هەر لێکۆڵەر و مێژوونووسێکی کورد لە ڕەوتی نووسین و لێکۆڵینەوەی مێژووی گەلەکەیدا ناچارە لاپەڕەکانی کۆمەڵێک کتێبی مێژوویی نووسەرانی کەوناری ئێرانی وەک آثار الباقیە"ی ئەبووڕەیحانی بیروونی، صفوه الصفا"ی ئیبنی بەززاز، "عالم آرای عباسی"ی ئەسکەندەر بەگ، جامع التواریخ"ی ڕەشیدەدین فەزلوڵڵا و زۆری دیکە هەڵبداتەوە کە یان بە فارسی نووسراون یان بۆ سەر زمانی فارسی وەرگێڕدراون. زۆربەی جاریش ڕەنگە بیر لە کەمکاریی خۆی و نووسەران و وەرگێڕانی دیکەی کورد بکاتەوە کە بۆچی تا ئەو کاتە هیچکام لەوانەمان نەکردۆتە کوردی. ئاخر زۆربەی ئەو بەرهەمە کەونارانە، کەم و زۆر پێوەندییان بە دابونەریت، مێژوو و جوغرافیای کوردستانیشەوە هەیە. "نزههالقلوب"ی حەمدوڵڵای موستەوفی یەکێکی تر لەو کتێبە مێژووییانەیە کە لە ڕیزی ئەو بەرهەمانەی سەرەوەدا هەژمار دەکرێ.
نۆزهەتۆلقلوب بەنێوبانگترین کتێبی حەمدوڵڵا موستەوفییە کە لە نێوەڕاستەکانی سەدەی چواردەی زایینیدا نووسراوە. کتێبێک سەبارەت بە جوغرافیا، خەڵک، پیشە، ژیان، زمان و سەرەنجام ململانێی نێوان نەتەوە و هۆز و ئایینەکان لە سەردەمی ئیلخانانی مەغۆلدا. سەردەمێک کە تورکان تازە خەریک بوون لە ئێران و کوردستاندا ڕەگ دابکوتن و دیموگرافیی ناوچەکە بگۆڕن. بەشی سەرنجڕاکێشی نێوەرۆکی کتێبەکەش بۆ خوێنەری کورد بەشی ئازەربایجان و کوردستانی کتێبەکەیە ئەگەرچی وێناچێ نووسەر لە نووسینەوەی ئەمانەدا کەسێکی بەتەواوی بێلایەن بووبێ.
نۆزهەتۆلقلووب ئەگەرچی بۆ کورد نەنووسراوە بەڵام ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پێوەندیی بە کورد و مێژووی کوردیشەوە هەیە. بەو سەردەمانەوە کە هێشتا زۆربەی شارەکانی ئازەربایجان تورکیزە نەکرابوون. خوێنەر لە نۆزهەتۆلقلووبدا تا ڕادەیەک بۆی دەردەکەوێ کە لە سەردەمی نووسینەوەی کتێبەکەدا بۆ وێنە زمانی دانیشتووانی تەورێز چەندە کوردی و دابونەریتی خەڵکی مەراغە چەندە کوردستانی بووە.
بەو هۆیانەی سەرەوە دەبوو نۆزهەتۆلقلووب زۆر زووتر بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕدرابا تا خوێنەری کورد باشتر لە مێژووی گەلی خۆی بگا و نووسەر و لێکۆڵەری کورد وردتر ڕابردووی نەتەوەکەی خۆی وەرد بداتەوە. کارێک کە ئەگەرچی بە درەنگەوە بەڵام سەرەنجام کرا. قەرەبووی ئەم وەدرەنگی کەوتنەش ئەوەیە کە کارەکە لەلایەن نووسەر و وەرگێڕی بەتوانای ئەم سەردەمەی کورد مامۆستا سەلاحی ئاشتی ئەنجام دراوە. دەسەڵاتی وەرگێڕ بەسەر هەردوو زمانی فارسی و کوردیدا، توانایی بەرز و ئەزموون و شارەزایی زۆری مامۆستا لە زمان و ئەدەبی کوردیدا بە دڵنیاییەوە قورسایی زیاتری بەو وەرگێڕانە داوە.
ماوەتەوە بگوترێ کە دەزگای ڕۆشنبیریی جەماڵ عێرفان لە باشووری کوردستان لەدرێژەی تێکۆشان و خزمەتە بەرچاوەکانی بە فەرهەنگ و ئەدەبی کورددا ئەرکی چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەم بەرهەمەی بە ئەستۆ گرتووە کە جێی سپاس و پێزانینە.
لێرەوە دەستخۆشی و ماندوونەبوونی بە مامۆستا سەلاحی ئاشتی دەڵێم و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ دەخوازم. دڵنیام بەو کارەشی هێندەی دیکە کتێبخانەی کوردیی دەوڵەمەند کردووە.