لە زمانی ئەوێستایی دا، "ئا/ئە/ئەن" ئامرازی پێچەوانە کردنی مانای وشە بوون. ئەم ئامرازە بە شێوەی جۆراوجۆر لە زمانی کوردی دا ماوەتەوە کە ئەمن لێرە باس لە پێشگری "حە" دەکەم کە لە سێ کرداری زمانی کوردی دا دەبیندرێن. ئەوانیش بریتین لە:
حەسان (حەسانەوە)
حەجمین
حەشار(شاردنەوە، وەشاردن..)
حەسان / حەسانەوە
هەر چەوســــانەوەی بێ حەسانەوە
ئەی مردن لە کوێی، ژیان کوشتمی
"هەژار"
کرداری حەسانەوە بە مانای ئیسراحەت و دەرچوونی ماندویەتی لە لەشە. بنەمای ئەو کردارە کە شێوە راستەقینە یان پۆزەتیڤەکەیەتی بریتیە لە "سان".
لە زمانی کوردی دا و هەر لە ماکەی "سان"، کرداری "راسان" هەیە بە واتای ئامادە بوون بۆ لێدان، حاڵەتی مرۆڤ پێش ئەوەی بوەشێنێ، دەست هەڵێنانەوە بە مەبەستی لێدان.
هەروەها کرداری "تاسان" هەیە بە مانای حەپەسان، گێژ و وڕ بوون.
کرداری "چوخسان" حاڵەتی مەڕمەڕ یان کەللای مێشێنە کاتێک لە کەللای بەرامبەری دەدا و رەق رادەوەستێ.
وەک دەبینین لە هەموو ئەو کردارانە دا جۆرێک رەق بوون و وەستانی بێ جوڵە دەبیندرێ. ئێستا ئەگەر بێینەوە سەر وشەی "سان" بریتییە لە سڵاوی سەربازی. سەرباز کاتێک لە بەرامبەر پلەدارێک دا سڵاو دەکا، دەبێ رەق و بێ جوڵە رابوەستێ. ئەمە بنەمای سەرجەم کردارەکانی راسان، تاسان، چوخسان و حەسان یان حەسانەوەیە. وەک دەزانین لە حەسان یان حەسانەوە دا ئەو رژدی و رەق بوونە نییە و مرۆڤ یان گیانداری دیکە تخێل دەبێ و لەشی شل دەبێتەوە. بەو پێیەش بە دوور نییە دوو کرداری سان و حەسان لە بنەڕەت دا لە زمانی پێوەندیدار بە کاروباری سەربازی و چەکداریەوە هاتبن. لە سەر یەک:
سان: خۆ رەق کردن
حەسان: شل بوونەوە