۱/۰۱/۱۴۰۳

حیزب وەک سەنتەر، ستراتژیی حیزب وەک سەنتێز

سەردەمی ئێستا، سەردەمی بەئاگاهاتنەوەی هەرچی زیاتری نەتەوە بندەستەکانە. سەردەمی ‏هەوڵدانی بە کۆمەڵی کۆمەڵگا ژێردەستەکان بۆ سڕینەوەی سێبەری داگیرکاری، گەیشتن بە مافە ‏نەتەوەییەکان و بەرابەریی ئەوانیش لەگەڵ گەلانی سەردەست لە ماف و لە بەڕێوەبەریدایە. ئەمە ‏نەک هەر بۆ کورد بەڵکو بۆ سەرجەم گەلانی ژێردەستەی دنیا هەر وایە. بەڵام گەلی کورد لە ‏ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم بارەوە چەند هەنگاو لە دەوروبەری خۆی لەپێشترە. بەجۆرێک کە ‏ئەمڕۆ وەک شێلگیرترین و مافخوازترین نەتەوە، پێشەنگی خەباتی ڕزگاریخوازانە و ‏ئازادیخوازانەی گەلانی سەرانسەری ئێرانە و لە ئاستی بەشەکانی دیکەی کوردستانیشدا ‏نەتەوەییترین پاژی کوردستانە. گەلێک کە درێژترین ماوەی خەبات بۆ دابینکردنی مافەکانی خۆی ‏پێواوە بەڵام هێشتا پێیان نەگەیشتووە. لێ ئەوە نەک هەنگاوەکانی پێ شل نەکردووە بەڵکو ‏مکوڕتری کردووە. بە جۆرێک کە ئەم گەلە چ بە حەشیمەت و چ بە جوغرافیا هیچکات هیندەی ‏ئەمڕۆ سەبارەت بە مافەکانی خۆی لەسەر خەت نەبووە و نەهاتۆتە سەر شەقام. ئەوەش ‏نیشانەی هەرە ئاشکرای پێگەیشتوویی نەتەوەیی‌یە. نیشانەیەک کە ساڵ لە دوای ساڵ ڕوونتر ‏خۆی بۆ دۆست و دوژمن دەردەخا. ترۆپکی ئەم پێگەیشتوویی نەتەوەییەش سرووشتییە کە لە ‏خواستی سەربەخۆییخوازیدا خۆی دەنوێنێ. خواستێک کە بێگومان لە دڵی هەر تاکێکی ‏ڕزگاریخوازادایە و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ پەرەگرتووتر دەبێ و پتر کۆمەڵگا دەتەنێتەوە. خواستێک کە ‏ئەگەرچی بە ڕواڵەت لەگەڵ بەرنامە و ستراتژیی زۆربەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ‏لەوانە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش نالێکە بەڵام ئەو حیزبە چ پێ بزانێ و چ پێ نەزانێ، ‏چ پێی خۆش بێ و چ پێی ناخۆش بێ، دەرەنجامی خەباتی نەتەوایەتیی حیزبەکان و لەوانە زیاتر ‏لە هەشتا ساڵ خەباتی ئەم حیزبە بۆ دابینکردنی مافەکانی گەلی خۆیەتی. ‏

‏ ‏

سرووشتییە حیزبێکی شێلگیر لە مەیدانی خەبات و تێکۆشاندا و لە وەها دۆخێکدا کە حیزبی ‏دێموکرات و گەلی کوردی ڕۆژهەڵاتی تێدایە، ئەو بوار و بەستێنەی نییە کە وەک تاک یان گروپە ‏بچووکەکان درووشم بەرز بکاتەوە و پێداگری لەسەر خواستێک بکا کە مەیدانی مانۆڕ و ‏تێکۆشانی لێ بەرتەسک بکاتەوە. بەڵام خۆ ناشبێ پەرەگرتنی خواستی سەربەخۆییخوازیی ‏نەتەوەیی خەڵکەکەی نەبینێ یان لەگەڵ خواستە نەتەوەییەکانی خۆی بە ناتەبای بزانێ و ‏بەرهەڵستیان بێتەوە یان خەڵک ناچار بە ئێرانیبوون بکا. بە ئێرانیکردن یان بە ئێرانیهێشتنەوە لە ‏ڕاستیدا ئەرکی هیچ حیزبێکی کوردی یان کوردستانی نییە. ئەوە دەسەڵاتەکانی ناوەند و لایەنە ‏ناوەندگەراکانن کە دەبێ بیر لە چارەیەک بکەنەوە و هەوڵ بدەن دۆخێکی وەها بۆ نەتەوە ‏مافخواز و زۆر لێکراوەکان بخوڵقێنن کە کوردێکی کوردستانی، بلووچێکی بلووچستانی یان ‏عەرەبێکی ئەهوازیش ئەمڕۆ یان لە دواڕۆژدا بتوانێ خۆی بە بەشێک لە جوغرافیای ئێران بزانێ. ‏

‏ بەرزبوونەوەی ئاستی خواستە نەتەوەییەکان ئەگەر لەلایەک دەرەنجامی بەردەوامیی ستەمی ‏نەتەوایەتی و داننەنانی دەسەڵاتی داگیرکەر بە مافەکانی خەڵکی کوردستانە، بەشێکی زۆری ‏بەرهەمی خەبات و تێکۆشانی نەتەوەیی حیزبە نەتەوەییەکان و لەسەرووی هەمووان حیزبی ‏دێموکراتی کوردستان بە زیاتر لە هەشتا ساڵ خەبات و تێکۆشانی نەتەوەیی‌یە. بۆ حیزبێکی ‏نەتەوەیی ئەوە ناتەبایی‌یە کە ئەوەی دەیان ساڵە خۆی خەباتی بۆ دەکا، ئێستا بە بەربەستی ‏بزانێ، بەرهەڵستی بێتەوە یان پێیوابێ خەڵک دەبێ تەنیا تا ئاستی ئەوەی ئەو لە بەرنامەکەی ‏خۆیدا پەسندی کردووە، نەتەوەیی بن و لەوە زیاتر خۆی ببێ بە عامیلی سەرکوتی زیاتری خواستە ‏نەتەوەییەکان. حیزب بەو سیاسەتە لە ڕاستیدا بەگژ خۆیدا دەچێتەوە کە سرووشتییە زیانی زۆر ‏گەورەی لێ دەکا. ‏


خواستی سەربەخۆیی نەتەوەیی یان نیشتمانی بۆ حیزبێکی نەتەوەیی لە گوێن حیزبی دێموکراتی ‏کوردستانی ئێران کە بە پێی خوێندنەوەی خۆی لە بارودۆخەکە، هەوڵ دەدا لە چوارچێوەی ئێراندا ‏مافەکانی نەتەوەکەی دابین بکا، نەک هەر نابێ وەک هەڕەشە چاوی لێ بکا بەڵکو لە دانیشتن و ‏دانوستانەکانیدا لەگەڵ لایەنە ناوەندگەراکان دەبێ وەک پاڵپشتێکی زۆر بەهێز کەلکی لێ ‏وەرگرێ. هەتا خەڵک لەسەر خواستە نەتەوەییەکانیان مکوڕتر و لێبڕاوانەتر لە مەیداندا بن، ئەم ‏حیزبەش وەک هەر حیزبێکی نەتەوەیی، لە گۆڕەپانی خەباتدا دەنگی دلێرترە. لە وەها دۆخێکدا ‏کاتێ داگیرکەر بزانێ کە سیاسەت و بەرنامەی حیزب نەک هۆکاری "تەجزیە تەڵەبی" نییە بەڵکو ‏کەمتر لەوەشە کە نەتەوەکەی دەیهەوێ، سرووشتییە باشتر سەری خۆی دەخوێنێتەوە و چاکتر ‏قازانج و زیانەکانی ڕێککەوتن لەگەڵ وەها حیزبێکی بەنفووز لێک دەداتەوە. ‏


لەم نێوەدا سرووشتییە کە سەربەخۆییخوازانیش دەرک بە هەلومەرج و توانایی حیزب و ئەو ‏بارودۆخە دەکەن کە حیزبەکان و گەلەکەیان تێیدایە. بۆیەش دەبینین بە سەدان و ڕەنگە هەزاران ‏تاکی کوردستانی و سەربەخۆییخواز ئەندامی حیزبی دێموکراتن لەحاڵێکدا ئەم حیزبە فۆرمۆلی ‏فیدرالیزم بۆ ئێرانی داهاتوو و بۆ چارەسەری پرسی نەتەوەیی نەتەوەکەی پێشنیار دەکا. واتە ‏سەربەخۆییخوازانیش ئەو خوێندنەوەیان قەبووڵە کە ئەم حیزبە لە دۆخ و توانایی خۆی و ‏گەلەکەی هەیەتی و بۆیەش تێیدا ماونەتەوە یان تێیدا دەبن بە ئەندام. لەبەرامبەر ئەوەدا ‏دەبینین سەرەڕای هێندە پەرەگرتنی خواستی سەربەخۆییخوازی لە نێو گەلی کوردی ڕۆژهەڵاتدا تا ‏ئێستا حیزبێکی سەربەخۆییخواز نەیتوانیوە لەو ئاستەدا سەربەخۆییخوازان لە دەوری خۆی کۆ ‏بکاتەوە. ‏

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەڕای داکۆکی لە ستراتژی و سیاسەتی پەسندکراوی ‏کۆنگرەکانی خۆی بۆ دابینکردنی مافە نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نەک ‏نابێ بە گژ ڕەوتی سەربەخۆییخوازیدا بچێتەوە بەڵکو دەبێ ئەوە وەک ئەنجامێکی دەیان ساڵ ‏خەبات و تێکۆشانی نەتەوەیی خۆی ببینێ و لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستاندا پێویستە ‏سەربەخۆییخوازی بە ڕەسمی بناسێ و ڕێزی لێ بگرێ. نەک هەر ڕێزی لێ بگرێ بەڵکو وەک ‏دەرفەت سەیری بکا و بیکا بە پاڵپشتی بەرنامەکانی خۆی بۆ دابینکردنی مافە نەتەوایەتییەکان ‏بەو جۆرەی لە بەرنامەکەیدایە. لە ڕاستیدا حیزب دەبێ خۆی وەک سەنتەرێک بۆ هەموان و ‏بەرنامەی سیاسی و ستراتژیی خۆی وەک سەنتێزێک لەنێوان گەلێکی مافخواز و دەسەڵات و ‏لایەنی ناوەندگەرای ماف پێشێلکەردا ببنێ و مانۆڕی لەسەر بدا. ‏

لە ژمارە ٨٦٧ ی ڕۆژنامەی کوردستان ، ٢٩ی ڕەشەممەی ١٤٠٢دا بڵاو کراوەتەوە



۱۱/۲۲/۱۴۰۲

نۆزهەتۆلقلووب بە کوردی


هەر لێکۆڵەر و مێژوونووسێکی کورد لە ڕەوتی نووسین و لێکۆڵینەوەی مێژووی گەلەکەیدا ناچارە لاپەڕەکانی کۆمەڵێک کتێبی مێژوویی نووسەرانی کەوناری ئێرانی وەک آثار الباقیە"ی ئەبووڕەیحانی بیروونی، صفوه الصفا"ی ئیبنی بەززاز، "عالم آرای عباسی"ی ئەسکەندەر بەگ، جامع التواریخ"ی ڕەشیدەدین فەزلوڵڵا و زۆری دیکە هەڵبداتەوە کە یان بە فارسی نووسراون یان بۆ سەر زمانی فارسی وەرگێڕدراون. زۆربەی جاریش ڕەنگە بیر لە کەمکاریی خۆی و نووسەران و وەرگێڕانی دیکەی کورد بکاتەوە کە بۆچی تا ئەو کاتە هیچکام لەوانەمان نەکردۆتە کوردی. ئاخر زۆربەی ئەو بەرهەمە کەونارانە، کەم و زۆر پێوەندییان بە دابونەریت، مێژوو و جوغرافیای کوردستانیشەوە هەیە. "نزهه‌القلوب"ی حەمدوڵڵای موستەوفی‌ یەکێکی تر لەو کتێبە مێژووییانەیە کە لە ڕیزی ئەو بەرهەمانەی سەرەوەدا هەژمار دەکرێ.

نۆزهەتۆلقلوب بەنێوبانگترین کتێبی حەمدوڵڵا موستەوفییە کە لە نێوەڕاستەکانی سەدەی چواردەی زایینی‌دا نووسراوە. کتێبێک سەبارەت بە جوغرافیا، خەڵک، پیشە، ژیان، زمان و سەرەنجام ململانێی نێوان نەتەوە و هۆز و ئایینەکان لە سەردەمی ئیلخانانی مەغۆلدا. سەردەمێک کە تورکان تازە خەریک بوون لە ئێران و کوردستاندا ڕەگ دابکوتن و دیموگرافیی ناوچەکە بگۆڕن. بەشی سەرنجڕاکێشی نێوەرۆکی کتێبەکەش بۆ خوێنەری کورد بەشی ئازەربایجان و کوردستانی کتێبەکەیە ئەگەرچی وێناچێ نووسەر لە نووسینەوەی ئەمانەدا کەسێکی بەتەواوی بێلایەن بووبێ.

 نۆزهەتۆلقلووب ئەگەرچی بۆ کورد نەنووسراوە بەڵام ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پێوەندیی بە کورد و مێژووی کوردیشەوە هەیە. بەو سەردەمانەوە کە هێشتا زۆربەی شارەکانی ئازەربایجان تورکیزە نەکرابوون. خوێنەر لە نۆزهەتۆلقلووبدا تا ڕادەیەک بۆی دەردەکەوێ کە لە سەردەمی نووسینەوەی کتێبەکەدا بۆ وێنە زمانی دانیشتووانی تەورێز چەندە کوردی و دابونەریتی خەڵکی مەراغە چەندە کوردستانی بووە. 

بەو هۆیانەی سەرەوە دەبوو نۆزهەتۆلقلووب زۆر زووتر بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕدرابا تا خوێنەری کورد باشتر لە مێژووی گەلی خۆی بگا و نووسەر و لێکۆڵەری کورد وردتر ڕابردووی  نەتەوەکەی خۆی وەرد بداتەوە. کارێک کە ئەگەرچی بە درەنگەوە بەڵام سەرەنجام کرا. قەرەبووی ئەم وەدرەنگی کەوتنەش ئەوەیە کە کارەکە لەلایەن نووسەر و وەرگێڕی بەتوانای ئەم سەردەمەی کورد مامۆستا سەلاحی ئاشتی ئەنجام دراوە. دەسەڵاتی وەرگێڕ بەسەر هەردوو زمانی فارسی و کوردیدا، توانایی بەرز و ئەزموون و شارەزایی زۆری مامۆستا لە زمان و ئەدەبی کوردیدا بە دڵنیاییەوە قورسایی زیاتری بەو وەرگێڕانە داوە. 

ماوەتەوە بگوترێ کە دەزگای ڕۆشنبیریی جەماڵ عێرفان لە باشووری کوردستان لەدرێژەی تێکۆشان و خزمەتە بەرچاوەکانی بە فەرهەنگ و ئەدەبی کورددا ئەرکی چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەم بەرهەمەی بە ئەستۆ گرتووە کە جێی سپاس و پێزانینە.  

لێرەوە دەستخۆشی و ماندوونەبوونی بە مامۆستا سەلاحی ئاشتی دەڵێم و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ دەخوازم. دڵنیام بەو کارەشی هێندەی دیکە کتێبخانەی کوردیی دەوڵەمەند کردووە.

۱۱/۱۴/۱۴۰۲

سەرەتای کۆتایی بە هێژەمۆنیی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست

تاهیر قاسمی

لە ساڵانی کۆتایی سەرکۆماریی ئۆبامادا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەپێناو ڕێگری لە تەشەنەکردنی چین، گۆڕانی بەسەر سیاسەتی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هێنا. لەم سۆنگەیەدا تا ڕادەیەکی زۆر تەنکەی بە هێزەکانی خۆی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد و قورسایی سەربازیی خۆی بەرەو ئاوەکانی ئۆقیانووسی ئارام و دەریای زەرد گواستەوە. هەر لەو ساڵانەدا بوو کە ڕاپەڕین و خۆپێشاندانەکانی ناسراو بە بەهاری عەرەبی یەک لە دوای یەک وڵاتانی ناوچەکەی گرتەوە و لە زۆرێک لەو وڵاتانی عەرەبیدا دەسەڵاتەکانی ڕووخاند یان ئەو وڵاتانەی تووشی ئاڵۆزی و پشێوی کرد. هەردووی ئەو ڕووداوانە دەرفەتیان بۆ کۆماری ئیسلامی پێک هێنا کە زیاتر دزە بکاتە نێو وڵاتانی ناوچەکە و لەو ڕێگایەوە هێژەمۆنیی خۆی بەسەر وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بسەپێنێ. بۆ ئەم مەبەستەش لە لایەک ئەوەندەی توانی و بواری بۆ لووا هێزەکانی سپای قودسی ڕەوانەی وڵاتانی عێراق و سووریە و لوبنان کرد و هاوکات هێز و گرووپی چەکداری سەر بە خۆی لە وڵاتانی وەک عێراق، سووریە، لوبنان، فەلەستین، بەحرەین، یەمەن و هتد..دا پێکهێنا یان ئەوەی کە تا ئەو کات هەیبوو، بەهێز و پڕچەکی کردن. بە درێژایی دە ساڵی ڕابردوو ئێران لەو بۆشاییانە بە قازانجی سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕش کە لە خومەینی بۆی بە میرات ماوەتەوە و بە ئامانجی سڕینەوەی ئیسرائیل کە لە سەردەمی خامنەییدا پتر کەوتە نێو ڕۆژەڤی سیاسەتەکانی ئەم حکوومەتەوە، کەلکی وەرگرت. ترۆپکی ئەو هەوڵانەش لە ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣دا بە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل خۆی نواند. هێرشێک کە جیهانی ڕاتڵەکاند.

 

 ڕوون نییە کە ئێران تا چەند بەشداری بڕیاری هێرش و جنایەتەکانی بەرەبەیانیی ڕۆژی ٧ی ئۆکتۆبر بوو بەڵام لە دنیا ڕوون و ئاشکرایە کە ئەو چەکدارانە هەم لەلایەن ئێرانەوە بار هێندرابوون و پڕ چەک کرابوون و هەمیش هەڵسوکەوتیان سەبارەت بە کوشتن و دەستدرێژی و بە بارمتەگرتنی ژن و منداڵ و پیر و لاوی جوولەکە بەدەر لەو دروشمانە نەبوون کە ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی و لەوانە عەلی خامنەیی گەلێک جار داکۆکییان لەسەر کردووە و تەنانەت زەمانیان بۆ بەدیهاتنی دیاری کردووە؛ سڕینەوەی یەکجاریی ئیسرائیل لەسەر نەخشەی جیهان.

 

ئەوەی لە ٧ی ئۆکتۆبردا هاتە ئاراوە لەڕاستیدا بەشێکی هۆکارەکە ئەو بۆشایی و هەلە لەبارە بوو کە بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بۆ ئێران پێکهاتبوو. ئەمریکا ‏ئەگەرچی لە ساڵی ٢٠١٤ و بەدوای سەرهەڵدانی داعشدا، لەچوارچێوەی بڕیارێکی شوورای ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست گەڕایەوە، بەڵام ئەو گەڕانەوەیە کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر تەراتێنی چەکدارەکانی سەر بە سپای قودس دانەنا و بەربەست نەبوو. تەنانەت جۆرێک هاوکاری لەنێوان دوولایەندا لە ئارادا بوو. ڕەوتێک کە دەتوانین بڵێین هەتا ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ بەردوام بوو. بەڵام لەو کاتە بە دواوە ئەمریکا و بە گشتی ڕۆژئاوا تێگەیشتن کە بوون و مانی ئیسرائیل وەک گرینگترین هاوپەیمانی ئەمریکا لە مەترسیدایە. زانیان کە ئەوانەی سەرانی کۆماری ئیسلامی تا ئەو کات بە قسە دەیانگوت تەنیا درووشم نەبوون و لە هەر کوێ بۆیان بلوێ دەیخەنە بواری جێبەجێ کردنەوە. هەر بۆیەش ئەو هاوکارییە ئوتوماتیک هەڵوەشایەوە. ڕەنگە ئێرانییەکان لە ئەمریکا و ئیسرائیلیش چاکتر هەستیان بە هەڵوەشانەوەی ئەو ڕێککەوتنە نەنووسراوە کردبوو کە یەکسەر دەستیان بە درۆن و هاژەکبارانی بنکەکانی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەدا کرد. کردەوەگەلێک کە بە کوشتنی سێ سەربازی سپای ئەمریکا لە ئەردەن گەیشتە چڵەپۆپە و ئەمریکاییەکانیان ناچار بوون زووتر هێز ڕەوانەی ناوچەکە بکەن و خۆیان بۆ بەرەوڕووبوونەوەیەکی درێژخایەن ئامادە بکەن. لە ڕاستیدا ئەوەی ئەمریکای بۆ ناوچەکە گەڕاندەوە و ناچاری کرد کە هێزەکانی لە بەرامبەر ئێراندا لە سان بدا، نە درۆنبارانی جار بە جار و نە کوژرانی سێ سەرباز بەڵکو کارەساتی ٧ی ئۆکتۆبر بوو. بڕیارێک کە بە کوتانی ٨٥ بنکەی سەربازیی میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە شەوی ٢ی فێوریەی ٢٠٢٤دا کەوتە بواری جێبەجێ کردنەوە. ئەو کردەوەیە پێش ئەوەی لە کوشتنی ژمارەی چەکداری کوژراو یان بنکەی ڕووخاوی هێزەکانی سەر بە ئێراندا چاو لێ بکرێ، بە ئامانجی پاراستنی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی دیکەی ئەمریکا لە ناوچە، سەرەتایەکە بۆ کۆتاییهێنان بە تەراتێنی هێزەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە تایبەت لە هیلالی شیعەدا. لە راستیدا گرینگترین پەیامی ئەو هێرشە ئەوەیە کە ئەمریکا جارێکی دیکە و ئەمجار بە ئامانجی قەمتەرکردنی ئێران بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست گەڕاوەتەوە.



۱۰/۲۴/۱۴۰۲

واتای ناوەکانی عەربەت، ڕەبەت، هەیبەت سوڵتان و...

کاکە هاوڕێ جەلال لێکۆڵینەوەی بۆ واتای ناوی عەربەت کردووە و وشەکەی بۆ سەر وشەی "هیربۆد" گەڕاندۆتەوە کە بە لامەوە سەرنجڕاکێش بوو. هیربۆد لە ئایینی زەردەشتیدا و ڕەنگە بەر لەوەش، لە ئایینی میتراییدا پلەیەکی ئایینی بووە. بەپێی فەرهەنگی دێهخودا، هیربۆد بریتی لە پێشخزمەت و خزمەتکاری ئاتەشگەیە. لە ئاڤێستادا وشەکە بەشێوەی "ئەئترپەئیتی" هاتووە و وشەکانی ئاتربان و هیربانی لێ کەوتۆتەوە کە هەم "هیر" و هەمیش "ئاتر" دوو لە چەندان شێوەی وشەی ئاگرن. (بڕوانە فەرهەنگی دێهخودا و واتای هیربد)

پەئیتی، پەئیت، پەد، بەد، پات یان پاد شێوەکانی کۆنتری وشەی پاس و پارێز و پاراستن و پارێزگاری کردنن. بەوپێیەش واتای ناوی هیربۆد لە پێکهاتەکەیدا هەڵگیراوە. هیربۆد لەبنەڕەتدا ناوی بکەرە (اسم فاعل) بەڵام گومان دەکرێ دواتر لە ناوی بکەرەوە بۆ ناوی شوێن گۆڕانی بەسەردا هاتبێ یان ئەو شوێنانەی ئەو ناوەیان لەسەرە، وەک لە زۆربەی نموونەکانی خوارەوەش بەرچاو دەکەوێ، لەگەڵ ناوێکی تایبەتدا هاتووە یان شوێنەکە بۆ هیربۆد گەڕێندراوەتەوە. وەک؛

 قەڵەهەربەت: قەڵای هەربەت، قەڵای هیربۆد
هەربەت سوڤان: هێربۆد سوڤان

ئەو شوێنانەش کە تەنیا ناوی هیربۆدیان لەسەرە، گومانی بەهێز ئەوەیە کە کورت کراونەتەوە و ناوی خاوەنەکەیان کەوتووە یان زمان لەبیری بردوونەوە.

 هەر لە گوێن هیربۆد، وشەی مۆبەدیش هەیە کە ئەویش پلەیەکی ئایینی بووە و پلەکەی لە هیربۆد بەرزترە. مۆبەد لە بنەڕەتدا "مێوپات" و "میوپاس"ە بە مانای پارێزەری مێو کە ئەویش دەوەنی ترێ‌یە. لە ئایینە کەونارەکاندا شەراب خواردنەوەیەکی ئایینی بووە و ڕەنێوهێنانی لە دەسەڵاتی مۆبەدانی پێشەوای ئایینیدا بووە. 

هاوڕێ ئاماژەی بە ناوی گوندی قەڵەهەربەت و قەڵای هەربەتی سەر بە ناحیەی دوبزی شاری کەرکووک و هەروەها چیای هەربەت لە قەزای مێرگەسوور کردووە و کۆمەڵێک ناوی دیکەی لەو گوێنەشی ڕیز کردووە کە جێی سەرنجن:
هەربەت سوڤان، خربەت سوڤان: ئاسەواری بینا و پەرستگەیە لە ئورفە(شانلی ئورفە) دەگەڕێتەوە بۆ پێش زاین.
خربەت قەرەئۆغڵان: ئاسەوارێکی بیناییە لە کفری
ئەربەت: گوندێکە لە نسێبین
ئەمانەش ناوی هەندێک شوێنی تر: (خربەت بەگەر، خربەت فارس، خربەت کەرەم، خربەت عیوش، خربەت فارعە، خربەت قەوالا، خربەت ئەلبەنات، خربەت باقر، خربەت عەلۆ، خربەت الجوز/خەربەت ئەلجۆز، خربەت زەقف، خربەت فارعە، خربەت شەعیر/خەربەت شەعیر، خربەت حەج، خربەت عەزیز، خربەت ئەلشەعال، خربەت ئەلشیرێن، خربەت غەزەل، خربەت عەمو، خەربەت عەمۆ، خربەت قراج، خەربەت وەرد، خەربەت شەمام،...)


بۆ واتای ناوی عەربەت سەردانی ویکیپێدیام کرد و بە لامەوە سەرنجڕاکێش بوو کە ئەو پێوەندییەی بەڕێز هاوڕێ لەنێوان ناوی ئەو شارە و پەرستگەی ئاگردا باسی کردووە لەوێش باس کراوە بەڵام ئاماژەیەک بە هیربۆد نەکراوە:

دەگێڕنەوە کاتی خۆی ئاینی زەردەشتی بڵاوبووە و شوێنێک ھەبووە بۆ ئاگر پەرستی کە شوێنکەوتوانی ئایینی زەردەشت وەک ڕەمزێکی ئایینی بەکاریان ھێناوە ئەویش سەر قەڵای عەربەتی کۆن بووە کەئێستاش پاشماوەی ئەوقەڵایە ماوەو کەوتۆتە عەربەتی کۆنەوە و گەڕەکێکی خنجیلانەی لێ درووست کراوە و ناونراوە گەڕەکی قەڵا، ئەم قەڵایە بەکارھاتووە لە شێوەی پەرستگەیەک بۆ ئاگرپەستی و ناونراوە (ئاورپەرست) بە واتای ئاگرپەرست، دوای چەند ساڵێک ئەو زاراوەیە گۆڕاوە لە ئاورپەرست بۆ ئاوری ڕەبەت تا وای لێھاتووە بووە بە شاری ڕەبەت و دوای چەند سەدەیەک بووە بە شاری عەربەت.

ڕوون نییە کە ئەو بۆچوونە هی کێیە و نووسەری ویکیپێدیا بەداخەوە ئاماژەی ڕاستەوخۆی بە سەرچاوە نەکردووە بەڵام ئەوەی کە نووسەر پێیوایە وشەکە لە "ئاوری ڕەبەت"ەوە بۆ عەربەت گۆڕاوە، ئەو بۆچوونەی لای من ساز کرد کە ڕەوتێکی پێچەوانە لە سازکردنی ناوی شاری "ڕەبەت" لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەوری هەبووە.

هەرچەند ئاسەواری زەردەشتایەتی هیندەی لە باشووری کوردستان هەیە لە ڕۆژهەڵات بە تایبەت لە موکریان بەرچاو ناکەوێ بەڵام گومانی ئەوە کە ڕەبەتیش لە بنەڕەتدا "هیربۆد" بووە و "هی" لەسەرەتای ناوەکەدا سواوە، بەدوور نازاندرێ. بەتایبەت کە وەک دەزانین ڕەبەت و تەپۆڵکە مێژووییەکەی لە سەردەمانی کەوناردا یەک لە ناوەندە ئایینیە گرینگەکان و بە بۆچوونێک هەمان "مووساسیر"ی مێژوویی سەردەمی ئۆرارتوو بووە و هەتا ئێستا گەلێک شوێنەواری بەنرخی لێ بە دیار خراوە. "سیر" لە پاژی دووهەمی "مووساسیر"دا بە سەرنجدان بە گۆڕانی باوی پیتی س بە هـ یان بەپێچەوانە لە زمانی کوردیدا، کەڵکەڵەی ئەوە ساز دەکا کە وشەکە دەتوانێ "مووساهیر" بە واتای ئاگری مووسا بووبێ. ڕەبەت هەروەها شوێنی ڕووداوەکانی بەیتی برایمۆکە کە بە بڕوای نووسەری ئەم دێڕانە یەک لە بەیتە ئایینییە کەونارەکانی کوردستانە.

بەیتی برایمۆک کە بەشێک لە ڕووداوەکانی لە ڕەبەت و کانی خومارۆ ڕوو دەدەن، دواجار قارەمانەکانی زۆر دوورتر و لە شاری کۆیە بە مراد دەگەیەنێ. جێی سەرنجە کە هەمان ناوی هیربۆد لەسەر شاخی هەیبەت سوڵتانی پەنا کۆیەش هەیە. بنەڕەتی ناوی هەیبە سوڵتان یان هەیبەت سوڵتان، "هیربەد سوڵتان"ە کە وا دیارە لە سەردەمی خۆیدا سوڵتان، ئاگرپارێزێکی بەناوبانگ و ڕەنگە هیربۆدی هیربۆدان بووبێ. وشەی هیربۆد لەسەر ناوی شوێنی دیکەی وەک ئارباباش هەست پێ دەکرێ. 

دەروازی کۆیە لەسەر بستووی هەیبەت سوڵتان



۱۰/۱۸/۱۴۰۲

ئینجا بە تۆ چی؟

 


من ئەگەر کافر و بێ دین و خرا بم؛ بە تۆ چی؟

‌من ئەگەر مەستم و سەرخۆشی شەرابم؛ بە تۆ چی؟

تۆ ئەگەر کوشتەیی سەردولکە و شینیی؛ بە من چی؟

‌من ئەگەر عاشقی سەنتوور و ڕوبابم؛ بە تۆ چی؟

تۆ ئەگەر نوقمی لە نوێژ و لە نزا، کێ دەڵێ بۆ؟!

‌من ئەگەر وەختی نوێژان لە خەوا بم؛ بە تۆ چی؟

تۆ کە کەوتوویەتە بەر ڕەحمەتی خوا، پیرۆز بێ!

‌‌من ئەگەر موستەحەقی دەرد و عەزابم؛ بە تۆ چی؟

گەرچی دنیا تراویلکەیەکە بە قەولی خۆتان!

حەز دەکەم من لەو تراویلکەیەدا بم؛ بە تۆ چی؟

‌‌‌تۆ لەبەر پاکژی بۆی ئارەقەت لێ دێ، چ قەیدی؟

من ئەگەر لە بۆی گوڵاندا خووسا بم؛ بە تۆ چی؟

تۆ ئەگەر چۆڕەوە خۆری شەرابیی بەهەشتی، بخۆ

من بادەپەرەستێکی شەرابی نابم، بە تۆ چی؟

تۆ ئەگەر حۆریی بەهەشتت گەرەکە، سا بتەوێ!

من ئەگەر لە ئامێزی یاریی خۆمدا بم؛ بە تۆ چی؟

تۆ لە ترسی قیامەت کە شادی ناکەی، مەیکە

من ناکەم حیسابی ڕۆژی حیسابم؛ بە تۆ چی؟


وەرگێڕدراوێکی نە زۆر باشی ئەو شیعرەی خوارەوەی سیمین بێهبەهانی‌یە: 

من اگر کافر و بی دین و خرابم؛ به تو چه؟

من اگر مست می و شرب و شرابم ؛ به توچه؟

تو اگر مستعد نوحه و آهی٬ چه به من؟

من اگر عاشق سنتور و ربابم ؛ به تو چه؟

تو اگر غرق نمازی٬چه کسی گفت چرا؟

من اگر وقت اذان غرقه به خوابم ؛ به تو چه؟

تو اگر لایق الطاف خدایی٬ خوش باش.

من اگر مستحق خشم و عتابم ؛به تو چه؟

دُنیا گر چه سراب است به گفتار شما

من به جِد طالب این کهنه سرابم ؛به تو چه؟

تو اگر بوی عرق میدهی از فرط خلوص!

و من ار رایحه ی مثل گلابم؛ به تو چه؟

من اگر ریش٬ سه تیغ کرده ام از بهر ادب .

و اگر مونس این ژیلت و آبم ؛ به تو چه؟

تو اگر جرعه خور باده کوثر هستی!

من اگر دُردکش باده ی نابم ؛ به تو چه؟

تو اگر طالب حوری بهشتی٬ خب باش!

من اگر طالب معشوق شبابم ؛ به تو چه؟

تو گر از ترس قیامت نکنی عیش عیان.

من اگر فارغ از روز حسابم ؛ به تو چه؟

بابەتی نوێ:

حیزب وەک سەنتەر، ستراتژیی حیزب وەک سەنتێز

سەردەمی ئێستا، سەردەمی بەئاگاهاتنەوەی هەرچی زیاتری نەتەوە بندەستەکانە. سەردەمی ‏هەوڵدانی بە کۆمەڵی کۆمەڵگا ژێردەستەکان بۆ سڕینەوەی سێبەری دا...