۶/۱۱/۱۳۹۶

بۆچوونێک لە سەر بنەچەی وشەی "مامۆستا"


مامۆستا بە کەسێک دەگوترێ کە لە خەڵکی ئاسایی زیاتر دەزانێ و لە بوارێک یان چەند بواری زانستی دا شارەزایە. پێشتر ئەم وشەیە بۆ مەلا و پیاوانی ئایینی بە کار دەهات. بەو پێیە کە ئەرکی فێرکردن، ئامۆژگاری و نەسیحەتی خەڵک بوو. دواتر وشەکە جێگای "معلم" و "مدیر"ی قوتابخانە و تەنانەت زانستگاشی گرتەوە. ئێستاش بۆ هەموو ئەوانەی سەرەوە(زانا، مەلا و معلم) بە کار دێ. یەکێک لەو رەخنانەش کە لە سەر بە کار هێنانی وشەکە هەیە، ئەوەیە کە مامۆستا تەنیا بۆ پیاوان بە کار دێ و ناکرێ بۆ ژنان و رەگەزی مێینەش بە کاری بێنین. بەڵام ئاخۆ وشەکە دە بنەڕەت دا بۆ پیاوان داڕێژراوە؟
زۆر کەس پێی وایە "مامۆستا" پێکهاتەی دوو وشەی "مام" و "وەستا"یە و زۆر کەس وای بە دروست دەزانێ کە وشەکە بە شێوەی "ماموەستا" بنووسرێ و بگوترێ. بەڵام وەک دەزانین مامۆستا و وەستا ئەگەرچی پلە و پایەی کۆمەڵایەتیان لە خەڵکی ئاسایی بەرزترە بەڵام دوو پیشەی جیاوازن. ئەرکی مامۆستا کار لە سەر گیاندارە بەڵام وەستا کار لە سەر بێ گیان دەکا. مامۆستا ئینسان یان گیانداری دیکە ڕادەهێنێ و فێر دەکا بەڵام ئەرکی وەستا بەستن و چاک کردن و چاک کردنەوەی کەرەسەیە. من پێم وایە ئەو دوانە ئەوەندەی لە باری پیشەییەوە کارەکەیان جیاوازە، لە باری بنەمای وشەکانیشەوە لە دوو بنەمای جیاوازەوە دروست بوون و پێوەندییان بە یەکەوە نییە. هەرچەند لە باری وشەسازییەوە هەردوویان بە هۆی پاشگری "ا" بوون بە بکەر. پێشم وایە بنەمای وشەی "وەستا"، لە کرداری "بەستن"ەوە چێ کراوە. ئەگەر ئەو وشەیە هەر ئێستا و لە سەر هەمان بنەما داڕێژرابا، دەبوو بە "بەستا". لە زمانی کوردی و زمانە دەستەخوشکەکانی دا گۆڕانی "و" بە "ب" زۆر بەرچاوە و پێچەوانەکەشی دەبیندرێ. وەک دەشزانین ئەرکی وەستا دروست کردن، بەستن و هەڵبەستنە. جا بەستن و هەڵبەستنی دەرگا و پەنجەرە بووبێ یان نیر و ئاموور یان هەڵبەستنی خۆگە و بەند. بەو پێیە استادی فارسی و أستاذ عەرەبی کە لە سەر بنەمای ئەو وشەیە ڕۆ نراون، لەو زمانانەدا جێگای شیاوی خۆیان وەرنەگرتووە.
بەشی یەکەمی وشەی مامۆستا، "مام"ە. مام دە زمانی کوردی دا بۆ دوو مەبەست بە کار دێ؛ مام بە مانای برای باوک، مام بۆ پیاوی پیر و بە تەمەن. ئەو وشەیە هەر وەها بە شێوەی "مامۆ"ش گۆ دەکرێ.
شێوەی کۆنتری وشەی "مام"، وێدەچێ "ئام" بووبێ و "مامۆ"ش "ئامۆ" بووە. ئەم وشەیەی دوایی لە وشەکانی "ئامۆژن" بە مانای هاوسەری برای باوک و "ئامۆزا" بە مانای کچ یان کوڕی بڕای باوک دا هەن و پارێزراون. هەروەها لە زمانی دەر و جیرانەکانیش دا دەبیندرێن. لە زمانی عەرەبی دا پێی دەڵێن "عم" کە وێدەچێ لە "ئام"ی شێوەی کۆنتری وشە کوردیەکە وەرگیرابێ. لە زمانی فارسی دا پێی دەڵێن "عمو" کە ئەوەش لە سەر بنەمای "ئامۆ" وەرگیراوە بەڵام شوێنی وشە بە عەرەبی کراوەکەی بە سەرەوەیە. شوێنی وشە کوردیەکە لە زمانی تورکی و لە وشەی "ئامجە"ش دا بە هەمان مانا بەدی دەکرێ.
بەڵام بۆچی پێمان وا بێ "عم"ی عەرەبی و "عمو"ی فارسی و "ئامجە"ی تورکی لە ئام و ئامۆی کوردی وەرگیراون و شتەکە پێچەوانە نییە؟
"ئام" لە زمانی کوردی، دە کۆمەڵێک وشەی دیکەش دا خۆی نیشان دەدا. "ئامباز" بە مانای لێک نیزیکبوونەوەی خێرا، ئامێز بە مانای باوەش، ئام بە مانای هاتن دە وشەی ئاموشۆ یان هاموشۆ دا و هەروەها "ئاما" بە مانای "هات" دە زاراوەی هەورامی دا، ئامێتن بە مانای تێکەڵاو کردن و لە ناو کۆمەڵێکی زۆر وشەی دیکەش. دە هەمووشیان دا ئاماژەیە بە لێک نیزیکبوون و وێک هاتن و وێک کەوتن. وەک دەشزانین ئەو نیزیکایەتیە دە نێوان مام و برازادا هەیە. شێوەیەکی دیکەی وشەکە لە ئامرازی "هەم"، "ئام"، "ئاو"، "هام" و "هاو" دا ماوەتەوە چ بە تەنیا و چ وەک پێشگر دە کۆمەڵێک کردار و وشەدا وەک هاودەنگ، ئاواڵ(هاواڵ، هەواڵ، هەڤاڵ)، ئامیار(هاوکار) و... رەنگە وشەی "ئاوا"ش بە مانای وێک هاتن و لێک نیزیکبوونەوە بۆ وێنە دە وشەی "ئاوایی" دا هەر لە بنەمای "ئام" وەرگیرابێ.
بەڵام شێوەی دیکەی وشەی مام و مامۆ، واتە ئام و ئامۆ زیاتر لە مەبەستەکە نیزیکمان دەکاتەوە. ئامۆ بە تایبەتی لە هەردوو وشەی "دەستەمۆ" و "نامۆ" دا پارێزراون و لە یەکەمیان دا مانای فێرکراو و لە دووهەمیان دا مانای فێر نەکراو دەدا. دەستەمۆ دەبێ کورتکراوەی "دەست ئامۆ" بووبێ و "ئامۆ"ش دەبێ بە مانای فێر کردن و فێر کران بووبێ. ئەگەر پێوەندیشی بدەینەوە بە "ئام"ی بنەمای وشەکە، ئەوە مانای لە خۆ نیزیک کردنەوە و پێچەوانەی تەرە کردن و دوور خستنەوەیە. بەو پێیەش ئەرکی ئامۆ و مامۆ فێرکردن و راگواستنی ئەزموون و ئامۆژگاریەکانی بووە بۆ وەچەی دوای خۆی تا لە باری ئەزموون و زاناییەوە لە خۆیان نیزیک بکاتەوە و بیانگەیەنێتە ئاستی خۆی. رەنگە هەر بەو هۆیەش بێ کە ئەو وشەیە بۆ پیاوانی پیر و بە تەمەن بە کار دێ وەک کەسانی خاوەن ئەزموون و زانست کە دەکرێ لێیان فێر بی و بە مامۆستایان بزانی. هەروەها لە زمانی کوردی دا وشەی "ئامک" هەیە کە جمکی "ئامۆ"یە و بە مانای پور، پلک و خوشکی باوکە. ئێستاش لە زاراوەی کرمانجیی باکوور دا "ۆ" لە کۆتایی وشەدا بۆ نێرینەیە و بە دوور نییە "ۆ"ی کۆتایی "ئامۆ" و "مامۆ" لە بنەڕەت دا ئەو دەورەی گێڕابێ.
"ئامۆ" دەکرێ بووبێ بە بنەمای کردارێک هەر بە واتای فێر کردن. لە زمانی کوردی دا وشەی "ئامۆژگار" و "ئامۆژگاری" لە سەر بنەمای "ئامۆ" داڕێژراون و هەمان واتایان هەیە. "گار" کە دە کۆمەڵێک وشەی دیکەش دا دەبیندرێ، وەک کردگار، رۆژگار و... پاشگرە و بنەمای وشەکە لێرەدا "ئامۆژ"ە. ئەو کردارانەش کە شێوەی ئێستا و داهاتوویان بە "ژ" تەواو دەبێ، لە بنەمای ئەو کردارانەن کە چاوگەکەیان بە "شتن" کۆتایی دێ. وەک؛
چاوگ – ڕابردوو - ئێستا
دارێشتن - داڕێشت - داڕێژ
ناشتن - ناشت - نێژ
کوشتن – کوشت - کوژ
بەو پێیەش دەبێ چاوگی کرداری ئامۆژ، ئاوا بووبێ؛
ئامۆشتن – ئامۆشت – ئامۆژ
بە جۆرێکی دیکەش دەکرێ ریشەی کرداری "ئامۆژ" ببینینەوە. وەک دەزانین هەردوو زمانی کوردی و فارسی یەک بنەچەیان هەیە. زۆر وشە و بنەمای زۆر کردار لە یەکێک لەو دوانەدا لە بیر چوونەوە یان کرداری دیکە جێی گرتوونەوە، بەڵام لەویدی دا پارێزراون. بەو پێیە لە زمانی فارسی دا بە دوای نیزیکترین وشە لە "ئامۆژ"ی کوردی دەگەڕێین و تووشی وشەی "آموز" دەبین کە هەم لە باری مانا و هەمیش لە باری وشە سازییەوە لە وشە کوردییەکە نیزیکە. "آموز" لە چاوگی کرداری "آموختن"ە؛ آموختن ، آموخت ، آموز. بەشێک لەو کردارانەش کە لە زمانی فارسی دا بە "ختن" تەواو دەبن، لە کوردی دا دەبن بە "شتن". وەک؛
فارسی کوردی
بیختن(بیز) - دابێشتن(دابێژ)
پختن (پز) - پێشتن (پێژ)
انداختن(انداز) - هاویشتن(هاوێژ)
ریختن (ریز) - رێشتن(رێژ)
بەو پێیەش؛
آموختن (آموز) - ئامۆشتن(ئامۆژ)
بە واتایەکی دیکە، "ئامۆ"ی بە مانای فێرکەر، راهێنەر و بارهێنەر، بە هۆی پاشگری "شتن" بووە بە کردار و لە گەڕانەوە دا وەک دەستە کردارەکانی دەستەخوشکی خۆی(...شتن)، شێوەی ئێستا و داهاتووی بووە بە "ئامۆژ".
کرداری "ئامۆشتن" بە داخەوە لە زمانی کوردی دا وشەیەکی لە بیر کراوە و کردارە تێکەڵاوەکانی "فێر کردن"، "بار هێنان" و "ڕاهێنان" جێگایان گرتۆتەوە. کاتێک لە سەر بنەمای لکاندنی پیتی "ا" بە کردار، لە کرداری "ئامۆشتن" بکەر چێ بکرێ، دەبێ بە "ئامۆشتا" (ئامۆشتن ، ئامۆشت ، ئامۆشتا). ئەو جۆرە بکەرە لە وشەی "بینا" و "زانا"ش دا دەبیندرێ بەڵام جیاوازیەکەیان ئەوەیە کە ئەو دوانەی دوایی لە سەر بنەمای شێوەی ئێستای کردارەکە (مضارع) چێ بوون لە حاڵێک دا "ئامۆشتا" و "وەستا"(وەستن[بەستن] ، وەست[بەست]، وەستا[بەستا]) لە سەر بنەمای ڕابردووی کردارەکانیان(ماضی) ڕۆ نراون و ئەوەش وێدەچێ شێوەی کۆنتری سازکردنی بکەر لە کردار بێ.
وەک پێشتر گوترا، "ئام" و "ئامۆ" شێوەی کۆنتری "مام" و مامۆ"ن. بەو پێیەش "ئامۆشتا" گۆڕانی بە سەر دا هاتووە و "ئا" بە "ما" گۆڕاوە. ئامۆشتا بووە بە "مامۆشتا". بە دوای ئەو گۆڕانەدا وشەکە لە سەر بنەمای خۆی لای داوە و هەر ئەو لادانەش بووە بە هۆی ئەوە کە بە نیزیکبوونەوە لە وشەی "وەستا" گۆڕانی بە سەر دا بێ. واتە گۆڕانی وشەکە بەو رێچکەیەدا بووە؛ ئامۆشتا – مامۆشتا – مامۆستا.
ئێستاش دەکرێ زمانی کوردی وێڕای پاراستنی مامۆستا، "ئامۆشتا"ش وەربگرێتەوە و لە جێی خۆی دا بە کاری بێنێ. وەکچۆن پێویستی بە زیندوو کردنەوەی کرداری "ئامۆشتن"یش هەیە.

بابەتی نوێ:

سوججەی سوور

لە کوردستان جۆرێک ماری ڕەنگ سووری کاڵ یان ئاڵ هەیە کە ماری سجە، سوجە یان سوججەی سوور و هەروەها "شیلە" ماریشی پێ دەگوترێ. مارەکە بێ...