۹/۱۰/۱۳۸۹

دوکتور زیا سەدرولئەشرافی: داوا لە دوو لایەنی حیزبی دێموکرات دەکەین لەگەڵ یەک بکەونە دیالۆگەوە

زیا سەدرولئەشرافیدوکتور زیا سەدرولئەشرافی کەسایەتیی ئازەربایجانی و وتەبێژی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ داوای لە هەر یەک لە عەبدوڵڵا حەسەن زادە و مستەفا هیجری کرد تا لە گەڵ یەک بکەونە دیالۆگ و کار بۆ یەکخستنەوەی ریزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان ئێران بکەن. وتیشی کە ئەو لە ناو ئازەری و کوردەکان دا بە باشترین دۆستی ئازەریی کوردەکان دەناسرێ و رابردوویەکی دێرینەی لە ئاشنایەتی لە گەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان ، بە تایبەت ئاشنایەتی لە گەڵ دوکتور عەبدوڕەحمان قاسملوو و عەبدوڵڵا حەسەن زادە هەیە.

لە رۆژانی ١٨، ١٩ و ٢٠ی نوڤامبر کۆنفرانسێک بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتی و لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران کە نوێنەرانی حیزب و لایەنەکانی سەر بە نەتەوە جۆراوجۆرەکانی ئەو وڵاتەی لە خۆ گرتبوو، لە شاری هێلسینکی پێتەختی وڵاتی فینلەند پێک هات. ئەو کۆنفرانسە تایبەت بوو بە تاوتوێ کردنی پرسی فیدرالیزم و دێسانترالیزە کردنی دەسەڵات لە ئێرانی داهاتوو کە تێیدا هەریەک لە رەزا کەعبی لە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، کاوە ئاهەنگەری لە حیزبی دێموکراتی کوردستان، مەجید حەقی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، حەسەن شەمسی لە کۆمەڵە - رێکخراوی کوردستانیی حیزبی کومونیستی ئێران و دوکتور گوڵمراد مرادی لە بزوتنەوەی دێموکراتیکی یارسان بەشدار بوون و هەرکام روانگەی حیزبەکەی خۆیان لەم بارەوە خستە روو. لە کوردەکانی دیکەش رەئوف کەعبی نوێنەرایەتی ئیتحادی فیداییانی خەڵکی ئێرانی دەکرد و هەروەها دوکتور محمد عەلی تۆفیقی وەک رۆژنامەنووس راستەوخۆ بەشداری کۆنفرانس بوو و باسێکی لە سەر فیدرالیزم پێشکەش کرد. لە دووریشەوە و لە رێگای سکایپ، دوکتور ئاسۆی حەسەن زادە مامۆستای زانستگای فەرانسەوی - لوبنانیی هەولێر و شەهابەدین شێخی رۆژنامەنووس لە وڵاتی ئاڵمانەوە، بەشدار بوون و قسەیان کرد. 


لە رۆژی دووهەم و بە پێی بەرنامەی کاری کۆنفرانس، نوێنەرانی هەر یەک لە حدکا و حدک - بە ئانقەست یان بە هەڵکەوت - لە پانێلێکی هاوبەش و لە تەنیشت یەک بەشدار بوون و باسەکەیان پێشکەش کرد. ئەوەش خۆشحاڵی و تەشویقی سەرجەم ئامادەبوانی لێکەوتەوە و دوکتور حسین لاجوێردی، وەک رێکخەری سەرەکیی کۆنفرانسەکە ئەوەی بە یەکێک لە دەسکەوتەکانی کۆنفرانس وەسف کرد.


ئەوەی لەم کۆنفرانسەدا هەستی پێ دەکرا، هەوڵی زۆری دوکتور لاجوێردی بوو بۆ راکێشانی سەرنجی زیاتری لایەنەکان بۆ پێشوازی و پەیوەست بوون بە کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ کە ماوەی حەوت ساڵ بەسەر دامەزرانی دا تێپەڕیوە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە لە ناو کوردەکان دا هەست دەکرێ کۆنگرە لە ژێر هێژێمۆنیی لایەنێکی ناو کۆنگرە، بەرگری دەکا لە پەیوەست بوونی لایەنەکانی زیاتری رۆژهەڵاتی کوردستان. ئەگەرچی پێشتر لەو بارەوە قسەم لە گەڵ دوکتور زیا سەدرولئەشرافی کردبوو و ئەو رەخنەیەم رووبەروو کردبۆوە، بەڵام دەرفەتێکی زۆر کەمم دەسکەوت تا لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانی دا ئەو پرسیارەی بەرەوروو بکەمەوە. 


وتەبێژی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ هەرچەند وتی کە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان داوای بەئەندامبوونیان نەکردووە بەڵام نکۆڵی لەوە نەکرد کە کێشەی حدکا لە گەڵ حدک بەربەستی وەرگرتنی حدک بووە بۆ ئەندامەتی لەو پێکهاتەیەدا. لەم بارەوە وتی کە ئەوان کار بۆ یەکخستنەوەی ریزەکانی حیزبی دێموکرات دەکەن. 


دوکتور زیا سەدرولئەشرافی پێشینەی ئاشنایەتی خۆی لەگەڵ حیزبی دێموکرات بۆ ئەو کاتە دەگەڕێنێتەوە کە دوکتور قاسملوو رێبەریی ئەو حیزبەی بە دەست بوو و دەڵێ: "ئەو کات بە هۆی ئیرەج ئەسکەندەری و لە رێگای عەبدوڵڵا قادری ئازەرەوە لە گەڵ دوکتور قاسملوو ئاشنا بووم. لە رێورەسمی ناشتنی شەهید دوکتور شەرەفکەندی دا بەشدار بووم و دواتر کە کاک حەسەن زادە سکرتێری حیزب بوو، چووم لە گەڵی دانیشتم و لە بابەت پێوەندیی نێوان کوردەکان و ئازەربایجانییەکان لە ناوچەکانی ئازەربایجانی رۆژئاوا و ناوچەکانی تر قسەم کرد." 
سەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ نایشارێتەوە کە ئەو "ئاشنایەتی لەگەڵ کاک حەسەن زادە زیاتر تا کاک هیجری" بەڵام دەڵێ کە "ئارەزووی من ئەوەیە یەکێتی ئەو دوو باڵەی حیزبی دێموکرات وەدی بێ، چونکە ناکۆکی سیاسی دەبێ ببێتە هۆی گەشە کردنی جەریانێکی سیاسی و نابێ بخرێتە قۆناخێکەوە کە لاوازیی ئەو جەریانەی لێ بکەوێتەوە و دێموکراسی یانی توانایی تەحەمولی بیرورای جیاواز." لەم بارەوە وتەی خانمە وەزیرێکی فەرانسەوی لە سەردەمی دەسەڵاتی ژیسکار دێستەنی گێرایەوە لەو کاتەدا کە فرانسوا میتران، یاسر عەرەفاتی بانگهێشت کردبوو؛ "پرسیاریان لێ کرد کە بیروبۆچوونت لەو بارەوە چیە و لە وڵامدا کوتی بە رای من ئیسرائیل دەبێ لە گەڵ یاسر عەرەفات بکەوێتە وتووێژەوە. وتیان ئاخر موخالفی یەکترن، لە وڵام دا وتی ئینسان لەگەڵ موخالفی خۆی وتوێژ دەکا نەک لە گەڵ هاو نەزەرەکەی."

دوکتور سەدرولئەشرافی کە وەک خۆی دەڵێ هەم لە ناو تورکە ئازەریەکان دا و هەم لە ناو کوردەکان دا بە باشترین دۆستی ئازەریی کوردەکان ناسراوە، دەڵێ: لەو محەبەتەی ئەو ئازیزانە کەڵک وەردەگرم و وەک بەرپرس و وتەبێژی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ داوا دەکەم دوو لایەن لەگەڵ یەک دابنیشن و ئەوەی لە دەستی منیش بێ لەم بارەوە تەنەخی ناکەم، ئاکامەکەشی پێوەندی بە خۆیانەوە هەیە.


لە بابەت ئەوە کە ئاخۆ ئەوان بەرنامەیەکیشیان هەیە بۆ پێکهێنانی دیالۆگ و نیزیک کردنەوەی ئەو دوو لایەنەی حیزبی دێموکرات، سەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ ئاشکرای دەکا کە ئەوان "لە کۆنگرەدا خەریکن پەیماننامەیەک بێننە بەرباس کە ئەو نەتەوانە هەر جۆرە ناکۆکیەکیان لەگەڵ یەک هەبێ، دەبێ بە شێوەی هێمنانە و ئاشتیخوازانە چارەسەری بکەن و سروشتی‌یە کە ئەوە ئەندامانی جیاوازی ناو هەر کام لەو نەتەوانەش دەگرێتەوە و راست بەو هۆیەیە کە من داوا لە کاک حەسەن زادە و کاک هیجری دەکەم کە حەتمەن قسەکانم دەبیسنەوە، هەر وا بکەن و ئەوە بە قازانجی نەتەوەی کوردە."

تاهیر قاسمی ئەو راپۆرتەی ئامادە کردووە
سه‌رچاوه‌: رۆژهه‌ڵات‌تایمز

بابەتی نوێ:

حیزب وەک سەنتەر، ستراتژیی حیزب وەک سەنتێز

سەردەمی ئێستا، سەردەمی بەئاگاهاتنەوەی هەرچی زیاتری نەتەوە بندەستەکانە. سەردەمی ‏هەوڵدانی بە کۆمەڵی کۆمەڵگا ژێردەستەکان بۆ سڕینەوەی سێبەری دا...