۶/۱۲/۱۴۰۱

ئەو ساڵانە

 هەر وەک بیرەوەری

کە ئینقلابی ئێران کرا، زۆر دەستە و گروپی سیاسی - چەکداری ساز بوون. زۆریان بە گوندەکانی کوردستاندا دەگەڕان و جەولەیان لێ دەدا. یەک لەو گروپانەی کە لە ساڵەکانی سەرەتای دەیەی شەست و پێش داگیرکرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، جار و بار ڕێیان دە گوندەکەی ئێمەش دەکەوت، گروپێکی ١٥ - ٢٠ کەسی بوون بە ناوی "چریکەکانی فیدایی - ئەرتەشی رەهایی بەخش". ناویان لە قەدەر ڕێژەیان نەبوو. ئەوەندە کەم بوون کە مرۆڤ نەیدەتوانی باوەڕ بکا ئەوان دەتوانن "ڕەهاییمان پێ ببەخشن"! بە ناویانەوە دیار بوو کە لقێک لەو چەندان لق و ڕێکخراوە زۆرە بوون کە لە "سازمان چریکهای فدایی خلق ایران" جیا ببوونەوە. 

پێکهاتەیەکی سەیریان هەبوو. کەمتر وا بوو دوانیان بە یەکەوە هاوزمان بن. زۆربەی ئەندامەکانی لە نەتەوە نافارسەکانی ئێران بوون. لە بیرمە یەکیان ناوی ناسر بوو. دەیکوت پێم دەڵێن هیوا. خۆش ئەوە بوو هیچیشیان ناوە ڕاستەقینەکەی نەبوون. دواتر کە وەک فەرماندەی گوردانی ٣١ی بۆکانی کۆمەڵە لە کاتی گرتنی پایەگایەک لە ناوچەی فەیزوڵڵابەگیی بۆکان گیانی بەخت کرد، زانیم کە ناوی مەنوچێهری قەلعە میاندواوی بوو. ئینسانێکی زۆر قسە خۆش، خاکی و خۆڕێکخەر بوو. وێدەچوو بەرپرسی دەستەکە بێ. هەرچەند ئەوە بە ئاکاریەوە دیار نەبوو. لە بیرمە جارێک کە بە میوانی وەبەر ماڵی ئێمە کەوتبوو، هەوڵم دا تفەنگەکەی لە شان بکەم. کەڵاشینکۆف بوو بەڵام زۆر قورس بوو. هەم لە ترسی ئەوە کە نەکا نەزانم و شتێک لە تفەنگەکەی بکەم و هەمیش لە بەر ئەوە کە هێزم پێی نەدەشکا، تفەنگەکەی لەگەڵ لە شان کردم، بەڵام هەتا دامنایەوە، دەستی هەر بە تفەنگەکەیەوە بوو. 


 بە گشتی مرۆڤی زۆر بێ ئازار و بە ئەدەب بوون. خەڵک ئەوەندەی لە دەستیان هاتبا ڕێزیان دەگرتن و وەک پێشمەرگەی کوردستان، خواردن و پێداویستییان بۆ دابین دەکردن. کە دەهاتنە ناو دێ، یەکڕاست ڕێگای مزگەوتیان دەگرتە بەر. هەتا کابان لە ماڵەوە نان و چێشتیان ساز دەکرد و یەک - یەک و دوو - دوو بە سەر ماڵاندا دابەش دەکران، پیاوەکان لە مزگەوت لە دەوریان کۆ دەبوونەوە و قسە و باس و جەفەنگیان دەکرد. هیندە هاتبوون لەگەڵ خەڵکەکە وەک ئاشنا و ڕۆشنایان لێ هاتبوو. ئێمەی منداڵە ورکە کەمتر وا هەبوو ڕێی نێو مزگەوتێمان بدەنێ. ئەگەر سەرما نەبا، ئەوە لە بەر هەیوانی مزگەوتەوە سەرمان بە شووشەی پەنجەرەکانەوە دادەگرت و هەستی فزوولی خۆمان دادەمرکاند. ئەگەریش زستان با، ئەوە خۆمان دەخزاندە ناو پێشخانەکە و لەوێوە جار و بار بە قسەیەک یان خەبەرێک لەگەڵ تینی هاڵاوی نێو مزگەوت ،خۆمان گەرم دەکردەوە. کەماڵ ناوێکیان لەگەڵ بوو لوڕ بوو. تفەنگێکی پێ بوو دەیانگوت بازووکەیە. لە شانی پێشمەرگەی دیکەدا نەمدیتبوو بۆیە سەرنجڕاکێش بوو. چەند فیشەکی ئەستووری بە قەدوە بوو. دەنگی زۆر خۆش بوو. زۆر جار لە مزگەوتێ گۆرانییان پێ دەگوت. من ئەو گۆرانیی "دایە دایە وەختێ جەنگە"م بۆ یەکەمجار لە دەنگی کەماڵ گوێ لێ بوو.  


ئاخر کەسی ئەو گروپەم کە بۆ دوایین جار دیتەوە مارتین ناوێک بوو. پیاوێکی گەڕاوە و لە هاوڕێکانی بڕێک بە تەمەنتر بوو. هەرمەنی بوو. کوردییشی باش دەزانی. نێوەڕۆیەکی هاوین لەبن دارە بییەکانی مەزراکەمان نانوچامان دەخوارد کە مارتین لە لای غەوساباتەوە پەیدا بوو. ناوچەکە داگیر کرابوو. پاسدار خەریکی خۆڵ هەڵدانەوە و پایەگا درووست کردن بوون. لە زۆر شوێن "تەئمینی جادە"یان دانابوو. بۆیە بە هاتنی مارتین هەموو واقمان وڕ ما! بەڵام ئەو خۆی تێک نەدا. لەگەڵمان دەستی بە خواردن کرد. ئێمە لێی بە گومان بووین کە ڕەنگە بچێ خۆی تەسلیم بکاتەوە. نازانم چاوی بە پرسیاری ئێمەی خوێندەوە یان چی، بە حاستەم دەمانچەی ژێر کراسەکەی نیشان داین و وای تێگەیاندین کە بە دوای تێکۆشانێکدا دەچێ. نانی خوارد، ماڵاوایی لێ کردین و بۆ تا هەتایە لە لامان ڕۆیشت.



بابەتی نوێ:

سوججەی سوور

لە کوردستان جۆرێک ماری ڕەنگ سووری کاڵ یان ئاڵ هەیە کە ماری سجە، سوجە یان سوججەی سوور و هەروەها "شیلە" ماریشی پێ دەگوترێ. مارەکە بێ...