۵/۱۴/۱۳۹۵

چێژی شیرینی "بەخشین" لە حاند تامی تاڵی تۆڵە

تاهیر قاسمی

دوو حەوتووی رابردوو شاری سنە پێشەنگایەتی رزگارکردنی بەندیەکی ژێر پەتی سێدارەی کرد. سێ ساڵ لەوە پێش دوو لاو، دوو ئاواڵ و دوو هاوڕێ، لە تەک یەک تووشی دمەقاڵە هاتن، یەخەی یەکتریان گرت و لێکیان دا. لە ئەنجامی ئەو لێکدانەدا “دلێر ئەحمەدی” کوژرا و “رەشاد رەشیدی”یش دەستبەسەر و بە “قصاص” حوکم درا. سێ ساڵ چاوەڕوانیی رەشاد بۆ گەیشتنی رۆژی ئیعدام، سێ ساڵ تلانەوەی بنەماڵەی دلێر بە خەمی رۆڵە ئازیزەکەیان ‌و دژواریی بڕیار بۆ تۆڵە یان بەخشینی رەشاد و، سەرەنجام سێ ساڵ هەڵسووڕانی بێوچانی مرۆڤدۆستان بۆ رزگارکردنی گیانی ئینسانێک، کۆتایی هاتبوو. بەرەبەیانیی رۆژی سێ‌شەممە ١ی خەرمانانی ١٣٩٥ی هەتاوی بوو. رەنگە زۆر کەسی دیکەش وەک رەشاد، شەوی تێپەڕیویان بە ئازار و نیگەرانی تێپەڕ کردبێ و خەو لە چاویان نەکەوتبێ. هەموان چاوەڕوانی گەیشتنی هەواڵی ئیعدامی رەشاد رەشیدی بوون.
 مرۆڤدۆستان تەنیا تروسکاییەکیان لە هیوا مابوو. سێ ساڵ بوو پێیان لە ماڵی باوانی رەشاد و دلێر نەبڕیبوو. هەموو هەوڵی خۆیان بۆ رزگارکردنی گیانی رەشاد و دووپاتنەبوونەوەی مەرگی مرۆڤێکی‌تر دابوو بەڵام ئاکامێکیان لە هەوڵەکانیان نەچنیبوو. سیمین چایچی، نووسەر و چالاكی مەدەنی لە سنە لەم پێوەندی‌یەدا گوتی: “ماوەی سێ ساڵ لە هەوڵ‌دا بووین بۆ وەرگرتنی رەزایەت لە بنەماڵەی دلێر بۆ ئەوەی ئەو حوکمە هەڵوەشێنینەوە بەڵام دایكی دلێر نەیدەویست قسە لەگەڵ كەس بكا”. سێ رۆژ پێش لە وادەی بەڕێوەچوونی حوکمی قەساس بوو کە سەردانی ماڵی دلێریان کرد. دایکی دلێر ئەمجارە بە پێچەوانەی جارانی پێشوو، بە رووی خۆشەوە وەریگرتن. بەوەش چرای هومێدیان رووناکاییەکی تێگەڕابوو بەڵام هەروا کز دەسووتا. ئەو کرانەوەیە ئەگەر نیشانەیەکی دڵخۆشکەر بوو بۆ رزگاریی گیانی ئینسانێک، دەکرا پێچەوانەش بێ. ئەو رووخۆشی‌یە دەکرا دەرەنجامی یەکلایی بوونەوەی ناخی گڕگرتووی دایکێک بۆ چۆنیەتی بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ئیعدامی بکوژی رۆڵەکەی بێ. دەکرا شادیی ناخی مرۆڤێک لە گەیشتنی رۆژی تۆڵە بێ. دەشکرا گەیشتن بە ترۆپکی مرۆڤایەتی، لێبوردەیی ‌و بەخشینەوەی ژیان بە ئینسانێک ‌و پێشگرتن لە سووتانی هەناوی دایکێک لە لایەن دایکێکی جگەرسووتاوی تر بێ.
 ساتی ئیعدامی رەشاد گەیشتبوو. بە پێی یاسا، بنەماڵەی دلێر لە حەوشی زیندان ئامادە بوون. چالاکانی مەدەنی و مرۆڤدۆستانیش لە دەرەوە، لە نێوان هیوا و نیگەرانی، چاوەڕوان مابوونەوە. رەشاد بە چاوی بەستراو، ملی بە پەت و پێ لە سەر پایەیەکی لەرزۆک، لە ژێر داری ئیعدام‌دا چاوەڕوانی مەرگ بوو. دایکی رەشاد دەبوو لە نێوان هەڵماڵینی پەتەکە یان هەڵواسینی رەشاد، سەرپشک بێ. بەڵام ئەو پێشتر لەگەڵ خۆی و لە ناخی خۆی‌دا ساخ ببۆوە. بەو راستی‌یە گەیشتبوو کە لابردنی پایە لەرزۆکەکە و بەتاڵکردنی ژێر پێی رەشاد یان شەتەکدانی پەتی سێدارە، تەنیا گیانی ئینسانێکی دیکە دەستێنێ، دڵی دایکێکی دیکەی وەک ئەو دەسووتێنێ‌ و بنەماڵەیەکی دیکە داخدار و تازیەبار دەکا بەڵام هیچ لە مەرگی دلێر ناگۆڕێ. ئەو لێبڕاوانە پەتەکەی لە ملی رەشاد هەڵماڵی و چێژی شیرینی بەخشینی بەسەر تامی تاڵیی تۆڵەدا هەڵبژارد.
 بڵاوبوونەوەی هەواڵی رزگاریی مرۆڤێکی هەرچەند تاوانبار، شادیی و خۆشی خستە دڵی شارێک کە هێشتا دوو حەوتوو بە سەر ئیعدامی دەیان رۆڵەی‌دا تێنەپەڕیبوو. بزەی خستە سەر لێوی خەڵکی شارێک کە هێشتا خەمی ئیعدام کرانی زیاتر لە بیست لاوی ئەو شارە بە سەر لێویانەوە بار بوو. ئەو لاوانەی کە دوای چەندین ساڵ ئەشکەنجە و بەند و زیندان، لە لایەن کۆماری پەت و سێدارەوە ئیعدام کران. دەسەڵاتداران و جەللادانی کۆماری ئیسلامی بۆ شەرعیەتدان بە ئیعدامی ئەو ئینسانانە، پەنایان بۆ هەر درۆ و دەهۆیەک برد تا لە سێدارەیان بدەن و کۆمەڵکوژیان بکەن. بەرامبەر بەوە لێبوردەیی، دڵگەورەیی و مرۆڤدۆستیی دایکی دلێر و سەرجەم بنەماڵەی ئەحمەدی بە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی و یاسا و رێسا دژە ئینسانیەکانی سەلماند کە خەڵکی کورد و لە سەرووی هەموانەوە دایکانی کورد چەندە لەگەڵ هەڵسوکەوتی دژە مرۆڤانەی ئەم رێژیمە و یاسا دژە ئینسانیەکانی ناتەبا و نەیارن.
 بە دوای گەیشتنی هەواڵی رزگاریی رەشاد و بڕیاری بەخشین و لێبوردن لە لایەن دایک و بنەماڵەی دلێر، چالاکانی مەدەنی و مرۆڤدۆستانی شار بەرهەمی تێکۆشانی مرۆڤدۆستانەی سێ ساڵی رابردووی خۆیان چنیەوە. بەڵام ئەوە کۆتایی کاریان نەبوو. بۆ رێزگرتن لەو بڕیارە مرۆڤانەیە، رێگای گۆرستانی سنەیان گرتە بەر و بە کۆبوونەوە لە سەر گڵکۆی دلێر و گوڵباران کردنی، سەری رێزیان بۆ رۆحی لێبوردەیی بنەماڵەکەی بە تایبەت دایکی دلێر ئەحمەدی دانواند.
 کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بە درێژایی مێژوو بە شێوەی جۆراوجۆر رۆڵەکانی خۆی ئیعدام کردوە. زۆربەی کۆمەڵگه‌ رۆژهەڵاتی‌یەکان هەتا ئێستاش بە هەراوی حوکمی ئیعدامیان تێدا بەڕێوە دەچێ. بەڵام لێکۆڵینەوەکان دەریانخستوە کە ئیعدام نەک ئەنجامدانی هۆکارەکانی ئیعدامیان کەم نەکردۆتەوە بەڵکو زەبروزەنگ لەو کۆمەڵگه‌یانە هەروا لە پەرەگرتن دایە. ئیعدامەکان سێ بەشن: ئیعدامی دەوڵەتی، ئیعدام بە پێی یاسا و ئیعدام بۆ قەساس و تۆڵە. لە ئیعدامی دەوڵەتی‌دا، دەسەڵاتداران بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆیان لە ژێر ناو و تۆمەتی جۆراوجۆردا، نەیاران و جیابیرانی خۆیان ئیعدام دەکەن. لە ئیعدامی بە پێی یاسادا تاوانکار تاوانێک (بۆ وێنە بازرگانیی مادە هۆشبەرەکان لە ئێران) ئەنجام دەدا کە بە پێی یاسا حوکمی ئیعدامی هەیە. بەڵام تەنیا جۆری سێهەم واتە ئیعدامی بۆ تۆڵە و قەساسە کە بەڕێوەبردن یان هەڵوەشانەوەی لە دەست خاوەن پرس دایە و چۆنیەتی به‌ره‌وڕوو بوونه‌وه‌ی خەڵک و کۆمەڵگه‌ لە حاندی، ئاستی پێگەیشتویی و تێگەیشتویی ئەو کۆمەڵگه‌یە نیشان دەدا. نمونەی بەخشینی رەشاد لە لایەن بنەماڵەی دلێر، نیشانەیەکی گرینگە لە ئاستی پێگەیشتویی و تێگەیشتویی کۆمەڵگه‌ی رۆژهەڵاتی کوردستان و بێزاریی خەڵکی کورد لە کوشتنی مرۆڤ تەنانەت ئەو مرۆڤەش کە بکوژی رۆڵەی ئازیزیانە.

لە ژماره‌ ٦٨٧ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌

بابەتی نوێ:

سوججەی سوور

لە کوردستان جۆرێک ماری ڕەنگ سووری کاڵ یان ئاڵ هەیە کە ماری سجە، سوجە یان سوججەی سوور و هەروەها "شیلە" ماریشی پێ دەگوترێ. مارەکە بێ...