۵/۲۱/۱۳۹۵

فەرهەنگی ئاژەڵ : سەگ

مرۆڤەکان لە دێرزەمانەوە ئاژەڵیان کەوی کردوە و کەلکیان لێ وەرگرتوە. هەر کام لەو ئاژەڵانەش بە ئامانجی جیاواز و بۆ بەرهەمی جیاواز بە کار هاتوون. لە کوردەواریدا ئەو ئاژەڵانەی لە خزمەت مرۆڤ دان بریتین لە:
سەگ
مەڕ
بزن
کەر
پشیلە
گا
گامێش
ئەسپ
وشتر
مریشک
مراوی
قاز
بەراز

هەر کام لەو ئاژەڵانە ئەرکێکیان لە سەر شانە و مرۆڤ بە مەبەستی خزمەتێک بە خۆی، رایاندەگرێ. سەگ بۆ پارێزگاری، بزن و مەڕ بۆ شیر، خوری و گۆشت، کەر بۆ بار و.. دیارە جۆری ئاژەڵی کەوی لە هەموو ناوچە و لە ناو هەموو نەتەوەکاندا وەک یەک نییە. لە جوغرافیای جیاوازدا، چ لە تۆرەمە و چ لە جۆری ئەم ئاژەڵانەدا کەم و زۆر جیاوازی هەیە.
هەروەها هەر کام لەو ئاژەڵانە، ئاژەڵێکی هاوشێوەشیان هەیە کە کێوین و لە راستیدا ئەوانە ئاژەڵی کەوی لە بەرامبەر ئاژەڵی کێوین. بۆ وێنە سەگ لە بەرامبەر گورگ، مەڕ و بزن لە بەرامبەر بزنە کێوی و مەڕە کێوی و..

سەگ
رەنگە کۆنترین ئاژەڵی ماڵی بێ. مرۆڤ هەم بۆ پارێزگاری لە خۆی و سامانەکەی و هەمیش بۆ ڕاو و شکار بە کاری بردوە. کۆنترین ناوی سەگ لە کوردستان، لە لایەن هێرۆدۆت، مێژوونووسی یونانی نیزیک بە ٤٥٠ ساڵ پێش زایین تۆمار کراوە: Spaka یا Spakha = سەگ
شێوەیەک لە وشەی "سپاکا/سپەکا" یان "سپاخا/سپەخا" لە زمانی رووسی و زمانە دەستەخوشکەکانی وەک ئوکراینی دا بەر گوێ دەکەوێ: 
رووسی: sobaka سەگ
ئەمن وای بۆ دەچم کە وشەی "سپاکا/سپەکا" یا "سپاخا/سپەخا" بەو جۆرەی هێرۆدۆت تۆماری کردوە، لە دوو بەشی "سپا/سپە" و "کا/خا" پێکهاتوە. سپا وەک لە بابەتی پێوەندیدار بە "سپاس"دا نووسیومە و بەو جۆرەی لە سپا، سپاردن، سپەر و.. دا هەیە، واتای پاراستن و پارێزگاری دەدا. بەشی دووهەم واتە "کا" یان "خا" بنەمای "خاوەن"ە. لەو بنەمایە "کا/کاک" وەک وشەی رێز لێنان بۆ پیاو و خاوەن بە مانای ساحێب و دارا چێ بووە. لە سەر یەک وشە تۆمارکراوەکەی هێردۆت بۆ سەگ واتای "پارێزەری خاوەن" یا "خاوەن پارێز" دەدا. ئەوەش واتایەکی شیاوە بۆ رۆڵ و ئەرکی سەگ لە ژیانی ئینسانی سەرەتاییدا. 

وشەی سەگ Sag لە گەڵ داگ‌ Dog ی ئینگلیزی بە گۆڕانی س بە گ یان بە پێچەوانە، هاوڕەگن. رەنگە سەگ هەر شێوەی سواوی سپەکا بێ؛ سپەکا - سپەک - سپەگ - سەگ. ماکی سپە بە واتای سەگ لە کۆمەڵێک زمانی دیکەی هیندوئوروپایی و دەستەخوشکی زمانی کوردیدا بەدی دەکرێ: 
پۆشتو: سپي
تالشی: سپیە
کاشانی: «اسبه » و «اسپه »
هەروەها وشەی چەغە/چەغ کە بۆ دەنگدان و دوورکردنەوەی سەگە، رەنگە بنەماکەی هەر بۆ وشەی سەگ/داگ بگەڕێتەوە: سەگ - سەگە - سەغە - چەگە - چەغە
بەڵام لە زمانی کوردیدا "سەگ" تاکە ناو بۆ سەگ نییە. "سە" کە هەر کورتکراوەی سەگە، سپەڕ و سپڵۆت کە هەر دەچنەوە سەر وشەی سپەکا. کوتک، توتک، کوچەک، گجووک (تووتکە سەگ)، گجولە (تووتکە سەگی بچکۆڵە) و کسۆک کە وێدەچێ سەرجەمیان یەک رەگ بن و دوا جار وشەی "گەماڵ".
 وشەکانی کوتک، توتک، کوچەک/کوچک، گجووک، کسۆک و گجولە سەرجەمیان لە ماکەی "کوت" یا "کوچ"ن. وشەیەک کە بۆ بانگ کردن و لاواندنەوەی سەگ لە زمانی کوردیدا بەکار دێ: کوت کوت یان کوچ کوچ. "ک" پاشگری ناوە لە زمانی کوردیدا. کوتک لە بەشێک لە زمانە دەستەخوشکەکانی زمانی کوردیشدا وێنەیان هەیە:
گوجاراتی کە زمانێکی هیندیە: Kūtarō 
هیندی: kutta
پونجابی: Kutē
سیندهی: ڪتو
ئوردو: کتا
هونگاری: Kutya
بولغاری: kuche
ماکێدۆنیا: kuče
وەک لە سەرەوە دەبینین "کوت" لە بنەمای وشەکە لەو زمانانەدا بە ڕوونی دیارە. ئەگەر کوردستان وەک ناوەندی زمانەکانی هیندوئوروپایی حیساب بکەین، زۆرینەی ئەو زمانانەی لە "کوت" بۆ ناوی سەگ کەلک وەردەگرن، کەوتوونەتە بەری رۆژهەڵاتی زمانەکانی هیندوئورپایی. دیارە لەو نێوەدا رەنگە وشەی "کسۆک" بنەمایەکی جیاوازی هەبێ و مرۆڤی کورد وەک خۆشەویستیەک بۆ سەگ و وەک هاودەمێکی روح سووکی ئینسان، ناوی "کسۆک"یشی بە واتای هاودەم و لە بنەمای "کەس"ی بچکۆڵە، بۆ هەڵبژاردبێ.
لە بەشێک لە زمانە رۆژئاواییەکانی هیندوئوروپایی وشەی سون یان شێوەیەک لەو وشەیە بۆ ناوی سەگ بەر گوێ دەکەوێ:
هەرمەنی: shun
لاتڤیا: suns
هەروەها بە گۆڕای س بە هـ لە بەشێک لە زمانەکانی دیکە:
هولەندی: hond
ئیسلەندی: hundur
ئاڵمانی: Hund
سون لە زمانی کوردیدا بۆ باڵغ بوونی سەگ بە کار دێ. 
هەرچی وشەی "گەماڵ"ە، ئەوە زیاتر لە ناوچەکانی باشووری رۆژهەڵاتی کوردستان بە کار دێ. وای بۆ دەچم بنەمای وشەکە پێوەندی بە خانوو و  "ماڵ" هەبێ. رەنگە "ئاگاماڵ" بە واتای ئاگادار و پارێزەری ماڵ یان وشەیەکی لێکدراوی لەم جۆرە چێ بووبێ و "ئا"ی سەرەتای سوابێ. ئاگاماڵ - گاماڵ - گەماڵ
لە هێندێک ناوچەدا وەک دەڤەری بانە، وشەی بەشداریش بۆ سەگ دەگوترێ کە رەنگە لە رێزدانان بۆ سەگ و بۆ زەحمەتی ئەو ئاژەڵە لە یارمەتیدانی ئینسان، داکەوتبێ. هەروەها وشەی "چوارپێ"ش تایبەت بە سەگە بەڵام ئامانج لە بە کار بردنی ئەو وشەیە، بە کار بردنی زمانی خاوێن و رێزە.
سەگ بە گشتی بۆ هەر دوو رەگەزی نێر و مێ بە کار دێ بەڵام وشەکانی دێڵ و گۆڵ بە ریز بۆ مێ و نێری سەگ و گیانلەبەرانی لەو شێوەیە بە کار دێ. دێڵ بە گۆڕانی ز بە د، دەچێتەوە سەر رەگی "زێ"ی ئەندام و زا و زێی گوانداران. گۆڵیش دەچێتەوە سەر رەگی "گۆ" بە مانای خڕ و هەڵتۆقیو کە ئاماژە بە ئەندامی جووتبوونی نێرینەیە. بۆ مردنی سەگیش لە وشەی مردن و مەرگ کەڵک وەرناگرن و کرداری "تۆپین" تایبەت بەو گواندارانەیە کە گۆشتیان ناخورێ.
سەگ لە باری گەورەیی، قەبارە و کارایی جۆراوجۆرە و لە کوردستان بە تایبەت تاژی/تاجی و توڵە هەن. تاژی کە باریک و تیژڕەوە زیاتر بۆ ڕاوی کەروێشکە. توڵەش کە بچووکە بۆ چوونە ناو کونی گیاندارانی وەک رێوی لە ڕاودا بە کار دێ. هەروەها سەگ بە پێی رادەی مووی لەشی بە سەر دوو جۆری کوڵکن و رووتە دابەش دەکرێ.







بابەتی نوێ:

حیزب وەک سەنتەر، ستراتژیی حیزب وەک سەنتێز

سەردەمی ئێستا، سەردەمی بەئاگاهاتنەوەی هەرچی زیاتری نەتەوە بندەستەکانە. سەردەمی ‏هەوڵدانی بە کۆمەڵی کۆمەڵگا ژێردەستەکان بۆ سڕینەوەی سێبەری دا...