۱/۰۲/۱۳۹۶

حەوت شین چۆن بوو بە هەفت سین؟

لە ناو ئێرانیەکان دا یەک لە نەریتەکانی جێژنی نەورۆز کە لە راستی دا بەرچاوترین نەریتە، راخستن و رازاندنەوەی سفرەی حەوسینە. دانانی حەوت خواردن کە بە پیتی "سین" دەست پێ دەکەن. ئەوانیش بریتین لە سرکە، سماق، سەمەنی، سنجوو، سێو و سیر کە ئەم شەش خواردنە لە گەڵ سکە و سەوزە دەبن بە هەشت سین. لە پاڵ ئەوانە دا چەند شەم، کتێب (قورئان یان دیوانی شاعیرێک)، ئاوێنە، نانێکی پان و قاپێک ئاو دادەندرێ و سفرەکە بە شیرنی، شووشەیەک ئاو کە ماسی سووری تێدایە، دەفرێک شیر و چەند هێلکەی رەنگ کراو دەڕازێندرێتەوە.
وەک سروشتی هەر نەتەوەیەکی بندەست، فەرهەنگی نەتەوەی باڵادەست شەقڵی بە سەر کەلتوری کوردەکانی رۆژهەڵاتیش دا بەجێهێشتووە و فەرهەنگی راخستن و رازاندنەوەی سفرەی حەوسین بە تایبەت لە شارەکانی کوردستانیش دا کەم و زۆر باوە. بەڵام ئاخۆ حەوسین چ پێوەندی بە کوردەوە هەیە؟
سەبارەت بە بنەما و مێژووی راخستنی سفرەی حەوسین لە ناو ئێرانیەکان دا باس و خواسی جۆراوجۆر هاتووەتە ئاراوە. ئەوەندەی دەگەڕێتەوە سەر ژمارەی ٧، ژمارەیەکی گرینگ و پیرۆز بووە لە ئایینە کەوناراکانی وەک میترایی و زەردەشتی دا. لە میترایی دا پلەکانی ئایینی ٧ پلەن کە حەوتەمینیان دوایین و گەورەترین پلە بووە. ئاسمان بە سەر حەوت تەبەقەدا دابەش کراوەو هەر کام لە حەوت هەسارەی ئاسمان نوێنگەی یەک لە پلەکانی ئایینی بووە. لە ئایینی زەردەشتیش دا، حەوت، ژمارەی حەوت ئەمشاسپەندی مەزنە کە دەکرێ ئەمانە یان یەک لەوان لە ژمارە ٧ی حەوسین دا رەنگی دابێتەوە. بەڵام لە سەر واتا و هۆی هەڵبژاردنی پیتی "سین" بۆچوونی جیاواز هەیە. کەسانێ پێیان وایە ئەمە هەمان "سینی"یە کە خواردنەکانی لە سەر دادەندرێ و سینیش هەمان دەفر و ئامانی چینی یان صینی‌یە کە لە وڵاتی چینەوە دەهات و دەفری بە نرخ و بەها بوو.
بۆچوونی دیکە دەڵێ وشەکە لە "هەفت صنف" کە "صنف" وشەیەکی عەرەبی‌یە بە مانای دانەوێڵە، کەوتووەتەوە و دواتر ئەم هەفت صنفە بووە بە هەفت صن و پاشان هفت سین.
بۆچوونێکیش پێی وایە لە بنەڕەت دا حەوت "شین" بووە کە بە شەراب ، شەکر، شیر و... دەڕازایەوە بەڵام چونکە دوای هاتنی ئیسلام شەراب حەرام کرا، حەوشین جێگای خۆی بۆ حەوسین بەجێهێشت.
کۆنترین بەڵگەیەک کە سەبارەت بە حەوسین هەیە، هی ئەبورەیحانی بیروونی‌یە. بیروونی لە کتێبی "آثار الباقیە"دا کە بە زمانی عەرەبی نووسیویەتی، دەڵێ؛ "دوای ئەوەی جەمشید بە سەر ئەهریمەن دا سەرکەوت کە رێگای خێر و بەرەکەت و بارانی شین بوونەوەی گیای گرتبوو، دیسان باران دایکردەوە، گیا شین بوونەوە، خەڵک گوتیان رۆژی نوێ (واتە رۆژێکی نوێ و چاخێکی تازە) هاتووە. بۆیەش هەر کەس قاپێک جۆی چاند و خەڵک لە رۆژی نەورۆز دا لە حەوت قاپ دا، حەوت جۆرە دانەوێڵەیان چاند و شین کرد."
رەنگە ئەبورەیحان خۆشی نەیزانیبێ کە ئەوەی ئەو باسی دەکا، "حەوت شین"ە کە تەنیا لە زمانی کوردی دا واتای هەیە. حەوت دانەوێڵەی شینبوو. لە زمانی کوردی دا یەک لە واتاکانی "شین بوون"، روانەوە، سەوز بوون و چەکەرە کردنی گژ و گیایە. حەوت شین ئەو حەوت قاپە بوون کە هەر یەکەی جۆرێک دانەوێڵەیان تێدا "شین" کرابۆوە. دانەوێڵەکان کە پێش نەورۆز چێندرابوون، لە نەورۆزدا شین بوون و ببوون بە شینکە و شیناوەرد.
ئەوانەی پێیان وایە حەوسین لە بنەڕەت دا حەوشین بووە دوو هۆی دیکە بۆ گۆڕانی شین بە سین دێننەوە کە بریتین لە حەرام بوونی شەراب و نیزیک بوونی شوێنی دەرکەوتنی دوو پیتی س و ش. بەڵام واتای "شین"ی "حەوشین" رەگی لە زمانی کوردی دا هەیە و لە زمانی فارسی دا بێ واتایە. فارس وشەی شینی بە هیچکام لە واتاکانی (رەنگی شین، گریان بۆ مردوو یا سەوز بوونی گژ و گیا) وەرنەگرتوە. لە بەرامبەر شین دا، "سەبز" بە کار دەبا کە وشەیەکی هاوبەشی کورد و فارسە. هەر بۆیەش بەو شین و شینکانەیان وتووە "سەبزە". جا چونکە سەبزە بە پیتی "سین" دەست پێ دەکا و شینیش لایان بێ واتا بووە، حەوت شین کراوە بە حەوت سەبزە و "هەفت سین" کە پێوەندیەکی واتایی بە وشە سەرەکیەکە و ماکەی نەریتەکەوە نییە.
بە پێچەوانەی زۆربەی نەریتەکانی جێژنە کەوناراکانی دانیشتوانی زنجیرە چیاکانی زاگرۆس کە دەگەڕێنەوە سەر ژیانی ئاژەڵداری بە تایبەت مەڕداری، حەوشین پێوەندی بە ژیانی جووتیاریەوە هەیە. شین بوونەوەی هەر حەوت دانەوێڵە مزگێنی‌یەکی خۆشی بۆ جووتیاری خاوەن مووچەو مەزرا پێ بووە. جووتیار ئەم شینبوونەی وەک بەرکوتێک لە خەرمانی پڕ بەرەکەتی ساڵ پەژراندوە و بە هومێدی زیاترەوە سەرەتای ساڵ و سەرەتای وەرزی کشت‌وکاڵی دەستپێکردوە. ئەو شینبوونەوانە رۆڵی تاقیکارییان هەبووە. بەو واتایە کە هەر کام لە دانەوێڵەکان زووتر، باشتر و جوانتر شین بووبێ، نیشانەی ئەوەیە کە ئەو ساڵە دەبێ زیاتر گرینگی بە چاندنی ئەو جۆرە دانەوێڵەیە بدرێ. لە بەرامبەریش دا ئەگەر یەک یان چەند لە دانەوێڵەکان خراپ شین بووبن یان کوێرەیان کردبێ، ئەوە ئەو ساڵە بەروبوومی ئەو جۆرە دانەوێڵەیە خراپ دەبێ و باشترە زۆر خۆی پێوە ماندوو نەکا. هەڵبەت جووتیارانی زاگرۆس هەتا ئێستاش، لە پەنا کاری کشتوکاڵ دا، بە راگرتنی چەند سەر مەڕ و بزن یان گا و گامێش، ئاژەڵداریشیان کردوە. لە بەر و بوومی ئەم ئاژەڵانەو لەو خواردنانەی کە لە دانەوێڵەکان وەک سەرەکیترین سەرچاوەی خۆراک و خواردەمەنی، سازیان کردوە، سفرەی حەوت شین‌یان رازاندووەتەوە. جا چ خواردنەکانی سەر ئەو سفرەیە بە پیتی "ش" دەستیان پێ کردبێ یان بە دەستئاوەڵایی، چییان بۆ ئامادە کرابێ لە سەر خوانی جێژن دایانناوە.
ئەو خواردنانەی کە لە سەر کەوڵی حەوسین دادەندرێن، ئەگەرچی رەنگە فەلسەفە و واتای تایبەتیان بۆ داتاشرابێ، بەڵام لە گەڵ خواردنی راستەقینەو خواردەمەنیەکانی سەر سفرەیەک لە رۆژی نەورۆزدا ناتەبان. بۆ وێنە لە رۆژی نەورۆزدا کە هێشتا بەفر بە تەواوی ناتوێتەوەو دارە سێوەکان تەنانەت گوڵیشیان نەکردوە، دانیشتوانی سەد ساڵ و دوو سەد ساڵ لەوە پێشی ئەو چیا و کوێستانانە سێویان لە کوێ بووە تا سفرەی حەوسینی پێ بڕازێننەوە؟! لە لایەکی دیکە بەشێک لە سینەکان وەک سرکە و سماق و سیر لە بنەڕەتدا بۆ تام دان بە خواردن کەلکیان هەیە و بە تەنێ پێخۆر نین. سفرەیەکیش کە خواردنەکانی سرکەو سنجوو و سەمەنی و سیر و سماق و سێو بێ، چ زگێکی پێ تێر نابێ. ئاقڵیش تێیناچێ کە کۆمەڵانی خەڵک کە نیزیک بە تەواویان نەخوێندەوار بوون، تەنیا بە هۆی بارە فەلسەفیەکە، سفرەی خۆیان بەو خواردنانە رازاندبێتەوە.
بەڵام لە بەرامبەردا کورد بۆ رازاندنەوەی سفرەیەک کە خواردنەکانی بە پیتی "ش" دەست پێ بکەن، دەستی زۆر ئاوەڵاتر بووە. بە سەردانی هەنبانە بۆرینە تووشی کۆمەڵێک چێشت و خواردن دەبین کە بە پیتی ش دەست پێ دەکەن و هەڵقوڵاوی کولێن و ئاشپەزخانەی کوردن. شیو یا شێو (چێشت)، شۆرباو، شلە، شلکێنە، شیر، شەلەمین (چێشتی ترخێنە)، شەهریە (هەرشتە، رشتەی ئاش)، شنگال (کەلانە) و شڤار (ساوار) بەشێک لەو خواردنانەن کە بە پیتی ش دەست پێ دەکەن و بۆ هەر کامیان دەکرێ فەلسەفە و واتای تایبەت بدۆزرێتەوە. بە سەرنجدان بە دەسپێکی زاوزێی مەڕ لە رۆژی نەورۆزدا، دەکرێ یەک لە خواردنە گرینگەکانی نەورۆزیش شیرێزنج یان فرۆ بووبێ کە لە ژەک وەک یەکەم شیری مەڕ ساز دەکرێ.
خۆ ئەگەر لە سفرەی حەوسینی ئێستاش ورد بینەوە، دەبینین ناوی زۆربەی کەلوپەلی سەر سفرەکە لە زمانی کوردی دا بە شین دەست پێ دەکەن. بۆ وێنە شەم (مۆم)، شینکە (سەوزە)، شایی (کۆنترین وردەپووڵ، سکە)، شاووت (سوورە ماسی) و شەکر و شیرینی. هەروەها لە سەر سفرەکە نانێکی پان و گەورە دادەندرێ و ئەمەش دەکرێ شاتە، شکەڤا یان شلکی بێ کە لە ناو کورد دا هەر کامیان جۆرێک نانی تەنکی پانن. بۆ مناڵانیش شاتەلی (نانە قەیسی) یان شڵانەکوت (وشکە قەیسی) رەنگە یەک لەدەستهاتووترین نەورۆزانە بێ کە بنەماڵەکان توانیویانە پێشکەش بە مناڵانی بکەن. دەستڕۆیشتوانیش دەیانتوانی بە شیرینی و شەکرۆک پێشوازی لە میوانە نەورۆزیەکانیان بکەن.
نەبوونی فەرهەنگی سەربەخۆ و تایبەت بۆ رازاندنەوەی سفرەی نەورۆزی، رەنگە کەمایەسیەک بێ کە لە ناو کورد دا هەیە. خاتوونی کورد وەک هەر ژنێک حەز دەکا هونەر و شارەزایی خۆی بۆ هەرچی جوانتر رازاندنەوەی سفرەیەکی نەورۆزی پێشان بدا. ئێمە ناکرێ جێژنی نەورۆز تەنیا لە هەڵکردنی ئاگر یان بەستنی جامانە و شتی ئاوا دا کورت بکەینەوە. فەرهەنگی سفرەداری و سفرە رازاندنەوە یارمەتی بە کۆبوونەوەی ئەندامانی بنەماڵە بە دەوری یەکتردا دەکا. هەر بۆیەش کورد دەبێ لەم بارەوە بە سەر کەلتور و فەرهەنگی خۆی دا بچێتەوە. رەگ و ماکەی راستەقینەی داب و نەریتەکانی خۆی بدۆزێتەوە. ماکەی رەسەنی ئەو نەریتانەی خۆی بدۆزێتەوەو راستیان بکاتەوە کە لێئ دزراوە و دەستکاری کراوە. ئەو داب و نەریتانەی بە هۆی نەبوونی دەسەڵاتی سیاسی و فەرهەنگی، بە دەستکاری کراوی جارێکی دیکە لە نەتەوەی باڵادەستی وەرگرتووەتەوە.

۱۲/۲۴/۱۳۹۵

جوگرافیای ستراڤۆنی کاک عەلیی فەتحی

کاک عەلی فەتحیی خۆشەویست لە پڕکارترین وەرگێرەکانی ئەم سەردەمەی کوردستانە. ئەویش وەرگێڕان لە زمانی یونانیەوە و لە کتێبخانەی دەوڵەمەند و کەونارای یونانەوە بۆ سەر زمانی کوردی و بۆ کتێبخانەی هێشتا هەژاری کورد. لە کارەکانیشی دا بەردەوام بە دوای وەرگێڕانی ئەو بەرهەمانەدا دەچێ کە بێنێکی کورد و کوردستانیان پێوە بێ. ئەوەم بە تایبەتی لە وەرگێڕانی "مێژووی شەڕی پارسەکان"ی هێرۆدۆت و "ئاناباس"ی گزنفۆن دا بۆ دەرکەوتووە.
ئەو لەو دەگمەن ئازیزانەیە کە مەگەر چەرخی زەمان قۆرتێکی دیکەی خستبێتە ناو ژیانی ئەگینا ماڵاواییەکانی نیگەرانم ناکا. دەزانم بە دەستی زۆر پڕەوە دەگەڕێتەوە.
نیزیک بە دوو مانگ لەوە پێش جارێکی دیکە ماڵاوایی لە دۆستانی سەر فەیسبووکی خواست. لە ژێر ماڵاواییەکەی دا نووسیم کە دڵنیام بە دەستی پڕەوە دەگەڕێیتەوە. واش دەرچوو. بەڵام ئەوە هونەری من لە پێشبینی و غەیب گۆیی دا نەبوو بەڵکوو ناسین و ئەزموونم لە زەحمەت و کارە بە پێزەکانی تا ئیستای ئەم وەرگێڕە ماندوونەناسەمانە.
تاوێک لەوە پێش وەک چاوەڕوان بووم، بە دیاریی دەستیەوە گەڕایەوە؛ وەرگێڕانی کتێبی جوگرافیای سترابۆن. گەورەیی نواندوەو فایلی وەرگێڕانەکەی بۆ ناردووم. هێشتا نەمخوێندووەتەوە بەڵام دڵنیام لەم بەرەبەری ساڵی نوێیەدا، نەورۆزانەیەکی بە بایخە لە لایەن وەرگێڕێکی قەڵەم رەنگین و پڕکار بۆ دۆستانی و لەوانیش گرینگتر بۆ نەتەوەیەک کە بەردەوام مێژووی خۆی بە قەڵەمی داگیرکەر خوێندووەتەوە.
لێرەوە ماندونەبوونی لە کاک عەلیی خۆشەویست دەکەم، بۆ ئەم نەورۆزانە بە نرخەی، سپاسی دەکەم و تەمەننای ژیانی خۆش و لەشی ساخی بۆ دەکەم تا ژیانی داهاتووشی وەک تا ئێستای، پڕ بێ لە بەرهەمی بە پێز و خزمەتی مەزن بە نەتەوەکەی.

۱۲/۲۳/۱۳۹۵

بەڵەک

بەڵەک بریتی‌یە لە رەنگی شتی دوو رەنگ. بە تایبەتیش دوو رەنگی سپی و سوور (سووربەڵەک) یا سپی و رەش (رەشبەڵەک) لە پەنا یەکتر دا. بەڵکە بە تایبەت لە  ئاژەڵەیلێ ئەسپ، سەگ، مانگا و کۆتر دا زیاتر بەرچاوە.
وشەی  رەشبەڵەک هەروەها بە ئەو جۆرە هەڵپەڕکێ‌یەش دەگوترێ کە تێیدا ژن و پیاو دەستی یەک دەگرن و بە یەکەوە هەڵدەپەڕن.
مانگی رەشەممە کە بەفر بەرەبەرە دەتوێتەوەو وەک دەڵێن "دەچێتەوە"، بەفر رەشانگی تێدەکەوێ و کەژ و چیا 'بەڵەک' دەبێ. حەریق دەڵێ:
بەڵەک بوو کێو و سەحرا، وەک دەڵەک خۆی دزیەوە زستان
زەیســــــــــتان چون بەری خست، ئیتیفاقەن هێزی پێی نابێ
بەڵەک هەروەها جۆرێک نەخۆشیی پێستە. بە جۆرێک کە هێندێک بەشی پێستی لەش سپی هەڵدەگەڕێ و لەش پەڵەی تێدەکەوێ.
بەڵەک لە وشەی "پەڵە" بە مانای خەوش، لەکە و بە گشتی لە خاڵ و قۆپەن گەورەتر، کەوتووەتەوە. بە هۆی پاشگری 'ک' بووە بە ناو. عەرەب وشەی بەڵەکی لە کورد وەرگرتووەو کردوویە بە "ابلق". فارسیش وشەکەی وەک خۆی لە عەرەب وەرگرتووەتەوە. 

۱۲/۱۹/۱۳۹۵

پێوانەی کەم و زۆر

کەم
نەخت: نەخود، دانەوێڵەی نۆک، بە قەت دەنگە نۆکێک
نیسک: دانەوێڵەی نیسک، بە قەت دەنکە نیسکێک
تۆز: بۆ ئارد، خوێ و شتی هاڕدراو
تۆسقاڵ/تۆزقاڵ: تۆز + قاڵ، قاڵبووی تۆزێک لە شتێک بۆ وێنە رۆنی قاڵ کراو
چۆڕ: بۆ ئاو و شلەمەنی، ئەو کەمە ئاوەی لە شتی توندی ئاودار دەچۆڕێتەوە،
بڕ/بڕێک: "بڕ" رەگی کرداری بڕین و بڕانە. بریتی‌یە لە بڕدراو لە شتێک
قاش: یا قاچ وشەیەکی تورکیە بە واتای بڕدراو
پەنچک: پەنجەیەک، بە رادەی پەنجەی دەست، بە قەت لەپی دەست. بۆ نان و شتی ئاوا پان دەبێ
گەڵا: پێوانەی بژاردنی نانە
لەت
تاو: کاتی کەم
قەننەکێشێک: بە رادەی کێشانی قەننەیەک
هێند: یان هەند رەنگە ناوی کۆنی دەست بێ بەو جۆرەی لە زمانی ئینگلیسی دا هەیە
گرداڵ: وەک گرد و تۆز

ناونج
بەش
لۆچ: هەردوو دەست وەک پلووسک دەگرنەوەو پڕی شتێکی دەکەن
لاوێچ: پڕی لا دەستێک لە شتێک، نیوەی لۆچ
لەت؛ بەشێ لە شتێک، جاری وایە نیوەی شتێک
مست/مشت: زیاتر بۆ دانەوێڵە دەبێ بەڵام لە لۆچ/لاوێچ کەمترە
ماوە: زەمانی نە زۆر و نە کەم

زۆر:
دەلیا : دەریا
نردوو: بۆ نان
کۆش: ئاتەگ و داوێنی کراس لە هەردوو بەرەوە دەگرنەوەو پڕی دەکەن
باوەش؛ چەند شت لە شتێک بە سینگەوە دەگرن و هەردوو باسکی لە دەورە وەردێنن
قەدەر: زەمانی بڕێک زۆر


۱۲/۱۳/۱۳۹۵

مەزرا، دامەرزان ، فەرمان

کاک هەورام رەحیمی پرسیاری وشەی دامەرزان یان دامەزرانی کردوەو ئەمنیش بۆچوونی خۆم لە ژێر ستاتوسەکەیدا نووسی بەڵام بۆ ئەوەی زیاتر بکەوێتە بەر سەرنج، ئەوە لێرەش دایدەنێم:
دامەزران یا دامەرزان دوو واتای هەیە:
- ئۆقرە گرتن و ئارام گرتن
- دۆزینەوەی ئیش و کار بۆ خۆ بەڕێوەبردن
 ئەز وای بۆ دەچم کە ئەم کردارە لە وشەی "مەزرا" واتە شوێنی کشت و کاڵ، وەرگیرابێ. رەنگە زۆر کەس بڵێن مەزرا هەمان "مذرعە"ی عەرەبی‌یە بەڵام لەوەشدا ئەمن هاوڕا نیم و پێم وایە وشەکە دەچێتەوە سەر وشەی "میترا" پێغەمبەر یا خوای خۆرپەرستان. لە ئایینی میتراییدا دەڵێ؛ کە میترا هاتە سەر هەرد و لە ئەشکەوتەکە دەرکەوت، یەکەم کار گایەکی قوربانی کرد. هەر جێیەک خوێنی ئەو گایەی لە سەر پژابێ، ئەوە خاکی بە پیت و مێرگ و مەزرایە. جا ئەمن وای بۆ دەچم کە هەر دوو وشەی مێرگ (مێهر/گ) و مەزرا(میثرا) لە ناوی میترا و لەو ئەفسانە ئایینیەوە داکەوتوون. دوور لە ئاوەزە ئەگەر پێمان وا بێ دانیشتوانی وڵاتی سەرسەوزی پڕ لە مووچە و مەزرای وەک کوردستان وشەی مەزرایان لە دانیشتوانی دەشتی قاقڕ و کاکی بە کاکی عەرەبستان وەرگرتبێ. بە گشتی پێم وایە وشەی مەزرا بە پێچەوانەی ئەوە کە دەگوترێ لە "ذرع" و "مذرعە"ی عەرەبی وەرگیراوە، رەوتی پێچەوانەی بڕیوە.
 وەک دەزانین لە سەردەمی فیئودالیزمدا کە سەدان و رەنگە هەزاران ساڵ لە کوردستان درێژەی کێشا، مەزرا گرینگترین شوێنی کارکردن، بەرهەمهێنان و پەیداکردنی مووچەو بژیو بوو. هاوکات خەڵکی ئاسایی خاوەنی زەوی نەبوون و زەوی هی فیئۆدالەکان بوو. ئەوان بوون بەرامبەر بە بژیو و مووچە، کرێکار و خەڵکی ئاساییان لە سەر مەزرا دادەمەزراند و ئیش و کاریان پێ دەدان. لەوەوە کرداری دا/مەزرا/ان یان دا/مەزرا/اندن هاتە ئاراوە و دامەزرانی جوتیار لە سەر زەویی فیئودال هەردوو واتای دامەزرانی دەخۆیدا هەڵدەگرت. واتە هەم کاری دەدۆزیەوە تا مووچە و بژیوی خۆی پێ دابین بکا و هەم لە گوندێک و لە سەر زەوی و مەزرایەک ئۆقرەی دەگرت و ناچار نەبوو چیدی گونداوگوند بکا. رەنگە هەر لەبەر ئەو پێوەندیە بێ کە کردارەکە تەنیا بە پێشگری "دا" گەردان دەکرێ و لە حاڵەتی ئاسایی (مەزران یا مەزراندن) یان بە پێشگرەکانی دیکە (هەڵمەزران، تێمەزران، لێمەزران و...) نییە.
ئەی پێش میترائیسم؟
 رەنگە پرسیار بێ کە ئەگەر مەزرا و وشەگەلی پێوەندیدار دوای داکەوتنی میترائیسم کەوتوونەتەوە، ئەدی پێش ئەو کات بەرامبەری وشەی مەزرا چ بووە؟ ئەوەندەی فکرم پێی گەیی، وشەی "فەرمان" بەرامبەری وشەی مەزرا بووە کە دواتر واتای گۆڕدراوە.
فەر(فەڕ): پیت و بەرەکەت
مان: پاشگری شوێن (وەک نیشت/مان: جێگای دانیشتن)
 لە سەر یەک فەرمان واتای شوێنی بە پیت و بەرەکەت یان زەویی بە فەڕ و هاتە. وشەکە لە گەڵ "farm"ی زمانی ئینگلیزی و زمانەکانی دیکە بە هەمان واتای کێڵگە یان مەزرا و شوێنی کشتوکاڵ، هاوڕیشەیە.
 ئەوە کە بۆچی فەرمان لە زمانی کوردیدا واتای ئەمر پێ کردن و دەستوور دانی هەیە، دەگەڕێتەوە سەر هەمان سیستمی کۆمەڵایەتیی فیئۆدالی کە لەودا فیئودال لە سەر کێڵگە ئەمری بە جوتیار دەکرد و کاری پێ دەکرد.

۱۲/۱۱/۱۳۹۵

بە شوێن "فانی"ی شاعیر دا

 دەسنووسی شێعرەکەی فانی

سەبارەت بە هزر و روانگەی شێخی شەهید "بابا سەعیدی غەوسابات"، داوای زانیاریم لە دۆستی بەڕێزم موهەندیس "رەزا داوودی" کرد. ئەویش دۆستانە بە دەنگمەوە هات و کتێبێکی خۆی نایە بەردەستم کە چەند ساڵێک لەوەپێش ئامادەی کردوە. کتێبەکە کۆمەڵێک بەڵگە و زانیاریی گرینگی سەبارەت بەو کەسایەتیە مەزنەی کوردستان و بابەتگەلی دیکە دەخۆ گرتوە کە بەداخەوە هێشتا نەیتوانیوە لە چاپی بدا. لەنێو کتێبەکەدا، شێعرێکی فارسی سەرنجی راکێشام کە شاعیرێک بە ناوی "ئەحمەد" و بە ناسناوی "فانی" لە شینی "شێخ سەعید"دا نووسیویەتی؛
مسلمانان! چە آفتـــها رسید از چرخ بر کیهان
کە شد خورشید دین از ظلمت ابر سیە پنهان
 
شێعرەکە بە شێوەی دەستنووس و وەک شین بۆ شێخ بابا سەعیدی غەوسابات لەلایەن بنەماڵەی شێخانی غەوسابات پارێزراوەو بە کاک رەزا دراوە. ئەویش هەر بەو جۆرە لە کتێبەکەیدا گونجاوندوویەتی. مێژووی ساڵی ١٣٢٦ بە ژێر دەستنووسەکەوەیە کە دەبێ ساڵی کۆچی مانگی بێ. ئەو ساڵەش لانیکەم ٧ ساڵ پێش لە لەداردرانی شێخ بابا سەعیدی بەرزنجی‌یە. بەو پێیە ناکرێ ئەو شێعرە لە شینی شێخ بابادا نووسرابێ. بەڵام لەلایەکی دیکە، شاعیر لە کۆتایی شێعرەکەدا، ناوی "سەعید" و کوژرانی بێ تاوانانەی ئەوی وەک بۆنەی شێنگێڕیەکەی هێناوە:
بخون دیدە بنوشتە است "فانی" بهر تاریخش
"سعید"ی بیگنە فایز شد از وی جنت العدنان
 
کەواتە ئەو شینە دەبێ بۆ کەسایەتییەک بە هەمان ناوی سەعید نووسرابێ کە بە چارەنووسێکی هاوشێوەی شێخ بابا سەعید گیانی لێ ئەستێندراوە. هەر لەم کۆتابەیتەدا شاعیر رێکەوتی کوژرانی "سەعید"یشی بە حیسابی ئەبجەد لە میسرەعی "سعیدی بیگنە فایز شد از وی جنت العدنان"دا گونجاندوە کە دەکاتە ١٣٢٦. ئەوەش هەمان ئەو رێکەوتەیە کە بەسەر دەسنووسەکەوەیە. 

بە هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی مێژوو، بۆمان دەردەکەوێ کە دەسەڵاتی تورک لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا و بە مەودای کەمتر لە بیست ساڵ، سێ کەسایەتی بە ناوی "شێخ سەعید" لە کورد شەهید کرد. رەنگە کوردان زیاتر ناوی "شێخ سەعیدی پیران"یان بیستبێ کە لە ساڵی ١٩٢٥ بە دەستی تورکان ئیعدام کرا بەڵام دە ساڵ پێش ئەو تاوانە، شێخ بابا سەعیدی بەرزنجی لە گوندی کەرێزەی ناوچەی بۆکان لە لایەن فەرماندەیەکی تورک بە ناوی عومەر ناجی بەگ لە دار درا. حەوت ساڵ پێش ئەمەشیان، شێخ سەعیدی بەرزنجی باوکی شێخ مەحموودی نەمر لە ساڵی ١٩٠٨ لە شاری موسڵ بە فێڵ و دەهۆی تورکان شەهید کرا. ئەو ساڵەش بەرامبەرە لەگەڵ ساڵی ١٣٢٦ی کۆچی مانگی کە لە ژێر دەسنووسی شێعرەکەدا نووسراوە. 

شێخ سەعیدی بەرزنجی، کوڕی شێخ محەممەدە بچکۆڵ، نەوەی حاجی کاک ئەحمەدی شێخ و باوکی شێخ مەحموودی نەمرە. دوای کۆچی دوایی حاجی کاک ئەحمەد لە ١٨٨٧، جێگای باپیری گرتەوە و بوو بە مورشیدی خانەقای تەریقەتی گێڵانی لە شاری سلێمانی. ساڵی ١٩٠٨ لەلایەن دەسەڵاتی ئەستەموڵ بۆ شاری مووسڵ دوور خرایەوە و هەر ئەو ساڵەش بە فیتی دەسەڵاتی تورکانی عوسمانی لەو شارە شەهید کرا. بە ئەگەری زۆر بەهێز، "فانی" ئەو شینگێڕیەی بۆ شێخ سەعیدی باوکی شێخ مەحموودی بەرزنجی نووسیوە. بەڵام ئاخۆ "فانی"، شاعیری ئەو شێعرە بۆخۆی کێ‌یە؟

بە دوای دۆزینەوەی شاعیر و ئەدیبێک لە کوردستان بە ناسناوی فانی وەک خاوەنی ئەم شینگێڕییە، تووشی چەندان زانا و شاعیر بووم کە ئەو ناسناوەیان بۆ خۆیان هەڵبژاردوە. وا دیارە شاعیرانی کورد زۆریان حەز لە هەڵبژاردنی ناسناوی "فانی" بووە کە نە واتایەکی زۆر موبارەک و دڵخۆشکەری هەیە و نە بۆ ئەو زانا و شاعیرانەشمان خێری داوەتەوە. بە داخەوە "فانی"یەکان ئەوەندە کەم ناسراون کە شاعیر و شاعیرانی دوای خۆیان تەنانەت ئاگایان لە بوونیان نەبووە تا ناسناوێکی وەها بۆخۆیان هەڵنەبژێرن کە پێشتر گیراوەتەوە.

لە خوارەوە بە شوێن "فانی"، شاعیری شینگێڕیی شێخ سەعیددا، ئاوڕێکی کورت لە ژیان و بەرهەمەکانی فانی‌یەکانی کوردستان بەپێی ساڵی لەدایکبوونیان دەدەینەوە و ورد دەبینەوە تا بزانین کامیان دەتوانێ خاوەنی ئەو شینگێڕییە بێ؛  

 
١-                 مەلا ئەحمەدی نۆدشی (فانی)
یەکەمین "فانی" کە لە کتێبەکانی مێژووی ئەدیبانی کورددا ناوی تۆمار کراوە، مەلا ئەحمەدی نۆدشی‌ بە ناسناوی فانی‌ یان "فانیی نۆدشەیی‌"یە. لە ١٨١٣ لە نۆدشەی ناوچەی هەورامان لەدایک بووە. لە رێی زانست و فێربووندا ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان هەر لە پاوە تا رەواندز گەڕاوە. لە سلێمانی و سنە مامۆستا بووەو مناڵانی دەرس داداوە. بەرهەمەکانی کەوتوونەتە بەر سەرنجی کەسانی وەک شاعیری پایەبەرز مەولەویی تاوەگۆزی. ئەوەش نیشان دەدا کە فانی، زانایەکی لە زەبر بووە. حاجی مامۆستا ساڵی ١٨٨٤ی زایینی کۆچی دوایی کردوە و ئەوەش زۆر بەر لە سەردەمی ئیعدامی یەک لە شێخ سەعیدەکان و ئەو تاریخەیە کە لە حیسابە ئەبجەدەکەدا هەیە یان لە ژێر دەسنووسی شێعرەکەدا نووسراوە.

 
٢-                 شێخ فاتحی فانی
فانیی دووهەم، شێخ فاتحی فانی‌یە. مەلا حەسەنی دزڵی (١٨٥٩-١٩٤٦) نامەی لەگەڵ گۆڕیوەتەوە و لە شێعرێکدا چەند جار ناوی هێناوە:
خەیلێن سەر حەڵقەی عالی مەقامان
 شای "فانی" نامان، نامەیچش نامان!
یا:
مەواچی تالار ئەحمەد خانییەن
ئانا تەنوورەی، ئاش "فانی"یەن!
یان:
حەسەن ئەر قەوڵت ڕاســـــەن بە تاقی
 چوون "فانی" ڕوو کەر نە دەرگای باقی
بە داخەوە لەوە زیاتر زانیاریەکی زیاتر سەبارەت بە ژیان و بەرهەمەکانی شێخ فاتحی فانی لەدەستدا نییە.
 
٣-                 مەلا حوسێنی شێخ سەعدی فەیزوڵڵا (فانی)
فانیی سێهەم مەلا حوسێنی شیخ سەعدی فەیزوڵڵایە کە ناسناوی "فانی" بۆخۆی هەڵبژاردوە. لە ١٨٨٣ لە شاری هەولێر لەدایک بووە و سەد ساڵ ژیاوە. ئەگەرچی لە تافی لاویدا شێعری ئەویندارانەی وەک "دانەی دوڕە دەندانی، بە قەد سەروە، مەمەی مەی" نووسیوە، بەڵام پیاوێکی ئیماندار و لە خوا ترس بووە و زۆربەی شێعرەکانی موناجات و خواپەرەستین. لەپاڵ ئەوەدا دڵی بۆ سەربەستیی نەتەوەکەشی لێیداوە و بانگی یەکبوون و برایەتیی کوردانی کردوە. بە ناوەرۆکی شێعرەکانیدا دیارە کە حەز و ئۆگرییەکی زۆری بۆ جوغرافیا هەبووە. بەردەوام هەوڵی داوە وڵات و جێ و مەکانی زۆر لە شێعرەکانی دا بگونجێنێ:
..لە من دەپرســـن من ڕاوەستاوم
بە ماڵ و بە سەر نەوەک دەرکەنار
شوورەی پۆڵا بین بۆ حیفزی وڵات
لە چنگ ڕووسیە و ئەڵمان و بولغار
فەریاد ســـەد فەریاد برایانی کورد
وا چاخی کارە ھــاوار سەد ھاوار
               
 یان:
پەرچەمت ژاپــۆن و ئەبرۆت ئینگلیسە، نێـــوچەوان
مڵکی ســــەنغافوورە کەوتە بەینی شاخی دووبەران
تورکی کوڵمت باغی ڕەم بەحری سیای دوو زولفی تۆ
جەرمــەنی خاڵت نییە ڕێ، ڕەت بێ بۆ نێو بۆسـتان
 
شێعری زۆر ناسکی وەک ئەم بەیتەی خوارەوەشی هەیە:
ئەگەر پێت خۆشە کوردستان وەکوو جەننەت موعەتتەر کەی
بکە زولفــــــــــــــی تەڕت شانە و سەعاتێ روو بەرەو با کە
 
لە کاتی نووسرانی شێعرەکەی بەرباسی ئێمە، مەلا حوسێنی فانی تەمەنی ٢٥ ساڵان بووە. ئەوەش تەمەنێکی گونجاوە بۆ ئەوەی وەک خاوەنی شێعرەکە هەڵیبژێرین. بەڵام لەو سەردەمەدا کە هەولێر لەژێر دەسەڵاتی عوسمانیدا بوو،  کەم بوون ئەوانەی ئەوەندە شارەزای زمانی فارسی بووبن کە شێعری پێ بنووسن و شینی پێ بگێڕن. وێڕای ئەوە بۆ شاعیرێکی هەولێری چ پێویستیەک لە ئارادا نەبووە کە بە زمانی فارسی شینی کەسایەتیەکی دەڤەرەکەی خۆی بکا. لە دیوانی مەلا حوسێنی فانیشدا، نەو ئەو شینگێڕیە و نە هیچ شێعری فارسی بەرچاو ناکەوێ.
 
 
٤-      شێخ عەبدولکەریمی شێخ ئەحمەد ناسراو بە فانی
شیخ عبدالکەریمی فانی چوارەمین شاعیر و زانای کوردە کە ئەو ناسناوەی بۆخۆی هەڵبژاردوە. شێخ عەبدولکەریم کوڕی شێخ ئەحمەد، لە دایکبووی ١٨٨٥ لە گوندی خانەشۆری ناوچەی سەلاسی باوەجانیە. شارەزای زمانی کوردی بە هەر دوو زاراوەی سۆرانی و هەورامی بووە:
 
وەرە ئەی دڵ وەکـــــوو پەروانە باڵی عیشق پەیدا کە
بە دەوری شەمعی شەرعی ئەنوەرا سەد سۆز بەرپا کە
 
بە هەورامی:
دووریت ئازیـــــزم دەردی دا له دڵ
نزیکەن ئەو دەرد مـــن بەرو وه گڵ
هه‌رکەس دیدەکەت نەوینێ وە چەم
پەری دیدەنت عومــــرش مەبۆ کەم
ئێسته دیدەکەم دووره جـه دیدەت
بو ئەبـــرۆی سیای تاقه خەمیدەت
ساعەت به ساعەت شەوان تا به رۆ
بینایی دیدەم! دیدەم کەم مەبـــــۆ
 
شێخ هەروەها شارەزایەکی باشی لە زمانی فارسیدا بووە. وەک زۆرێک لە قوتابیانی حوجرەکانی کوردستان، ئەویش یەکەم جار لە خوێندنی گوڵستان و بوستانەوە فێری خوێندنەوە و نووسین بە زمانی فارسی بووە. دواتر خۆی فێری خوێندنەوە و نووسین بە زمانی دایکیی خۆی کردوە. ئەوەی خوارەوە شینگێڕیەکە کە فانیی شاعیر بە زمانی فارسی بۆ مەرگی مصطفی خانی مسعودالسلطنەی نووسیوە:
شـور محشر شد هویدا در زمین و آسمان
داغــدار و سوگوار این مصیبت مرد و زن
واله و سرگشتەی این ماجرا پیر و جوان
از تنور دیده شد بسط زمین طوفان اش
سرخ شد از جوش سیل خون دل هفت آسمان
شد پریشان خاطر مجموع اعیان زمین
گرد حسرت بر جبین بنشست ارکان زمان
کاکل زیبا رخان ببریده از تیغ جفا
سنبل زلف بتان پژمرده از باد خـــــزان
زانکه آن میـر نکو سیرت به ناحق شد شهید
وز دم تیغ عدو غلتید در خون ناگهان
در مصاف کافران مانند شاه کربلا
جان به جانان دادو از دنیای 'فانی' شد نهان
"مصطفی خان قبادی" رادمرد پاک دین
مرغ روحش شد طفیل مصطفی اندر جنان
از وفاتش سبعه سیاره بی تاب و توان
واز عذابش چشمەی چشم ثوابت خون چکان
"فایا" کنوتاە کن آه و فغان زیرا کنون
او بود آسوده خاطر در نعیم جاودان
خاصەی دست قضا بر لوح خاطر زد رقم
رمز سالش "خیمه زد بر مامن دارالامان"

شاعیر ساڵی مەرگی مستەفا خانی لە کۆتایی شێعرەکە و لە دێڕی "خیمه زد بر مامن دارالامان"دا هێناوە کە بەپێی حیسابی ئەبجەد دەکاتە ساڵی ١٣٢٧. ئەوەش ساڵێک دوای شێنگێریەکەی بەر باسی ئێمەیە. هەروەها هەڵبژاردنی قافیەی هاوشێوەی شینگێڕیەکەی شێخ سەعیدیش بۆ ئەم شینگێڕییە، جێی سەرنجە. 
 
 شێخ عەبدولکەریمی شێخ ئەحمەد (فانی) نەک هەر پێڕەوی تەریقەتی قادری بەڵکو پیر و مورشیدی خانەقای گێڵانی لە گوندی خانەشۆر و لە ناوچەی سەلاسی باوەجانی بووە. ئەوانەش نیشانەی روونن بۆ ئەوەی بە خاوەنی شێعری فارسیی شینگێڕی بۆ شێخ سەعیدی بەرزنجی بزانین. 
لە سەر یەک بەو دەلیلانەی خوارەوە بژاردەی سەرەکیی ئێمە بۆ دۆزینەوەی خاوەنی شینگێڕیەکە، شێخ عەبدولکەریمی شێخ ئەحمەد بە ناسناوی شێعریی "فانی"یە؛
الف- ئەویش وەک شێخ بابا و وەک شێخ سەعیدی بەرزنجی، پێڕەو و پیری تەریقەتی شێخ عەبدولقادری گێڵانی بووە. 
ب- شارەزای زمانی فارسی بووە و بە زمانی فارسی شێعری نووسیوە
ج- ناوی باوکی ئەحمەد بووە و رەنگە بەو هۆیە نووسەری تێکستی شێعرەکە ناوی شاعیری بە هەڵە یان ئانقەست، بە ئەحمەد فانی نووسیوە.
د. لە کاتی شەهیدکرانی شێخ سەعیدی بەرزنجیدا، لاوێکی پێگەیشتوو و تەمەنی ٢٤ ساڵان بووە. 
 
٥- مەمەند ئاغای رەسوڵ ئاغای مەرگە ١٩١٠ - ١٩٧٢
هەرچەند تا ئێرە توانیمان فانی، شاعیری شینگێڕیی شێخ سەعید بدۆزینەوە بەڵام هێشتا شاعیرێکی دیکە بە ناسناوی فانی هەیە کە ناکرێ لەم باسەدا بیبوێرین و باسی نەکەین. شاعیرێک کە دەبوو زۆر زیاتر لە لای نەتەوەکەی ناسراو و خۆشەویست بێ بەڵام ویدەچێ دەردی هەڵبژاردنی ناسناوی "فانی‌" زیاتر لە هەموان داوێنگیری ئەم شاعیرە بووبێ.

"مەمەنداغای مەرگە" یەک لە نەتەوەیی‌ترین و شۆرشگێڕترین شاعیرانی سەدەی بیستەمی کوردستانە. بەپێی تەمەنەکەی، پێشەنگی شاعیرانی نیشتمانپەروەری دوای خۆیەتی و بەپێی ناوەرۆکی شێعرەکانی، سەرمەشقی زۆرێک لە شاعیرانی هەرە بەرزمان بووە.

کەماڵ میراودەلی کە کوڕی فانی شاعیرە، زۆر درەنگ دەستی بە کۆکردنەوە و لە چاپدانی شێعرەکانی باوکی کرد. ئەو لێکۆڵینەوەیەکی درێژی سەبارەت بە هزر و روانینی فانی بۆ پێشەکیی دیوانەکەی نووسیوە و تێیدا دەڵێ؛ "...تا ئێستا تاقه‌ یه‌ک لێکؤلێنه‌وه‌ش له‌ سه‌ر فانی نه‌کراوه‌ و دیاره‌ دیوانه‌که‌شی که‌م که‌س بینیویانه‌." 
بۆ ئاستی بەرزیی هزری نەتەوەیی و نیشتمانپەروەریی فانی رەنگە هەر ئەوەندە بەس بێ کە ئەو خۆی بە قوتابیی قوتابخانەی حاجی قادر دەزانێ:

حاجى قادر شاعیرى مەشهورو دەوڵەت خواهى کورد
شیعرەکانى شاهـــــــــــــیدن بۆ فیکرو بەرزیى فیترەتى
هەروەکو باوکێکى موشفیق چۆنە بۆ ئەولادى خــــۆى
دەرحەقى کوردانى گێتى وا بوو رەحــــــــم و شیفقەتى
بۆ ئەوەى ئیرشادى کوردو نەشرى ســـــەربەستى بکا
دایە سەر شیعرو ئەدەب تا رۆژى مـــــــــــردن ئولفەتى
حاجـــــــــــــیا حەیف و تەئەسوف میللەتى نادانی تۆ
بەم هەمــــــــــــوو بەندانە جاهیل ما نەگۆڕا حاڵەتى
گەڕ لە ناو قەومێکى زانا بایە حاجـــــــــــى، بێگومان
تا زەمانى ئاخرەت دەکرا سوپاس و مــــــــــــــەدحەتى
 
مەمەنداغا ئەگەرچی پاشگری ئاغای بە دواوەیە بەڵام دژ بە ئاغاوەت و چەوساندنەوەی خەڵکەکەی، قەڵەمی ئاژۆتووە و هەڵوێستی گرتوە:
 
لاوێکى شـوانزادەیى هۆشیار و بەغیرەت
 قوربانى دەکەم سەد بەگ‌و ئاغا لەڕى بێ‌هۆش 
 
 
یان:
نە ئاغام‌و نە کوێخام‌و نە شێخم
لیباســـى مفتەخۆرانم لەبەربێ

بە خوێندنەوەی شێعرە دژ بە ئاغاوەتەکانی "فانی" زیاتر ئەو راستیەمان بۆ روون دەبێتەوە کە ئەو پێشەنگایەتی بۆ شاعیرانی سەردەمی کۆماری کوردستان بە تایبەت لە تافی کۆمەڵەی ژێکافدا کردوە. فانی لەو سەردەمەدا شاعیرێکی پێگەیشتوو و شێعرە شۆشگێڕیەکانی بۆ شاعیرانی لاوی ئەو کات سەرمەشق و رێنوێن بوون. رەنگە کەم کەس بزانێ کە سەرمەشق و ئیلهامی شێعری "دەیڵێم و بێ باکم"ی مامۆستا هێمن، شێعرێکی فانی‌یە. هەڵبەت جگە لە مامۆستا هێمن، شاعیر و ئەندامێکی دیکەی کۆمەڵەی ژێکافیش ئیلهامی لە شێعرەکەی فانی وەرگرتووە و لەسەر هەمان ڕێچکە و بابەت شێعری نووسیوە کە ئەویش مەلا ئەمجەدی عوسمانی یان "مەلامجەتی قەڵا" بە ناسناوی شێعریی "کاک"ە. روون نییە کامیان بەر لە ئەویدی سەرنجیان پەڕیوەتە سەر شێعرەکەی فانی بەڵام وەک دیارە هەردوو شاعیری موکریان وڵامی شێعری فانی‌یان نووسیوەتەوە. ناراستەوخۆش لۆمەی فانی‌یان کردووە کە  لە شێعرەکەیدا "ناوێرێ بیڵێ" بەڵام ئەوان "بە قاو دەیڵێن‌و ناترسن" یان "دەیڵێن و بێ باکن". بەڵام شێعرەکەی فانی چ لە ناوەرۆک و چ لە شێوازدا سەردەقی بۆ ئەوان شکاندوە و سەرمەشقی شێعری ئەوانە. لە راستیشدا فانی سەرەڕای هەڵبژاردنی قافیەی "دەڵێم بیڵێم و ناوێرم"، قسەی خۆی کەمتر لە کاک و هێمن نەگوتوە. 

بە گشتی فانی چ لەو شێعرەیدا و چ لە شێعرەکانی دیکەیدا، وەک شاعیرێکی ئازا و نەترس دەرکەوتووە. بەڵام جیاوازیی بۆچوون لە نێوان فانی لەلایەک و کاک و هێمن لەلایەکی دیکە، لە ناوەرۆکی شێعرەکانیاندا دەبیندرێ. بۆ وێنە لەو سەردەمدا کە سیستەمی کۆمەڵگای کوردستان هێشتا فیئوداڵی و باوی ناسیونالیزمی فیئودالی بوو، فانی، ئاغا و کرمانج وەک یەک بە کەمکاری و خراپەکاری تاوانبار دەکا بەڵام نووکی هێرشی شاعیرانی موکریان بەرەو ئاغاوەتانە. وێدەچی لەو سەردەمەدا ژێکاف بیری سوسیالیستی تێدا بەهێز بووبێ. 

پێکگرتنی ناوەرۆکی شێعرەکان بۆ کاتێکی دیکە هەڵدەگرم و لە خوارەوە هەر سێ شێعر بە جیاواز دەنووسمەوە و بە شوێن ئەودا کۆتایی بە باسەکە دێنم:


فانی: دەڵێم بیڵێم و ناوێرم

قسێکم دێتە سەر زارى دەڵێم بیڵێم و ناوێرم

لە باسى کورد و کردارى دەڵێم بیڵێم و ناوێرم

دزو جەردەو ریاکارن، نەزان‌و گێژو بێ عارن

لەگەڵ یەکتر دەڵێى مارن دەڵێم بیڵێم و ناوێرم

ئەوەى ئێستاکە زۆردارە خـەریکی جەورو ئازارە

ئەوەى بێ زۆرە غەمبارە، دەڵێم بیڵێم و ناوێرم

ئەگەر ئاغایە بەدکارە ئەگەر کوێخایە مەککارە

ئەگەر مسکێنە بێ عارە، دەڵێم بیڵێم و ناوێرم
دووسەد خەرمانی میللیەت بە یەک جۆ ناکڕێ میللەت

وەفا رۆیى ، نەما غیرەت، دەڵێم بیڵێم و ناوێرم

ئەتۆش (فانى) هەتا ماوى خودا نوتقێکى پێداوى

لەچاکەى گەل نەکەى خاوى دەڵێم بیڵێم و ناوێرم 

تێبینی: رەنگە شێعرەکەی فانی لەوە زیاتر بێ بەڵام من هەر ئەوەندەم دەست کەوت. 

 

کاک: بە قاو دەیڵێم و ناترسم


شێعری کاک لە کەشکۆڵی مەلا بابەوەیسی
 
بەڕێز ئەنوەر سوڵتانی ساخی کردوەتەوە

قسێکی دیم لە بیر ماوە، بە قاو دەیڵێم و ناترسم

لە بابەت کورد و ئاغاوە، بە قاو دەیڵێم و ناترسم

زمانم رووی لە ئاغایە، ئەڵێم بێ ترس و بێ پایە

لەگەڵ کرمانج قسەم نایە، بە قاو دەیڵێم و ناترسم

زمانی کورد دەبێ پاک بێ برای راست‌و برای چاک بێ

زمانی ماری زوححاک بێ، بە قاو دەیڵێم و ناترسم

ئەوی ئاغای موکریانە، لە سوێی قەند بوونە دێوانە

وەکوو عەبدن لە کارخانە، بە قاو دەیڵێم و ناترسم

ئەڵێن ئاغا لە خەو دایە، قسەی کوردانی لا بایە

نەسەب کوردە، عەجەمخوایە، بە قاو دەیڵێم و ناترسم

قوڕی دنیا بە سەردا کە، لە حەیفی کوردەکان "کاکە"

هەمووی هەر غەیری پێ چاکە، بە قاو دەیڵێم و ناترسم

هەتاکوو گەورە بێ باک بێ، خراپ و پاک لە لای چاک بێ

بچووک مەجبوورە غەمناک بێ، بە قاو دەیڵێم و ناترسم

کە ئاغا ساحیبی ئەملاک، نەیانبیست "اترکوا الاتراک"

دەبێ کورد رێککەون سەرپاک، بە قاو دەیڵێم و ناترسم

بە مڵک و ماڵ و زێو و زێڕ، عموومیان بوونە میلیۆنێڕ

نەیانکرد قسەیەکی خێـر، بە قاو دەیڵێم و ناترسم

هەتا سەرگەورەمان خان بێ، دەبێ کورد شوان و گاوان بێ

ئەسیری تورکی ئێران بێ، بە قاو دەیڵێم و ناترسم

ھەموو مامەش لەگەڵ ئاغا، لەسەر کوردان نەيانکوت 'نا'

نەيانکرد دوو قسەی بێجا، بە قاو دەيڵێم و ناترسم

کە مەنگوڕ بوونە سەرکردە، دەڵێن ھەر قوڕ بەسەر کوردە

ئەوی بووش، چوونە ناو پەردە، بە قاو دەيڵێم و ناترسم

ھەتا دێبوکری سەردار بێ، دەبێ کورد ڕووت و بێ کا[ر] بێ،

ئەسيری دەستی ژاندار بێ، بە قاو دەيڵێم و ناترسم

گەورک و ئێلی بەگزادە، لە ترسا بەو دڵی سادە

گەلی کورديان بەئاو دادا، بە قاو دەيڵێم و ناترسم

بەشێخ و قازی و ئاغا، کەچوون بۆ بادکوبە و جوڵفا،

چييان کرد بۆ مە؟ ماشەڵڵا! بە قاو دەيڵێم و ناترسم

بە تۆپێ چيت و بارێ قەند، لەئاغاکانی دەوڵەتمەند

ڕەشادەتيان کڕی و لێ سەند، بە قاو دەيڵێم و ناترسم

ئورووپا و ئاسيا سووڕا، بۆ کوردان سەد وەرەق گۆڕا،

نەيانکرد "امرھم شورا"، بە قاو دەيڵێم و ناترسم

کە ئاغاکان لەنێو چن، 'ھەژار ' و 'ھۆرنر' و 'گوردوون'

لەوان زۆر چاتر و وێچوون، بە قاو دەيڵێم و ناترسم

وەرن کوردان بە تەڕدەستی، بۆ ئيستيقلال و سەربەستی

بە ھەويای کەس مەکەن سستی، بە قاو دەيڵێم و ناترسم

وەرن کوردان وەکوو 'سمکۆ'، مەکەن ڕاکەن ھەتا ژينۆ

لەوێ کارتان بکەن يەک لۆ، بە قاو دەيڵێم و ناترسم

بە ياری زاتی 'حق اللە' بە ھەويا[ی] تۆم ڕەسوولەڵڵا

کە ئەمجارەش نەبين بێ شا، بە قاو دەيڵێم و ناترسم

 

هێمن: ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

ھەچێکی بێتە سەر زارم، ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

ئەگەرچی بێکەس و زارم، ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

ئەوی ئاغایە  بێکارە، جەبوون و قەڵس و لاسارە

دزی و ڕێ گرتنی کارە، ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

گەلێ بێ فیکر و ئیدراکن، گەلێ بێ خێر و ناپاکن

توخواکەی کامەیان چاکن، ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

ئەوەندە گێژو بێ ھۆشن، حەیا و نامووسێ دەفرۆشن

لەبۆ ئازادی ناکۆشن، ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

خودای ئاغاوەتان قەندە، لەبۆ قەندن ھەموو بەندە

بەحاڵی وان دەکەن خەندە، ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

نییانە بیری سەربەستی، دەکەن فەخرێ بەژێردەستی

دەڕۆن ھەروا بەرەو پەستی، ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

لە تاڵان و برۆ ئازان، لە ڕێگرتن ھەموو وریان

درۆ ناکەم بپرسە وان، ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

ئەوانەی ئێستە سەردارن، جەفاجۆن و ستەمکارن

غوڵامی پوول و دینارن، ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

بەشەو تا ڕۆژ دەکەن تەگبیر، چ مڵکێکی بکەن داگیر

چ داماوێک بکەن یەخسیر، ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

لەبەر زوڵم و جەفای وانە، وەتەن یەکبارە وێـــرانە

ھەزار خـۆزگەم بەبێگانە، ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

لەشەرم‌و شوورەیی مردم، بەخۆم من چۆن بڵێم کوردم

کە ئاغا ئابڕووی بردم، ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

منم لاوێکی بێ پەروا، لە کەس باکم نییە بەخوا

ئەگەر ئاغا لە حەپسم کا، ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

 

ژێدەر:

١-          شیخ بابا سعید برزنجی (غوث آباد مهاباد) تالیف رضا داودی

٢-          مەلا ئەحمەدی نۆدشی - کوردیپێدیا

٣-          دیوانی مەلا حەسەنی دزڵی – ماڵپەڕی ڤەژین

٤-          دانشمند و شاعر نامی ثلاث باباجانی شیخ عبدالکریم فانی خانه شوری را بشناسیم - سید حسن هاشمی

٥-          شێعرێکی نەمر مەلا ئەمجەدی عوسمانی (کاک) – ئەنوەر سوڵتانی - ماڵپەڕی بۆکان رۆژهەڵات

٦-          فانی نەمر شاعیری نەتەوەیی شۆرشگێڕ - کەمال میراودەلی

٧-          تاریک و روون – هێمن

بابەتی نوێ:

حیزب وەک سەنتەر، ستراتژیی حیزب وەک سەنتێز

سەردەمی ئێستا، سەردەمی بەئاگاهاتنەوەی هەرچی زیاتری نەتەوە بندەستەکانە. سەردەمی ‏هەوڵدانی بە کۆمەڵی کۆمەڵگا ژێردەستەکان بۆ سڕینەوەی سێبەری دا...