۶/۰۸/۱۳۹۶

نیگەرانیەکانی ئێران لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی باشووری کوردستان


بە دوای دیاریکرانی رۆژی ٢٥ی سێپتامبر (٣ی رەزبەر) بۆ رۆژی بەڕێوەبردنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە لایەن سەرکردایەتیی کورد لە باشووری کوردستان، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئاستی هەرە سەرەوەی هێرەمی دەسەڵاتەوە تا کاربەدەستانی خوارەوەی دەسەڵات، لە فەرماندە سەربازیەکانەوە تا رۆژنامەنووسان و لە وتەبێژی فەرمیی دەوڵەتەوە تا کۆنسولی ئێران لە عێراق، دژ بەم ریفراندۆمە هەڵوێستیان گرتوەو هەڕەشەیان نواندوە. ئەو ئاستە لە دژایەتیی ئێران بۆ سەربەخۆیی بەشێک لە نەتەوەی کورد کە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەو وڵاتە دەژی، بە سەرنجدان بە سیاسەتی خۆ بە دایەن نیشاندانی ئەم دەسەڵاتە لە حاند کوردانی دەرەوەی جوغرافیای ئێران، رەنگە بۆ بەشێک لە کوردستانیانی دەرەوەی رۆژهەڵاتی کوردستان جێگای پرسیار و سەرسوڕمان بێ. ئەم بابەتە هەوڵ دەدا هۆکارەکان یان بەشێک لە هۆکارەکانی ئەو دژایەتیە لەو چەند خاڵەی خوارەوەدا تاوتوێ بکا:

١-    بێ باوەڕی بە دەنگی خەڵک:

کۆماری ئیسلامی لە بنەڕەتدا دەسەڵاتێکی دێموکراتیک نییە تا باوەڕی بە دەنگی خەڵک بۆ چارەسەری کێشەکان لەوانە مافی دیاریکردنی مافی چارەنووسی گەلان هەبێ. ئەویش دەنگی نەتەوەیەکی بندەستی وەک کورد کە بەشێکی بەرچاوی ئەم نەتەوەیە کە لە ژێردەسەڵاتی خۆی دا لە کەمترین ماف بێبەشە. ناتەبایی و نەبانیی ئەم رێژیمە لە گەڵ دەنگی خەڵک کە بنەمای دێموکراسییە، پێمان دەڵێ چاوەڕوانی لە وەها دەسەڵاتێک کە بڕوای بە مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلان هەبێ و رێز لە دەنگی نەتەوەیەک بگرێ، لە بنەڕەت دا چاوەڕوانیەکی لە جێ دا نییە.

٢-    دیدی ئەمنیەتی لە سەر کورد؛ 

کۆماری ئیسلامی و دەسەڵاتی پێشتریش لە ئێران، هەمیشە لە دەلاقەی ئەمنیەتیەوە چاوی لە کورد و لە پرسی کوردستان کردوە. ئەگەرچی ئێمە لە رۆژهەڵات زیاتر باسمان لە بوونی ئەو روانینە ئەمنیەتیە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان و بۆ کوردی رۆژهەڵات کردوە بەڵام لە راستی دا ئەم جۆرە روانینە بۆ هەموو بەشەکانی کوردستان و هەموو لایەنە کوردستانیەکان لە هەر بەشێکی کوردستان دا پێڕەو دەکرێ. بۆ وێنە سەرەڕای حکومەت و پارلمانی هەڵبژێردراوی خەڵک لە باشووری کوردستان، تا ئێستاش ئەوە بەرپرسانی ئەمنی و ئیتلاعاتیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن کە پێشوازی لە بەرپرسانی حوکمی و حیزبیی باشووری کوردستان دەکەن یان زۆربەی ئەندامانی وەفدەکانی کۆماری ئیسلامی لە سەردان بۆ باشووری کوردستان پێکدێنن. بە کورتی کەیسی باشووری کوردستان لای کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتاوە کەیسێکی ئەمنیەتیەو پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی باشووری کوردستانیش لەم روانگە ئەمنیەتیەوە وەک هەڕەشە بۆ سەر ئەمنیەتی ئەم دەسەڵات و وڵاتە سەیری دەکرێ.

٣-    خۆ بە قەییومی کورد زانین:

سەرەڕای سەرکوتی بەردەوامی رۆژهەڵاتی کوردستان، کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام خۆی وەک قەییوم و گەورەی لایەنە سیاسیەکانی باشوور نیشان داوە. هەوڵی داوە وا نیشان بدا کە کورد ناتوانێ لە سەر پێی خۆی راوەستێ و پێویستە وڵاتێک دەستی بگرێ و ئاگای لێی بێ و ئەمر و نەهی پێ بکا. نەک هەر لە چارەگە سەدەی رابردووی دوای رزگاریی باشووری کوردستان بەڵکو ئەو کاتەش کە لایەنەکانی دەسەڵاتداری باشوور لە شاخ و لە سەنگەری دژ بە داگیرکەری بەعس دا بوون، ئێران هەوڵی داوە خۆی وەک قەییومی ئەوان و، ئەوان بە بێ کۆماری ئیسلامی، بە بێ هێز لە خەبات و لە بەڕێوەبردنی وڵات نیشان بدا. دوا نمونەی زەقی ئەو سیاسەتە لە هێرشی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان بوو کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە دەیان جار گوتویانە و گوتویانەتەوە کە ئەوە ئێران بوو نەیهێشت داعش هەولێر داگیر بکا. ئێستاش کە کورد لە باشوور بە دوور لە ئیرادە و دەسەڵاتی ئێران بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو دەنێ، دەتوانێ خاڵی کۆتایی ئەو ئیدیعای خۆ بە قەییوم زانین بۆ کورد و کورد بە ناکامڵ نیشاندانە بێ کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام مانۆڕی لە سەر دەدا.  

٤-    ململانێ لە گەڵ عەرەبستان:

باشووری کوردستان لە کاتێک دا بەرەو ریفراندۆم و سەربەخۆیی دەچێ کە نێوانی ئێران و عەرەبستان لەوپەڕی خراپی دایە. لە کاتێک دا کە ئەمریکاییەکان بە ئاشکرا رایانگەیاندوە کە رێز بۆ دەنگی خەڵکی باشووری کوردستان دادەنێن بەڵام ئێستا بە کاتێکی گونجاو بۆ سەربەخۆیی نازانن، کۆماری ئیسلامی ریفراندۆمی باشوور وەک پیلانی عەرەبستانی سعوودی سەیر دەکا. ئێران هاوکات پێی وایە عەرەبستان بە هاندانی کوردەکان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمی بەرەو سەربەخۆیی، رێگا بۆ سوننەکانی عێراق خۆش دەکا کە هەمان رێچکە بگرنە بەر.
٥-    نیگەرانی هەڵوەشانەوەی عێراق:
وەک لە خاڵی سەرەوەدا وترا، ئێران لەوە نیگەرانە کە دوای کوردەکان، سوننەکانیش دەست بۆ هەمان کار ببەن. ئەمەش بۆ دەسەڵاتێک کە لە سەر بنەمای چەوساندنەوەی نەتەوەکان و ململانێی ئایینی و باڵادەست کردنی ئایینزای شیعە بە سەر ئایین و ئایینزاکانی دیکەدا، دامەزراوە، شکستێکی گەورەیە. ئێران وەک بەهێزترین و گەورەترین دەسەڵاتی شیعە لە جیهان دا، خۆی بە قەییوم و دایەنی زۆرینەی شیعەی دەسەڵات بە دەست لە عێراق و لەم سۆنگەیەوە زامنی پاراستنی یەکپارچەیی ئەو وڵاتە دەزانێ. بەشی زۆری دەسەڵات بەدەستان و سیاسەتوانانی شیعە لە عێراق دەستپەروەردەی کۆماری ئیسلامی و دەزگا ئیتلاعاتی و سەربازیەکانی ئەو وڵاتەن و کۆماری ئیسلامی بۆ دەستداگرتن بە سەر عێراق، تێچووی زۆری داوە. بۆ کۆماری ئیسلامی، عێراق گرینگترین ئاڵقەی سیاسەتی هەناردە کردنی ئینقلابەو هەڵوەشانەوەی عێراق، شکستی ستراتژیی هیلالی شیعەیە کە عێراقی ئێستا بنەمای سەرگرتنی ئەم ستراتژیەیە.

٦-    تابۆی جیرانەتی لە گەڵ دۆستێکی ئیسرائیل و ئەمریکا:

کۆماری ئیسلامی کە هەر لە سەرەتاوە خۆی لە سەر بنەمای دژایەتی لە گەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل پێناسە کردوە، بە سەرنجدان بە پێوەندیی نێوان حکومەتی هەرێم لە گەڵ ئەم دوو وڵاتە، نیگەرانە کە بە سەربەخۆیی باشووری کوردستان ئەم دوو وڵاتە لە رێگای وڵاتی کوردستانی دۆستیانەوە، دەتوانن لە سەر "سنوورەکانی رۆژئاوای" قوت ببنەوە. بە سەرنجدان بە هەڕەشەکانی دەوڵەتەکەی ترامپ لە ئێران کە سێنا و کۆنگرێسیش لەم بارەوە لە گەڵی هاودەنگە، نیگەرانی لەو 'جیرانەتیە ناموبارەکە' بۆ ئێران، زیاتر خۆی نیشان دەدا.

٧-    هەڕەشە لە سنوورەکانی رۆژئاواوە:

لە سەد ساڵی رابردوو و بگرە دوورتریش دا، ئێران ئەوەندەی لە سنوورەکانی رۆژئاوایەوە کەوتۆتە بەر هەڕەشەو هێرش و ئەوەندەی سنوورەکانی رۆژئاوا لە سەر گۆڕینی نەخشەی سیاسیی ئەو وڵاتە دەوری هەبووە، سنوورەکانی دیکە نەیانبووە. رۆژنامەی کەیهان لە ژمارەی رۆژی ٢٧ی پووشپەڕی خۆی دا ئەوەی بە ئاشکرا راگەیاند کە بەرپرسانی ئێران دوا جار بەو ئاکامە گەیشتنەوە کە خاڵی هەڕەشە لە سەر ئەو وڵاتە هەر وا سنوورەکانی باکووری رۆژئاوایە. لەدایکبوونی کوردستانی سەربەخۆ لە جیرانەتیی رۆژهەڵاتی کوردستان و رۆژئاوای ئێران، زەنگێکی مەترسیدارە بۆ دەسەڵاتێک کە لە سەد ساڵی رابردوودا بەردەوام لە رۆژئاواوە پێوەی دراوە. 

٨-    کاڵتربوونەوەی چەمکە درۆیینەکانی قەومی کوردو میللەتی ئێران؛
چەمکی "میللەتی ئێران" لە سەر بنەمای سڕینەوەی نەتەوەکان ڕۆنراوە. بە پێی ئەم پێناسەیە، لە کۆی چەندان 'قەومی' کورد، لوڕ، ئازەری، بلوچ و.. 'میللەتی ئێران' پێکهاتوە. لەم بارەوە بە تایبەت لە سەر قەومیەت‌و رەسەنایەتیی کورد وەک 'کۆنترین قەومی ئێرانی' مانۆڕی زۆر دراوە. بە لەدایکبوونی دەوڵەتی کوردستان و جێگرتنی نوێنەری نەتەوەی کورد لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەموو ئەو فڕ و فیشاڵانەی بە درێژایی سەدەی رابردوو بۆ سەلماندنی "میللەتی ئێران" و "قەومیەتی کورد" لەو وڵاتە ئەنجام دراوە، دەبێ بە بڵقی سەر ئاو.


٩-    کورسیی کورد لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان:

بوونی نوێنەری کورد لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و لە کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکانی دیکە، بە سەرنجدان بە ئاستی بەرزی هاوپێوەندیی نەتەوەیی لە نێوان کوردەکان بە تایبەت کوردی باشوور و رۆژهەڵات، زەنگێکی مەترسیدارە بۆ وڵاتانی داگیرکەری کورد و لە سەرووی هەموان کۆماری ئیسلامیی ئێران کە چیدی نەتوانی بە بێدەنگی کوشتار و برۆی کوردانی ژێردەستی خۆی درێژە پێ بدا و مافەکانیان پێشێل بکا. وڵاتێک کە لە سەر بنەمای بە بێگار گرتنی چەندان نەتەوەی دیکە پێکهاتووە. ئەم بێ ماف کردنەی نەتەوەکانی دیکە وای لێ کردوە کە بەردەوام خەون بە هەڵوەشانەوەی خۆیەوە ببینێ. 

۶/۰۲/۱۳۹۶

بیرەوەری و یادێک لە شەهید عەلی قۆیتاسی


شەوێک لە سەر باسکی بەسری دانیشتبووین و چاومان لە ناو شاری مەهاباد و چراخانی شار دەکرد. هێشتا سەری شەو بوو و شەقامەکان بە تەواوی لە جووڵە نەکەوتبوون. چراکان لە گەڵمان چاوبڕکێیان دەکرد. گەڕەک و شەقامەکانمان بۆ یەکتر دەناسیەوەو پێشانی یەکترمان دەدا. گەورە ببۆوە. زانستگای لێ دامەزرابوو و شەقامی گەورەتری پێدا ڕاکێشرابوو. ئەوانەی زووتر بە جێیان هێشتبوو، چاکیان نەدەناسیەوە. عەلی لەوانە بوو کە زووتر بە جێی هێشتبوو. رەنگە لە هەموومان زیاتر بۆ دیداری ئەو شارە خۆشەویستە بە تاسە بوو. لە کاتێک دا ئێمە نوقمی تەماشا بووین، ئەو بە دەم هەناسەیەکی قووڵەوە گوتی: ئەرێ بڵێی ئێمە لە هەموو خەڵکی ئەو شارە ئاقڵتر بین وا وە کێوان کەوتووین؟!

هێندێک لە کوڕەکان پێکەنین. بەشێکیان بێدەنگ بوون. رەنگە وەک من کە لەو کاتەوە هەتا ئیستا، بە سەدان و رەنگە هەزاران جار ئەو یادەو ئەم قسەیە لە مێشکم دا هاتووەو چووەو قەت وڵامێکم بۆ نەدۆزیەوە کە لانیکەم خۆم قەناعەتی پێ بکەم. 



دەرەنجامی نەدۆزینەوەی وڵام بۆ ئەو پرسیارە ئەوە بوو کە دوای ئەوەی حیزب لە سەر کێوان دایپەڕاندین، رووم لە شاریش نەکردەوە. چارەنووس هێنامی لە فینلاند، لەو سەری دنیا بە عەرزێی دادام. بەڵام دڵم هەر لەو شارە و هەر وا بەو کێوانەوەیە. 


زۆربەی هاوڕێکانی ئەو شەوە چارەنووسی نیزیک لە منیان هەبوو بەڵام عەلی سەرەڕای خوڵقاندنی ئەم پرسیارە کە خوا دەزانێ لە کەنگێوە لە مێشکی دا دەهات و دەچوو و ئەو شەوە دەریبڕی، بە هیوای دیداری بە ئازادیی شارەکەی، مایەوە. مخابن، دەستی رەشی داگیرکەر مەودای نەدا و لە شەوی یەلدای ٢٠١٦، تێکەڵ بە کاروانی سووری هاوڕێیانی شەهیدی بوو.
رۆحت شاد عەلی گیان

۵/۲۹/۱۳۹۶

رێسای واو و جووت واو لە زمانی کوردی دا


  کاک عەلی فەتحی، نووسەر و وەرگێڕ و، دۆست و هاوڕێی ئازیزم، سەبارەت بە کێشەی تەک واو (و) و جووت واو (وو) لە زمانی کوردی دا پرسیاری لێ کردووم کە بەو جۆرەی خوارەوە وڵامم دایەوە. هیوادارم ئەم وڵامە یارمەتی بە رێسامەند کردنی چۆنیەتیی بە کار بردنی ئەم دوو بزوێنە لە نووسین دا بکا:




 واو و جووت واو لە زمانی کوردی دا

کاک عەلی ئازیز و خۆشەویستم
 سڵاو!
دوای پێشنیارەکەی جەنابت سەبارەت بە نووسینەوەی کێشەی "و" و "وو" یان "تەک واو" و "جووت واو" لە زمانی کوردی دا، زۆرم بیر لێ کردەوە کە ئاخۆ چی لە سەر بنووسم و چ بکەم کە قسەتم نەشکاندبێ. باسەکە ئەوەندە ئاڵۆزەو زمانەکەمان ئەوەندە خزمەت نەکراو و لە گۆترە نووسراوە کە بۆ کەسی وەک من کڵۆڵ زۆر ئاستەمە بتوانم سەرەدەر لەم هەموو ئاڵۆزیە دەرکەم. بەو حاڵەش بۆ ئەوەی لە حاند ئەو هەموو ماندوو بوونەی جەنابت بۆ خزمەت بەم زمانە شیرینە و دەوڵەمەند کردنی کتێبخانەی ئەم نەتەوە هەژارە، شتێکم کردبێ و بێ قسەییم نەکردبی، ئەو چەند لاپەڕەیە رەش دەکەمەوە. هیوامە جەنابت پێی رازی بی.

سەبارەت بەم باسی تەک واو و جووت واوە بۆخۆشم لە نووسین دا زۆر جار تووشی ئەو ئاڵۆزی و سەرلێشێوانە هاتووم. کێشەکە لەوەڕا سەرچاوە دەگرێ کە دەڵێین زمانی کوردی بەو جۆرە دەنووسرێ کە دەگوترێ. چۆنیەتیی گوتنی وشەیەکیش زۆر جار لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوازە. تەنانەت رەنگە گۆ کردنی وشەیەک بە دوو واو یان بە یەک واو، بۆ یەک کەسیش لە دوو کاتی جیاواز دا وەک یەک نەبێ و بگۆڕێ. ئەمن بۆخۆم ئاوام لێ بەسەر هاتووە. رەنگە کابرای نووسەری لاپەڕە جێی گلەییەکەی جەنابیشت هەر وای لێ بە سەر هاتبێ بۆیە لە پێنج جار نووسینی وشەی جووت، دوانی بە یەک واو نووسیوە و سیانی بە دوان. ترۆپکی ئەو کێشەیە لە چۆنیەتی گۆ کردنی ئەو وشانەدا خۆ دەردەخا کە مرۆڤ دڵنیا نییە ئاخۆ بە یەک واو دەگوترێ و دەنووسرێ یان بە دوو واو لە کاتێک دا بە هەردوو شێوە دەتوانێ بیانڵێ و ماناش تێکناچێ. ئەمە هەمان نەبوونی یاسا و رێسای نووسین و نەبوونی رێنووسێکی یەکگرتوویە.

 باسی تەک واو و جووت واو هەتا ئێستا زۆری لە سەر گوتراوە و نووسراوە. زۆر جار ئەو نووسین و گوتنانەم بە تامەزرۆییەوە تاقیب کردوون کە پێم وا بووە لەم بارەوە قسەیان بۆ گوتن پێیە. بەڵام زۆربەی ئەوانەی ئەمن لێم بیستوون و لێم خوێندوونەوە، لە باسێکی دووپاتە سەبارەت بەم بابەتە تێنەپەڕیون و نەیانتوانیوە رێسایەک بۆ نووسین و نەنووسینی ئەم پیتە لە زمانی کوردی دا بدۆزنەوە و کۆتایی بە کێشەی واوان بێنن. شەڕی تەک واو و جووت واو زۆر جار مەلا عەوڵای گوندەکەی خۆمانم وەبیر دەخاتەوە. مەلا سەوادێکی وای نەبوو بەڵام هەر ئەوە کە ماوەیەک هاموشۆی فەقێیانی کردبوو، توانیبووی تا رادەیەک پیتەکان بناسێ و جار و بار هێندێک وشەی قورئانیشی پێ بخوێنێتەوە. بە بیستن لە زاری مەلا و مامۆستای ئاواییش شتێک فێر ببوو. پێچێکی ئاماڵ سپیی نیزیک لە مەندیلی مەلایانی لە سەر نابوو و خەڵکیش پێیاندەگوت مەلا عەوڵا. مەلا ئەگەرچی لە سەواد دا کڵۆڵ بوو بەڵام ئۆگریەکی سەیری بە خوێندنەوە هەبوو. هاوپاڵەکانی لێیان دەگێڕایەوە کە نەخوازەڵا کوتە قاقەزێک بە دەم باوە هاتبا، مەلا خێرا داس‌و دروێنەی بۆ بە جێ دەهێشت و بە دوای قاقەزدا هەڵوەدا دەبوو تا دەیگرتەوە. لە نیزیک بەری دروێنە پاڵی وە باقەیەک دەداو سەری دەخستە سەر قاقەزی گۆرین و لە بەرە خۆیەوە دەیخوێندەوە: "ئەوە مەحموودەو واویشی نییە!" تۆمەز تووشی وشەی محەممەد ببوو!

جووت واوی ئێمە هێشتا لە سەر ئەوە کە ئاخۆ پیتێکی تەواوە یان نا، قسەی لە سەرە کەچی بە دوو بزوێنان دەنووسرێ. لەو لاوەش هەر کەس بە هەوای گوتنی خۆی و بە ئیشتیای خۆی، وشەی واودار، بە واوێک یان بە دوو واو دەنووسێ و لە هیچیشیان دڵنیا نییە. کەسانێکیش لە گەڵ خۆیان ساخ بوونەتەوە کە هەر نەینووسن و پێیان شتێکی زیادەیە. بە گشتی هەتا ئێستا چ یاسا و رێسایەکی ئەوتۆمان بۆ نووسین و نەنووسینی جووت واو نییە یان لانیکەم ئەمن نەمدیوە. ئەوەی هەیە زیاتر مەنعی نووسینی جووت واو لە سەرەتای وشەو مەباح بوونی لە نێوەراست و کۆتایی وشە دایە. رەنگە ئەمنیش لەم نووسینەدا نەمتوانیبێ ئەم کێشەیە یەکلایی بکەمەوە بەڵام هیوادارم شتێکی زیاترم هاویشتبێتە سەر ئەو زانیاریانەی تا ئیستا سەبارەت بەو بزوێنە نووسراون و گوتراون و بۆچوونەکانم لە دامەزرانی رێسایەک بۆ جیاکردنەوەی "و" و "وو" یاریدەدەر بن. 


واو لە زمانی کوردی دا
لە زمانی کوردی دا سەرجەم چوار جۆرە واومان هەیە. دەشزانین کە بار کردنی چوار دەنگ لە سەر شانی هێمایەک، چەندە قورسە و هەر ئەوەش بەشێک لە هۆکاری ئەو ئاڵۆزیەیە کە سەبارەت بەم بزوێن یان پیتە لە ئارا دایە. ئەمن ئەگەرچی لەم بارەوە کۆنەپارێزم و درێژەدان بە بەکار بردنی ئەم ئەلفوبێی ئارامیە بۆ زمانی کوردی و بۆ نووسینی کوردی بە دڵخواز و لە دەستان خۆشتر دەزانم بەڵام کێشەی واو و ئەو هەموو دەنگە زۆرەی لە سەر شانی ئەم پیتە سەر زل و مل باریکە بار کراوە، پێمان دەڵێ کە ئەلفوبێی ئارامی بۆ نووسین بە زمانی کوردی زۆر کامڵ و پڕ بە پێست نییە.
ئەمن چوار جۆرە واوەکە لە زمانی کوردی دا بەو شێوەیەی خوارەوە لێک جیا دەکەمەوە: 

یەکەم: "ئۆ" یان "ۆ" کە لە گەڵ Oی لاتین بەرابەر و هاوسەنگە. لە زمانی کوردیش دا درووستەکەی ئەوەیە کە بە ناوی "ئۆ" بیناسین. وەک چۆن لە سەرەتای وشەدا بە هەمان شێوەی "ئۆ" دەنووسرێ: ئۆخژن (Oxjin)، ئۆقرە (Oqire) ، ئۆگر (Ogir) ، ئۆباڵ (Obal)، ئۆخەی (Oxey) . "ئۆ" بە هۆی هێمای سەر شانی، بزوێنێکی جیاواز لە واو و جووت واوی بەر باسی ئێمەیەو بابەتی سەرەکیی ئەم باسە نییە.


دووهەم: "وی" یان "و" کە لە سەرەتا، نێوەڕاست‌و کۆتایی وشە بە هەمان شێوەی "و" خۆ دەردەخاو لە گەڵ Wی لاتین هاوسانە. ئەم واوە، واوی کۆنسۆنانت یان صامت‌و بێدەنگە. هەر بۆیە هەمیشە لە گەڵ بزوێن یا پیتێکی دەنگدار لە پێش یا لە دوا یان لە هەر دوو بەر، لە وشەدا خۆ دەنوێنێ: ورچ (Wirch)، ئاوایی (Awayi)، وانێک (Wanek) ، هەتاو (Hetaw)، کەو (Kew)
ئەم واوە چونکە هێندێک جار سنووری دەگاتە سەر واو و جووت واوی بەر باسی ئێمە بەڵام جیاوازە، سێ تێبینی هەڵدەگرێ: 
 تێبینی ١: ئەم پیتە لە زاراوەی کرمانجی دا زۆر جار دەبێ بە "ڤ V". دەشزانین "ڤ" کۆنسۆنانت یان بێدەنگە: ئاوایی – ئاڤاهی، تاو – تاڤ، ئاو – ئاڤ، هەواڵ - هەڤاڵ
تێبینی ٢: بە دوای "و" لە سەرەتای وشەدا، ئەگەر بزوێن نەبێ ئەوە بزرۆکە هەیەو بزرۆکەش کاری بزوێن یا پیتی دەنگدار بۆ ئەم واوە بێدەنگە ئەنجام دەدا. جا بۆیە نابێ واوی سەرەتای وشە بە بزوێن بناسین و کێشەی تاک واو و جووت واوی بۆ ساز بکەین: وشه‌ Wişe، ورچ Wirç، ون Win
تێبینی ٣: واوی پێوەندی یان عەتف سەر بەم واوە بێدەنگەیە. چ بە جیا بنووسرێ و چ بکەوێتە نێو دوو وشەی لێکدراوەوە، خدەی کۆنسۆنانتیی خۆی دەپارێزێ و وا درووستە بە یەک واو بنووسرێ: هاموشۆ،  هاتن‌و چوون، خواردن و نووستن


 سێهەم: "ئو" یان "و" کە لە گەڵ U (ئو)ی لاتین (نەک یوی ئینگلیزی) هاوسانە. ئەم پیتە ئەگەرچی لە سەرەتای وشە کوردیە رەسەنەکان دا کەم و دەگمەنە بەڵام ئەگەر بۆ نووسینی وشە بێگانەکانیش بێ، بە شێوەی "ئو" خۆی دەردەخا و هەر بەم شێوەیەش دەبێ بنووسرێ: ئورمیە (Urmiye)، ئوتوومبیل (Utûmbil) ، ئوردوو (Urdû).


 چوارەم: "وو". ئەگەر "وو" وەک پیتێکی سەربەخۆ بناسین، ئەوە پیت یان بزوێنێکی تایبەت بە فۆنەتیکی زمانی کوردیەو هاوشێوەی لە ناو زمانە دەستەخوشکەکانی ئەم زمانە دا دەگمەنە. ئەم بزوێنە چونکە لە سەر واتای وشە شوێنی ئەوتۆ دانانێ، بە تەواوی سەربەخۆ نییە لەو واوەی کە لە خاڵی سێهەم دا قسەی لێ کرا. لە راستی دا دەکرێ وەک شێوەیەک لە بزوێنی "ئو" حیسابی لە سەر بکەین. لە ڕێنووسی لاتینیی زمانی کوردی دا نیشانەی Ûی بۆ داندراوە. بە بڕوای من ئەگەر لە ئەلفوبێی رێنووسە ئارامیەکەش دا شتێکی ئاوا لە سەر "و" داندرابا، بۆ وێنە بە شێوەی واوی کڵاودار نووسرابا یان درێژە بەو پێشنیارەی کۆڕی زانیاریی کورد درابا کە هێڵێکی بە سەر دا دەکێشا، لەوە باشتر بوو کە بە دوو واو بنووسرێ. چۆنکە "وو" وەک دوو هێما خۆی نیشان دەدا. دانانی دوو هێماش بۆ یەک دەنگ کە ئەویش قسەی لە سەرە، زۆر شیاو نییە و ئەمن بە درووستی نازانم. وەک چۆن لە گوتنیش دا ئەوەی دەگوترێ، واوێکی درێژە نەک دوو واوی بە دوای یەک دا. بە واتایەکی دیکە شێوەی گۆتنی "وو" لە وشەی کوردی دا، جیاوازە لە گەڵ ئەوەی بۆ وێنە لە وشەی ئینگلیسیی (Door) لە جۆری گۆ کردنی O دەگوترێ و بەر گوێ دەکەوێ. ئۆیەکانی ئەم وشە ئینگلیزیە دوو جار بە دوای یەک و هەر لە گەروودا، دەگۆترێن بەڵام "وو"ی کوردی تەنیا یەک واوی درێژ و باریکە.

ڕۆڵی دوو واو:
 رادەی ئەو وشانەی بە یەک یان بە دوو واو مانایان دەگۆڕدرێ، یەکجار کەمن و رەنگە لە رادەی ئەنگوستەکانی دەست تێنەپەڕن. تەنانەت ئەوانەش کە هەن قسەیان لە سەرە. بۆ وێنە ئەو وشانەی خوارەوە نموونەی جیاوازیی مانایی تەک واو و جووت واون:
کوڕ -------- کووڕ
قوت -------- قووت
قوله‌ -------- قووله
بە دووری نازانم وشەی کوڕ لە بنەڕەت دا بە شێوەی "کور" گوترابێ. واتە بە "ر"ێێ ئاسایی نەک قەڵەو یان بە رێیەک کە قەڵەو و ئاسایی بوونەکەی زۆر روون نییە. هەر ئێستاش لە هێندێک زاراوە دا بە شێوەی "کور" و "کورە" دەگوترێ یان شێوەی گوتنی لە نێوان "ر"ێی ئاسایی و "ڕ"ێی قەڵەو دایە. بەڵام سەرەڕای ئەو تێبینیانە "کوڕ" و "کووڕ" دوو وشەن کە زیاترین کاریگەریی جیاوازیی تەک واو و جووت واویان بە سەرەوەیە. وشەکانی دواتر مێژووی جیاوازیان هەیە. قووت بە واتای بژیو وشەیەکی عەرەبییە. قولیش بە واتای مرۆڤی رەش یان هەمان کۆیلە، وشەیەکی تورکییە. بەو پێیە دەبینین لە نێوان زۆربەی ئەو وشانە دا کە بە یەک واو و دوو واو مانایان دەگۆڕدرێ، یەکیان رەسەن نییە. واتە تاک واو و جووت واو رۆڵی ئەوتۆیان لە سەر گۆڕانی واتای وشە نییە. 
 لەو روانگەیەوە (وو) و (و) دەکرێ بە دوو پیتی جیاواز دانەندرێن. هەر ئەمەش وای کردووە کە بەشێک لە نووسەران و توێژەرانی زمانی کوردی لەوانە مەسعوود محەممەد و ئاوڕەحمانی حاجی مارف پێیان وا بێ نووسینی دوو واو پێویست نییەو کەسانی وەک نەوشیروان مستەفاش لە تەرکەندە جووت واو بە کار نەهێنن.  

بەڵام بۆچوونی هەراوتر ئەوەیە کە دوو واو لە زمانی کوردی دا هەیە و دەگوترێ و دەبێ بنووسرێ. ئەزیش پێم وایە سەرەڕای ئەوە کە جێگۆرکێی ئەم دوانە لە گەڵ یەکتر شوێنی ئەوتۆ لە سەر واتای وشە دانانێ، بەڵام لە گوتن دا جیاوازن و بە دەنگی جیاواز بەر گوێ دەکەون. بۆیەش وشە بەو جۆرەی دەگوترێ دەبێ بنووسرێ. هەر لە بنەڕەتیش دا نووسین بۆ ئەوە نییە واتای وشەیەک لە وشەیەکی دیکە جیا بکرێتەوە بەڵکوو بۆ درووست نووسینی چۆنیەتیی گوتنی پیت و وشەیە. بەو پێیەش ناکرێ بە سەریدا تێپەڕ بین و فەرق لە نێوان "و" و "وو" دانەنێین. بە کورتی جووت واو لە زمانی کوردی دا هەیەو جیاکردنەوەی تاک واو و جووت واو لە گوتن‌و نووسین بەم زمانە، پێویستە. بەڵام لەوە پێویستتر ئەوەیە کە نووسینی ئەم دوانە لە وشەدا بە پێی یاساو رێسایەکی رێنووسی بێ و وەک ئێستا سەر لە خەڵک نەشێوێنێ‌و لە گۆترەو هەر کەس بە ئیشتیای خۆی لە گەڵیان نەکا.

رێسای تەک واو و جووت واو
بۆ ئەوەی بتوانین رێسایەک بۆ ئەوە دامەزرێنین کە لە کوێ وشە بە "وو" یان بە "و" بنووسین، پێویستە ئەو فاکتەرانە دەستنیشان بکەین کە دەبنە هۆی ئەوە لە وشەدا بە یەک یان دوو واو بنووسین. لەم بارەوە بە تایبەت گرینگە کە بزانین لە کوێ جووت واو نییە یان دەگمەنە. ئەویش بەو جۆرەی خوارەوە؛
١ پێشتریش گوترا ئەگەر بزوێن یا پیتی دەنگدار بکەوێتە پێش یان دوای واو، ئەوە واوی بێدەنگ یان "صامت" ساز دەبێ و پێویستە بە یەک واو بنووسرێ:
    خوار، کەو، داوا، واز
٢ "و" لە سەرەتای وشە دا، واوی بێدەنگە و دەبێ بە یەک "و" بنووسرێ. چونکە لە دوای ئەم واوە، ئەگەر بزوێنیش نەبێ، بزرۆکە هەیەو بەوەش دەکەوێتە خانەی رێسای خاڵی یەک و بە یەک واو دەنووسرێ:
  وشە (wishe)، ورکە (wirke)، ورچ (Wirch) وان (Wan)
٣- چونکە جووت واو پیتێک نییە کە لە سەر واتای وشە شوێندانەر بێ و زیاتر پێوەندی بە جۆری گۆتنی وشەو چۆنیەتی وەدەرکەوتنی دەنگی "و" لە زمان و زاری مرۆڤەوە هەیە، بوون و نەبوونیشی لە ژێر کاریگەریی پیتەکانی دەوروبەری خۆی دایە. واتە ئەوە پیتی پێشتر و رەنگە دواترە کە دیاری دەکا "ئو" لە وشە دا بە یەک واو گۆ بکرێ یان بە دوو واو. رێسایەک کە لەم پێوەندیەدا رەنگە تا رادەیەک یارمەتی بە یەکلاکردنەوەی شوێنی تەک واو و جووت واو بدا ئەوەیە کە ئەگەر پیتە بێدەنگەکان بە سەر دوو بەشی پیتەکانی قورگ (ئەوانەی لە گەروو و قورگەوە دێن: ح، خ، ع، غ، ک، گ، ق، هـ) و پیتەکانی سەر زمان و لێو (ئەوانەی بە زمان یان بە لێو گۆ دەکرێن؛ ب، پ، ت، ج، چ، د، ر، ڕ، ز، ژ، س، ش، ف، ڤ، ل. ڵ، م، ن)، دابەش بکەین، زۆربەی واوی دوای پیتە زمانیەکان بە دوو واو و واوی دوای پیتە قورگیەکان کە هەشت دانەن، بە یەک واو دەنووسرێن:
ح : حوشتر، حوللەمەرەسێ، حوجرە
خ : خودا، کڵاوخود، خولخولە، خوری، خورێن، خوران، خوڕگە، خوشک..
ع : عورووس، عومبەر، عومر، عورف
غ : غونچە، غوڵام، غوڕابی، غوللوور
ق : قوربان، قوت، قوڕ، قولاپ، قوڵە،
ک : کوتک، کوچک(بەرد)، کوڕ، کورت، کورتەک، کورد، کورک، کورمانج، کوشتن،  کوشین، کول، کوڵ، کوللە، کون، کونج، کوند
گ : ئەنگوتک، ئەنگوست، گول، هەڵگورد، گوڵ، گوللە، گومان، گوند، گومبەز، گورگ، گوناح،
هـ : هونەر، هوڕە، ملهوڕ، هورمز، هورووژم، هەراوهوریا،
 هەڵبەت ئەو رێسایەش هەمیشە نییە و وشەی شاز بۆ هەردوو بەر وەبەرچاو دەکەوێ. بۆ وێنە: ک: کوور، کووڕ. بەڵام چونکە لە سەر زۆربەی هەرە زۆری وشەکان راست و گونجاوە، دەکرێ وەک رێسا دایمەزرێنین و لە نووسین دا پێڕەوی لێ بکەین.
تێبینیەکی دیکە ئەوەیە کە ئەم رێسایە بۆ ناوبەندی وشەکانە و لە گەڵ واوی کۆتایی وشە تەبا نییە. سەرجەم واوەکانی دوای ئەم پیتانەش ئەگەر بکەونە کۆتایی وشە، پێڕەوی لە خاڵی چوار دەکەن کە لە خوارەوە هاتووە. 
٤- ئەگەر واو بکەوێتە کۆتایی وشەو پێش ئەم واوەش پیتی دەنگدار نەبێ، ئەوە لە گوتن دا درێژ دەکرێتەوەو بەو پێیەش وا درووستە کە بە دوو واو بنووسرێ. واتە واوەکانی کۆتایی وشە ئەگەر پیتی دەنگداریان لە پێش نەبێ، جووت واون:  دوو، مێژوو، تاکوو، چوو، بوو. ئەم رێسایە ئەو واوانەش نابوێرێ کە لە دوای پیتە قورگیەکان دێن. وەک: یەرغوو، برغوو، تاکوو، قوو..
٥- لەو وشانەدا کە بە جووت واو کۆتایی دێن، ئەگەر تووشی یای نیسبەت بن، گوتنی چوار پیتی دەنگدار بە دوای یەک دا ئاستەمە. لەو حاڵەتەدا لە دوو واو، یەکیان هەڵدەبوێرێ و قورسایی گۆ کردنی بزوێن دەکەوێتە سەر "ی":
مێژوو – مێژووی – مێژویی
مردوو، مردووی – مردویی
٥- لە زمانی عەرەبیەوە کۆمەڵێکی زۆر وشە کەوتوونەتە ناو زمانی کوردی کە پێویستە لە گەڵ یاساکانی نووسینی "واو" لە زمانی کوردی دا ڕایانبێنین. زۆر جار ئەم وشانە یاسای پیتە قورگیەکان نایانگرێتەوە. بۆ وێنە:
·       ئەگەر وشەیەکی عەرەبی واوی تێدابێ و پیتی پێش واو بە زەممە/بۆر گۆ بکرێ، لە زمانی کوردی دا دەبێ بە دوو واو: منصور – مەنسوور، موصل – مووسڵ، محمود – مەحموود، روح – رووح، ممنوع – مەمنووع، ممنون – مەمنوون.  
·       وشەیەکی عەرەبی کە واوی تێدا بێ، لە زمانی کوردی دا دەبێ بە دوو واو: سور‌ة – سووڕەت، نور – نوور، کوت – کووت(شاری کووتی نیزیک عەممارە)،
·        ئەگەر وشەیەک بە زەممە/بۆر بگوترێ و واوی بە دوادا نەیە، لە زمانی کوردی دا بە شێوەی "ۆ" و "و" یان بە هەردوو شێوە دەنووسرێ و بە دەگمەن بە جووت واو دەنووسرێ: ثریا - سوڕەییا یان سۆرەییا، شکر - شوکر، شغل -  شوغل، صغری - سوغرا، کبری - کوبرا       
·       دەرچوون لە رێسا زۆر جار وشەی سەر بە زمانەکانی دیکەش دەگرێتەوە لەوانە زمانی تورکی یان فارسی و ئینگلیزی. بەو واتایە رێسای دەنگە قورگیەکان زیاتر پێوەندی بە وشە کوردییە رەسەنەکانەوە هەیە.
٦- لە زمانی کوردی دا بە هۆی ستاندارد نەبوونی زمانەکە، زۆر جار وشەیەک لە دۆخی ئاسایی خۆی دەردەچێ و سنوور و رێساکان دەبەزێنێ. بۆ وێنە وشەی "چونکە" لە حاڵێک دا کە "چ" پیتی گەروو یان قورگ نییە، دەکرێ بە یەک یان دوو واو بگوترێ و بنووسرێ. هۆکارەکەش ئەوەیە کە وشەکە لە تێکهەڵکێشی "چۆن" و "کە" کەوتوەتەوە و وای بە سەر هاتووە. لە حاڵێک دا وشەی "چۆن" بە ئۆ دەنووسرێ نە بە تەک واو یان جووت واو. لە بنەڕەتیش دا شێوەی درووستی "چونکە" و "چوونکە"، چۆنکەیە. یان کرداری گۆتی (گۆتن) کە لە سەر زاران سواوە و بە شێوەکانی گوتی، گووتی، کوتی و کووتی دەگوترێ و دەنووسرێ. ئەم حاڵەتانە کە لادان لە رێساکانی زمانیان لێ دەکەوێتەوە، وا درووستە لە نووسین و لە ستاندارد کردنی زمان دا بگەڕێندرێنەوە سەر شێوەی درووست و رەسەنی خۆیان.

بە کورتی:
-       لە زمانی کوردی دا پیتی واو بە سەر چوار بەش دا پۆلێن دەکرێ: ئۆ/ۆ،  وی/و، ئو/و، وو.
-       واو لە سەرەتای وشەدا واوی کۆنسۆنانت یان بێدەنگەو بەو هۆیە هەمیشە بە یەک واو دەنووسرێ.
-       ئەگەرچی شوێنی جووت واو لە سەر گۆڕینی واتای وشە، زۆر لاوازە بەڵام مادام لە گۆتن دا هەیە، دەبێ بنووسرێ و تەک واو و جووت واو لێک جیا بکرێنەوە.
-       دوای ئەو پیتانەی بە پیتی گەروو یان قورگ ناسراون، تەک واو دەنووسرێ و جووت واو لە دوای ئەمانە دەگمەنە. ئەوانیش هەشت دانەن: ح، خ، ع، غ، ق، ک، گ، هـ
-       جووت واو زیاتر دوای ئەو کۆنسۆنانت یان پیتە بێدەنگانە دەنووسرێ کە لە سەر زمان و لێو گۆ دەکرێن. ئەوانیش هەژدە دانەن: ب، پ، ت، ج، چ، د، ر، ڕ، ز، ژ، س، ش، ف، ڤ، ل. ڵ، م، ن.
-       رێسای پیتە قورگیەکان و پیتە زمانیەکان بۆ جیاکردنەوەی تەک واو لە جووت واو، رێسایەکی سەداسەد نییە بەڵام دەتوانێ تا رادەیەکی زۆر ئەرخەیانمان بکا کە لە کوێ تەک واو بنووسین و لە کوێ جووت واو. 
-       واو لە کۆتایی وشەدا ئەگەر واوی کۆنسۆنانت نەبێ، ئەوە بە جووت واو دەگۆترێ و دەنووسرێ. واوی کۆنسۆنانت یا بێدەنگ لە کۆتایی وشەدا ئەوەیە کە بزوێنی لە پێش بێ.

بەو هیوایە توانیبێتم دارێک لە سەر پەردووی ئەم زمانە دەوڵەمەند بەڵام پڕش و بڵاوە دابنێم و یارمەتیم بە درێژەدان بە نووسین و وەرگێڕانە هەراوەکانی جەنابت کردبێ.
بە حورمەت و رێزەوە

۵/۱۴/۱۳۹۶

خانەخوێ ، خێو، خێزان


وشەی خانەخوێ لە بنەڕەتدا "خانەخێو"ە. ئەویش خێوی ماڵ یان خاوەن ماڵە. 
وشەی خێو لە هەنبانە بۆرینەدا بە واتای راهێنان و ژیاندن هاتوە. بەو جۆرە خانەخوێ (خانەخێو) واتە کەسێ کە ماڵەکە بەڕێوە دەبا و دەیژێنێ. 

وشەی خێو پەرەی گرتوەو چۆتە ناو ئایین و خورافاتەوە. بەم جۆرە خێوی شەو، خێوی ئاو، خێوی جندۆکان و کۆمەڵێک خێوی دیکە کەوتوونەتەوە. 
ئەگەرچی پێشتر پێم وا بوو وشەی "خاووخێزان" بریتی لە دوو بەشی ئەندامانی بنەماڵەن کە خاو ئەوانەن هێشتا پێویستی‌یان بە سەرپەرەست هەیە و خێزان ئەوانەن کە دەتوانن لە سەر پێی خۆیان راوەستن و بەشەکەی دیکە بەخێو بکەن، بەڵام بە وەرد دانەوەی خێو و خانەخوێ گومان لە بۆچوونی پێشووم دەکەم. ئیستا ئەم بۆچوونە بە بەهێزتر دەزانم کە:
 "خاو و خێزان" لە بنەڕەت دا "خێو و خێوزان"ە. خێو وەک سەرەتا ئاماژەی پێ کرا، بەڕێوەبەر و ژێنەری ماڵە و خێزان سواوی "خێوزان"ە. خێوزانیش لە سێ بەشی خێو+زا+ان پێکهاتوە. 
خێو؛ خاوەن ماڵ
خێوزا: ئەوەی لە خێو (خاوەن ماڵ) کەوتۆتەوە، لە خێو بوو، منداڵی خێو 
خێوزان: خێوزایان، کۆی خێوزایە بە واتای ئەوانەی لە خێو کەوتوونەوە. 
لەم بۆچوونەدا هێشتا گرێی نەکراوە ماون. ئەوە کە ئاخۆ وشەکە بۆ کام یەک لە دەورانی دایکمەزنی یان باوک مەزنی دەگەڕێتەوەو مەبەست لە خێو کامیان بووە؟ ئەگەر وشەکە بە هی دەورانی دایکمەزنی بزانین، ئەوە پیاو یان باوک وەک چۆن لەو سیستمە بنەماڵەییەدا رۆڵی لاوەکی هەبووە یان هەر نەیبووە، لە وشەکەشدا رۆڵی نییەو تێیدا دایک، خێوەو مناڵەکانی خێوزان. بەڵام ئەگەر بە هی سەردەمی باوکمەزنی بزانین ئەوە رۆڵی ژن یان دایک لە دەستەواژەکەدا ونە. بەو پێیە ئەگەری ئەوە کە وشەکە لە سەردەمی دایکمەزنی دا داکەوتبێ، بەهێزترە. ئەگەرچی دواتر بۆ خۆشاردنەوەی پیاو لە ناوهێنانی ژنەکەی، وشەی خێزان بۆ ژن بە کار دەبردرا. 

لاوژە ، لاوک

لاوژە سواوی وشەی تێکەڵاوی "لا/وێژە"یە. بە واتای کەسێک کە پیشەی گۆرانی گوتن نییە بەڵام جار و بار دەیڵێ، هێندێکی لێ دەزانێ، لا وێژە. لە ناو کورد دا مەرج نییە هەموان گۆرانیبێژ و دەنگخۆش و چاکوێژ بن بەڵام زۆر کەس کەم و زۆر گۆرانی دەزانێ و لە کاتی کار یان حەسانەوەدا گۆرانی بۆ دڵی خۆی یان بۆ کۆمەڵی دۆستان و دەوروبەری دەڵێ. واتە "لا وێژە". 
لاوژە زیاتر لە وشەی تێکەڵاوتری "گەڕەلاوژە" دا باوە. گەڕی گۆرانی گوتنی ئەوانەی پیشەیان گۆرانی گوتن نییە و لاوێژن. 
وشەکانی لاوژە و لاوک لێک جیاوازن و یەک بنەمای هاوبەشیان نییە. لاوک دەگەڕێتەوە سەر کرداری لاواندنەوە بە واتای پێداهەڵگوتن یان گۆرانی بۆ ئارام کردن و هێور کردنەوە.

بابەتی نوێ:

حیزب وەک سەنتەر، ستراتژیی حیزب وەک سەنتێز

سەردەمی ئێستا، سەردەمی بەئاگاهاتنەوەی هەرچی زیاتری نەتەوە بندەستەکانە. سەردەمی ‏هەوڵدانی بە کۆمەڵی کۆمەڵگا ژێردەستەکان بۆ سڕینەوەی سێبەری دا...