۳/۰۳/۱۳۹۰

ئەرێ کۆنگرەی پازدە بەسەرکەوتنەوە کۆتایی پێهات؟!

 تاهیر قاسمی


پازدەهەمین کۆنگرەی حیزبی دێموکراتی کوردستان رۆژی ٨ی جۆزەردان کۆتایی پێهات. کۆمیتەی ناوەندیی ئەو حیزبە وەک هەمیشە “به‌ خۆشحاڵییه‌وه”‌ رایگەیاند که‌ “پازده‌هه‌مین کۆنگره‌ی حیزبی دیموکراتی کوردستان، دوانیوه‌ڕۆی 8ی جۆزه‌ردان(29ی مای 2011)، به‌سه‌ر که‌وتنه‌وه‌ کۆتایی به‌ کاره‌‌کانی هێنا”، بە بێ ئەوەی جارێک تاریف و چۆنیەتی کۆتایی “سەرکەوتوانەی” کۆنگرە و کۆبوونەوەکانی بۆ بەردەنگەکانی خۆی روون کردبێتەوە. 

ئەگەر مەبەست لە سەرکەوتنی کۆنگرە تەنیا باس و لێدوان و سەرەنجام پەسەندکرانی ئەو بەڵگەنامانە بێ کە کۆمیتەی ناوەندی خستیە بەردەم ئەندامانی کۆنگرە، ئەگەر مەبەست سەرلەنوێ هەڵبژێرانەوەی ئەندامانی رێبەری بە ٣-٤ کەس ئاڵوگۆڕ بێ، ئەوە کۆنگرەی پازدەش وەک هەر کۆنگرەیەک لەم دنیایەدا “سەرکەوتوو” بوو و هیچیش پێویست ناکا بە خۆشحاڵی یان بە خەمناکیەوە کۆتاییەکەی بە خەڵک رابگەیەنین.
بەڵام ئەگەر رادەی سەرکەوتن و سەرنەکەوتنی هەر کۆنگرەیەک بەستراوە بێ بەوە کە ئەو حیزبە و بە تایبەت رێبەریەکەی تا چەند توانیویەتی بەرنامە و پرۆژەکانی کۆنگرەی پێشوو لە مەودای دوو کۆنگرەدا جێبەجی بکا و لەوەش زیاتر تا چەند توانیویەتی حیزبەکە لە بوارەکانی سیاسی، تەشکیلاتی، پەروەردە، ماڵی، راگەیاندن و بوارە جۆراوجۆرەکانی دیکە بەرەو پێش بەرێ، بە بڕوای من حیزبی دێموکراتی کوردستان و بە تایبەت رێبەریەکەی تا کۆنگرە نمرەی قەبوڵی وەرنەگرتووە و حەق نییە “بە خۆشحاڵیەوە” پێمان رابگەیەنێ کە “کۆنگرە به‌سه‌ر که‌وتنه‌وه‌ کۆتایی به‌ کاره‌‌کانی هێنا”.حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ئەنجامی کۆمەڵێک قەیرانی تەشکیلاتی و سیاسی لە ناو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی پێشوودا، بە دەستی خاڵی لە باری ماڵی بەڵام بە سەرمایەیەکی گەورەی ئینسانیەوە چ لە ناو حیزب و چ لە دەرەوەی حیزب، ناچار ملی بە لەتبوون دا. لە دوای لەتبوونەوە ئەو حیزبە بەردەوام بەرەو هەڵکشان و گەشەکردن هەنگاوی بە بڕشتی هاویشت.
ئەو هەڵکشانە تا کۆنگرەی چواردە بەردەوام بوو. لە کۆنگرەی چواردەدا کۆمەڵێک بەڵگەنامەی گرینگ و لە سەرووی هەموانەوە بەرنامە و پێرەوی نوێ کە دەرەنجامی ماوەیەکی زۆر کار و تێکۆشان و کۆکردنەوەی فکری کۆمەڵێکی زۆر لە شارەزایانی ناو حیزب و دەرەوەی حیزب بوو، پەسەند کران. لە بەرنامەی حیزبدا گەشە بە خواستی نەتەوەیی درا و هاوکات دێموکراسی ناوخۆیی و هەنگاونان بۆ دێسانترالیزە کردنی قەوارەی حیزب لە پێرەوی ناوخۆ دا رەنگی دایەوە. رێبەریەک بە دوور لە هەر جۆرە دەمارگرژی و ناوچەگەری و … هەڵبژێردرا. بۆ یەکەم جار میکانیزمی هەڵاواردنی پۆزەتیڤ بە مەبەستی رێگەخۆش کردن بۆ سەرکەوتنی ژنان لە کۆنگرەدا هاتە ئاراوە، لاوان بەشێکی بەرچاو لە پێکهاتەی رێبەری‌یان پێکهێنا و هاوکات بەشی هەرە زۆری رێبەرانی لەمێژینەی ئەو حیزبە، ئەگەرچی ئێستاش سەرمایەی گەورەی فکرین، بەڵام دەستیان لە رێبەری کێشایەوە و جێگای خۆیان بۆ لاوەکان بە جێ هێشت.
ئەوانەی سەرەوە تەنیا بەشێک بوون لە دەسکەوتەکانی کۆنگرەی چواردە. بەڵام هەر بە دوای کۆتایی کۆنگرە، رەوتی داکشان و نوشستی حیزبی دێموکراتی کوردستان دەستی پێ کرد. ئەو رەوتە لە ٦ مانگی یەکەم دا کە بەڕێز کاک خالید عەزیزی وەک وتەبێژی حیزب کاری دەکرد خاوتر بوو بەڵام لەو کاتەوە کە ئەرکی سکرتێری حیزبی بە ئەستۆ گرت، رەوتێکی خێراتری بەخۆوە گرت. رێبەری بە کردەوە رەوتی بچووک کردنەوەی حیزب و خڕکردنەوەی دەسەڵات لە ناو دەستی خۆی دەست پێکرد، پشتی لە زۆربەی بڕیار و پەسەندکراوەکان کرد.
بۆ وێنە تاقە جارێکیش کۆماری کوردستان وەک ئامانجی ستراتژیی ئەو حیزبە لە وتەی رێبەرانی دا رەنگی نەدایەوە. هیچکام لە رێبەرانی حیزب چ بە زمان و چ بە نووسین جارێک دیفاعیان لە بەرنامەی حیزبەکەیان نەکرد، گەشەدان بە بیری نەتەوەیی هیچ رەنگدانەوەیەکی لە گوتاری حیزبدا نەما. ئەو کۆمیسیۆنانەش کە بە مەبەستی دێسانترالیزەکردنی قەوارەی حیزب لە ئەساسنامەدا گونجێندرابوون، کەوتنە بەر رقی رێبەریی حیزبەوە و یەک لە دوای یەک خنکێندران یان نیوە گیان کران.
رووناکبیرانی دەور و دەرەوەی حیزب کە لە ناویان دا ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایانی زانستگا هەبوون، یەک لە دوای یەک تەرە کران و لەو حیزبە دوور خرانەوە. رووناکبیرانی ناو حیزب ناهومێد کران، لە جیاتی کەڵکوەرگرتن لە تواناکانی ناو حیزب و دەرەوەی حیزب، کاری تاکەکەسی جێگای بە کاری هەرەوەزی لێژ کرد، تواناییەکان پەڕاوێز کران، راگەیاندن ئەگەر نەڵێم داکشانی بە خۆوە دیت، لەو ئاستەدا قەتیس ما کە بەر لە کۆنگرەی چواردە هەبوو، تەشکیلاتی ئاشکرا هەڵوەرینی بەخۆوە دیت و خەبەرێکیش لە “ئاموزش” و پەروەردەی حیزبی و نەتەوەیی بۆ ئەندامان نەما. تەنیا شتێک کە تا ئێستاش بەردەوام بەچاوی ئەندامان دا دەدرێتەوە، رێگەدان بە دەربڕینی بیروڕای ئازادە کە ئەوەش هێشتا لە بنکەکانی حیزب دا پرسیاری لەسەرە و ئەوەندەش کە پێوەندی بە ئەندامانی حیزب لە دەرەوەی بنکەکان هەیە، خێرێک نییە کە رێبەریی حیزب بتوانێ پێیانی بکا.لە زۆربەی کۆنفرانسەکانی پێش کۆنگرەی ١٥ دا و بۆ وێنە لە کۆنفرانسی ئەندامانی حیزب لە وڵاتی فینلاند کە بۆخۆم تێیدا بەشدار بووم، زۆربەی نیزیک بە تەواوی ئەوانەی تریبونیان وەرگرت، قسەکانیان لە دەوری داکۆکی لە بڕیارەکانی کۆنگرەی چواردە و پێویستی پێداگرتنەوەی کۆنگرەی پازدە لە سەر ئەو پەسەندکراوانە خولی دەدا. لە راستی دا ئەندامان بە جێگای ئەوە کە بیر لە پێشکەوتنی زیاتر بۆ حیزبەکەیان بکەنەوە، ناچار بوون دیفاع لە دەسکەوتەکانیان بکەن. ئەمە بۆ من تراژێدی بوو کە بە ئاشکرا دەمدیت بەدەنە لە بەرامبەر رێبەریی دا کەوتبووە بەرگری لە دەسکەوتەکانی کۆنگرەی پێشوو!
لە حاڵێک دا کە ئەگەر حیزبەکە رەوتی دروستی خۆی پێوابا، ئەندامان دەبوو بیری نوێیان داهێنابا، یارمەتیان بە روونکردنەوەی پەسەندکراوە تەماویەکانی کۆنگرەی پێشوو کردبا، ژنان دەبوو لە دەست میکانیزمی هەڵاواردنی پۆزەتیڤ رزگار کرابان و هاوکات کاندیداکانیان بۆ رێبەری چەند بەرابەر بووبا، دەبوو بۆ هەرکام لەو ناوچانەی کە رێژەی ئەندامیان لە رێبەری دا نییە یان کەمە، چەندین کادر وەک کاندیدی رێبەری پەروەردە کرابا، دەبوو ئەندامان بە بیری نەتەوەیی زیاتر گۆش کرابان، دەبوو لە سایەی دێسانترالیزە کردنی قەوارەی حیزب و دابەشکردنی دەسەڵات، چیدی هیچ ئەندامێک حیزبایەتیەکەی بە بوون و نەبوونی لە ناو رێبەری دا گرێ نەدابایەوەو دەبوو… دەبوو… دەبوو… بەڵام بە داخەوە زۆر “دەبووی” دیکە نەبوون و کۆنگرەش بە “سەرکەوتنەوە” کۆتایی پێهات!
***
خۆ ئەگەر دۆخی ئێستای حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک عادەتە، لە گەڵ لایەنەکانی دیکە هەڵسەنگێنین، رەنگە لە زۆربەی بوارەکاندا ئەو حیزبە جیاوازیەکی ئەوتۆی لە گەڵیان دا نەبێ بەڵام رەساڵەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئەوە نەبوو. ئەوەندەش کە دەگەڕێتەوە سەر توانایی و لیاقەتی سکرتێری ئەو حیزبە، نە رەخنەگرتن لێی بە مانای بێ تواناییەتی و نە بە توانایی ئەو بەو مانایەیە کە رەخنەی لە سەر نییە یان نابێ رەخنەی لێ بگیرێ. سەرەڕای هەموو کەموکوڕیەکان، لە ناو رێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان دا، ئەمڕۆ کاک خالیدی عەزیزی باشترین کەسە بۆ سکرتێر بەڵام بێدەنگ بوون لە حاند ئەو کارانەی کە دەبوو بکرێن و دوای پتر لە سێ ساڵ هەروا بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە، بە مانای رازی بوون بە کەموکوڕیەکانە.
هەڵەیەک کە بە داخەوە لە دوای کۆنگرەی چواردەوە زۆربەمان بە بیانووە پووچەکانی “حیزبەکە ساوایە” یان “با ئەم و ئەو پێمان خۆش نەبن” و… تووشی بووین و بووین بە شەریکی هەڵەکان. لە راستی دا، لە مەودای نێوان کۆنگرەکانی ١٤ تا ١٥ی حیزبی دێموکراتی کوردستان، پێوەندی نێوان سکرتێر و حیزب، هەمیشە منی وەبیر پەندی “ئاش لە خەیاڵێک و ئاشەوانیش لە خەیاڵێک” خستۆتەوە. بڕیار و پەسەندکراوەکان لەو حیزبەدا تەنیا نووسراوەی سەر کاغەز بوون و سکرتێر ئەوەی کردووە و ئەوەی گوتووە کە خۆی پێی باش بووە نەک ئەوەی کە حیزبەکە پێی باش بووبێ.
لەم نێوەش دا ئەندامانی دیکەی رێبەری کڕ و کپ، متەقیان لێ نەهاتووە. لە حاڵێک دا لە هەموو حیزبێکی پێشکەوتوو و دواکەوتووی ئەم دنیایە، سکرتێر و ئەندامانی دیکەی رێبەری لە کۆنگرەکاندا خۆیان بۆ جێبەجێ کردنی بڕیار و پرۆژەکانی حیزبەکە کاندید دەکەن و ئەگەر هاتوو موخالفی ئەو بڕیار و پەسەندکراوانە بوون، ئەوە دەبێ خۆیان لە کاندیدکردن و بەرپرسایەتیی جێبەجێ کردنیان بپارێزن.بە دوای کۆنگرەی پازدە دا هەرچەند گۆڕانێکی رێژەیی لە گوتاری سیاسیی رێبەرانی حیزب دا بەرگوێ دەکەوێ بەڵام بەش بە حاڵی خۆم هەم گۆڕانەکەم پێ درەنگ وەختە و هەم بە داخەوە بە پێی ئەزموونی دوای کۆنگرەی چواردە، پێم وایە زۆر درێژە ناکێشێ و سەرلەنوێ پشت کردن لە پەسەندکراوەکانی ئەو کۆنگرەیەش دەست پێ دەکاتەوەو رەوتی بچووک کردنەوەی حیزبەکەش لە لایەن رێبەرانیەوە هەروا درێژەی پێ دەدرێ. چونکە لەم کۆنگرەیەش دا نوێنەرانی کۆنگرە هەروا بۆخۆیان “مصوبات”یان پەسەند کردووە و رێبەرانیش بڕیاریان داوە سیاسەتی خۆیان بکەن.

بابەتی نوێ:

حیزب وەک سەنتەر، ستراتژیی حیزب وەک سەنتێز

سەردەمی ئێستا، سەردەمی بەئاگاهاتنەوەی هەرچی زیاتری نەتەوە بندەستەکانە. سەردەمی ‏هەوڵدانی بە کۆمەڵی کۆمەڵگا ژێردەستەکان بۆ سڕینەوەی سێبەری دا...