۵/۱۰/۱۴۰۲

لە پەڕاوێزی پەیامی هاوخەمی بۆ عاشوورای حوسێنی

 تاهیر قاسمی *
لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئایین هێشتا یەکێک لە سەرچاوە گرینگەکانی هێز بۆ بەرهەڤکردن و هاندانی کۆمەڵگەیە. هەر ئێستا چەندان دەسەڵات لە سەر بنەمای مەزهەب خەریکن وڵات و کۆمەڵگە بەڕێوە دەبەن و هاوکات ماف و ئازادییەکانی خەڵکی پێ سەرکوت دەکەن. بۆیەش نەدیتن و بازدان بەسەر ئەو بابەتە گرینگەدا بۆ هەر حیزبێکی سیاسی - نەتەوەیی خەسارهەڵگرە.
خەڵکی کوردستان بە سەر ئایین و ئایینزای جیاوازدا دابەش بوون. هەر لە ئایینزاکانی شیعە و سوننەوە تا ئایینی یارسان و ئێزدی و جوولەکە و مەسیحی و... . سروشتییە ڕازیکردنی پێڕەوانی ئەو هەموو ئایینانە بۆ هەر حیزبێکی نەتەوەیی کارێکی چەتوونە. بەتایبەت کە دەبینین ئایینەکان هەمیشە لەگەڵ یەک تەبا نین. جاری وایە یەکتر بە کافر و خوانەناس و دژ بە بەهاکانی خۆیان تاوانبار دەکەن و بەو پێیەش بە خوێنی سەری یەکتر تینوو دەبن.
حیزبی دێموکرات ئەگەرچی حیزبێکی سیکۆلارە و بەردەوام جەخت لەسەر جیایی دین لە سیاسەت و حکوومەتدا دەکا، بەڵام هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە، ئایین دەوری خۆی لەو حیزبەدا گێڕاوە. قورئان یەک لەو پیرۆزییانە بوو کە ئەندامانی کۆمەڵەی ژێکاف دەبوو سوێندی وەفاداریی پێ بخۆن. پێشەوای حیزبی دێموکرات و سەرکۆماری کوردستان مەلا و قازیی شەرع بوو. مەلا و مزگەوت و حوجرەکان لە سەرەتاوە دەوری گرینگ و بەردەوامیان لە دامەزران، بووژانەوە و پەرەگرتنی حیزب و خەباتەکەیدا گێڕا. دواتریش کە حیزب ڕادیۆی دامەزراند، ڕۆژانە بەرنامەکانی بە "چەند ئایەت لە قورئانی پیرۆز" دەستی پێ دەکرد. بەڵام ئەو چەند ئایەتەی قورئان لەنێو ناتەبایی ئایینەکاندا، بۆ حیزب بێ دەردیسەر نەبوو. بێجگە لە ڕەخنەی چەپ و لائیکەکان سەبارەت بە نەفسی دانانی قورئان، سەرەتا لە سۆنگەی ڕەخنەی پێڕەوانی ئایینی یارسان سەبارەت بە گوتنی دەستەواژەی "شەیتانی ڕەجیم"، حیزب ئەو بەشە لە خوێندنەوەکەی لادا. دواتریش کۆتایی‌هێنانی خوێندنەوەکە بە "صدق‌ اللە العظیم" و خۆ پاراستن لە دانانی "صدق اللە العلی و العظیم" کە خواست و باوەڕی شیعەکانە، کەوتە سەر جوغرافیای سوننەنشینی مەیدانی تێکۆشان و، بەدەر لە خواست و دەسەڵاتی حیزبەکە، لانیکەم لە ڕوانگەی بەشە شیعەنشینەکەی کوردستان، زیاتر مۆرکی سوننەبوونی لە حیزب و خەباتەکەی دا.
ئەوە کە بۆ حیزبێکی نەتەوەیی تا کوێ دروستە خۆی لەو بابەتە ئایینیانە هەڵقوتێنێ، جێگای ڕاوەستە لەسەر کردنە، بەڵام ساڵانێکە حیزب ئەو نەریتەی بۆخۆی داناوە کە لە بۆنە ئایینییەکاندا پەیامی پیرۆزبایی بۆ پێڕەوانی ئەو ئایینانە دەنێرێ. هەر لە پەیام بە بۆنەی جێژنی سەری ساڵی مەسیحییەوە تا جێژنە گشتییەکانی ئیسلام وەک قوربان و ڕەمەزان یان جێژنەکانی ئایینی یارسان وەک جێژنی خاوەنکار. ئەگەرچی جێژنەکانی قوربان و ڕەمەزان هی سەرجەم موسوڵمانانن بەڵام بەپێی ئەو گرینگایەتییەی کە پێڕەوانی ئایینزای شیعە بۆ تازیەباریی عاشوورا و ڕۆژانی موحەڕەم هەیانە، بێدەنگە لێکردنی حیزب هەم نیشانەی هەڵاواردن و بەهێند نەگرتنی کوردانی باوەڕدار بە ئایینزای شیعە بوو و هەمیش پشتڕاستکردنەوەی ناڕاستەوخۆی تانەی سوننیگەرایی لە حیزب و خەباتەکەی و لە جوغرافیای تێکۆشانی. بۆیەش ناردنی پەیام لە ئاستی هاوخەمی لەگەڵ پێڕەوانی ئەو ئایینزایەدا، لە چەند ڕوانگەوە دەتوانێ گرینگ و جێی بایخ بێ:
١-  حیزبی دێموکرات حیزبی نەتەوەیی دانیشتوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. حیزبێکی نەتەوەییش پێویستە ڕێز لە بەهاکانی کۆمەڵگەکەی خۆی بگرێ بە بەها ئایینییە جیاواز و جۆراوجۆرەکانیشەوە و بەو بەهایانەشەوە کە هی خەڵکن بەڵام ڕێژیمی ئیسلامی لە تاران بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی کەڵکاوەژۆی کردوون.
٢- مادام ڕێبەریی حیزب ناردنی پەیام بۆ بۆنە ئایینییەکانی ئایینەکانی تری لای خۆی کردووە بە نەریت، ناکرێ بەشێکی زۆر لە دانیشتوانی کوردستان و کوردانی نیشتەجێی ناوچەکانی دیکەی ئێران لەو نەریتە بێبەری بکا و بە بێدەنگەکردن لە بەرامبەر گرینگترین بۆنەی ئایینیی کوردانی شیعە، خۆی تووشی سیاسەتی هەڵاواردنی ئایینی بکا.
٣- نایەکسانیی ئایینی و زاڵکردنی ئایینێک بەسەر ئایینەکانی دیکەدا یەک لە سیاسەتە هەرە دزێوەکانی ڕێژیمی ئیسلامی لە ئێرانە. حیزبی دێموکرات نابێ لە سۆنگەی دژایەتیی ئەو سیستمە تۆتالیتێرەدا کە ئایینزای شیعەی بەسەر ئایینەکانی دیکەدا زاڵ کردووە، تووشی هەمان سیاسەتی نایەکسانیی ئایینی ببێتەوە.
٤- لە پەنا یەکسانیی ئایینەکاندا، ئاسایشی ئایینی و ئەوە کە پێڕەوانی هەموو ئایینەکان بە مەرجی دەستدرێژی نەکردنە سەر ماف و ئازادیەکانی خەڵک و ئایینی دیکە، مافی بەڕێوەبردن و پەرەدان بە ئایینەکەی خۆیان دەبێ هەبێ، بابەتێکە کە ئۆپۆزیسیۆنی دێموکراسیخوازی کۆماری ئیسلامی و لەو نێوەدا حیزبی دێموکرات پێویستە وەک جێگرەوەی سیاسەتی سەرکوتکەرانەی کۆماری ئیسلامی بانگەشەی بۆ بکەن و لە پێناویدا تێ‌بکۆشن.
٥- هاوخەمیکردن لەگەڵ کوردانی شیعە، ئەرخەیانیدان بەو بەشە لە کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەرجەم خەڵکی سەر بە ئایینزای شیعە لە ئێرانە کە دژایەتی لەگەڵ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و هەوڵدان بۆ ڕووخاندنی ئەو ڕێژیمە بە هیچ جۆر بە مانای دژایەتی لەگەڵ ئەوان و دینەکەیان نییە.
٦- هاوخەمیکردن لەگەڵ شیعەکان ئەستاندنی چەکی شیعەگەری لە ڕێژیمێکە کە بەردەوام هەوڵ دەدا بەو چەکە هەم خۆی بپارێزێ و هەمیش ئازادیخوازان و باوەڕ و ئایینەکانی دیکەی پێ سەرکوت بکا. هەوڵدانە بۆ ئەستاندنەوەی هەموو ئەو ئامرازانەی کە ئەم ڕێژیمە پێی وایە لە پاوانی خۆیدایە و دەبێ هەروا بمێنێتەوە.
لەم نێوەدا پێویستە هەمووان بزانن کە ئایینزای شیعە بەر لەوەی دینی دەسەڵاتی دیکتاتۆری مەزهەبیی کۆماری ئیسلامی بێ، ئایینی بەشێکی زۆر لە کوردانی نیشتەجێی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. هاوخەمی لەگەڵ کوردانی سەر بە ئایینزای شیعە بە بۆنەی عاشوورا و محەڕەم، مینای پەیامی پیرۆزبایی بە بۆنەی جێژنەکانی ئایینیەکانی تر، ئەرخەیانیدان بە پێڕەوانی سەرجەم ئایینەکانە کە لە کوردستانێکی ئازاددا هەموان دەتوانن بە مەرجی دەستدرێژی نەکردنە سەر ئەویدی، دین و باوەڕەکانی خۆیان بپارێزن و پەرەی پێ بدەن، بە بێ ئەوەی دینی خۆیان بەسەر خەڵکی دیکەدا بسەپێنن یان هەوڵ بدەن حکوومەتی پێ بەڕێوە بەرن. حیزبی دێموکراتی کوردستانیش ئەگەر دەسەڵاتی بەدەستەوە بێ، زامنی ئەو پاراستن و دەستدرێژی نەکردنە دەبێ. ئەوەش زۆر جیاوازە لە پێناسە کردنی خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەی کورد بە خەباتی حوسێنی، عومەری یان هەر ئایین و ئایینزایەکی تر.

* بۆ میدیای حیزبی دێموکراتی کوردستان نووسراوە و لە کوردستان میدیادا بڵاو کراوەتەوە



بابەتی نوێ:

حیزب وەک سەنتەر، ستراتژیی حیزب وەک سەنتێز

سەردەمی ئێستا، سەردەمی بەئاگاهاتنەوەی هەرچی زیاتری نەتەوە بندەستەکانە. سەردەمی ‏هەوڵدانی بە کۆمەڵی کۆمەڵگا ژێردەستەکان بۆ سڕینەوەی سێبەری دا...