۹/۲۴/۱۴۰۱

سێ مانگەی شۆڕشی ژینا

 شۆڕشی #ژن_ژیان_ئازادی سێ مانگی پڕ کردەوە. بەوەش بوو بە درێژترین، بەرینترین و هاوکات ڕادیکاڵترین سەرهەڵدانی جەماوەری دژ بە ڕێژیمی فاشیستی مەزهەبی لە ئێران. ئاگری سەرهەڵدانەکە لە دۆخی ئێستادا کز بووە بەڵام لە ماوەی ئەم سێ مانگەدا کۆمەڵێک دەسکەوتی گرینگی دەستەبەر کردووە؛

١- خەڵکی ئێران بە ڕێژیم و بە دنیایان ڕاگەیاند کە ئیدی ڕێژیمی جمهوری ئیسلامییان ناوێ.

٢- گەلانی ڕاپەڕیو وێنەیەکی کەم وێنەیان لە یەکگرتوویی و پشتیوانی لە یەکتر بۆ ڕووخاندنی ڕێژیم، لە خۆ نیشان دا.

٣- ڕێژیم لە ئاستی ناوخۆیدا تووشی تەریک مانەوەیەکی زۆر کراوە.

٤- لە ئاستی نێونەتەوەییشدا کۆمەڵێک دەسکەوتی گرینگ دەستەبەر بوون و ڕێژیمیان هیندەی دیکە تەریک خستەوە.

لە سەر یەک شۆڕش زەربەیەکی گورچووبڕ بوو لەو دەسەڵاتە درا و ئاسەواری هەمووی ئەوانە لە داهاتوودا زیاتر خۆی نیشان دەدا.

نەفسی سەرهەڵدانەکە لە داهاتوودا لە هەر شکڵ و شێوەیەکدا خۆی نیشان بدا و تەنانەت ئەگەر نەتوانێ بە بەردەوامی خۆیشی نیشان بدا، چەخماخەی شۆڕشێکی لێدا کە بە دڵنیاییەوە کۆتاییەکەی ڕووخانی ڕێژیمی فاشیستی مەزهەبی لە ئێرانە. بەڵام بۆ ئەوەی باشتر بتوانێ بەردەوام بێ دەبێ خۆی لە نێوان یەک لەو دوو شێوە خەباتەدا یەکلایی بکاتەوە:

١- یا خۆی چەکدار بکا و بە شێوەیەکی توندوتیژتر و ئاگراویتر بەرەوڕووی دەسەڵات و هێزە چەکدارەکانی بێتەوە.

٢- یان هیندەی بۆی دەکرێ خۆی لە توندوتیژی ببوێرێ و پتر پشت بە ژمارەی خۆپێشاندەران و بە هێزی جەماوەر ببەستێ.

خاڵی لاوازی سەرهەڵدان لەو سێ مانگەی ڕابردوودا ئەوە بوو کە هەوڵی دا خەباتێکی توندوتیژ بەڕێوە بەرێ لە حاڵێکدا کە چەکی هەرە کاریگەری بەرد و دار بوو. ئەوە هۆکارێک بوو بۆ ئەوەی هەم بە کردەوە خەڵکی کەمتری پێوە پەیوەست بێ و هەمیش لە توندوتیژیدا دەرەقەتی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی نەیە و تێچووی زۆر بدا. ئەوە دڵخوازی هەر دەسەڵاتێکی سەرکوتکەرە کە سەرهەڵدانێکی دەستبەتاڵ بەرەو توندوتیژی بەرێ. بۆیەش ئەم سەرهەڵدانە ئەگەر دەیهەوێ بەردەوام بێ دەبێ یان پڕچەک بێ یا پڕ حەشیمەت.

ئاڵۆزی لە دروشمەکانیشیدا ڕەنگیان دایەوە. لە حاڵێکدا “ژن ژیان ئازادی” وەک سەردەمیانەتر و مرۆڤانەترین دروشمی سەردەم، دروشمی سەرەکیی خۆپێشاندان بوو، بەشی زۆری دروشمەکانی دیکەی جنێو بوون. جنێوەکان ڕاستە هۆکاری شکاندنی ئەو پیرۆزایەتیەن کە دەسەڵات بە هۆی ئایینەوە بە دەوری خۆیدا کێشاوە بەڵام شۆڕش دەبێ بیر لەوەش بکاتەوە کە ئەگەر بیهەوێ هەموو چین و توێژە ناڕازیەکان لەگەڵ خۆی بخا و لە ئاستی نێونەتەوەییشدا پشتیوانیی سیاسیی زیاتر بۆ لای خۆی ڕابکێشێ، پێویستە پتر پەرە بە دروشمە سیاسیەکانی بدا و لە جنێوەکان دوور بێتەوە. دروشم چەکی هەرە گرینگی خۆپێشاندانە.

توندوتیژی هەروەها لە بەرامبەر توێژەکانی دەوروبەری دەسەڵاتیشدا وا دەکا کە ئەوان زیاتر بچنە پاڵ دەسەڵاتەوە. بۆ وێنە مەلاکان ئەگەر هەڵوێستی جیددیان لە دژی خۆپێشاندانەکان نەگرت شاهیدی هەڵوێستی جیددیی ئەوان بۆ پشتیوانی لە دەسەڵاتیش نەبووین. لە حاڵێکدا شۆڕشگێڕان لە دیاردەی عەممامە فڕێداندا تەڕ و ویشکیان بە یەکەوە سووتاند و بەرەو لای دەسەڵات پاڵ نران. شۆڕش دەبێ لە سەر ئەوە ساخ بێتەوە کە دەیهەوێ دەسەڵات لە مەزهەب بستێنێ نەک بە خڕ و پتوون پیاوانی مەزهەبی بکوژێ و مەزهەب بە یەکجاری لە کۆمەڵگا بسڕێتەوە کە بە دڵنیاییەوە تێیدا سەرکەوتوو نابێ.





۸/۱۲/۱۴۰۱

کۆمارە کەم تەمەنەکانی شۆڕشی ژینا

تاهیر قاسمی

 لە ڕۆژەکانی سەرەتای سەرهەڵدانی دوای مەرگی ژینا، بابەتێکی سەرنجڕاکێش سەبارەت بەو لاوەبەشدارانەی کە داینامۆی سەرەکیی ئەو خۆپێشاندانانەن، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەستاودەستی دەکرد. بابەتەکە ناوی کەسی بە سەرەوە نەبوو بەڵام خۆی وەک باوکی لاوێکی هاوتەمەنی ئەو لاوانە ناساندبوو. بەڕواڵەت لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی بوو. لە نێوەرۆکدا ئەو لاوانەی وەک وەچەی ئینترنێت و گەیم و یاریی کۆمپیۆتێری پێناسە کردبوو. 

بەپێی بابەتەکە ئەوان کەمتر وەک مرۆڤی ئاسایی و زیاتر وەک مرۆڤێکی بێ‌ڕۆح و وەک ڕۆبۆت بەشداریی لە سەرهەڵدانەکاندا دەکەن و شەهیدبوونیشیان لە ڕوانگەی خۆیانەوە هەروەک کوژرانی کاراکتەرێکی ناو گەیم و یاری وایە. ڕەنگە هەر ئەو بابەتە و ئەو ڕوانینە بوو کە دواتر وەک ڕوانگەی حکوومەتی لەسەر کۆی شۆڕشەکە و ئەو توێژە پێشڕەوەی خۆپێشاندانەکان لە زمان کاربەدەستانی ڕێژیمەوە خۆی نواند. یان ڕەنگە بابەتەکە هەر لە بنەڕەتدا لەلایەن دەزگای پڕوپاگاندای کۆماری ئیسلامییەوە نووسرابوو بۆ ئەوەی خۆپێشاندەران لە مرۆڤی ئاسایی و لە خەڵک هەڵاوێرێ و لە ئاکامدا سەرهەڵدان و شۆڕشەکە بە کارێکی منداڵانە، "ماجەراجوویانە" و بێ‌ئامانج لە قەڵەم بدا.

سروشتی سەرهەڵدان و شۆڕشەکان وایە کە لاوان داینامۆی سەرەکیی سەرهەڵدان و بەرەوپێشچوونن. لە ئاکامیشدا زیاترین خوێن و قوربانی پێشکەش دەکەن. ئەوەش لە سروشتی لاوان خۆیان‌دایە. تایبەتمەندیی مرۆڤ وایە کە تا تەمەنی زیاتر هەڵدەکشێ، خۆپارێزتر دەبێ و هاوکات هێز و وزەی لاوانەش، بە هەڵکشانی تەمەن کز و کزتر دەبێتەوە. ئەوەش پێوەندی بە سەردەمی ئینترنێت یان گەیم و یاریی کۆمپیۆتێرەوە نییە. پێشتریش وا بووە و دواتریش هەر وا دەبێ و شۆڕشی ژیناش لەوە بەدەر نییە.

ئەم وەچەیەی کە ئێستا لە شەقامەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا پێشەنگایەتیی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان دەکا وەچەی لە دایکبووی دەیەکانی حەفتا و هەشتای هەتاوییە کە تەمەنیان لە نێوان پازدە بۆ بیست و پێنج ساڵ‌دایە و لە باری کۆمەڵناسییەوە بە وەچەی Zیش بە ناوبانگە. حاشاهەڵنەگرە کە ئەوان وەچەی سەردەمی پەرەگرتنی کۆمپیوتێر و گەیم و ئینترنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانن، لێ ئەو ئامرازانە نەک هەر ئەو لاوانەیان نەکردووە بە مرۆڤی بێ‌ڕۆح و ڕۆبۆت بەڵکوو لێکۆڵینەوەیەکی سەرەتایی و لە دووریشەوە ئەوە دەردەخا کە بەپێچەوانە ئەوانە ئەوانیان کردووە بە وەچەیەکی زۆر تێگەیشتوو و لە وادەی خۆیان پێگەیشتووتریش. بە داخەوە بارە ئەمنیەتییەکە ئەوەندە قورسە کە مرۆڤ لە دوورەوە نازانێ کێ لەو خۆپێشاندانانەدا بەشدارە و پێکهاتەکەیان چۆناوچۆنە بەڵام هەر ئینترنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەو ئیمکانەیان پێک‌هێناوە کە دوای شەهیدبوونی هەر خۆپێشاندەرێک، سەرەتایەک لە بیرکردنەوەی، ئاستی زانیاری و چۆنیەتیی ژیانی بزانین. بۆ وێنە شەهید پەیمان منبەری تەمەن ٢٥ ساڵ کە لە بنەماڵەیەکی تێکۆشەردا لەدایک بووە و لە کاتی پشتیوانی لە ڕێفراندۆمی باشووری کوردستانیشدا جارێک دەستبەسەر کرا، پێش ئەوەی کە ڕۆژی شەممە ١٦ی ڕەزبەر لە خۆپێشاندانەکانی سنەدا شەهید بێ، لە ژێر تیتری "ئەوە دەبێ بە باشترین شەممەی مێژوو" لە ستۆریی ئینستاگرامەکەیدا ئاوای نووسی:

ناڕەزایەتی دەردەبڕین

مان دەگرین

تەنانەت وەک خۆیان دەڵێن

تێک‌دەدەین

ئاژاوە دەگێڕین

کەسێ کە بێتە سەر ڕێمان

بەرەنگاری دەبینەوە

با بریندار بین

با شەهید بین

شەقامەکانی شاریان لێ دەکەین بە دۆزەخ

تا گەیشتن بە سەربەستیی یەکجارەکیی خەڵکەکەم

بنەماڵەکەم و شارەکەم

بەردەوام دەبم.

 

هێندێکیان پێش ئەوەی شەهید بن، هەستی خۆیانمان بە شێعری شاعیرێک لە ئەکاونتەکانیاندا بۆ بە جێ دەهێڵن. کۆپلەیەک لە شێعری "تا نیوەی ڕێگە هاتووین"ی عەبدوڵڵا پەشێو، دوا ستۆریی شەهید زەکەریا خەیاڵی تەمەن ١٦ ساڵ پێش شەهید بوونی بوو:

تا نیوەی ڕێگە هاتووین
بیر لە چی دەکەنەوە؟
تازە بۆ کوێ؟ بۆ دواوە؟ !
دە تەماشای دواوە کەن،
چ شوورەیەک بە هێسکی
شەهیدان هەڵچنراوە!

 

شەهید شاهۆ خزری بە بەیتێک شێعری "لە بەندیخانە"ی قانعەوە بەرەو پێشوازی مەرگ چوو:

"گەر بە ئازادی نەژیم مردن خەڵاتە بۆ لەشم

نۆکەری و سەر دانواندن کاری نامەردانەیە"

 

دیارە هەموو ئەوانەی کە بەشدارن یان شەهید دەبن ئۆگری شێعر و ئەدەبیات نین بەڵام زۆربەی هەرە زۆریان بە جۆرێک هەستی پاکیان لە ئەکاونتەکانیاندا ڕەنگی داوەتەوە. شەهید سمکۆ مەولوودی دوا جار سروودی "بە تەنیا جێم مەهێڵن"ی هونەرمەند "عەلی عابدی" گوتەوە کە سروودی کاتی ناشتن و یادی چلەی ژینا بوو. شەهید فەرجاد دەروێشی بە جامانە و جلی پێشمەرگانەوە وێنەی بەجێ هێشت.

 

شایەتیدانی بنەماڵەی شەهید لەنێو ئەم دۆخە ئەمنیەتییەدا کە کۆماری ئیسلامی پێکی هێناوە، ڕێگایەکە کە دوای شەهیدبوونیان،  بتوانین سەرەتایەک لە ڕوانین و بیرکردنەوەی شەهیدەکان بزانین. باوکی شەهید ڕەزا شەهپەرنیا لە چلەی مەرگی کوڕەکەیدا گێڕایەوە؛ ئەو هەم زۆرانباز بوو و هەم حافزی قورئان. پێم گوت؛ مەچووە نێو ئەم ئاڵۆزییە. خۆ من کەسم نییە، تۆ لە جێگای باوک و برامی. پێی گوتم؛ باوکە! ئەمە چ قسەیەکە تۆ ئەیژی؟ مەهساش هەر یەک دانە بوو. ئەگەر خوێنێک نەڕژێ، شۆڕشێکیش ڕێک ناخرێ!

 

بنەماڵە زۆر جار سەرچاوەی هزر و بیری ڕۆڵەکانیانن. ئەوە تەنیا باوکی شەهید ڕەزا شەهپەرنیا نەبوو کە لە چلەی مەرگی ئازیزترین کەسیدا شۆڕشگێڕانە هاتە سەر گۆڕی ڕۆڵە شەهیدەکەی. تا ئامادەکردنی ئەم بابەتە لە سەقز بنەماڵەی شەهید فەرەیدوون مەحموودی، لە دیواندەرە بنەماڵەی شەهید فوئادی قەدیمی، لە قەسری شیرین بنەماڵەی شەهید ئەفشینی ئاشام، لە سنە بنەماڵەی شەهید سارینا ساعێدی و لە شائاباد بنەماڵەی شەهید سەعید محەممەدی شۆڕشگێڕانەترین بۆنەیان لە کاتی ناشتن یان لە چلەی شەهیدەکانی ئەم شۆڕشەدا پێک‌هێنا و بۆنەکەیان کرد بە مەیدانێکی دیکەی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ دەسەڵاتی کۆنەپەرەستی کۆماری ئیسلامی. بنەماڵەی شەهید پەیمان مینبەری لە سنە بە سروودی ئەی ڕەقیب تەرمی ئازیزی ڕۆڵەکەیان ناشت. لە مەهاباد سەرجەم شەهیدەکان بە سروودی ئەی ڕەقیب نێژران و بە سروودی ئەی شەهیدان ماڵاواییان لێ کرا. لە سەر داوای بنەماڵەی شەهید کوبڕا شێخە، سروودی "شەهید" لە بڵیندگۆی مزگەوتی سەعدیی مەهابادەوە بڵاو کرایەوە. هاوسەری شەهید فریشتە ئەحمەدی بە شانازییەکی گەورەی زانی کە ئیدی ناویان چووە ڕیزی بنەماڵەی شەهیدانەوە و ماڵی باوکی شەهید فریشتەش لافیتەیەکی گەورەیان بە هەیوانی ماڵەکەیانەوە هەڵواسی و شەهیدبوونی کچەکەیان لە خەڵکی سەردەشت و سەرجەم گەلەکەی پیرۆز کرد.

 

بەڵام لە نێو ئەو شەهیدانەدا، ناو، ژیان و شەهیدبوونی لاوێکی مێرمنداڵ زۆر سەرنجی ڕاکێشا؛ شەهید کۆمار دەرئۆفتادە. ناوی کۆمار بە تەنیاش جێگای سەرنج و تێفکرین بوو کە باوکی کۆمار لە کاتی ناشتنەکەیدا زۆر زوو وڵامی پرسیاری نەکراوی خەڵکی دایەوە؛ "کوڕەکەم لە ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژ [ڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان] لە دایک بوو، بۆیە ناوم لێنا کۆمار". کاک حەسەن دەرئۆفتادە لە خۆشەویستیی کۆماری کوردستاندا ناوی لە کوڕەکەی نا. کۆماریش وەک کۆماری کوردستان تەمەنی کەم و زۆر زوو شەهید بوو. بەڵام ئەویش لە دوای خۆی کۆمەڵێک یادگاریی وردیلە و شیرینی بۆ بە جێ هێشتین. لە ئاڵبۆمی وێنەکانیدا، کوڕێکی جوانی کورد و پڕ لە هەستی کوردانە دەبیندرێ. وێنەیەکی پێمان دەڵێ کۆمار هێشتا دە ساڵانەیە کە لە گوندی قاسملوو، لە نیزیک ماڵی باوکی قاسملووی ڕێبەر، بە جلی کوردییەوە ڕاوەستاوە. وێنەکانی دیکەشی بە جلی کوردییەوە دەربڕی شوێنەواری ئەو ناوەن کە بنەماڵەکەی بۆیان هەڵبژاردووە و ئەو هەستەن کە مام و ئامۆزاکانی لە ڕیزەکانی پێشمەرگایەتییەوە پێیان داوە و دایکی کە دواجار لە ڤیدیۆیەکیدا ئاڵا و جامانە بە سەر گۆڕی نەمامە شەهیدەکەیدا دەکێشێ.

کۆمار لەو تەمەنە کەمەدا خۆی فێری نووسینی کوردییەکی پاراو بە بنزاراوەیەکی دوورتریش کردووە. ستۆریەکانیشی هەڵگری ئەو هەستە پاکەن. وەرگێڕاوی شێعرێکی "نەزار قەببانی" کە ڕەنگە لە فارسییەوە وەریگێڕابێ لە یەکێک لە ستۆریەکانیدا سەرنج ڕادەکێشێ:

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان هاوشێوەی 

چاوەکانی سەرنجڕاکێشی تۆ

 دروست کردووە

بە پەرۆش

خەمبار 

ماندوو

و جوان 

لە ستۆرییەکی دیکەیدا ڕەنگە بە ئیلهام لەو شێعرەی نزار، ئازار و نەهامەتییەکانی مرۆڤێکی کورد کە بەردەوام لە گەڵ مەرگ بەرەوڕوویە ڕەنگی داوەتەوە. لەوێدا مەرگی بە پێشمەرگایەتی، بە دیلی، لە خۆپێشاندان، لە کاتی کۆچ و لە کۆڵبەریدا وێکڕا وێنا کراون و هەستی شۆڕشگێڕانە، ئازادیخوازانە و کوردانەی خۆی تێدا دەربڕیوە:

ئێمە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستین

هێندێکمان لە جەنگ(دا) ئەکوژرێین

هێندێکمان لە بەندیخانە

هێندێکمان لە شەقام ئەمرین

هێندێکمان لە دەریا(دا) نوقم ئەبین

تەنانەت کەژە بەرزەکانیش

تۆڵەی تەنیاییان لە ئێمە ئەکەنەوە

چون ئێمە کارمان مردنە

 

ئەو نموونانەی کە لەم بابەتەدا باسیان کرا تەنیا مشتێ لە خەرمانی دەوڵەمەندی ئەو لاوە کەم تەمەنانەن کە بە ئازایی و زاناییەوە پێشەنگایەتیی ئەو شۆڕشە دەکەن و لە پێناویدا خوێن دەدەن و قوربانی دەبن. ئەوان نەک هەر لە ناو کۆمپیوتێر و گەیم و یاریی کۆمپیۆتێریدا نوقم نەبوون و نەک هەر شۆڕشەکەیان بە گەیم ویاری نازانن بەڵکو ڕێگای خەباتی خۆیان زۆر بە زانایی هەڵبژاردووە و زۆر بە ئازاییەوە بەرەو شەقام و ئەگەری بە هێزی بەرەوڕوو بوونەوە لە گەڵ مەرگ دەچن. بۆیەشە تا کاتی نووسینی ئەم بابەتە، ئەوە نیزیک بە پەنجا شەو و پەنجا ڕۆژە کە بە گژ یەکێک لە فێڵبازترین، بێ بەزەییترین و بێ حەیاترین دیکتاتۆرەکانی سەردەمدا چوونەتەوە و کۆڵیان نەداوە و شەقامیان چۆڵ نەکردووە. ئەو یادگارانەی ئەوان بۆمانیان بە جێ هێشتووە پێمان دەڵێن کە بۆ لاوانی ئێران ئازادی و بۆ لاوانی کورد ئازادی و مافی نەتەوایەتی لە سەرەوەی هەموو ئەو خواستانەن کە بۆی تێدەکۆشن. هەر بەو جۆرەی کۆماری مێرمنداڵ لە یەکێک لە دوا ستۆرییەکانیدا وەک مامۆستایەکی ئەم شۆڕشە بۆمانی نووسی؛ 

"لە هەموو شت زیاتر، ئازادیتان خۆش بوێ".


لە ژمارە ٨٣٤ی "کوردستان"دا بڵاو کراوەتەوە



 

۷/۱۴/۱۴۰۱

مانگرتن ڕێگایەک بۆ شکاندنی شکۆی دیکتاتۆر

 لە ماوەی دوو هەفتەی سەرەتای ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکانی خەڵکی ئێراندا، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کورستان وێڕای پێشەنگایەتییان لە خۆپێشاندان و هاتنە سەر شەقام، دوو جاریش بە داخستنی دووکان و بازاڕەکان بەشداری ئەم ناڕەزایەتیانە بوون. جاری یەکەم لە سەر بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و حیزبەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە هەمبەر کوژرانی ناجوامێرانەی ژینا ئەمینی بە دەست جەللادانی گەشتی ئیرشادی کۆماری ئیسلامی بوو. ئەو مانگرتنە وێڕای نیشاندانی ئاستی تووڕەیی خەڵکی کوردستان لەو کردەوەیەی کۆماری ئیسلامی و هاودەنگییان لە گەڵ حیزبەکانی خۆیان، بوو بە هۆی ئەوە کە ناڕەزایەتییەکان لە سەقزی شاری ژیناوە بە هەموو کوردستان و لە کوردستانیشەوە بە پانتایی هەموو ئێران بڵاو بێتەوە. بە جۆرێک کە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان بە شێوەیەکی کەم وێنە هەموو جوغرافیای ئێرانی گرتەوە. قورسایی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بە ڕادەیەک بوو کە کۆماری ئیسلامی بۆ ڕزگار کردنی خۆی لە چنگ خەڵکی بە زاڵەهاتوو، پەنای بۆ هەموو فرت و فێڵێک برد. یەک لەوانەش هەڵخڕاندنی هەستی ئێرانییەکان بە "لە مەترسی کەوتنی سنوورەکان" و قاودانی مەترسیی دابەش کردنی خاکی ئێران لە لایەن حیزبەکانی کوردستانەوە بوو. بۆ ئەوەش دەستی بە تۆپباران، هاژەک باران و درۆن بارانی بنەماڵە ئاوارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بنکەی حیزبەکان لە باشووری کوردستان کرد. لەو هێرشە نامرۆڤانەیەدا بە داخەوە ژمارەیەکی زۆر لە پێشمەرگە و ئەندامانی بنەماڵەکان شەهید و بریندار بوون و زیانێکی زۆر بەر ماڵ و ژیانی ئاوارەییان کەوت. بە پێی بانگەوازی ناوەندی هاوکاری و حیزبەکانی دیکە، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕۆژی ٩ی ڕەزبەردا بۆ جارێکی دیکە دووکان و بازاڕیان داخستەوە و بێزاریی خۆیان لەو کردەوەیە و لە کۆی کۆماری ئیسلامی دووپات کردەوە. لە سەر بانگەوازی بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئەم جارە مانگرتن و داخستنی بازاڕ تا ڕادەیەک پەلی بۆ شارەکانی دیکەی ئێرانیش هاویشت. بەشێک لە دووکانداران و بازاڕیانی تاران، ئیسفەهان، ڕەشت و هێندێک شوێنی دیکەی ئێران دژ بە سەرکوتی خۆپێشاندانەکان و بۆ هاودەردی لە گەڵ خەڵکی کوردستان دووکان و بازاڕیان داخست. هاوکات سەرەتایەک لە مانگرتنی کرێکارانی کۆمپانیای نەوتی ئێرانیش هاتە ئاراوە. ئەوە وێڕای مانگرتنی مامۆستایانی قوتابخانەکان لە بەشێک لە شارەکانی کوردستان و لە پارێزگای فارس.

وەک چۆن کورد هەر لە سەرەتاوە پێشەنگی ئەم ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانانە بوو، هەردوو جاری ئەم مانگرتنانەش گوڕ و تینێکی نوێیان بۆ خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە ئاستی ئێران دایەوە و نیشانیان دا کە چۆن خەڵکی کوردستان لە باری خەبات و تێگەیشتنی سیاسییەوە چەند هەنگاوێک لە پێش خەڵکی ناوەند و بەشەکانی دیکەی ئێرانەوەن.

 ئەو تێگەیشتن و ئەزموونەی خەڵکی کوردستان لە خەباتی سیاسی و مانگرتن، بە شێوەی کۆنکرێت بۆ خەباتی گەلی کورد لەم دوو دەیەی دواییدا دەگەرێتەوە. ئەگەرچی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دوای تیرۆری دوکتور سادقی شەرەفکەندی هەوڵی دا لەو شێوازەی خەبات کەلک وەرگرێ بەڵام باری قورسی خەبات لە سەر خەڵکی کوردستان، سەرکوتی زۆری خەڵک لە لایەن کۆماری ئیسلامی، تاقی نەکرانەوەی ئەو شێوە خەباتە تا ئەو کات و مەترسیی خەڵک لە نەگەیشتنی هاواریان بە گوێی دنیا بەشێک لەو هۆکارانە بوون کە ئەو کات مانگرتن سەرکەوتوو نەبێ. بەڵام ساڵی ١٣٨٤ لە نێو ئەو سەرهەڵدانەدا کە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە کوژرانی شوانەی سەید قادر بە دەستی پاسدارانی کۆماری ئیسلامی هاتە ئاراوە، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە هەمبەر سیاسەتی تیرۆر و کوشتنی کۆماری ئیسلامی، لە ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕ، شازدەهەمین ساڵڕۆژی تیرۆری دوکتور قاسملووی مەزن دووکان و بازاڕەکانیان داخست. سەرەڕای گوشار و ئازاری کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بازاڕیان و دووکانداران، ئەم ڕەوتە تا چەند ساڵ دواتریش بەردەوام دووپات دەکرایەوە. بەڵام گوشاری زۆری کۆماری ئیسلامی لە لایەک و ناهومێدیی خەڵک بە هۆی لێکترازانی ڕیزەکانی حیزب، بەرەبەرە ئەو شێوە خەباتەی بەرەو کاڵبوونەوە برد. دوای ئیعدامی فەرزادی کەمانگەر و هاوڕێکانی لە ١٩ی بانەمەڕی ١٣٨٩ی هەتاوی، خەڵکی کوردستان جارێکی دیکە بێزاری و ناڕەزایەتیی خۆیان لە کۆماری ئیسلامی بە داخستنی دووکان و بازاڕەکان دووپات کردەوە. دوا جاریش هاژەکبارانی بنکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ کە بوو بە هۆی شەهید بوونی حەڤدە کەس لە ڕێبەران و تێکۆشەرانی حیزب و هاوکات سێ زیندانیی سیاسیش لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی لە دار دران، تووڕەیی زۆری خەڵکی کوردستانی لێ کەوتەوە. لە سەر بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و پشتیوانیی حیزبەکانی دەرەوەی ناوەند مانگرتنێکی سەراسەرییان بەڕێوە برد. مانگرتن لە کوردستان ئیدی بووە بە نەریت و بە شێوە خەباتێکی زۆر ئاشنا لە دەست خەڵکدا. هەر دوو مانگرتنی دوایی دەریانخست کە لە باشووریترین شارەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە تا باکووریترینیان، بەو شارانەشەوە کە لە نێوان کورد و نەتەوەکانی دیکەدا هاوبەشن، لە کاتە پێویستەکاندا بە پیر بانگەوازی حیزبی دێموکرات و حیزبەکانی دیکەوە دێن و خەڵک لەو ڕێگایەوە هاوپێوەندیی خۆیان لە گەڵ حیزبەکانی خۆیان و نەفرەتیان لە کۆماری  ئیسلامی و کردەوەکانی دەردەبڕن.

مانگرتن بە شێوەی داخستنی بازاڕ و نەچوونە سەر کار لە ئاستێکی لۆکاڵی و ناوچەییدا، شێوەیەک لە خەباتی مەدەنی و لە ڕاستیدا جۆرێک خەباتی پێچەوانەیە. بەو واتایە کە خەڵک کارێک ناکەن کە دەسەڵات حەزی لێیە و بەم جۆرە بێزاری و ناڕەزایەتیی خۆیان لە دەسەڵات و لە کردەوەکانی، بە گوێی کاربەدەستانی حکوومەت و لە ڕێی مێدیاکانەوە بە دنیا ڕادەگەیەنن. بەڵام مانگرتن لە ئاستێکی گشتگیرتردا دەسکەوتی زۆر زیاتری بە دوادا دێ.    

ئێرانییەکان ئەگەرچی ئەزموونی لاواز کردن و لە عەرز دانی دەسەڵاتی پاشایەتییان لە رێگای مانگرتن و داخستنی بازاڕ لە ساڵی پێش ئینقلابی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویدا هەیە بەڵام ئەو کاتیش بازاڕ تا ڕادەیەکی زۆر لە دەست ئەو ڕەوتانەدا بوو کە دواتر کۆماری ئیسلامییان پێک هێنا. لەو کاتەوە ڕێژیم بە درێژایی پتر لە چوار دەیە تەمەنیدا، تا ڕادەیەکی زۆر چەکی داخستنی بازاڕی لە دەست خەڵک دەرهێناوە. یەک لە دەسکەوتەکانی سەرهەڵدانی ژینا، دەرکەوتنی نیشانە سەرەتاییەکانی پەیوەست بوونی شارەکانی دیکەی ئێران بە خەباتی مانگرتنی خەڵکی کوردستانە. دوای دەسپێک و پەرە گرتنی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان، مانگرتنێکی گشتگیر و بەردەوام، قۆناغێکی گرینگ و چارەنووسسازە لە ڕەوتی ڕووخانی ڕێژیم. مانگرتنی سەراسەری ناڕەزایەتییەکان بە ناخی کۆمەڵگادا شۆڕ دەکاتەوە و گشتگیرتری دەکا و چین و توێژی زیاتری پێوە پەیوەست دەکا. هەروەها ڕێژیم لە باری ئابوورییەوە لاواز دەکا. بە تایبەتی ئەگەر مانگرتن بوارەکانی گواستنەوە و خزمەتگوزاریی وڵات بگرێتەوە دەتوانێ دەوڵەت بە یەکجاریی نوقوستان بکا لە کاری بخا. بەڵام لە حاڵەتی ئاساییشدا لاوازیی ئابووری دەبێتە هۆی بچووکتر بوونەوەی دەوڵەت تا ئاستێک کە بە زەحمەت بتوانێ مووچەی کارمەندەکانی بە تایبەت بەکرێگیراوان و هێزە سەرکوتکەرەکانی بدا. بەڵام بێ لەوە، مانگرتنی سەراسەری لە باری سیاسییەوە هەیمەنە و ئیقتداری دەسەڵات تێکدەشکێنێ. لەو قۆناغەدایە کە دانگەڕێز کردنی هێزە چەکدارەکان دەست پێ دەکا و ڕێژیم لە باری سەربازییەوە تووشی داڕمان دەبێ. داڕمانی سەربازی، ئیزۆلە بوونی دەسەڵاتی لێ دەکەوێتەوە و حکوومەت بچووک و بچووکتر دەکاتەوە. ئیدی خەڵکیش زیاتر ترسیان لە دەسەڵات دەشکێ و دوای ئەوە ڕاپەڕینێکی چەکداری و تەنانەت بە بەرد و تێڵاش دەتوانێ تەخت و بەختی جەماران و هەر حکوومەتێکی دیکتاتۆر بە یەکجاری تێکەوە پێچێ و ئەو پەڵە نەنگە لە داوێنی مرۆڤایەتی بشواتەوە.

قوتابیانی ئێران لە نێوان دوو سرووددا


لە دوا ساتەکانی کۆتایی سەدەی چواردە و چەند سەعات بەر لە نەورۆز و هاتنی ساڵی نوێی ١٤٠١ی هەتاوی، دەزگای پڕوپاگەندای کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستیان بە نیشاندان و بڵاو کردنەوەی سروودێکی سەرنجڕاکێش کرد؛ سەدان منداڵی قوتابخانە، کیژۆڵە بە چارشێو داپۆشراوەکان لە لایەک و کوڕیژگەکان لە لاکەی دیکە، لە حەوشەی مزگەوتێکی گەورە کۆ کرابوونەوە، پیاوێکی ڕیشدار لە نێوەڕاستیاندا گۆرانییەکی بۆ دەگوتن و ئەوانیش بۆیان دەستاندەوە؛ سەلام فەرماندە!

سڵاو فەرماندە لە ڕواڵەتدا بۆ ئیمامی زەمان نووسرابوو بەڵام لە نێوەرۆکدا پێداهەڵگوتن بە عەلی خامەنەیی‌ بوو؛ "سەید عەلی لە دایکبووانی دەیەی نەوەدی خۆی بانگ کردووە..". بەو هیوایە کە کۆماری ئیسلامی و ماڵی خامەنەیی بتوانن بەو سروودە منداڵانی ئێران زیاتر بە ئایدۆلۆژیای کۆماری ئیسلامی و بە پیرۆز کردنی "سەید عەلیی خامنەیی" ڕابێنن. دەزگای پڕوپاگەندای ڕێژیم وێڕای سەدان و هەزاران جار بڵاو کردنەوەی ئەم سروودە لە تلویزیۆن، ڕادیۆ، بڵیندگۆی قوتابخانەکان و شوێنە گشتییەکانی دیکە، پارێزگا بە پارێزگا و شار بە شار سروودەکەیان گێڕا و منداڵانیان بۆ گوتنەوەی ڕاهێنا. بە چەندان زمانی وەک ئینگلیزی، تورکی، عەرەبی و ئۆردو و.. تەرجەمەیان کردەوە و لە وڵاتانی دواکەوتوودا، منداڵانی هەژاریان بە کرێ گرت تا کۆڕی گوتنەوەی سروودەکەیان لێ ساز بکەن و وا بنوێنن کە گۆرانییەکەی "سەید عەلی" بە جیهانی بووە. تەنانەت نوسخەیەکی بە ڕواڵەت کوردیشیان لێ ساز کرد کە زیاتر وەک تێخزاندنی چەند وشەی کوردی لە تێکستە فارسیەکە دەچوو تا وەرگێڕانی دەقێک بۆ سەر زمانی کوردی. بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو تێچوویە، "سەلام فەرماندە" وەک سروودێکی حکوومەتی مایەوە و بە زەبری پیاوانی حکوومەت و تەماح و فریودان نەبێ نەگوترایەوە و بە شێوەی خۆڕسک هەرگیز بۆ ناو دڵی کۆمەڵگا و بۆ ناو پۆلی قوتابخانەکان شۆڕ نەبۆوە. سەلام فەرماندە لە ڕاستیدا گوڵێکی نایلۆنی بوو کە قوتابیان لە بەرۆکی خۆیان نەدا. بوو بە بابەتی گاڵتەجاڕی خەڵک و تەنانەت بەشێک لە کچان و کوڕانی بەرپرسانی ڕێژیمیش. بە سەدان نوکتە و تەنز و گاڵتەیان لە "سەلام فەرماندە" ساز کرد و لە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویان کردەوە.

                                         ***

بە دوای کوژرانی کچی کورد ژینا ئەمینی بە دەستی گەشتی ئیرشادی کۆماری ئیسلامی و لە گەڵ دەسپێکی ناڕەزایەتییەکان، ئێرانییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا، بە ئاوێتە کردنی ژان و ئازارەکانی خۆیان و کۆمەڵگاکەیان، هاودەردیی خۆیان دژ بەو جنایەتەی کۆماری ئیسلامی دەربڕی. ئەو دەرد و ئازارانەی کە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی پتر لە چل ساڵ تەمەنی نگریسیدا بە سەر کۆمەڵگا و بە سەر تاک بە تاکی خەڵکی ئەو وڵاتەیدا هێناوە. ئەو ئازارانە کە وێڕای هاشتاگی ژینا ئەمینی لە لایەن بەکارهێنەرانی تویتێر بڵاو دەکرانەوە، تا کاتی نووسینی ئەم بابەتە لە دووسەد میلیۆنی تێپەڕاندووە؛ یەکێ لە پێناو ئەو کاتانەی کە نەیتوانی بە ئازدی خۆشەویستەکەی ڕامووسێ و ئەویدی لە پێناو خوشکی و خۆشکەکانیدا کە لە ژێر چەپۆکی حیجابی زۆرەملێدا گەورە بوون، یەکێ بۆ گۆڕینی مێشکە ڕزیوەکان و ئەویدی بۆ ئەو باوکەی کە لە بێ دەرەتانیدا شەرمەزاری بنەماڵەکەی بوو و پشتی لە ژێر باری نەبوونیدا چەمایەوە، یەکێ لە تاسەی ژیانێکی ئاساییدا و ئەویدی بۆ ئەو منداڵە زبڵ پشکنەی کە نەیدەزانی واتای ئاوات و ئارەزوو چییە و...

لەم نێوەدا لاوێکی هونەرمەند بە ناوی شێروین حاجیپوور، لەو نەهامەتیانە و لەو تویتانەی هاوڵاتییەکانی کڕوکاشی کرد و تێکستی گۆرانییەکی لێ ساز کرد. گۆرانییەک کە بۆخۆی بە تەنیا تێکستی بۆ ڕێکخست، ئاوازی بۆ دانا و بە مۆسیقا و وێنەگرتنێکی سادە و سەرەتایی لە ژوورەکەی خۆیەوە بڵاوی کردەوە. بەڵام مادام دەربڕی ژان و ئازارەکانی خەڵکەکەی و لە ناخی کۆمەڵگاکەیەوە هەڵقوڵا، زۆر زوو لە دڵان نیشت و بوو بە گۆرانی و سروودی ئەو سەرهەڵدانە مەزنەی بە مەرگی ژینا دەستی پێ کردووە. کۆماری ئیسلامی کە بۆ پەرەدان بە سروودەکەی عەلی خامنەیی میلیۆنان دۆڵاری خەرج کرد و بە هیچ نەگەیی، لە سەر ئەم گۆرانییە هەڵیکوتایە سەر شێروینی هونەرمەند و دەسبەسەری کرد. بەڵام دەسبەسەر کردنی، هیندەی دیکە ئەو و گۆرانییەکەی لای خەڵک خۆشەویستتر کرد. گۆرانییەکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە میلۆنان جار لە لایەن خەڵکەوە بڵاو کرایەوە و هەر لە سەرەتاوە تا ئێستا بوو بە ئاشناترین و ناسراوترین سروودی ناو ئاکسیۆن و خۆپێشاندانەکانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات.

گۆرانییە ڕێپێنەدراوەکەی شێروین هەر زوو لە لای قوتابیان و لە قوتابخانەکانیش جێگایەکی بۆ "سەلام فەرماندە" نەهێشتەوە و بوو بە هۆکارێک تا قوتابیان تێکەڵ بە ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکان بن. لە مێژووی خەبات و سەرهەڵدانەکانی دژ بە کۆماری ئیسلامیشدا، ئەوە بۆ یەکەم جار بوو قوتابیانی قوتابخانەکان تێکەڵ بە ناڕەزایەتییەکان بن و لە خۆپێشاندانی دژە حکومەتیدا بەشدار بن یان بۆخۆیان خۆپێشاندان ڕێک بخەن. عەلی خامنەیی کە ئەو هەموو تێچوویەی لە سامانی خەڵکی ئێران بۆ سروودی "سەلام فەرماندە" دانا تا بیکا بە وێردی سەر زاری قوتابیان، بەرهەمێکی تەواو پێچەوانەی چنیەوە. نەک سەلام فەرماندەکەی بە هیچ دانەندرا بەڵکو وێنەکانی لە ناو کتێبە دەرسیەکانەوە دڕێندرا و فڕێ درا، وێنەی خۆی و خومەینی لە سەر تەختە ڕەشەی ناو پۆلەکانەوە لە لایەن قوتابیانەوە هێنرانە خوار و خرانە ژێر پێ و قوتابیان کە لەو ماوە کەمەدا تێکست و ئاوازی گۆرانییەکەی شێروین فێر ببوون، گەلێک ڤیدیۆی ئازایەتیی خۆیان و بێزارییان لە دەسەڵاتەکەی عەلی خامنەیی لە ڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە جیهاندا بڵاو کردەوە کە تێیدا گۆرانییەکەی "شێروین" دەڵێنەوە؛ 

بۆ..

بۆ هەڵپەڕین‌و سەمایەک لە کۆڵان

بۆ ترسانی ساتەوەختی ڕامووسان

بۆ خوشکم، بۆ خوشکت، بۆ خوشکەکانمان

بۆ مێشکی ڕزیو و پێویستیی گۆڕان

بۆ شەرمەزاری لە گیرفانی بەتاڵ

بۆ خەمی ژیانێکی ئاسایی‌و نۆرماڵ

بۆ مناڵی زبڵگەڕی بێ ئاوات

بۆ ئابووریی بە دەستەندەی وەک خێرات

بۆ هەوایەک پیس‌و پڕ لە تۆزو خۆڵ

بۆ شەقام و داری نەخۆشی هڵۆڵ

بۆ پڵینگ‌و ئەگەری تۆوبڕانی

بۆ سەگی بێ گوناهـ‌ و ڕێنەدانی

بۆ گریانی بەردەوام و هەموو کات

بۆ دیمەنی هەموو وەک یەک‌و دووپات

بۆ ڕوخسارێک کە دەتوانێ پێبکەنێ

بۆ قوتابی و داهاتوو کە بگەنێ

بۆ بەهەشتی بە ناچاری‌و بە تۆبزی

بۆ بژاردە کە لە زینداندا ڕزی

بۆ هەژاریی مناڵانی ئەفغانی

بۆ هەموویان.. کە بۆخۆت باش دەزانی

بۆ ئەو گشتە دروشمە پووچە بۆ هیچ

بۆ ماڵی داڕماو، هەم دیوار و میچ

بۆ ئازارمان، هەتا تاوێ بسرەوێ

بۆ خۆر، کە دوای شەوگاری تار دەرکەوێ

بۆ حەبی مێشک‌و ساتێک وەحەسانی

بۆ پیاو، بۆ نیشتمان، بۆ ئاوەدانی

بۆ کەنیشکێ دادی لە کوڕبووندا دی

بۆ هاواری ژن، ژیان، ئازادی

بۆ هاواری ژن

                 ژیان و

                        ئازادی



۶/۱۲/۱۴۰۱

ئەو ساڵانە

 هەر وەک بیرەوەری

کە ئینقلابی ئێران کرا، زۆر دەستە و گروپی سیاسی - چەکداری ساز بوون. زۆریان بە گوندەکانی کوردستاندا دەگەڕان و جەولەیان لێ دەدا. یەک لەو گروپانەی کە لە ساڵەکانی سەرەتای دەیەی شەست و پێش داگیرکرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، جار و بار ڕێیان دە گوندەکەی ئێمەش دەکەوت، گروپێکی ١٥ - ٢٠ کەسی بوون بە ناوی "چریکەکانی فیدایی - ئەرتەشی رەهایی بەخش". ناویان لە قەدەر ڕێژەیان نەبوو. ئەوەندە کەم بوون کە مرۆڤ نەیدەتوانی باوەڕ بکا ئەوان دەتوانن "ڕەهاییمان پێ ببەخشن"! بە ناویانەوە دیار بوو کە لقێک لەو چەندان لق و ڕێکخراوە زۆرە بوون کە لە "سازمان چریکهای فدایی خلق ایران" جیا ببوونەوە. 

پێکهاتەیەکی سەیریان هەبوو. کەمتر وا بوو دوانیان بە یەکەوە هاوزمان بن. زۆربەی ئەندامەکانی لە نەتەوە نافارسەکانی ئێران بوون. لە بیرمە یەکیان ناوی ناسر بوو. دەیکوت پێم دەڵێن هیوا. خۆش ئەوە بوو هیچیشیان ناوە ڕاستەقینەکەی نەبوون. دواتر کە وەک فەرماندەی گوردانی ٣١ی بۆکانی کۆمەڵە لە کاتی گرتنی پایەگایەک لە ناوچەی فەیزوڵڵابەگیی بۆکان گیانی بەخت کرد، زانیم کە ناوی مەنوچێهری قەلعە میاندواوی بوو. ئینسانێکی زۆر قسە خۆش، خاکی و خۆڕێکخەر بوو. وێدەچوو بەرپرسی دەستەکە بێ. هەرچەند ئەوە بە ئاکاریەوە دیار نەبوو. لە بیرمە جارێک کە بە میوانی وەبەر ماڵی ئێمە کەوتبوو، هەوڵم دا تفەنگەکەی لە شان بکەم. کەڵاشینکۆف بوو بەڵام زۆر قورس بوو. هەم لە ترسی ئەوە کە نەکا نەزانم و شتێک لە تفەنگەکەی بکەم و هەمیش لە بەر ئەوە کە هێزم پێی نەدەشکا، تفەنگەکەی لەگەڵ لە شان کردم، بەڵام هەتا دامنایەوە، دەستی هەر بە تفەنگەکەیەوە بوو. 


 بە گشتی مرۆڤی زۆر بێ ئازار و بە ئەدەب بوون. خەڵک ئەوەندەی لە دەستیان هاتبا ڕێزیان دەگرتن و وەک پێشمەرگەی کوردستان، خواردن و پێداویستییان بۆ دابین دەکردن. کە دەهاتنە ناو دێ، یەکڕاست ڕێگای مزگەوتیان دەگرتە بەر. هەتا کابان لە ماڵەوە نان و چێشتیان ساز دەکرد و یەک - یەک و دوو - دوو بە سەر ماڵاندا دابەش دەکران، پیاوەکان لە مزگەوت لە دەوریان کۆ دەبوونەوە و قسە و باس و جەفەنگیان دەکرد. هیندە هاتبوون لەگەڵ خەڵکەکە وەک ئاشنا و ڕۆشنایان لێ هاتبوو. ئێمەی منداڵە ورکە کەمتر وا هەبوو ڕێی نێو مزگەوتێمان بدەنێ. ئەگەر سەرما نەبا، ئەوە لە بەر هەیوانی مزگەوتەوە سەرمان بە شووشەی پەنجەرەکانەوە دادەگرت و هەستی فزوولی خۆمان دادەمرکاند. ئەگەریش زستان با، ئەوە خۆمان دەخزاندە ناو پێشخانەکە و لەوێوە جار و بار بە قسەیەک یان خەبەرێک لەگەڵ تینی هاڵاوی نێو مزگەوت ،خۆمان گەرم دەکردەوە. کەماڵ ناوێکیان لەگەڵ بوو لوڕ بوو. تفەنگێکی پێ بوو دەیانگوت بازووکەیە. لە شانی پێشمەرگەی دیکەدا نەمدیتبوو بۆیە سەرنجڕاکێش بوو. چەند فیشەکی ئەستووری بە قەدوە بوو. دەنگی زۆر خۆش بوو. زۆر جار لە مزگەوتێ گۆرانییان پێ دەگوت. من ئەو گۆرانیی "دایە دایە وەختێ جەنگە"م بۆ یەکەمجار لە دەنگی کەماڵ گوێ لێ بوو.  


ئاخر کەسی ئەو گروپەم کە بۆ دوایین جار دیتەوە مارتین ناوێک بوو. پیاوێکی گەڕاوە و لە هاوڕێکانی بڕێک بە تەمەنتر بوو. هەرمەنی بوو. کوردییشی باش دەزانی. نێوەڕۆیەکی هاوین لەبن دارە بییەکانی مەزراکەمان نانوچامان دەخوارد کە مارتین لە لای غەوساباتەوە پەیدا بوو. ناوچەکە داگیر کرابوو. پاسدار خەریکی خۆڵ هەڵدانەوە و پایەگا درووست کردن بوون. لە زۆر شوێن "تەئمینی جادە"یان دانابوو. بۆیە بە هاتنی مارتین هەموو واقمان وڕ ما! بەڵام ئەو خۆی تێک نەدا. لەگەڵمان دەستی بە خواردن کرد. ئێمە لێی بە گومان بووین کە ڕەنگە بچێ خۆی تەسلیم بکاتەوە. نازانم چاوی بە پرسیاری ئێمەی خوێندەوە یان چی، بە حاستەم دەمانچەی ژێر کراسەکەی نیشان داین و وای تێگەیاندین کە بە دوای تێکۆشانێکدا دەچێ. نانی خوارد، ماڵاوایی لێ کردین و بۆ تا هەتایە لە لامان ڕۆیشت.



۶/۱۰/۱۴۰۱

میوانداریی سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە لاهوور شێخ جەنگی


سەبارەت بەو نیگەرانیانەی کە لە یەکخستنەوەی ئۆرگانەکانی حیزبی دێموکرات لە لای هێندێک لە ئەندامانی حیزب هاتووەتە ئاراوە، ستاتووسێکم نووسی و لە گەڵیدا وێنەیەکی سکرتاریای حیزب لە کاتی میوانداری لە میوانەکانیشم دانا. وێنەکە لای بەشێک لە دۆستان پرسیاری هاتەوە سەر کە بەڵێنم بە هێندێک لە دۆستان دابوو بە تایبەتی هۆی هەڵبژاردنی ئەو وێنەیە بنووسم:

١- وێنەکە سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دوای یەکگرتنەوەیە کە لەوێ کەسە دووهەمەکانی دوو لایەنی پێش یەکگرتنەوە، بە یەکەوە بۆ یەکەمجار میوانداری لە میوانان دەکەن. وەک ئاماژەیەک بە یەکگرتوویی حیزب. لە ستاتووسەکەشدا باسی یەکگرتنەوە و بە یەک کردنەوەی دوو ئۆرگانەکان کراوە کە سکرتاریا یەک لەوانە. کەواتە وێنەکە بێ پێوەندی نییە.
٢- ئەوەی لە وێنەکەدا زیاتر سەرنجی دۆستانی ڕاکێشاوە، هەبوونی میوانێک بە ناوی لاهووری شێخ جەنگی‌یە. هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. ئەویش بەو هۆیە کە یەکێتی و پارتی لەم ساڵانەی دواییدا ڕەنگە تەنیا لە سەر دوو خاڵ زۆر کۆک بووبن کە یەکیان بە شەیتان کردنی ئەو پیاوە و ئەویدی پیرۆزبایی نەکردنی مەکتەبی سیاسییەکانی دوو لایەن لە یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.
٣- سەبارەت بە بڕیاردان لە سەر ئەو خیانەت و خراپەکاریانەی کە لە لایەن یەکێتی و پارتییەوە دەدرێنە پاڵ ئەو پیاوە، ئەرکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران نییە بڕیاری لە سەر بدا یان پاشکۆیەتیی قسەی ئەوان بکا. ئەوە یەکێتی و پارتین کە هەتا ئێستا دەبوو لە دادگا و مەحکەمەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا ئەو تۆمەتانە یەکلایی بکەنەوە. دەشزانین کە لاهوور ئێستا نە حیزبی هەیە و نە هیچ دەزگایەکی سەربازی و ئەمنی دەیپارێزێ. پرسیار ئەوەیە کە چۆنە هەردوو لایەنی پارتی و یەکێتی لە کردەوەدا گوێیان لەو هەموو خیانەتە گەورانە ئاخنیوە کە دەیدەنە پاڵ ئەو پیاوە و تەنیا لە قسەدا هێشتوویانەتەوە؟! یەکێتی کە دەڵێ لاهوور هەموو سەرکردایەتییەکەی دەرمانداو کردووە، خۆ قەت لاهووری لەوە بێ دەسەڵاتتر دەست ناکەوێ و لە ژێر حوکمی ئەو حیزبەشدا دەژی. ئەدی بۆ نایداتە دادگا؟ پارتی کە هەموو شکستی ریفراندۆمی بە سەر ئەو پیاوەدا هێناوە و بە خیانەتکاری لە قەڵەم دەدا، ئەگەر ڕاست دەکا بۆچی دادگایەکی گەورەی لە جۆری ئەوەی لە بەغدا بۆ سەددام ساز کرا، لە هەولێر بۆ لاهوور بەرپا ناکا تا ئێمەش سەیری بکەین و لە خۆڕا ئەشەدەمبیللا لێ نەدەین؟!
٤- پێوەندیدار بە پارتی و ریفراندۆم و سەرەنجام شکاندنی کاسەی شکستی ریفراندۆم لە سەری لاهووردا، من بەش بە حاڵی خۆم ئەو کاتیش و ئێستاش ریفراندۆمم زیاتر بە کایەیەکی حیزبی لە باشوور زانیوە. لە گەڵ ئەوەدا بە دڵ لە گەڵ هەر هەوڵێک بۆ سەربەخۆییم، بەڵام هیچکات ئاقڵم نەیبڕی کە ئەو کارە بۆ سەربەخۆیی بێ و سەربەخۆیی بەشێک لە کوردستانی لێ بکەوێتەوە. وەک چۆن قەتم باوەڕ بەو دروشمانەش نەکرد کە سەردەمانێک پەکەکە بۆ باشوور - باکوور - ڕۆژهەڵات هەڵیگرتبوو و وەک دەبینین ئێستا لە کوردایەتیش پەشیمانە و کردوویە بە برایەتیی گەلان.
لە ناو قەیران و گوشارەکانی ئەو کاتدا، ریفراندۆم کارتێک بوو کە پارتی دێموکراتی کوردستان ڕایکێشا تا هەم لایەنە بزێو و زماندرێژەکانی باشووری پێ دەمکوت بکا، هەم مەترسیی تێکچوونی باڵانسی هێز بە قازانجی یەکێتی ڕابماڵێ و هەمیش لە بەغدا وەک کارتی جیابوونەوە یاریی پێ بکا. دیارە لەوەدا من پارتی بە خەتاکار نازانم و وەک حیزب حەقی خۆیەتی سیاسەت بکا. بەڵام ئیدی ئێمەش ئەو حەقەمان هەیە کە نەهێڵین بەو فێڵە و بە بیانووی دۆستایەتی و کوردایەتی و ناسیۆنالیستی بمانکا بە پاشکۆی خۆی.
دوای ئەنجامی ریفراندۆم، پارتی دارێکی دا دەست یەکێتی کە هەمووی پیس بوو. وەک چاوەڕوان دەکرا، کەرکووک و ناوچە نەفتاوی و کێشە لەسەرەکان کەوتنە بەر هەڕەشەی حکومەتەکانی عێراق و ئێران و تورکیە و تەنانەت ئەمریکاش. لە حاڵێکدا پارتی ئاڵاهەڵگری ریفراندۆم بوو بەڵام ئەوەی کە دەبوو لەوێ شەڕ بکا، یەکێتی بوو. ئەگەر شەڕی کردبا، هێز و جوغرافیا و هاوکێشە سیاسییەکان لە زیانی بوون و شەڕەکەی خۆتڕێن بوو. شەڕیشی نەکردبا، ناوی خیانەتی لە سەر بوو. سەرباری هەمووی ئەوانەش لە بەردەم دوو دۆڕانی دیکەدا بوو؛ بە گیرانەوەی ئەو ناوچانە هەم سەرچاوە ئابووریەکانی لێ دەستێندرایەوە و هەمیش ئەو ناوچانەی کە بە کردەوە گەڕابوونەوە سەر هەرێمی کوردستان و خەریک بوو باڵانسی هێز لە کوردستان بە قازانجی یەکێتی و بە زیانی پارتی تێک بدەن، لە دەست دەدا. ئەوەندەش کڵۆڵی سیاسەت بوون کە دوا جار بە دەست و دندووک و پێ پێوە بوون و هەموو فێڵێکیان لێ کرا.
٥- ئەوە ڕاستە ئاراسی برای لاهوور لە نۆکەرایەتی بۆ کۆماری ئیسلامیدا ئاوی لە ئاوەڕۆ دەرکردووە بەڵام هەتا ئێستا نە بە قسە و نە بە ئاکار شتێکی ئەوتۆ لە بەر دەستدا نییە کە لاهوور لە سەرکردەکانی دیکەی یەکێتی زیاتر لە ئێران نیزیک بێ یان نیزیک بووبێ. تەنانەت نەفسی لابرانی لە هاوسەرۆکی و دەرکرانی لە یەکێتی ناتوانێ بێ پێخۆشبوون و ڕەزامەندیی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەنجام درابێ. ئێرانیش هیچکات بە ئاسانی دەسبەرداری مۆرەی خۆی نابێ.
٦- یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سەردەمی ڕێبەریی لاهووردا چ خەتا و خراپەکاریەکی زیاتر لە ئەوانی دیکەی بۆ حیزبی دێموکرات نەبووە. خۆ ئەگەر بێتە پای هەڵسەنگاندن و، تەحویل درانەوەی مستەفا سەلیمیشی لە سەر ساغ بکەینەوە، هێشتا خراپەی ڕێکخراوەی ژێردەستی لاهوور بە نیسبەت حیزبی دێموکرات و کوردی ڕۆژهەڵات بە قەد سەرە نینۆکێکی خراپەی یەکێتی و پارتیی ژێر ڕێبەریی مام جەلال و کاک مەسعوود نابێ.
٧- لاهوور بە حوکمی ئەوەی بۆ چەند ساڵان یەک لە دوو کەسی یەکەمی یەکێک لە حیزبە گەورەکانی کوردستان بوو، خاس یان خراو کەسایەتییەکی سیاسیی کوردە کە سەردانی حیزبی دێموکراتی کردووە و پیرۆزبایی ئەو سەرکەوتنەی لێ کردوون. ئەوە چاوەڕوانییەکی زۆر بێ جێییە کە پێمان وا بێ حیزبی دێموکرات دەبێ ببێ بە کاسەی گەرمتر لە ئاش و هەر چونکە یەکێتی و پارتی کێشە و شکستەکانی خۆیان بە سەر ئەو کابرایەدا هێناوە، ئەوە حیزبیش نابێ میوانداری لێ بکا کە بە ڕواڵەتیش بێ بۆ ئەمرێکی خێر سەردانی کردووە.
٨- حاشاهەڵنەگرە کە سەردانی لاهوور بۆ لای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران مەبەستی خۆی لە پشتە. لاهوور کە لە گەڵ ئێران و یەکێتی و پارتی لە دژایەتی دایە، ڕەنگە بیهەوێ بە وەزن و قورسایی حیزب مانۆڕێک لە بەرامبەر ئەو لایەنانەدا بدا و بە دوای ئیمتیاز وەرگرتن لە ئێران و لە یەکێتی بێ بەڵام هەمووی ئەوانە نیشانەی قورستر بوونی حیزب بە دوای یەکگرتنەوەیە.
٩- بەڵام مەبەستێکی گرینگم لە دانانی ئەو وێنەیە نیشاندانی سەربەخۆیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کار و بڕیارداندا بوو. شتێک کە پێش لە یەکگرتنەوە، خەڵکانێک پێیان وا بوو کەوتووەتە ژێر پرسیارەوە. لێرەدا دەبینین حیزب میوانداریی کەسایەتییەک دەکا کە پارتی و یەکێتی کردوویانە بە شەیتان بەڵام حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەمانکاتدا کە ڕێز لە دۆستایەتیی یەکێتی و پارتی و کەس و لایەنەکانی دیکەی دۆستی خۆی دەگرێ، میوانداریی ئەو میوانانەش دەکا کە ڕەنگە لایەنێک یان چەند لایەن خۆشیان نەوێ. بە واتایەکی دیکە حیزب بۆخۆی دۆستی خۆی هەڵدەبژێرێ و بۆخۆی بڕیار دەدا میوانداری لە کێ بکا یان نەکا.

واتای شەرزە لە دوو بەیتە شێعری نالی و هێمن‌دا

کاک جەلالی حەسەنزادە لە پەیامێکدا پرسیاری واتای وشەی شەرزەی لێ کردووم کە لەو دوو شێعرەی خوارەوەدا هاتووە:

ئەو پێیانەی "شەرزەی" کردووە کوتر و کوان

ماندوو نەبوو قەت لە هاتوچۆی جێژوان

                                     هێمن

ئەلا ئەی ئاسکی ناسک بە باسک

شکاندت گەردنی سەد شێری "شەرزە"

                                     نالی

دیارە کاک جەلالیش دەزانێ کە وشەی شەرزە لەو دوو شێعرەدا یەک واتا نادەن بۆیە هەردوو بەیتی بۆ نووسیوم.  
جاری وایە ڕستەیەک یان بەیتە شێعرێک وەها واتا بە وشەکانی خۆی دەدا کە پێت وایە مانای هەموویان دەزانی بەڵام ئەگەر واتای یەکیانت بە جیا لێ بپرسن، ڕەنگە دابمێنی. وشەی شەرزە لە شێعری یەکەمدا بۆ من ئاوایە. ئەو شێعرەم یەکەم جار لە نێوەڕاستەکانی دەیەی نەوەدی هەتاوی و بە گۆرانی لە دەنگی کاک محەممەدی ماملێ گوێ لێ بوو. نەمدەزانی شێعری مامۆستا هێمنە تا دواتر لە کتێبێکدا بە ناوی چەپکێک نێرگز -یان ناوێکی نیزیک لەوە-دا خوێندمەوە. کتێبەکە ئەو شێعرانەی مامۆستا هێمی تێدا کۆ کرابوونەوە کە لە دیوانەکانیدا نەبوون. جا یان بە هۆکارێک لە دیوانە شێعرەکانیدا چاپ نەکرابوون یان ئەو شێعرانە بوون کە مامۆستا لە ساڵەکانی کۆتایی تەمەنیدا هۆنیبوونیەوە.
وەک دەزانی من ئۆگریی زۆرم بە نالی هەیە و زۆرم دیوانەکەی هەڵگێڕ و وەرگێڕ کردووە. شێعرە کورتەکانی کە هەمیشە تام و چێژی تایبەتییان بۆم هەبووە و زۆربەشیانم لە بەرە. بە تایبەت ئەو شێعرەی کە وشەی شەرزەی تێدایە؛
سەراپای گوارە زەردی ترس و لەرزە
دەڵێی عاسی بووە لەو جێگە بەرزە

تا دەگاتە؛
ئەلا ئەی ئاسکی ناسک بە باسک
شکاندت گەردنی سەد شێری شەرزە
هەم لە بیرم بوو و هەمیش لە شێعرەکەدا بە ڕوونی دیارە کە شەرزە مادام پەسنی شێرە، دەبێ واتای بە هێز یان دڕی هەبێ کە بە تەنێش هەردوو واتای هەیە. هەروەها بە مانای تووڕە. بەڵام ئەو واتایە نابێ بۆ شەرزەی ناو شێعرەکەی مامۆستا هێمن درووست بێ. لێرەدا بە پێچەوانەی شێعرەکەی نالی، باسی بێ هێزی و لە کار کەوتنە. سەردانی ڤەژینلیکسم کرد کە بەشی زۆری فەرهەنگە کوردیەکانی دەخۆ گرتووە و بە دوای وشەکەدا گەڕام بەڵام سەیر بوو کە هیچکام لە فەرهەنگە کوردیەکان ئەو وشەیان تێدا نییە. چاوم لە هەنبانەبۆرینەش کرد کە لە بەر دەستدا بوو، بەڵام شەرزە و هیچ وشەیەکی لەوە نیزیکی تێدا نییە. هەر بۆیەش بە دوای لێکدانەوە و واتا کردنەوەی وشەکەدا ناچارین لە ڕووی هەڵکەوتی وشە لە شێعرەکەدا لێکی بدەینەوە:

ئەو پێیانەی شەرزەی کردووە کوتر و کوان
ماندوو نەبوو قەت لە هاتوچۆی جێژوان

وەک لە کۆی شێعرەکەدا دیارە، شاعیر سکاڵا لە دەست پیری و کەنەفتیی خۆی دەکا. پێیەکانی بە کوتر و کوان "شەرزە" بوون. وشەی کوتر لە کردارەکانی کوتان و کوتران داکەوتووە. بە مانای شتی کوتراو و هەلابوو. کوانیش بریتی لە دومەڵ و لوویە لە جەستەی مرۆڤدا. ئەم دومەڵ یان لوویە جاری وایە دەردەبێ، زار دەکاتەوە و کێم و هەوا دەردەکا. شوێنەکەی سەرەتا وەک برین و دوای ساڕێژ بوونەوەش هەم وەک شوێنی زام و هەمیش وەک گرێیەک کە جاری وایە شوێنەکەی قووڵ دەبێ، لە سەر جەستە دەمێنێتەوە. بەو پێیەش شەرزە بوونی پێ لە ئەنجامی کوان و کوتاندا هاوکات کە ئاماژە بە لە کار کەوتن یان ناکارا بوونە، دەبێ بە مانای بڕبڕبوون و تێکچوونی ڕواڵەتی پێست بێ. ئاخر پێیەک کە زۆر کوترا بێ و زۆر جار کوانی لێ هاتبێ، پڕ دەبێ لە ئاسەواری زام و، پێست بڕبڕی تێدەکەوێ.

زۆربەی فەرهەنگە فارسیەکانیش شەرزەیان هەر بە پەسنی شێر و بە واتای بە هێز و زۆر تووڕە هێناوە بەڵام فەرهەنگی دێهخودا وشەی "شەرز"یشی گرتووە کە جگە لەوە شێوەیەکی دیکەی وشەی شەرزەیە و ئەو واتایەشی بۆ هێناوە کە شەرزە هەیەتی، لە فەرهەنگەکانی "ناظم الاطبا" و "منتهی الارب"ی عەرەبیەوە بە "بڕین" و "بڕین و لەت کردن"یش واتای کردۆتەوە. ئەوەش لەو واتایەمان نیزیک دەکاتەوە کە لە شێعرەکەی مامۆستا هێمندا هەیە. بەو پێیە پێی شەرزە پێیەکە کە ئاسەواری بڕبڕ بوون و کوترانی بە سەرەوە ماوە. 

بابەتی نوێ:

حیزب وەک سەنتەر، ستراتژیی حیزب وەک سەنتێز

سەردەمی ئێستا، سەردەمی بەئاگاهاتنەوەی هەرچی زیاتری نەتەوە بندەستەکانە. سەردەمی ‏هەوڵدانی بە کۆمەڵی کۆمەڵگا ژێردەستەکان بۆ سڕینەوەی سێبەری دا...