۱۱/۲۳/۱۳۹۹

زستانی کوردەواری

لە فەرهەنگی کوردەواریدا زستان بە سەر سێ یان چوار بەش دا دابەش دەکرێ. چلەی گەورە، چلەی بچووک، زمهەریر و رەشەمە. چلەی گەورە چل رۆژی سەرەتای زستانە کە لە شەوی یەڵداوە دەستپێدەکا، سی رۆژەی مانگی بەفرانبار و دە رۆژی سەرەتای مانگی رێبەندان دەگرێتەوە. کۆتایی چلەی گەورە جێژنی بێڵندانە یان بەڵێندانەیە و دوای ئەو یەکسەر چلەی بچووک دەست پێ دەکا کە بیست رۆژەی کۆتایی مانگی رێبەندانە. بەو جۆرە دەگەینە رەشەمە. بەڵام لە هێندێک ناوچەی کوردستان دا بەهار لە رەشەمەوە دەستی پێ دەکرد. حیسابات بە پێی گەڕانی مانگ بوو کە هەر مانگێک سی رۆژ بوو. پازدە رۆژی یەکەم کە مانگ لە گەشەو گەورەبوون دایە و پازدەی دووهەم کە مانگ لە کز بوون و سەرەنجام ونبووندا.
بەو پێیەش ساڵ دەبوو بە ٣٥٥ رۆژ و دە رۆژ کەمتر لە ساڵی ئاسایی بوو. ئەو دە رۆژە لە دوای چلەی بچووک دەستی پێ دەکرد و لە حیسابات دا نەبوو. بە دە رۆژەی شقاقێ بە ناوبانگ بوو کە گۆیا هۆزی شوقاقی حیسابیان لە سەر نەکردبوو و لەو دە رۆژەدا کە بە تەمای خۆشبوونی کەشوهەوا تفاقی کەمتریان داخستبوو، ماڵاتەکەیان قڕانی تێکەوت. هەروەها بە ناوی خاتوو زمهەڕ یان زمهەریر، خوشکە چکۆڵەی برایانی چلەی گەورە و چلەی چکۆڵە کراوە کە گۆیا لەو دە رۆژەدا بە کڕێوە و باکوت شینی برایان دەکا. لە سەردەمی فیئۆدالی و ئاغا و رەعیەتی دا، ئەو دە رۆژە هی جوتیار بوو کە دەیتوانی لە گوندێکەوە بۆ گوندێکی دیکە و لە رەعیەتی ئاغایەک بۆ لای ئاغای گوندێکی دیکە بیگوێزێتەوە. واتە رەشەمە و سەری ساڵ دە رۆژ دوای کۆتایی چلەی بچووک دەستی پێ دەکرد. دوای ئەوەی ئەم حیساباتە لە برەو کەوت، وێدەچێ هۆزی سەکر لە موکریان دوا هۆز بووبن کە دەستیان لەم شێوە رۆژئەژمێری و ساڵپێوییە بەرنەدابوو. هەر بۆیەش بەهاری سەکران جیاواز لە بەهاری خەڵکی دیکە، لە مانگی رەشەمەدا دەستی پێ دەکرد

بابەتی نوێ:

حیزب وەک سەنتەر، ستراتژیی حیزب وەک سەنتێز

سەردەمی ئێستا، سەردەمی بەئاگاهاتنەوەی هەرچی زیاتری نەتەوە بندەستەکانە. سەردەمی ‏هەوڵدانی بە کۆمەڵی کۆمەڵگا ژێردەستەکان بۆ سڕینەوەی سێبەری دا...