ئۆکرایین دەست پێ کرد. لە سای بەرەنگاری و خۆڕاگریی خەڵکی ئۆکرایین و هاوکارییەکانی جیهانی ڕۆژئاوا، ئۆکرایین نەبەزی و بەم جۆرە شەڕێکی سەخت لە نێوان دوو وڵاتدا هاتە ئاراوە کە هەتا ئێستا هەروا بەردەوامە. ئەو شەڕەش شوێنی زۆری لە سەر ژیان و ئابووری و سیاسەت لە هەموو دنیادا داناوە. شوێندانەرییەکەش پتر لە سەر وڵاتانی ئۆرووپا بە تایبەت ئۆرووپای ڕۆژهەڵات و لە هەموانیش زیاتر وڵاتانی جیرانی ڕووسیا زیاتر بووە. وڵاتی فینلاند بە هۆی جیرانەتی و هاوسنوورییەکی درێژ لەگەڵ رووسیا و پاشخانێکی مێژوویی کە لەگەڵ ئەو وڵاتە هەیەتی، پتر ئەو شوێندانەرییەی بە خۆوە دیتووە. فینلاندییەکان هەمیشە لە دووپاتبوونەوەی مێژووی داگیرکاریی وڵاتەکەیان نیگەرانن. چونکە تا ساڵی ١٩١٧ ئەوان ماوەی زیاتر سەد ساڵ بوو کە ژێردەستی ڕووسیا بوون و دواجاریش سەربەخۆیی خۆیان هەر لەو وڵاتە ئەستاند. دواتریش لە کاتی شەڕی جیهانیی یەکەمدا کە ڕووسەکان هەوڵیان دا بە جۆرێک فینلاند بیگێڕنەوە ژێر دەستی خۆیان، فینلاندییەکان قارەمانەتیی زۆریان لە خۆیان نیشان دا و تێچوویەکی زۆریان بۆ ئەو بەسەربەخۆیی مانەوەیە دا، گەرچی ڕووسەکان توانیان دەست بە سەر بەشێک لە خاکی ئەو وڵاتەدا بگرن. هەنووکەش بەشێک لە خاکی فینلاند و ژمارەیەکی زۆر لە فینلاندییەکان کە زۆربەیان لە هەرێمی کاریالا دەژین، لە ژێر دەستی ڕووسیادا ماونەتەوە. 
ئەمانە وێڕای شەپۆلەکانی گرانی بە هۆی ئەو شەڕە و هەڕەشەی جاروباری ڕووسیا لەم فینلاند و وڵاتانی دیکە و ئەگەری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە لایەن ئەو وڵاتەوە، فینلاندییەکانی پتر نیگەران کردووە. میدیاکانی فینلاند بەردەوام بە گرینگی و نیگەرانییەوە باسی ئەم دۆخە و ڕووداوەکانی پێوەندیدار دەکەن. ڕۆژ نییە وێنە و وتە و هەڕەشەی پۆتینی سەرکۆماری ڕووسیا لە لاپەڕەی یەکەمی ڕۆژنامەکانی ئەم وڵاتەدا نەبیندرێ. هەر ئەم نیگەرانییەش بوو کە دوای دەیان ساڵ دوودڵی و ڕاڕایی، دەوڵەتدارانی فینلاند هاتنە سەر ئەو باوەڕە کە پێویستە وڵاتەکەیان تەڤلی ناتۆ بکەن. بەم جۆرە لە هاوینی ئەمساڵدا فینلاند بە فەرمی بوو بە ئەندامی ڕێکخراوی سەربازیی ناتۆ. لە وەها هەلومەرجێکدا، "ئاگری"مان کە تازە دیپڵۆمی وەرگرتووە و تەمەنی یاسایی پڕ کردۆتەوە، دەبوو وەک هەر هاوڵاتییەکی فینلاندی، ئەرکی سەربازی و نەتەوەیی خۆی لەم بارەوە بەجێ بێنێ. 

ئەگەرچی نە بە ڕادەی نیگەرانیی دایک و باوکانی کورد کاتێ کوڕەکانیان ناچار دەبن سەربازی بۆ دەسەڵاتی دیکتاتۆر و داگیرکەری وڵاتەکەی خۆیان بکەن، بەڵام ڕۆیشتنی ئاگری بۆ ئێمەش بێ نیگەرانی نەبوو. تەنانەت نیگەرانییەکەمان پەڕیبووە لای کەسوکار و بنەماڵەکانیشمان لە کوردستان و ڕۆژانە دایک و باوک و خزم و کەسی من و کەژاڵ تەلەفۆنیان دەکرد و هاودەردییان لەگەڵ دەکردین. هەرچەند بەردەوام بۆمان ڕوون دەکردنەوە کە سەربازی لێرە وەک لای خۆمان نییە و فەرقی زۆرە بەڵام ئەوان بە تایبەت دایکم وەک ئەوێی حیساب بۆ دەکرد و بەو پێوانەیەش نیگەران بوو. ڕەنگە سەردەمی لاوەتیی خۆمی وەبیر هاتبێتەوە کە لە نێو نیگەرانی و پێداگریی ئەودا ناچار بووم بچمە سەربازی بەڵام پاش ماوەیەکی کەم خۆم لە ڕیزی پێشمەرگەی کوردستاندا دیتەوە. لە نێو ئەم نیگەرانیانەیدا ڕۆژێک تەلەفۆنی بۆ کردم و وەک هەمیشە حاڵی ئاگریی لێ پرسیم. زۆریش چاوەڕێی وڵامدانەوەم نەما و چەند بەندی زۆر بە سۆزی لە سەر هەوای "کەویار"(١) تێ هەڵکرد:

دەچمە سەربازی مەمڕازێنەوە

دەستم لێ مەدە و مەمکولێنەوە

بەرگی سەربازی بە قۆڵم تەنگە

لە حاست سەرهەنگی زمانم لەنگە

کوڕم بەخێو کرد بە نوقڵی شاری

ڕەزا شا بردی لەبۆ ئیجباری
کوڕم بەخێو کرد بە نوقڵی شاران

ڕەزا شا بردی بۆ شەڕی تاران

ئەو بەندانە منی خستە سەر یادی ئەو بەند و گۆرانی و لاواندنەوە زۆرانەی کە لە زمان دایک و باوک و برا و خوشک و گراوییەوە بۆ کوڕە سەرباز گوتراون و تێیایاندا خەم و نیگەرانییەکانی ئەوان ڕەنگی داوەتەوە. نەک هەر خەم و نیگەرانی بەڵکو بێزاری و دژایەتیش. گەلی کورد لە هیچکام لە بەشەکانی کوردستان قەت هەستی بەوە نەکردووە ئەو دەسەڵاتانەی لە ناوەندی ئەو وڵاتانە سەقامگیرن، دەوڵەت و دەسەڵاتی ئەوانیشە. ئەم دەسەڵاتانە هەمیشە وەک داگیرکەر لەگەڵ کورد و کوردستان هەڵسوکەوتیان کردووە و لای کوردیش هەروا سەیر کراون. هەر بۆیەش خزمەتکردن پێیان و سەربازی کردن بۆیان وەک بێگار سەیر کراوە. تاک و بنەماڵە و کۆمەڵگای کورد هەمیشە حەولیان داوە خۆیان لە سەربازی کردن ببوێرن و خۆیانی لێ بشارێتەوە. ئەم هەستەشە کە لە گۆرانی و فۆلکلۆردا ڕەنگی داوەتەوەبۆخۆم پێشتر بەشێک لەو هۆنراوە فۆلکلۆریانەم بیستبوو کە دایکم بە نەوە سەربازەکەیدا هەڵدەگوتلە بیرمە لە کۆتاییەکانی دەیەی نەوەتی هەتاوی، ئەو سەردەمان کە نیشتەجێی هەولێر بووم، ئێوارەیەک لەگەڵ دۆستێک ڕێم لە نووسینگەی گۆڤاری گوڵان کەوت. لە پرسگەکە چاوەڕوانی وڵام بووین کە پیاوێکی بە ساڵداچووش وەک ئێمە چاوەڕوان بوو. پاش پرسین و کەمێک یەکتر ناسین، کە زانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتین، بێ سێ و دوو چەند بەند لە گۆرانیی "ڕەعنا"(٢)ی زۆر بە سۆزەوە گوت. سەرجەم بەندەکانی گۆرانییەکەشی هەر باسی ئیجباری و دژایەتی و ناڕەزایەتی لەم بارەوە بوو:

کوڕم بەخێو کرد بە قەندی شاری

ڕەزا شا بردی لەبۆ ئیجباری

ڕەببی ڕەزاشا تەختت وەرگەڕێ

ئیجباری کوردی دەبا بۆ شەڕێ

مانگێ حەڤدە قڕان، ڕۆژێ دە شایی

چی بدەم بە نان و چی بدەم بە چایی

چی بدەم بە سیغار بۆ شەو تەنیایی

سەربازی کردن و سەربازی دان و سەرباز گرتن و سەربازی چوون ئەگەر بە لەگەڵ لەشکر کەوتن و چوون یان ناردن بۆ شەڕدا پێناسەی بکەین، لە نێو کورددا مێژوویەکی درێژی هەیە. هەر بەو پێیەش بوارێکی دەوڵەمەندی لە ئەدەبی فۆلکلۆری و زارەکیی کورددا گرتووە. بەیتی سوارۆ ڕەنگە یەک لە کۆنترینی ئەوان بێ: 

ئەی سوار ئەمڕۆ دەنگت نایە

ئەمن ناتبینم نە لە چۆلان نە لە بەڕیان نە لە سەحرایە

ئەوڕۆ ئەگەر سوار دەبووی بۆ سەفەرێکی تەپە و تورکمان و کاولە لەحسایە

 داوای دوو ماچانی لە من دەکرد

بە سەری بە تاڵ

ڕووم لێ وەردەگێڕا و نەمدەدایە (٣)


ئەوە کیژ دەڵێ: سوار! ئەگە دەچیەوە سەفەرێ

 ئەوەت وەسیەت بێ لە سەر دەستی من 

ئەسپێکە خۆت باژوێ لە کەناری دە ڕێگایە

 ڕەبی سوارە! بە دوور بی لە ئەسپی ئەجەلێ 

لە شەڕی پاشنوێژان، تەپە و تورکمانی هەرامەتی لە هەڵڵایە 

ڕەبی خودایە! ئاگاداری سووکەڵە سوارەکەی من بی 

بیپارێزی لە دەردان، لە بەڵایان

لە هاژەی دە گوللان 

لە بریقەی دە شیران و موسیبەتی دە دنیایە 

ئەوە کیژ دەڵێ؛ لە قرچەی دەروونی منی بابان وێران 

ئەوە ماسیان، نەهەنگان، دەحبایان سەریان دێنا دەرێ لە گۆمی نیلووفەڕێ

 وەک من جەرگیان دە تۆقا، لێی دەدانەوە شیددەتی ئەوێ گەرمایە 

هەی سوار! وەرە سوار! مەڕۆ لە من بە تەنێ (٤) 

لەم بەیتەدا گراوی ئەوپەڕی نیگەرانی و خەمی خۆی سەبارەت بە ڕۆیشتنی یارە شەڕڤانەکەی بەرەو مەیدانی جەنگ دەردەبڕێ. ڕێنوێنی دەکا کە چۆن خۆی بپارێزێ و لە خودا دەپاڕێتەوە کە بیبپارێزێ بەڵام لێرەدا هیچ کەس و لایەنێک خەتابار ناکا. لۆمەی ئەو کەس و دەسەڵاتەی تێدا نییە کە سووکەڵە سوارەکەی ئەو دەبا بۆ شەڕێ. تەنانەت لۆمەی گراویەکەشی ناکا کە پێی وا بێ بۆ شەڕێکی بەخۆڕایی دەڕوا و نابێ بڕوا. ئەوانە نیشانەی ڕەوایی ئەو شەڕەن کە لەشکری سووکەڵە سوار بۆی دەچێ. لێ ئەوین و خۆشەویستی ماکێکی جیاوازە و ڕەوایی شەڕ هۆی ئەرخەیانیی کچە حەیران لە چارەنووسی دڵدارەکەی نییە. ئەم سۆزی خۆشەویستی و نیگەرانییە لە سەدەی بیستەم و سەردەمی سەربازگیریشدا لە ئەدەبی فۆلکلۆردا ڕەنگی دایەوە: 

ئەستێرەی حاسمان بە جووت دەژمێرم

یارم سەربازە بە خودای دەسپێرم

یان؛

بریا کۆترێک بام لەو حاسمانە

یەکسەر فڕیبام بۆ سەربازخانە 

یان:

کەس نازانێ بۆ بێ وازم

گیرۆدەی دەستی سەربازم

بە جێی هێشتووم ئاواتخوازم

بەڵام ئیدی لێرە بە پێچەوانەی ئەوینداری سوارۆ، گراوی پێی وایە یارەکەی لە شوێنێکە کە شیاوی ئەو نییە، سەربازی بۆ وڵاتێک دەکا کە هی ئەو نییە. بۆیەش داوای لێ دەکا بگەڕێتەوە:

سەربازە چکۆڵەی کۆڵ بە کۆڵەوە

ئارەق دەڕێژی بە ڕێی چۆڵەوە

ئەوێ جێی تۆ نێ، هەستە وەرەوە

ڕەببی ڕەزا شا تەختت وەرگەڕێ

یارم منداڵە، دەیبا بۆ شەڕێ

بەرامبەر بەو هەستە کچانەیە، هەستی خۆشەویستیی کوڕە سەرباز زۆر زیاتر لە گۆرانی و ئاوازە فۆلکلۆرییەکاندا ڕەنگی داوەتەوە. بەشی زۆری ئەو گۆرانیانەی لەم بارەوە وتراون وەک "نیزام نیزامە" کە زیاتر بە دەنگی عەلی کەردار بەنێوبانگە یان "ئای نیزام بۆخۆم نیزام" کە بە گۆرانیی حەسەن زیرەک دەناسرێ، سۆز و خۆشەویستیی کوڕە سەرباز بۆ کچە خۆشەویستەکەیەتی کە لە سۆنگەی گیران بە سەربازی ناچارە بە جێی بێڵێ:

نیزام نیزامە خۆم کوڕە سەرباز

تۆ مەرگی کاکت مەمکوژە بە ناز

یان:

ئای نیزام بۆخۆم نیزام

لێرەکانە سەربازم

موفتەلای دوو چاوی بازم

دەڵێم بمدەیە ماچێ

سەفەریم پێم دەبێ لازم

سەفەرم دوور و درێژە

دێم ئیزنت لێ دەخوازم

 

یان؛

ئای نیزام بۆخۆم نیزام

نیزام نیم و ئەسکەرم

موفتەلای ڕەش ئەسمەرم

دەڵێم بمدەیە ماچێ

دەڕۆم لەسەر سەفەرم (٥)

 یان:

وام لە سەربازی بە سەر پۆستەوە

نامەیەک نایە لە لای دۆستەوە


لە کۆمەڵگای کوردەواریدا خوشک هەمیشە سۆز و خۆشەویستییەکی زیاتری بۆ برا هەیە و لە کۆمەڵگایەکی پیاومەزیندا، برا دەتوانێ گەورەترین پشتیوانی ژن بێ. سۆزی خوشکانە و خوشکایەتی بڕێکی دیکەی لەو بەشە لە ئەدەبی فۆلکلۆری کورد پێکهێناوە:

کەواوپاتۆڵ ڕەش بە مۆدی تازە

من مێردی ناکەم، کاکم سەربازە(٦)

ئەم سۆزی خوشکایەتییە هەروەها لە ئەدەبی زارەکیی منداڵانیشدا ڕەنگی داوەتەوە:

تەق تەق دەروازە

هاتووم بۆ نانی تازە

برا چکۆڵەم سەربازە

برا گەورەم ژنخوازە 

خەمی برا بۆ براش بەشێکی دیکە لە نیگەرانییەکانی سەربازی و بە سەربازگیرانە:

نیزام ئەی نیزام، نیزامی تازە

بۆخۆم مەشموولم، کاکم سەربازە

مەشموول وشەیەکی عەرەبییە بە واتای "لەخۆگر" و "وەبەرخۆدەر" و ئەوە کە کەس یان کەسانێک بڕیارێکی گشتی بیانگرێتەوە. مەشموول بوون لە ئێران دەستەواژەیەکی سەربازییە بە مانای وادەی چوون بۆ سەربازی و بەم بۆنەیەشەوە وشەیەکی بێزارکەر بووە. ئەوەش ڕەنگدانەوەی زۆری لە ئەدەبی زارەکیی ئەو بوارەدا هەبووە 

مەشموول مەشموول پەیدا بوون خۆزگەم بەوانەی پیرن

بە مەشموولیان نووسیوم دەمبەن بۆ قەسری شیرن

خۆزگەم بەو جحێڵانە کا دەستیان لە مەمکان گیرن (٧)

لێرەدا بێژەر ئاوات بۆ ئەو پیرانە دەخوازێ کە تەمەنیان تێپەڕیوە و ئیدی بە سەرباز ناگیرێن. لە کۆتاییشدا هۆی ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە ئیدی دەستی لە مەمکی یارەکەی بەربووە و دەبێ بچێ بۆ سەربازی.

هاوار و هەوڵدان بۆ قوتاربوون لە دەست سەربازی پاژێکی گرینگی ئەدەبی ئەو بوارەی بە خۆوە گرتووە. لەو بەیتەی خوارەوەدا بە سەربازگیراوێکی ناوچەی مەنگوڕایەتی هاوار بۆ خزم و کەس و هۆز و خێڵەکەی دەبا کە بە فریای کەون و نەهێڵن بۆ سەربازی بەرن:

کادەروێشی کوێستانێ

وەرنە سەر خەیابانی

بە مەشموولیان نووسیم 

لە دەفتەری بۆکانێ

دەمگرن بە عەسکەر، دەڕۆم

مەک بۆ تەختی تارانێ (٨)

پاڕانەوە و بیانووهێنانەوەی مەشموول بۆ ئەوەی نەیگرن و نەیبەن بۆ سەربازی، هەروەها ڕەنگدانەوەی بەرچاوی هەیە: 

نیزام ئەی نیزام، نیزام ئەسیرە

مەمگرن بە سەرباز چون بابم پیرە (٩)

یان؛

بیکەن بە خاتر حەزرەتی عەباس

منداڵم وردن، مەمگرن بە سەرباز (١٠)

بەڵام ئەوانە هیچی کاریگەرییان نییە. دوای دەسەڵاتی ڕەزاخان، سەربازگیری و ڕەشبگیرکردنی لاوان بۆ سەربازی لە ئێراندا بە یاسایی کرا. ئەمنییە و پۆلیس گوند بە گوند بە دوای لاواندا دەگەڕان کە بیانگرن و بیانبەن بۆ سەربازی. زۆر کەس خۆیان لە وەرگرتنی پێناس دەبوارد، زۆریان تەمەنی خۆیان زیاتر لەوەی هەبوو، دەنووسی و ژمارەی زۆر زیاتریشیان ناچار بوون خۆیان بشارنەوە و لە ترس و دڵەڕاوکێدا بژین. ئەرکی دۆزینەوە و دەستنیشان کردنی ئەوانەی مەشموولی سەربازی بوون، لە سەر شانی "کوێخا سجیل" بوو. کوێخا سجیل لە ڕاستیدا نوێنەری دەوڵەت لە نێو ئاوایی بوو. ئەو دەیزانی کێ مەشموولی سەربازییە و کێ خۆی شاردۆتەوە. چاوساغی ئەمنیە و ژاندارمێری بوو. ئەرکی دۆزینەوە و دەستنیشانکردنی ئەوانەی کە دەبوو بچن بۆ سەربازی بە دەست ئەو بوو. تەنیا شتێک کە بۆ ماوەیەک دەیتوانی لاوێک لە گیران ڕزگار بکا، بەرتیل و واسیتە بوو:

چ بکەم بۆ دەڵاڵێکی بۆ من بێتە وەسیلە

بەرگی سەربازیم بۆ هات، خەتای کوێخا سجیلە (١١)

ئەوانەی دەستیان ڕۆیشتبا و توانیبایان بەرتیل بدەن، بۆ ماوەیەک دەیانتوانی خۆیان لە چوون بۆ سەربازی قوتار بکەن. بەڵام ئەو سەردەمە زۆربەی خەڵک هەژار و بێدەرەتان و مەئموورانی دەوڵەتیش تا بڵێی چنۆک و چڵێس و تێر نەخۆر بوون. بۆیەش خۆ شاردنەوە لە دەستیان ئاستەم بوو.

ماشێنێ هاتووە چادرەکەی سەوزە

هەر من مەشموولم دەمبەن بۆ حەوزە (١٢)

دوای بردن بۆ حەوزە، ئەو کوڕە کوردانەی کە تا ئەو دەم لە گوندەکەی خۆیان واوەتر هیچ شوێنێکیان نەدیبوو، زمانەکەی خۆیان لە دەرەوەی کوردستان هیچ برەوێکی نەبوو و هیچ قوتابخانە و مەدرەسەیەکیش نەچووبوون و نەبوو تا فارسیی زمانی داسەپاو فێر بن و بە قەولی خۆیان هەڕەی لە بەڕەی بکەنەوە، بێ سەر و زمان بۆ دوورترین شارەکانی ئێران ڕەوانە دەکران و دوو ساڵ بە زۆر لە پادگان و سەربازخانەکاندا مەشقیان پێ دەکرا و کاریان لێ دەکێشان: 

نیزام ئەی نیزام، خۆم کوڕە سەرباز

لێرە نامهێڵن، دەمبەن بۆ شیراز 

یان؛

نیزام ئەی نیزام، نیزام بگیرە

وەرەقەم هاتووە، بۆ ئەردەبیلە (١٣)

ئەم بە سەرباز گیران و بۆ سەربازی ناردنە لە ڕوانگەی کوردەوە هیچی کەمتر لە دوورخرانەوەی تاوانبارێک بۆ شارێکی دوور نەبووە. لە شێوەیەکی دیکەی ئەو بەندەی سەرەوەدا دەڵێ:

نیزام نیزامە،دەمگرن بەسەرباز

دوورم ئەخەنۆ بۆ موڵکی شیراز (١٤)

دووری کوڕ لە دایک و باوک و بنەماڵە یەکێکی تر لەو بوارانەیە کە ڕەنگدانەوەی زۆری لە ئەدەبی کوردیدا هەبووە. ئەوانەی لە سەرەتادا سەبارەت بە تووک و نزا لە ڕەزا شا باس کران، بەشێک لە هەستی دایک سەبارەت بە کوڕە سەربازەکەیەتی:

کوڕم بەخێو کرد بە نوقڵی شاری

ڕەزا شا بردی لە بۆ ئیجباری

ئەم دووری و دابڕانە لای کوڕە سەربازیش هیندە بە ژان و ئازارە و ئەم ژان و ئازارەش ڕەنگدانەوەی بووە. ڕەنگە لە نێو گۆرانییەکانی حەسەن دەرزیدا زیاترین هەستی کوڕە سەرباز لە دووری دایک بدۆزینەوە. ئەو کە بۆخۆی ڕاست لە سەردەمی شەڕی ماڵوێرانکەری ئێران - عێراقدا بە سەرباز گیرا و دوو ساڵ ژیانی سەختی سەربازی لەو هەلومەرجەدا تێپەڕ کرد، لە گۆرانییەکیدا ئاوا سۆزی خۆی لە دووری دایکی دەردەبڕێ:

ئەگریم بۆو خەوەی کەوتووە لە چاوت

بۆ لێوی وشک و تینوو و بێ ئاوت

ئەگریم بۆ قرچەی جەرگی دایکی دڵ سووتاو

بۆ کڵپەی دروون خوشکی لێقەوماو (١٥)

نیزام نیزامە خۆم کوڕە سەرباز

لێرم ناهێڵن دایە گیان دەمبەن بۆ ئەهواز

دەترسم بمرم دایە گیان لەوێ بە بێ ناز (١٦) 

هەروەها لە گۆرانیی نەورۆزیشدا ئەو هەستی دوورییە بەر گوێ دەکەوێ:

نەورۆز دێ دایە گیان ماڵەکەت جێی شینە

شەرتە بێمە خەوت پڕ بە دڵ بمبینە (١٧)

 

دووری و ئازارەکانی بە سەرباز گیران، بێگاری و چەوساندنەوە لە سەربازخانەکاندا بەشێکی دیکە لە ئەدەبی سەربازیی کورد پێک دەهێنێ و سەربازە بە زۆر گیراوەکانی کورد ئاوا حاڵی خۆیان لە سەربازخانە زۆرملییەکاندا دەربڕیوە:

دادمە لە دەست شەیپوور نیمە شەو

فەرماندەی گورهان، نیزام قەدەم ڕەو

شاعیر و هاوڕێ ئاسۆ خەبات لە کاتی سەربازیی زۆرەملیدا

بە شەو نیگابان دەرکی زیندانم

بە ڕۆژ زەلیلی دەست گروبانم

نیزام ئەی نیزام، یار ئازیزەکەم

میوەی ڕەنگاوڕەنگ، شەو پاییزەکەم

خودا بیبڕێ نانی سەربازی

بە شەو قەرەوڵ، بە ڕۆژ پێبازی (١٨)

یان؛

با بێژم بۆتان باسی سەربازی 

ئەمان ڕفێنن وەک موتور گازی

باسی سەربازی با بێژم بۆتان

بە ڕۆژ کار ئەکەین، بە شەو نیگابان

دەردی سەربازی لە من بپرسە

پۆتینەکانی چوار کیلۆ قورسە

پۆتین سەربازی سێ کیلۆ و نیمە

سەروان سەر تاشیاو ئێژی یەتیمە

ئەگەر دەپرسی غەزامان چۆنە

یا یەرەڵماسی یان هێلکەوڕۆنە

دوو ساڵ سەربازی بە شەو دیژبانم

بە ڕۆژ بێچارەی دەست گروبانم

دایانێ بە من شيیپوور نیمەشەو

فەرماندە گوردان نیزام قەدەم ڕەو (٢٠)

 

لە ژێر ئەو دۆخە زۆرە ملییەدا کەم نەبوون ئەو سەربازانەی تاقەتیان نەدەهێنا و بیریان لە ڕاکردن و بەجێهێشتنی ئەو دوو ساڵ زۆرەملییە دەکردەوە: 

ئەمن کە کورد بم، لە کوردستان بم

بۆچی سەربازی لای ئیسفەهان بم؟ (٢١)

خودا و پێغەمبەر لێتان بێ ڕازی 

فەرارێ دەکەم نایکەم سەربازی (٢٢)

ڕاکردووەکان زۆر جار خۆیان لە ڕیزی پێشمەرگەی کوردستاندا دەدیتەوە و سەربازییەک کە ئامادە نەبوون بۆ داگیرکەری بکەن، سەختترەکەیان بە گیان دەکڕی و لە ڕێگای ڕزگاریی کوردستان و وەدەرنانی ئەو داگیرکەرەی بە زۆر سەربازیی لە کورد دەگرت، گیانبازییان دەنواند. هەشبوون کە بەر لە پەیوەستبوون بە شۆڕشی کوردستان، ژێر بە ژێر پێوەندییان بە پێشمەرگەوە دەگرت و پایەگا یان گوردانەکەیان بە خۆیانەوە ڕادەستی ئەوان دەکرد. ئەو هەستە لانیکەم لە چەند بەند گۆرانیی حەسەن زیرەک و لە گۆرانیی "نیزام"دا کە تایبەت بە دەربڕینی ژان و ئازارەکانی سەربازییە، ڕەنگی داوەتەوە:

"ئاغا نیم دێهاتم بێ 

کورد نیم دێموکراتم بێ..." (٢٣)

هاتنی ئەو بەندە لە گۆرانیی نیزامدا ئاماژەیەکی بەدەر لەو هەستە نییە کە ڕێگای ڕزگاری لە دەست سەربازی بۆ داگیرکەر، لە گرتنە بەری ڕێگای پێشمەرگایەتی بۆ کورددا دەستنیشان دەکا و لە بەرامبەر دەوڵەت و دەسەڵات و لەشکری داگیرکەردا، دێموکرات و پێشمەرگە بە سامان و دەسەڵاتی خۆی دەزانێ. ئەو هەستە لە بەندێکی دیکەشدا ڕەنگی داوەتەوە و بێژەر ئەمجار ڕاستەوخۆ خۆی لە ڕیزی سەربازانی نیشتمانی خۆیدا دۆزیوەتەوە:

ئای نیزام بۆخۆم نیزام

سەربازی دێموکڕاتم

بەرماڵی نوێژەکانم

دەسماڵی دەستم فاتم... (٢٤)


ژێدەر: 

١- گۆرانییەکی فۆلکلۆریی بەنێوبانگی کوردە

٢- گۆرانییەکە کە بە کوردی و بە فارسی گوتراوە و ڕوون نییە کامیان لە ئەویدی وەرگرتووە بەڵام زیاتر وەک کوردی دەچێ.

٣- سوارۆ بە دەنگی حەمە جان

٤- سوارۆ بە دەنگی شۆڕش غەفووری

٥- گۆرانیی "ئای نیزام بۆخۆم نیزام" بە دەنگی حەسەن زیرەک

٦- فەرهەنگی زارەکیی موکریان - سەلاح پایانیانی

٧- گۆرانی مەشموول بە دەنگی محەممەدی ماملێ

٨- لە دەنگی حەسەن زیرەک

٩، ١٠، ١١، ١٢ و ١٣- لە دەنگی محەممەد کێلەشینی 

١٤- ژیان لە بازنەی ڕووداوەکاندا - بەرگی یەکەم، قادر ئەلیاسی

١٥، ١٦، ١٧: دوو گۆرانیی حەسەن دەرزی ؛ دایە گیان و نەورۆز دێ

١٨- لە دەنگی محەممەد کێلەشینی

١٩- لە دەنگ و ڤیدیۆی کوڕە سەربازێکی نەناسراو

٢٠- ژیان لە بازنەی ڕووداوەکاندا - قادر ئەلیاسی

٢١- دەنگی محەممەد کێلەشینی

٢٢ و ٢٣- گۆرانیی ئای نیزامی حەسەن زیرەک کە لە ماڵان تۆمار کراوە

۶/۱۲/۱۴۰۲

حیزبی دێموکرات لە هەلومەرجی ئێستادا

 من لە دوورەوەم و بۆم نییە خەت و نیشان بکێشم بەڵام حیزبی دێموکرات ڕەنگە ئیدی نەتوانێ لە گوێن چل ساڵی ڕابردوو، بنکەی چەکداریی ئاشکرای لە باشووری کوردستان لە ژێر حوکمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی عێراقدا هەبێ. ڕێبەران و  کادرەکانی ئەم حیزبە ڕەنگە نەتوانن چیدی دەستێکیان بە کاسبیەوە بێ و دەستەکەی دیکەیان بە سیاسەت و پێشمەرگایەتییەوە. هەلومەرج لە ڕێبەریی ئەم حیزبە دەخوازێ بیرێکی بنەڕەتی لە چارەنووسی ئەم حیزبە و شۆڕشی کوردی ڕۆژهەڵات بکاتەوە. پێویستە بۆخۆی بڕیاری یەکلاییکەرەوە لە سەر چارەنووسی خۆی بدا پێش ئەوەی ناچار بە جێبەجێ کردنی بڕیارێکی دەرەکی بێ. بۆیەش زیاتر باسی ئەم حیزبە دەکەم چونکە هەم بۆخۆم ئەندامی ئەم حیزبەم، هەم ئاستی چاوەڕوانییەکانی خەڵکی کوردستان لەو حیزبە لە سەرێیە، هەم زیاترین پێشمەرگەی هەیە و هەمیش کۆماری ئیسلامی پتر فۆکووسی خستۆتە سەر ئەم حیزبە و چارەنووسەکەی. 

 ئەوە کە لەو چەند دە ساڵەدا ئەم حیزبە توانی لە قووڵایی خاکی باشووری کوردستان، لە پێدەشتەکانی کۆیە و جێژنیکان و... لە سای حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بمێنێتەوە، دەرەنجامی دوو هۆکار بوو:

یەکەم؛ ئەم جێگیربوونە خۆی دەرەنجامی پاشەکشەی ئەم حیزبە لە ئەنجامی مامەڵەیەکی نێوان سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی بە ڕەزامەندیی ڕێبەری ئەم حیزبە بوو. 

 دووهەم؛ لەو ماوەیەدا ئەم حیزبە سەرئێشەی زۆر و گەورەی بۆ ڕێژیمی تاران نەبوو. 

 بەڵام شۆڕشی ژینا هاوکات کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەڵتەکاند، سەبارەت بە حیزبەکانی کوردستانیش ئەم ڕێژیمەی تووشی ڕاچڵەکان کرد. سەرهەڵدانی شۆڕشێکی وەها بەرین لە کوردستانەوە کە بە ناوی "ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران"ەوە ڕێبەری دەکرا و هەموو ئێرانی تەنییەوە، ڕێبەرانی ڕێژیمی تووشی هەست بە مایەپووچی لە پیلان و پلانەکانیاندا کرد. 

 یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات بە بێ ئەوەی بەرنامەی کورتخایەنی ئەم حیزبە بێ، پۆتانسیەلی شۆڕشێکی بەرینی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا خوڵقاند. ڕاست چل ڕۆژ دوای ئەم یەکگرتنەوەیە بوو کە شۆڕشی ژینا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاتە ئاراوە. لە ڕاستیدا حیزبی دێموکراتی دوای یەکگرتنەوە کە هێشتا نەیتوانیبوو خۆی دابڕێژێتەوە و  نەپەرژابوو ئۆرگانەکانی یەک بخاتەوە، کەمترین ئامادەیی بۆ ڕێبەریکردنی وەها شۆڕشێک هەبوو. لە درێژماوەشدا دیتمان کە ئەو حیزبە بە کردەوە نەیتوانی کارێکی زۆر بۆ ئەم شۆڕشە بکا و بە هیچ جۆر لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی خەڵک و شۆڕشگێڕانی شۆڕشی ژینادا دەرنەکەوت. بەڵام ئەوانە نەبوون بە هۆکار تا کۆماری ئیسلامی ئەو سەرهەڵدانە لە چاوی ئەم حیزبەدا نەبینێ. حیزبێک کە نیشان درا دوای دەیان ساڵ دابڕانی فیزیکی لە خەڵکەکەی، هەروا ڕەگی لە تان و پۆی کۆمەڵگای کوردستاندایە و لە ماوەی شۆڕشی ژینادا دەرکەوت کە هەروا حیزبی خۆشەویست و جێی هومێدی خەڵکی کوردستانە. وتنەوەی دروشمەکانی پشتیوانی لەو حیزبە لە خۆپێشاندانە هەزاران کەسییەکانی سەر شەقامەکانی کوردستان جارێکی دیکە ئەو ڕێژیمەی بە نیسبەت ئەم حیزبە ڕاچڵەکاندەوە و تێگەیشت کە هەموو بەرنامە سیاسی، سەربازی، ئەمنییەتی، تەبلیغی و سیخوڕییەکانی لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا دژ بەم حیزبە و بە گەلی کورد بڵقی سەر ئاو بوون. زانی کە بە تیرۆری ڕیبەران و ئەندامانی ئەو حیزبە، بە دوورخستنەوەی فیزیکیی حیزبەکە لە سنوورەکان، بە مەیداندان بە حیزبی پارچەکانی دیکەی کوردستان بۆ دزەکردنە نێو کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ پڕکردنەوەی جێگاکەی و، لەولاوەش بە تەبلیغات دژی حیزب و تەماح وەبەرنان و هەڵفریواندنی خەڵک نەک پێگەی ئەم حیزبەی لاواز نەکردووە بەڵکو زیاتر لە نێو دڵی خەڵکی کوردستاندا جێی بۆ خۆش کردووە. هەر بۆیەش لە جەرگەی شۆڕشی ژینادا دەستی لەو حیزبە نەپاراست و هەموو چاوەدێرێکی سیاسیش دەیزانی ئەگەر ئەم شۆڕشە کۆتایی بە تەمەنی نگریسی ئەم ڕێژیمە نەهێنێ و ئەگەر مۆڵەت بدەین ئەم دێوە نیوەگیانە خۆی لە ژێر باری شۆڕشدا ڕاست بکاتەوە و گیان بگرێتەوە، بە سەر حیزبی دێموکرات و حیزبەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە ناچێ.

شکستی ئەو پلان و پیلانانە ڕێبەرانی سیاسی و ئەمنیەتیی کۆماری ئیسلامیی لێبڕاو کردووە کە دەبێ لانیکەم لە کورتخایەندا هەنگاوێکی دیکە پاشەکشە بەو حیزبە بکەن. هەنگاوەکەش ئەوەیە کە هیندەی بتوانێ پێشمەرگە لە شاخ، چەک لە پێشمەرگە و پێشمەرگە لەم حیزبە و لە حیزبەکانی دیکەش دابماڵێ. دوای ئەوە هەنگاوی دووهەم دێتە ئاراوە کە سرووشتییە لە هەنگاوی یەکەم بۆی ئاسانتر دەبێ. ئەویش ئەوەیە کە بە مەرەدی موجاهیدینی خەڵقی بەرێ و هیندەی بکرێ دوور و دوورتریان بخاتەوە. ڕێژیم دەزانێ بەو کارانە ئەم حیزبە تووشی گەورەترین شکستی مێژوویی خۆی دەکا و بزووتنەوەی نەتەوایەتی و نەوەی نوێی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە دینامیزمی سەرەکیی شۆڕشی ژینا و سەرهەڵدانەکانی داهاتوون، تا ساڵانێکی زۆر لە هەست و خوست دەخا.

بەکورتی ڕووداوەکانی یەکساڵی ڕابردووی پێوەندیدار بە حیزبی دێموکرات و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەر لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی یەکگرتنەوەی ئەم حیزبەوە تا سەرهەڵدانی بەرینترین ڕاپەڕین دژ بە کۆماری ئیسلامی و کوردستانیترین سەرهەڵدان لە مێژووی ئێراندا، سەرکردایەتیی ئەم حیزبەیان لە بەر دەم ساتەوەختێکی مێژووییدا داناوە تا بڕیارێکی چارەنووسساز لەسەر داهاتووی خۆی بدا و چارەنووسی خۆی بۆخۆی یەکلایی بکاتەوە. ئەم یەکلاییکردنەوەیەش شتێک نییە کە بە پاڕانەوە و خۆ فەقیرکردنەوە یان بە هەڕەشە و خۆ گیفکردنەوە لە پێدەشتەکانی باشووری کوردستان و لە بندەستی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە جێبەجێ بکرێ.

بابەتی نوێ:

حیزب وەک سەنتەر، ستراتژیی حیزب وەک سەنتێز

سەردەمی ئێستا، سەردەمی بەئاگاهاتنەوەی هەرچی زیاتری نەتەوە بندەستەکانە. سەردەمی ‏هەوڵدانی بە کۆمەڵی کۆمەڵگا ژێردەستەکان بۆ سڕینەوەی سێبەری دا...